هاوڵاتی - هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان نەخەشەیەكی سیاسی نوێی هێنایە ئاراوە. - ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كاریگەری دەخاتە سەر بارودۆخی ناوخۆیی كوردستان. - هیچ مەترسیەك لەسەر هەرێم دروست نابێت چونكە لە زۆر بابەتی سیاسی و ستراتیژی هاوڕایە لەگەڵ حكومەتی عێراق. محەمەد حەسەن ساعيدی نووسەر و شرۆڤەكاری سیاسی عێراقی ڕایگەیاند هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان نەخەشەیەكی سیاسی نوێی هێنایە ئاراوە كە ڕەنگدانەوەی واقیعێكی سیاسی نوێ بوو. محەمەد حەسەن ساعيدی تایبەت بە هاوڵاتی راگەیاند ئەم نەخشە سیاسیە نوێیە رەنگدانەوەی دەبێت لە پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستان و بەهۆی ئەم گۆڕانكارییانەوە پێموایە پێكهێنانی حكومەتی هەرێم دوادەكەوێت. وتیشی: ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كاریگەری دەخاتە سەر بارودۆخی ناوخۆیی كوردستان و گۆڕانكاریەكانیش هەنگاوێكی گرنگە. دووپاتیشیكردەوە هیچ مەترسیەك لەسەر هەرێم دروست نابێت چونكە لە زۆر بابەتی سیاسی و ستراتیژی هاوڕایە لەگەڵ حكومەتی عێراق و بەرەوپێشچون هەیە لە پەیوەندیەكانیان.
هاوڵاتی جومانە غەلای -لەم هەفتەیەدا ئەنجوومەنی کۆمیسیاران كۆدەبێتەوە و ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەسەند دەكات. - ئەگەری هەیە سبەی یەکشەممە ئەنجوومەنی کۆمیسیاران کۆببێتەوە. کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕاێگەیاند لەم هەفتەیەدا ئەنجوومەنی کۆمیسیاران كۆدەبێتەوە و ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەسەند دەكات. جومانە غەلای وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق تایبەت بە هاوڵاتی راگەیاند ئەگەری هەیە سبەی یەکشەممە ئەنجوومەنی کۆمیسیاران کۆببێتەوە و ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەسەند بکات. وتيشى: یەکەم کۆبوونەوەی ئەم هەفتەیەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران تایبەت بە پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەبێت و ئەگەری هەیە سبەی یەکشەممە کۆبوونەوەکە بکرێت و تێیدا ئەنجوومەنی کۆمیسیاران ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەسەند بکات. جومانە غەلای وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە لێدوانێكی پێشوو بۆ هاوڵاتی رایگەیاند لەدوای بڕیارەكەی دەستەی دادوەری بەمزوانە ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی هەرێم پەسەند دەكەین. لە وەڵامی پرسیاری هاوڵاتی ئایا لایەنە ناڕازییەكان لەئەنجامی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان كە تانەكانیان رەتكرایەوە و سورن لەسەر ئەوەی ساختەكاری كراوە، هیچ رێكارێكی تر هەیە بیگرنەبەر ؟ ئاشكرایكرد دەستەی دادوەری هەموو تانەكانی رەتكردەوە و ئەنجومەنی كۆمسیاران پاڵپشتی لە بڕیارەكە دەكات و ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پەسەند دەكات. وتيشى: ئەنجومەنی كۆمسیاران لەدانیشتنی ئاسایی خۆیدا بڕیار لەسەر پەسەندكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەدات لەسەر رۆشنایی بڕیارەكەی دەستەی دادوەری. 18 و 20ى تشرینى یەکەم دەنگدانى تایبەت و دەنگدانى گشتى بۆ هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان کرا و 21ی تشرینى یەکەم ئەنجامى بەرایی و 30ی هەمان مانگ ئەنجامى کۆتایی ئەو هەڵبژاردنە لەلایەن کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانەوە راگەیێندرا.
- ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەرامبەر گۆڕانی ڕیشەییدایە. - ئیدارەی نوێی ئەمریکاش کاریگەریی لەسەر ناوچەکەو عێراقیش دەبێت. حەیدەر عەبادی سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر و سەرۆک وەزیرانی پێشوتری عێراق ڕایگهیاند ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەرامبەر گۆڕانی ڕیشەییدایە، ئەویش بەهۆی ئەو شەڕەی لەناوچەکەدا هەیەو ئەنجامی جیۆ ـ سیاسیی هەیەو عێراقیش بەشێکە لێی. حەیدەر عەبادی له دووەم ڕۆژی پێنجەمین کۆڕبەندی ئاشتیو ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس 2024) كه لە زانکۆی ئەمریکی ـ کوردستان لەشاری دهۆک بەڕێوەدەچێت ڕایگهیاند ئەمڕۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەرامبەر گۆڕانی ڕیشەییدایە، ئەویش بەهۆی ئەو شەڕەی لەناوچەکەدا هەیەو ئەنجامی جیۆ ـ سیاسیی هەیەو عێراقیش بەشێکە لێی، ستراتیژیی نوێ بۆ ئیدارەی ئەمریکا دێتە پێشەوە کە کاریگەریی لەسەر ئێمەش دەبێت، هەروەها دەشزانین ململانێ هەیە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستو ئۆکرانیاو ئاسیا کە کاریگەریی تەواوی هەبوە لەسەر هەموو جیهان. وتيشى: ئەمە ساتێکە دەبێ بەشێوازی عەقڵانی بیر لەپێگەی سیاسی بکەینەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ گۆڕانەکان و ئەو سیناریۆیانەی هەن بگونجێن، بۆیه پەیامی من لێرە بۆ هەموو سیاسییەک ئەوەیە، کە هەڵەی سیاسیی لەکاتی گۆڕاندا زۆر کاریگەرە، ئێمەش ئەوەمان بینیوە لەمێژوی عێراقدا. رونیشیكردەوە ئەمڕۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەرامبەر گۆڕانێکی ڕیشەییدایەو شەڕێکی گەورە لەناوچەکە سەریهەڵداوە، ئیدارەی نوێی ئەمریکاش کاریگەریی لەسەر ناوچەکەو عێراقیش دەبێت. نزیکەی 124 ئەکادیمیست لە40 وڵاتی جیاواز بەشداریی کۆڕبەندى مێپس دەکەن، کە 73%یان بۆ جاری یەکەمە بەشداردەبن، هەروەها ژمارەیەک پانێلو وۆرکشۆپ لەبارەی دۆخی ئێستای جیهانو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەدەچن.
كەشناسی هەرێم - بارانبارین ههموو ناوچهكانی ههرێمی كوردستان دەگرێتەوە. - ئاسمان ساماڵ و پهڵه ههور دهبێت. - پلهكانی گهرما بهرزدهبنهوه. بهڕێوهبهرایهتی گشتی كهشناسی و بومهلهرزهزانی ههرێمى كوردستان پێشبینیكرد بارانبارین ههموو ناوچهكانی ههرێمی كوردستان بگرێتەوە. بەڕێوەبەرایەتیەكە له ڕاگهیهندراوێكدا بڵاویكردهوه، ئهمڕۆ شهممه ئاسمان ساماڵ و پهڵه ههور دهبێت، خێرايی با لهسهرخۆ و مامناوهند لهنێوان 5-15 كیلۆمهتر لهكاتژمێرێكدا دهبێت، پلهكانی گهرما بهڕێژهی 1-2 پلهی سیلیزی بهراورد به تۆمارهكانی دوێنێ بهرزدهبنهوه. ئاماژهی بهوهشكردوه، سبهی یهكشهممه ئاسمان ساماڵ و پهڵه ههور دهبێت، لهكاتهكانی شهودا دهگۆڕێت بۆ نیمچه ههور و ههوری تهواو سهرهتا به نمه باران دهستپێدهكات له ناوچهكانی رۆژئاوای ههرێم له درهنگانی شهودا ههمو ناوچهكانی ههرێمی كوردستان دهگرێتهوه. بهرزترین پلهكانی گهرمای پێشبینیكراو به پلهی سیلیزی: ههولێر : 22 سلێمانی : 19 دهۆك : 21 زاخۆ : 21 ههڵهبجه : 20 كهركوك : 21 سۆران : 18 حاجی ئۆمهران : 10 گهرمیان : 24
باڵیۆزی ئۆکرانیا لە بەریتانیا -سەربازانی کۆریای باکور و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران و پێکهاتەکانی چینیش لەهێرشەکانی سەر ئۆکرانیا بەکاردەهێنرێن. -بەشداریی ڕاستەوخۆی هاوپەیمانەکانی ڕوسیا لەشەڕی ئۆکرانیا، ئاماژەیە بۆ دەستپێکردنی سێیەم جەنگی جیهانی. ڤالێری زالۆژنی باڵیۆزی ئۆکرانیا لە بەریتانیا ڕایگهیاند، سێیەم جەنگی جیهانی بەکرداریی دەستی پێکردوە و بەشداریی ڕاستەوخۆی هاوپەیمانەکانی ڕوسیا لەشەڕی ئۆکرانیا، ئاماژەیە بۆ دەستپێکردنی ئهو جەنگه. باڵیۆزی ئۆکرانیا لە بەریتانیاو فەرماندەی باڵای پێشوی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، ئۆکرانیا لەساڵی 2024دا هەر بەتەنها ڕوبەڕوی ڕوسیا نەبوهتەوە، بەوپێیەی سەربازانی کۆریای باکور بەشداریی شەڕەکە دەکەن و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران و موشەکی کۆریای باکورو پێکهاتەکانی چینیش لەهێرشەکانی سەر ئۆکرانیا بەکاردەهێنرێن. جەختیشی لەوەشکردوهتەوە، ئەم پێشهاتانە هۆکاری ڕون دەخەنەڕوو بۆ ئەوەی بڵێین جیهان چوەتە سەردەمێکی جەنگی جیهانیی نوێ. هۆشداریشیدا لەوەی، ئێستا جیهان دەرفەتی ئەوەی هەیە وانە فێربێتو ئەم هەڵچونە لەسەر خاکی ئۆکرانیا ڕابگرێت، بەڵام هاوبەشەکانی ئۆکرانیا نەیانتوانی درک بەمەترسیداریی دۆخەکە بکەن. ئهوهشى وت:"وڵاتەکە ڕوبەڕوی ئاستەنگی گەورە بوەتەوەو پێویستی بەپاڵپشتی تەکنیکییو سەربازیی هەیە بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن، جەنگی سێیهمى جیهانیی لەئێستاوە دەستیپێکردوە.
- بە هەزاران سەربازانی كۆریای باكور كە لە ڕوسیا كۆبونەتەوە بەمنزیكانە دژ بە ئۆكرانیا دەجەنگن. -ئەو هێزانەی كۆریای باكور كە لە ڕوسیا بڵاوەیان پێكراوە هەندێكیان لەپێشەوەی بەرەی جەنگن دژ بە ئۆكرانیا. لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریكا رایگەیاند بە هەزاران سەربازانی كۆریای باكور كە لە ڕوسیا كۆبونەتەوە بەمنزیكانە دژ بە ئۆكرانیا دەجەنگن. وەزیری بەرگری ئەمریكا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند بەپێی ئەو مەشقەی پێیانكراوە و بەو شێوازەی تێكەڵكراون لەگەڵ یەكە سەربازیەكانی ڕوسیا، پێشبینیەكی تەواو دەكەم بەمزوانە لەشەڕی دژ بە ئۆكرانیا بەشداربن. لەلایەن خۆیەوە دەزگای هەواڵگری كۆریای باشور ئاشكرای كرد ئەو هێزانەی كۆریای باكور كە لە ڕوسیا بڵاوەیان پێكراوە چوونەتە نێو لیواكانی پیادەی ڕوسیا و هێزە دەریایەكانی مۆسكۆ و هەندێكیشیان لەپێشەوەی بەرەی جەنگن دژ بە ئۆكرانیا. ئەمریكا و كۆریای باشور و چەند وڵاتێكی دیكە دەڵێن: بیۆنگ یانگ زیاتر لە 10 سەربازی ڕەوانەی ڕوسیا كردووە بۆ بەكارهێنانیان لە جەنگی دژ بە ئۆكرانیا.
لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر بەیروت 27 کەس کوژران وبریندار بوون - بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ئیسرائیل بە چوار مووشەک هێرشیکردووەتەوە سەر ناوەندی بەیروت و باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی بە ئامانج گرتووە. - لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بەیروت، 4 کەس کوژراون و 23 دیکەش بریندار بوون. فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بە چوار مووشەک هێرشیان کردە سەر باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون لە ناوچەی بەستە ئەلقەوقا لە ناوەڕاستی بەیرووت. وەزارەتی تەندروستیی لوبنان ڕایگەیاند، لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەی بەستە ئەلقەوقا لە بەیروت، 4 کەس کوژراون و 23 دیکەش بریندار بوون. ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە: بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، ئیسرائیل بە چوار مووشەک هێرشیکردووەتەوە سەر ناوەندی بەیروت و باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی بە ئامانج گرتووە. شوێنەکە ناوچەیەکی قەرەباڵەغی نیشتەجێبوونە لە شەقامی فەتحوڵڵا ، بۆمبارانکردنە بووەتە هۆی داڕمانی 5 باڵەخانەی نیشتەجێبوون بە تەواوی. هێشتا بە تەواوەتی نەتوانراوە قوربانییەکان لەژێر پاشماوەی باڵەخانە رووخاوەکە دەربهێنرێن و پێشبینی دەکرێت ژمارەی قوربانییەکان زیاتربن. لای خۆیەوە، ئەڤیغا ئەدرەعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل،لە پلاتفۆرمی خۆی X، دوێنێ هەینی نووسیبووی بۆ هەموو دانیشتووانی ناوچەی گەڕەکی باشوور، بە تایبەتی لەوباڵەخانانەی کە لە نەخشە هاوپێچەکاندا دیاریکراون و بیناکانی تەنیشت ئەوانیش حارەت حەرەیک، غوبەیری، لەپێناو سەلامەتی خۆتان و سەلامەتی ئەندامانی خێزانەکانتان، پێویستە دەستبەجێ ئەو باڵەخانانە و ئەوانەی تەنیشتیان چۆڵ بکەن و لە 500 مەتر کەمتر لێیان نزیک مەبنەوە.
- لەدوو ڕۆژی داهاتودا موچەى مانگى 10ى فهرمانبهران خەرجدەکرێت. -محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕەزامەندیی لەسەر خەرجکردنی موچەی مانگی 10ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەربڕیوە. ئیخڵاس دلێمی جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگهیاند لەدوو ڕۆژی داهاتودا موچەى مانگى 10ى فهرمانبهران خەرجدەکرێت. ئهمڕۆ شهممه ئیخڵاس دلێمی لهلێدوانێكى ڕۆژنامهوانیدا ئاشكرایكرد، لەدوو ڕۆژی داهاتودا موچەی مانگی 10ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرجدەکرێت. له 17ى ئهم مانگه ڕێباز حەملان بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاندبوو، محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕەزامەندیی لەسەر خەرجکردنی موچەی مانگی 10ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەربڕیوەو فەرمانی بەتەیف سامی وەزیری دارایی فیدراڵی کردوە بەزوترینکات ئەو موچەیە ڕەوانەبکات. شهوى پێنجشهممهى ڕابردوش پهرلهمانتارانى كورد لهبهغدا ڕایانگهیاند، ههموو ڕێكاره ئیدارییهكان لهوهزارهتى دارایی فیدراڵ كۆتاییهاتوهو ڕۆژى یهكشهممه یان دوشهممه، بڕى پارهى پێویست بهگوژمهى جیاواز دهخرێتهسهر ههژمارى وهزارهتى دارایی ههرێمى كوردستان لهڕێگهى لقى ههولێرى بانكى ناوهندیى عێراقهوه.
هاوڵاتی -قەییووم بۆ شارەوانی دێرسم و شارەوانی شارۆچکەی پلووری پارێزگەی دێرسمی باکووری کوردستان دانرا. - بڕیاردرا بە دانانی بولەند تەکبییکئۆغڵو، پارێزگاری دێرسم وەک سەرۆک شارەوانی دێرسم بەوەکالەت. بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، قەییووم بۆ شارەوانی دێرسم و شارەوانی شارۆچکەی پلووری پارێزگەی دێرسمی باکووری کوردستان دانرا. ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، بڕیاری دانانی قەییوومی بۆ شارەوانی دێرسم و شارەوانی شارۆچکەی پلوور بڵاوکردەوە. لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان کە 31ـی ئاداری 2024 کرا، جەودەت کۆناک، بەربژێری دەم پارتی رێژەی 40.22٪ـی دەنگەکانی شارەوانیی دێرسمی بردەوە و بە سەرۆکی شارەوانیی پارێزگاکە هەڵبژێردرا. تاوەکو ئەم ئێوارەیە شارەوانی شارۆچکەی پلوور لە پارێزگای دێرسم لە لایەن جەهەپەوە بەڕێوەدەبرا و مستەفا ساریگوڵ، بەربژێری ئەو حیزبە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا رێژەی 33.63٪ـی دەنگەکانی بردەوە و بە سەرۆکی شارەوانی هەڵبژێردرا. وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، جەودەت کۆناک، هاوسەرۆکی شارەوانیی دێرسم لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە کەیسی پەکەکە/ کەجەکە بەتۆمەتی ئەندامبوون لە پەکەکە و بانگەشەکردن بۆ رێکخراوی تیرۆریستی، داواکاری گشتی بە تۆمەتنامەی ژمارە 1146/2024 داوای 6 ساڵ و 3 مانگ زیندانیکردنی کردووە. ئاماژە بەوەش دەکات، بڕیاردراوە بە دوورخستنەوەی جەودەت کۆناک بەپێی مادەی 47ـی یاسای ژمارە 5393ـی یاسای شارەوانییەکان و مادەی 127ـی دەستووری تورکیا، بەهۆی ئەوەی دۆسیەی لێکۆڵینەوە لە کەیسەکەی کۆتایی نەهاتووە. هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، بەپێی هەردوو مادەی 45 و 46ـی یاسای ژمارە 5393ـی یاسای شارەوانییەکان، بڕیاردرا بە دانانی بولەند تەکبییکئۆغڵو، پارێزگاری دێرسم وەک سەرۆک شارەوانی دێرسم بەوەکالەت. وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە هەمان راگەیێندراودا سەبارەت بە دانانی قەییوم بۆ شارەوانی شارۆچکەی پلوور رایگەیاندووە، مستەفا ساریگوڵ، سەرۆکی شارەوانی پلوور لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە کەیسی پەکەکە/کەجەکە بە تۆمەتی ئەندامبوون لە پەکەکە و بانگەشەکردن بۆ رێکخراوی تیرۆریستی، داواکاری گشتی بە تۆمەتنامەی ژمارە 1146/2024 داوای 6 ساڵ و 3 مانگ زیندانیکردنی کردووە. راگەیێندراوەکە دەڵێت، بەهۆی ئەوەی دۆسیەی لێکۆڵینەوە دانەخراوە و کۆتایی نەهاتووە، بڕیاردرا بە دوورخستنەوەی مستەفا ساریگوڵ لە ئەرکی سەرۆک شارەوانی، بەپێی مادەی 47ـی یاسای ژمارە 5393ـی یاسای شارەوانییەکان و مادەی 127ـی دەستووری تورکیا. هەروەها بەپێی هەردوو مادەی 45 و 46ـی یاسای ژمارە 5393ـی یاسای شارەوانییەکان، بڕیاردرا بە دانانی حوسێن شامیل سۆزەن، قایمقامی شارۆچکەکە وەک سەرۆک شارەوانیی پلوور بەوەکالەت. له 30ـی تشرینی یەکەمی 2024، قەییووم بۆ شارەوانی شارۆچکەی ئەسەنیورتی جەهەپە لە ئیستەنبووڵ دانرا و ئەحمەد ئۆزەر لەکارلادرا و بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ کەجەکە/پەکەکە دەستبەسەر کرا. رۆژی 4ـی تشرینی دووەمی 2024 بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، قەییوم بۆ شارەوانییەکانی مێردین، ئێلیهـ و خێلفەتی رووها لە باکووری کوردستان دانرا.
هاوڵاتی -ئۆتۆمبیلى ئارام ئهحمهد ڕەخنەگر لە سۆشیال میدیا سووتێنرا. -پۆلیسى هۆڵهندا لێكۆڵینەوەیان دەستپێكردووە. شهوى رابردوو ئۆتۆمبیلى ئارام ئهحمهد ڕەخنەگر لە سۆشیال میدیا له ووڵاتى هۆڵهندا سووتێنرا. پۆلیسى هۆڵهندا رایگەیاند لێكۆڵینەوەیان دەستپێكردووە بۆ دەستگیركردنی تاوانباران تاكو بهسزاى خۆیانيان بگهیهنن. ڕەخنەگر لە سۆشیال میدیا ئارام ئهحمهد دهیان ساڵه له هەندەران لە ووڵاتی هۆڵەندا ژیان بەسەر دەبات و لە ڕێگای لایڤەوە رەخنە لە دیاردە سیاسی و كۆمەڵاتییەكانى هەرێمی كوردستان دەگرێت.
هاوڵاتی -ئۆتۆمبیلى ئارام ئهحمهد ڕەخنەگر لە سۆشیال میدیا سووتێنرا. -پۆلیسى هۆڵهندا لێكۆڵینەوەیان دەستپێكردووە. شهوى رابردوو ئۆتۆمبیلى ئارام ئهحمهد ڕەخنەگر لە سۆشیال میدیا له ووڵاتى هۆڵهندا سووتێنرا. پۆلیسى هۆڵهندا رایگەیاند لێكۆڵینەوەیان دەستپێكردووە بۆ دەستگیركردنی تاوانباران تاكو بهسزاى خۆیانيان بگهیهنن. ڕەخنەگر لە سۆشیال میدیا ئارام ئهحمهد دهیان ساڵه له هەندەران لە ووڵاتی هۆڵەندا ژیان بەسەر دەبات و لە ڕێگای لایڤەوە رەخنە لە دیاردە سیاسی و كۆمەڵاتییەكانى هەرێمی كوردستان دەگرێت.
هاوڵاتی - بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەمان لە گەڵ باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق تایبەت بوو بە ئامادەکارییەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان. - جەختمان لە گرنگیی دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکان و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە. مەرسور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند دەبێت مووچە و شایستە داراییەکان و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دابینبكرێت. سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەمڕۆ لە شاری دهۆک، پێشوازیمان لە ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد . ڕوونیشی كردۆتەوە، بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەمان تایبەت بوو بە ئامادەکارییەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هاوڕابووین لەسەر پێکهێنانی حکومەتێکی یەکگرتووی گشتگیر، کە لە زووترین کاتدا دەستبەکار بێت و بەبێ جیاوازی، خزمەتی هەموو هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بکات. وتيشى: جەختمان لە گرنگیی دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکان و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە و هەروەها بیروڕامان لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا ئاڵوگۆڕ کرد .
ئیقبال لەتیف جابر - پیسبوونی هەوا لە هەولێر بەشێوەیەكی راستەوخۆ كاریگەری لەسەر هەموو عێراق دەبێت. - ئامارێك لەسەر هۆكارەكانی دروستبوونی شێرپەنجە بڵاوكرایەوە، هەولێر لە شێرپەنجەی مەمك پلەی یەكەمی گرتبوو. - بەرپرسیارێتی داڕمانی سیستمی ژینگەیی لەعێراق دەكەوێتە ئەستۆی هێزەكانی ئەمریكا. ئیقبال لەتیف جابر شارەزا لەبواری ژینگە و بەڕێوەبەر لە وەزارەتی خوێندنی باڵاو و توێژینەوەی زانستی عێراق رایگەیاند بەچەند هۆكارێك ژینگەی شاری هەولێر پیسبووە. ئیقبال لەتیف جابر تایبەت بە هاوڵاتی راگەیاند هەولێر بەیەكێك لە ناوچەكانی باكوری عێراق دادەنێرێت و ئەم ناوچانەش كەش و هەوایان زۆر گرنگە و كاریگەریان دەبێت لەسەر هەموو ناوچەكانی دیكەی عێراق، لەبەر ئەوەی بارستەی هەوا لەعێراق له باكورەوەیە، بۆیە پیسبوونی هەوا لە هەولێر بەشێوەیەكی راستەوخۆ كاریگەری لەسەر هەموو عێراق دەبێت بۆ ماوەی چەند ساڵێكی دوورودرێژ ئەگەر چارەسەر نەكرێت. وتيشى: هۆكارەكانی پیسبوونی هەوا و ژینگەی هەولێر بریتین لە: بەهۆی بۆردومانكردنی لەلایەن هێزەكانی هاوپەیمانان لە 2003 وگواستنەوەی ئەو سیكرابانەی سوپای عێراق كه سوپای بەریتانیا بە ماددەی یۆرانیۆم بە مانجیگرتبوو لە پارێزگاكانی باشوری عێراقەوە بۆ هەولێر و دروستكردنی پاڵاوگەی نەوت لە هەولێر بەدەر له ستانداردە جیهانیەكان. ئاشكراشیكرد ئامارێك لەسەر هۆكارەكانی دروستبوونی شێرپەنجە بڵاوكرایەوە، هەولێر لە شێرپەنجەی مەمك پلەی یەكەمی گرتبوو. دووپاتیكردەوە ئەو پیسبوونی ژینگەیەی لە هەولێر هەیە كاریگەری لەسەر هەموو ناوچەكانی عێراق دەبێت وبەدرێژایی ساڵ و بەرپرسیارێتی داڕمانی سیستمی ژینگەیی لەعێراق دەكەوێتە ئەستۆی هێزەكانی ئەمریكا و هەرچ كەسێك بەشداری لەشەڕی دژ بە عێراق كردبێت.
هاوڵاتی -هەندێک نەخشەی کۆن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە. - عێراق و هەرێمی کوردستان رووبەرووی ئاڵنگارییەکی نوێی ناوچەیی بوونە تەوە. - ناوچەکە لەبەردەم جەنگێکی گەورەدایە و دەبێت عێراق و هەرێمى کوردستان خۆیانى لێ بپارێزن. مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، هەندێک نەخشەی کۆن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە. سەرۆکی پەرلەمانی عێراق له کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دهۆک رایگەیاند عێراق و هەرێمی کوردستان رووبەرووی ئاڵنگارییەکی نوێی ناوچەیی بوونە تەوە. باسى لەوەش کرد، ناوچەکە لەبەردەم جەنگێکی گەورەدایە و دەبێت عێراق و هەرێمى کوردستان خۆیانى لێ بپارێزن. سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەروەها رایگەیاند، جەنگ و ئاڵنگاری چواردەوری عێراقی گرتووە.
سەرۆک کۆماری عێراق -گەلانی عێراق دەیانەوێت ئاشتی و ئارامی بەرقەرار بێت. -عێراق ڕۆڵی دەبێت لە چارەسەرکردنی کێشەی ناوچەکە. -عێراق و ناوچەکە بە بارودۆخێکی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراق رایگەیاند گەلانی عێراق دەیانەوێت ئاشتی و ئارامی بەرقەرار بێت. سەرۆک کۆماری عێراق لەمیانەی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی ئاسایش و ئاشتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراو بە "مێپس-2024" لە دهۆک ڕایگەیاند، گەلانی عێراق دەیانەوێت ئاشتی و ئارامی بەرقەرار بێت، عێراق ڕۆڵی دەبێت لە چارەسەرکردنی کێشەی ناوچەکە. وتیشی: ئەزموونی ناوچەکە فێری ئەوەی کردووین، بەبێ ئاشتی و ئاسایش، هیچ پێشکەوتنێک و ئاوەدانییەک بەدیناکرێت. ئاماژەی بەوەشكرد، عێراق و ناوچەکە بە بارودۆخێکی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت، لەسەر هەموو لایەک پێویستە پێکەوە چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزنەوە و هەوڵ بدەن کێشەکان چارەسەربکەن و ئاشتیی و ئاسایش بەرقەرار بێت. رونیشیكردەوە داعش بووە هۆی دروستبوونی قەیرانی مرۆیی و سیاسی لە عێراق، بە توانای سوپای عێراق و پێشمەرگە ناوچەکان لەژێر دەستی داعش دەرهێنران. جەختیشی لەوەکردووە کە پێویستە حزبەکانی هەرێمی کوردستان بە گفتوگۆ كێشەكانی نێوانیان چارەسەر بکەن.