سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لەپەرلەمانى کوردستان، ڕایدەگەیەنێت باشترە حكومەت گوێ لە خۆپیشاندەران بگرێت نەك رێگریان لێبكات بێنە هەولێر فراكسیۆنی یەكگرتوو لەپەرلەمانی كوردستان بانگەوازێك ئاڕاستەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەولێر دەكات و داوایان لێدەكات، سبەی مانگرتنی سەرتاسەری ڕابگەیەنن و هەروەها پشتیوانیش دووپات دەكاتەوە بۆ ئەومامۆستایانەی بڕیارە لە سلێمانییەوە بێنە هەولێر و خۆپیشاندان لەبەردەم بارەگای نەتەوەیەكگرتووەكان ئەنجامبدەن. لەوبارەیەوە مستەفا عەبدوڵا سەرۆكی فڕاكسیۆنی یەكگرتوو لەپەرلەمانى کوردستان ڕاگەیاند: حكومەتی هەرێم فاشیل و خەمساردە بەرامبەر بە داواكاریەكانی خەڵكی كوردستان، لەجیاتی ڕێگری لەخۆپیشاندان و گردبونەوە و تۆمەت دروستكردن بۆ مامۆستا وفەرمانبەران دروست بكات، باشترە گوێیان لێبگرێت و داواكارییەكانیان جێبەجێبكات. ئەنجومەنى مامۆستایانى ناڕازیی و تیمی پشتیوانی لە مانگرتووان بڕیاریانداوە، ڕۆژى یەکشەممەى داهاتوو بچنە شارى هەولێر بۆ ئەنجامدانى خۆپیشاندان و ناڕەزایەتى. ئەوان لە ڕاگەیەندراوێکیاندا داوایان لە حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان کرد نەوەی نوێ، یەكگرتوو، كۆمەڵ، شیوعی، هەڵوێست، بەرەی گەل، گۆڕان، بزووتنەوەی ئیسلامی هاوكارو پشتیوان بن لەم خۆپیشاندانەی كە رۆژی یەكشەمە لە هەولێر دەكرێت. ئەمڕۆش لەزۆربەى شار‌و شارچکەکەکانى هەرێم دەستکرا بەناونوسین و ئامادەکارى بۆ بەشداریکردنى مامۆستایان و فەرمانبەران و هاوڵاتیان لەو خۆپیشاندانەى سبەینێى هەولێر. ئەمڕۆش وەک رێگرییەک لە خۆپیشاندان و نارەزاییەکان هەر لە ئێستاوە رێگری لە هاووڵاتییانی سلێمانی دەکرێت بچنە هەولێر. لای خۆیەوە نەجمەدین محەمەد مامۆستای ناڕازی بە رۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: ئەمڕۆ لە بازگەی دێگەڵە رێگە بە هیچ هاووڵاتییەکی سلێمانی نادرێت بچێتە شاری هەولێر. ئەم رێگرییەی پارتی لە کاتێکدایە بڕیارە سبەینێ لە شارەکانی تری هەرێمەوە مامۆستایان و فەرمانبەران ڕوو لە شاری هەولێر بکەن، لە بەرامبەر نەبوونی مووچە و نادادی و راگرتنی پلە بەرزکردنەوە خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایی رێکبخەن. هاوکات وتەبێژى مامۆستایانى مانگرتوو ڕایدەگەیەنێت ئەمڕۆش درێژە بەمانگرتن و ناڕەزایەتیەکانیان دەدەن داواش لەهاوڵاتیان دەکات بەشدارى خۆپیشاندانەکەى هەولێر بکەن. ئەمرۆ شەممە ماوەى ١٢ رۆژە ١٣ مامۆستا و فەرمانبەری سلێمانی مانگرتنیان لە خواردن ڕاگەیاندووەو داوای موچەو تەوتین و پێدانی شایستە داراییەکانی موچەخۆرانی هەرێم دەکەن.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان ئەنجامی بۆردوومانێکی مانگی رابردووی هێزەکانی بۆ سەر پێگەکانی چەکدارانی داعش راگەیاند، 7 چەکدار کوژراون، سیان بەرپرسن و یەکێکیان والی کەرکوکى داعشە له‌به‌یاننامه‌یه‌كی فه‌رمانده‌یی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، ئەمرۆ شەممە، ڕایدەگەیەنت، لەڕێگەى فڕۆكه‌كانی ئێف 16وە له 31ی 1ی 2025، هێرشێکى ئاسمانیی کرایە سەر مۆڵگەیەکى داعش. به پشتبه‌ستن به زانیاریی هه‌واڵگریی دروستی ناو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هه‌واڵگری سه‌ربازی و له‌ژێر چاودێری و پلاندانان و به‌دواداچوون، حه‌شارگه‌یه‌كی تیرۆریستانی كرده ئامانج له‌ناوچه‌ی زهركه له‌ناو كه‌رتی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی سه‌ڵاحه‌دین و له ناوه‌وه‌یدا مهفرهزێكی تیرۆریستی هه‌بووه. بەیاننامەکە ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوە: دوای هه‌وڵی ته‌كنیكی و به‌دواداچوون و به‌كارهێنان و پشكنینی زانیاری، و ئه‌نجامدانی پشكنین له‌سه‌ر ته‌رمی 7 كوژراوه‌كه له‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌دا، له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هه‌واڵگری سه‌ربازییه‌وه، به هه‌ماهه‌نگی ته‌كنیكی و هه‌واڵگری له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی، ئه‌وه پشتڕاستكرایه‌وه و یه‌كلاكه‌ره‌وه بوو كه سه‌ركرده گرنگه تیرۆریسته‌كان كوژراون. فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، ئەوەش دەخاتەڕوو: له‌نێو ئه‌م سهركردانهدا بریتین له: 1- تیرۆریست ده‌هام محه‌مه‌د علێوی مهكهنی (ئه‌بو سه‌عید دهندوشی) به‌ناو والی كه‌ركوك، به‌رپرسه له چه‌ندین ئۆپه‌راسیۆنی تیرۆریستی و كوشتنی هاووڵاتیانی بێ‌تاوان و تاوانی تیرۆریستی له دۆڵی شای و چیای حه‌مرین و حه‌ویجه له كه‌رتی كه‌ركوك. 2- تیرۆریست شهحازه عه‌لاوی ساڵح مهكهنی (ئه‌بو عیسا)، به‌ناو به‌رپرسی كه‌رتی حه‌مرینی چه‌ته‌كانی داعش. 3- تیرۆریست به‌ناو ڕه‌بیع بهتوش، یه‌كێك له توخمه تیرۆریستییه گرنگه‌كانی ناو چه‌ته‌كانی داعش.
بەپێى پێشبینیەکانى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كه‌شناسی و بوومه‌له‌رزه‌زانی هه‌رێمی كوردستان، ئەمڕۆ شەممە بارانبارین لە ناوچە جیاوازەكانی كوردستان بەردەوام دەبێت و پێشبینی دەكرێت بەفربارین بگاتە سەنتەری شار و شارۆچكەكان. لەبەرەبەیانى زوەوەو شەپۆڵێكی چڕی بەفر و بارانبارین هەرێمی كوردستان گرتووەتەوە و پلەكانی گەرماش دابەزین، ئەمەش بەهۆی کاریگەری تێكەڵبوونی دوو تەوژمە هەوای پەستان نزمی دەریای ناوەڕاست و بارستە هەوای ساردی سیبریی ڕووسیا ڕوودەدات و تا ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە بەردەوام دەبێت. لەڕاگەیەندراوێکیاندا، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كه‌شناسی و بوومه‌له‌رزه‌زانی هه‌رێمی كوردستان، ئاماژە بەوەدەکەن: ئه‌مڕۆ شه‌ممه ئاسمان هەوری تەواو دەبێت، لە چەند شوێنێكیش هەوری سووپەرسێلی چڕ ئاسمان دادەپۆشێت، لەگەڵ بارینی نمەباران لە ناوچە جیاجیاكان. هەروەها بەپێى پێشبینیەکان هەندێك كات بارانی مامناوەند دەبارێت بە تایبەت لە بەشی باشوری هەرێمی كوردستان، هەروەها لە ناوچە شاخاوییەكان بەفر دەبارێت و پێشبینی دەكرێت لە پارێزگای سلێمانی و بەشێكی پارێزگای هەولێر، بەفر بگاتە سەنتەری شار و شارۆچكەكان." پێشبینییەکانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كه‌شناسی و بوومه‌له‌رزه‌زانی هه‌رێمی كوردستان سەبارەت پلەکانی گەرما بەمشێوەیە: پلەکانی گەرما زیاتر نزم دەبێتەوە بەراورد بە ڕۆژانی ڕابردوو، ئاڕاستەی با باشووری رۆژهەڵات دەبێت، خێرایی با لەسەرخۆ- مام ناوەند و له‌نێوان 10 بۆ 20 كیلۆمه‌تر له كاتژمێرێكدا ده‌بێت و لە رۆژهەڵاتی هەرێمی كوردستان، هەندێکجار چالاک دەبێت بۆ سەرووی 25 كیلۆمه‌تر له كاتژمێرێكدا. نزمترین پلەی گەرمی پێشبینیكراو لە ناوچە سنوورییەكان بەتایبەت لە حاجی ئۆمەران تۆماردەكرێت كە (-1) پلەی سیلیزییە و بەزرترین پلەی گەرمیش لە ئیدارەی گەرمیان دەبێت كە 13 پلەی سیلیزیە.
بەرپرسێکی ڕێکخراوی CPTـی ئەمریکی دەڵێت، دوێنێ سێ گوندی سنووری قەزای ئاکرێ لە پارێزگای دهۆک بەهۆی چڕبوونەوەی بۆردوومان و ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا، سێ گوندی سنوری ناحیەی دینارتە چۆڵکران. کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی تیمەکانی دروستکەری ئاشتیی کۆمەڵگە (CPT)ـی ئەمریکی، ئەمڕۆ شەممەڕایگەیاند دوانیوەڕۆی دوێنێ هەینى، بەهۆی بۆردوومانی چڕی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی سوپای تورکیا و مەترسی ئۆپەراسیۆنی خاکڕەوی لە ناوچەکەدا سێ گوند چۆڵیانکردوە. ئەو وتیشى: گوندنشینانی هەر سێ گوندی (نپاخێ، بێرکەکورێ و کافیا) لە بناری چیای گارا، لە ناوچەی زێباری، لە ناحیەی دینارتەی سەر بە قەزای ئاکرێ، گوندەکانی خۆیان چۆڵکرد و ڕویان لە ماڵی خزم و کەسوکارەکانییان لە ناحیەی دینارتە و قەزای ئاکرێ کرد. بەوتەى کامەران عوسمان، لە ڕۆژی ٤ی شوباتدا، هێزە ئەمنییەکانی قەزای ئاکرێ، دانیشتووانی هەر سێ گوندی نپاخێ، بێرکەکورێ و کافیایان ئاگادارکردبۆوە، کە لە ماوەی سێ ڕۆژدا گوندەکانیان چۆڵبکەن، ئەگەرنا سەلامەتی گیانیان لەسەر خۆیانە. ئەمە لە کاتێکدایە، کە ئەم وەرزە وەزی سماق بڕین و کاری کشتوکاڵییە بۆ گوندنشینانی ناوچەکە. بەهۆی ئۆپەراسیۆن و لەشکرکێشییە بەردەوامەکانی سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئێستا ١٨٣ گوند بەتەواوی چۆڵبوون. ٦٠٢ گوندی تر مەترسی چۆڵبوونیان لەسەرە و نزیکە ٤٠٠ گوندیش نەتوانراوە ئاوەدان بکرێنەوە.
لە ئۆپرسیۆنێکى تایبەتدا، حکومەتی بەریتانیا دوو قاچاخچی دەستگیر دەکات بە تۆمەتی گواستنەوەی خەڵک بە ڕێگەی نایاسایی بۆ وڵاتانی ئەوروپا، ئەو دووکەسە لەلایەن وڵاتی فەرەنساوە داواکراوبوون و لە لە لەندەن دەستگیرکراون و یەکێکیان کوردەو ناوى ڕێبینە. ئاژانسی ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانەکان لە بەریتانیا ڕایگەیاند: ماوەیەکە چاو‌دێر ئەو دووسەکە دەکەن، دواجا دوێنێ لەلایەن ئەفسەرانی پسپۆڕی یەکەی ڕادەستکردنەوەی نیشتمانی لە ناوەندی هاوبەشی تاوانە نێودەوڵەتییەکانی دەزگای تاوانی نیشتمانی بەناوی دەسەڵاتدارانی فەرەنسا دەستگیرکراون. بەپێى ڕاگەیەندراوەکە، ئەو دوو قاچاخچیە کە دەستگیرکراون، خەڵکیان لە کەناڵی ئینگلیزەوە بۆ بەریتانیا پەڕاندووەتەوە و کاری سپیکردنەوەی پارەشیان کردووە. پۆلیس دەڵێت یەکێک لەو قاچاخچییانەی کە دەستگیرکراوە کە ناوی ڕێبین شەریفە و تەمەنی 25 ساڵە و خەڵکی هەرێمی کوردستانە، ئەوى دیکەشیان ناوى لولزم براهاجی بەڕەگەز ئەلبانییە و تەمەن 47 ساڵە، هەردوو تۆمەتبار لە لەندەن دەستگیر کراون. ئەو دوو تۆمەتبارە، هەردووکیان لە فەرەنسا داواکراون کە داواکارانی گشتی تۆمەتباریان دەکەن بەوەی لە ساڵی ٢٠٢٢دا خەڵکیان لە کەناڵی ئینگلیزەوە بۆ بەریتانیا پەڕاندووەتەوە و کاری سپیکردنەوەی پارەشیان کردووە، ئەو پارەو داهاتانەى دەستیان کەوتوە لە نێوان مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢١ تا حوزەیرانی ٢٠٢٣ سپیانکردوەتەوە. ئەمە یەکەمجار نییە حکومەتی بەریتانیا قاچاخچیی بە ڕەگەز کورد دەستگیر بکات، پێشتریش هەر یەکە لە بەرزان مەجید ناسراو بە "دووپشک" و ئامانج حەسەنزادەی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی دەستگیر کردووە. یەکێک لەو ئەفسەرانەى بەشدارى ئۆپراسیۆنەکەى کردووە دەڵێت: باندەکانی قاچاخچییەکان ژیانی ئەو کەسانە دەخەنە مەترسییەوە کە تەنها بۆ قازانج و تەماح دەیانگوازنەوە، گرنگی بە مەترسییەکان و سەلامەتی خۆیان نادەن". ئەو وتیشى: ڕووبەڕووبوونەوەی قاچاخچێتی خەڵک لە پێشینەی کارەکانی NCA و ئێمە بەردەوام دەبین لە کارکردنی نزیکمان لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە فەرەنسا و لە سەرانسەری ئەوروپا بۆ ئەوەی هەموو هەوڵێک بدەین بۆ تێکدان و هەڵوەشاندنەوەی گروپەکانی پشت ئەم کارانەوەن.
بڕیارە لە هەفتەى داهاتوودا، دادگاى فیدراڵى عێراق چوار سکاڵا لەبارەى هەرێمى کوردستانەوە تاوتوێبکات کە تایبەتن بە هەڵوەشاندنەوەى سزاى هاتوچۆ و مەرجى فرەژنى و دوو وەزارەت. سکاڵاکان رۆژى سێشەممەى داهاتوو لەلایەن دادگاوە تاوتوێدەکرێن، ئەوەش بەپێی کارنامەى دانیشتنى دادگا کە لەپێگەى فەرمى دادگا بڵاوکراوەتەوە. یەکێک لە سکاڵاکان لەسەر سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و وەزیرى ناوخۆ تۆمارکراون و تایبەتە بە سزاکانى هاتوچۆ. لە سکاڵاکەدا داواکراوە دادگا بڕیارى نادەستورى بوونى پێدانى دەسەڵات بە وەزیرى ناوخۆ بدات بە راوێژ لەگەڵ وەزیرى دارایی بۆ زیادکردن و کەمکردنەوەى باج و رسومات و پێبژاردنى هاتوچۆ بەپێی یاساى هاتوچۆ ژمارە 86 ى ساڵى 2004. یەکێکە دیکەیە لەو سکاڵایانەى دادگاى فیدراڵى تاوتوێى دەکات، بڕیاردان لەسەر نادەستورى بوونى وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئاینى هەرێمى کوردستان، کە تێیدا داواکراوە جگە لە هەڵوەشاندنەوەى ئەو وەزارەتە، پەرلەمان و حکومەتى هەرێم پابەند بکرێن بە پێکهێنانى دیوانى جیاجیاى ئاینى بۆ مەزهەب و ئاینە جیاوازەکان وەکو دەستەى سەربەخۆ. هەروەها لەلایەن هاوڵاتییەکەوە سکاڵایەک لەسەر سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان تۆمارکراوە کە تێیدا داوایکردووە دادگا بڕیار لەسەر نادەستورى بوونى ماددەیەکى هەموارى یاساى بارى کەسێتى بدات لە هەرێمى کوردستان، کە تێیدا رازى بوونى ژنانى لەبەردەم دادگا کردووەتە مەرج بۆ ئەوەى هاوسەرەکانیان بتوانن هاوسەرگیرى دووەم بکەن. بڕیاردان لەسەر نادەستورى بوونى وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئاینى هەرێمى کوردستان، یەکێکە دیکەیە لەو سکاڵایانەى دادگاى فیدراڵى تاوتوێى دەکات کە تێیدا داواکراوە جگە لە هەڵوەشاندنەوەى ئەو وەزارەتە، پەرلەمان و حکومەتى هەرێم پابەند بکرێن بە پێکهێنانى دیوانى جیاجیاى ئاینى بۆ مەزهەب و ئاینە جیاوازەکان وەکو دەستەى سەربەخۆ. هەڵوەشاندنەوەى وەزارەتى شەهیدانى هەرێمى کوردستان و پێکهێنانى دەستەى دامەزراوەى شەهیدان، یەکێکى دیکە لە سکاڵاکان کە پەیوەست بێت بە حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە.
کۆمپانیای دانەگاز پووختەی رایگەیاند، 151 ملیۆن دۆلار قازانجیان کردووە. دەشلێت کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی 'پێرڵ پێترۆڵیۆم' تەواوی پڕۆژەی پەرەپێدانی کێڵگەی کۆرمۆری لە هەرێمی کوردستان وەرگرتووە و بڕی 67 ملیۆن دۆلار قەرزیان لای هەرێمی کوردستانە. ئەمڕۆ هەینی، کۆمپانیای دانەگاز راپۆرتی ساڵانەی خۆی بۆ ساڵی دارایی 2024 بڵاوکردەوە. کۆمپانیاکە لە راپۆرتەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات، بەراورد بە ساڵی 2023، ساڵی رابردوو داهاتییان 5٪ زیاتر بووە. لە ساڵی 2023 داهاتی کۆمپانیاکە 423 ملیۆن دۆلار بووە. هەرچی لەبارەی پوختەی قازانجی کۆمپانیاکەشە، ساڵی رابردوو بەراورد بە ساڵی 2023 پوختەی قازانجی کۆمپانیاکە کەمیکردووە. چونکە ساڵی رابردوو، پوختەی قازانجی کۆمپانیاکە 151 ملیۆن دۆلار بووە و ساڵی 2023ـێش پوختەی قازانجی 160 ملیۆن دۆلار بووە. ئەوەش پەیوەندی بە کەمبوونەوەی پشکی کۆمپانیاکەوەیە لە میسر. کۆمپانیاکە دەشڵێت: لە چوار مانگی کۆتایی ساڵی رابردوو، بەراورد بە چوار مانگی کۆتایی ساڵی 2023 داهاتییان 64٪ زیادیکردوو. کۆمپانیای دانەگاز لە کێڵگەی کۆرۆمۆر گازی سروشتی بەرهەم دەهێنێت، بەرهەمی ڕۆژانەی دەگاتە 37 هەزار بەرمیل نەوتی هاوتا. بەرهەمەکەی لە چارەکی دووەمی ئەمساڵ 3٪ زیادیکردووە.
شاندێکی پەرلەمانی عێراق سەردانی چادری مانگرتوانیان لە سلێمانی کرد و ڕایانگەیاند، لە یاسای بودجەدا بە تەوتینکردنی مووچەی مووچەخۆران چارەسەری کێشەی مامۆستایان و فەرمانبەران کراوە. ماوەی ١١ ڕۆژە بەشێکی مامۆستا و فەرمانبەرانی ناڕازیی بە هۆی پێنەدانی شایستە داراییەکانیان، نەگەڕانەوەی پلەبەرزکردنەوە و تەوتینکردنی مووچەکانیان لەبەردەم بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردووە، ئەمڕۆش ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی عێراق سەردانی چادری مانگرتووانیان کرد. شاندی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێکهاتبوو لە (یوسف کیلابی، عەلی ساعدی، عەلا حەیدەری، سروە عەبدولواحید، زکرا عەمار، سەلام عادل، حسێن موئەنەس، بڕیار ڕەشید، هەرێم کەمال ئاغا، کەریم شکور، دارا سێکانیان، کاروان یاروەیس، نەرمین مەعرووف، سۆران عومەر) پاش پرسیارکردن لە بارودۆخی تەندرووستی مانگرتووان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا، یوسف کیلابی، پەرلەمانتاری عێراق وتی: داواکارییەکانیان دەبەینە بەغدا دەیگەیەنینە پەرلەمان و حکومەتی ناوەند و لە پەرلەماندا دەیخەینە بەرباس، لیژنەیەک درووست دەکەین، بۆ چاودێریی کردنی لیژنە هونەریی حکومەتی هەرێم و بەغدا، دواتر دەرئەنجامەکەی دەخەینەڕوو کە کێ هۆکاری ئەم کێشانەیە و بەهیچ شێوازێک قەبووڵ ناکەین هیچ هاوڵاتییەکی عێراق لە زاخۆ تا فاو برسی بکرێت. دواتر عەلی سەعدی، داواکاریی مانگرتووان داواکارییەکی ڕەوایە و مافی خۆیانە، هەندێک بڕیارەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوو حکومەت دەرچووە و تەنها جێبەجێکردنی ماوە. هاوکات حسێن موئەنەس، پەرلەمانتار وتی: نابێت مووچەی فەرمانبەران ببێتە کارتی فشار لەنێوان هەردوو حکومەت، لە یاسای بودجەدا چارەسەری ئەم کێشەیەمان کردووە کە تەوتینکردنی مووچەی فەرمانبەرانە. کاروان یاروەیس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی رایگەیاند، دوای گوێگرتن لە داوای مانگرتوان بەوردی و وەرگرتنی داواکاریەکانیان، شاندەکەی پەرلەمان داواکارییەکان دەگەیەننە سەرۆکایەتی پەرلەمان و حکومەت و دادگای ئیتحادی و لیژنەیەکی پەرلەمانی دروست دەکرێ بۆ جێبەچئ کردنی داواکارییەکان و لیژنەکە دەبێتە پارێزەری مانگرتوان لە بەغداد. ئاماژەی بەوەکردووە، شاندەکەی پەرلەمان تکای لە مانگرتوان کرد لەبەر تەندروستیان و ژیانیان مانگرتنەکە بشکێنن و داواکای و پەیامی رەوایان گەیشتوە بەهەموو ناوەندەکانی بڕیار لە عێراق.
دەزگاى ئاسایش ڕایدەگەیەنێت، شەوی ٢٠٢٥/٢/٥ ڕووداوی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلی خێزانێک لەسەر ڕێگای سلێمانی_پێنجوێن بووە هۆی گیان لەدەستدانی شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە و برینداربوونی یەکێک لە سەرنشینانی. دواى ڕوداوەکە دەستکراوەبە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لەسەر هۆکاری ڕوودانی ڕووداوەکە، دەرکەوت هۆکاری ڕووداوەکە دروستبوونی شەڕ و دەمەقاڵێ بووە لەنێوان دوو شۆفێر لەناحیەی ناڵپارێز. بەپێى رونکردنەوەکەى ئاسایش یەکێک لەشۆفێرەکان بە چەقۆ هێرش دەکاتە سەر شۆفێری بەرامبەری و برینداری دەکات و دواتر شوێنی دەکەوێت، دەبێتە هۆی وەرگەڕانی و گیان لەدەستدانی شۆفێرەکە و برینداربوونی یەکێک لە سەرنشینانی ئۆتۆمبێلەکە و دواتر تۆمەتباری ڕووداوەکە هەڵهات. دەزگای ئاسایشی هەرێم دەڵێت تویومانە تۆمەتباری ڕووداوەکە دەستگیربکەین دەقى ڕاگەیەندراوەکە دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی تۆمەتباری ڕووداوی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێک لەڕێگای(پێنجوێن-سلێمانی)ڕادەگەیەنێت. دوای ئەوەی شەوی ٢٠٢٥/٢/٥ ڕووداوی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلی خێزانێک لەسەر ڕێگای سلێمانی_پێنجوێن بووە هۆی گیان لەدەستدانی شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە و برینداربوونی یەکێک لە سەرنشینانی. دەستبەجێ دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستیکرد بە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لەسەر هۆکاری ڕوودانی ڕووداوەکە، سەرئەنجام دەرکەوت هۆکاری ڕووداوەکە دروستبوونی شەڕ و دەمەقاڵێ بووە لەنێوان دوو شۆفێر لەناحیەی ناڵپارێز، یەکێک لەشۆفێرەکان بە چەقۆ هێرش دەکاتە سەر شۆفێری بەرامبەری و برینداری دەکات و دواتر شوێنی دەکەوێت، دەبێتە هۆی وەرگەڕانی و گیان لەدەستدانی شۆفێرەکە و برینداربوونی یەکێک لە سەرنشینانی ئۆتۆمبێلەکە و دواتر تۆمەتباری ڕووداوەکە هەڵهات. پاش وەرگرتنی بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لەسەر ڕووداوەکە کرا و تۆمەتباری ڕووداوەکە دەستنیشانکرا، تۆمەتبار خۆی ڕادەستی هێزەکانی ئاسایش کرد و ڕووبەڕوی یاسا کرایەوە. لە ئێستادا تۆمەتباری ڕووداوەکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوە لە کەیسەکەی بەردەوامە.
ئه‌نجومه‌نی سه‌رتاسه‌ریی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی ناڕازیی داوا له‌مامۆستایانی ئایینی ده‌كه‌ن، له وتاری ئه‌مڕۆدا پشتیوانی له مامۆستایانی مانگرتو بكه‌ن. دەشڵێت رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی داهاتو به‌ره‌و هه‌ولێر به‌ڕێده‌كه‌ون بۆئه‌وه‌ی له‌نزیكه‌وه ده‌نگی مانگرتوه‌كان بگه‌یه‌ننه ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم. له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئه‌نجومه‌نی سه‌رتاسه‌ریی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی ناڕازیی، دەڵێن: بڕیارمانداوه، رۆژی یه‌كشه‌ممه له سه‌رجه‌م شار و شارۆچكه‌كانه‌وه بۆ پشتیوانی له هاوڕێ مانگرتوهكانمان، به‌ره‌و هه‌ولێر كه چه‌قی بڕیاردانه به‌ڕێبكه‌وین، تاوه‌كو ده‌سه‌ڵات له‌نزیكه‌وه ده‌نگ و ناڕه‌زایه‌تیی هاوڕێ مانگرتوهكانمان و چین و توێژه جیاوازه بهشمهینهتهكان، ببینێت و ببیستێت. راشیدەگەیەنن: داوا له مامۆستایانی ئایینی ده‌كه‌ین به‌رامبه‌ر به‌م هه‌مو نادادیی و چه‌وسانه‌وه و شكۆشكاندنهی هاوڵاتییان له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمه‌وه، هاوشانی مامۆستایان بێنه‌ده‌نگ. یه‌كه‌م: له وتاری ئه‌مڕۆ هه‌ینیدا پشتیوانیی خۆتان بۆ مانگرتوانی خێمه‌ی شكۆ ده‌رببڕن و له خه‌ڵك بگه‌ینن، ئه‌م قوربانیدانه بۆ هه‌موانه. دوه‌م: له وتاره‌كه‌دا پشتیوانیی خۆتان بۆ خۆپیشاندنی رۆژی هه‌ینی كاتژمێر 2:00 ده‌رببڕن، كه له (پاركی مه‌لیك مه‌حمود)ه‌وه به‌ره‌و خێمه‌ی مانگرتوان ده‌ڕۆین، پشتیوانی‌تان بۆ ئه‌و خۆپیشاندانه ده‌رببڕن، كه رۆژی یه‌كشه‌ممه له‌گه‌ڵ مانگرتوان ده‌ڕۆین به‌ره‌و هه‌ولێر، داوا له خه‌ڵك بكه‌ن له‌گه‌ڵمان به‌شداربێت. ئه‌نجومه‌نی سه‌رتاسه‌ریی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی ناڕازیی ئه‌وه‌شی راگه‌یاندوه، دڵنیاتان ده‌كه‌ین، ناڕه‌زاییه‌كانی ئه‌مجاره‌ی مامۆستایان رێچكه‌یه‌كی گرتوه، كه له‌پێناو شكۆ و بژێویی هه‌مواندا بێت، خوانه‌خواسته به‌بێ ده‌ستكه‌وت و به‌لاوازی كۆتایی پێبێت، هه‌مومان باجه‌كه‌ی ده‌ده‌ین و وه‌ك چه‌ند ساڵی رابردو شه‌قام و هه‌ڵوێست ده‌مرێت و ده‌سه‌ڵاتیش ده‌یان هێنده‌ی دیكه، ملهوڕتر ده‌بێت.
محەمەد شیاع سودانى، سەرۆک وەزیرانى عێراق رایگەیاند، مانگەکانى داهاتووش تاکۆتایی ساڵ، مووچەى سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان دەنێرن. ئەمڕۆ پێنج شەممە، لە چاوێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵى شەرق محەممەد شیاع سوودانى ئاماژەى بەوەدا، پرسى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بە بودجەوە بەستراوەتەوە لە رێگەى وەزارەتى دارایی فیدڕاڵەوە، بە گوێرەى بڕیارى دادگەى باڵاى فیدڕاڵى و میکانیزمێک بۆ بەجێکردنى مووچە و رادەستکردنى داهات دیاری کراوە. "کێشەى تەکنیکى هەبووە و بەم دواییە تێپەڕێنرا و مووچەى مانگى کانوونى دووەم نێردرا." محەممەد شیاع سوودانى رایگەیاند: بە رووحى هاوبەشی و هاریکاری، توانیویانە چەندین خاڵى ناکۆک لەگەڵ هەرێمى کوردستان تێپەڕنن. جەختى کردەوە کە ئەوەى پەیوەندارە بە دۆسیەى مووچەوە کێشەى تەکنیکییە نەک هەڵوێستێکى سیاسىیی بەغدا. 4ى شوباتی2025، وەزارەتى دارایی فیدراڵ بڕیارى خەرجکردنى زیاتر لە یەک تریلیۆن دینارى مووچەى مانگى کانوونى دووەمى ئەمساڵى هەرێمى کوردستانى دەرکرد، دواى ئەوەى شاندى هەردوولا رێککەوتن لەبارەى ئەو کێشانەى لە نێوانیان بە هەڵپەسێردراوى مابوونەوە. سەرۆکوەزیرانى عێراق ئاماژەى بەوەدا، بەردەوام دەبن لە ناردنى پارەى مووچە بۆ مانگەکانى داهاتوو بە "شێوەیەکى رێکوپێک" بەو ئومێدەى لەو ماوەیەدا تێبینییەکانى دیکە لەبەرچاو بگیرێن کە وەزارەتى دارایی فدراڵ دیاری کردووە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان و نوێنەری تايبه‌تى سه‌رۆكى رووسيا و جێگرى وه‌زيرى ده‌ره‌وەی ئەو وڵاتە، ئەمڕۆ کۆبوونەوە، باسیان لە وه‌به‌رهێنانى رووسى له هه‌رێمى كوردستان، دۆخى سووريا و دوايين پێشهاته‌كانى رۆژهه‌ڵاتى ناوهڕاستيان کردوە، هەروەها هاوڕا بوون له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا. نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ (پێنجشه‌ممه، 6-2-2025) پێشوازیی لە ميخائيل بوگدانۆڤ، نوێنه‌رى تايبه‌تى سه‌رۆكى رووسيا و جێگرى وه‌زيرى ده‌ره‌وه و شاندێكى ياوه‌رى كرد. لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێ "بره‌ودان به په‌يوه‌ندييه‌كانى رووسيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، وه‌به‌رهێنانى رووسى له هه‌رێمى كوردستان، دۆخى سووريا و دوايين پێشهاته‌كانى رۆژهه‌ڵاتى ناوهڕاستيان تاوتوێ كرد." نێچيرڤان بارزانى وێڕاى جه‌ختكردنه‌وه له خواستى هه‌رێمى كوردستان بۆ به‌ره‌وپێشبردنى په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ رووسيا، بەپێی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان "ئاماژه‌ى به ئاماده‌يى و رۆڵى كۆمپانيا رووسييه‌كان له هه‌رێمى كوردستان به‌تايبه‌تى له بوارى هاريكاريى وزه‌دا كرد. هه‌روه‌ها سوپاس و پێزانينى بۆ رووسيا دووپات كرده‌وه، كه له كاته سه‌خته‌كاندا، يارمه‌تيى هه‌رێمى كوردستانى داوه." هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر "گرنگيى پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى له عێراق و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، هه‌روه‌ها باسيان له ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان و، هه‌وڵه‌كان بۆ پێكهێنانى حكومه‌تى داهاتووى هه‌رێمى كوردستان كرد." ده‌رباره‌ى دۆخى سوورياش، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێ "پشتيوانيى خۆيان بۆ ئارامى و سه‌قامگيرى له وڵاته‌كه ده‌ربڕى و جه‌ختيان له پاراستنى مافه‌كانى كورد و ته‌واوى پێكهاته‌كان له سووريا كرده‌وه. هه‌ر له‌مباره‌يه‌وه تيكشيان خسته سه‌ر هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسييه‌كانى داعش له عێراق و سووريا و داكۆكييان له گرنگيى رێگرتن له سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى كرد." په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى ناوچه‌كه و چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوو.
ڕوانگەی سوریایی بۆ مافەکانی مرۆڤ کە چاودێری پێشهاتەکانی نێو سوریا دەکات، ڕایدەگەیەنێت ئەمەریکا بە شێوەیەکی بێ وێنە تانکی پێشکەوتووی بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کورد لە باکوور و ڕۆژئاوای سوریا کە بە ڕۆژئاوا ناسراوە، گواستووەتەوە. بەگوێرەی ڕاپۆرتێکى ڕوانگەکە، فڕۆکەکانی گواستنەوەی ئەمەریکا ڕۆیشتوونەتە بنکەی ئاسمانی خەراب ئەلجیر لە حەسەکە و کەرەستەی سەربازی پێشکەوتوو، لە نێویاندا سیستەمی ڕاداریان گواستووەتەوە بۆ ناوچەکە و هاوکات ژمارەیەکی بەرچاو هێزی سەربازیشیان لەو بنکەیە جێگیرکردووە. ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوەش دەکات 50 بارهەڵگری دیکەش کەرەستەی سەربازی و لۆجستیش لە هەرێمی کوردستانەوە رۆیشتوونەتە ڕۆژئاوا و دەڵێت هەلیکۆپتەرە سەربازییەکانی ئەمەریکا چاودێری کاروانەکەیان لە هەرێمی کوردستانەوە بەرەو بنکەی خراب ئەلجیر کردووە بۆ ئەوەی بەپارێزراوی بگاتە ئەو بنکەیە. دامەزراوەی ڕوانگەی سوریایی بۆ مافەکانی مرۆڤ کە بنکەکەی لە بەریتانیایە هەروەها نووسیویەتی "15 بارهەڵگری سووتەمەنی و بارهەڵگرەکانی تری مۆرکراو گواستراونەتەوە بۆ بنکەی قەسرۆک لە پارێزگای حەسەکە. ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە کە تورکیا بە چری لەهەوڵدایە بۆ ئەوەی ئەمەریکا و وڵاتانی ناوچەکە و هەروەها دەسەڵاتی نوێی سوریاش لەگەڵ خۆی بخات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کوردەکان لە ڕۆژئاوا. سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕۆژی سێشەممە دوای دیداری لەگەڵ ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆکی کاتیی سوریا، جەختی لە پێویستی هاوکاری ستراتیژیی نێوان تورکیا و سوریا کردەوە بە مەبەستی دروستکردنی پێکهاتەیەکی ئاسایشی ناوچەیی. سەرۆکی تورکیا وتی "ئەنکەرە پاڵپشتی حکوومەتی سوریا بە پێویست دەزانێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە ئەمنییەکانی داعش و هێزە کوردییەکان. هێزە کوردییەکانی ڕۆژئاوا کە سەرۆکایەتی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکەن، لەئێستادا هاوپەیمانێکی سەرەکی ئەمەریکان دژی هێزەکانی داعش و کۆنتڕۆڵی ئەو کەمپ و زیندانانە دەکەن کە ئەندامانی داعش و خێزانەکانیان تێیدایە.
سەڕەراى بوونى کەشێکى ساردوو باران بارین و سەرمایەکى زۆر، بەڵام هێشتا مامۆستایان لەژێر چادردان و درێژەیان بەمانگرتنەکەیانداوەو ئەمڕۆ مانگرتنەکەیان پێى نایە ڕۆژى دەیەمەوە. 13 مامۆستا و فەرمانبەری سلێمانی ماوەى ١٠ رۆژە مانگرتنیان لە خواردن ڕاگەیاندووەو داوای موچەو تەوتین و پێدانی شایستە داراییەکانی موچەخۆرانی هەرێم دەکەن. بەشێک لە مانگرتووەکان ناو بەناو دۆخی تەندروستییان تێکدەچێت و ڕەوانەی نەخۆشخانە دەکرێن. بەپێى خشتەى مووچەى وەزارەتى دارایی، ئەمرۆ پێنج شەمە، وەزارەتى پەرەوەردە مووچەى مانگى یەک وەردەگرن، شنە عەلى یەکێک لەمامۆستا مانگرتووەکان لە لێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت: ئێمە بەدابەشکردنى مووچەیەک مانگرتن ناشکێنین، بەشێکى زۆرى ئەوانەى هاتونەت لامان ئەوانیش دەڵێن بەردەوامدەبین لە بایکۆتکردنى هۆڵەکانى خوێندن تا ئەوکاتە سەرجەم داواکاریەکانمان جێببەجێدەکارێت، یان وەڵامێکى قایلکەرمان دەستدەکەوێت. دووشەممەى ڕابردوو، لە زۆربەی شار‌و شارۆچکەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆکانی دەوروبەری، مامۆستایان و فەرمانبەران بۆ پشتگیری‌کردن لە مامۆستا‌و فەرمانبەرە مانگرتووەکان ڕوویان لە سلێمانی کرد و خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.
وەزارەتی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ پێنجشەممە هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگى یەک بەسەر ئەفسەر و پێشمەرگەکانی سەر بەدیوانی وەزارەت و یەکهكانى پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە دابەش دەکرێت. لە ڕاگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانیدا وەزارەتی پێشمەرگەى حکومەتى هەرێم، بڵاویکردەوە، ڕۆژی پێنجشەممە بەرواری 6ی شوباتی 2025 هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگى یەکی 2025 بەسەر ئەفسەر و پێشمەرگەکانی سەر بەدیوانی وەزارەت و یەکهكانى پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە دابەش دەکرێت. ئەمەش دوای ئەوەی هاوکاریی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە خرایە سەر هەژماری وەزارەتی پێشمەرگە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی بوودجە و بەرنامەکان (ژمێریاری سەربازی)، ڕێکارە دارایی و ژمێریارییەکانی بەکۆتا هێناوە، بۆ ئەم مەبەستەش ڕۆژی پێنجشەممە 6ی شوباتی 2025 هاوکاری هاوپەیمانان بۆ مانگی یەک دابەشدەکرێت. وەزارەتی پێشمەرگە جەخت لەوە کراوەتەوە هاوکارییە داراییەکانی هاوپەیمانان بەردەوام دەبێت. لەم مانگە سەرووی(40) چل هەزار پێشمەرگە و ئەفسەرانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە لە رێگەی پرۆژەی هەژماری من هاوکاری هاوپەیمانان وەردەگرن. وەکو پشتیوانییەک بۆ پێشمەرگە و یەکخستنەوەی یەکجاریی هێزەکانی پێشمەرگە، هاوپەیمانان مانگانە نزیکەی 25 ملیۆن دۆلار دەدەنە وەزارەتی پێشمەرگە. ئەمریکا ساڵانە لە چوارچێوەی هاوکارییەکانی وەزارەتی بەرگری بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و تیرۆر، هاوکاریی ئەو هێزانە دەکات کە هاوبەشی ئەمریکا و هاوپەیمانانن لە بەرەنگاربوونەوەی داعش، لەنێویاندا هێزەکانی پێشمەرگە، هێزە عێراقییەکان و هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە. پێشتر، هاوکارییەکەی هاوپەیمانان دەدرایە مووچەی لیوا هاوبەشەکان، بەڵام دوای ئەوەی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە کەوتە ئەستۆی حکومەتی عێراق، ئەو بڕە پارەیە دابەشی سەر لیواکانی پیادە دەکرێت، بەدەر لە مووچەکەی خۆیان.