ئەو گەنجەی دوو گەڕەکە کوردییەکەی حەلەبی توندووتۆڵ کرد و پاراستنی، کێ بوو؟
15 كاتژمێر لەمەوپێش
سلێمانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە دەپارێزێت
ئامادەکردنی هاوڵاتی
ئەو بەرخۆدانە مەزنەی ئێستا لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییەی حەلەب دەکرێت بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ کار و چالاکی گەنجێکی سلێمانی کە چەندین ساڵ بەرخۆدانی کردووە و پێگەی گەڕەکەکانی پتەو کردووە بۆ بەرگریکردن لە هێرشی دوژمنان.
ئەو گەنجە بروسک جەمال سابیرە کە بە فەرماندە باکوور جیلۆ ناسراوە و لەناو گەڕەکە کوردییەکان ناوێکی دیارە چونکە سێ ساڵ لەوێ فەرماندەی کەتیبەی ئەلئەکراد بووە و دژی گروپەکانی سەر بە تورکیا و داعش شەڕی کردووە.
بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی فورات نیوز، باکوور جیلۆ سەرەتا لە کۆبانێوە هاتووە بۆ گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب لەساڵی 2013 و دواتر لەوێ ماوەتەوە، هەرچەندە پێیان گوتووە بچێتەوە بۆ کۆبانێ، بەڵام ئەو گوتوویەتی: ئێرە پێویستى بە کارى زۆر هەیە، پێویستە رەنجێکى زۆر بۆ ئێرە بدرێت. هەڤاڵان لەوێن و دەتوانن کارەکانى منیش لەوێ ئەنجام بدەن.
فەرماندە باکور جیلۆ شارەزایەکی زۆر وردی لە تاکتیکەکانی جەنگ هەبووە و دەوترێت: خەڵکی ئەو دوو ئەو دوو گەڕەکە لەسەر دەستی ئەو فێری خۆبەڕێوەبەرێتی و شەڕی تونێڵ و کۆڵان بە کۆڵان بوون، فێری بێواتاکردنی گەمارۆکان و تەکنەلۆژیای شەڕ بوون.
مەزڵوم خەلیل کە یەکێک بووە لە شەڕڤانانەکانى بەرخۆدانى حەلەب ئا بەم جۆرە باسی سەرکردایەتی باکوور جیلۆ دەکات و دەڵێت: ئەو فێرى دەکردین، دەبێت چۆن شەڕ بکرێت و ورەى بە هەموو کەس دەبەخشی، دەیگوت، شێخ مەقسود ناموسمانە و نابێت لە دەستى بدەین، هەڤاڵ باکوور ورەى دەداینێ و دەیگوت، نابێت ورەتان بڕوخێت، ئەو شوێنانەى کە لە دەستمانداون دەبێت بە دەستیان بهێنینەوە، ئێمەش بە شەڕ گەڕاینەوە و ئەو کۆڵانانە و ئەو شوێنانەى لە دەستمان دابوون، کۆنترۆڵمان کردنەوە.
تەنانەت باکور جیلۆ هەموو نەتەوە جیاوازەکانی یەکخستبوو و لە ژێر فەرماندەیی ئەودا دژی گروپەکانی سەر بە تورکیا دەجەنگان و دانیشتوویەکی گەڕەکە کوردییەکان لەبارەی فەرماندە باکور جیلۆ دەڵێت: هێزی کەتیبەی ئەلئەکراد لە پێکهاتە جیاوازەکانی کورد، عەرەب و تورکمان پێکهاتبوو، هەموویان بە پێشەنگایەتی شەهید باکور دەجەنگان. پشگیرییەکی بەهێزی مادی و مەعنەوی پێدەدان و مۆراڵیان لێیەوە وەردەگرت. هەڤال باکور کەسێتیەکی دەگمەنی هەبوو، هەم پێشەنگی شەڕی دەکرد، هەمیش لەناو خەڵکدا بوو.
بروسک جەمال سابیر لە ساڵی 1984 لە سلێمانی لەدایکبووە و لە ٤ی نیسانی ٢٠١٦دا لە ناو گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییەدا گروپەکانی سەر بە تورکیا هێرشیان دەستپێکرد، لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا باکور جیلۆ لە ٧ی نیسانی هەمان ساڵ شەهیدبوو.
رۆژنامەنووس زمناکۆ ئیسماعیل لەبارەی فەرماندە باکور جیلۆ بەسەرهاتێکی خۆی و گەنجێکی رۆژئاوا دەگێڕێتەوە و دەڵێت لە قەندیل چاوی بە گەنجێکی کوردی حەلەب کەوتووە و پێی گوتووە: کوردەکانی حەڵەب قەرزداری سلێمانین، چونکە فەرماندە باکور خەڵکی سلێمانییە، ئەو توانی گەڕەکە کوردییەکانی حەڵەب بپارێزێ و فەرمانداری کورد بکات لەوێ، ئەگەر ئەو نەبووایە، دەمێک بوو کورد لەو شارە و لەو دوو گەڕەکە ببوو بەژێر پێی عەرەب و تیرۆریستانی داعشەوە.
