ئێران سوپاى هەموو وڵاتانى ئەوروپا دەخاتە لیستى تیرۆرەوە
2 كاتژمێر لەمەوپێش
حکومەتى ئێران رایگەیاند، هێزى دەریایى و ئاسمانى هەموو وڵاتانى ئەندام لە یەکێتى ئەوروپاى خستۆتە لیستى رێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە.
وەزارەتى دەرەوەى ئێران لەبەیاننامەیەکدا ئاماژەى بەوەداوە، وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا بە پێچەوانەی بنەما و ڕێسا بنەڕەتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکان، سوپای پاسدارانی ئیسلامییان وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی پۆلێن کردووە.
بەیاننامەکە ئەوەشى خستۆتەروو، حکومەتی ئێران بە پشتبەستن بە پرەنسیپی مامەڵەى هاوشێوە و مادەی حەوتى ئەو یاسایەى ئەمریکا لە ساڵى 2019 پەسەندیکردوەو سوپای پاسدارانی خستە لیستى تیرۆرەوە، تێیدا هاتووە، هەموو ئەو دەوڵەتانەی کە پشتگیرى لە بڕیارەکەی ئەمریکا دەکەن یان بە هەر شێوەیەک پاڵپشتی دەکەن بۆ دەستنیشانکردنی سوپای پاسداران وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی، ئەوانیش هەمان مامەڵەی هاوشێوەیان لەگەڵ دەکرێت، لەبەرئەوە هێزى دەریایى و ئاسمانى هەموو وڵاتانى ئەندام لە یەکێتى ئەوروپا ئەو یاسایە دەیانگرێتەوە و بەوەش وەک رێکخراوە تیرۆریستییەکان پۆلێن دەکرێن.
ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا رۆژى 20ى شوباتى 2026 لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاند، سوپای پاسدارانی خستۆتە لیستی رێکخراوە تیرۆریستیەکانەوە، بەپێی ئەو بریارە، هەموو چالاکییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا قەدەغە دەکرێت و سەرجەم پارەو سەرمایەکانی ئەو هێزە لە یەکێتیەکە بلۆک دەکرێن، هەروەها چوونە ناو خاکی ئەوروپا لە ئەندامانی قەدەغە دەکرێت و هەر جۆرە مامەڵەیەکی بازرگانی لەگەڵ کۆمپانیاکانی سەر بە سوپای پاسداران بە "تاوانی تیرۆریستی" هەژمار دەکرێت.
