سوپاى ئیسرائیل: کارى لە پێشینەمان چەکداماڵینی حەماسە
5 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئیسرائیل سوورە لەسەر بڕیاری داماڵینی چەک لە بزووتنەوەی حەماس و ساڵی 2026ـی بە "ساڵێکی چارەنووسساز" بۆ ئاسایشی دەوڵەتی جووەکان وەسف کرد
ئایال زامیر، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل بەبۆنەی سەری ساڵ هێزەکانی وڵاتەکەی لە غەززە بەسەرکردەوە و بە سەربازەکانی ڕاگەیاند، ساڵی 2026 ساڵێکی یەکلاکەرەوە دەبێت لە ڕووی داڕشتنی واقیعی ئەمنی دەوڵەتی ئیسرائیل
زامیر جەختی لە داماڵینی چەک لە بزووتنەوەی حەماس و تەواوی'' گرووپە تیرۆرستەکانی'' دیکە کردەوە و دووپاتی کردەوە، ڕێگە نادەن حەماس تواناکانی خۆی بوونیاد بنێتەوە و نابێت ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل.
لەم هەفتەیەدا بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆبوویەوە و هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستی دەستبەرداربوونی حەماس لە چەکەکانی کردەوە.
هاوکات لە بارەی چەکدادانی حەماس ترەمپ وتی، ئەگەر دەستبەرداری چەکەکانیان نەبن، کە لەسەری ڕازی بوون، دەبێت باجێکی قورس بدەن، دەبێت لەماوەیەکی کورتدا دەستبەرداری بن.
