چارەنوسی ئابووری عێراق دەکرێتە قوربانی بۆ مالیکی؟
2 كاتژمێر لەمەوپێش
هەوڵەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ یەکلاکردنەوەی کاندیدکردنی نوری مالیکی، یاخوود پەشیمان کردنەوەی هیچ دەرئەنجامێکی نەبووەو بگرە دۆخەکە هێندەی تر ئاڵۆزی پێوەدیارە، بەتایبەتی دوای ناردنی "پەیامی هەڕەشەی ئەمریکا" بۆ سزادانی کەرتە ئابوورییە هەستیارەکانی عیراق، وەک نەوت و بانکی ناوەندی و دەستگرتن بەسەر ئەو پارانەی عیراق کە لەئەمریکایە، ئەگەر بێت و جارێکیتر مالیکی بێتەوە بەسەرۆک وەزیران.
هۆشیار زێباری ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لەمیانی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی دیجلە رایگەیاند، چوارچێوەی هەماهەنگی لەرێگەی کەناڵی پەیوەندی خۆیانەوە بەشێوەیەکی فەرمی داوای رونکردنەوەیان لەواشنتۆن کردوە سەبارەت بەهەڵوێستی ئەمریکا بەرامبەر بەکاندیکردنی نوری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەڵام هەمان وەڵامی پێشویان وەرگرتوەتەوە.
زێباری ئەوەشی خستەڕوو، ئەمریکیەکان کێشەی (شەخسی)یان لەگەڵ مالیکی نییە، ئەوان دەیانەوێت دەستی ئێران دووربێت لەحکومەتی عێراقی و نایانەوێت حکومەتی داهاتوو کەسانێکی نێو گرووپە چەکدارەکانی تێدابێت کە لەلایەن ئەمریکاوە سزایان بەسەردا سەپێندرابێت، بەپێچەوانەوە هەڕەشەی سەپاندنی سزای توند بەسەر عێراقدا دەکەن، قورستر لەسزاکانی ساڵی 1991، وەک سزادانی کۆمپانیای سۆمۆ و بانکی ناوەندی عێراق.
عیسام فەیلی شرۆڤەكاری سیاسی دەڵێت، لایەنە سیاسییەکان شکستیان هێناوە لەوەی بڕوا بەمالیکی بهێنن کە بکشێتەوە، هاوکات شکستیان هێناوە لەوەی کەسێکی جێگرەوە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عیراق بدۆزنەوە، ئەوەش وایکردووە پرۆسەی سیاسی وڵات پەکی بکەوێت.
فەیلی دەشڵێت، ئێستا کورد مەترسیی ئەوەی هەیە قەیرانەکە زیاتر قوڵبێتەوە، چونکە بەپێی زانیارییەکان، ئەمریکا هۆشداری داوە لەوەی ئەگەربێت و مالیکی بێتەوە بەسەرۆک وەزیران، سزا بەسەر بانکی ناوەندی و کۆمپانیای سۆمۆ دەسەپێنێت و چیتر ناهێڵیت دۆلار رەوانەی عێراق بکرێت، ئەمەش وڵات بەرەو کێشەیەکی ئاڵۆز دەبات.
ئەو شرۆڤەكارە پێی وایە، کۆنەبوونەوەی پەرلەمان بۆ دیاریکردنی سەرۆک کۆمار هێندەی تر دۆخەکەی ئاڵۆزکردووە، چونکە لایەنە کوردییەکان دەرفەتیان بە هێزە شیعەکان داوە بۆ یەکلاکردنەوەی سەرۆک وەزیران ، تاوەکو چوارچێوەی هەماهەنگی نەکەوێتە دۆخێکی نەخوازراوەوە، چونکە بەدیاریکردنی سەرۆک کۆمار دەبێت راستەوخۆ مالیکی راسپێردرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت.
لەبەرامبەردا هۆشیار زێیاری دەڵێت، ئەگەر سەرۆک کۆماریی داهاتووش دەستنیشیان بکرێت ئیتر پارتی بێت یان یەکێتی، ئەستەمە بەڕێز نوری مالیکی راسپێردرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت، چونکە هەردوو پەیامەکەی ئەمریکا روونە بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی، ئەویش رەتکردنەوەی کاندیدکردنی مالیکیە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتوو.
رۆژی 24ی کانوونی دووەمی 2026 چوارچێوەی هەماهەنگی "بە زۆرینەی دەنگ" بڕیاری دا نوری مالیکی وەک کاندیدی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران دیاری بکات، سێ رۆژ دواتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دژی گەڕانەوەی مالیکی بۆ ئەو پۆستە هۆشداری دا و وتی: "ئەگەر مالیکی هەڵبژێردرێتەوە، ئەوا ئەمریکا چی دیکە یارمەتیی عێراق نادات."
بەوتەی شارەزایان ئێستا ئەمریکا تۆپەکەی هەڵداوەتەگۆڕەپانی لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە بۆ بڕیاردان لە چارەنووسی ئابووری عێراق ئایا لەسایەی کابینەی مالیکیدا ئابووری وڵات توشی داڕمان دەکەن و کارێک دەکەن ئەمریکا دەست بەسەر نەوت و پارەی عیراق لەبانکی فیدراڵی بگرێت و هاوڵاتیان بەگشتی و مووچەخۆران بەتایبەتی ببنە قوربانی، هاوکات لایەنی کوردی و عەرەبی سوننە بەشی پێویست بەرپرسیارەتیان بەرامبەر چارەنووسی ئابووری و ژیانی خەڵک لەسەرەو ناکرێت تەماشاکەربن چونکە سزاکان تەنها بۆ شیعە نییە، بەڵکو بۆ تەواوی گەلانی عێراقەوە هەموان پێکەوە دەسوتێین.
