ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو مووچەی هەرێم دەنێردرێت
2 كاتژمێر لەمەوپێش
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان داهاتی ناوخۆی ڕادەستی بەغدا کرد و بڕیارە لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتووەوە مووچەی مانگی یەک ڕەوانەی هەولێر بکرێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 120 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆی بە کاش ڕادەستی لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق کرد، بەمەش سەرجەم پابەندییە داراییەکانی جێبەجێ کردووە و هیچ بیانوویەک بۆ بەغدا نەماوەتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو (لە نێوان دووشەممە تاوەکو چوارشەممە) پارەی مووچە لە بەغداوە دەگات و وەزارەتی دارایی هەرێم یەکسەر دەست بە دابەشکردنی دەکات، کە بڕیارە لە ماوەی سێ بۆ چوار ڕۆژدا مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دابەش بکرێت.
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە میکانیزمی دابەشکردن و پڕۆژەی هەژماری من ڕایگەیاند: ئەم مانگەش مووچە بە دوو لیستی کاش و 'هەژماری من' دابەش دەکرێت. لەسەر بڕیارەکەمان سوورین؛ هەر مووچەخۆرێک فۆرمی 'هەژماری من'ـی پڕنەکردبێتەوە، مووچەکەی ڕادەگیرێت تاوەکو خۆی تۆمار دەکات، چونکە ئەم مانگە دوایین دەرفەتە.
لەبارەی وادەی ناردنی مووچە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بەرپرسێکی باڵای کورد لە بەغدا بە ئاڤای ڕاگەیاند، بەدڵنیاییەوە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو پارە دەنێردرێت بەڵام ڕۆژەکەی دیار نییە دووشەممە، سێشەممە یان چوارشەممە دەبێت.
ئەم مانگەش هاوشێوەی مانگەکانی ڕابردوو دوو لیستی مووچە بڵاودەکرێنەوە، بە کاش و لەڕێگەی هەژماری من. هەر مووچەخۆرێک فۆرمی هەژماری منی پڕنەکردبێتەوە ئەم مانگە مووچەی ڕادەگیرێت تا خۆی تۆمار دەکات، کەی فۆرمی پڕکردەوە ئەوکات مووچەی پێدەدرێت. بەپێی زانیارییەکانی ئاڤا تاوەکو ئێستا دەیان هەزار مووچەخۆر ماون فۆرمی هەژماری من پڕبکەنەوە. ئەم بڕیاری ڕاگرتنی مووچەیە کەمئەندامان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، کەسوکاری شەهیدان، زیندانیانی سیاسی و فەرمانبەرانی گرێبەست ناگرێتەوە، چونکە ئەوان بە میکانیزمێکی دیکە هەژماریان بۆ پڕ دەکرێتەوە.
