هاوڵاتى وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند:"ملیشیاکانی عێراق، سوریا، لوبنان و یەمەن لە بنکەیەکی سەربازی لە شاری کاشانی ئێران راهێنان لە سەر بەکارهێنانی درۆن دەکەن". ئەمڕۆ یەکشەممە 12ی ئه‌یلوولی 2021، بنی گانتس وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند:" ئێران لە رێگەی ئەو گروپانەی شەری بە وەکالەتی بۆ دەکەن، سەرقاڵی پێکهێنانی "سوپای تیرۆریستی رێکخراوترە لە ناوچەکەدا". وتیشی:" درۆن یەکێکە لەو کەرەستە سەربازیانەی کە ئێران بۆ هاوکاری گروپەکانی سەر بە خۆی لە ناوچەکە و بەدەستهێنانی ئامانجەکانی بەکاریدەهێنێت و سەدان کەسی راهێنراو لەسەر بەکارهێنانی درۆن لە وڵاتانی سوریا، عێراق، یەمەن و لوبنان جێگیر کراون". ئاشکراسی کرد:" ئێران لە بنکەیەکی سەربازی لە شاری کاشانی باکوری پارێزگای ئەسفەهان لەسەر بەکارهێنان و ئاراستەکردنی درۆن راهێنان بە ملیشیاکانی سوریا، عێراق، لوبنان و یەمەن دەکات". ئەوەشی خستەڕوو:" کە ئێران بە نیازبووە، تەکنەلۆژیا و زانستی دروستکردنی درۆن بۆ غەزە بگوازێتەوە".

  هاوڵاتى ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هەپەگە ڕایگەیاند، لە هەرێمەکانی ئاڤاشین و مەتینا دا لە ئەنجامی چالاکیی گەریلا دا، لانیکەم نۆ داگیرکەر سزادران. ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پارستنی گەل (هەپەگە) ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و ئاشکرای کرد، کە لە ئاڤاشین چوار داگیرکەر، لە مەتیناش پێنج داگیرکەر،  لە ئەنجامی چالاکیی گەریلا دا سزادران. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “لە چوارچێوەی هەڵمەتی شۆڕشگێڕیی هەڵۆکانی زاگرۆس لە هەرێمی ئاڤاشیندا؛ ڕۆژی ١١ی ئەم مانگە کاتژمێر ٠٨:٣٠ خولەکی بەیانی، هێزەکانی یەژاستار  چالاکییەکیان لە دژی مۆڵگەیەکی دوژمنان ئەنجامدا کە شەش داگیرکەری تێدا بووە. هەر بۆیە بە گازی کیمیاویی و تەقەمەنیی هێرشیان کردبووە سەر گۆڕەپانی بەرخۆدانی وەرخەلی، لە ئاکامی ئەو چالاکییەدا چوار داگیرکەر کوژران، دوو داگیرکەریش بریندار بوون و مۆڵگەکەش لەگەڵ چەکە کیمیاوییەکانی ناویدا لەناوبران. هێزەکانی یەژاستار ئەو چالاکییەیان بۆ پیرۆزکردنی بەرخۆدانی گردی سور و وەرخەلی ئەنجامدا، دوای ئەو چالاکییە سەرکەتووە، سوپای داگیرکەری تورک، کاتژمێر ٠٩:٠٠ بەیانی کوژراوەکانی بە هێلیکۆپتەر گواستەوە. لە چوارچێوەی هەڵمەتی شۆڕشگێڕیی جەنگی خابوور لە هەرێمی مەتینا؛ ئەو داگیرکەرانەی کە لە نزیک گردی کۆردینە، خەریکی دروستکردنی ڕێگە بوون بۆ داگیرکردنی ناوچەکە، خرانە ژێر چاودێریی هێزەکانمانەوە، ڕۆژی ١٢ی ئەم مانگە کاتژمێر ٠٣:٣٠ خولەکی شەو گەریلاکانمان لە دوو قۆڵەوە هێرشیان کردە سەر داگیرکەران، لە چالاکیی قۆڵی یەکەمدا لە نزیکەوە داگیرکرانی کرانە ئامانج و سێ کەسیان سزا دا، قۆڵی دووەمیش ئەو داگیرکەرانەی کە دەیانویست دەستتێوەردانی شەڕەکە بکەن  کرانە ئامانج، لانیکەم دوو داگیرکەر کوژران، بەم شێوەیە لانیکەم پێنج داگیرکەر سزا دران، سوپای داگیرکەری تورک پاش ئەو چالاکییە، کوژراوەکانی بە هەلیکۆپتەر گواستەوە. لە هەرێمی ئاڤاشین لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی وەرخەلی؛ ڕۆژی ١٠ی ئەم مانگە سوپای داگیرکەری تورک، لە درەنگانی شەودا گۆڕەپانی بەرخۆدانی وەرخەلی بۆردوومان کرد و هەوڵی پێشڕەوییدا، پاش پێکدادانێکی قورسی داگیرکەران، نەیانتوانی بە ئامانجیان بگەن. ڕۆژی ١٢ی ئەم مانگە کاتژمێر ٠٥:٤٠ خولەکی بەیانی، سوپای داگیرکەری تورک بۆ بۆردوومانکردنی گۆڕەپانی بەرخۆدانی وەرخەلی، تەقەمەنیی دانا، بەڵام ئەو تەقەمەنییە لەلایەن هێزەکانمانەوە پووچەڵ کرایەوە. ڕۆژی ١٠ی ئەم مانگە کاتژمێر ١٢:٣٠ خولەکی نیوەڕۆ، لە گۆڕەپانی دەشتی کافیای هەرێمی گارێ، فڕۆکە جەنگییەکان گۆڕەپانی شەهید ئامەدیان بۆردوومان کرد. ڕۆژی ١١ی ئەم مانگە کاتژمێر ٠١:٢٥ تا ٠٢:١٠ خولەکی نیوەڕۆ، لە هەرێمی ئاڤاشین، گۆڕەپانی ستوون لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانەوە بۆردوومان کران، شەوی ئەو ڕۆژە هێلیکۆپتەر بە ئاسمانی گۆڕەپانی مەرڤانۆس، تابووری عەرەبان، گردی سپی، گردی سوور و گردی سلێمان سووڕایەوە و هەروەها گردی شەهید ئینتقام، دۆڵی باسایا، دۆڵی بزانا و گردی قارتال، لەلایەن هێلیکۆپتەرەوە بۆردوومان کران. ڕۆژی ١١ی ئەم مانگە کاتژمێر ٠٥:٤٠ خولەکی ئێوارە، گوندی شی لە شارەدێی دینارتەی سەر بە شارۆچکەی ئاکرێ، بە فڕۆکەی جەنگیی بۆردوومان کرا. ڕۆژی ١٢ی ئەم مانگە کاتژمێر ٠٧:٣٠ تا٠٨:٠٠ لە هەرێمی زاپ، گۆڕەپانی کورۆژاهرۆ و گۆڕەپانی وەرخەلی لە ئاڤاشین بە فڕۆکەی جەنگیی، بۆردوومان کران.

هاوڵاتى سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای "چەککردن و دەرکردنی بەپەلەی" حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان دەکات. ئەمڕۆ یەکشەممە 12ی ئه‌یلوولی 2021، عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران رایگەیاندووە، زیادبوونی جموجۆڵی "گرووپە تیرۆریستییەکان" لە هەرێمی کوردستان جێگەی نیگەرانییە. سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران باسی لەوەش کردووە، "ئەم جموجۆڵانە تێکدەری ئاسایشی سنوورەکانی نێوان هەردوو وڵاتە"، داواشی کردووە، "پێویستە ئەو گرووپانە بەزووترین کات چەک بکرێن و بەپەلە لە عێراق دەربکرێن". رۆژی 07-09-2021 ئێران لەبارەی هێرشکردنە سەر حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هۆشداریی بە خەڵک و حکومەتی هەرێمی کوردستان دا و داوایکرد خەڵک لە بارەگاکانیان دووربکەونەوە. دوای دوو رۆژ لە هۆشدارییەکە، ئێران دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی باڵەکایەتی و برادۆست کرد. كاتژمێر 12:00ـی رۆژی هەینی 10-09-2021 و بۆ دووەم رۆژی لەسەر یەک تۆپخانەکانی سوپای پاسدارانی ئێران گوندی بەربزینیان-ی لە سنووری سیدەکان تۆپباران کرد. ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە سوپای پاسدارانی ئێران لە بەرزاییەکانی دۆڵمەیدانی قەزای شنۆی رۆژهەڵاتی کوردستان تۆپخانەیەکی جێگیر کردووە و لەوێوە تۆپەکان ئاراستەی ناوچەکانی باشووری کوردستان دەکات.

  هاوڵاتى  وەزیری دادی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" هەرچەندە دادگای بازرگانی لە کوردستان بونی نییە، بەڵام چەندین بیرۆکە هەیە لەوانە دامەزراندنی سەنتەر یان دەستەی ناوبژیوانی و ئاشتەوایی و سازاندن، کە دەبێت سەربە وەزارەتی داد بن، هەروەها لەم قۆناغەدا بونی دادگایەکی تایبەتمەند بۆ بازرگانی بەکارێکی گرنگ دەزانن". ئەمڕۆ یەکشەممە 12ی ئه‌یلوولی 2021، فرسەت ئەحمەد، وەزیری دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دکتۆر عیماد باڵەک، سەرۆکی ژوری بازرگانی نێودەوڵەتی/ ئۆکرانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان کۆبوەوە و رایگەیاند، "هەرچەندە دادگای بازرگانیمان نییە، بەڵام چەندین فیکرە هەیە لەوانە دامەزراندنی سەنتەر یان دەستەی ناوبژیوانی و ئاشتەوایی و سازاندن، کە دەبێت سەربە وەزارەتی داد بێت". ئاماژەی بەوەشکردوە، وەزارەتەکەیان سەنتەری توێژینەوەی یاسایی داناوە، کە یەکێک لەئەرکەکانی تاوتوێکردنی بیرۆکەی هەمەجۆرە. وەزیری داد هەروەها وتی، "هەبونی دادگایەکی تایبەتمەند بۆ بازرگانی کارێکی گرنگە، چونکە وادەکات دۆسییە و کێشە بازگانیەکان، خێراتر یەکلایی بکرێنەوە و کاروباری بازرگانان و کۆمپانیاکان دوانەکەون."

هاوڵاتى  وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان ئاماری رۆژانەی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنای بڵاوکردەوە و رایگەیاند:" 1214 تووشبووی دیکە تۆمارکراون و 17 تووشبووی دیکەش گیانیان لەدەستداوە. بەپێی راگەیێندراوی رۆژانەی وەزارەتی تەندروستی، لە 24 كاتژمێری رابردوودا نۆ هەزار و 215 پشکنینی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کراون، ئەنجامی پشکنینی 1214 کەسیان پۆزەتیڤ بووە، زۆرترین تووشبوو لە سنووری پارێزگای سلێمانی بووە و کەمترینیش لە هەڵەبجە. ئەو 17 تووشبووەی گیانیان لەدەستداوە، شەشیان لە هەولێر، پێنجیان لە دهۆک، سیانیان لە سلێمانی و سیانەکەی دیکەشیان لە هەڵەبجە بوون. هەروەها 1380 تووشبووی پێشووی ڤایرۆسەکەش چاکبوونەتەوە، زۆرترینیان لە سنووری پارێزگای هەولێر و کەمترینیان لە هەڵەبجە بوون. تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان دوو ملیۆن و 975 هەزار و 18 پشکنینی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کراون، ئەنجامی پشکنینی 310 هەزار و 550 کەسیان پۆزەتیڤ بوون، 274 هەزار و 804 تووشبوویان چاکبوونەتەوە و پێنج هەزار و 597 تووشبووش گیانیان لەدەستداوە، 30 هەزار و 149 تووشبووش لەژێر چارەسەردان.  

هاوڵاتى وەزارەتی کارەبای حکومەتی‌ هەرێم رایگەیاند:" لە ئێستادا بڕی سێ هەزار و 700 مێگاوات کارەبا بەرهەم دێت و رۆژانە بە تێکڕایی 18 کاتژمێر کارەبا دەدرێتە هاوڵاتییان". ئەمڕۆ یەکشەممە 12ی ئه‌یلوولی 2021، وەزارەتی کارەبای هەرێم رایگەیاند، ئاستی بەرهەم هێنانی کارەبا سێ هەزار و 700 مێگاواتە و خواست لەسەر کارەباش له‌ پێنج هەزار مێگاوات، بۆ چوار هه‌زرا و 500 مێگاوات دابەزیوە. ئاماژەی بەوەشداوە، لە ئێستادا رۆژانە بە تێکڕایی نزیکەی 18 کاتژمێر کارەبا دەدرێتە هاووڵاتییان. ئەمە لەکاتێکدایە، لە مانگی رابردوودا وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، پلانیان بۆ دابینکردنی کارەبایەکی بەردەوام بۆ هاوڵاتییان داڕشتووە و تاکۆتایی مانگی ئاب، دەتوانن 15 کاتژمێر کارەبا بۆ هاوڵاتیان دابین بکەن.

  هاوڵاتى وتەبێژی حکومەتی هەرێم، رایگەیاند:"لە حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی میدیایی ئازاد دەکەین، دەمانەوێت پەیوەندیمان لەگەڵ میدیاکان زیاتر بێت" ئەوەشی ڕاگەیاند، "ئێستا سۆشیال میدیا، ناوەرۆک و پێگەی دابەزیوە و هەندێک لە بەشداران وەک سەرچاوەی زانیاری مامەڵەی لەگەڵ ناکەن". ئەمرۆ 12ی ئەیلوول2021، جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە میانی دیدارێکدا لە هەولێر ئاماژەی بەوەکرد، "وەک حکومەتی هەرێم لەگەڵ 40 دامەرزوەیی میدیای زانیارییەکان ئاڵوگۆڕ دەکەین و بەبەردەوامی لە ڕێگەی میدیایی ناوخۆی و دەرەوە زانیاری دەدەین بە هاوڵاتیان و لە بڕیارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاگاداریان دەکەین". ئەو وتیشی،"هەوڵێک هەیە بۆ خراپ بەکارهێنانی میدیا"، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، "پێشوازی لە هەر چاودێرییەکی میدیا پرۆفیشناڵەکان دەکەین کە چاودێربن بەسەر ئەدا و کارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە و ئەو هەنگاوەمان پێ گرنگە". د. جوتیار عادل، ئەوەشی خستەڕوو، "لە حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی میدیایی ئازاد دەکەین، دەمانەوێت پەیوەندیمان لەگەڵ میدیاکان زیاتر بێت" ئەوەشی ڕاگەیاند، "ئێستا سۆشیال میدیا، ناوەرۆک و پێگەی دابەزیوە و هەندێک لە بەشداران وەک سەرچاوەی زانیاری مامەڵەی لەگەڵ ناکەن".

هاوڵاتى هەڵگرتنی ڤیزا لەنێوان ئێران و عێراق لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی نێوان ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران و مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە تاران، راگەیێندرا. ماوەی چەند ساڵێکە پرسی هەڵگرتنی ڤیزا لەنێوان ئێران و عێراق تاوتوێ دەکرێت، لە سەردەمی کابینەی حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری پێشووی ئێران چەندین جار گفتوگۆ و قسە لەسەر ئەو بابەتە کراوە. لە ئاداری 2019 حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری پێشووی ئێران سەردانی بەغدای کرد و، لەسەر ئەوە رێککەوتن لە نیسانی ئەو ساڵەدا ڤیزا لەنێوان هەردوو وڵات بەخۆڕایی بێت. بەڵام دواتر بەهۆی پەتای کۆرۆناوە رێکارەکانی جێبەجێکردنی دواکەوتن. هەروەها رەسوول موهاجر، جێگری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئێران پێشتر 26-05-2021 رایگەیاندبوو، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئێران بڕیاردراوە، ئەگەر لایەنی عێراقی ئامادەبێت، ئەوا ئێران ئامادەیە هەموو چەشنە ڤیزایەک لەگەڵ عێراق هەڵبگرێت بۆ ئەوەی بازرگانان و هاووڵاتیانی عێراقی بتوانن بەئاسانی سەردانی ئێران بکەن.

هاوڵاتى وەزیری پێشمەرگە دەڵێت، "هەنگاوەکانمان بە ئاراستەی دروستکردنی هێزێکی بەتوانا و تۆکمەی یەکگرتوی سەردەمیانەیە، کە هاوتابێت لەگەڵ خواستی ئێمە و هاوپەیمانان"، دەشڵێت، "هەنگاو بە هەنگاو دەچینە پێشەوە و سبەی لە ئەمڕۆ باشتر دەبێت". ئەمڕۆ 12ی ئەیلوول، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ فەرماندەی لیواکانی 1 و 9 و 16ی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە کۆبۆتەوە. بەپێی راگەیەندراوێکی سەنتەری میدیای وەزارەتی پێشمەرگە، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە لە وتارێکیدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، ئێوە هێزێکی قارەمان و کۆڵنەدەرن، شایەنی باشترن، سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام لە هەوڵی چارەسەکردنی کەموکوڕی و گرفتەکانتانن و دڵنیابن، هەنگاو بە هەنگاو دەچینە پێشەوەو سبەی لە ئەمڕۆ باشتر دەبێت. پەیوەست بە پەیوەندییەکانی هێزی پێشمەرگەو سوپای عیراقی، وەزیری پێشمەرگە رایگەیاندووە، پەیوەندیەکانمان لەگەڵ سوپای عێراقی بەرەو پێشچوونی باشی بەخۆوە بینیوەو دەخوازین ئەو پەیوەندیانە فراوانتر بکرێت و بەردەوامی پێبدرێت، لەپێناو ئەوەی بەیەکەوه سەقامگیری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەهەموو پێکهاتەو نەتەوەکانیەوە بپارێزین. لەسەر هاوکاری و هەماهەنگییەکانی هاوپەیمانان، وەزیری پێشمەرگە رونیکردۆتەوە، هاوکاری و پشتیوانییە بەردەوامەکانی هاوپەیمانان جێگەی بایەخ و ستایشی زۆری وەزارەتی پێشمەرگەیە. هاوکات، وەزیری پێشمەرگە ئەوەی خستۆتەڕوو، هەنگاوەکانمان بە ئاراستەی دروستکردنی هێزێکی بەتوانا و تۆکمەی یەکگرتوی سەردەمیانەیە، کە هاوتابێت لەگەڵ خواستی ئێمە و هاوپەیمانان.

  هاوڵاتى هێزەکانی ڕزگاری عەفرین، لە شەرا، عەزاز و مارع، ١١ سەرباز سزدران و چواری دیکەش برینداربوون، دەستبەسەر ژمارەیەک چەکیشدا گیرا. ئەمڕۆ هێزەکانی ڕزگاریی عەفرین، لەسەر ڕیزەچالاکییەکی شەڕڤانانیدا لە شەرا، عەزاز و مارەع، دژبە چەتەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ڤیدیۆی چالاکییەکانیشیان بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: لە ڕۆژانی ٧ بۆ ١٠ی ئەم مانگە، بۆ بیرهێنانەوەی شەهید ‘شیار دەنیز’ و بۆ وەڵامدانەوەی کردەوە دژەمرۆڤانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا چالاکیی تۆڵەکردنەوە ئەنجامدرا کە بەمشێوەیەیە: ڕۆژی ٧ی ئەم مانگە، هێزەکانمان لە ناوچەی شەرا چوونە سەر بارەگایەکی سوپای داگیرکەری تورکیا و چالاکییەکیان ئەنجامدا، لە ئەنجامی ئەو چالاکییەدا، پێنج چەتە کوژران، دوو چەتە برینداربوون، ماتۆڕسکێڵیک و دۆشکایەک تێکشکێندران، هەروەها دەستگیرا بەسەر دوو چەکی AK-47، چەکێکی بی کەی سی، تەرماڵێک، تەلەفۆنێک، بێتەلێک و ناسنامەی چەتەکان. ڕۆژی ٩ی ئەم مانگە، لە گوندی تل مالد سەربە ناوچەی مارع، لە ئەنجامی چالاکییەکدا، سێ چەتە کوژران و چەتەیەکیش برینداربوو. ڕۆژی ١٠ی ئەم مانگە، لە گوندی کل جبرانی سەربە عەزاز، لە ئەنجامی چالاکییەکدا، سێ چەتە کوژران و چەتەیەکیش برینداربوو. لەم چالاکییانەدا، بە گشتی، ١١ چەتە کوژران و چوار چەتە بریندرابوون.

هاوڵاتى سەرۆكی ئاژانسی پاراستن و زانیاری - زانیاری رایگەیاند:" دەزگا ئەمنییەکانى کوردستان بەپشتیوانیى وڵاتانى هاوپەیمان و بەشێک لە وڵاتانى ئیقلیمیى ڕوبەڕوى تیرۆریزم و گروپە توندڕەوەکان بوینەتەوە". ئەمڕۆ یەكشەممە، 12 ئەیلولی 2021، ئەژی ئەمین، سەرۆكی ئاژانسی پاراستن و زانیاری - زانیاری لە نوسینێکدا بەناونیشانی "هێرشی 11ى سێپتەمبەر، تیرۆر فیکر و کارو کاردانەوەیە" رایگەیاندوە: "دواى 20 ساڵ لە هێرشە تیرۆریستییەکانى 11ى سێپتەمبەر، هێشتا تیرۆر مەترسییەکى گەورەیە، وەکو بیرکردنەوە هەمیش بەهۆى ئەو پێگە جیۆسیاسییەى کە هەرێمەکەمان خۆى تێدا دەبینێتەوە". سەرۆكی ئاژانسی پاراستن و زانیاری - زانیاری باسی لەوەشکردوە، "تیرۆریزم لە چەند ساڵى نزیکى ڕابردودا، زیاتر سودى لە تەکنەلۆژیاى مۆدێرن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەرگرتوە، گروپە تیرۆریستییەکان لەڕێگەى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە خەڵکانى نوێ دەخەنە ڕیزەکانیانەوە، ئایدیۆلۆژیاکەیان بڵاودەکەنەوە و پروپاگەندەى بێبنەما دروست دەکەن".  ئاماژەی بەوەشکردوە، "دەزگا ئەمنییەکانى کوردستان بەپشتیوانیى وڵاتانى هاوپەیمان و بەشێک لە وڵاتانى ئیقلیمیى ڕوبەڕوى تیرۆریزم و گروپە توندڕەوەکان بوینەتەوە، ئەم گروپانە لە هەر زەمان و پێگەیەکى جوگرافیدا بەشێوەى جیاواز دەرکەوتون، دەتوانین بڵێین ساڵ بۆ ساڵ میتۆدى نوێتریان گرتوەتەبەر بۆئەوەى کردە تیرۆریستییەکانیان ئەنجام بدەن و ناسەقامگیرى کۆمەڵایەتى، سیاسى و ئابورى دروست بکەن".  دەشڵێت، "ناسەقامگیرى سیاسى و کۆمەڵایەتى، قەیرانى دارایى و پشێویەکانى ناوچەکە هۆکارى دیکە بون کە گروپە تیرۆریستى و بزوتنەوە توندڕەوەکان لێى سودمەند بون لەناوچەکەدا، هەربۆیەشە قوڵبونەوەى قەیرانە سیاسییەکان و دۆخى ناهەموارى دارایى وادەکات گروپە تیرۆریستییەکان مۆڵگەى نوێ دابنێن". سەرۆكی ئاژانسی پاراستن و زانیاری - زانیاری رونیکردوەتەوە، "سەرەڕاى هۆکارە ناوەکییەکان، هەندێجار تیرۆریزم هەناردە دەکرێت بەپشتیوانیى ئەو دەوڵەتانەى تیرۆریزم بەرهەمدەهێنن یاخود ئەجێنداکانیان لەڕێگەى گروپە تیرۆریستییەکانەوە بەدیدەهێنن، کاتى ئەوە هاتوە بەشێوازێکى دیکە ڕوبەڕوى تیرۆریزم ببینەوە، سەرەڕاى ڕێکارە ئەمنییەکان، دەستبخەینە سەر برینە ناوەکییەکان، کۆتایى بە ناسەقامگیرى سیاسی و تەنگژە داراییەکان بهێنین، دەبێت شەرعییەتى ئاینیى لە گروپە تیرۆریستییەکان وەربگرینەوە، لە رۆحى ئاینەوە، لەڕێگەى مامۆستایانى ئاینییەوە پەیامێک دور لە مەرام و بەرژەوەندى سیاسى بەشێوەیەکى تەندروست بڵاوبکرێتەوە". ئەوەشی خستوەتەڕو، "گروپە تیرۆریستییەکان ئایین بۆ مەرامى خۆیان بەکاردەهێنن، هەر کەس و لایەنێک لەدەرەوەى ئەو تێگەیشتنە ئاینییەى خۆیانەوە بێت، ڕاستەوخۆ دەکرێتە ئامانج، ئیتر بەلایانەوە گرنگ نیە کە سەر بە کام مەزهەب و ئاین و تێگەیشتنێکە، بەهەمانشێوە گروپە تیرۆریستییەکان نیشتمانیان نیە، کاتێک هاوڵاتییەک هەستى نیشتمانپەروەرى لاواز دەبێت، قۆناغێک نزیکتر دەبێتەوە لەوەى لەلایەن گروپە توندڕەوەکانەوە مێشکى بشۆرێتەوە، کاتى ئەوەیە نیشتمان ببێتە لانکەى ئاسودەیى و گۆشکردن و خزمەتکردنى هاوڵاتیانیى بۆئەوەى لەلایەن گروپە توندئاژۆکانەوە بەئامانج نەگیرێن، نە خۆیان ببنە قوربانى و نە بکرێنە قوربانى، دەبێت دەست لەناودەست ڕوبەڕوى هەر مەترسییەک ببینەوە کە ڕودەکاتە نیشتمانەکەمان".    

هاوڵاتى  شاندێكی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان  به‌مه‌به‌ستی به‌شداری كردن له‌ پرۆگرامێك به‌ناوی كۆكردنه‌وه‌ و به‌یه‌كگه‌یاندن  سه‌ردانی ئه‌مریكا ده‌كات.  له‌ راگه‌یاندراوێكدا، وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكرده‌وه‌: رۆژی 11 ئەیلولی 2021 ، شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە، بە سەرۆکایەتی  سەربەست لەزگین بریکاری وەزیری پێشمەرگە و بە ئەندامێتی هەر یەک لە لیوا روکن بەختیار محەمەد صدیق راوێژکاری وەزیری پێشمەرگە و عەمید روکن هۆشمەند حەیدەر رەشید جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارەو میرە،  به‌ره‌و ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا به‌رێكه‌وتن. وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ده‌كات: سەردانەکەی شاندی وەزارەتی پێشمەرگە، بەمەبەستی بەشداریکردنە لە پرۆگرامێک بەناوی ( کۆکردنەوە و بەیەکگەیاندن)، تیایدا جگە لە وەزارەتی پێشمەرگە، وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆی عێراق و دام و دەزگا ئەمنییە گرنگەکانی عێراق بەشداری تێدا دەکەن. وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ راشیده‌گه‌ێنێت، شاندەکە بۆ ماوەی (10 رۆژ) لە واشنتۆن دی سی دەمێننەوە و بەشداری تەواوی پرۆگرامەکانی ئەو کۆنفڕانسە دەکەن. ئەمریکا یەکێکە لەو وڵاتانەی هاوکاریی هێزەکانی پێشمەرگەی کردووە و ئێستاش بەردەوامە، لەشەڕی داعش یارمەتی پێشمەرگەی داوە و یەکێکە لەو وڵاتانەی کە لەگەڵ ئەوەن هێزەکانی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستان یەکبخرێنەوە و لەم پێناوەشدا هاوکاریی داراییش پێشکێش دەکات. 

هاوڵاتى سەرلەبەیانی ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە  دەیڤد هەنت کونسولى گشتی نوێى بەریتانیا لە هەرێمى کوردستان کرد کونسولى گشتی بەریتانیا ڕونى کردەوە کە پلان و بەرنامەیەکى چڕى بۆ برەودان بە پەیوەندییەکانى وڵاتەکەى لەگەڵ هەرێم هەیە. سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە، 12 ئەیلولی 2021، نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە  دەیڤد هەنت کونسولى گشتی نوێى بەریتانیا لە هەرێمى کوردستان کرد.  نێچیرڤان بارزانى وێڕاى بەخێرهێنان، پیرۆزبایی دەستبەکاربوونى لێکرد و هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست، هەموو پشتگیرییەکیشى بۆ سەرخستنى کار و ئەرکەکانى نیشان دا. هەردوولا جەختیان لەسەر برەودان بە پەیوەندیى دووقۆڵى و فراوانکردنى بوارەکانى هاریکارى و هاوبەشیى نێوان هەرێمى کوردستان و شانشینى یەکگرتوو کردەوە.  کونسولى گشتی بەریتانیا ڕونى کردەوە کە پلان و بەرنامەیەکى چڕى بۆ برەودان بە پەیوەندییەکانى وڵاتەکەى لەگەڵ هەرێمى کوردستان هەیە و لەگەڵ تیمەکەى کارى لەسەر دەکات، هەروەها پابەندیى شانشینى یەکگرتووى بە بەردەوامی پشتگیرى و سەقامگیریى هەرێمى کوردستان و عیراق دوپات کردەوە و ستایشى هاریکارى و هەماهەنگی وەزارەتى پێشمەرگەى حکومەتى هەرێمى کوردستانى لەگەڵ وەزارەتى بەرگریى بەریتانیا کرد. دەقی ڕاگەیاندراوەکەی سەرۆکی هەرێم: سەرلەبەیانیى ئەمڕۆ یەکشەممە 2021/9/12  نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە دەیڤد هەنت کونسولى گشتیى نوێى بەریتانیا لە هەرێمى کوردستان کرد. لە دیدارێکدا  نێچیرڤان بارزانى وێڕاى بەخێرهێنان، پیرۆزباییى دەستبەکاربوونى لێکرد و هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست، هەموو پشتگیرییەکیشى بۆ سەرخستنى کار و ئەرکەکانى نیشان دا. هەردوولا جەختیان لەسەر برەودان بە پەیوەندیى دووقۆڵى و فراوانکردنى بوارەکانى هاریکارى و هاوبەشیى نێوان هەرێمى کوردستان و شانشینى یەکگرتوو کردەوە. کونسولى گشتیى بەریتانیا ڕوونى کردەوە کە پلان و بەرنامەیەکى چڕى بۆ برەودان بە پەیوەندییەکانى وڵاتەکەى لەگەڵ هەرێمى کوردستان هەیە و لەگەڵ تیمەکەى کارى لەسەر دەکات، هەروەها پابەندیى شانشینى یەکگرتووى بە بەردەوامیى پشتگیرى و سەقامگیریى هەرێمى کوردستان و عیراق دووپات کردەوە و ستایشى هاریکارى و هەماهەنگیى وەزارەتى پێشمەرگەى حکوومەتى هەرێمى کوردستانى لەگەڵ وەزارەتى بەرگریى بەریتانیا کرد.

هاوڵاتى وتەبێژی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش لەبارەی هێرشەکانی شەوی رابردوو بۆ سەر فڕۆکەخانەی هەولێر رایگەیاند:" هێرشەکە لە رێگەی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بووە و هیچ زیانێکی گیانی و ماددی نەبووە". ئەمڕۆ یەكشەممە، 12 ئەیلولی 2021، وەین مارۆتۆ، وتەبێژی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش لەبارەی هێرشەکانی شەوی رابردوو بۆ سەر فڕۆکەخانەی هەولێر دەڵێت، هێرشەکە لە رێگەی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بووە و هیچ زیانێکی گیانی و ماددی نەبووە. وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئاماژە بەوەش، "یەکێک لە فڕۆکە تێکشکێندراوەکان کەوتە نێو سنووری بنکەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و فڕۆکەکەی دیکەش کەوتە دەرەوەی سنووری بنکەکەوە و هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانی و ماددییان لێنەکەوتووەتەوە". واین مارۆتۆ راشیگەیاند، هەر هێرشێک کە دەکرێتە سەر حکومەتی عێراق، هەرێمی کوردستان و هاوپەیمانان، دەسەڵاتی دامەزراوە عێراقییەکان، "سەروەریی یاسا و سەروەریی نیشتمانیی عێراق لەناودەبات". هەروەها دەشڵێت، ئەو هێرشانە ژیانی خەڵکی سیڤیل، هێزە هاوبەشەکانمان لە سوپای عێراق، هێزەکانی پێشمەرگە و هاوپەیمانان دەخەنە مەترسییەوە. درەنگانی شەوی شەممە هێرشکرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، دژەتیرۆری کوردستان دەڵێت، لەڕێگەی درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە هێرشەکە ئەنجام دراوە و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە. بەر لە هێرشەکان کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر زەنگی ئاگادارکردنەوەی لێداوە.  هێزێکی زۆری ئەمنیش لەنزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرن و سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە رووداوەکە.   ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەبارەی هێرشەکەی ئەمشەوی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر دەڵێت "هه‌ولێر ناهه‌ژێ و به‌هێزه‌، ئه‌وه‌ی خۆی له‌به‌رده‌م شکۆی هه‌ولێر تاقی بکاته‌وه‌، شکۆی ده‌شکێ." پارێزگاری هەولێر لە ئەکاونتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک پۆستێکی لەبارەی هێرشەکە کردووە و دەڵێت "سوپاس بۆ سه‌رجه‌م هێزه‌کان، ئه‌و جاره‌ش وه‌ک هه‌میشه‌، دووژمن و نه‌یار هه‌وڵه‌کانیان مایه‌ پووچ بوو." لە بەشێکی دیکەی نووسینەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە "هه‌ولێر خاوه‌ن خودانه ‌و ئارامه‌ و هه‌ر ئارامیش ده‌بێت."دەشڵێت "چاوه‌ڕانی راگه‌یێندراوی دژه‌ تیرۆری کوردستان بن و ھەواڵی مایەپووچی دووژمنان رادەگەیێنن." هاوكات دژە تیرۆری کوردستان نوێترین زانیارییەکانی لەبارەی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بڵاوکردەوە و دەڵێت، "هێرشەکەی ئەمشەوی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەڕێگەی دوو درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە ئەنجام دراوە و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە."        

  هاوڵاتى سەرۆک وەزیرانی عێڕاق بەسەرۆکایەتی شاندێکی باڵا گەیشتە تاران و بڕیارە لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران دۆسییەکانی ئاسایش، وزە و پەیوەندییەکانی بەغدا-تاران تاوتوێ بکەن. بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیران بەسەرۆکایەتی شاندێکی باڵای پێکهاتو لە چەندین وەزیر و لیژنەی هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵات، گەیشتە تارانی پایتەختی کۆماری ئیسلامی ئێران. مستەفا کازمی لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران کۆدەبێتەوە و دۆسیەکانی ئاسایش، وزە و پەیوەندییەکانی بەغدا-تاران تاوتوێ دەکەن. لەدوای دەستبەکاربوونی ئیبراهیم رەئیسی وەک سەرۆکی نوێی ئێران، مستەفا کازمی یەکەمین سەردانی بۆ ئەو وڵاتە ئەنجام دەدات و پرسی پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکان پرسێکی دیکەی کۆبوونەوەکە دەبێت، بەتایبەت کە عێراق دووەمین بازاری جیهانە بۆ هاوردەکردنی کاڵای ئێرانی لەدوای وڵاتی چین.