سكانداڵی ئێپستاین و پەرچەکرداری ئایدیۆڵۆجیستان     

2 كاتژمێر لەمەوپێش



ئەحمەد دەروێش

بێگومان فەزیحەتی ئێپستاین  یەکێکە لەو روداوە قێزەونە وەحشیگەراییەی کە بەدرێژایی چارەکە سەدەیەک لەسەر خاکی سەرداری جیهان و لەلایەن سەردارانی سیاسی و دارایی وڵاتان کەهەڵگری ناسنامەی ئایینی جیاواز و ئایدیۆڵۆجیای جیاواز و سیستم  و نەزمی جیاوازن ، چ وەک کڕیار یا فرۆشیار لەبازاڕی ئێپستاین مرۆڤیان ئەتک کردووە .

بێگومان مرۆڤایەتی رۆژانێکی رەشی بەڕێکردووە و بەدیاریکراویش دوای سەرپێکەوتنی سیستمی کۆیلایەتی کەهاوزەمانە لەگەڵ دەرکەوتنی شارستانییەتە کۆنەکان تا کەوتنی ئیمپڕاتۆرییەتی رۆمانی لەساڵی 476 زایینی ( جگە لەئەوروپا ، لەسەر زەوی دیکە درێژەی هەبوو ) بەڵام بازاڕ و سکانداڵەکەی ئێپستاین لەم زەمەنەدا کە ئیدیعای سەنتەربوونی مرۆڤ دەکرێ، ویژدانی هەموو ویژدان زیندویێک، مۆڕاڵ و بەها مرۆییەکانی راچڵەکاند .

زۆربەی جار کاتێک قەیرانێکی ئابووری روو لەجیهان دەکات وەک قەیرانی ساڵی 2008 کەلەکەرتی خانووبەرەی ئەمریکا سەریهەڵدا یا رووداوێکی وەک کۆرۆنا ڤایرس لەساڵی 2020 ، هەموو جارێک تەپڵی روخانی سیستمی سەرمایەداری لەلایەن چەپ و کۆمۆنیستەکان لێدەرێ بازاڕی تەپڵکوتان گەرم دەکرێ و، بەنەمانی قەیرانەکەش بەزم و شایی و لۆغانەکە کۆتایی دێت. 

من بۆخۆم پێموایە نهێنی بەردەوامبوونی سیستمی سەرمایەداری ، یەکانگیربوونییەتی لەگەڵ نزعە شاراوە و پەنهانەکانی مرۆڤ کەلە پرەنسیپە بنچینەییەکانی سیستمەکەدا خۆیان حەشار داوە بەڵام هەموو جارێک باشتر سەرپێدەکەوێتەوە، بەمانایەکی دیکە لیبڕالیزم بەگشتی و  لیبڕالیزمی نوێ بەتایبەتی ،  لەباریدایە چالاکانەتر خۆی نوێ بکاتەوە . 

حزبە ئیسلامییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەرچەندە سەنگێکی ئەوتۆیان لەهاوکێشەسیاسییەکانی ناوچەکە نییە ، ئەوە نەخوازەڵا جیهان ، کەچی لەهەرێمی کوردستان و لەسۆشیاڵ میدیا ، وێڕای هەبوونی هەڕەشەی شوناسمان لەسەردەستی خەلیفە ئەردۆگان و جۆلانی نوسڕە و تەحریر شام ، دەهۆڵێکیان هەڵگرتووە  دەڵێن ؛چارەسەر هەر ئیسلامە !

ئیسلام وەک رۆح یا پێداگیریی لە بەها مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکان قبوڵکراوە و هیچ مشتومڕێکی لەسەر نییە ، ئەمە بۆ کۆی ئایینە ئاسمانیی و نائاسمانییەکانیش هەر راستە بەڵام ئیددیعاکردنی ئیسلام وەک سیستمێکی سیاسیی و ئیداریی و ئابووری بۆ ئەم پرسە جێی هەڵوەستەیە .

مێژووی سیاسی ئیسلام هەرلەسەردەمی فتوحاتەوە بگرە تا دەوڵەتی ئومەویی و عەباسی و عوسمانی دەوڵەتی ئیسلامی لەعێراق و شام ( ناسراو بەداعش ) ، پرس و سکانداڵی ( ملک یمین و سبایا ) درێژەی هەیە و بوونەتە کەلتووری ئیسلامی. خەلیفەکانی ئومەوی و عەباسی و عوسمانی دەیان و سەدان کەنیزەی منداڵ و هەرزەیان هەبووە و فیقهی ئیسلامی هێشتا رەوایەتی پێدەدات و هەزاران کچەکوردی ئێزدی و گەرمیانی بوونەتە کەرەستەیەکی گرنگی ئەو بازرگانییە ئابڕوتکێن و قێزەونە .

بێگومان لەوڵاتانی رۆژئاوا ، دەسەڵاتی بکوژ و ببڕی سەرۆک و بەرپرسان تاڕادەیەکی زۆر سنووردارکراوە و کەس لەدەرەوەی یاسا نییە بەڵام لەسیستمی ئایینیدا خەلیفەو رابەر پیرۆزکراون ، چاوەڕێدەکرێ شەقامی ئەوروپا و ئەمریکا بکەران و تێوەگلاوان سزا بدات ، شاژنی بەریتانیا خۆی لەبراکەی بێبەری کرد و پێگەی پاشای لێوەرگرتەوە .

بۆیە پێویستە سزادانی هەموو بکەرانی سکانداڵی ئێپستاین و سکانداڵی کەنیزە و سەبایا ، ببێتە مەتڵەبی هەموو مرۆڤێکی شکۆمەند و شەرافەتمەند،  هەڵگری مۆڕاڵ و بەهای مرۆیی .

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار