رووداوەكانی حەلەب رێخۆشدەكات بۆ هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنی 10ی ئادار

8 كاتژمێر لەمەوپێش



✍️ سەرتیپ جەوهەر

دۆخی شێخ مەقسودو ئەشرەفیە لە حەلەب ئاڵۆزە، چارەسەركردنیشی ئاڵۆزە. دەكرێت لەچەند روویەكەوە لێكدانەوەی بۆ بكەین:

یەكەم: رووداوەكانی حەلەب تەنها بریتی نییە لەدوورخستنەوەی هێزەكانی ئاسایش و شەڕڤانانی كورد لەو دوو گەڕەكە، بەڵكو پرسیاری جددی ئەوەیە دوای ئەو رووداوە چی دیكەی بەدوادادێت؟ هەندێك پێیانوایە دەسەڵاتدارانی توركیاو سوریا دەیانەوێ‌ بەم پەلاماردانە لەئاستی كاردانەوەی ئەمریكا تێبگەن، تاوەكو لەسەر ئەو بنەمایە هەنگاوی داهاتوویان دژ بەكورد دیاریی بكەن! واتە دەیانەوێ‌ لەڕێی پەلاماردانی گەڕەكە كوردنشینەكانی حەلەب هەڵوێستی ئەمریكا بزانن.

دووەم: لەحاڵی بێدەنگبوونی ئەمریكاو كۆمەڵگەی نێودەڵەتی لەشەڕو ماڵوێرانیی حەلەب و كۆتایی هاتنی بەبێ‌ هیچ تەدەخول و دەستوەردانێك، بەدوور نازانرێت دەسەڵاتدارانی توركیا دیمەشق ناچار بەپاشگەزبوونەوە یان هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنی 10ی ئادار بكات، ئەمەش رێخۆشكەر دەبێت بۆ پەلاماردانی رۆژهەڵاتی فورات (رۆژئاڤا) لەهەنگاوی داهاتوودا.

هەرچەندە پەلاماردانی رۆژهەڵاتی فورات لەم قۆناغەو لەسایەی بوونی ئەمریكا ئاسان نییە، بەڵام توركیا فشار دەكات رێككەوتنی 10ی لەنێوان كوردو دیمەشق هەڵوەشێتەوەو ئەو داننانەی دیمەشق بەمافی كورد لەبارببات و پەیوەندی نێوان كورد و دیمەشق ئاڵۆز بكات.

سێیەم: هیچ نوسراوێك یان رێككەوتنێك لەنێوان كورد و ئەمریكا نییە بۆ پاراستنی كورد لەسوریا. ئەمریكا بەشێوەیەكی ناڕەسمیی خۆی پابەندكردووە بەپاراستنی بەری رۆژهەڵاتی فورات و پاراستنی هێزەكانی سوریای دیموكرات كە كۆڵەگەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیە لەدژایەتی تیرۆر لەسوریا. كەوایە زۆر زەحمەتە ئەمریكا تەدەخول یان دەستوەردان لەشەڕو ئاڵۆزیەكانی گەڕەكە كوردنشینەكانی حەلەبدا بكات. بێدەنگبوونیشیان لەرووداوەكانی حەلەب ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە ئەوان تەدەخول لەم رووداوەدا ناكەن! بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە ئەمریكا ئیلتیزامی ئەخلاقیی ناكەوێتە ئەستۆ لەكاتێكدا پێكهاتەیەك یان میللەتێك بەبەرچاوی هەموو دونیا لەلایەن رژێمەكەیەوە كۆمەڵكوژ دەكرێن و ناچار بەكۆچكردن دەكرێن.

چوارەم: مانەوەی هێزی كوردو دانیشتوانی كورد لەحەلەب زەحمەت و ئاڵۆز بووە. ماوەی نزیكەی 15 ساڵە ئەم دوو گەڕەكە كوردنشینە لەلایەن هێزی ئاسایش و تایبەتی كوردەوە دەپارێزرێن. ئێستا لەگەڵ ناچاركردنی هێزە چەكدارەكەی كورد بەچۆڵكردنی ناوچەكە، مانەوەو بەردەوامبوونی هاوڵاتیانی كوردیش بۆ ژیان لەو گەڕەكانە زۆر زەحمەت دەبێت چونكە ئەو هێزانەی پەلاماری گەڕەكە كوردنشینەكان دەدەن چ ئەو هێزانەن كە لەلایەن توركیاوە نێردراون وەك عەمشات و حەمزات و نورەدین زەنكی، یانیش ئەو هێزە چەكدارە ئیسلامیە توندڕەوانەی لەلایەن دیمەشقەوە نێردراون، هەردوولا گروپی تیرۆریستین، گروپی چەكداری نەدی و بدین. دەست لەكوشتوبڕو كردەوەی تیرۆرستیی ناپارێزن، بۆیە زۆر گرنگە هەموولا هەوڵبدەن جگە چارەسەركردنی پرسی ئەو هێزە كوردییە لەحەلەب، هاوكات ژیانی هاوڵاتیانی كورد لەم ناوچە گرەنتی بكرێت.

پێدەچێت پەیوەندیكردنی كاك مەسعود بارزانیی بەئەحمەد شەرع  و بە تۆم باراك نوێنەری تایبەتی ئەمریكا بۆ سوریا هەوڵێكی نێوانگریی یان چارەسەریی بێت سەبارەت بە ئاڵۆزییەكانی حەلەب. من پێموایە بەرپرسیارێتیەكی مێژووییە لەئەستۆی هەموو سەركردایەتی و بڕیاربەدەستانی كوردستان. ئەم هەوڵە جێی تەقدیرە هیوادارین شتێكی لێ‌ شین ببێت. زۆر گرنگیشە لەهەر هەوڵێكی چارەسەریی باس لەگرەنتی و زەمانەتی ژیان و كەرامەتی هاوڵاتیانی كورد بكرێت چ ئەوانەی لەحەلەب دەمێننەوە یان ئەوانەی كۆچ دەكەن بۆ شام و ناوچەكانی دیكە رووبەرووی پەلاماردان و چەوساندنەوەو هێرشی دەمارگیریی عەرەبی شۆڤینیی نەبنەوە.

پێنجەم: پێویستە لەسەر سەركردایەتی بڕیاردەری كورد لە رۆژئاوای كوردستان دوور لەهەڵچوون بەهەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ رووداوەكان بكەن، هەروەك چەند رۆژێكە ژیرانە مامەڵەیان كردووە. زۆر گرنگە بیزانین كە رێگەی رزگاریی سەخت و پڕ زەحمەتیە. ئەوەی روودەدات هەڵڕشتنی رق و لێكەوتەی سیاسەتی شۆڤینی و دەمارگیریی قەومیی هەردوو رژێمی ئیسلامیی توركیاو دیمەشقە، پێویستە لەو راستیە تێبگەین.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار