بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان پێشبینی دەکات ئەمرۆ دووشەممە، بەگشتی ئاسمان نیمچە هەوربێت و لە بەشێک لە ناوچەکانی هەولێر و سلێمانی نمە باران ببارێت. بەشى پێشبینی کەشوهەوا لە وەزارەتی گوستنەوەی هەرێم بڵاویکردەوە، بۆ ئەمڕۆ باران لە ناوچە شاخاویەکان دەبارێت و هەروەها هەر لەو ناوچانە تەمیش دروست دەبێت. سەبارەت بە سبەینێ ئاماژە بەوەکراوە، بەهەمانشێوە ئاسمان نیمچە هەور دەبێت و پلەکانی گەرماش کەمێک بەرزتر دەبنەوە. ئەمڕۆ دووشەممە 6.1.2025 کەش/ ئاسمان نیمچە هەور دەبێت بە گشتى , ئەگەرى نمە باران هەیە لەسەر هەندێ ناوچەى شاخاویی بەتایبەتى لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى و بەشێک لە سنوورى پارێزگاى هەولێر , لە گەڵ دورستبوونى تەم لەسەر هەندێ ناوچەى شاخاویی. پلەکانی گەرما / نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانى دوێنێ وەک لەسەر نەخشەى خوارەوە ئاماژەى پێدراوە خێراى با / لەسەرخۆ بۆ مامناوەند دەبیت ( 5 – 15) کم/ک مەوداى بینین / لەنێوان ( 8 – 10 ) کم دەبێت . بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ ئەمڕۆ: هەولێر : 14پلەى سیلیزى سلێمانی :12پلەى سیلیزى دهۆک : 13 پلەى سیلیزى کەرکوک : 16 پلەى سیلیزى هەڵەبجە : 13 پلەى سیلیزى زاخۆ : 13 پلەى سیلیزى گەرمیان : 17 پلەى سیلیزى
ــ لەگەڵ دەیمرتاش گفتوگۆ لەبارەی نامە حەوت خاڵییەكەی ئۆجەلان دەكەن ــ شاندهى دهم پارتى سەردانی پارتەكانی ناو پەرلەمانی توركیا بكەن ــ لەگەڵ پارتی ئاییندە و ئاکەپە و پارتی سەعادەت كۆدهبنهوه ئەو شاندەی دەم پارتی لە كۆتای ساڵی ڕابردوو سەردانی ئیمراڵییان کردو دیداریان لەگەڵ ع.بد.و.ڵا ئ.ۆج.هلا.ن ئەنجامدا، لەئەمڕۆ دووشەمەوە سەردانەکانیان بۆ لاى پارتەکانى پەرلەمانى تورکیا دەستپێبکات و یەکەمین وێستکەش دەچنە لاى ئاکپارتى، بڕیاریشه سهردانى سەڵاحەدین دەمیرتاش بكهن. شاندى پارتی یەكسانی و دیموكراتی (دەم پارتی) كە پێكهاتون لە پەروین بوڵدان و سری سورەیان ئۆندەرو ئەحمەد تورك، لە ٢٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ لەگەڵ ئۆجهلان لە ئیمراڵی کۆبوونەوەو دوای ئەم کۆبوونەوەیە دەستیان بە دانوستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی ناو پەرلەمانی توركیا کرد. بڕیاره رۆژی 6 و7 ئەم مانگە ئهو شاندهى دهم پارتى سەردانی پارتەكانی ناو پەرلەمانی توركیا بكەن، دواتر لەگەڵ سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشوی پارتی دیموكراتی گەلان لە زیندانی ئەدرنە كۆببنەوە. بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی میدیاكان، بڵاویانكردووەتەوە، شاندهكهى ئیمرالی لەگەڵ دەیمرتاش گفتوگۆ لەبارەی نامە حەوت خاڵییەكەی ئۆجەلان دەكەن، كە (29) مانگی رابردوو و رۆژێك دوای سەردانی وەفدەكەی دەم پارتی بۆ ئیمرالی، ناوەرۆكەكەی بۆ رای گشتی بڵاوكرایەوە. هاوكات شاندەكەی دەم پارتی لە ٦ی کانوونی دووەم لەگەڵ پارتی ئاییندە و ئاکەپە و پارتی سەعادەت، لە ٧ی کانوونی دووەم لەگەڵ پارتی سەرلەنوێ ڕەفا و دەڤا کۆدەبێتەوە. بەگوێرەی ئەو بەرنامەیەی کە نووسینگەی ڕاگەیاندنی دەم پارتی ئاشکرای کردوە، شاندەکە ڕۆژی ٦ی کانوونی دووەم کاتژمێر ١١:٠٠ لەگەڵ سەرۆکی گشتی پارتی ئاییندە ئەحمەد داودئۆغڵو لە ناوەندی گشتی کۆدەبێتەوە. پاشان کاتژمێر ١:٣٠ سەردانی ئاکەپە دەکەن. دوایین کۆبوونەوەی ئەو ڕۆژە کاتژمێر ٣:٣٠ لە ناوەندی گشتی پارتی سەعادەت لەگەڵ سەرۆکی گشتی مەحمود ئاریکان بەڕێوەدەچێت. شاندەکە ڕۆژی ٧ی کانوونی دووەم کاتژمێر ١:٠٠ لەگەڵ سەرۆکی گشتی پارتی دەڤا عەلی باباجان لە ناوەندی گشتی پارتەکە کۆدەبێتەوە. هەمان ڕۆژ کاتژمێر ٣:٣٠ لەگەڵ سەرۆکی گشتی پارتی سەرلەنوێ ڕەفا فاتیح ئەربەکان لە ناوەندی گشتی پارتی سەرلەنوێ ڕەفا کۆدەبنەوە. دوای تەواوکردنی دیدار و کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ لایەنە سیاسی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بڕیارە شاندی دەم پارتی رۆژی 10ـی کانوونی دووەمی 2025، بۆ جاری دووەم سەردانی دوورگەی ئیمراڵی بکەنەوە.
ــ لە هێرشەکانی تورکیا بۆ باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا شەهیدبوون ــ شەڕڤانان داستانی قارەمانێتیان نوسیوەتەوە، بەتایبەت لە بەندوای تشرین ــ لەو هێرشانەشدا ١٣ چەتەى تورکیا کوژراون ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) لەراگەیەندراوێکیاندا، ناسنامەی ١٢ شەهیدی ئاشکرا کرد کە لە وەڵامدانەوەی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر هەرێمەکانی باکوورو ڕۆژهەڵاتی سوریا لەچەند رۆژى رابردوودا شەهید بوون. لە ڕاگەیاندراوەکە ئاماژە بەوە کراوە، لە هەرێمەکانی باکوورو ڕۆژهەڵاتی سوریا، شەڕڤانانی قەسەدە داستانی قارەمانێتیان نوسیوەتەوە، بەتایبەت لە بەندوای تشرین و پردی قەرەقۆزاق. راگەیەندراوەکە ئەوەى خستوەتە ڕوو کە ماوەى ٢٨ ڕۆژە شەڕڤانان تەواوی هێرشی چەتەکانیان شکاندووەو ئەفسانەی لوتبەرزیی دەوڵەتی تورکیایان تێکشکاند. شەڕڤانان بە یەکگرتنی بەهێزی کورد و عەرەب و سریانی و پێکهاتەکانی تر، بەرخۆدانێکی مەزن دەکەن و تا کۆتایی شکۆی دانیشتووان دەپارێزن. گیانی خۆیان کردووەتە پردێک تا گەلانی هەرێمەکە بگەنە ئازادی و ئاشتی و ئاسایش. لە ڕاگەیاندراوەکە بەڵێن دراوە بە تێکشکاندنی خەونی داگیرکەران، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدان دەکات و بەڵێن دەدات بە درێژەدان بە ڕێگەی فیداکاری و فراوانکردنی تێکۆشان بەرامبەر هێرشەکان. هەروەها بەڵێن دراوە کە هەرگیز ناهێڵن چەتەکان بگەنە هەرێمەکە و لەسەر بەڵێنەکانیان بۆ شەهیدان بەردەوام دەبن. هاوکات هەر ئەمرۆ یەکشەمە، ناوەندی راگەیاندنی قەسەدە ئاماری شەرو پێکدادانەکانى بڵاوکردەوەو رایگەیاند، هێرشی چەتەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر گوندەکانی منبج تێکشکێندراون و ١٣ چەتەش کوژراون. ناوەندەکە ئەوەى خستوەتەڕوو، دەوڵەتی تورکیاو چەتەکانی هەوڵدەدەن لە بەرەی شەری بەنداوی تشرین و هەرێمەکانی باشوری رۆژهەڵاتی منبجەوە پێشڕەوی بکەن، بەڵام هێزەکانی ئەنجومەنی سەربازی منبج، سەرجەم هێرشەکانیان تێکشکاندون.
ــ باوک و برا گەورەکەى لەلایەن داعشەوە کوژراون ــ خێزانەکەى باوەڕیان وابوو کە ئەو مردووە گۆڕێکی سیمبولییان بۆ هەڵکەند دوای ئەوەی کە وادەزانرا لەپەلامارێکی تیرۆریستانی داعشدا لە ساڵی 2014 دا بۆ سەر گوندەکەیان کوژراوە، کچێکی ئێزدی لە پارێزگای دهۆکی هەرێمی کوردستان بە خێزانەکەی شاد بووەوە. کچەکە کە ناوی سیلڤانا خازرە دەڵێت: باوکم و برا گەورەکەم لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە کوژران، هیچ شتێکیش نازانین سەبارەت بە چارەنووسی دایکم و برا بچووکەکەم، ئەوان هێشتا بێسەروشوێنن. یەکێک لە کەسوکاری سیلڤانا دەڵێت: دوای گەڕانێکی زۆری بێ سوود، خێزانەکە باوەڕی وابوو کە ئەو مردووە، لەبەرئەوە لە گۆڕستانی کۆجۆ گۆڕێکی سیمبوولییان بۆ هەڵکەند. گەڕانەوەی سیلڤانا هیوایەکە بۆ ئێزدییەکان کە هێشتا بە دوای خۆشەویستانییاندا دەگەڕێن، هەروەها بە بیر هێنانەوەیەکە لەسەر ئەو هەموو تراجیدیایەی کە چەندین ساڵ جەنگ و تیرۆر لە عێراقدا دروستیکردوون. گوندەکەی ئەو کچە، کۆجۆ، یەکێک بوو لەو ناوچانەی ئێزدییەکان کە لە ماوەی لەشکرکێشییەکەی داعشدا لە ساڵی 2014 دا زیانێکی گەورەی بەرکەوت، لەوێ کۆمەڵکوژی و تاوانی دڕندانە ڕوویدا، بووە هۆی ئاوارەبوون و پەرتەوازەبوونی دانیشتوانەکەی و لە دەستدانی سەدان لە منداڵەکانییان. ئێزدییەکان نزیکەی 500,000 کەسن لە عێراقدا، لەلایەن داعشەوە هێرشییان کرایە سەر کاتێک گروپە تیرۆریستییەکە خاکێکی بەرفراوانی لە سوریا و عێراقدا کۆنتڕۆڵ کرد. لە 3 ی مانگی هەشتی ساڵی 2014 دا چەکدارانی داعش کۆنتڕۆڵی شنگالییان کرد، بەپێی ئامارەکان نزیکەی 1,290 ئێزدی سڤیل کوژران، لەو کاتەشەوە زیاتر لە 70 گۆڕی بە کۆمەڵ و ژمارەیەکی زۆر لە گۆڕی تاکەکەسی لە شنگال دۆزراونەتەوە.
ــ تمەنى ئێرانى و لیرەى سورى یەکەم و دووەمن ــ بەهۆى گرژییەکانی سوریاوە پێدەچێت تمەن و لیرە زیاتر دابەزن ڕیزبەندی هەرزانترین و خراپترین دراوەکانى جیهان، بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی لە ساڵی ڕابردوودا بڵاوکرایەوە، کە چەند وڵاتێکى عەرەبى تێدایە لەوانە لیرەى لوبنان و لیرەى سورى و تمەنى ئێرانى لەڕیزبەندیەکەدا دەبینرێن. 1. لیرەى لوبنانی ساڵی ڕابردوو یەکێک لە خراپترین ساڵەکان بوو بۆ لیرەى لوبنانى، نرخی دۆلار بە ڕێژەی نزیکەی 500% بەرزبووەوە و گەیشتە 89.56 هەزار لیرە بەرامبەر بە دۆلار. سندوقى دراوى نێودەوڵەتى، لە مانگی ئایاری ٢٠٢٤دا ڕایگەیاند کە ڕێوشوێنە سیاسەتییەکان کە لەلایەن وەزارەتی دارایی و بانکی ناوەندی لوبنانەوە گیراوەتەبەر سیاسەتی دارایی توند و تۆڵ و هەنگاونان بەرەو یەکخستنی نرخی ئاڵوگۆڕکردن و سەقامگیرکردنی ڕێژەی پارە. 2. تمەنی ئێرانی دوای دابەزینی بەهای لیرەى لوبنانی، تمەنی ئێرانی کە ساڵانێک هەرزانترین تمەن بوو لە جیهاندا، بووە بە دووەم، ئەمەش لەبەر ڕۆشنایی ئەو سنووردارکردن و سزایانەی بەسەر ئێراندا سەپێنراوە لە دوای کۆتاییهاتنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٥دا. لە ماوەی ساڵی 2024، نرخی دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە تمەن نزیکەی 0.21% بەرزبووەوە، بەهۆى گرژییەکانی سوریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێدەچێت تمەنی ئێرانی زیاتر بەرەو دابەزین بڕوات. 3- دۆنگی ڤێتنامیی دۆنگی ڤێتنامی (VND) بووەتە یەکێک لە لاوازترین دراوەکانی جیهان لە ئەنجامی سنووردارکردنی هەناردەکردنی دەرەکی، کە قەبارەکەی دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەش وایکردووە بانکی ناوەندی ڤێتنام بەهای دراوەکە دابەزێنێت بۆ ئەوەی توانای کێبڕکێی هەناردەکردن بەرز بکاتەوە. لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، دۆلار بەرامبەر دۆنگی ڤێتنامی بە ڕێژەی نزیکەی 4.46% بەرزبووەتەوە و ساڵەکە بە 25.46 هەزار دۆنگ بەرامبەر دۆلار کۆتایی پێهاتووە. 4- لیۆنی سیرالیۆنی سیرالیۆن بەهۆی کۆمەڵێک هۆکارەوە کاریگەری لەسەرە، لەوانە ئاستی بەرزی قەرزو هەڵاوسان، خاوبوونەوەی گەشەی ئابووری، کاریگەری درێژخایەنی قەیرانە تەندروستییە گەورەکانی وەک بڵاوبوونەوەی ئیبۆلا. نرخی دۆلار بەرامبەر بە لیۆن نزیکەی 1.43% بەرزبووەوەو گەیشتە 22.79 هەزار لیۆن بۆ هەر دۆلارێک. 4- کیب لاوی لاو کیپ (LAK) لە لاوازترین دراوەکانی جیهانە بەهۆی کۆمەڵێک هۆکارەوە کە بریتین لە بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و خاوبوونەوەی گەشەی ئابووری و زیادبوونی قەرزی دەرەکی. لە ساڵی 2024 نرخی دۆلار بەرامبەر بە کیب بە ڕێژەی نزیکەی 6.44% بەرزبووەوە و 21.82 هەزار کیبی تۆمارکرد. 6. ڕوپیەی ئەندەنوسیا ئەندەنوسیا زۆر پشت بە هاوردەکردنی کاڵاو کەرەستەی خاو دەبەستێت، لەنێویاندا نەوتی خاو، بۆیە لەنێو ئەو وڵاتانەدا بووە کە زۆرترین کاریگەری شەپۆلی هەڵاوسانی جیهانی لەسەرە، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان و ناردنی پارەی هاوردەکردن بەرزبووەتەوە و کورتهێنانی بازرگانی وڵاتەکەی قووڵتر کردووەتەوە. لەسەر بنەمای ساڵانە نرخی دۆلار بەرامبەر بە ڕوپیەی ئەندەنوسیا بەڕێژەی 4.86% بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 16.22 هەزار دۆلار. 7. لیرەی سوری سەرەڕای باشتربوونی لە ڕۆژانی کۆتایی ساڵدا دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد، بەڵام ئاستی 13 هەزار لیرەی سوری بەرامبەر بە دۆلار وەک یەکێک لە نزمترین نرخی دراو لە جیهاندا دەمێنێتەوە لەبەر ڕۆشنایی شەرو ئاژاوەکانى ئەو وڵاتە لە ژێر کاریگەرییە وێرانکەرەکانی ململانێکە زیاتر لە ١٤ ساڵە بەردەوامە. 8. سۆم ئۆزبەکی سۆم ئۆزبەکستانییەکان لە ساڵانی ڕابردوودا بەردەوام بوون لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان، ئەمەش بەهۆی هۆکارەکانی وەک بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری، بەرزی هەڵاوسان، خاوبوونەوەی گەشەی ئابووری، کێشەکانی گەندەڵی. لەسەر بنەمای ساڵانە، دۆلار بەرامبەر سۆم بە ڕێژەی 4.59% بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 12.9 هەزار لیرە. 9. فرانکی کینیا فرانکی کینیا دوای ململانێکانی ئەو وڵاتە لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو دەستی بە دابەزین کرد و بەهۆی هۆکارەکانی وەک نائارامی سەربازی و هەڵاوسانی بەرزەوە، دراوەکە بە یەکێک لە لاوازترین دراوەکانی جیهان مایەوە. لەڕووی ئەدای ساڵانە نرخی دۆلار بەڕێژەی 1.61% بەرامبەر بە فرانکی کینیا بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 8,645 هەزار فرانک. 10. گواریانی پاراگوای دراوی پاراگوای، گوارانی، بەدەست هەڵاوسانی بەردەوام و بێکارییەوە دەناڵێنێت، ئەمەش وایکردووە ببێتە یەکێک لە لاوازترین دراوەکانی جیهان، لەگەڵ گەندەڵی بەربڵاو و پارەی ساختە. لەسەر بنەمای ساڵانە نرخی دۆلار بەرامبەر بە دراوەکە بە ڕێژەی 7.55% بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 7.8 هەزار گوارانی بۆ هەر دۆلارێک.
هاوڵاتى ــ موچەی مانگی یەک خراوەتەسەر هەژماری خانەنشینانی سەربازی و مەدەنی ــ هێشتا هیچ رون نییە هەرێم موچەى مانگى ١٢ کەى دابەشدەکات وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، دەستیان بە دابەشکردنی موچەی مانگی ١ی خانەنشینانی سەربازی و مەدەنی و چاودێری کۆمەڵایەتی کردووە. دەشڵێت لەلایەن فەرمانگەی ژمێریارییەوە مووچەی مانگی کانوونی دووەمی خانەنشینانی سەربازی و مەدەنی و چاودێری کۆمەڵایەتی خراوەتەسەر هەژماری دەستەی خانەنشینی نیشتمانی. هەموو مانگێک خانەنشینانی سەربازی و مەدەنی لەڕێگەی کورتەنامەیەکەوە ئاگادار دەکرێنەوە و دەتوانن سەردانی ئامێرەکانی راکێشانی پارە بکەن و مووچەکانیان وەربگرن. بەشێک لە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان خانەنشینی حکومەتی عێراقن و بەشێکیان زیندانی سیاسی ڕژێمی پێشوون و مانگانە مووچەکانیان لە ڕێگەى حکومەتى بەغداوە وەردەگرن. ئەوەش لە کاتێکدایە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێم ئەمرۆ یەکشەمە دەستی بە دابەشکردنی موچەی مانگی ١١ی ساڵی رابردوو کردوەو هێشتا هیچ رونکردنەوەیەکیش نەدراوە سەبارەت بە دابەشکردنى موچەى مانگى ١٢. هاوکات هەر ئەمرۆ وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند: وەزارەتی دارایی عێراق لە 31-12-2024، بڕی 441 ملیار 493 ملیۆن و 599 و 611 دیناری خستوەتە سەر هەژمارەکەیان.
هاوڵاتى ــ تورکیا بە فڕۆكەی جەنگی هێرشى کردە سەر كارگەی شەكر لە دێرحافەر ــ تورکیاو چەتەکان هەوڵدەدەن لە بەرەی شەڕی بەنداوی تشرین پێشڕەوی بکەن ــ ئەو هێرشانە بە پشتیوانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانى تورکیا ئەنجام دەدێن ناوەندی راگەیاندنی قەسەدە ئاماری شەرو پێکدادانەکانى بڵاوکردەوەو رایگەیاند، هێرشی چەتەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر گوندەکانی منبج تێکشکێندراون و ١٣ چەتەش کوژراون. ناوەندەکە ئەوەى خستوەتەڕوو، دەوڵەتی تورکیاو چەتەکانی هەوڵدەدەن لە بەرەی شەری بەنداوی تشرین و هەرێمەکانی باشوری رۆژهەڵاتی منبجەوە پێشڕەوی بکەن، بەڵام هێزەکانی ئەنجومەنی سەربازی منبج، سەرجەم هێرشەکانیان تێکشکاندون. بەپێى راگەیەندراوەکە ئەو هێرشانە بە پشتیوانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و فڕۆکەی جەنگی دەوڵەتی تورکیا ئەنجامدران، لە ئاکامیشدا زیانی گیانی زۆر بەر چەتەکانی دەوڵەتی تورکیا کەوت. قەسەدە ئەوەى ئاشکرا کردوە، گروپە چەکدارەکانى تورکیا، هێرشیانكردوەتە سەر كێڵگەی “ئەبو سەعید” و شەڕڤانانان هێرشەکەیان تێکشکاندوە پێنج لەو چەکدرانە كوژراون. راگەیەندراوەکە باسى لەوەکردوە یەكەكانی شەهید هارون ١٣ خاڵ و پێگە و ئۆتۆمبێلی دوژمنیان لە ناوچەكە كردوەتە ئامانج، لە نزیک شارۆچکەی دێر حافەر؛ هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەکراوە، تورکیا كارگەی شەكری لە ڕۆژهەڵاتی شارۆچکەی دێرحافەر، بە فڕۆكەی جەنگی كردە ئامانج و بەوهۆیەوە بەشێكی گرنگی كارگەكە لەناوچووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 11ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کرا، سهرجهم بانكه حكومیهكان كراونهتهوهو قهرهباڵغیهكى زۆر لهبهردهم زۆینهیاندا دروستبووه. دابەشکردنی مووچە بە خانەنشینی شارستانی، خانەنشینی پێشمەرگە، کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان، خاوەن پێداویستی تایبەت، زیندانە سیاسییەکان دەستپێدەکات، دابهشكردنى مووچهى مانگى 11ى ساڵى رابردوو ماوەی چوار ڕۆژدهخایهنێت. هاوکات لهگهڵ دابهشكردنى موچه لهبانكهكاندا، مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردەش کە هەژماری من یان هەیە له ئهمرۆوه دهتوانن زووتر مووچەکانیان وەربگرن. بهپێى راگهیهندراوێكى پێشترى وهزارهتى دارایی، 65 هەزارو 350 مامۆستاو فهرمابهرى وەزارەتی پەروەردە کە خۆیان له هەژماری من تۆماركردوه مووچەکانیان پێش خراوهو لەڕێگەی ئامێرى ATM وەریدهگرن.
هاوڵاتى ــ سوپای پاسداران مانۆڕێک لە کرماشان، پاوە جوانڕۆ ئەنجامدەدات ــ چەک و کەرەستەی نوێ و توانای هێزەکانی بەسیج تاقى دەکەنەوە ــ هەڵبژاردنی ئەو شارانە بۆ ئەوەیە کە ناوچەیەکی سنوورییە سوپای پاسداران، بۆ ماوەى هەفتەیەک مانۆڕێکى گەورەو فراوان لەسنورى رۆژهەڵاتى کوردستان ئەنجامدەدات بەتایبەتى لە کرماشان، پاوە جوانڕۆ، سەلاس باباجانی و چەند ناوچەیەکى تر، فەرماندەیەکى سەربازیش جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە کە لەو مانۆڕەدا چەک و کەرەستەی نوێ و هەروەها تواناکانی هێزەکانی بەسیج تاقى دەکەنەوە. سەردار عەزیمى، فەرماندەی بارەگای ناوچەیی نەجەفى ئەشرەفی سوپای پاسداران، ئەمرۆ شەممە لەکاتى دەستپێکردنی ئەو مانۆرەدا بە ئاژانسى میهرى وتووە، قۆناغی یەکەمی مانۆڕەکە لە پارێزگای کرماشان دەبێت و دواتر نزیک دەبنەوە لە ناوچەکانى سەر سنووری عێراق. ئاژانسەکە بڵاویکردەوە، ئەم مانۆڕانە کە بە بەشداریی فیرقە و یەکەکانی تایبەتمەندی هێزی زەمینی سپای پاسداران لە ناوچەی ڕۆژئاوای وڵات ئەنجام دەدرێن، سیناریۆی ئۆپەراسیۆنی بەرپەرچدانەوەی خێرا جێبەجێ دەکەن. ئەو فەرماندە سەربازیەى سوپاى پاسداران ئاماژەی بەوەشکردوە، مەشقەکان بریتین لە گواستنەوەی خێرای هێزو کەرەستە بۆ ناوچەی مانۆڕ، کە تیایدا لیوای "میرزا کوچاک خان" قۆناغی یەکەمی ئەو ئۆپەراسیۆنانەیان ئەنجامداوە، لە فڕۆکەخانەی ڕەشتەوە تا فڕۆکەخانەی کرماشان. لەبارەى هۆکارى هەڵبژاردنى ئەو ناوچانە ڕایگەیاند: هەڵبژاردنی شاری سەلاس باباجانی سەر بە پارێزگای گەیلان وەک شوێنی ئەم قۆناغەی مانۆڕەکان دەگەڕێتەوە بۆئەوەى کە ناوچەیەکی سنوورییە کە لە ڕابردوودا شایەتحاڵی شەڕی ئێران و عێراق بووە، هەروەها لەو قۆناغانەدا دوژمنان هەوڵی تێکدانی سەقامگیری ئاسایشى ناوچەکە دەدەن.
ــ لە یادی دەیەمین ساڵیادی هێرشەکەدا، گۆڤارەکە ژمارەیەکی تایبەتی ٣٢ لاپەڕەیی بڵاودەکاتەوە. ــ سەرنووسەری گۆڤارەکەش دەڵێت: ئەوان نهیانتوانى شارلى ئیبدۆیان بكوژن سهرپهرشتیارانى گۆڤاری تەنزی (شارلی ئێبدۆ)ى فهرهنسى، ئامادهكارى دهكهن بۆ یادى 10ساڵهى ئهو روداوهى كه تیایدا 12 كهس كوژران، سەرنووسەری گۆڤارەکەش دەڵێت: ئەوان نهیانتوانى شارلى ئیبدۆیان بكوژن، دەمانەوێت هەزار ساڵ بخایەنێت و بهردهوامبێت. بههۆی دروستكردنی كاریكاتێر لەسەر پێغەمبەری ئیسلام (محەممەد د.خ)، لە رۆژی 6-1-2015 لە لایەن ئیسلامییە تووندئاژۆکانەوە، هێرشكرایە سەر گۆڤاری تەنزی (شارلی ئێبدۆ)ى فهرهنسى و بە هۆیەوە 12 کەس کوژران، بەڵام لە یەكەم ژمارەی گۆڤارەكە لە دوای هێرشەكەدا، جارێكی دیكە لە بەرگی یەکەمی گۆڤارەكە كاریكاتێری پێغەمبەر بڵاوكرایەوە، ئەمەش ناڕەزایەتییەكی زۆری لەنێو موسڵمانان لێكەوتەوە. لە یادی دەیەمین ساڵیادی هێرشەکەدا، گۆڤارەکە ژمارەیەکی تایبەتی ٣٢ لاپەڕەیی بڵاودەکاتەوە. جیرارد بییارد، سەرنووسەری گۆڤارەکە قسهى بۆ ئاژانسی فرانس پرێس كردوهو دهڵێت ئەوان شارلی ئیبدۆیان نەکوشتووە. ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فهرنسا، لەدواین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا، جەختی لەوە کردبووەوە کە ساڵڕۆژی ئەم دواییەی هێرشەکانی ساڵی 2015 ئەوەمان بیردەخاتەوە کە مەترسییەکان هەر ماون و هەرگیز نابێت لە خەباتی خۆمان بۆ پاراستنی فەرەنسییەکان و بەرگریکردن لە ئازادییەکانمان دەستبەردار بین. گۆڤارەکە لە ساڵی ٢٠١٥دا فرۆشی ژمارەیەکی پێوانەیی بەدەستهێنا، کاتێک دوای هێرشەکە ٨ ملیۆن دانە لەو ژمارەیەی فرۆشت و لە مانگی شوباتی ٢٠١٥دا ٢٤٠ هەزار ئابونەی وەرگرت، ئەمڕۆ ژمارەی بەشداربووانی گۆڤارەکە ٣٠ هەزار تێدەپەڕێنێت، لەکاتێکدا ٢٠ هەزار دانە لە ژمارەکانی دەفرۆشێت.
ــ ئهو سوتهمهنیهى دهستى بهسهردا گیراوه دهیانویست بیبهن بۆ ههرێمى كوردستان ــ دۆسیهو پهراوى تایبهت بۆ ئهو بابهته كراوهتهوه ــ بهراورد به ساڵى رابردوو سوتهمهنى قاچاخ هەشت ئهوهنده زیاتره فەرماندەی پۆلیسی گومرگى پارێزگای کرماشان، رایدهگهیهنێت له سنورى مهرزى پهروێزخان لە ماوەی هەشت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، توانیویانه دهستبگرن بهسهر هەشت ملیۆن و ٥٠٠ هەزار لیتر بەرهەمی سوتهمهنى قاچاخدا. ڕائید ئیقباڵ کەرەمی بەڕێوهبهرى بهرێوهبهرایهتى پۆلیسى گومرگى پارێزگای کرماشان، به ماڵپهرى ئیرنا ڕۆژی شەممە، ڕایگەیاندوه لهكاتى گهران و پشكنیى ئەفسەرانی پۆلیس لە تهرمیناڵى فەرمی پەروێزخان توانیویانە دهستبگرن بهسهر چەند ئۆتۆمبێلێکدا کە سووتەمەنی قاچاخیان هەڵگرتووه. بهرێوهبهرایهتى پۆلیسى گومرگى مهرزى پهروێزخان له دیوى رۆژههڵاتى كوردستان له سنورى قهسری شیرین (كرماشان)، لهدواین كاریاندا دهستیان بهسهر نزیكهى 50 ههزار لیتر سووتەمەنی قاچاخدا گرتووه، كه بهنیازبوون رهوانهى ههرێمى كوردستانى بكهن. ڕائید ئیقباڵ کەرەمی ئهوهى خستوهته روو ئهو تهنكهرانه، 48 هەزارو 210 لیتر بەنزین و گازۆیلی قاچاخیان بە بەهای یەک ملیارو 31 ملیۆن ڕیاڵ پێبووه. ناوبراو وتیشی: دۆسیهو پهراوى تایبهت بۆ ئهو بابهته كراوهتهوهو ڕادەستی دەسەڵاتە دادوەرییەکان کراون بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر. بهوتهى ئهو فەرماندەی پۆلیسی گومرگى پارێزگای کرماشان، لە ماوەی هەشت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، هەشت ملیۆن و ٥٠٠ هەزار لیتر بەرهەمی نەوتی قاچاخ و سووتەمەنی لە دەرەوەی تۆڕی دابەشکردن لەو پارێزگایە دۆزراوەتەوە، بهراورد به ساڵى رابردوو هەشت ئهوهنده زیاتره، ژمارەیەکی زۆر لە قاچاخچییەکانی سووتەمەنی دەستگیرکراون. شارۆچکەی سنووریی قەسری شیرین لە ڕۆژئاوای کرماشان کە زیاتر لە 186 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ عێراق و دوو سنووری فەرمی بە ناوەکانی پەرویزخان و خوسرەوی هەیە. چالاکییەکانی قاچاخچێتی سووتەمەنی لەم ساڵانەی دواییدا لە سنوورەکانی پارێزگای قەسری شیرین باو بووە و کەسانی قازانجخواز سەرمایەی نیشتمانی بە نرخێکی کەم لە وڵات دەبەنە دەرەوە بۆ ئەوەی قازانجێکی کەم بەدەستبهێنن. پلانی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی سووتەمەنی لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا بە جددیترەوە پەیڕەو کراوە و زۆربەی ڕۆژەکانی ساڵ شاهیدی دەستبەسەرداگرتنی باری سووتەمەنی قاچاخ لە پارێزگای قەسری شیرین و ناوچەی سنووری پەرویزخان.
ــ لە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنی سەرکەوتوودا پێنجشەممهى رابردوو ئەنجامدراوه. ــ لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا دەست بەسەر چهند چەک و بەڵگەنامەیهكدا گیراوە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا، لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنێکهوه، توانیویانه حهوت بەکرێگیراوی داعش لە ڕۆژهەڵاتی شاری دێرەزوور دەستگیربكهن. ئەمڕۆ شهممه ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لهبهیاننامهیهكدا دهستگیركردنى ئهو حهوت كهسهى ئاشكراكردووه. تەواوی بەشی رۆژئاوا و حەوت گوندی رۆژهەڵاتی دێرهزوور لە ژێر کۆنترۆڵی حكومهتى كاتى سوریادایه، بەشی رۆژهەڵاتیش لە ژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدایەو هێزەکانی ئەمریکای لێ جێگیرن. هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئهوهشیان راگهیاندووه، هێزەکانیان بە هاوکاریی دەزگای ئاسایشی گشتی و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی توانیان حەوت ئەندامی شانەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی لە ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور دەستگیر بکەن، لە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنی سەرکەوتوودا کە بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممهى رابردوو ئەنجامدراوه. هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ئاماژەیان بەوەدا لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا دەست بەسەر چهند چەک و بەڵگەنامەیهكدا گیراوە کە لەبەردەستیاندا بووە، هەروەها ڕەوانەی لێکۆڵینەوەی سەرەتایی کراون بۆ تەواوکردنی ڕێکارە یاساییە پێویستەکان پێش ئەوەی بخرێنە بەردەم دەسەڵاتی دادوەری. ئۆپەراسیۆنەکە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانه بۆ بەدواداچوونی پاشماوەی تیرۆرو پاککردنەوەی ناوچەکە لە هەڕەشە ئەمنییەکان بووە. پارێزگای دێرەزوور، زۆرینە عەرەبە، دەکەوێتە سەر سنووری عێراق، بە سەرچاوەی سرووشتی دەوڵەمەندە و رووباری فورات دەیکات بە دوو بەشەوە.
ــ ئێستا پرۆسەی جێبەجێکردنی ناڕوونە ــ لە 25ـى ئادارى 2023ـەوە هەناردەى نەوتى هەرێم راگیراوە ئەندامێکی لیژنەی نەوت، گازو سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، هەردوولا لەسەر دۆسیەی نەوت رێککەوتوون، بەڵام پرۆسەی جێبەجێکردنەکەی ناڕوونە. عەلی مەشکوور، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق راگەیاند: حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر دۆسیەی نەوت رێککەوتوون، بەڵام تاوەکو ئێستا پرۆسەی جێبەجێکردنی ناڕوونە و نازانرێت چۆنە. بە بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، لە 25ـى ئادارى 2023ـەوە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان بۆ بەندەرى جەیهانى تورکیا راگیراوە.
ــ 1340 حاڵهت نەگەیشتوونەتە چارەسەرو بە تەڵاق و جیابوونەوە کۆتایی هاتووە ــ توانراوە لە کوردستان 522 پرۆسەی سوڵح و ئاشتەوایی ئەنجام بدرێت ــ 922 سیمینارو خول و وانەی زانستی و شەرعی سازكراوه یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان ئاماری گرنگترین كارو چالاکیەکانی لهساڵی 2024 بڵاوكردهوه، بهپێى ئامارهكان، بەراورد بە ساڵی 2023، کێشەی خێزانی لە ساڵی 2024 زیادیان کردووە، بەڵام جیابوونەوە کەم بووەتەوە. بە پێی زانیاری و ئاماری لێژنەکانی فەتوا لە هەرێمی کوردستان سەرجەم ئەو کێشانەی روویان کردۆتە لقەکانی یەکێتی زانایان لە ساڵی 2024 بەتایبەت بە بواری کێشەی خێزانی بریتی بووە لە (3461) حاڵەت و لە نێویاندا ئەوانەی نەگەیشتوونەتە چارەسەرو بە تەڵاق و جیابوونەوە کۆتایی هاتووە بریتی بوونە لە (1340) حاڵەت. هەر بەپێی ئامارەکە سەرەڕای دەرکردنی (14) فەتوای فەرمی؛ ئەنجومەنی باڵای فەتوای یەکێتی زانایان و لێژنەکانی فەتوای سەر بە لقەکان (5921) پرسیاری شەرعی هاوڵاتیانی وڵام داوەتەوەو (1078) کێشەی میرات و زەوی و زارو (1168) کێشەی مامەڵەو بازرگانی و کرین و فرۆشتنی چارەسەر کردووە. هەروەها توانراوە لە کوردستان (522) پرۆسەی سوڵح و ئاشتەوایی ئەنجام بدرێت، کە بەشێکیان کۆمەڵایەتی و خێزانی و بەشێکیان پەیوەست بوون بە کێشەی مامەڵەو میرات و زەوی و زارو تەنانەت کێشەی خوێنداریش بووە. لە لایەکی تریشەوە یەکێتی زانایان لەماوەی یەک ساڵ توانیویەتی (922) سیمینارو خول و وانەی زانستی و شەرعی ساز بکات و، بەشداری (37) کۆنفرانسی زانستی و پیشەیی لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوە بێت، لەگەڵ ئەوەش (98) توێژینەوەو بابەتی زانستی و رۆشنبیری بڵاوکردۆتەوەو، (81) پەیام و پۆستەری سۆشیال میدیایی وەک دەربڕینی هەڵوێست و دیدگای یەکێتی زانایان هەبووە، سێ بەرهەمی چاپکراویشی کەوتۆتە بەردیدی خوێنەران. هەر بە پێی ئاماری سألی رابردوو، توانراوە (754) پرۆسەی کۆمەکی و هاوکاریکردن ئەنجام بدرێت، لەگەڵ ئەوەش توانراوە گرفت و کێشەو خواستی (741) مامۆستای ئایینی چارەسەر بکرێت.
عالیە نسەیف ئەندامی لیژنەی دەستپاکی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: حکومەتی عێراق نزیکەی ٥٠ ملیار دیناری لە تێوەگلاوانی دزی سەدە وەرگرتووەتەوە. دەشڵێت پرۆسەکانی ریشەکێش کردنی گەندەڵی ئەوانەش دەگرێتەوە کە دۆسیەی مڵک و ماڵیان ساختەکردووە. ئەو ئەندامەی لیژنەی دەستپاکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕاشیگەیاند: زۆرینەی وەزارەت و پارێزگاکان لیژنەی تایبەتیان پێکهێناوە بۆ بەرگرتن لە بەهەدەردانی سامانی گشتی.