ئەردۆغان لە بارەی ئازادکردنی ئۆجەلان: شتی وا نابێت
2 كاتژمێر لەمەوپێش
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لەسەر پرسی ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە "بەکارهێنانی مافی هیوا" هۆشداری داوەتە پەرلەمانتارانی ئاکپارتی و پێیانی گوتووە" شتی وا نابێت، هیچ ڕێکخستنێکی تایبەت بۆ هیچ کەسێک ناکرێت، ئەمە باش بۆ خەڵک ڕوونبکەنەوە".
ئەم قسانەی ئەردۆغان لە کاتێکدایە کە "لەم ماوەیەدا پرسی ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بە بەکارهێنانی "مافی هیوا" ڕۆژەڤی تورکیایە، دەم پارتی بە ڕژدی کار لەسەر ئەم پرسە دەکات و چەندین جار داواکاریی ئازادکردنی ئۆجەلان یان پێشکەش بە حکومەتی تورکیا کردووە.
ڕۆژنامەی تورکیا بە پشت بەستن بە چەند سەرچاوەیەکی ئاکپارتی ڕایگەیاند: دوای ئەوەی کۆمسیۆنی پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمانی تورکیا، ڕاپۆرتی تایبەت بە چەکدانانی گەریلاکانی پەکەکە پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمانی تورکیا کرد، پرسی گەڕانەوەی گەریلاکانی پەکەکە بۆ ناو شار و ئازادکردنی ئۆجەلان هاتە کایەوە، ئەردۆغان ڕێنماییەکی تایبەتی بۆ پەرلەمانتارانی ناردووە و تێیدا هاتووە: "شتی وا نابێت، هیچ ڕێکخستنێکی تایبەت و مافی ئازادکردنی تایبەت بە هیچ کەسێک دەرناکرێت".
هەروەها، سەرچاوەیەک لە ئاکپارتی ڕایگەیاندووە: لێخۆشبوون نییە، داشکاندن لە سزا نییە، ئازادکردن نییە، ئەو ڕێکارانەی هەواڵگری تورکیا دیاری دەکات و ئێمەش ئەوە هەڵدەسەنگێنین.
لەلایەکی دیکەوە، ئەکین گورلەک، وەزیری دادی تورکیا ڕایگەیاند: مەحاڵە پرۆسەی ڕێکخستنەوەی سیاسی بۆ لێخۆشبوونی گشتی بگۆڕێت.
هەر یەک لە پارتەکانی جەهەپە و مەهەپە سەبارەت بەو پرسە دەڵێن: بۆ ئەوەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و ئەوانەی لە دۆخێکی هاوشێوەدان سوودمەند بن لە ئازادکردنی مەرجدار، پێویستی بە هەڵوەشاندنەوەی مادەی 107/16 لە یاسای لەسێدارەدانی سزا هەیە.
