وەزارەتی دارایی: مووچەی فەرمانبەران نافەوتێ و دابینکراوە
2 كاتژمێر لەمەوپێش
سەبارەت بە نەبوونی پارە بۆ مووچەی مانگی داهاتوو، وەزارەتی دارایی عێراق بە فەرمی وەڵامی ئەو دەنگۆیانە دەداتەوە، کە لە سۆشیاڵ میدیا و بەشێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بڵاو کراونەتەوە و دەڵێت: "هەموو ئەم هەواڵانە دوورن لە ڕاستییەوە و خەزینەی دەوڵەت پڕە لە پارە".
وەزارەتی دارایی عێراق لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ڕایگەیاند، هەموو ئەو هەواڵانەی باس لە کەمیی پارەی نەختینە یاخود نەبوونی پارە بۆ مووچەی مانگی داهاتوو دەکەن، هیچ بنەمایەکی زانستی و ڕاستییان نییە.
هەر لە بەیاننامەکەدا، وەزارەتی دارایی عێراق هاووڵاتییان دڵنیا دەکاتەوە کە هەموو شایستە داراییەکانی فەرمانبەران، خانەنشینان و تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی بە تەواوی دابین کراوە و دابەشکردنی مووچە لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا و بەبێ هیچ دواکەوتنێک خەرج دەکرێت.
لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا، وەزارەتی دارایی هۆشداریی دا لەوەی کە هەر لایەن یان کەسێک بە مەبەستی شڵەژانی ڕای گشتی، هەواڵی ناڕاست بڵاو بکاتەوە، ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە؛ داواشی لە هاووڵاتییان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن کرد بۆ دەستکەوتنی زانیاریی دروست سەبارەت بەم بابەتە، تەنیا پشت بە سەرچاوە فەرمییەکان ببەستن.
