ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، گەڕان بەدوای جێنشینی خامنەیی بەهۆى ترسی تیرۆرکردنى خێراتر دەبێت. بەپێى ڕاپۆرتەکە، لیژنەیەک لە سێ پیاوی ئایینی باڵا کە بڕیارە جێنشینی خامنەیی ڕابگەیەنن "لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کارەکانیان خێراتر کردووە، لە ترسی هەوڵی تیرۆرکردنی خامنەیی". ئایەتوڵلا عەلی خامنەیی، لەدایکبووی 15ـی تەمموزی ساڵی 1939ـی شاری مەشهەدی ئێرانە، زانایەکی ئاینییە لەماوەی ساڵانی 1981- 1989 بۆ دوو خول سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی “ئێران” بووە، لە ساڵی 1989ـشدا دەبێتە ڕابەری ئێران. خامنەیی زیاتر کەسایەتییەکی ئاینی هەیە. وەك ناوێکی فەخری، بە ئایەتوڵڵا ناودەبرێت. پێنج سەرچاوەی ئێرانیی قسەیان بۆ ئاژانسى ڕۆیتەرز کردوەو باس لەوەدەکەن لیژنەیەکی ئاینى سێ کەسی کە ئەرکی هەڵبژاردنی جێنشینی ئایەتوڵڵا خامنەیییان پێسپێردراوە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەوڵەکانیان خێراتر کردووە لە ترسی ئەوەی ئیسرائیل یان ئەمریکا تیرۆری بکەن. ئەو لێژنەیە نزیکەی دوو ساڵ لەمەوبەر لەلایەن خودی خامنەییەوە ڕاسپێردرابوو، بەڵام لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەو سێ ئەندامە زۆر بە خێرایی کار بۆ دۆزینەوەی جێگرەوەیەک دەکەن پێش ئەوەی ژیانی بە تیرۆرێک کۆتایی پێبهێنرێت. بەرپرسێکی باڵای ئەمنی لە ئێران بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، خامنەیی و بنەماڵەکەی لە ئێستادا لە پەناگەیەک نیشتەجێن، کە لەلایەن هێزە تایبەتەکانی سپای پاسدارانەوە پارێزراون. یەکێک لەو سەرچاوانە ئەوەشی خستەڕوو، "دامەزراوەی دەسەڵاتدار دەستبەجێ هەوڵی دانانی جێنشینی خامنەیی دەدات ئەگەر بکوژرێت، بەمەبەستی ئاماژەدان بە سەقامگیری و بەردەوامی". سەرچاوەیەکی نزیک لە خامنەیی زیادی کردوە: سەرکردەیەکی نوێ هەر لەسەر بنەمای خۆبەخشی بە ئایدیاڵە شۆڕشگێڕییەکانی ئایەتوڵڵا خومەینی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی هەڵدەبژێردرێت. ئەو پێنج سەرچاوەیە، دوو ناویان هێناوەتەوە کە بە کاندیدی سەرەکى و هەرەلەپێشن لە کێبڕکێی جێگرتنەوەی خامنەیی. یەکەمیان موجتەبا کوڕی 56 ساڵانی خامنەیی و دووەمیان حەسەن خومەینی نەوەیەکی تەمەن 53 ساڵانی ئایەتوڵڵا خومەینی پێشووە. ڕۆژی شەممەی ڕابردوو کوڕەکەى خومەینی بە ئاشکرا پشتیوانی خۆی بۆ خامنەیی دەربڕی و ڕایگەیاند، "بەوپەڕى بروابەخۆبوونەوە دووپاتی دەکەمەوە کە وەک خزمەتکارێکی بچووک و بێ بایەخی گەلی ئێران، ئامادەم بە شانازییەوە لە هەر بەرەیەک یان گۆڕەپانێکدا ئامادە بم کە ئێوە بە گونجاوى بزانن". خامنەیی بەردەوام هەڵوێستى توندبووە لە دژی ئیسرائیل و ئەمریکاو ئەوەشى نەشاردوەتەوە کە دژى دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان بووە لەگەڵ ئەمریکا لەبارەی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمیەوە. رۆژنامەی نیویۆرک تایمز زانیاری لە بەرپرسانی ئێران وەرگرتووە و دەڵێت، خامنەیی لە پەناگەیەکی نهێنییە، بەسەختیی دەتوانرێت پەیوەندیی پێوەبکرێت و هەموو پەیامێکی بەشێوەی نووسراو لەڕێی یاریدەدەرێکی متمانەپێکراوەوە پێیدەگات و وازی لە بەکارهێنانی ئامێری پەیوەندیی ئەلیکترۆنی هێناوە. بەگوێرەی زانیاریی ئەو بەرپرسانە، خامنەیی پێشبینی ئەوەیکردووە ئیسرائیل و ئەمریکا هەوڵی کوشتنی دەدەن، بۆیە لە پەناگەیەکدا خۆی حەشارداوە. هاوکات خامنەیی فەرمانی بە ئەنجومەنی زانایانی ئێران و دەستەی ئاینیی وڵاتەکەی کە بەرپرسە لە دیاریکردنی رێبەری باڵا کردووە، ئەگەر ئیسرائیل و ئەمریکا لە پلانی کوشتنیدا سەرکەوتوو بوون، بەوردی کەسێک لەو کەسانەی پێشتر دیاریکراون لە شوێنی دابنرێت. چەند رۆژێک لەمەوبەر بەگوێرەی راپۆرتێکی مسری ئەلیەوم، ئەو هێزەی عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران دەپارزێت، فەیلەقی پاسەوانییە کە یەکەیەکی سەربازی تایبەتی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانە و ژمارەیان 12 هەزار سەربازە.
ئاژانسى ڕۆیتەرز بە پشت بەستن بە بەرپرسێکی ئەمریکی بڵاویکردەوە لەوانەیە وەڵامی ئێران لە ماوەی یەک دوو ڕۆژى داهاتوودا بێت. بە پشت بەستن بە بەرپرسانی ئەمەریکا ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاندوە، واشنتۆن پێی وایە مەترسییەکی بەرچاو هەیە بۆ وەڵامدانەوەی ئێران بۆ هێزەکانی ئەمریکا بەم زووانە. هاوکات ئەو بەرپرسانەی ئەمەریکا ئەوەیان نەشاردوەتەوە، واشنتۆن هێشتا بەدوای چارەسەری دیپلۆماسیدا دەگەڕێت. ئێران هەڕەشەکانی پێشووی بۆ تۆڵەسەندنەوە لە ئەمریکا دووبارە کردەوە. بەڵام هێشتا بە شێوەیەکی کردارى هیچ هەنگاوێکى نەناوە، سەرەڕاى ئەوەى زیاتر لە ٢٤ کاتژمێر بەسەر هێرشەکەدا تیێپەڕیووە. لەلایەکى دیکەوە كۆشكی سپی بڵاویکردەوە، بە وردی چاودێریی دۆخی گەرووی هورمز دەكەین؛ گەمژەییە رژێمی ئێران هەنگاو بۆ داخستنی ئەو گەرووە هەڵگرێت. ئەوەش دەخەنەڕوو جیهان ئارامترە، بەهۆی كارە بوێرانەكەی سەرۆك ترەمپەوە كە رێگری لە رژێمێكی لاسار كرد لەوەی دەستی بە بۆمی ئەتۆمی بگات. بەپێى ڕاگەیەندراوەکەى کۆشکى سپى: ترەمپ پشتی بە زانیاریی هەواڵگریی ئەمریكا بەست لەبارەی ئەوەی ئێران تەنیا چەند هەفتەیەك لە بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمییەوە دورە. دەشڵێت: سەرۆك ترەمپ ئاشتی دەوێت و هەندێكجار دەبێت هێز بەكاربهێنین بۆ بەدیهێنانی، ئەویش لەمەدا ترسی نییە، هەڕەشەی نزیك مەودای ئێرانی نەهێشت و هیچ یەكێك لە سەرۆكەكانی پێشووی ئەمریكا ئەو ئازایەتییەی نەبوو كارێكی سەربازی وا بكات. کۆشکى سپى باس لەوەدەکات، ترەمپ باوەڕی بە گەلی ئێران هەیەو ئەوان بڕیار لە چارەنوسی خۆیان دەدەن، هێشتا بایەخی هەیە بچێتە ناو دانوستانی دیپلۆماسییەوە لەگەڵ ئێران. دوای ئەوەی فڕۆکە بۆمب هاوێژەکانی ئەمریکا ٣٠ تۆن بۆمب و تەقەمەنیان لە شوێنە ئەتۆمییەکانی ژێر زەویدا خستە خوارەوە، لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بە ئاشکرا بیری لە ڕووخاندنی حکومەتی ئێران دەکاتەوە.
سەرۆکی ڕووسیا، ڕایدەگەیەنێت ئەو دەستدرێژییە ئیستفزازییە دژی ئێران بێ پاساو و بیانووەو ڕووسیا هەوڵی یارمەتیدانی گەلی ئێران دەدات. سەرۆکی رووسیا لە مۆسکۆ پێشوازیی لە وەزیری دەرەوەی ئێران کرد و کۆبوونەوە. پووتین بە عێراقچی گوت، "هێرشێکی بێ پاساو کراوەتە سەر ئێران." عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران شەوی رابردوو گەیشتە مۆسکۆ و ئەمڕۆ دووشەممە 23ی حوزەیران لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا کۆبووەوە. عێراقچی گوتی، "سەروەریی ئێران پێشێلکراوە و مافی خۆمانە هەموو کاردانەوەیەکمان هەبێت." سەرۆکی رووسیاش جگە لەوەی ئاماژەی بەوە کرد کە پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ ئێران هەیە، گوتیشی، "هێرشێکی بێ پاساو کراوەتە سەر ئێران." پووتین زیادی کرد: سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ ڕووسیا ڕێگە دەدات بۆ گفتوگۆ و تێڕامان لە چۆنیەتی چارەسەرکردنی دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لای خۆیه عەباس عێراقچی وتی: تاران هێرش و کردەوەکانى ئەمریکا و ئیسرائیل، له دژی ئێران بەناشەرعى دەزانێت و لایەنى ئیرانیش مافی خۆیەتی بەرگرى لەخۆى بکات، بەهۆى هێرشەکانى ئەوانیشەوە بۆ سەر ئێران گرژییەکان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر پەرەدەسەنێت. پێشتر ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هیوای تارانی دەربڕی کە ڕووسیا ڕۆڵی خۆی لە کەمکردنەوەی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگێڕێت، ئەمەش دوای هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران. ئیسماعیل بەقایی هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە "دەستدرێژیی زایۆنیستەکان بۆ سەر ئێران بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکا ئەنجام دراوە و ئەمریکاش هاوبەشی هەموو ئەو تاوانانەیە".
بەرگریی ئیسرائیل ڕایدەگەیەنێت هێزی ئاسمانیمان توانای فڕینی فڕۆكەی لە 6 فڕۆكەخانەی ئێرانمان لە ناوەڕاست و رۆژهەڵات و رۆژئاوا پەكخستووەو توانای كاركردنی هێزی ئاسمانی ئێرانیش لەو فڕۆكەخانانە ئیفلیج كراون. هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو چەند پێگەیەكی ئاڕاستەكردن و ئەمباركردنی موشەكمان لەناوچەی كرماشان وێران كردووە. باس لەوەش کراوە کە ئەو فڕۆکانەی تێکشکێنراون بۆ بەکارهێنان لە دژی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل و پەکخستنی ئۆپەراسیۆنەکانیان لە چوارچێوەی خاکی ئێراندا بووە. لەلایەکى دیکەوە وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، تاوەکو کۆتاییهێنان بە هەڕەشەکانی ئێران لە هێرشەکانمان بەردەوام دەبین. ئیفی دێفرین گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، هێرشەکەی ئەمریکا بۆسەر ئێران بە هەماهەنگیی بووە لەگەڵ ئیسرائیل. گوتوشیەتی، هێشتا لێکۆڵینەوەی لە قەبارەی زیانەکانی وێستگەی فۆردۆ دەکەین. ئەم هێرشانە لە کاتێکدایە کە شەڕو ململانێی نێوان ئیسرائیل و ئێران پێدەنێتە یازدەهەمین ڕۆژی خۆیەوە، تاران هەڕەشەی لە واشنتۆن کرد بە "دەرئەنجامە توندەکان" لە کاردانەوە بە هێرشە بێ وێنەکانی ئەمریکا بۆ سەر شوێنە ئەتۆمییەکان لە ئێران. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوێنێ ئاماژەی بە ئەگەری گۆڕینی ڕژێمی ئێران لە ئێران کرد. ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا لەگەڵ ئێرانییەکان وتی: ئێران جارێکی دیکە گەورەو بەهێز بکەنەوە. هاوکات، بەرپرسانی باڵای پێنتاگۆن لەوانە پیت هێگسەس، وەزیری بەرگری و دان کەین، سوپاسالاری هێزە هاوبەشەکان لە لێدوانەکانیاندا ئاماژەیان بەوە کردووە کە هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەکان "زیان و وێرانکاریی قورس" لە بنکەکاندا نیشان دەدەن. لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسانی باڵای ئەمریکا، لەنێویاندا جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک رایانگەیاندووە کە نازانن شوێنی کۆگەکراوی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران لە کوێیە، کە بەشی دروستکردنی چەندین چەکی ئەتۆمی دەکات. رافاێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیش، رایگەیاندووە کە پێدەچێت ئێران ئەو ماددەیەی گواستبێتەوە پێش ئەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل دەستپێبکات.
دواى ئەوەى دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، ئەمریکا شوێنە سەرەکییە ئەتۆمییەکانی ئیرانى وێرانکردوە، جیهان چاوەڕوانی وەڵامی ئێرانە کە چ کاردانەوەیەکى هەیە بەرانبەر ئەو هێرشانە. بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ئەمریکا فڕۆکەی B-2ی بۆمبهاوێژی بۆ بۆردوومانکردنی سێ بنکەی ئەتۆمیی ئێران بەکارهێنا و بە گوتەی دۆناڵد ترەمپ، هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان لەنێوبراون. ئاژانسى ڕۆیتەرز لەڕاپۆرتێکدا ئەوەى خستوەتەڕوو ئێستا چاوەکان لەسەر وەڵامى ئێرانە کە چ کاردانەوەیەکى هەیە، ئایا دەست بەتۆڵەسەندنەوە دەکات لە خودی ئەمریکا - یان بە ئامانجگرتنی بنکەکانی ئەمریکا یان هەوڵدەدات بۆ داخستنى گەروى هورمز. عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمریکای تۆمەتبار کرد بەوەی بڕیاری دا دیپلۆماسی "بتەقێنێتەوە" بەهۆی دەستوەردانەکەی لە جەنگەکەدا شانبەشانی ئیسرائیل. لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس عێراقچی رایگەیاند، ئیسرائیل بە هێرشەکانی رۆژی 13ی حوزەیران، دانوستاندنەکانی نێوان تاران و واشنتنی نەهێشت، لە کاتێکدا ئەمریکاش بە هێرشەکانی رۆژی یەکشەممە هەمان کاری بەرامبەر گفتوگۆکان لەگەڵ زلهێزە ئەورووپییەکان کرد. مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی، ئەو هێرشە بە واتای ئەوە نایەت ئەمریکا لەگەڵ ئێران لە جەنگدایە، بەڵام هۆشداریشی دا "ئەگەر ئێران وەڵام بداتەوە، دەبێتە گەورەترین هەڵە کە کردبێتی." وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتیشی، واشنتن ئامانجی لەنێوبردنی دەسەڵاتی ئێران نییە، "هێشتا ئامادەی گفتوگۆین لەگەڵ ئێران." سوپای پاسدارانی ئێران یەکەم گرتەی ڤیدیۆیی سەردار محەممەد پاکپوور، فەرماندەی گشتیی نوێی سوپاکەی لەنێو ژووری ئۆپەراسیۆنی جەنگەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکان راناگیرێن. لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا فەرماندەی گشتیی نوێی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، "ئۆپەراسیۆنی هێزی ئاسمان - بۆشایی سوپا راناوەستێت و ئارامی لە زایۆنییەکان هەڵگرتووە." هەروەها ئەو فەرماندەیە جەختی لەسەر "یەکڕیزیی گەل" کردەوە و گوتی، "هەرچەندە کات تێبپەڕێت، یەکڕیزیی گەل زیاتر دەبێت و ئەمە بەخششێکی خوداییە." پاکپوور ئاماژەی بەوەش کردووە، "هێزە خۆبەخشە جەماوەرییەکانی بەسیج ئامادە دەکرێن." ئەم لێدوانە دوای زنجیرەیەک رووداوی گەرمی چەند رۆژی رابردوو دێت، کە بە هێرشی ئیسرائیل بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لە نەتەنز، فۆردۆ و ئەسفەهان دەستیپێکرد، بەرەبەیانیی ئەمڕۆیش ئەمریکا هاتە ناو جەنگەکەوە و بۆردوومانی ئەو سێ بنکە ئەتۆمییەی کرد.
پیت هێگسیس، وەزیری بەرگریی و جەنەراڵ دان کەین، سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشیان لەبارەی هێرشکردنە سەر هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی ئێران (فۆردۆ، ئەسفەهان و نەتەنز) ساز کرد. وەزیری بەرگریی ئەمەریکا ڕایگەیاند "هێرشەکانمان بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران زۆر سەرکەوتوو بوون و بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانمان بە تەواوەتی لەناو برد." گوتیشی: لە هێرشەکانماندا گەلی ئێران و هێزەکانی ئەو وڵاتەمان بۆمباران نەکردووە، تەنها سێ بنکەی ئەتۆمی کە ئەوانیش، نەتەنز، فۆردۆ و ئەسفەهان بوون، بۆمباران کرد." وەزیری بەرگریی ئەمەریکا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد، بڕیاری هێرشکردنە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران بوێرانە و ناوازە بوو و چەند مانگێک ئامادەکارییان بۆ کردووە، هەروەها نیشانەی بەهێزیی سوپای ئەمەریکایە. لەبارەی وەڵامدانەوەی ئێرانیش، دووپاتی کردەەوە "هەر وەڵامدانەوەیەک لە لایەن ئێرانەوە، زۆر بە توندی لێیان دەدەینەوە." وەکوو ئەوەی هێگسیس باسی کرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، پیاوی ئاشتییە و دەیویست کێشەکە لە ڕێگەی گفتوگۆیەوە چارە بکرێت، بەڵام ئێران بوو کە پێشنیازەکەی لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکە قبووڵ نەکرد. لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا جەختی کردەوە "هێرشەکانی ئیسرائیل زۆر نایاب بوون و ئێمەش بە هاوبەشی لەگەڵیان دەیانپارێزین." وەزیری بەرگریی ئەمەریکا جەختیشی کردەوە، دەرگای گفتوگۆ بە ڕووی ئێرانییەکاندا داناخەن و بەو هیوایەن لەسەر کۆی کێشەکان بە ئاشتییانە بگەنە ڕێککەوتن. هاوکات جەنەراڵ دان کەین، سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمەریکا لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا باسی لەوە کرد "هێرشەکانی سەر ئێران لە لایەن فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکاوە کراون. هەڵمەتێکی زۆر نهێنی، ئاڵۆز و پڕ مەترسیدار بوو. فڕۆکەکانمان لە جۆری (B - 2) توانییان بە سەرکەوتووانە بگەنە ئاسمانیی ئێران و هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی ئەسفەهان، نەتەنز و فۆردۆ بۆمباران بکەن و پێمان وایە زیانێکی زۆریان پێ گەیشتووە." سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمەریکا ئەوەشی خستە ڕوو، لە هێرشەکانیاندا بۆ سەر سێ بنکە ئەتۆمییەکەی ئێران، هەندێک مووشەک بەکارهێنراون کە کێشیان زیاتر لە سێ هەزار پاوەند بووە. جەنەراڵ دان کەین ئاماژەی بەوەش دا "ئامانج لە هێرشەکانمان گۆڕینی ڕژێمی ئێران نەبووە، هێزەکانمانیشمان لە ئامادەباشیدان بۆ ئەگەری هەر وەڵامدانەوەیەکی ئێران یان گرووپە چەکدارەکانی نزیک لێی."
پیت هێگسیس، وەزیری بەرگریی و جەنەراڵ دان کەین، سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشیان لەبارەی هێرشکردنە سەر هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی ئێران (فۆردۆ، ئەسفەهان و نەتەنز) ساز کرد. وەزیری بەرگریی ئەمەریکا ڕایگەیاند "هێرشەکانمان بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران زۆر سەرکەوتوو بوون و بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانمان بە تەواوەتی لەناو برد." گوتیشی: لە هێرشەکانماندا گەلی ئێران و هێزەکانی ئەو وڵاتەمان بۆمباران نەکردووە، تەنها سێ بنکەی ئەتۆمی کە ئەوانیش، نەتەنز، فۆردۆ و ئەسفەهان بوون، بۆمباران کرد." وەزیری بەرگریی ئەمەریکا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد، بڕیاری هێرشکردنە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران بوێرانە و ناوازە بوو و چەند مانگێک ئامادەکارییان بۆ کردووە، هەروەها نیشانەی بەهێزیی سوپای ئەمەریکایە. لەبارەی وەڵامدانەوەی ئێرانیش، دووپاتی کردەەوە "هەر وەڵامدانەوەیەک لە لایەن ئێرانەوە، زۆر بە توندی لێیان دەدەینەوە." وەکوو ئەوەی هێگسیس باسی کرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، پیاوی ئاشتییە و دەیویست کێشەکە لە ڕێگەی گفتوگۆیەوە چارە بکرێت، بەڵام ئێران بوو کە پێشنیازەکەی لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکە قبووڵ نەکرد. لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا جەختی کردەوە "هێرشەکانی ئیسرائیل زۆر نایاب بوون و ئێمەش بە هاوبەشی لەگەڵیان دەیانپارێزین." وەزیری بەرگریی ئەمەریکا جەختیشی کردەوە، دەرگای گفتوگۆ بە ڕووی ئێرانییەکاندا داناخەن و بەو هیوایەن لەسەر کۆی کێشەکان بە ئاشتییانە بگەنە ڕێککەوتن. هاوکات جەنەراڵ دان کەین، سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمەریکا لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا باسی لەوە کرد "هێرشەکانی سەر ئێران لە لایەن فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکاوە کراون. هەڵمەتێکی زۆر نهێنی، ئاڵۆز و پڕ مەترسیدار بوو. فڕۆکەکانمان لە جۆری (B - 2) توانییان بە سەرکەوتووانە بگەنە ئاسمانیی ئێران و هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی ئەسفەهان، نەتەنز و فۆردۆ بۆمباران بکەن و پێمان وایە زیانێکی زۆریان پێ گەیشتووە." سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمەریکا ئەوەشی خستە ڕوو، لە هێرشەکانیاندا بۆ سەر سێ بنکە ئەتۆمییەکەی ئێران، هەندێک مووشەک بەکارهێنراون کە کێشیان زیاتر لە سێ هەزار پاوەند بووە. جەنەراڵ دان کەین ئاماژەی بەوەش دا "ئامانج لە هێرشەکانمان گۆڕینی ڕژێمی ئێران نەبووە، هێزەکانمانیشمان لە ئامادەباشیدان بۆ ئەگەری هەر وەڵامدانەوەیەکی ئێران یان گرووپە چەکدارەکانی نزیک لێی."
هێرشە ئاسمانییە بەرفراوانەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، كاردانەوەی سیاسیی لە کۆنگرێسی وڵاتەكەی لێکەوتەوەو، تۆمەتباری دەكەن بەوەی دەستوری پێشێلکردووەو دەسەڵاتی خۆی تێپەڕاندووە، بە بەکارهێنانی هێزی سەربازی بەبێ مۆڵەتی یاسایی. چاک شومەر، سەرۆکی زۆرینەی دیموكراتەكان لە ئەنجومەنی پیران، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: نابێت هیچ سەرۆکێک وڵات بکێشێتە ناو شەڕەوە بەبێ رەزامەندی کۆنگرێس، ئەوەی روویدا هەڵەشەيی و بێ ستراتیژەو پێگەی ئەمریکا لاواز دەکات لەبری ئەوەی بەهێزی بکات. لای خۆیەوە، ئاژانسی "ئەسۆشێتد پرێس" بڵاویکردەوە: تەنها ژمارەیەکی سنوردار لە سەرکردەکانی کۆنگرێس پێشتر ئاگادارکراونەتەوە، لەوانە مایک جۆنسۆن، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی کۆمارییەکان و جۆن سون، سەرۆکی زۆرینەی كۆمارییەكان لە ئەنجومەنی پیران، بەڵام بەبێ ئەوەی بە پرۆسەی راوێژکاری فەرمیدا تێپەڕن یان بانگهێشت بکەن بۆ دانیشتنێکی بەپەلە. وتەبێژی شومەر دەڵێت: ئاگادارکردنەوەکە زۆر رووکەش بووە، هیچ وردەکاریی پێویستی لەبارەی سروشتی یان ئامانجە ستراتیژییەکانی هێرشەكەی تیادا نەبووە. دوای هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێرشی ورد و گشتگیریان کردووەتە سەر سێ ناوەندی سەرەکی ئەتۆمیی ئێران کە ئەوانیش فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان و سەرجەمیان خاپوور بوون. سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی، ئێران بە ئاشتی رازی نەبێت یان بیر لە وەڵامدانەوە بکاتەوە، کارەساتێکی گەورەی بەسەردا دێت، بۆیە ئامانجی هێرشەکان راگرتنی هەڕەشەی ئەتۆمیی ئێران بوو. فۆکس نیوز لەزاری ترەمپەوە رایگەیاند، ئەو چەکانەی بەکارهاتوون لە هێرشەکەدا شەش بۆمبی GBU-57 و 30 مووشەکی تۆماهۆک بوون. بۆمبی GBU-57 بۆمبێکی زەبەلاحە کە کێشەکەی 13 تۆنە و تەنها لەنێو زەویدا دەتەقێتەوە، دەتوانێت 200 مەتر خاک یان 60 مەتر کۆنکرێت ببڕێت. ئەم بۆمبە تەنها فڕۆکەی B-2ـی ئەمریکی لەتوانایدا هەیە هەڵیبگرێت و هەر فڕۆکەیەک تەنها یەک بۆمبی پێ هەڵدەگیرێت.
سەرۆکى ڕووسیا، ڕایدەگەیەنێت مۆسکۆ چەندین جار ئیسرائیلی ئاگادار کردووەتەوە کە ئێران بەدوای بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمیدا نییە. لەچاوپێکەوتنێکى تایبەتدا لەگەڵ کەناڵى سکاى نیوزى عەرەبى، ڤلادمێر پوتین سەرۆکى ڕووسیا، سەبارەت بە پرسى ئێران دووپاتی کردەوە مۆسکۆ پشتیوانی لە مافی ئێران دەکات بۆ بەکارهێنانی ووزەى ئەتۆمی بۆ مەبەستى ئاشتیانه، ئاماژەى بەوەشدا ڕوسیا ئامادەى پێشکەشکردنی پاڵپشتی پێویستە لەم بوارەدا. پوتین لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە مۆسکۆ چەندین جار بەرپرسانى باڵاى ئیسرائیلی ئاگادار کردووەتەوە کە ئێران بەدوای بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمیدا نییە، جەختی لەسەر گرنگی وتووێژ بۆ هێورکردنەوەی نیگەرانییەکانی ناوچەکە و دەستەبەرکردنی ئاسایشی هاوبەش کردەوە. ناوبراو بە ئاماژەدان بە ڕێڕەوی دانوستان سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران وتی: ئێمە پێمان وایە ئێران مافی خۆیەتی وزەی ئەتۆمی بۆ مەبەستی ئاشتیانە بەکاربهێنێت، ئاماژەی بەوەشکرد کە هەندێک وردەکاری هەیە کە دەتوانرێت یان پێویستە ڕێککەوتن لەسەر بکرێت. سەبارەت بە گرژییە بەردەوامەکانی نێوان تاران و تەلئەبیب، پوتین داوا دەکات نەرمی لە هەردوولاوە بنوێنرێت، وتى: ڕێگاکانی چارەسەرکردنی کێشەکان هەن. ناوبراو دەختى کردەوە ئێران و ئیسرائیل دەبێ لە دانوستانەکاندا نەرمی نیشان بدەن، ڕێگا و ئامراز هەیە بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچارە بۆ ئەم پرسە. سەرۆکى ڕوسیا جەختی لەوە کردەوە کە ئێران چەندین جار ڕایگەیاندووە کە هەوڵی هەڵگرتنی چەکی ئەتۆمی نادات و ئاماژەی بەوەدا کە "دەزگای نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بەڵگەی نەدۆزیوەتەوە کە ئاماژە بەوە بکات کە ئێران خاوەنی ئەو جۆرە چەکە بێت یان هەوڵی هەڵگرتنی ئەو جۆرە چەکی ئەتۆمییە". سەرۆک کۆماری ڕووسیا هەڵوێستی وڵاتەکەی دووپات کردەوە لە ڕەتکردنەوەی بڵاوبوونەوەی چەکی کۆکوژی لە هەر شوێنێکی جیهان و ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێران بڕیارنامەیەکی قەدەغەکردنی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمیی دەرکردووە، ئەمەش بابەتێکی ئەوپەڕی گرنگییە و دەبێت بە جددی وەربگیرێت.
ئەگەر دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بڕیاریدا دەستوەردانی سەربازی لە ململانێی ئیسرائیل و ئێران نەکات، ئەوە ئیسرائیل بیر لە چەندین بژاردە دەکاتەوە بۆ لەناوبردنی دامەزراوەی فۆردۆی ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم. تۆڕی 'فۆکس نیوز'ـی ئەمەریکی بڵاوی کردووەتەوە، یەکێک لە بژاردەکانی ئیسرائیل بریتییە لە پشتبەستن بە یەکەی 5101ـی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل، بە 'شاڵداگ' ناسراوە. مانگی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوو ئەندامانی ئەم یەکەیە لە ئۆپەراسیۆنێکدا توانیان بچنە ناو کارگەیەکی دروستکردنی مووشەکی ئێران کە لە ژێرزەوی سووریا بوو. عامۆس یادلین، بەرپرسی پێشووی هەواڵگری سەربازی ئیسرائیل بە فۆکس نیوزی ڕاگەیاندووە، "شوێنێکی هاوشێوەی دامەزراوەی فۆردۆ هەبووە، کە سەرەڕای قەبارە بچووکەکەی، مووشەکی بالیستیی پێشکەوتوو و ورد، بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای ئێران و پارەی ئێران بەرهەمدەهێنا." ئیسرائیل چەند جارێک لە ڕێگەی ئاسمانییەوە هێرشی کردبووە سەر ئەو شوێنە نهێنییەی سووریا بەڵام نەیتوانی لەناوی ببات. بەڵام سەربازانی یەکەی شاڵداگ چوونە ناو ئەو شوێنەی لە ژێر زەوی بوو، بۆمبیان چاند و دواتر لە دوورەوە تەقاندیانەوە. ئەو شوێنەی سووریا 90 مەتر لە ژێر زەوی دروست کرابوو، وەک دامەزراوەی فۆردۆ، کە لەنێو شاخەکانی باشووری تاران هەڵکەوتووە. یادلین گوتیشی: "هێزی ئاسمانی پارێزگاریان لە سەربازانی دەوروبەری دەکرد، دواتر یەکەی شاڵداگ چوونەتە ژوورەوە و شوێنەکەیان لەناوبرد." ئاماژەی بەوەش کردووە، هەرکەسێک بیەوێت بە خێرایی کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت، دەبێت ڕێگەیەک بدۆزێتەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ وێستگەی فۆردۆ. ڕۆژی هەینی دۆناڵد ترەمپ گوتی: "ئیسرائیل ناتوانێت بە تەنیا دامەزراوەی فۆردۆ لەناوببات، ئاماژەی بەوەش دا، تواناکانی ئیسرائیل زۆر سنووردارە، دەتوانن بچنە ناو بەشێکی بچووکەوە، بەڵام ناتوانن بە قووڵی بچنە ناوەوەی دامەزراوەکە، ئەو توانایەیان نییە."
دۆناڵد ترەمپ ڕایدەگەیەنێت جێى سەرسوڕمانە کەهیشتا ئەو هەرگیز خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەدەست نەهێناوە، وتى: دەبوو چوار یان پێنج جار بەدەستم بهێنایە و دەبێت ئەو خەڵاتەم پێبدرێت. دواى ئەوەى کەمێک لەمەوبەر گەیشتە ویلایەتی نیوجێرسی، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان قسەى کردو وڵامى چەند پرسیارێکى لەسەر ئێران و ئیسرائیل دایەوە. ئەو لەسەرەتادا وتى: دەبێت خەڵاتی نۆبڵم بدەنێ بۆ ڕواندا و ئایا سەیری کۆنگۆت کردووە؟ دەتوانیت بڵێیت سربیا. دەتوانیت زۆریان بڵێیت. شەڕە گەورەکە هیندستان و پاکستان، ئەوانەم ڕاگرتووە، دەبوو چوار یان پێنج جار بەدەستم بهێنابا، ئەوان نایدەن، چونکە تەنها دەیدەن بە لیبراڵەکان. دۆناڵد ترەمپ لەیەشێکى دیکەى قسەکانیدا وتی: گفتوگۆ لەگەڵ ئێران دەکەین، بزانین لەدوای ئەوە چی روودەدات، وابزانم دوو هەفتە کاتێکی گونجاوە بۆ ئەوەی بزانین ئێرانییەکان بە هۆش دێنەوە یان نا، ئەو ماوەیە زۆرترین ماوەیە کە پێم داون. سەرۆکی ئەمریکا جارێکی دیکە جەخت دەکاتەوە کە ئێران نزیکبووە لە دروستکردنی چەکی ئەتۆم، چەند هەفتەیەک یان چەند مانگێکى کەمیان ماوە بۆ ئەوەی چەکێکیان هەبێت. ترامپ وتی "زۆر قورس دەبێت" داوا لە ئیسرائیل بکرێت کۆتایی بە هێرشەکانی ئێران بهێنێت، چونکە ئیسرائیل لەڕووی شەڕەوە ئاستێکی باشی هەیە و پێموایە دەبوو بڵێیت ئێران کەمترین کاردانەوەى هەیە.
لەدوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ وەزیرانى ئەوروپا وەزیری دەرەوەی ئێران، جەختى لەسەر ئەوەکردەوە هەركات هێرشی ئیسرائیل وەستا ئەوكات دەست بە دانوستانەكان دەكەینەوە. ئەمشەو دوانى نزیکەى دوو کاتژمێر کۆبوونەوی وەزیرانی دەرەوەی بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی جەنگی ئێران و ئیسرائیل کۆتایی هات. عەباس عێراقچى، وەزیری دەرەوەی ئێران، لەکۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا وتى: ئێران ئامادەیە جارێكی تر بیر لە رێكارە دیپلۆماسییەکان بكاتەوە، توانا بەرگرییەکانیشی قابیلی دانوستان نییە. ناوبراو هێماى بۆ ئەوەشکرد، بەرنامە ئەتۆمییەکەمان ئاشتیانەو لە ژێر چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیدایە، ئەمڕۆ گفتوگۆیەكی جدیمان كرد لە كەشێكی رێزلێگیراودا. وتیشى: نیگەرانین لە ئیدانەکردنی هێرشە قێزەونەکانی ئیسرائیل، لەلایەن هەندێک وڵاتەوە. هەر لەو کۆنفرانسەدا، یۆهان وادپۆڵ، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند: بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران مەترسییەکی گەورەیە و لە داهاتوو راگەیێندراوێک بڵاودەکەنەوە. وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا وتیشی: لەگەڵ هاوتا فەرەنسی و بەریتانییەکەم گفتوگۆی جیدیمان لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەمان کرد. هاوکات وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، ئاماژەى بۆ ئەوەکرد تەنیا گەلی ئێران دەتوانن چارەنوسی رژێم یەکلایی بکاتەوە. بەوتەى وەزیرەکەى فەرەنسا، عراقچی ئامادەیی دەربڕی هەموو دۆسیەكان بخاتە سەر مێزی دانوستان، وتیشى: ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان تەنیا دەتوانن بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دوابخەن، نەک کۆتایی پێبهێنن.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕایگەیاند، بارودۆخی وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر زۆر جێگەی نیگەرانییە، جەختى کردەوە چاودێریی بارودۆخی وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکەن. لە دانیشتنی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایش سەبارەت بە شەڕی ئێران و ئیسرائیل، ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی وتى: بەئامانجگرتنی وێستگە ئەتۆمییەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە تیشکدانەوەی لێنەکەوتووەتەوە، ئێران 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراوی هەیە. گرۆسی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: هەر هێرشێک بۆ سەر بوشەهر دەبێتە هۆی ئاستێکی بەرچاو لە تیشکدەرەوەی مەترسیدار، هەروەها ڕوونیکردەوە کە ژێرخانی کارەبا لە شوێنی پیتاندنی نەتەنز کراوەتە ئامانج. ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئێمە لە بەرزبوونەوەی ئاستی تیشکدانەوە لە ئەسفەهان ئاگادار نەکراینەوە. لای خۆیەوە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە فراوانبوونی ململانێکان دەتوانێت ئاگرێکی جیهانی هەڵبگیرسێنێت کە ناتوانرێت کۆنتڕۆڵ بکرێت و داوای "گەڕانەوە بۆ دانوستانە جدییەکان" دەکات. وەک لە دانیشتنی ئەنجومەنی ئاسایشدا وتی، "ئێمە لەبەردەم ساتێکی هەستیارداین و دەبێت بەرپرسیار بین"، ناوبراو درێژەی بە قسەکانی دا و وتی: ئێستا جیهان لە لێواری داڕماندایە، ئێمەش بەرپرسیارێتییەکی گەورەمان لە ئەستۆدایە. ئەمە دووەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانە سەبارەت بە شەڕی ئێران و ئیسرائیل، و بە دەستپێشخەریی ڕووسیا و چین و پاکستان بەڕێوە دەچێت. ڕۆژی ١٣ی حوزەیران، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەکی نائاسایی سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیل لە ئێران ئەنجامدا. زانیاری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی سەبارەت بە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی تاران پێشکەش کرا.
ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا، ڕایدەگەیەنێت، هیچ پاساوێک نییە بۆ لێدان لە ژێرخانی ئەتۆمیی مەدەنیی ئێران، دەبێت ئێرانیش ئامادەیی خۆی نیشان بدات بۆ گەڕانەوە بۆ دانوستان. بڕیارە پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ هەینى، لە جنێڤی سویسرا کۆبوونەوەی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا و بەریتانیا لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بەڕێوەبچێت. ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا، جەخت لەسەر گرنگی درێژەدان بە کارەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دەکاتەوە، وتى: ئاژانس دەبێت بتوانێت بەردەوام بێت لە چالاکییەکانی بۆ دڵنیابوون لەوەی ئێران پیتاندنی یۆرانیۆم نەکات. هاوکات باس لەوەشدەکات ئێمە هاوکات لەگەڵ بەریتانیا و ئەڵمانیا ئۆفەرێکی دانوستانی هەمەلایەنە پێشکەش بە ئێران دەکەین. ماکرۆن دەشڵێت: هیچ شتێک پاساو نادات بە ئامانجگرتنی ژێرخانی وزەو خەڵکی مەدەنی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل و ئێراندا. دەیڤد لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لەگەڵ هاوتا ئەمریکییەکەی و نوێنەری ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست قسەی کردووە پێش ئەوەی بچێتە کۆبوونەوەکە. پەیامی ئەمریکا ئەوەیە، دەکرێت بە گفتوگۆ بگەنە رێککەوتن. چوونی وڵاتانی ئەورووپا بۆ کۆبوونەوەکە، دوای دەستپێشخەریی سەرۆککۆماری فەرەنسا هات. وڵاتانی ئەورووپا نیگەرانن لە ئەگەری بەشداریکردنی ئەمریکا لە جەنگەکە کە راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتانە و ئاشتی لە ناوچەکە دەبێت. لەم هەفتەیەدا، عەباس عێراقچی و ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری ترەمپ بە تەلەفۆن قسەیان کردووە و پەیامیان گۆڕیوەتەوە، بەڵام چاوەڕوان ناکرێت لە کۆبوونەوەکەدا لایەنی ئەمریکی بە فیزیکی بەشداربن.
کرملین هۆشداریی دەداتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە کاردانەوەکانی بەکارهێنانی چەکی تەکنیکی ئەتۆمیی لە ئێران، دەڵێت:"ئەوە پێشهاتێکی کارەساتبار دەبێت". دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کرملین ئەمڕۆ هەینی 20ـی حوزەیرانی 2025، ڕایگەیاند: بەکارهێنانی چەکی تەکنیکی ئەتۆمیی لەلایەن ئەمەریکاوە دژی ئێران، دەبێتە پێشهاتێکی کارەساتبار. ئەو لێدوانەی پیسکۆڤ وەک وەڵامێک بوو بۆ ئەو ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییانەی باس لە ئەگەری بەشداریی ئەمەریکا لە جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران دەکەن. ئاستی گرژیی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمەریکا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی لەماوەی هەفتەی ڕابردووەوە زیادییان کردووە، پاش ئەوەی ڕووبەڕووبوونەوە سەربازییەکان لەنێوان ئیسرائیل و ئێران دەستییان پێکردووە و ڕۆژانە مووشەک و درۆنی بۆمبڕێژکراو ئاڕاستەی یەکتر لەنێوان تاران و تەلئەڤیڤ، دەکەن. بەشداریی ئەمەریکا لە جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران بۆ هێرشکردنە سەر پرۆژە ئەتۆمییەکانی ئێران، بووەتە جێی پرس و باسی گرنگیی میدیاکانی جیهان، ئەو میدیایانە پێیان وایە، بەشداریی ئەمەریکا لەو جەنگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێشهاتێکی مەترسیدارە لەوەی، ئاگری جەنگەکە گەورە بێت و ناوچەکە بسووتێنێت.
