-یەکەمین كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مان به‌سه‌رۆكایه‌تی مه‌شهه‌دانی به‌ڕێوه‌ده‌چێت. - له‌ باره‌ی هەموارکردنەوەی بودجەی سێ ساڵه بۆ ساڵی 2025 گفتوگۆ ده‌كرێت.   ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رۆژی سێشه‌ممه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی دیاریكردوه‌ بۆ بەڕێوەچونی یەکەمین دانیشتن بە سەرۆکایەتی مەحمود مەشهەدانی وەک سەرۆکی په‌رله‌مان، دوای نزیکەی ساڵێک لە بەڕێوەبردنی دانیشتنەکان له‌لایه‌ن سه‌رۆكێكی بە وەکالەته‌وه‌. به‌گوێره‌ی به‌رنامه‌ی كاری كۆبونه‌وه‌كه‌، له‌ باره‌ی پێنج ته‌وه‌ره‌وه‌ گفتوگۆ ده‌كرێت کە گرنگترینیان هەموارکردنەوەی بودجەی سێ ساڵییه‌ بۆ ساڵی 2025، كه‌ هه‌مواری بڕگەی خه‌رجی و داهات و بڕی تێچوی به‌رمیلێك نه‌وتی بەرھەمھێنراوی ھەرێمی کوردستانیش ده‌کرێت. جێگای باسە یاسا مشتومڕاوییەکان لە بەرنامەی کاردا نین، کە بریتین له یاسای باری کەسایەتی و لێبوردنی گشتی و گەڕاندنەوەی ئەو موڵکانەی کە بڕیارەکانی ئەنجومەنی فەرماندەیی شۆڕش دەیگرێتەوە بۆ خاوەنەکانیان و هەروەها یاسای خزمەتگوزاری حه‌شدی شه‌عبی و خانەنشینی.

- بڕیاربوو سێشەممەی رابردوو ئەنجامی هەڵبژاردن پەسەند بکرێت، بەڵام بەهۆی پڕۆسەی سەرژمێری و قەدەخەی هاتووچۆوە دواکەوت. - ئەمڕۆ ئەنجامی هەڵبژاردن پەسەند دەکرێت و لەگەڵ ناوی ئەندام پەرلەمانەکان بۆ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت.   نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکای عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەسەند دەکرێت و بۆ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت. ئەو بەرپرسە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا راگەیاند بڕیاربوو سێشەممەی رابردوو ئەنجامی هەڵبژاردن پەسەند بکرێت، بەڵام بەهۆی پڕۆسەی سەرژمێری و قەدەخەی هاتووچۆوە دواکەوت.  وتيشى: ئەمڕۆ ئەنجامی هەڵبژاردن پەسەند دەکرێت و لەگەڵ ناوی ئەندام پەرلەمانەکان بۆ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت و داوا دەکرێت بە زووترین کات حکومەت پێکبهێندرێت.  بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، دەبێت سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ماوەی 10 رۆژدا داوا لە پەرلەمانتارانی خولی نوێ بکات کۆببنەوە، ئەگەر لەو ماوەیەدا داوای نەکرد، پەرلەمانتاران دەتوانن لە 11ـەمین رۆژ دوای پەسندکردنی ئەنجامەکان کۆببنەوە.

هاوڵاتی -ئەگەر گرووپە چەكدارەكان ملکەچی دەسەڵات نەبن، دەمانکێشنە ناو شەڕەوە. - حکوومەتی عێراق هەوڵ دەدات کۆنترۆڵی گرووپە چەکدارەکان بکات.   حەیدەر سەلامی ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاند، ئەگەر گرووپە چەكدارەكان ملکەچی دەسەڵات نەبن، دەمانکێشنە ناو شەڕەوە. حەیدەر سەلامی، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند پێویستە هەموو گرووپە چەکدارەکان بێنە ژێر کۆنترۆڵی وڵات، هەروەها بەردەوامی ملکەچنەبوونیان وڵات دەکێشێتە ناو شەڕ و ململانێکان. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد حکوومەتی عێراق هەوڵ دەدات کۆنترۆڵی گرووپە چەکدارەکان بکات، بەڵام هەندێک لەو گرووپانە پەیوەندی دەرەکییان هەیە، ئەمەش ئەرکی گەیشتن بە سەقامگیرییەکی تەواو ئاڵۆزتر دەکات. جەختیشی لەوە کردەوە کە هێزەکانی حەشدی شەعبی دامەزراوەیەکی حکوومییە و یاسایەکی هەیە کە کارەکانی ڕێکدەخات، لەکاتێکدا گرووپەکانی دیکە لە ماوەی 21 ساڵی ڕابردوودا، هیچ دەستکەوتێکیان بەدەست نەهێناوە.

-خولی شەشەمی پەرلەمان لە هەڵبژاردنێكی ساختە و دیزاینكراو بەرهەم هاتوە و بایكۆتی دەكەین. - هەڵبژاردنی دیزاینكراوی پەرلەمانی كوردستان تەواوی پڕۆسەی هەڵبژاردنی لە كوردستان لەكەداركرد و ئیرادەی خەڵكی خستە سەودا و مامەڵەوە. ئامادەکردنی: هاوڵاتی ئەنجومەنی سەركردایەتی كۆمەڵ دادگەریی كوردستان ڕایگەیاند، سورین لەسەر بڕیاری بایكۆتكردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان كە لە هەڵبژاردنێكی ساختە و دیزاینكراودا بەرهەم هاتوە. ئەنجومەنەكە ئەمڕۆ شەممە بە سەرپەرشتیی عەلی باپیر كۆبونەوەی ئاسایی خۆيی لەشاری هەولێر ئەنجامدا و لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، دوبارە جەخت لە بڕیاری بایكۆتكردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی دیزاینكراوی كوردستان دەكەینەوە، كە لە هەڵبژاردنێكی ساختە و دیزاینكراو بەرهەم هاتوە و كۆمەڵی دادگەری تێدا بەئامانج گیراوە. ئاماژەی بەوەشكرد، هەڵبژاردنی دیزاینكراوی پەرلەمانی كوردستان بەجۆرێك بوە، تەواوی پڕۆسەی هەڵبژاردنی لە كوردستان لەكەداركرد و ئیرادەی خەڵكی خستە سەودا و مامەڵەوە، لە ئەنجامیشدا ئەو حزبانەی زیاتر لە 30 ساڵە حكومڕانن و هەرێمەكەیان گەیاندوەتە دۆخێكی ناهەموارەوە، دەنگەكانیان زیادی كرد، بەڵام هێزێكی وەكو كۆمەڵی دادگەری كە بەردەوام لە خەمی خەڵكدا بوە و بە هەڵوێستەكانی پشتیوانیی خەڵكی كردوە دەنگەكانی كەمی كرد. بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، ئەنجومەنی سەركردایەتی گفتوگۆی چڕی لەسەر بارودۆخی ناوخۆیی كۆمەڵ و هەڵسەنگاندنی بۆ ئاستی ئۆرگانەكان و خۆڕێكخستنەوە بۆ قۆناغی داهاتوی كاری سیاسیی تاوتوێ كرد، بڕیاریشیدا بە شێوەیەكی توندوتۆڵ خۆی بۆ قۆناغی ئایندە و ئاڵنگارییەكانی داهاتو ئامادە بكات. سەبارەت بە كۆنگرەی پێنجەمی كۆمەڵیش، ئەنجومەنی سەركردایەتی جەختیكردەوە كۆنگرەی كۆمەڵ لە وادەی یاسایی خۆیدا بەڕێوەدەچێت و بۆ ئەو مەبەستەش ڕێكاری پێویستی گرتە بەر و چەند بڕیارێكی دەركرد.

- داعش ئێستا زۆر لە ساڵی2014 بەهێزترە. - مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان پێویستن. - پەیوەندییەکی باش و تۆکمەمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیدا هەیە. ئامادەکردنی: هاوڵاتی ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، داعش ئێستا زۆر لە ساڵی2014 بەهێزترە، ئەو کات تەنیا چەند سەد کەسێک بون، بەڵام ئێستا بە هەزاران داعش لە سوریا، عێراق و سەرانسەری جیهاندا هەن. ڕێبەر ئەحمەد، ئەمڕۆ شەممە لە دووەمین ڕۆژی کۆڕبەندی مێپس لە دهۆک ڕایگەیاند، ئێمە باوەڕمان وایە داعش ئێستا زۆر بەهێزترە لەو کاتەی کە دەستیپێکرد، لە ساڵی 2014، داعش ئەو کات تەنیا چەند سەد کەسێک بون، بەڵام ئێستا بە هەزاران داعش لە سوریا و عێراق و سەرانسەری جیهاندا هەن. ئاماژەی بەوەشکرد، داعش ئێستا بە هەمان شێوەی جاران چالاکن، لە ساڵانی ڕابردو چاڵاکی تیرۆرستییان لە مۆسکۆ و ئەلمانیا و ڤێتنام و ئێران هەبوە، ئەمەش پێمان دەڵێت مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان پێویستن، هاوکات ئێستا ئێمە پێویستیمان بەوەیە کۆتایی بە داعش بهێنین. وەزیری ناوخۆ لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندییەوە رونیكردەوە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەڕوی ئاسایشەوە جیاوازە و تێگەیشتنێکی باش لە نێوانماندا هەیە، ئێمە بە یەک چاو سەیری ئاسایشی ناوچەکە دەکەین، ئەمە سیاسەتێکی ڕون و ئاشکرایە کە لەلایەن سەرۆک وەزیرانەوە، ئێستا پەیوەندییەکی باش و تۆکمەمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیدا هەیە.

-بەهۆی بۆردوومانەكانی ئیسرائیلەوە تا ئێستا 44 هەزار و 176 كەس لە غەززە كوژراون. - ژمارەی بریندارەكانیش گەیشتووەتە 104 هەزار و 473 كەس. ئامادەکردنی: هاوڵاتی وەزارەتی تەندروستی غەززە ڕایگەیاند ژمارەی کوژراوانی کەرتی غەززە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە گەیشتە زیاتر لە 44 هەزار کەس. وەزارەتەكە بڵاویکردەوە، بەهۆی بۆردوومانەكانی ئیسرائیلەوە تا ئێستا 44 هەزار و 176 كەس لە غەززە كوژراون، هەروەها ژمارەی بریندارەكانیش گەیشتووەتە 104 هەزار و 473 كەس. چەكدارانی حەماس لە بەرەبەیانی ٧ی مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردوو لە ڕێگەی ئاسمانی و ووشكانی هێرشیان كردە سەر ئیسرائیل، دواتر ئیسرائیل هێرشی پێچەوانەی بۆ سەر كەرتی غەززە دەستپێكرد، لە ئەنجامدا بە هەزاران كەس بوونە قوربانیی و ئاوارە بوون و تا ئێستاش شەڕ و پێكدادان بەردەوامە.

-دەسەڵات بە وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتییەكان دەدرێت كە رۆژێك یان زیاتر بۆ فەرمانبەران بكەن بە پشوو. - پێویستە ئەم بابەتە بەشێوەیەک ڕێکبخرێت کە کاریگەری لەسەر دەوامی دامەزراوەکان و خەڵک و کاروباری خزمەتگوزارییەکان نەبێت. ئامادەکردنی: هاوڵاتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمى كوردستان ڕایگەیاند دەسەڵات بە وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتییەكان دەدرێت كە رۆژێك یان زیاتر بۆ فەرمانبەران بكەن بە پشوو. بەپێی نوسراوێک کە واژووی ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی لەسەرە و فەرمانەکە ئەمڕۆ شەممە دەرچووە، تێیدا هاتووە بەمەبەستی تەواوكردنی قۆناغی كۆتایی سەرژمێری دانیشتووان کە پێویستە سەرجەم زانیارییەکانى خێزان لە فۆڕمەکە تۆماربکرێن، مۆڵەت بە وەزیر و بەرێوەبەرە گشتییەكان دراوە، تا فەرمانبەران و ئەفسەر و کارمەندانیان  لە ناوچە کوردستانییەکان بمێننەوە، بۆ ئەوەی لەو دوو رۆژە تەواوی زانیارییەكانیان تۆمار بکرێن. ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە، پێویستە ئەم بابەتە بەشێوەیەک ڕێکبخرێت کە کاریگەری لەسەر دەوامی دامەزراوەکان و خەڵک و کاروباری خزمەتگوزارییەکان نەبێت.

-ئازاد شاخی ئەمیری داعشى ناوچەی کوردستانی لە کەرکوک دەستگیر کرا. - باندێكی چەکدارانی داعش کە حەوت کەس بوون دەستگیرکراون لەناویاندا ئەمیری ناوچەی کوردستانی هەبووە. ئامادەکردنی: هاوڵاتی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ڕایگەیاند تیرۆرستێکی مەترسیداريان دەستگیرکردووه کە بە ئەمیری داعشى ناوچەی کوردستانی ناوی دەبرا. ئەرشەد حەیکم وتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ڕایگەیاند، لە ئۆپەڕاسیۆنێکی ورد و چڕدا، کە پشتبەست بە زانیاریی هەواڵگريی و پێشوەختە ئەنجامدرا، تیرۆرستێکی مەترسیدار لە کەرکوک دەستگیرکرا. وتيشى: ئامانجی ئۆپەڕاسیۆنەکە پووچەڵکردنەوەی ئەو هەوڵانە بووە کە ویستویانە ئارامی پارێزگاکە تێکبدەن و چەند کەسایەتییەک بەئامانج بگرن. رونیشیكردەوە ئۆپراسیۆنەكە بە هەماهەنگی بووە لەگەڵ هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی و باندێكی چەکدارانی داعش کە حەوت کەس بوون دەستگیرکراون لەناویاندا ئەمیری ناوچەی کوردستانی هەبووە، کە بە ئازاد شاخی ناوی دەبرێت.

- دەبینین کە پارە بۆ مووچە درەنگ دەنێردرێت، داهات بەشێوەیەکی گشتی کەمبووەتەوە. - راگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستان کاریگەریی لەسەر هەموو عێراق هەبووە. - نامانەوێت عێراق ببێتە بەشێک لەو جەنگەی لە ناوچەکە هەیە. ئامادەکردنی: هاوڵاتی مەسرور بارزانی سەرۆکى حکومەتی هەرێمى كوردستان ڕایگەیاند پێویستە ڕێگەی جیاواز هەبن بۆ چارەسەری قەیرانەکانى مووچە وهەناردەی نەوتى هەرێم. سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دیدارێکی تایبەتدا لە دووەم ڕۆژی پێنجەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس2024) لە شاری دهۆک، ڕایگەیاند، هەر هەنگاوێک بۆ ئاشتی پێویستە پشتگیری بکرێت و پێویستە ڕێگەی جیاواز هەبن بۆ چارەسەری قەیرانەکان. ئاماژەی بەوەشدا، ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت، نامانەوێت عێراق ببێتە بەشێک لەو جەنگەی لە ناوچەکە هەیە، هەر هەنگاوێکیش بۆ ئاشتی هەبێت پێویستە پشتگیری بکرێت. باسی لەوە شکرد، هانی هەموو وەبەر‌هێنەرانی بیانی دەدەین لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن، لە ماوەی ڕابردووشدا چەندين وڵات ڕێژەی وەبەرهێنانیان لە هەرێمی کوردستان زیاد کردووە. وتيشى: راگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستان کاریگەریی لەسەر هەموو عێراق هەبووە، بەڵام بێگومان گەورەترین زەرەرمەند بریتییە لە کوردستان، هەرێمی کوردستان مافی خۆیەتی نزیکەی 500 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم بهێنێت، بەڵام کەمتر لە نیوەی ئەو بڕە بەرهەمدەهێنرێت. رونیشیكردەوە دەبینین کە پارە بۆ مووچە درەنگ دەنێردرێت، داهات بەشێوەیەکی گشتی کەمبووەتەوە، ئەمە بەشێوەیەکی گشتی لە بەرژەوەندیی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دا نییە.

  ئامادەکردنی: هاوڵاتی -پێویستە لەماوەی 10 ڕۆژدا سەرۆكی هەرێم داوای بەستنی یەكەم دانیشتنی پەرلەمان بكات. - ئەگەر بێتو كێشمەكێشی سیاسی دروست بوو، سەرپێچیان له كاتی دیاریكراوی یاسایی كرد ئەو كاتە هەرێم دەكەوێتە بۆشایی دەستوریەوە. سەفا لامی شارەزای عێراقی لەبواری یاسا ڕایگەیاند: دوای پەسەند كردنى ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن ئەنجومەنی كۆمسیارانی هەڵبژاردنەكانی عێراق ، پێویستە لەماوەی 10 ڕۆژدا سەرۆكی هەرێم داوای بەستنی یەكەم دانیشتنی پەرلەمان بكات. سەفا لامی تایبەت بە هاوڵاتی راگەیاند ئەگەر سەرۆكی هەرێم مەرسومی دەرنەكرد بۆ بەستنی دانیشتنەكە، ئەوا دوای ئەو 10 ڕۆژە پەرلەمانى كوردستان بۆخۆی كۆدەبێتەوە. وتيشى: ئەگەر بێتو كێشمەكێشی سیاسی دروست بوو، سەرپێچیان له كاتی دیاریكراوی یاسایی كرد كه بەپێی بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی ئەو كاتانە دیاریكراون، ئەو كاتە هەرێم دەكەوێتە بۆشایی دەستوریەوە. رونیشیكردەوە ئەگەر هەرێمی كوردستان لەكاتی دیاریكراوی خۆیدا حكومەتی پێكنەهێنا و كەوتە بۆشایی دەستوریەوە یەكێك لە سیناریۆكان گەڕانەوەیە بۆ دوو ئیدارەیی، ئەگەر بێتو رێكەوتنی سیاسی نەكرێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكە.

هاوڵاتی - هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان نەخەشەیەكی سیاسی نوێی هێنایە ئاراوە. - ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كاریگەری دەخاتە سەر بارودۆخی ناوخۆیی كوردستان. - هیچ مەترسیەك لەسەر هەرێم دروست نابێت چونكە لە زۆر بابەتی سیاسی و ستراتیژی هاوڕایە لەگەڵ حكومەتی عێراق.   محەمەد حەسەن ساعيدی نووسەر و شرۆڤەكاری سیاسی عێراقی ڕایگەیاند هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان نەخەشەیەكی سیاسی نوێی هێنایە ئاراوە كە ڕەنگدانەوەی واقیعێكی سیاسی نوێ‌ بوو. محەمەد حەسەن ساعيدی تایبەت بە هاوڵاتی راگەیاند ئەم نەخشە سیاسیە نوێیە رەنگدانەوەی دەبێت لە پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستان و بەهۆی ئەم گۆڕانكارییانەوە پێموایە پێكهێنانی حكومەتی هەرێم دوادەكەوێت. وتیشی: ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كاریگەری دەخاتە سەر بارودۆخی ناوخۆیی كوردستان و گۆڕانكاریەكانیش هەنگاوێكی گرنگە. دووپاتیشیكردەوە هیچ مەترسیەك لەسەر هەرێم دروست نابێت چونكە لە زۆر بابەتی سیاسی و ستراتیژی هاوڕایە لەگەڵ حكومەتی عێراق و بەرەوپێشچون هەیە لە پەیوەندیەكانیان.

هاوڵاتی جومانە غەلای   -لەم هەفتەیەدا ئەنجوومەنی کۆمیسیاران كۆدەبێتەوە و ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەسەند دەكات. - ئەگەری هەیە سبەی یەکشەممە ئەنجوومەنی کۆمیسیاران کۆببێتەوە.   کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕاێگەیاند لەم هەفتەیەدا ئەنجوومەنی کۆمیسیاران كۆدەبێتەوە و ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەسەند دەكات. جومانە غەلای وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق تایبەت بە هاوڵاتی راگەیاند ئەگەری هەیە سبەی یەکشەممە ئەنجوومەنی کۆمیسیاران کۆببێتەوە و ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەسەند بکات.  وتيشى: یەکەم کۆبوونەوەی ئەم هەفتەیەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران تایبەت بە پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەبێت  و ئەگەری هەیە سبەی یەکشەممە کۆبوونەوەکە بکرێت و تێیدا ئەنجوومەنی کۆمیسیاران ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەسەند بکات. جومانە غەلای وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە لێدوانێكی پێشوو بۆ هاوڵاتی رایگەیاند لەدوای بڕیارەكەی دەستەی دادوەری بەمزوانە ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی هەرێم پەسەند دەكەین. لە وەڵامی پرسیاری هاوڵاتی ئایا لایەنە ناڕازییەكان لەئەنجامی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان كە تانەكانیان رەتكرایەوە و سورن لەسەر ئەوەی ساختەكاری كراوە، هیچ رێكارێكی تر هەیە بیگرنەبەر ؟ ئاشكرایكرد دەستەی دادوەری هەموو تانەكانی رەتكردەوە و ئەنجومەنی كۆمسیاران پاڵپشتی لە بڕیارەكە دەكات و ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پەسەند دەكات. وتيشى: ئەنجومەنی كۆمسیاران لەدانیشتنی ئاسایی خۆیدا بڕیار لەسەر پەسەندكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەدات لەسەر رۆشنایی بڕیارەكەی دەستەی دادوەری. 18 و 20ى تشرینى یەکەم دەنگدانى تایبەت و دەنگدانى گشتى بۆ هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان کرا و 21ی تشرینى یەکەم ئەنجامى بەرایی و 30ی هەمان مانگ ئەنجامى کۆتایی ئەو هەڵبژاردنە لەلایەن کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانەوە راگەیێندرا.

  - ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەرامبەر گۆڕانی ڕیشەییدایە. - ئیدارەی نوێی ئەمریکاش کاریگەریی لەسەر ناوچەکەو عێراقیش دەبێت.   حەیدەر عەبادی سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر و سەرۆک وەزیرانی پێشوتری عێراق ڕایگه‌یاند ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەرامبەر گۆڕانی ڕیشەییدایە، ئەویش بەهۆی ئەو شەڕەی لەناوچەکەدا هەیەو ئەنجامی جیۆ ـ سیاسیی هەیەو عێراقیش بەشێکە لێی. حەیدەر عەبادی له ‌دووەم ڕۆژی پێنجەمین کۆڕبەندی ئاشتی‌و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس 2024) كه لە زانکۆی ئەمریکی ـ کوردستان لەشاری دهۆک بەڕێوەدەچێت ڕایگه‌یاند ئەمڕۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەرامبەر گۆڕانی ڕیشەییدایە، ئەویش بەهۆی ئەو شەڕەی لەناوچەکەدا هەیەو ئەنجامی جیۆ ـ سیاسیی هەیەو عێراقیش بەشێکە لێی، ستراتیژیی نوێ بۆ ئیدارەی ئەمریکا دێتە پێشەوە کە کاریگەریی  لەسەر ئێمەش دەبێت، هەروەها دەشزانین ململانێ هەیە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و ئۆکرانیاو ئاسیا کە کاریگەریی تەواوی هەبوە لەسەر هەموو جیهان. وتيشى: ئەمە ساتێکە دەبێ بەشێوازی عەقڵانی بیر لەپێگەی سیاسی بکەینەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ گۆڕانەکان‌ و ئەو سیناریۆیانەی هەن بگونجێن، بۆیه‌ پەیامی من لێرە بۆ هەموو سیاسییەک ئەوەیە، کە هەڵەی سیاسیی لەکاتی گۆڕاندا زۆر کاریگەرە، ئێمەش ئەوەمان بینیوە لەمێژوی عێراقدا. رونیشیكردەوە ئەمڕۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەرامبەر گۆڕانێکی ڕیشەییدایەو شەڕێکی گەورە لەناوچەکە سەریهەڵداوە، ئیدارەی نوێی ئەمریکاش کاریگەریی لەسەر ناوچەکەو عێراقیش دەبێت. نزیکەی 124 ئەکادیمیست لە40 وڵاتی جیاواز بەشداریی کۆڕبەندى مێپس دەکەن، کە 73%یان بۆ جاری یەکەمە بەشداردەبن، هەروەها ژمارەیەک پانێل‌و وۆرکشۆپ لەبارەی دۆخی ئێستای جیهان‌و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەدەچن.

كەشناسی هەرێم - بارانبارین هه‌موو ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان دەگرێتەوە. - ئاسمان ساماڵ و په‌ڵه‌ هه‌ور ده‌بێت. - پله‌كانی گه‌رما به‌رزده‌بنه‌وه‌.   به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كه‌شناسی و بومه‌له‌رزه‌زانی هه‌رێمى كوردستان پێشبینیكرد بارانبارین هه‌موو ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بگرێتەوە. بەڕێوەبەرایەتیەكە له ‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ ئاسمان ساماڵ و په‌ڵه‌ هه‌ور ده‌بێت، خێرايی با له‌سه‌رخۆ و مامناوه‌ند له‌نێوان 5-15 كیلۆمه‌تر له‌كاتژمێرێكدا ده‌بێت، پله‌كانی گه‌رما به‌ڕێژه‌ی 1-2 پله‌ی سیلیزی به‌راورد به‌ تۆماره‌كانی دوێنێ به‌رزده‌بنه‌وه‌. ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، سبه‌ی یه‌كشه‌ممه‌ ئاسمان ساماڵ و په‌ڵه‌ هه‌ور ده‌بێت، له‌كاته‌كانی شه‌ودا ده‌گۆڕێت بۆ نیمچه‌ هه‌ور و هه‌وری ته‌واو سه‌ره‌تا به‌ نمه‌ باران ده‌ستپێده‌كات له‌ ناوچه‌كانی رۆژئاوای هه‌رێم له‌ دره‌نگانی شه‌ودا هه‌مو ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌گرێته‌وه‌.   به‌رزترین پله‌كانی گه‌رمای پێشبینیكراو به‌ پله‌ی سیلیزی: هه‌ولێر : 22  سلێمانی : 19  دهۆك : 21   زاخۆ  : 21 هه‌ڵه‌بجه‌ : 20 كه‌ركوك : 21 سۆران : 18 حاجی ئۆمه‌ران : 10 گه‌رمیان : 24

  باڵیۆزی ئۆکرانیا لە بەریتانیا   -سەربازانی کۆریای باکور ‌و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران ‌و پێکهاتەکانی چینیش لەهێرشەکانی سەر ئۆکرانیا بەکاردەهێنرێن. -بەشداریی ڕاستەوخۆی هاوپەیمانەکانی ڕوسیا لەشەڕی ئۆکرانیا، ئاماژەیە بۆ دەستپێکردنی سێیەم جەنگی جیهانی.   ڤالێری زالۆژنی باڵیۆزی ئۆکرانیا لە بەریتانیا ڕایگه‌یاند، سێیەم جەنگی جیهانی بەکرداریی دەستی پێکردوە و بەشداریی ڕاستەوخۆی هاوپەیمانەکانی ڕوسیا لەشەڕی ئۆکرانیا، ئاماژەیە بۆ دەستپێکردنی ئه‌و جەنگه‌. باڵیۆزی ئۆکرانیا لە بەریتانیاو فەرماندەی باڵای پێشوی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، ئۆکرانیا لەساڵی 2024دا هەر بەتەنها ڕوبەڕوی ڕوسیا نەبوه‌تەوە، بەوپێیەی سەربازانی کۆریای باکور بەشداریی شەڕەکە دەکەن ‌و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران ‌و موشەکی کۆریای باکورو پێکهاتەکانی چینیش لەهێرشەکانی سەر ئۆکرانیا بەکاردەهێنرێن. جەختیشی لەوەشکردوه‌تەوە، ئەم پێشهاتانە هۆکاری ڕون دەخەنەڕوو بۆ ئەوەی بڵێین جیهان چوەتە سەردەمێکی جەنگی جیهانیی نوێ. هۆشداریشیدا لەوەی، ئێستا جیهان دەرفەتی ئەوەی هەیە وانە فێربێت‌و ئەم هەڵچونە لەسەر خاکی ئۆکرانیا ڕابگرێت، بەڵام هاوبەشەکانی ئۆکرانیا نەیانتوانی درک بەمەترسیداریی دۆخەکە بکەن. ئه‌وه‌شى وت:"وڵاتەکە ڕوبەڕوی ئاستەنگی گەورە بوەتەوەو پێویستی بەپاڵپشتی تەکنیکیی‌و سەربازیی هەیە بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن، جەنگی سێیه‌مى جیهانیی لەئێستاوە دەستیپێکردوە.