مەترسییە نوێیەكان و پێویستی یەکڕیزیی کورد
2 كاتژمێر لەمەوپێش
توانا تەھا
هێرش و پیلاندانی چەند هەفتەی رابردوو بۆ سەر رۆژئاڤای کوردستان، نابێت بە ئاسایی بەسەرماندا تێبپەڕێت، بەڵکو دەبێت وەك ئاگادارکردنەوەیەکی مەترسیدار بیبینن بۆ سەر ھەر كوردێك لە ھەر پارچەیەكی كوردستان و ناوچەیەكی جیھانە. پشتكردنە كورد لە رۆژئاڤا و ناچاركردنی بە گەڕانەوە بۆ دیمەشق دووبارە پیشانی دا کە هێشتا پرسی کورد لە ناوچەکەدا بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و هەر کاتێک بە گونجاو ببینرێت، دەکرێت بکەوێتە بەر پەلامار و گەمارۆ.
ئێستا هەرچەندە رێککەوتن و ئاگربەست لە ئارادایە، بەڵام دڵەڕاوکێی خەڵک، ئاوارەبوونی هەزاران هاوڵاتی و گەمارۆی سەر کۆبانێ و دەوروبەری، هێشتا وەک برینێکی کراو لە جەستەی نەتەوەکەمان ماوەتەوە. ئەزموونی رۆژئاڤا بە روونی پیشانی دا کە بێدەنگی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دەتوانێت تاوانێکی گەورەی مێژوویی بەرامبەر گەلی كورد بکاتە ئاسایی.
لەو نێوانەدا، دواین چاوپێكەوتنی وەزیری دەرەوەی تورکیا، هاکان فیدان، كە شەوەی رابردوو كەناڵی CNN TURK لەگەڵی ئەنجامدا داوای وەرگرتنی ئەزموونی سووریای بۆ عێراق کرد، ئەوە بۆچوونێك یان تێبینی دیپلۆماسی نییە، بەڵکو پەیامێکی پڕ مەترسییە، کە پرسیارێکی گەورە دروست دەکات: ئەم پەیامە بۆ کێیە و بۆ چی؟
ئەگەر ئەو پەیامە بۆ هێزە شیعەکانە، ئایا مەبەست هاندانیانە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەرێمی کوردستان؟ ئەگەر بۆ ھۆزە سوونەکانە، ئایا هەوڵێک نییە بۆ دروستکردنی دووبەرەکی نوێ و شەڕی ناوخۆ؟ ئەگەر مەبەست لێی هەوڵێکن بۆ تاقیکردنەوەی ئەزموونی رۆژئاڤا لە شوێنێکی دیكە، ئەوا زەنگە مەترسییەکە بۆ هەمووان لێدراوە.
هەرێمی کوردستان هەرێمێکی دەستووری و فەرمییە لە ناو عێراق. بەراوردکردنی بە حەسەكە، قامشلۆ و کۆبانێ، یان وتاری ناڕوونی لەسەر دەستپێکردن، هەوڵێکی ئاشکرایە بۆ پێچەوانەکردنەوەی ئەو راستییە. ئەم جۆرە ئاخافتنانە لە کاتی هەستیاردا، دەتوانن ببنە هۆی ئاڵۆزیی سەربازی و سیاسی کە ئەنجامەكەی لەبەرژەوەندی ھیچ لایەك نابێت.
بۆیە ئەوەی زۆر پێویستە لەم ساتە مەترسیدارەدا، یەکڕیزیی کورد بەهێزترین چەکە. بەداخەوە، هێشتا دەنگێكی كەم دەبیسترێت کە لە جیهانی مەجازی و تەنانەت لە ناو سیاسەتدا، خەریکی شکاندنی ئەم یەکڕیزییەن. ئەمانە، بە ئەنقەست یان بێ مەبەست، خزمەتی ئەو پلانانە دەکەن کە دژ بە بوونی کوردن.
پرسیاری گرنگ ئەوەیە: ئایا هێزە سەرەکییە سیاسییەکانی کوردستان، بە تایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەکێتی نیشتمانی كوردستان، لەم مەترسیانە بە قووڵی تێدەگەن؟ ئایا ستراتیژییەکی هاوبەش هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم وتار و پلانانە؟ ئایا دەنگی یەکگرتووی کورد بە شێوەیەکی ئاشکرا دەگەیەنرێت بۆ بەغدا، ناوچە و جیهان؟
ھەنووكە مەزڵوومییەتی کورد، نابێت تەنیا وشەیەک بێت بۆ گریان، یان بۆ ئەگەر و پاسا و ھێنانەوە، بەڵكو دەبێت ببێتە بنچینەی یەکگرتوویی، ئاگاداری و هۆشیاری. ئەزموونی رۆژئاڤای كوردستان و ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت پێمان دەڵێت "ئەگەر خۆمان یەک نەبین، هیچ کەسێك فریامان ناكەوێت".
لە ئەم ساتە هەستیارەدا، هەر وشە و هەر هەنگاوێک پێویستە بە پێوانەی بەرژەوەندیی گشتی کورد بپێورێت. یەکڕیزیی نەتەوەیی ئێمە بەهێزترین چەکمانە و نابێت رێگە بدەین هیچ دەستێکی دەرەوە یان ناوخۆیی ئەم هێز و یەكبوونە تێکبدات.
