سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی رایگەیاند، چاوەڕێن سبەی وەزارەتی دارایی عێراق بە فەرمی داوای 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی بکات و ئەوکات ئەوانیش راستەوخۆ پارەکە دەخەنە سەر هەژماریان. رۆژی شەممە، 20ی کانوونی یەکەمی 2025، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە رووداوی وتووە، ئەگەر سبەی بە فەرمی داوای داهاتی نانەوتی بکرێت، "راستەوخۆ 120 ملیار دینار دەخەینە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی فیدراڵ." بە گوتەی سەرچاوەکە: "ئەگەر سبەی دوای ئاگادارکردنەوەمان رێکارەکان تەواو بوون، ناردنی پارەکە دەکەوێتە هەمان رۆژ، ئەگەرنا رۆژی دووشەممە بە دڵنیاییەوە دەینێرین." ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی دارایی گوتی: "بە ئەگەری زۆرەوە لەم یەک دوو رۆژە ئاگادار دەکرێینەوە و داهاتی نانەوتی دەخرێتە سەر هەژماری بانکیی عێراق و مووچەی مانگی 10 دەنێردرێت و دواتر راستەوخۆ دابەش دەکرێت." 16ـی ئەم مانگە لیستی مووچەی مانگی 12 بۆ بەغدا نێردرا و رۆژی 7-12-2025یش لیستی مووچەی مانگی 11 رادەستی بەغدا کرا؛ رۆژی 25-11-2025یش لیستی مووچەی مانگی 10 رادەستی بەغدا کرا. 29ی تشرینی دووەمی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی بڵاوکردەوە و رۆژی دواتر و لە سێ رۆژدا مووچەکەی دابەش کرد.
جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ دەڵێ، رێککەوتنی نەوتی نێوان هەولێر و بەغدا هیچ کێشەیەکی نییە و نوێ دەکرێتەوە. د. حەمدی شنگالی، جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) ئەمڕۆ شەممە 20-12-2025 لەبارەی رێککەوتنی نەوتی نێوان هەولێر و بەغدا و کۆتاییهاتنی کاتەکەی لە کۆتایی ئەم مانگەدا رایگەیاند: "رێککەوتنەکە نوێ دەکرێتەوە و هیچ کێشەیەکی تێدانییە. نەوتی هەرێمی کوردستان هەر وەک خۆی دەڕوات. ئێستا هەناردەکردن رۆژانە 200 هەزار بەرمیلی تێپەڕاندووە و پشتیوان بەخوا بڕی هەناردەکراو زیاتریش دەبێت". د. حەمدی شنگالی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە رۆژی 13-10-2025 بڵاوکرایەوە لەبارەی ماوەی رێککەوتنەکە گوتی: "رێککەوتنەکە بۆ سێ مانگ دیاریکراوە و لە 31ی کانوونی یەکەم کۆتایی دێت، بەڵام بەپێی یاسای بودجە و بۆ دڵنیابوونەوە لە بەردەوامی، دواتر نوێ دەکرێتەوە تاوەکو کێشەکان بە تەواوی چارەسەر دەبن." حەمدی شنگالی ئاماژەی بەوەکرد، ئێستا نەوتی هەرێمی کوردستان لە پێشابوور رادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق دەکرێ، ئەوانیش لە رێگەی بۆرییەوە نەوتەکە دەگەیێننە بەندەری جیهان. کۆمپانیای سۆمۆ نەوتەکە دەداتە ئەو کۆمپانیایانەی گرێبەستیان لەگەڵ کراوە و زۆربەی بۆ وڵاتانی ئەورووپا هەناردە دەکەن، چونکە بەهۆی نزیکیی شوێنی جوگرافییەوە، تێچووی گواستنەوە کەمترە و نەوتەکە بە خێرایی دەگاتە دەست کڕیار. جێگری بەڕێوەبەری سۆمۆ گوتی، دوای گفتوگۆیەکی زۆر و هەوڵێکی زۆری حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق، کۆمپانیاکانی نەوت رازی بوون بە رێککەوتنەکە و سەرجەم داواکارییەکانیان جێبەجێ کراوە. حەمدی شنگالی ئاماژەی بەوەدا، گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستان جیاوازن لە گرێبەستەکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق، چونکە لە گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستاندا کۆمپانیا خۆی پارە خەرج دەکات بۆ گەڕان و بەرهەمهێنان و دواتر قازانجی خۆی وەردەگرێ، بەڵام لە باشووری عێراق حکومەت پارە خەرج دەکات؛ گوتیشی: "تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بەرزترە، چونکە ناوچەکە شاخاوییە و کێڵگەکان دژوارترن. بۆیە ئەو 16 دۆلارەی بۆ هەر بەرمیلێک دیاریکراوە، بۆ دابینکردنی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەیە."
بەهۆی سەرقاڵبوون بە پێکهێنانی حکومەتی نوێوە، پێشبینی دەکرێت عێراق بۆ ساڵی 2026 یاسای بودجەی نەبێت و کار بە سیستەمی 1/12 بکرێت، لەم دۆخەشدا هەرێمی کوردستان داوای هەموو پشکەکەی دەکات نەک تەنیا مووچە. بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، بەهۆی ئەوەی حکومەت بووەتە کاربەڕێکەر، هیچ ئامادەکارییەک بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2026 نەکراوە. بۆیە خەرجییەکانی ساڵی داهاتوو لەسەر بنەمای 1/12ـی بودجەی ساڵی 2025 دەبێت، کە ژمارەکان بەم شێوەیەن: کۆی گشتیی بودجە: 211 تریلیۆن و 86 ملیار دینار. بودجەی بەکاربردن: 156 تریلیۆن دینار. بودجەی وەبەرهێنان: 55 تریلیۆن دینار. لە چوارچێوەی ئەو بودجەیەدا، پشکی هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی %12.67 دیاری کراوە، کە دەکاتە 20 تریلیۆن و 910 ملیار دینار. هەرێمی کوردستان پێیوایە هەموو لەمپەرەکانی بەردەم ناردنی بودجە و مووچەی چارەسەر کردووە و دەبێت ساڵی داهاتوو پشکی تەواوەتی بۆ بنێردرێت، بەو پێیەی: ئامادەیە هەموو نەوتی بەرهەمهێنراو ڕادەست بکات. تەنیا 50 هەزار بەرمیل نەوت بۆ ناوخۆ گلدەداتەوە. لە ئێستادا هەناردەی نەوت نزیک بووەتەوە لە 300 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا. لەژێر ڕۆشنایی ئەم دۆخەدا، پەیوەندیی دارایی هەولێر و بەغدا بۆ ساڵی 2026 لەبەردەم دوو ئەگەردایە: سیناریۆی یەکەم: بەردەوامبوونی دۆخی ئێستا (ناردنی تەنیا مووچە)، کە هەرێمی کوردستان ئەمەی ڕەت کردووەتەوە. سیناریۆی دووەم: جێبەجێکردنی تەواوی مەرجەکان و وەرگرتنی پشکی تەواوەتی (12.67%)، کە ئەمە ئامانجی هەرێمی کوردستانە.
بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافی چەمچەماڵ، داوا لە سەرجەم پێشنوێژ و وتارخوێنەکانی سنووری شارۆچکەکە دەکات، وتارى ئەمڕۆ هەینییان تەرخانبکەن بە ڕووداوى لافاوەکە، دەشڵێت با مامۆستاینی ئایینی داوا لە سەرجەم ئەو هاونیشتمانییانە بکەن کە زیانیان بەرنەکەوتووە، خۆیان بۆ قەرەبووکردنەوە تۆمار نەکەن، چونکە حەرامە. بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت: لەژێر ڕۆشنایی ئەو ناونیشانەی بۆردی وتاری هەینی کە دەڵێت (ژیان هەڵوێست و قوربانی دانە) تکا لە مامۆستایانی ئایینی دەکەین ئەمڕۆ هەینی لە وتارەکانتان ئاماژە بە دوو خاڵی زۆر گرنگ بکەن کە ئەمە ئێستا داواکاریی زۆرینەی خەڵکی سنوورەکەیانە بە هەموو دەنگ و ڕەنگ و چین و توێژەکانەوە. ئەوقافی چەمچەماڵ، بە پێویستی دەزانێت، سوپاس و دەستخۆشیی زۆر لە تەواوی خەڵکی شارەکان بکرێت بە دەوڵەمەند و خێرخوازەکان بە ڕێکخراو و لایەنەکان بە میدیاکار و بە تیمی حکومەت کە لە ماوەی ڕوودانی لافاوەکەی چەمچەماڵ کۆمەک و هاوکاریى زیانلێکەوتووانیان کردووە. هەروەها ئەوقافی چەمچەماڵ دەڵێت، با مامۆستایان لە وتارەکەى ئەمڕۆیاندا داوا لە خەڵکی سنوورەکە بکەن، هەر کەسێک زیانی بەرنەکەوتبێت لە لافاوەکەدا، حەرامە و دروست نییە خۆی تۆمار بکات بۆ وەرگرتنى قەرەبوو نابێت خۆی وەک زیانلێکەلوتوو تۆمار بکات.
بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بە ئاڤای ڕاگەیاند، سەرەتای هەفتەی داهاتوو، دوای ئەوەی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان وادەی ناردنی مووچەی مووچەخۆران لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە دەزانێت، 120 داهاتی ناوخۆ بۆ لقی هەولێری بانکی ناوەندی دەنێرێت. تاوەکو ئێستا سێ مووچەی کۆتایی ئەمساڵی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابەش نەکراوە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش سوورە لەسەر ئەوەی نابێت مووچەکان بفەوتێت، چاوەڕوان دەکرێت هەفتەی داهاتوو مووچەی مانگی 10 فەرمانبەران دابەش بکرێت و دوو مووچەی ماوەش بکەوێت ساڵی داهاتوو. بەرپرسێکی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بە ئاڤای ڕاگەیاند: سەرەتای هەفتەی داهاتوو وەزارەتی دارایی و ئابووری پەیوەندی بە وەزارەتی دارایی عێراقەوە دەکات، دوای ئەوەی کاتی ناردنی مووچەی مانگی 10 دەزانرێت و کەی ڕێکارەکانی ناردنی پارە دەستپێدەکات. - وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان دوای وەڵامەکەی دارایی عێراق، 120 ملیار داهاتی ناوخۆ دەنێرێت، ئێستا نووسراو و هەموو شتێک ئامادەیە، تەنها ئەوە ماوە پارەکە بە کاش بگوازرێتەوە بۆ لقی بانکی ناوەندی لە هەولێر. - تا ئێستا هیچ گرفتێک بۆ ناردنی مووچە دروست نەبووە، بە ئەگەرێکی زۆرەوە بەغدا هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی خۆی دەکات. دواتر مووچەی ئێمەش دەنێرێت.
سەرۆکی کۆمیسیۆنی خزمەتگوزاری و بووژاندنەوەی چەمچەماڵ رایگەیاند، بڕی پارەی کۆکراوە بۆ زیانلێکەوتووانی لافاو گەیشتووەتە نزیکەی 10 ملیار دینار و تەواوی زیانلێکەوتووان بە "پارەی کاش" قەرەبوو دەکرێنەوە؛ دەشڵێت: "ئەو پارەیەی دەمێنێتەوە دەکرێتە پرۆژەی خزمەتگوزاری." ئەمڕۆ چوارشەممە 17-12-2025، عەتا محەممەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی خزمەتگوزاری و بووژاندنەوەی چەمچەماڵ لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)ی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، تاوەکو ئەمڕۆ نزیکەی 10 ملیار دینار خراوەتە سەر هەژمارە بانکییەکانی تایبەت بە کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی چەمچەماڵ. عەتا محەممەد گوتی: "بڕیارمانداوە هەموو زیانلێکەوتوویەکی لافاو بە (پارەی کاش) قەرەبوو بکرێنەوە، بۆ ئەوەی خۆیان بە خواستی خۆیان و بەپێی پێداویستییەکانیان کەلوپەل بۆ ماڵەکانیان بکڕنەوە." لەبارەی هۆکاری دابەشکردنی پارە لەبری کەلوپەل، سەرۆکی کۆمیسیۆنەکە گوتی: "ئامانج لەم بڕیارە ئەوەیە پارەکە بچێتەوە نێو بازاڕی چەمچەماڵ، دەستاودەست بکات و جووڵە بخاتەوە نێو بازاڕی قەزاکە." بەگوێرەی ئەو داتابەیسەی لەلایەن لیژنەکانەوە ئامادەکراوە و هەر زیانلێکەوتوویەک کۆدی بۆ کراوە. قەرەبووەکان بەپێی پۆلێنکردنی زیانەکان بەسەر سێ قۆناخدا دابەش دەکرێن: قۆناخی یەکەم: قەرەبووکردنەوەی خاوەن ماڵەکان. قۆناخی دووەم: قەرەبووکردنەوەی خاوەن دووکان و کۆگا بازرگانییەکان. قۆناخی سێیەم: قەرەبووکردنەوەی خاوەن ئۆتۆمبێلە زیانلێکەوتووەکان. سەرۆکی کۆمیسیۆنی خزمەتگوزاری و بووژاندنەوەی چەمچەماڵ ئاماری زیانەکانی بەمجۆرە خستەڕوو: 1298 ماڵ زیانیان بەرکەوتووە. 210 دووکان و کۆگای بازرگانی زیانیان بەرکەوتووە. 569 ئۆتۆمبێل زیانیان بەرکەوتووە. عەتا محەممەد دڵنیایی دایە هاونیشتمانییان و گوتی: "تەواوی پرۆسەی دابەشکردنی قەرەبووەکان بەشێوەی پەخشی راستەوخۆ لە کەناڵەکانی راگەیاندنەوە بڵاودەکرێتەوە، بەوپەڕی شەفافییەت و بە پێوەرەکانی دەستپاکی."
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان: ماوەی زیاتر لە مانگێکە داهاتی نانەوتی هەرێم (120 ملیار دینارەکە) ئامادەیە، بەڵام، چاوەڕێی خەرجکردنی مووچەی مانگی 10ـن لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە. دەبێت هەفتەی داهاتوو 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی کوردستان بۆ بەغدا بنێردرێت، ئەگینا ناردنی مووچەی مانگی 10 دوادەکەوێت و زەحمەتە پێش سەری ساڵ دابەش بکرێت. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی کوردستان بە ئاڤای وتووە، زیاتر لە مانگێکە 120 ملیارەکە ئامادەیە، بۆ ناردنیشی چاوەڕوانی ئیعازی وەزارەتی دارایی عێراقین کە ڕەزامەندییان لەسەر ناردنی مووچە دا، دەستبەجێ 120 ملیار دینارەکە بە کاش ڕادەستی لقی هەولێری بانکی ناوەندی دەکەین، بەڵام دەبێت ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان فەرمانمان پێ بکات. سەرچاوەکە وتیشی، هەفتەی داهاتوو دەینێرین بۆ ئەوەی پێش سەری ساڵ پارە بنێردرێت و دابەش بکرێت. لەلایەکى دیکەوە، سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت تەیف سامی گوتوویەتی، ئەم سێ مەرجە جێبەجێبکەن هەفتەی داهاتوو مووچە دەنێرم. هەروەها ئەوەش دەڵێت: یەکەم مەرج: داهاتی نانەوتی (120 ملیار دینارەکە) بنێرن. دووەم مەرج: تەرازووی پێداچوونەوە (میزان مراجەعە)ـی داهات و خەرجی هەرێمی کوردستان بنێرن. سێیەم مەرج: نوسراوێک بهێنن لە وەزارەتی نەوتی عێراقەوە کە بڵێت نەوتی هەرێمی کوردستان بە بەبێ کێشە رەوانە دەکرێت و داهاتەکەشی دیار بێت.
ڕاوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق دووپاتی دەکاتەوە، لە کورتخایەندا قەیرانێکی تووندی کاش نییە، هاوکات ئاماژە بەوە دەدات حکومەت خەریکی ئامادەکردنی بودجەی 2026ـە لە چوارچێوەی سیاسەتی دارایی مامناوەنددا. مەزهەر محەممەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، حکومەتەکان کاتێک ڕووبەڕووی گوشار دەبنەوە پەنا دەبەنە بەر کەم کردنەوەی خەرجییەکان، بەتایبەت لەو ئابوورییانەی پشت بە نەوت دەبەستن. ساڵح دووپاتی کردەوە "پێشبینی ناکرێت حکومەت لە کورتخایەندا ڕووبەڕووی قەیرانێکی تووندی کاش ببێتەوە، بە مەرجێک داهاتەکانی نەوت لە ئاستی ئێستای خۆیدا بمێننەوە و هەماهەنگیی نێوان سیاسەتی دارایی و نەختینەییش بەردەوام بێت." بەردەوامبوونی گوشارەکان لەسەر خەرجییەکانی بەکاربردن لەوانەیە ببێتە هۆی فراوانبوونی ڕێژەییی کورتهێنانی بودجەی ساڵی 2026، مەگەر هاوکات بێت لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی خەرجییەکان و بەهێزکردنی داهاتە نانەوتییەکان. ساڵح ئاماژەی بەوەدا کە حکومەت هەنگاوێکی گرنگی ناوە لە ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی 2026، پێشبینیشی کرد پڕۆژەکە تیشک بخاتە سەر هاوسەنگیی نێوان بەردەوامبوونی دارایی و پێداویستییەکانی گەشەپێدان.
وەزیری خوێندنی باڵای هەرێم نزیکەی 400 ملیۆن دیناری وەک هاوکاری دارایی و کۆمەک گەیاندە چەمچەماڵ و زانکۆی چەرموو. وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە 16.12.2025 د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە شێوەیەکی مەیدانی سەردانی قەزای چەمچەماڵی کردووە و لەگەڵ سەرۆکی زانکۆی چەرموو و بە ئامادەبوونی سەرۆک و راگری سەرجەم زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان کۆبووەتەوە و لە کۆبوونەوەکەدا وتوویەتی، “هاتنمان بۆ چەمچەماڵ دڵنیاییدانە بە خەڵکی چەمچەماڵ، ئەوان تەنیا نین و هەمومان لە زاخۆوە تاکو خانەقین بە دڵ و گیان لەگەڵتانین”. ئاماژەی بەوەشکردووە، زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان و وەزارەت بە بڕی نزیکەی 400 ملیۆن دینار هاوکاری دارایی و کۆمەک پێشکەش بە زیانلێکەوتوانی چەمچەماڵ و دەورووبەرى و زانکۆی چەرموو دەکەن، بۆ ئەوەی کەمێک لە ئازار و مەینەتییەکانی زیانلێکەوتوان کەم بکەنەوە. پاش لافاوەکەی هەفتەی رابردووی چەمچەماڵ، لە هەموو ناوچەکانی کوردستان هەڵمەت بۆ کۆکردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاوەکە راگەیەنراوە و جگە لە کەلوپەل و پێداویستی جۆراوجۆر، بە ملیاران دیناریش وەک هاوکاری دارایی بۆ خەڵکی لێقەماوی ئەو قەزایە کۆکراوەتەوە.
لیستی مووچەی مانگی کانوونی یەکەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرا. رۆژی سێشەممە، 16ـی کانوونی یەکەمی 2025، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئامادەکارییەکانی لیستی مووچەی مانگی کانوونی یەکەم تەواو کرا؛ ئەمڕۆ لیستی مووچەی ئەو مانگەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن تیمی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانەوە رادەستی فەرمانگەی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرا." جگە لە لیستی مووچەی مانگی 12، رۆژی 7-12-2025، لیستی مووچەی مانگی 11ـیش رادەستی بەغدا کرا؛ هەروەها رۆژی 25-11-2025 لیستی مووچەی مانگی 10ـیش رادەستی بەغدا کرا، بەڵام فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا مووچەی ئەو سێ مانگەیان وەرنەگرتووە. بە گوتەی سەرچاوەکەی رووداو: "هەموو رێکارەکانی تایبەت بە مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن ئێمەوە تەواوکراون و 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتیی ئەو مانگەش ئامادەیە، بەڵام بۆ ناردنی، چاوەڕێی بڕیاری خەرجکردنی مووچەین لەلایەن بەغداوە." ئەو بەپرسەی وەزارەتی دارایی گوتی: "پڕۆسەی وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی 10 تەواو بووە؛ ئێستا تەنیا ماوە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، واژۆ لەسەر خەرجکردنی پارەکە بکات و ئاراستەی فەرمانگەی ژمێریاریی بکات." دوایینجار رۆژی شەممە، 29ی تشرینی دووەمی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی بڵاوکردەوە و رۆژی دواتر و لە ماوەی سێ رۆژدا مووچەکەی دابەش کرد. بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، بۆ ئەوەی مووچەی مانگانە لەلایەن عێراقەوە خەرج بکرێت، دوو مەرج جێبەجێ کراون کە بریتین لە رادەستکردنی نەوت و ناردنی 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتیی مانگانە بۆ بەغدا.
گۆڤاری فۆربس ئاشکرایکرد، ئیلیۆن مەسک بووە یەکەم کەس لە مێژوودا کە سامانەکەی سنوری 600 ملیار دۆلاری تێپەڕاندبێت، ئەمەش بەهۆی بەرزبوونەوەی پێشبینییەکان بۆ خستنەڕووی پشکەکانی کۆمپانیای "سپەیس ئێکس" لە بازاڕی بۆرسەدا. ئەم پێشهاتە نوێیە رەنگدانەوەی بەرزبوونەوەی بەهای بازاڕی کۆمپانیاکانی مەسکە لە بوارەکانی بۆشایی ئاسمان، ئۆتۆمبێلی کارەبایی و هۆشمەندی دەستکرد. بەپێی راپۆرتەکەی فۆربس، پێشبینی دەکرێت بەهای بازاڕی کۆمپانیای "سپەیس ئێکس" لە کاتی خستنەڕووی پشکەکانیدا بگاتە 800 ملیار دۆلار، ئەمەش راستەوخۆ سامانەکەی مەسک بە بڕی 168 ملیار دۆلار زیاد دەکات، بەو پێیەی ناوبراو خاوەنی نزیکەی لەسەدا 42ی پشکەکانی ئەو کۆمپانیایە. بەمەش پێشبینی دەکرێت کۆی سامانەکەی بگاتە 677 ملیار دۆلار. مەسک کە لە مانگی ئۆکتۆبەری رابردوودا بۆ یەکەمجار سامانەکەی 500 ملیار دۆلاری تێپەڕاندبوو، بەردەوامە لە تۆمارکردنی ژمارەی پێوانەیی. هاوکات کۆمپانیای تێسلا رۆڵێکی کاریگەری لەم هەڵکشانەدا هەبووە، سەرەڕای دابەزینی فرۆشی ئۆتۆمبێل، بەڵام پشکەکانی تێسلا لە سەرەتای ئەمساڵەوە لەسەدا 13 بەرزبوونەتەوە. مەسک خاوەنی لەسەدا 12ی پشکەکانی تێسلاینە و دوای ئەوەی کۆمپانیاکە تاقیکردنەوەی ئۆتۆمبێلی بێ شۆفێری (بەبێ شاشەی چاودێری) راگەیاند، پشکەکانی بە رێژەی لەسەدا 4ی دیکەش بەرزبوونەوە. لەلایەکی دیکەوە، کۆمپانیای (xAI)ـی تایبەت بە زیرەکی دەستکرد کە مەسک خاوەندارێتی دەکات، لە گفتوگۆی پێشکەوتوودایە بۆ کۆکردنەوەی 15 ملیار دۆلار، کە دەکرێت بەهای کۆمپانیاکە بگەیەنێتە 230 ملیار دۆلار و پێگەی مەسک لە کێبڕکێی جیهانیی زیرەکی دەستکرددا بەهێزتر بکات.
بڕیارەكانی كۆبوونەوەی نائاسایی ئەمڕۆی (ئەنجومەنی وزاری بۆ ئابوری) بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق تایبەت بە (كەمكردنەوەی خەرجییەكانی حكومەت و زیادكردنی داهاتەكان): 🔹پێداچوونەوەی خێرا بكرێت بە دەرماڵەو موچەی سێ سەرۆكایەتییەكە (سەرۆكایەتی پەرلەمان- سەرۆكایەتی كۆمار- سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران)و، كاربكرێت بۆ یەكسانیی لە موچەو دەرماڵەی هەموو كارمەندانی سێ سەرۆكایەتییەكە. 🔹لیژنەی تایبەتمەند لە وەزارەتی پلاندانان نوێكردنەوەی پێویست بكات بۆ راپۆرتی تایبەت بە یەكخستنی پلە بۆ هەموو فەرمانبەران و، لەبەرچاوگرتنی ئەو راسپاردانەی لەوبارەیەوە بەرزكراونەتەوە. 🔹كەمكردنەوەی تەرخانكراوی تایبەت بە (ئیفاد)ی فەرمانبەرانی دەوڵەت بەرێژەی 90%و قەدەغەكردنی مەگەر بە مەرج و بە ڕەزامەندی وەزیر. 🔹كەمكردنەوەی رێژەی سەرپەرەشتی و چاودێری پرۆژە نوێیەكان، هەروەها دانان و كاراكردنی پرۆگرامێكی هاوردەی نیشتمانی كە تەنیا كاڵا بنەڕەتییەكان لەخۆبگرێت. 🔹بەرزكردنەوەی راسپاردە بۆ ئەنجومەنی وەزیران بۆ چاوخشاندنەوە بە پاڵپشتی بەرهەمی گەنم، بەشێوەیەك كە زامنی پاڵپشتی حكومەت بكات بەرێژەی (170%)ی نرخی بۆرسەی جیهانیی. 🔹وەزیری بازرگانی راسپێردرا بە چاوخشاندنەوە بە كۆبۆنی خۆراك و چاكسازیكردن تێیدا، ئاڕاستەكردنی بۆ ئەو كەسانەی كە بەڕاستی شایستەن لە چینە لاوازەكانی كۆمەڵگا. 🔹لیژنەی وزاری پێكهێنراو بەگوێرەی بڕیاری (550) ئەنجومەنی وەزیران، راسپێردرا بەمەبەستی چاوخشاندنەوە بە ئەژماركردنی داهاتە نانەوتییەكان لە هەرێمی كوردستان عێراق بە هەماهەنگیی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە لەئێستادا وەكو بڕە پارەیەكەی دیاریكراو دەخرێتە حسابی وەزارەتی دارایی. 🔹بەهێزكردنی كاركردن بە سیستەمی ئاگاداركردنەوەی پێشوەختە لە دەستەی گومرگەكان بە هەماهەنگیی لەگەڵ بانكی ناوەندیی عێراق و پەرەپێدانی كۆكردنەوەی پارەی كارەباو چاوخشاندنەوە بە پێناسی ئێستاو پشتبەستن بە وەرگرتنی ئۆتۆماتیكی لە هەموو كەرتەكان؛ بەتایبەتیش كۆكردنەوەی پارەی كارەباو شارەوانی بەغدادو شارەوانییەكان لەسەرتاسەری وڵات، كە دەبێت پارەدان تەنیا بەشێوەی ئەلیكترۆنی بێت.
هەردوو کۆمپانیای دانەگاز و نەوتی هیلال لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی پیڕڵ پترۆلیۆم، بڕی دوو ملیۆن دۆلار وەک هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەند رۆژی رابردووی قەزای چەمچەماڵ تەرخان دەکەن. بەپێی راگەیێندراوێک، کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، ئەو دوو کۆمپانیایە رایانگەیاندووە، بەهۆی ئەو شەپۆلە باران و لافاوەی رووی لە ناوچەکە کردووە و زیانی گیانی و مادیی لێکەوتووەتەوە، بڕیاریان داوە بڕی دوو ملیۆن دۆلار (کە دەکاتە نزیکەی دوو ملیار و 800 ملیۆن دیناری عێراقی) پێشکێشی خێزانە زیانلێکەوتووەکان بکەن. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەم هاوکارییە بە هاوئاهەنگیی تەواو لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دابەش دەکرێت، ئەوەش بە مەبەستی کەمکردنەوەی ئەو بارگرانییەی بەهۆی کارەساتەکەوە دروستبووە. شاکر واجید شاکر، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دانەگاز لە عێراق رایگەیاندووە، "وەک هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی مرۆیی و نیشتمانی، ئەم دەستپێشخەرییەمان کردووە، بۆئەوەی لەپاڵ خەڵکی چەمچەماڵ بین لەم دۆخە سەختەدا و کار دەکەین بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە مرۆییە." شەوی رابردوو تۆڕی میدیایی رووداو لەڕێی بەرنامەی "لەگەڵ رەنج"ەوە، کە پێشکێشکاری نێوداری کورد رەنج سەنگاوی پێشکێشی دەکات، هەڵمەتێکی گەورەی بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانبەرکەوتووانی لافاوەکەی سنووری گەرمیان، سلێمانی و کەرکووک راگەیاند و بڕی 5 ملیار و 887 ملیۆن دیناری بۆ زیانلێکەوتووان کۆکردەوە. رۆژی 07-12-2025 شەپۆلێکی بارانبارین باشووری کوردستانی گرتەوە و بۆ سێ رۆژ بەردەوام بوو؛ بەهۆیەوە لە بەشێکی باشووری کوردستان، لەنێویاندا قەزای چەمچەماڵ و دەوروبەری، لافاو دروستبوو.
وەزارەتی دارایی و ئابووری 120 ملیار دینارەکەی ئامادە کردووە و لە دوو ڕۆژی داهاتوودا لیستی مووچەی مانگی 12ـش ڕادەستی بەغدا دەکات. ئەمڕۆ دووشەممە، 15ـی کانوونی یەکەمی 2025، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بڕی 120 ملیار دینارەکەی داهاتی ناوخۆ ئامادەیە، بەڵام چاوەڕێی وەزارەتی دارایی عێراق دەکەن تا دەست بە ڕێکارە ئیدارییەکانی ناردنی مووچەی مانگی 10 بکات؛ کە کردیان، ڕاستەوخۆ پارەکە دەخەنە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدراڵ. لەبارەی لیستی مووچەی مانگی 12، هەمان سەرچاوە گوتی: "لیستەکە لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا ڕەوانەی بەغدا دەکرێت." ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژی یەکشەممە، 07ـی کانوونی یەکەمی 2025، لیستی مووچەی مانگی تشرینی دووەم (11)ـی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە لایەن تیمی تەکنیکی وەزارەتەکەوە، ڕادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵی عێراق کرا. کۆتا جار مووچە لە لایەن بەغداوە خەرج کرابێت، ڕۆژی شەممە، 29ـی تشرینی دووەمی 2025، بوو، کاتێک بڕی 941 ملیار و 874 ملیۆن دینار خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق، وەک شایستەی مووچەی مانگی ئەیلوول (9)ـی فەرمانبەر و مووچەخۆران. بەگوێرەی ڕێککەوتنەکان، پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان داهاتی ناوخۆیی و نەوتی ڕادەستی بەغدا بکات، لە بەرامبەردا حکوومەتی فیدراڵ شایستە داراییەکانی هەرێم، بەتایبەتی مووچەی فەرمانبەران، دابین بکات.
وتەبێژی حكومەتی ئێران رایگەیاند، ئەمڕۆ نرخی بەنزینی پاڵپشتیكراو بۆ سەرجەم بەكاربەران بەرزكراوەتەوە. ئەم هەنگاوە لەچوارچێوەی هەوڵەكانی تاراندایە وەكو ئەندامێكی رێكخراوی (ئۆپێك) بۆ كۆنترۆڵكردنی زیادبوونی خواست لەسەر سوتەمەنی، بەبێ ئەوەی توڕەیی شەقام بوروژێنرێت. حكومەتی ئێران بەهۆی ترسی لە دووبارەبوونەوەی ناڕەزایەتییەكانی ساڵی 2019، تائێستا چەندجارێك بڕیاری زیادكردنی نرخی بەنزینی دواخستووە. فاتمە موهاجەرانی وتەبێژی حكومەت وتی: زۆرینەی ئۆتۆمبیلەكان- جگە لە ئەمبوڵانسەكان- لەمەودوا بەنزین بە نرخی 50 هەزار ریال بۆ هەر لیترێك دەكڕن. ئەم نرخە نوێیە بەگوێرەی نرخی بازاڕی ئازاد، هاوتایە لەگەڵ نزیكەی 4 سەنتی ئەمریكی. نرخە نوێیەكەی بەنزین لەسەر ئەو بەكاربەرانە پەیڕەو دەكرێت؛ كە مانگانە پێویستیان بە زیاتر لە 160 لیتر سوتەمەنی هەیە. هێشتاش بەكاربەرانی تر دەتوانن بڕی 60 لیتر بەنزین بە نرخی 15 هەزار ریال بۆ هەر لیترێك و، 100 لیتر بە نرخی 30 هەزار ریال بۆ لیترێك بكڕن. ئامانج لە زیادكردنی نرخی بەنزین كۆنترۆڵكردنی بەكابردنی سوتەمەنی و روبەڕووبوونەوەی بەقاچاخبردنیەتی. حكومەت جەخت لەسەر ئەوە دەكات پشكی تاكسییەكان وەكو خۆی ماوەتەوەو گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتووە.
