نوری مالیکی: باوەڕمان بە هاوبەشی لەگەڵ ئەمریکا و ئەوروپا هەیە

2 كاتژمێر لەمەوپێش



سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، دەڵێت، باوەڕم بە عێراقێکی دیموکراسی کراوە هەیە کە پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ ئەمریکا و ئەوروپادا هەبێت، ئاشکراشی دەکات کە بڕیارەکانی بە پلەی یەکەم لە بەرژەوەندی گەلی عێراقەوە سەرچاوە دەگرێت.

نوری مالیکی کە ئێستا کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگییە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پەیامێکدا لە تۆڕی ئێکس ئاماژەی رایگەیاند، "بەرپرسیاریەتی نیشتیمانیمان بەرامبەر گەل و نیشتیمانەکەمان لەسەر واجب دەکات هەوڵ بدەین و ئەزموونمان بۆ ڕاستکردنەوە و بەهێزکردنی ئاراستەی سیاسی بەکاربهێنین.

سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، دەشڵێت، ئێمە باوەڕمان بە عێراقێکی دیموکراسی مەدەنی کراوە بەڕووی هاوبەشی نێودەوڵەتی ڕەسەن لەگەڵ وڵاتانی وەک ئەمریکا و ئەوروپادا هەیە، کە پەیوەندی ئابووریمان لەگەڵیاندا هەبێت بۆ دروستکردنی شۆڕشێک لە بونیادنانی ژێرخان، زانست، وزە و گەشەپێدانی خزمەتگوزارییەکان."

پەیوەست بە بڕیارەکانیشی ئەوەی خستووەتەڕوو، "ئێمە جەخت دەکەینەوە لەسەر ناسنامەی ڕەسەنی عێراقیمان کە پاڵپشتە بە ئیرادەی گەلی عێراق، بڕیاریشمان لە بەرژەوەندی گەلەکەمان بە پلەی یەکەمەوە سەرچاوە دەگرێت، بۆ هاوکاریی و پێکەوەکارکردنی هەرێمی و نێودەوڵەتیش دەستمان درێژ دەکەین ئەویش بەجۆرێک لە بەرژەوەندی گەلانی ناوچەکە و جیهاندا دەبێت."
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار