هاوڵاتى سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم رایگەیاند:" ڤاكسین وه‌ربگرن، كوردستان بپارێزن" ئەمڕۆ هەینی 10ى ئەیلولی 2021 مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ زنجیره‌ تویتێكدا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی تویته‌ر هاتوون و نووسیویه‌تی، ئێمه‌ كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین، ژماره‌ی بنكه‌كانی پێدانی ڤاكسین به‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ش زیاتر بكه‌ین و وه‌ك ئاماژه‌ی پێدا، تا ئێستا زیاتر له‌ 10 هه‌زار پێشمه‌رگه‌ ڤاكسینیان وه‌رگرتووه‌. هه‌روه‌ها دووپاتیكرده‌وه‌، ‌تا ئێستا 800 هه‌زار ژه‌مه‌ ڤاكسین به‌ هاووڵاتییان دراون و نووسیویه‌تی: "ڤاكسین وه‌ربگرن، كوردستان بپارێزن". لەگەڵ كاتی نزیكبونەوەی خوێندنی ساڵی تازە و بتۆماركردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەهەرێمدا حكومەت وەرگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنای بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران و وەزارەتی پێشمەرگە كردۆتە ناچاری و لە بنەكی تایبەت وەریدەگرن تا لەماوەیەكی كەمدا زۆرترین مامۆستا بەتایبەتی ڤاكسین وەربگرن.    

 هاوڵاتى قایمقامی چەمچەماڵ لە دەستگیرکردنی سێ کەسی بە تۆمەتی "دزینی" ئاسنی تاوەرەکانی کارەبا راگەیاند. ئەمڕۆ هەینی 10-09-2021 قایمقامی قەزای چەمچەماڵ لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند:" دوای ئەوەی لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی ئاگادارکراونەتەوە، هێزەکانی ئاسایشی ناحیەی سەنگاو و شۆڕش توانییان سێ کەس دەستگیربکەن و هاوکات دەست بەسەر ئاسنی تاوەرەکانیشدا بگرن". دەقی راگەیێندراوی قایمقامی قەزای چەمچەماڵ: دوای ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی بەنوسراوی ژمارە/ ٤٨٩٢ لە ٢/ ٦/ ٢٠٢١ قائیمقامیەتی چەمچەماڵی لە چەند حاڵەتێکی دزینی ئاسنی تاوەری کارەباکان لەسنوری ناحیەی سەنگاو ئاگادارکرد ، قائیمقامیەتی چەمچەماڵ  دوو نوسراو بە ژمارەکانی / ١٩٥٢ لە ٩ /٦ / ٢٠٢١ و ٢٨٥٥ لە ٢٢/ ٨/ ٢٠٢١ ئاڕاستەی ناحیەکانی تەکیە و شۆڕش و سەنگاویکرد کە ئەو تاوەرانەی پێدا تیدەپەڕێت بەمەبەستی دەستگیرکردنی ئەو کەسانە. سەرەنجام لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ناحیەی سەنگاو و شۆڕش توانرا سێ کەس دەستگیربکرێت و هاوکات دەست بەسەر ئاسنی تاوەراکانیشدا گیراوە. بەناوی قائیمقامیەتی قەزای چەمچەماڵ دەستخۆشی لەهێزەئەمینیەکان دەکەین و داواش لە هاوڵاتیان دەکەین لەکاتی بینینی هەر حاڵەتێکی دزێو و ناشارستانی زانیاری بدەن بە هێزە ئەمنیەکان بۆ ئەوەی سەرپێچیکاران ڕادەستی یاسا بکرێت.

هاوڵاتى ئەنجومەنی دەرچوانی دانەمەزراو رایگەیاند:" ڕۆژی دوشەممە خۆپیشاندانی دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان لەسەرجەم ناوچەکانی هەرێم ئەنجامبدەن دژی بێکاری و داخستنی دەرگای دامەزراندن". ئەمڕۆ هەینی 10ى ئەیلولی 2021   لەراگەیانراوێکدا ئەنجومەنی دەرچوانی دانەمەزراو  رایگەیاند:" بڕیاریانداوە لە  ڕۆژی دوشەممە 13/9/2021 خۆپیشاندانی دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان لەسەرجەم ناوچەکانی هەرێم ئەنجامبدەن دژی بێکاری و داخستنی دەرگای دامەزراندن. لەراگەیاندراوەكەیاندا ئاماژەیان بۆ ئەوەشكردووە:"مافی سەرجەم دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان دەمەزراندنە بەشێوەی هەمیشەیی، بۆیە بەردەوام دەبەن تا لەداواکردنی مافەکانیان. ئەنجومەنی دەرچوانی دانەمەزراو داوا لەسەرجەم دەرچوان دەکەن بەژداری خۆپیشاندانەکان بکەن لە پێناو ئەو مافەی کە ساڵانێکە لە دەرچوانی زانکۆ وپەیمانگاکان سەندراوەتەوە، هەروەها داوا لەوانەبێژ و خۆبەخشەکان دەکەن پشتیوانیان بن.  

 هاوڵاتى  ئەمڕۆ هەینی حکومەتی نوێی لوبنان بەسەرۆکایەتی نەجیب میقاتی راگەیەنرا. ئەمینداریەتی ئەنجومەنی وەزیرانی لوبنان بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ هەینی  نەجیب میقاتی سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو لەگەڵ میشیل عەون سەرۆکی لوبنان و نبیە بری، سەرۆکی پەرلەمان کۆبوەوە و لەبارەی کابینەی نوێی حکومەت گەیشتنە رێککەوتن. ئەوەش هاتوە، حکومەتی نوێ لەلایەن نەجیب میقاتی سەرۆکایەتی دەکرێت، هەروەها عەبدوڵا بو حەبین وەک وەزیری دەرەوە، بەسام مولوەی وەک وەزیری ناوخۆ و مۆریس سەلیم وەک وەزیری بەرگری دیاریکراون. پێکهێنانی حکومەتی لوبنان لەکاتێکدایە، ئەو وڵاتەی کە پایتەختی گەشتیاریی وڵاتانی عەرەبی بو، لەدوای شەڕی ناوخۆی نێوان ساڵانی 1975 بۆ 1990 ئێستا بە خراپترین دۆخی ئابوریدا تێدەپەڕێت. لوبنانییەکان توڕەن، هێندە توڕەن کە رۆژانە دەچنە سەر شەقامەکان و داوای باشکردنی گوزەرانیان دەکەن و ماوەی چەند ساڵێکە خۆپێشاندانی بەردەوامی لێ بەڕێوەدەچێت.

هاوڵاتى  حزبی دیموكراتی كوردستان خستنەخوارەكەی فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی سوپای پاسدارانی لە ناوچەی باڵەكاتی ڕاگەیاند.  دوێنێ هێزەکانى پێشمەرگەى دیموکرات فرۆکەیەکى درۆنیان لە سنورى باڵەکایەتى لە سیدەکان خستووەتەوە خوارەوە.  فڕۆکەکە بەر لەوەى ئامانجەکەى خۆى بپێکێت لەلایەن پێشمەرگەکانەوە خراوەتە خوارەوە و هێرشەکەی پوچەڵکراوەتەوە. دوو ڕۆژە كۆماری ئیسلامی ئێران بنكە و بارەگاكانی حزبی دیموكراتی لە بەرزاییەکانى ئالانە لە دەڤەری باڵەکایەتیبۆردومان دەكات و تا ئێستاش چەندین جار داوای لەحكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە  حزبە ڕۆژهەڵاتیەكان لە هەرێم دەربكات و جەختی لەوەكردۆتەوە هێرش دەكاتە سەر بنكە و بارەگاكانیان.

  هاوڵاتى وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، 11104  پشکنینی تایبەت بە کۆرۆنا ئەنجامدراون و لەو ژمارەیەش 1380  توشبوی نوێ تۆمارکراون و 22  توشبوی پەتاکەش مردون. وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان لەراگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، لەماوەی 24 کاتژمێری رابردودا  1380  توشبوی نوێ تۆمارکراون کە زۆرترین ژمارەیان لەسنوری پارێزگای سلێمانی بون. ئەوەش هاتوە، لەو ماوەیەدا 1870  توشبو چاکبونەتەوە و 22  توشبوی پەتاکەش مردون کە بەگوێرەی پارێزگاکان بەم شێوەیە بون هەولێر 8 کەس، گەرمیان 1 کەس، سلێمانی 8 کەس و لە دهۆکیش 5 توشبو مردوە.  

هاوڵاتى  سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێک لەبارەی بانگەشەی هەڵبژاردن بڵاودەکاتەوە و ڕایگەیاند: “ بانگه‌شه‌يه‌كى مه‌ده‌نيانه‌ى ئارام له‌ ئاستێكى به‌رزدا ئه‌نجام بدرێت، نه‌بێته‌ هۆى بێزاركردنى هاووڵاتييان و له‌ هه‌موو پشێوى و يه‌كترشكاندن و ناوزڕاندنێك دوور بێت". ئەمڕۆ هەینی 10ى ئەیلولی 2021  نێچيرڤان بارزانى سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێک لەبارەی بانگەشەی هەڵبژاردن بڵاودەکاتەوە و ڕایگەیاند: “له‌ كاتێكدا بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كانى (10)ى ئۆكتۆبه‌رى داهاتوو له‌ عيراق و هه‌رێمى كوردستان به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، داوا له‌ هه‌موو لايه‌ك ده‌كه‌م بانگه‌شه‌يه‌كى مه‌ده‌نيانه‌ى ئارام له‌ ئاستێكى به‌رزدا ئه‌نجام بده‌ن. نه‌بێته‌ هۆى بێزاركردنى هاووڵاتييان و له‌ هه‌موو پشێوى و يه‌كترشكاندن و ناوزڕاندنێك دوور بێت. به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌سه‌ر حيساب و له‌كه‌داركردنی كه‌سایه‌تيی كاندید‌، به‌تایبه‌تی كاندیدى ئافره‌ت نه‌بێت. دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان كوردستانييانى خۆشه‌ويست، هاووڵاتيانى ئازيز له‌ هه‌رێمى كوردستان و عيراق له‌ كاتێكدا بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كانى (10)ى ئۆكتۆبه‌رى داهاتوو له‌ عيراق و هه‌رێمى كوردستان به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، داوا له‌ هه‌موو لايه‌ك ده‌كه‌م بانگه‌شه‌يه‌كى مه‌ده‌نيانه‌ى ئارام له‌ ئاستێكى به‌رزدا ئه‌نجام بده‌ن. نه‌بێته‌ هۆى بێزاركردنى هاووڵاتييان و له‌ هه‌موو پشێوى و يه‌كترشكاندن و ناوزڕاندنێك دوور بێت. به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌سه‌ر حيساب و له‌كه‌داركردنی كه‌سایه‌تيی كاندید‌، به‌تایبه‌تی كاندیدى ئافره‌ت نه‌بێت. هه‌موو لايه‌ن و داموده‌زگا ئیداری و ئه‌منیيه‌كان و ميديا و كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی، هاوكار بن بۆ سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن له‌ چوارچێوه‌ى ياسادا. به‌ ته‌واوى ئازاد بێت و ده‌رفه‌تی یه‌كسان و وه‌ك يه‌ك بۆ هه‌موو لايه‌ن و كاندیده‌كان فه‌راهه‌م بێت. هه‌موو حزب و لايه‌نه‌ سياسييه‌كان ده‌بێ ئه‌وه‌يان له‌ بير بێت كه‌ دوای هه‌ڵبژاردن هه‌موومان ئامانجمان ئه‌وه‌یه‌ له‌ به‌غدا پێكه‌وه‌ كار بكه‌ین بۆ پته‌وكردنى ديموكراسى، به‌رژه‌وه‌ندیيه‌كانی عێراق به‌گشتی و به‌ده‌ستهێنان و پاراستنی مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانی هه‌رێمى كوردستان به‌تایبه‌تی. له‌ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردندا ده‌بێ كارێكى وا نه‌كرێت هه‌ماهه‌نگی و هاريكارى و پێكه‌وه‌يى و كاری هاوبه‌شى داهاتوو له‌ به‌غدا سه‌ختتر بكات. ده‌نگدان ماف و ئه‌رك و به‌رپرسياريه‌تييه‌، ده‌بێ په‌يامى هه‌موومان ئه‌وه‌ بێت كه‌ هاووڵاتييان ئه‌و مافه‌يان به‌ كار بهێنن، ئه‌رك و به‌رپرسياريه‌تى هه‌ڵبگرن و به‌ به‌شداريى كارايان له ده‌نگداندا، هه‌مووان پێكه‌وه‌ له‌ گۆڕانگارى و هه‌وڵه‌كانى بنياتنانى داهاتوويه‌كى باشتردا به‌شدار بن. ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ بۆ عيراقييه‌كان گرنگه‌، كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تيش به‌ بايه‌خه‌وه‌ لێى ده‌ڕوانێت، بۆيه‌ نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان و يه‌كێتيى ئه‌ورووپا تيمه‌كانيان ده‌نێرن و له‌ نزيكه‌وه‌ چاودێرى ده‌كه‌ن. هيواى بانگه‌شه‌يه‌كى‌ سه‌ركه‌وتوو بۆ هه‌موو لايه‌ك و هه‌ڵبژاردنێكى پاك و بێگه‌رد ده‌خوازم كه‌ جێى متمانه‌ى هه‌مووان بێت. نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان 2021/9/10

هاوڵاتى فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" پرۆسەی گەڕاندنەوەی 54 کۆچبەرەکە لە سووریاوە بۆ نێو تورکیا سەرکەوتووانە کۆتاییهات و لە نزیکترین کاتیشدا دەگەنە دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل.  ئەمڕۆ هەینی 10-9-2021 فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "پرۆسەی گەڕاندنەوەی کۆچبەرانی هەرێمی کوردستان لە سووریاوە سەرکەوتووانە کۆتاییهات".  فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە سوپاسی تەواوی ئەو دامەزراوانە دەکات کە هاوکاربوون و هاوئاهەنگییان لەگەڵ فەرمانگەکە کردووە بە مەبەستی گەڕاندنەوەی  ئەو 54 کۆچبەرە کە لە سووریا گیریان خواردبوو و دەڵێت، "فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە سوپاسی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق و کۆنسوڵخانەی گشتیی کۆماری تورکیا لە هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر وەرگرتنی رەزامەندیی حکومەتی کۆماری تورکیا و باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەنقەرە و کۆنسوڵخانەی عێراق لە غازی عەنتاب دەکات لە بەرامبەر کارئاسانیان بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە و پشتڕاستکردنەوەی ناوەکان و لە ئەستۆگرتنی ئەرکی گواستنەوەی کۆچبەرەکان".  وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، دوای تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان، بڕیارە لە نزیکترین کاتدا ئەو 54 کۆچبەرە بگەنە دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل و ستافی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەش لە پێشوازییاندا دەبن.

هاوڵاتى سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان ڕایگەیاند: “هەر پەدەکە بەشدار و تاوانبار نییە لە دۆسێیەی  دەستگیرکراوانی بادینان، بەڵکو حزبە بەشداربووەکانی تری ناو ئەم دەسەڵاتە ستەمکارە، بەشدارن لە بەردەوامیی ئەم دۆسییە دژە مرۆڤانەیە”. ئەمڕۆ هەینی 10ى ئەیلول، یوسف محەمەد، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردووەتەوە، “هەر پەدەکە بەشدار و تاوانبار نییە لە دۆسێیی دەمکوتکردنی دەنگە ئازا و ئازادەکانی بادینان، بەڵکو حزبە بەشداربوەکانی تری ناو ئەم دەسەڵاتە ستەمکارە و هەمو ئەوانەی بەناوی چاکسازییەوە پۆستی بێدەسەڵاتیان لەناو حوکمڕانیی هەرێم هەیە بەشدارن لە بەردەوامیی ئەم دۆسییە دژە مرۆڤانەیە”. سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان ئەوەشی وتوە، دوای زیاتر لە ساڵێك لە دەستگیركردنیان، هەندێك لە دەستگیركراوانی بادینان مانیان لە خواردن گرتوە وەك دژایەتییەك بۆ دۆخی دەستگیركردنیان و ئەو تۆمەتانەی بۆیان دروستكراون و هەروەها دواخستنی بەردەوامی دادگاییكردنیان بۆ یەكلاكردنەوەی دۆسییەكانیان. جەختیشی كردۆتەوە كە بێدەنگی دەسەڵاتە فیدراڵییەكان و كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ و رێكخراوە مرۆییەكانی دیكە بەرامبەر بە پێشێلكردنی ماف و ئازادییەكان لە هەرێمی كوردستان، كارێكی شەرمئاوەرو سەركۆنەكراوە.  

هاوڵاتى تۆپخانەکانی سوپای پاسدارانی ئێران جارێکی دیکە سنووری ناوچەی باڵەکایەتی و برادۆستیان تۆپبارانکرد، موختاری گوندی بەربزینیش دەڵێت، تۆپبارانەکە زیانی گیانی و ماڵی نەبووە.  ئەمڕۆ هەینی 10-09-2021 بۆ دووەم رۆژی بەدوای یەک تۆپخانەکانی سوپای پاسدارانی ئێران گوندی بەربزینیان لە سنووری سیدەکان تۆپبارانکرد. رۆژی 07-09-2021 ئێران لەبارەی هێرشکردنە سەر حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هۆشداری بە خەڵک و حکومەتی هەرێمی کوردستان دا و داوای کرد خەڵک لە بارەگاکانیان دووربکەونەوە. دوای دوو رۆژ لە هۆشدارییەکە، ئێران دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی باڵەکایەتی و برادۆست کرد. ماوەی هەفتەیەکە سوپای پاسدارانی ئێران لە بەرزاییەکانی دۆڵمەیدانی قەزای شنۆی رۆژهەڵاتی کوردستان تۆپخانەیێکی جێگیر کردووە و لەوێوە تۆپەکان ئاراستەی باشووری کوردستان دەکات.

هاوڵاتى سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند:" لە بۆردوومانەکانی رۆژی پێنجشەممە بۆ سەر بارەگاکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، بۆ یەکەمجار کەڵکیان لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو و شەڕکەر وەرگرتووە".  سوپای پاسداران ڕایگەیاند:" لەو بۆردوومانەدا بنکە و بارەگای حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی کردووەتە ئامانج. ئاماژەی بەوەشداوە کە جگە لە بۆردوومانکردن بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، پێشکەوتووترین سیستەمی تۆپخانەی ئێرانیش، کە بە تۆپخانەی زیرەک و خاڵپێک ناسراوە، بەکارهێنراوە". رۆژی پێنجشەممە سوپای پاسداران بە چڕی ناوچە سنوورییەکانی سیدەکان و چۆمانی باشووری کوردستانی بۆردوومانکرد. بۆردوومانەکان زیانی گیانیان نەبوو، بەڵام زیانیان بە دارستان و ژینگەی ناوچەکە گەیاندووە.  هاوکات لەگەڵ هێرشەکانی سوپای پاسداران، ئەو هێزە لە تویتەری خۆی ئایەتی 123ی سووڕەتی تەوبەی داناوە، کە  ئایەتەکە داوا لە ئیمانداران دەکات هێرش بکەنە سەر کافرەکان. پێگەکانی ئەو سوپایە لە تیلیگرام ئاماژە بە هێزەکانی دژبەری ئەو وڵاتە دەکات، وەک ئامانجی ئایەتەکە.  هێرشەکانی رۆژی پێنجشەمەی سوپای پاسدرانان دوای ئەوە هات کە چەند بەرپرسێکی باڵای ئەو هێزە و بەرپرسێکی باڵای سوپای قودس لە عێراق هەڕەشەی لێدانیان لەو گرووپانە کرد، کە بە وتەی ئەوان دەبنە هۆی نانەوەی پشێوی ئاسایشی لە ناوچە سنوورییەکانی ئیران. حەسەن دانایی فەر، باڵیۆزی پێشووی ئێران و بەرپرسی باڵای سوپای قودس، رۆژی 31ی مانگی رابردوو  داوای لە بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان کرد، کە "رێگری بکەن لەو هەڕەشە"یە کە لە ناو خاکی عێراقەوە رووبەڕووی ئێران دەبێتەوە.  دانایی فەڕ بە ئاژانسی هەواڵی فارسی سەر بە سوپای پاسدارانی گوت: "دەوڵەتی عێراق لاوازی ئاسایشی خۆی وەک هۆکارێک ناودەبات بۆ رووبەڕوونەبوونەوەی ئەم گرووپانە. بۆیە ئەگەر عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان  بیانوویێک بۆ کۆنترۆڵنەکردنی بارودۆخەکە بیننەوە، ئێران بە مافی خۆی دەزانێت بۆ دابینکردنی ئاسایش و یەکپارچەیی خاکەکەی هەنگاوی کردەیی بنێت و کۆنتڕۆڵی بارودۆخەکە لە ئەستۆ بگرێت."  دوای هەڕەشەکانی دانایی فەر، بەرپرسی هێزی زەمینی سوپای پاسداران ژەنەڕاڵ محەممەد پاکپوور داوای لە خەڵکی هەرێمی کوردستان لە بنکە و بارەگای هێزە دژبەرەکانی ئێران دووربکەونەوە.

هاوڵاتى قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند:"دەتوانن لەبەغدا رۆڵێکی بەرچاو ببینن لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا". ئەمڕۆ هەینی 10ى ئەیلول،  بەپێی ڕاگەیەندراوی نوسینگەکەی، قوباد تاڵەبانی، لەگەڵ کۆمیتەکانی سنورى مەڵبەندی رێکخستنی کەرکوکی (ی.ن.ک) دا کۆبۆتەوە، داوایکردووە، کەیەکێتییەکان گەڕەک بەگەڕەک بگەڕێن بۆ ئاشتکردنەوەی خەڵک و دەنگدەران و هاندانیان بۆ بەشداریکردن لەپرۆسەکەدا. سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان ئاماژەشى بەوەداوە:" کاندیدەکانی هاوپەیمانی کوردستان دەتوانن لەبەغدا رۆڵێکی بەرچاو ببینن لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، زامنکردنی دابینکردنی موچە بۆ موچەخۆران و پاراستنی سەقامگیری. قوباد تاڵەبانی رایگەیاندووە:" کەرکوک هێڵی پێشەوەی هێرش و بەرگرییەو بڕبڕەی پشتی هاوپەیمانی کوردستانە، بۆیە پێویستە لەم هەڵبژاردنەدا؛ کورد زۆرترین نوێنەری خۆی لە کەرکوک بنێرێتە بەغداد، چونکە ئەگەر دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان باشبن؛ مەترسییەکان لەسەر کورد و قەوارەی هەرێم دەڕەوێتەوە.

هاوڵاتى بەرێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی رایگەیاند:" ماوەیەکە گروپێک هەڵدەستن بە دزینی ئاسنی ئەو تاوەرانەی کارەبا بۆ سلێمانی و گەرمیان دەگوازنەوە و مەترسی کەوتنی تاوەرەکان و بێ کارەبایی گەرمیان و سلێمانی هەیە". لە راگەیەنراوێکدا سالار حسامەدین بەرێوەبەری گشتی کارەبای سلێمانی رایگەیاند:" کۆمەڵێك کەس لە سنوری ناوچەی سەنگاو هەستاون بە دزینی ئاسنی ئەو تاوەرانەی کارەبا بۆ سلێمانی و گەرمیان دەگوازنەوە". ئاماژەی بەوەشداوە:" زیانە ماددییەکانی ئەو کارە بە ٢٠٠ ملیۆن دینار دەخەمڵێنترێت و نیوەی سلێمانی و گەرمیان بێ کارەبا دەبن و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەرپرسانی ناوچەکە توانراوە چەند کەسكێکیان لێ دەستگیربکرێت". بەرێوەبەری گشتی کارەبای سلێمانی ئەوەى خستووەتەڕوو، پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان کاری زیاتر بکەن بۆ بنەبڕکردنی ئەو دیاردەیە و تاوانێکە بەرامبەر سلێمانی و گەرمیان دەکرێت.

 هاوڵاتى  شێخ نەهرۆ كەسنەزانی سەرۆكی تەریقەتی كەسنەزانی لەجیهان داوای لە مەرجەعە ئاینیە جیاوازەكان كرد یەكڕیزبن و بیروبۆچونەكانیان یەكبخەن و خاوەنی یەك وتاربن. ئەمرۆ هەینی 10ی9ی2021  شێخ نەهرۆ كەسنەزانی شاندێكی نارد بۆ شاری نەجەف بەمەبەستی سەردانیكردنی پرسەی بنەماڵە و خانەوادەی مەرجەعی ئاینی سەید محەمەد سەعید حەكیم و لەلایەن محەمەد حسێن حەكیمی كوڕێوە بەگەرمی پێوازیان لێكرا.  پاشان شێخ نەهرۆ پەیوەندیەكی تەلەفۆنی بە كوڕەكەیەوە كرد و دووپاتیكردەوە كە زۆر گرنگە پەیوەندی نێوان مەرجەعە ئاینیە جیاوازەكان بەردەوام بێت بەمەبەستی یەكڕیزی و یەكخستنی وتار و بیروبۆچونەكانیان. شێخ نەهرۆ كەسنەزانی لەپەیوەندیە تەلەفۆنیەكەیدا رونیكردەوە، تەریقەتەكەیان دەمارگیری و تەكفیر رەتدەكاتەوە و لەگەڵ بڵاوكردنەوەی بنەمای خۆشەویستی و لێبوردن و بێكەوەژیان و رێزگرتنە لەمرۆڤ. لەلایەن خۆیەوە محەمەد حسێن حەكیم سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ شێخ نەهرۆ دەربڕی و ستایشی پڕۆگرامی تەریقەتی كەسنەزانی كرد كە بریتیە لە چاكسازی و بانگەشەكردن بۆ خۆشەویستی و دادپەروەری و میانڕەوی و رەتكردنەوەی توندوتیژی و تیرۆر و تەكفیر.

هاوڵاتى وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ئاماژەى بەوەکرد کە سه‌رجه‌م ئامێره‌كانی هه‌ڵبژاردنی مانگی داهاتووی عێراق له‌ ڕووی كوالێتییه‌وه‌ باشن و زۆر به‌ باشی كار ده‌كه‌ن و جەختیکردەوە کە  به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ساخته‌كاری قبووڵ ناكه‌ن.  جومانه‌ ئه‌لغه‌لایی وته‌بێژی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا  ڕایگه‌یاند: ئه‌و ئامێرانه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مجاره‌ی عێراق به‌كار دێن له‌ ڕووی كۆكردنه‌وه‌ و جیاكردنه‌وه‌ی داتاكان زۆر وردن و هیچ كه‌سێك ناتوانێ ده‌ستكاری ئه‌نجامی ده‌نگدانه‌كان بكات یان هه‌وڵی ساخته‌كردن بدات. ئاماژەى بەوەشکردوە، تا ئێستا 76 باڵیۆزخانه‌ی عه‌ره‌بی و جیهانی و ڕێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی ئاماده‌ییان پێشانداوه‌ چاودێری هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی عێراق بكه‌ن كه‌ بڕیاره له‌‌ ڕۆژی 10ی مانگی داهاتوو به‌ڕێوه‌بچێ. وته‌بێژی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان روونیکردەوە کە ڕێككه‌وتووین‌ 100 چاودێری یه‌كێتی ئه‌وروپا بێنه‌ عێراق بۆ چاودێریكردنی پڕۆسه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كان، هه‌روه‌ها له‌ ڕۆژی ده‌نگدانیش 130 چاودێری دیكه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان چاودێری بنكه‌ و سندووقه‌كان ده‌كه‌ن، واته‌ به‌ كۆی گشتی 230 چاودێر ئاماده‌ ده‌بن و بۆیان هه‌یه‌ بۆ خۆیان هه‌ر بنكه‌یه‌ك یان چه‌ندان بنكه‌ هه‌ڵبژێرن به‌ مه‌به‌ستی چاودێریكردن. ئه‌لغه‌لایی باسى لەوە کرد، به‌گوێره‌ی یاسای ژماره‌ 9ی ساڵی 2020، هه‌ر كه‌سێك یان لایه‌نێك وێنه‌ی به‌ربژێره‌كانی هه‌ڵبژاردن بدرێنێ یان ده‌ستكاری بكات سزای پێبژاردن و ده‌ستگیركردنی به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنرێ. ئەم لێدوانەى بەرپرسەکەى کۆمسیۆن لە کاتێکدایە کە مانگی رابردوو دەستگیرکردنى گروپێکى ساختەکردنى دەنگەکان لە عێراق راگەیەنرا کە لەناویاندا بەرپرسێکى پێشووی کۆمسیۆن هەبووە، بەڵام تائێستا بە فەرمى حکومەتى عێراق ئەوەى پشتڕاست نەکردوەتەوە.