لەڕاگەیەندراوێکیدا دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕایدەگەیەنێت لەشاری هەولێر ژنێک لەسەر کێشەی کۆمەڵایەتی لەلایەن براکەیەوە دەکوژرێت و هەڵدێت، لە شاری کۆیە خۆی حەشاردابوو بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، توانرا لە ٢٠٢٥/١/١٥ تۆمەتبار دەستگیرکراو ئەو چەکی تاوانەکەی پێ ئەنجامدرابوو دەستیبەسەرداگیرا. دەقی ڕاگەیەندراوەکەی ئاسایش ڕۆژی ٢٠٢٥/١/١١ لەشاری هەولێر بەهۆی کێشەی خێزانییەوە ژنێک بەناوی(ژ، ی، ت) لەلایەن براکەیەوە دەکوژرێت و پاش ئەنجامدانی تاوانەکە تۆمەتبار هەڵدێت. دوای بڵاوبونەوەی هەواڵەکە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەزگای ئاسایشی هەرێم، لەپێناو دەستگیرکردن و دۆزینەوەی تۆمەتبار دەستبەجێ بەدواداچوونی ورد لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژهەڵاتی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی بەهاوکاری بەڕێوەبەرایەتی تەکنەلۆجیای زانیاری ئەنجام دەدات و دوای بەدەستهاتنی زانیارییەکان دەردەکەوێت تۆمەتباری رووداوەکە لە شاری کۆیە خۆی حەشارداوە و بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، توانرا لە ٢٠٢٥/١/١٥ تۆمەتباری بکوژ بەناوی(ت، ی، ت) دەستگیربکەن و ئەو چەکی تاوانەکەی پێ ئەنجامدرابوو دەستیبەسەرداگیرا. لەئێستادا تۆمەتبار بەماددەی (٤٠٦) لەیاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکەی بەردەوامە.
ــ ٢٣٠ کارمەندن ماوەى هەشت ساڵە بەخۆبەخشانە کاردەکەن ــ ئەو ساڵانەی وەک خۆبەخش کارمان کردووە، بە خزمەت بۆمان ئەژمار بکرێت ــ نەخۆشخانەی هیوا 2007 کراوەتەوە تایبەتە بە چارەسەرکردنی تووشبووانی شێرپەنجە ماوەى هەشت ساڵە ٢٣٠ کارمەندى خۆبەخش لەنەخۆشخانەى هیوا لەشارى سلێمانى دەوام دەکەن، ئەمرۆ یەکشەمە بەشێک لەو کارمەندانە لەبەردەم نەخۆشخانەکە گردبوونەوە داوایانکرد دابمەزرێت و بکرێن بە هەمیشەیی. ئەو خۆبەخشانە لەکۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا بەیاننامەیەکیان خوێندەوەو تیایدا چەند داواکارییەکیان ئاراستەی سەرۆکایەتى پەرلەمان، حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە کرد. رێبین عومەر، وەک نوێنەری خۆبەخشانی نەخۆشخانەی هیوا، وتى: ئەم ٢٣٠ کارمەندە زیاتر لە هەشت ساڵە بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی دارایی حکومەتەکەمان، خۆبەخشانە و خۆنەویستانە بەوپەڕی توانامانەوە کارمان کردووە، ئێستاش بە پێویستی دەزانین بۆ بەرەوپێشچوونی زیاتر و خزمەتکردنی باشترمان، لەگەڵ گۆڕانکارییە داراییەکان هەوڵێکی جیدیتر بۆ ئێمەش بدرێت. نەخۆشخانەی هیوا ساڵی 2007 لە سلێمانی کراوەتەوە و تایبەتە بە چارەسەرکردنی تووشبووانی شێرپەنجە. ئەوان لەکۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەیاندا زۆر جەختیان لەسەر دامەزراندن بە شێوەی هەمیشەیی کردەوە، لەبەشێکى دیکەى کۆنگرەکە ڕایانگەیاند: پێویستە ئەو ساڵانەی وەک خۆبەخش کارمان کردووە، بە خزمەت بۆمان هەژمار بکرێت، چونکە وەک خۆبەخشێک ئەوە سەرەتاییترین مافی خۆمانەو لەو ماوەیەدا بەبێ جیاوازی، هاوشێوەی هاوڕێ دامەزراوەکانمان دەواممان کردووە.
ناوەندى ڕاگەیاندنى هێزەکانى سوریاى دیموکرات، ڕایدەگەیەنن، لەوەڵامى بۆردومانەکانى تورکیاى داگیرکار، لە باشووری مەنبەج ژمارەیەک چەکدار کوژران و ئۆتۆمبێلەکانیان تێکشکێنراون. بەپێى راگەیەندراوەکەى هەسەدە کە ئەمرۆ یەکشەمە، بڵاویکردەوە دەڵێت تورکیا بەردەوامە لە دەستدرێژییە ئاشکرا و ئاشکراکانی بۆ سەر ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، و هەموو ڕۆژێک تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام دەدات، بە بۆردومانکردنی گوندەکانز هەسەدە دەڵێت: بەرەبەیانی شەممە و تائێوارە، داگیرکاریی تورکیا بە بۆردومانێکی سەرەتایی بە تۆپخانەی قورس لەسەر گردەکەی بەردەم گوندی "خربەت ئەلزەمالە" لە بەنداوی تیشرین دەستی پێکرد، پاشان بەکرێگیراوەکان دەستیان بە هێرش کروە، شەڕڤانان ڕووبەڕوویان بوونەوەو ژمارەیەک کوژران و برینداریان هەبوەو ئەوانی دیکە هەڵهاتن، پشتڕاستکرایەوە ٣ بەکرێگیراو کوژراون. ڕاگەیەندراوەکە ئاماژە بەوەدەکات، کاتێک بەکرێگیراوەکان هەوڵیانداوە تەرمی مردووەکانیان ببەن، بە درۆن سێ گردبوونەوەی بەکرێگیراوان و ئۆتۆمبێلەکانیان کراوەتە ئامانج، ئۆتۆمبێلێکی گواستنەوەی سەربازو پیکابێکێک بووە بەهۆیەوە ژمارەیەک بەکرێگیراو کوژران و برینداربوون. هەروەها دەشڵێن لە دەوروبەری گردی "سیریاتێل" تانکێک و ئۆتۆمبێلێکی هەڵگری چەکی دوشکەی دوژمن، کرایە ئامانج و شەڕڤانان دوو بەکرێگیراویان کردە ئامانج و بەدڵنیاییەوە هەردووکیان لێیاندراوە. لە بەرەی دێر حەفەر؛ بەکرێگیراوان بە گولـلە هاوەن خاڵێکی پشکنینی ناوچەکەیان کردە ئامانج و بەو هۆیەوە هاووڵاتییەکی مەدەنی بریندار بوو.
مەزلوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دووپاتی کردەوە کە هێزەکەیان بڕیاری ڕادەستکردنی چەکەکانیان یان هەڵوەشاندنەوەی خۆیان نەداوە، بەڵکو دەیانەوێت بچنە ناو سوپای داهاتووی سوریاوە. هاوکات هۆشداریشیدا لەوەی هەر ڕێگایەکی تر جگە لە دانوستان لەسەر پرسی یەکگرتنەوە هێزەکان بۆ ناو وەزارەتی بەرگری کێشەی گەورەیان لێدەکەوێتەوە، بەپێی دەربڕینەکانى ئەو. لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی ئەلعەرەبییە، مەزڵوم عەبدى ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان بانگهێشت نەکراون بۆ کۆبوونەوەى یەکخستنی گروپەکان لە وەزارەتی بەرگری، هەروەها ئەنجامی کۆبوونەوەی ئەحمەد شەرع لەگەڵ گروپەکان پەیوەندییان بەوانەوە نییە چونکە ئەوان بەشێک نین لەو گروپانە. ههروهها ئهوهشى خستهڕوو پێشنیازی پێکهێنانی لیژنهیهكى سهربازى هاوبهشیان كردووه بۆ لێكۆڵینهوه له پرسى یهكگرتنهوهى هێزهكان، ئهویش دژى ئهو بیرۆكهیه كه سوریا خاوهنى دووسوپاى جیاوازبێت. فهرماندهى ههسهده، ئاماژەی بەوەشکرد، پەیوەندی لەگەڵ سەرۆکی نوێی ئیدارە، ئەحمەد شەرع، بە کردار دیاری دەکرێت نەک بە قسە، سەبارەت بە بوونى هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا ڕوونی کردەوە کە بوونیان گرنگە بۆ لێک نزیککردنەوەی دیدگاکان. مەزلوم عەبدی جەختی لەوە کردەوە کە ئێران فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆ دابین نەکردوون، جەختیشی لەوە کردەوە کە پێویست بە چەک لە ئێرانەوە ناکات. ناوچە بەرفراوانەکانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا لەژێر کۆنترۆڵی ئەو ئیدارە خۆسەرەدایە کە لەدوای سەرهەڵدانی ململانێکان لە سوریا لە ساڵی 2011 لەلایەن کوردەکانەوە دامەزرا، هەروەها کشانەوەی هێزەکانی حکومەت لێیان بەبێ ڕووبەڕووبوونەوە. ئەو کوردانەی ڕووبەڕووی داعش بوونەتەوە، دامەزراوەی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی و سەربازییان بنیات ناوە، بە درێژایی ساڵانی ململانێ، هەوڵی پاراستنی دەستکەوتەکانیان دەدا، لە کاتێکدا حکومەتی پێشوو تۆمەتباریان دەکرد بەوەی مەیلی "جیاخوازی"یان هەیە. شاندێکی هێزەکانی سوریای دیموکرات کە بڕبڕەی پشتیان شەڕڤانانی کوردە و واشنتۆن پشتیوانی دەکات، لە 30ی کانونی یەکەمدا لەگەڵ سەرۆکی ئیدارەی نوێی دیمەشق، ئەحمەد شەرع، لە یەکەم دانوستانی نێوان هەردوولا لە دوای دەرکردنی بەشار ئەسەد لە سەرەتای ئەو مانگەدا.
بەڕێوەبەری گشتیی پزیشکی دادى پارێزگاى کوردستان (سنە) ڕایگەیاند: لە ناوەڕاستى مانگى سێ وە تا ناوەڕاستى مانگی یەکى ئەمساڵ واتە (١٠) مانگ، ٣٩٩ حاڵەتی گیانلەدەستدان بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆ لەسنورى ئەو پارێزگایە تۆمار کراوە، بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵى ڕابردوو بە ڕێژەی ١٠% زیادی کردووە. بێهزاد غەزانفەر پوور، بە ئاژانسى ئیرناى ئێرانى ڕایگەیاندوە: لە کۆی ئەو ٣٩٩ کەسەی کە بە ڕووداوەکانى هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە، ٨٩ کەسیان ژن و ٣١٠ کەسیان پیاو بوون. بەڕێوەبەرى پزیشکى دادى سنە، ئاماژەی بەوەشکرد لە ماوەى ١٠ مانگى ڕابردوودا، 28 حاڵەتی گیانلەدەستدان بەهۆی سوتانەوە لە سنورى سنە ڕوویداوە، کە 13 یان ژن و 15یان پیاو بوون، لەکاتێکدا ئەم ڕێژەیە بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی 16% زیاترە. بێهزاد غەزانفەر پوور، بەڕێوەبەری گشتیی پزیشکی دادی لە کوردستان، ژمارەی ڕووداوى خنکانى لە ١٠ مانگدا بەمجۆرە خستەڕوو دەڵێت: ١٣ ڕوداوى خنکا هەبووە، ئەم ژمارەیە بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی 40% کەمیکردووە. ئەو بەر پرسە حکومیە ئەوەشى ئاشکراکرد، حەوت کەس بەهۆى لێدانی کارەباوە، 12 کەسیش بەهۆی ژەهراویبوون بەغاز گیانیان لەدەستداوە، هەروەها وتیشى: لە ١٠ مانگى رابردوو لەکۆی 963 رووداو کە رەوانەى پزشکى دادى کراون، 143 یان بە هۆکاری سروشتی گیانیان لەدەستداووە.
عەلی حەمە ساڵح، سەرۆکی ڕەوتی هەڵوێست، لە وەڵامی کۆنگرە رۆژنامەنووسیەکەی شاسوار عەبدولواحید لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تایبەت بە خۆی دەڵێت: دەستبەرداری فێڵ و فریودان نابێت، بە فێڵێکی ساختەی عاتفی دەیەوێت ئەوەی تورکیا داپۆشێت، لە کۆتاییشدا دەڵێت ئەنجام دەبینین. لەنوسینێکیدا لە پەرەى تایبەتى خۆى لەتۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبووک عەلى حەمە ساڵح، سەرۆکى ڕەوتى هەڵوێست وەڵامى سەرۆکى جوڵانەوەى نەوێى داوەتەوە. ئەو دەڵێت: بەفێڵێکى ساختەى عاتیفى دەیەوێت ئەوەى تورکیا دابپۆشێت ئەنجام دەبینین، وتیان: ڕۆشتین لەگەڵ جێگری هاکان فیدان کۆبوینەوە بۆ تەشکیلی حکومەت! دەڵێ: لەگەڵ پارتی دانوستانمان کردوەو تائێستا شەش کورسیان پێداوین!، سەرباری هەڕەشەو فشاری یەکێتی، ناڵێت: لە دانوستان کشاوینەتەوە!، دەزانن ئەگەر سەرۆکایەتی پەرلەمان دیاری بکرێت، لیستی یەکەم سەرەتا ڕادەسپێرێ بۆ پێکهێنانی حکومەت (پارتیە). عەلى حەمەساڵح لەکۆتاییدا دەڵێت: ئێمەو یەکگرتووش ژمارەمان لەگەڵ یەکێتی کۆبکرێتەوە هەر لە پارتی زیاتر نابێ! ئیتر چۆن تەکلیف دەکرێت!. ئێوارەی ئەمرۆ شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاندبوو لەم دۆخەدا بەشداری حکومەت ناکەین و وەک ئۆپۆزسیۆن دەمێنینەوە، ئەوەشى خستەڕوو با لایەنەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی لەسەر سەرۆک وەزیران رێکبکەون ئێمە دەنگیان پێدەدەین و پۆستیشمان ناوێت.
فواد حسێن وەزیرى دەرەوەى عێراق دەڵێت، کاتێک سەردانى تارانمان کرد لەگەڵ سەرۆک وەزیرانى عێراق، بە ئێرانیەکانمان وت پرسەکانمان بە تەنیا خەمی عێراقییەکانە، هەندێک هەڵوێستی ئێران کە لە میدیاکانەوە لەسەر هەندێک بابەت بڵاودەکرێنەوە، پێچەوانەی دیدگای ئێمەن، بەڵام لە کۆتاییدا دەبێت بڕیاری کۆتایی عێراقی بێت. لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەى شەرق ئەوسەت، فواد حسێن وەزیری دەرەوەى عێراق، رایدەگەیەنێت عێراق لە شەڕ ڕزگاری بووە، بەڵام هێشتا ڕووبەڕووی مەترسیی شەڕ بووەتەوە، هەروەها وتیشى: ئێستا جیهان بەشێوەیەکی تر دەڕوانێتە ئێمە، بەڵام عێراقییەکان کێشەکانیان لەگەڵ گروپە چەکدارەکان هەیە، هیچ کەسێک جگە لەوان چارەسەری ناکات، تەنانەت ئەگەر ئێرانیش لەگەڵیان ناکۆک بێت، یان سەرۆکی ئەمریکا کە هیچ سۆزێکى بۆ بەغدا و تاران نییە. فواد حسێن وەزیرى دەرەوەى عێراق دەڵێت، کاتێک هەشتى ئەم مانگە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانى عێراق، چوینە تاران، لەسەر پرسەکا ناوخۆییەکانى عێراق بەوانمان وت پرسەکانمان بە تەنیا خەمی عێراقییەکانەو دەبێت دوابڕیار عێراق بیدات. ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێمە دەستمان بەم کەیسە کردووەو پێویستمان بە ماوەی دیاریکراو هەیە بۆ ئەوەی بگەینە ئەنجام. ڕوونە کە ئێمە بە هەندێک میکانیزمەوە پابەندین و پێشنیاری جیاواز هەیە. ئەو وتیشى: بۆ نموونە گروپەکان بەشێک بن لە هێزەکانى بەرگرى و یاسایی بن، هەروەها تێزێکی تر هەیە کە داوا دەکات چەکەکانیان ڕادەست بکەن تەنها ببنە قەوارەی سیاسی، بیرۆکە زۆرن، بەڵام لە کۆتاییدا دەبێت بگەینە تێگەیشتنە ناوخۆییەکان و خۆمان لە دروستکردنی دۆخێک بەدوور بگرین کە ڕەنگە خوا نەکات شەڕی ناوخۆیی لێبکەوێتەوە ئەمەش جێگەی قبوڵکردن نییە. فوئاد حسێن ئاماژە بەوەدەکات، 2024 بۆ ئەوان زۆر قورس بوو، وتى: چونکە ئێمە مامەڵەمان لەگەڵ ناوەندەکانی دەسەڵات و ئەو وڵاتانەدا دەکرد کە پەیوەندییەکی پتەومان لەگەڵدا نییە ئێستا عێراق لە ناوچەیەکدایە کە ئاگرەکە هێشتا دەسووتێت. پرسیارەکە هەر ماوەتەوە: چۆن خۆت لەم ئاگرە دەپارێزیت؟ ئەو هەوڵانەی ساڵی ڕابردوو دامان لە ماوەی داهاتوودا دوو هێندە دەبێت، لە پێناو پاراستنی عێراق لە دۆخێکی سەقامگیریدا، دوور لە شەڕ و ململانێکان.
شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، لەم دۆخەدا بەشداری حکومەت ناکەین و وەک ئۆپۆزسیۆن دەمێنینەوە، ئەوەشى خستەڕوو با لایەنەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی لەسەر سەرۆک وەزیران رێکبکەون ئێمە دەنگیان پێدەدەین و پۆستیشمان ناوێت. ئەمڕۆ شەممە ١٨ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٥، فراکسیۆنی نەوەی نوێ دەربارەی بەشداریکردن لەحکومەت کۆبوونەوەو لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییەدا شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، ئەگەر تا چوارشەممەی داهاتوو پەرلەمانی کوردستان کۆنەبێتەوە، ئەوا محەمەد سلێمان، سەرۆکی کاتی ئێستای پەرلەمانی کوردستان. دەست لەکار دەکێشێتەوە. شاسوار عەبدولواحید، وتیشى: بۆ پێکهێنانی حکومەت، یەکێتی جارێک و پارتی دوو جار سەردانی کردوون، بەڵام ئەوان بڕیاری خۆیان داوە و وەکو ئۆپۆزیسیۆن دەمێننەوە. سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ دەڵێت، شاندی پارتی پێیان گوتوون جگە لە پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئامادەن گفتوگۆ لەسەر هەموو پۆستەکانی دیکە بکەن، "بەڵام ئێمە بڕوامان بەو قسانە نییە و ناچینە حکومەتێکەوە ئەگەر دەسەڵاتمان نەبێت". بەوتەی شاسوار عەبدولواحید، بەڵێنیان پێدراوە وەزارەتەکان بە هەموو پۆستەکانی دیکەوە بە نەوەی نوێ بدەن، 30 بەڕێوەبەری گشتی، 20 وەکیل وەزیر و چەندین پۆستی دیکە، بەڵام "متمانەمان نییە" و بەشداری لە حکومەت ناکەن. سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ باسی لەوە کرد، پارتی رازی بووە 6 وەزارەتیان پێبدات بە تەواوی پۆستەکانەوە، بەڵام قبووڵیان نەکردووە. وتیشی، جگە لە وەزارەتەکان، پێشنیازی 50 پۆستیان بۆ کراوە. شاسوار عەبدولواحید لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا، وتیشى: دەمانەوێت حکومەتى داهاتوو کێشەکان چارەسەر بکات بەتایبەتى کێشەى مووچە لەگەڵ بەغدا.
ماجید ئەنساری، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ئەمڕۆ (شەممە) ڕایگەیاند: ئاگربەست لە کەرتی غەززە، سبەی یەکشەممە کاتژمێر ٨:٣٠ خولەکی بەیانی بە کاتی ناوخۆی قەتەر دەستپێدەکات، حەماس پێش هەر ڕۆژێک لیستی زیندانییە ئازادکراوەکانی فەلەستینی بڵاودەکاتەوە. وتەبێژەکەى وەزارەتى دەرەوەى قەتەر ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامۆژگاری براکانمان دەکەین کە خۆپارێزی بکەن و ئەوپەڕی وریا بن و چاوەڕێی ڕێنماییەکانی سەرچاوە فەرمییەکان بکەن، ئەمە لەسەر بنەمای کۆدەنگی نێوان لایەنەکانی ڕێککەوتنەکە و ناوبژیوانان هاتە ئاراوە. وەزارەتی ناوخۆ لە کەرتی غەززە پێشتر ڕایگەیاندووە، هەر کە ڕێککەوتنی ئاگربەست کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، دەست بە بڵاوەپێکردن لە سەرجەم ناوچەکانی کەرتی غەززە دەکات، هەروەها داوای لە هاوڵاتیان کرد موڵک و ماڵی خۆیان بپارێزن و خۆیان لە هەر کارێک بەدوور بگرن کە ڕەنگە ببێتە هۆی مەترسی لەسەر ژیانى ئەوانى تر. وەزارەتی دادی ئیسرائیل هەروەها ڕایگەیاند کە ٧٣٧ بەندکراوی فەلەستینی لە بەرامبەر ئازادکردنی وەجبەی یەکەمی بارمتە ئیسرائیلییەکان ئازاد دەکات، ئەمەش لە چوارچێوەی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە. لە بەرامبەردا حەماس ئەمڕۆ (شەممە) ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی میکانیزمێکدا کە لە مەرجەکانی ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیلدا لەسەری ڕێککەوتوون، لیستی ئەو زیندانییە فەلەستینییانە بڵاودەکاتەوە کە پێش هەر ڕۆژێکی ئاڵوگۆڕکردن ئازادکراون. نووسینگەی ڕاگەیاندنی زیندانیانی حەماس لە بەیاننامەیەکدا زیادی کرد: میکانیزمی ئازادکردنی زیندانییەکان پەیوەستە بە ژمارەی ئەو زیندانییە ئیسرائیلییانەی کە حەماس بە نیازە ئازادیان بکات، ئەمەش پڕۆسەیەک بە درێژایی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنەکە درێژدەبێتەوە. ڕۆژی هەینی، دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل ناوی 95 دەستگیرکراویان دەستنیشانکرد کە ڕۆژی یەکشەممە ئازاد دەکرێن، کە زۆربەیان ژن و کەم تەمەنن، زۆربەیان لە دوای 7ی ئۆکتۆبەر دەستگیرکران، ئاماژەیان بەوەدا کە ڕێوشوێنیان گرتووەتەبەر "بۆ ڕێگریکردن لە هەر ئاهەنگێکی گشتی". لەگەڵ ئازادکردنیان. هەروەها ئیسرائیل ژمارەیەک زیندانی فەلەستینی بە سزای درێژخایەن ئازاد دەکات، لەوانە زەکەریا زوبێدی، سەرکردەی پێشووی لیواکانی شەهیدانی ئەقسا، باڵی چەکداری فەتح.
پێشکەشکارى کەناڵى العربیە، ریم بوقمەرە، لەتۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک ئەم وێنەیەى خۆى و مەزڵوم عەبدى بڵاوکردوەتەوەو ئاماژە بەوەدەکات مەزڵوم عەبدى پێى وتوە ناچێت ئەمریکا بۆ مەراسیمى دەسبەکاربوونى ترەمپ، چونکە پاسپۆرتى نیە، هەروەها وتوشیەتى ئەمە یەکەم سێڵڤیەتى لەژیانیدا کە گرتویەتى. ئەو پێشکەشکارە دەڵێت: دیدارێکى ڕۆژنامەوانیم لەگەڵ فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات مەزلوم عەبدى سازداوەو پێى وتووم ناچێت بۆ مەراسیمى دەستبەکاربوونى ترەمپ، نەک لەبەر هۆکاری ئەمنی، بەڵکو لەبەر ئەوەی پاسپۆرتی نییە بەناوی مەزلوم عەبدیەوە. ریم دەشڵێت لە گفتوگۆکەماندا زۆر دۆسیەمان وروژاندوە کە بۆ یەکەمجارە باسیان دەکات، دەربارەی دیدارەکەی لەگەڵ مەسعوود بارزانی و پەیوەندییەکەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، هەروەها سەردانەکەی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا، دەربارەی ئێران و تورکیا. ئەوەش دەخاتەڕوو لە کۆتایی گفتوگۆکەدا مەزڵووم عەبدى پەیامی ڕاستەوخۆی پێشکەش بە هەندێک سەرکردەی سیاسی کردوە. بڕیارە لەچەند رۆژى داهاتوو ئەو دیدارە لە کەناڵى العربیەوە پێشکەش بکرێت. پێشکەشکارى کەناڵى العربیە، ریم بوقمەرە، وتیشى: ئەم وێنەیەمان گرتووە، دواتر مەزڵوم عەبدى پێى ووتوم ئەمە یەکەم سێڵفیە لەژیانیدا گرتوویەتى.
بەپێى راپۆرتى سەنتەری میترۆ، ساڵی ڕابردوو (2024) 182 پێشێلکاری بەرامبەر 176 رۆژنامەوان و دامەزراوەی میدیایی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە، پێشێلکارییەکان 22٪ کەمبوونەتەوە بەراورد بە ساڵی 2023. ئەمرۆ شەممە لە مەراسیمێکدا، سەنتەری میترۆ راپۆرتی ساڵی 2024ـی رەوشی ئازادیی رۆژنامەوانی لە هەرێمی کوردستان لەژێر ناوی "یاسا بۆ ئەرشیڤ نییە؛ یاساکانمان گۆڕین، بەڵام جێبەجێکردنیان سەنگی مەحەکە" بڵاوکردەوە. بەپێى ناوەڕۆکى راپۆرتەکەى سەنتەرى میترۆ، ساڵى ڕابردوو 182 پێشێلکاری بەرامبەر 176 رۆژنامەڤان و دامەزراوەی میدیایی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون. بەپێى ئامارو داکاتانى ناو راپۆرتەکە، پێشێلکارییەکان 22٪ کەمبوونەتەوە بەراورد بە ساڵی 2023 کە ئەو ساڵە 231 پێشێلکاری لەلایەن ئەو سەنتەرەوە تۆمارکرابوون. هەر بەپێی راپۆرتەکە، 103 رێگری لە رۆژنامەڤانان تۆمارکراوە، 24 دەستبەسەرکردنی رۆژنامەڤانان بەبێ بڕیاری دادگە، 6 هێرشی ئەلیکترۆنی، 17 دەستبەسەرداگرتنی کەلوپەلی رۆژنامەڤانی و 2 شکاندنی کەلوپەلی رۆژنامەڤانی تۆمارکراون. 10٪ـی ئەو رۆژنامەڤانانەی پێشێلکارییان بەرامبەر تۆمارکراوە، مێ بوون و 90٪ـی دیکە نێر بوون. لەکۆتایی راپۆرتی سەنتەری میترۆدا کۆمەڵێک راسپاردە هەن کە داوا دەکات جێبەجێ بکرێن لەپێناو باشترکردنی دۆخی رۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان، لەنێویاندا "پێداچوونەوە بە بڕیارە دادوەرییەکان کە ئازادیی رۆژنامەنووسی زەوت دەکەن، کارکردن بۆ پاراستنی ئازادیی رادەربڕین و رۆژنامەگەری، رەچاوکردنی فرەیی میدیایی لە پێدانی زانیاری، کۆتاییهێنان بە سیاسەتی بەرتەسککردنەوەی جووڵەی رۆژنامەنووسان لەسەر سنوورەکان، دەرکردنی رێنمایی بۆ یاسای پێدانی زانیاری و کۆتاییهێنان بە دیاردەی دەربازبوون لە سزا لە هەر تووندوتیژییەک بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان". سەنتەری میترۆ لە ساڵی 2009 دامەزراوە، بە هاوکاریی رێکخراوی پەیمانگەی رۆژنامەوانی جەنگ و ئاشتی، بە ئامانجی چاودێری رەوشی ئازادی رۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان.
جەمیل بایک هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە، رایدەگەیەنێت، لە پڕۆسەی دوای دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، لێدوانەکانی ئەردۆغانى سەرۆک کۆماری دەوڵەتی تورک و ئاکەپە بە مەبەستی چارەسەری نییە، بەڵکو بۆ قۆڵکردنەوەی کێشەکانە. لە دیدارێکى رۆژنامەوانیدا، جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)، باس لەدیدارەکانى ئیمرالى دەکات و دەڵێت هەرچەندە شاندەکە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا کۆبوونەوە، بەڵام گۆشەگیری بەردەوامەو کۆتایی نەهاتووە. لەو بارودۆخەی گۆشەگییردا ڕێبەر ئاپۆ ناتوانێت ڕۆڵی خۆی بگێڕێت. ئەو وتیشى: ئەگەر دەوڵەتی تورک بەڕاستی دەیەوێت کێشەکانی تورکیا چارەسەر ببن، پرسی کورد لە نێو ئەو پرسانەدا پرسێکی بنەڕەتییە. ئەمە لەم مانگانەی کۆتاییدا زۆرتر ڕوونبووەوە بۆئەوەی کێشەکان چارەسەر ببێت، دەبێت کۆتایی بە گۆشەگیری بهێنێت، لە نێو هەلومەرجی گۆشەگیرییدا داوای چارەسەری لە ڕێبەر ئاپۆ دەکەن، ئەمە کارێکی نا مرۆڤانە، نا ئەخلاقی و نا یاساییە. جەمیل بایک جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە کە ئاپۆ لەژێر گۆشەگیرییەکی ڕەهادایە، لە ژێر گۆشەگیرییەکی لەم شێوەیەدا چۆن بتوانێت ڕۆڵی خۆی جێبەجێ بکات!. هەروەها دەڵێت: ئاپۆ دەبینێت تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە پرسی زۆر قوڵ و جددیدا تێپەڕدەبن. بۆیە دەیەوێت ئەم پرسانە چارەسەر بکات. یانی ڕۆڵێکی مێژووی دەگرێتە ئەستۆی خۆی. خواستێتی خزمەتێکی گەورە بە گەلی کورد، گەلی تورکیا، گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مرۆڤایەتی بکات. هاوسەرۆکی کەجەکە لەبەشێکى دیکەى دیدارەکەیدا ئاماژە بۆ پەیامە حەوت خاڵیەکەى ئۆجەلان دەکات، دەڵێت: کاتێک کە ڕێبەر ئاپۆ ئەم ٧ خاڵەی دیاری کرد، لە نێو کۆمەڵگەی تورکیادا ئاسوودەیەکی هێنایە ئاراوە. ئەمە داهاتووی گەلانی تورکیای دیاری کرد. بۆیە دەڵێین ئەمە مانیفێستێکە. وەک چۆن ڕێبەر ئاپۆ بەم شێوەیە ڕۆڵی خۆی دەربڕی، دەبێت دەوڵەتی تورکیش بە ئاشکرا بیرکردنەوە و ڕوانگەی خۆی دیاری بکات. جەمیل بایک ئەوەدەخاتەڕوو، ئەو شاندەی کە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا چاوپێکەوتنی کردوە، قسەیانکردوەوەو دەڵێن، هەڵوێستی دەوڵەتی تورک لە بابەتەکەدا ڕوون نییە. وەک چۆن ڕێبەر ئاپۆ بۆ پرسەکانی تورکیا پەرەی بە چارەسەرییەکاندا، دەبێت دەوڵەتی تورکیش بە ئاشکرا لەم بابەتەدا ڕوانگەی خۆی دەربڕێت. وەڵامییان چی بێت، چی هەنگاوێ هەڵگرن، دەبێت دیاری بکەن. هەمووان لە چاوەڕوانی ئەمەدایە. ئەو وتیشى: دەوڵەتی تورک لەم بابەتەدا هەنگاوی نەناوە، بۆیە ئەمە گومان درووستەکات. دەبێت ئەم گومانە بڕەوێتەوە، شەڕێک لە ئارادایە و ئیدی گەیشتووە بە کوردستان. کوردستان چارەنووسی هەموو کەس و لایەنێک دیاری دەکات. بۆیە هەندێک ناوەند و لایەن هەیە لەسەر کوردستان شەڕ دەکەن. یانی هەر لایەنێک کوردستانی دەستهێنا ئەوا ئەنجامی بەدەستهێناوە.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات، ڕایدەگەیەنێت کۆبونەوەکەیان لەگەڵ فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی (سنتكۆم)، كۆبونەوەیەکى گرنگ بووە بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی ئێستای سوریاو ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان دژی داعش. لەچەند رۆژى رابردوودا، جەنەڕاڵ مایكل كۆریلا فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سنتكۆم)، سەردانی رۆژئاوای کوردستانی کرد و لەگەڵ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات کۆبویەوە. لەتۆڕى کۆمەڵایەتى (ئێكس) مەزڵوم عەبدی، فەرماندی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات نوسینێکى بڵاوکردوەتەوە دەڵێت: بەم دواییانە چاومان كەوت بە جەنەڕاڵ مایكل كۆریلا، جەنەڕاڵ لایهی كیڤن، فەرماندەی هێزی هاوبەشی پێداگری پۆڵاین، جەنەڕاڵ مایكل برۆكس، فەرماندەی هێزی ئەركی هاوبەشی ئۆپراسیۆنە تایبەتەكان لە وڵاتی شام. فەرماندەی گشتی هەسەدە ئاماژە بەوەدەکات: لەو کۆبونەوەیە جەختیان لە هەوڵە نێودەوڵەتیان كردەوە بۆ سەرلەنوێ ئامادەكردنەوەی خێزانەكان لەناوی كەمپی هۆل و كۆنتڕۆڵكردنی زیندانەكان. هەروەها دەڵیت جەختمان لە گرنگی بەهێزکردنی هاوبەشییەکە و ڕۆڵی ئەمریکا لە بەدیهێنانی ئاگربەستێکی هەمیشەیی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا و دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە سەرتاسەری وڵاتدا کردەوە. پێشتریش فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا ڕایگەیاندبوو، مایکل کۆرێلا سەردانی سووریای کردووە و لەگەڵ فەرماندەکانی هێزەکانی ئەمریکا و هێزەکانی سووریای دیموکرات کۆبووەتەوە، هەڵسەنگاندنێکی گشتی بۆ شەڕی داعش و ڕێگاکانی ڕێگریکردن لە سوودوەرگرتن لە دۆخی ئێستای سووریا کردووە.
ئەمرۆ مەزڵوم عەبدى فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و مەسعود بارزانی کۆبونەوە، لەکۆبونەوەکە بارودۆخی سووریا و دوا پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی سووریا کراوە، هەروەها جەخت لەسەر ئەوەکراوەتەوە سووریا بەبێ دەستوەردانی هیچ لایەنەک و بە ڕێکاری ئاشتیانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن. بەپێى راگەیەندراوێکى بارەگاى بارزانى، ئێوارەی ئەمرۆ پێنجشەممە 16ی کانوونی دووەمی 2025 لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی و مەزلووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات کۆبونەتەوە. بەپێى راگەیەندراوەکە لەو دیدارەدا بارودۆخی سووریا و دوا پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی سووریا و هەروەها چوارچێوەی گشتیی مامەڵەکردنی لایەنە کوردییەکان لەگەڵ بارودۆخی تازەی سووریا و چۆنیەتیی گرتنەبەری هەڵوێستێکی هاوبەشی لایەنە کوردییەکانی سووریا تاوتوێ کرا. هەروەها جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە لایەنە کوردیەکانی سووریا بەبێ دەستوەردانی هیچ لایەنەک و بە ڕێکاری ئاشتیانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و لەپێناو زامنکردنی مافەکانیان بە یەکڕێزی و یەکهەڵوێستیی هاوبەش لەگەڵ حکومڕانانی تازەی سووریا بگەنە لێک تێگەیشتن و ڕێککەوتن، و فاکتەری ئاشتی و سەقامگیری بن و ڕێگری بکەن لە دووبارەبوونەوەی ئەو نەهامەتیانەی بەسەر گەلی کورد و پێکهاتەکانی تری سووریادا هاتوونە.
نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی نێوان مەزڵوم عەبدی و مەسعود بارزانی لە هەولێر، پشتڕاستکردەوەو ڕایگەیاند دیدارەکە بۆ "ڕێکخستنی نێو ماڵی کوردی و یەک هەڵویستی کوردە لەم قۆناغەی سوریادا." فەتحوڵا حوسەینی، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە هەرێمی کوردستان کە نووسینگەکەی لە شاری سلێمانیە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندوە، "کۆمەڵێک مەلەفات هەیە کە دەبێت قسەی جدییان لەبارەوە بکرێت، بە نموونە پارتی کە نزیکایەتی زۆری لەگەڵ تورکیا هەیە پێداچوونەوە بە پەیوەندیەکانی بکات و لەو هێڵە دووربیت کە بەرژەوەندی کورد دەخاتە مەترسیەوە. وتیشى: لەلایەکی تریش پارتی لەڕێگەی مسعود بارزانیەوە کار بۆ ئەوە بکات پەیوەندیەکانی تورکیا باشتربیت لەگەڵ کورد دا و هێرشەکانی لەسەر کورد ڕابگرێت." بەوتەى نوێنەرەکەى خۆسەر، کۆبوونەوەکە بۆ هەنگاونان بووە لەسەر "چۆنیەتی بەهێزکردنی گوتاری کوردی لە ڕۆژئاوا،" و جەختیکردەوە "گۆڕانکاری خێرا و بەپەلە هەن لە ناوجەرگەی سوریا، دەبێت کوردیش یەک هەڵوێست بیت لەم دۆخەدا." وتەکانی نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە کاتێکدان هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان هەردوو سەرکردەی کوردی لە هەولێر پشتڕاستکردەوە. ناوبراو لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکسدا ڕایگەیاند، "کۆبوونەوەی ئەمڕۆی هەولێر لە نێوان سەرۆک مەسعود بارزانی و فەرماندەی هەسەدە بۆ باکوری ڕۆژئاوای سوریا دەستکەوتێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی یەکڕیزیی کورد و پێگەی کورد لە بەرامبەر دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا لە دیمەشق بۆ راگواستنێکی سیاسی ئارام. سوپاس بۆ هەموو هاوپەیمان و دۆستەکانمان."