هاوڵاتی سلێمانی، 13ی حوزەیرانی 2024: سەنتەری میترۆ ئیدانەی هەڵسوكەوتی هێزە ئەمنییەكانی شاری سلێمانی دەكات بەرامبەر پەیامنێری دەزگاكانی راگەیاندن و بەشداربووانی چالاكی تیمی (گۆیژە بپارێزە) كە پێچەوانەی یاساكانی رێكخستنی خۆپیشاندان و رۆژنامەگەرین. بڕیاربوو ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ی حوزەیرانی 2024 تیمی (گۆیژە بپارێزە) كە لە كۆمەڵێك چالاكوانی مەدەنی و رۆژنامەنوس پێكهاتوون، لە شاری سلێمانی چالاكییەكی جەماوەری هەمەڕەنگ و هونەری و مۆسیقی و ئەدەبی ئەنجامبدەن، بەمەبەستی وەستان بەرامبەر ئەو دەستدرێژییە ژینگەییانەی لەلایەن كۆمپانیاكانەوە دەكرێتە سەر ژینگەی سروشتی شاخەكە. لەكاتی گەشتنی چالاكوانان بۆ بەردەم پرۆژەكە، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە ڕێگریان لێكرا ، توندوتیژی جەستەییان بەرامبەر كردن و دەستیان گرت بەسەر مۆبایلی هەندێك لە رۆژنامەنووس و چالاكوانەكان و وێنەكانیان سڕیوەتەوە. نەیانهێشت  كەناڵەكانی ڕاگەیاندن ( ئێن ئارتی، كەی ئێن ئێن، زووم، مایك)روماڵی چالاكییەكە بكەن. هێزە ئەمنییەكان بەوەشەوە نەوەستان، هێزێكیان چاودێری ئۆتۆمبێلی چالاكوانەكانی دەكرد تا گەیشتنە ناو پاركی ئازادی، كە بە گەیشتنی بەشداربووان و رێكخەرانی ئەو چالاكییە، كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیان رێكخست. لەم بارەیەوە بەهار عەبدولكەریم پەیامنێری كەی ئێن ئێن بە میترۆی راگەیاند هێزێكی ئەمنی زۆری دەمامكدار و چەك بەدەست تەنها بەس چاویان دیار بوو لەوێ بوون، رێگرییان كرد روماڵ بكەین ووتی "مایكو كەلوپەلی رۆزنامەوانییەكانیان لێسەندین و كردیانە سەیارەكانی خۆیانەوە" جەختیكردەوە " كۆدی مۆبایلەكانیان پێكردینەوە وێنە و ڤیدۆكانیان سڕیوەتەوە و هەڕەشەیان لێكردم هەر ڤیدیۆیەك بڵاوبكەیتەوە  بانگت دەكەین بۆ ئاسایش" بە پێی شایەتحاڵەكان ئەو هێزە پەلاماری دووچالاكوانیان داوە، ئازاریان پێگەیشتووە و كەوتونەتە سەر زەوی، پاشان دەستیان بەسەر سەكۆی چالاكوانەكان گرتوەو كردویانەتە سەیارەی هێزە ئەمنیەكان و بردوویانە. وە دواتر دوای دوو کاتژمێر لە وەستانی رۆژنامەنووسان و چاوەڕێ كردنیان و بڵاوەپێكردنی چالاكوانان كەل و پەلەكانیان یاونەتەوە. سەنتەری میترۆ ئیدانەی هەڵسوكەوتی هێزە ئەمنییەكانی شاری سلێمانی دەكات بەرامبەر پەیامنێری دەزگاكانی راگەیاندن و بەشداربووانی چالاكی تیمی (گویژە بپارێزە) و دژ بە ئازادی خۆپیشانی ئاشتیانە و ئازادی كاری راگەیاندنكارانە. بە پێی یاسای رێكخستنی خۆپیشاندان لە هەرێمی كوردستان ئەركی هێزی ئەمنی پاراستنی بەشداربووانی خۆپیشاندانی ئاشتیانە و گردبونەوەكانە نەك سەركوتكردنی. بە پێی یاسای رۆژنامەگەری، رۆژنامەنوس مافی روماڵكردنی چالاكی گشتی هەیە و نابێ رێگریان لێبكرێت.

هاوڵاتی ئەو کەسەی لە رووداوی ئاگرەکەی دوێنێی گەڕەکی ئاشتی شاری سلێمانی گیانی لەدەستدا خەڵکی شاری بۆکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ی حوزەیرانی 2024، رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاورایگەیاند، "ئەو وەستایەی کە دوێنی لە سلێمانی گیانی لەدەستداوە ناوی حەسەن فەرهادنیایە و تەمەنی 45 ساڵە، خەڵکی شاری بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە". دوێنێ چوارشەممە 12ی حوزەیرانی 2024، تەنکییەکی گاز لەسەربانی باڵەخانەیەکی گەڕەکی ئاشتی شاری سلێمانی تەقییەوە و بەهۆیەوە وەستایەک کە لەو شوێنەدا کاری دەکرد گیانی لەدەستدا

هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد گفتوگۆکان لەسەر پرسی پارێزگای کەرکوک بەردەوامە و ئەندامێکی هەڵبژێردراوی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک رایدەگەیەنێت، دوای جەژن یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ئەنجام دەدرێت. رێبوار تەها، ئەندامی هەڵبژێردراوی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە هاوڵاتی راگەیاند، "گفتوگۆکان لەسەر پرسی پارێزگاری کەرکوک بە سەرپەرشتیکردنی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەردەوامن". لەبارەی دانیشتنی یەکەم ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکەوە ئاماژەی بەوەکرد، "بڕیارە لە دوای جەژن دانیشتنی یەکەمی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بکرێت و ئەنجومەنەکە کارابکرێت و دواتر گفتوگۆی زیاتر بکرێت و بڕیار لەسەر پۆستەکانی پارێزگای کەرکوک بدرێت". تا ئێستا سێ جار محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرکردەی لایەنە براوەکانی کەرکوک لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق کۆبووەتەوە لەسەر دیاریکردنی پۆستەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک گفتوگۆکراوە، بەڵام نەتوانراوە بگەنە رێککەوتن و سودانیش لە کۆتا کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنەکان ماوەی دوو هەفتە مۆڵەتی داوە بە لایەنەکان بۆ رێککەوتن و دوای جەژنیش ئەو ماوەیە کۆتایی دێت. نزیکەی شەش مانگ بەسەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق تێپەڕدەبێت، تاوەکو ئێستا ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک نەیتوانیوە یەکەم کۆبوونەوە ئەنجام بدات و بڕیار لەسەر پۆستەکان بدات.

هاولاتی لە شەوی رابردووەوە ئاگر لە پاڵاوگەیەک لەسەر رێگەی هەولێر - گوێر کەوتووەتەوە و تاوەکو ئێستا تیمەکانی بەرگریی شارستانی هەولێر نەیانتوانییەوە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن. بەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی بێت، ئەو ئاگرەی شەوی رابردوو  لە پاڵاوگەیەک لەسەر رێگەی هەولێر - گوێر کەوتووەتەوە تائێستاش بەردەوامە و نەتوانراوە کۆنترۆڵبکرێت بەهۆی فراوانی رووبەڕی ئاگرەکەوە. هەر بەپێی زانیارییەکان، لە رووداوەکەدا 10 کەس برینداربوون و زیانێکی زۆری مادیی هەبووە و جگە لە سووتانی پاڵاوگە و کۆگای سووتەمەنی، بووەتە هۆی سووتانی سێ ئۆتۆمبێلی تیمەکانی بەرگریی شارستانی و پێنج تانکەری سووتەمەنی. پاڵاوگەکە لەسەر رێگەی هەولێر - گوێرە و پاڵاوگەیەکی نایاساییە و پیشتر لەلایەن دادگاوە بڕیاری داخستنی دراوە، بەڵام ئەو بڕیارە جێبەجێ نەکراوە و پاڵاوگەکە بەردەوام بووە لە کارەکانی.

هاوڵاتی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، هیچ بەربەستێك لەبەردەم ناردنی مووچەی هێزە ئەمنییەكان نەماوە و دوای جەژن مووچەیەكی دیكەی هێزە ئەمنییەكان خەرجدەكرێت. ئەمڕۆ چوارشەممە 12ی حوزەیرانی 2024، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی کوردستان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "داواكارییەكانی بەغداد بۆ ناردنی مووچەی هێزە ئەمنییەكان جێبەجێكراون و رێككەوتن كراوە و هیچ بەربەستێك لەبەردەم ناردنی مووچەی هێزە ئەمنییەكان نەماوە". ئاماژەی بەوەشکرد، “چاوەڕواندەكرێت دوای جەژن مووچەیەكی دیكەی هێزە ئەمنییەكان خەرجبكرێت”.

هاوڵاتی ئەمڕۆ چوارشەممە 12ی حوزەیرانی 2024، جومانه‌ غلای وته‌بێژی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق رایگەیاند، سبه‌ینێ ده‌رگای خۆتۆماركردن داده‌خرێت، پارتی ئاره‌زووی نیشانداوه‌ به‌شداری بكات. دەشڵێت، پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ فه‌رمانگه‌ی كاروباری حزب و رێكخراوه‌ سیاسییه‌كان، ئاره‌زووی خۆی بۆ به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان نیشانداوه‌. ئەوەشی خستۆتەڕوو، سبه‌ینێ له‌گه‌ڵ كۆتایی ده‌وامی فه‌رمیدا ده‌رگای تۆماركردنی ناوی هاوپه‌یمانێتیی و حزب و كاندیده‌ تاكه ‌كه‌سییه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان داده‌خرێت. ئاماژەی بەوەشدەکات، کە هه‌موو لایه‌نه‌ یاسایی و كارگێڕیی و دارایی و هونه‌رییه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ئاماده‌كراون و كۆمسیۆن به‌ ته‌نیا لایه‌نی هونه‌رییه‌و په‌یوه‌ندی به‌ لایه‌نی سیاسیی نییه‌، ئه‌وه‌ی له‌ڕووی یاساو پابه‌ندیی و بڕیاره‌كانی ده‌سته‌ی دادوه‌ریی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌ له‌سه‌ریه‌تی، جێبه‌جێیان ده‌كات.  

هاوڵاتی مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی تاسڵوجە ئەو تۆمەتبارەیان دەستگیرکرد کە ئەمڕۆ بەچەقۆ باوکی خۆی کوشت. ئەمڕۆ چوارشەممە 12ی حوزەیرانی 2024، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، دوای ئەوەی ئەمڕۆ، لە گەڕەکی کەنەکەوەی شاری سلێمانی تۆمەتبارێک بەچەقۆ باوکی خۆی کوشت، دەستبەجێ هێزەکانمان گەیشتنە شوێنی ڕوداوەکە لێکۆڵینەوەکان دەستپێکرد، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەرو لەماوەی کەمتر لەکاتژمێرێکدا توانرا تۆمەتبار لەلایەن مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی تاسڵوجەوە دەستگیربکرێت. ئاماژەی بەوەشداوە، تۆمەتبار (ر، ع، ج) لەدایکبووی 2005 دانی بەتاوانەکەیدا ناوەو لەئێستادا بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 406 لەیاسای سزادان ڕاگیراوەو لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە.

هاوڵاتی ئاڤان جەزا هەفتەی رابردوو لە سلێمانی سووتا، ماوەی چەند رۆژێک لەژێر چاودێریی ورددابوو، بەشێکی زۆری جەستەی سووتابوو و ئەمڕۆ بەهۆی سەختی برینەکانی گیانی لەدەستدا. ئەمڕۆ چواشەممە 12ی حوزەیرانی 2024، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی رایگەیاند، ئەو ژنەی هەفتەی رابردوو لە سلێمانی سووتا، ئەمڕۆ گیانی لەدەستداوە و تەرمەکەی رادەستی کەسوکارەکەی کراوە. سامان شێخ لەتیف، دەڵێت ، ئەو ژنەی هەفتەی رابردوو لە سلێمانی سووتا، ئەمڕۆ بەهۆی زۆریی سووتاویەکەیەوە گیانیلەدەستداوە و تەرمەکەی رادەستی خێزانەکەی کراوەتەوە. هەفتەی رابردوو ڤیدیۆی ژنێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە گوایە "لەلایەن مێردەکەیەوە سووتێنراوە"، بەڵام خەزووری کچەکە لەلێدوانی بۆ دەزگاکانی راگەیاندن رایگەیاند، کوڕەکەم بێبەرییە لەو رووداوە، ژنەکە خۆی پێشتر پێیگوتووم سیحری لێکراوە و ناشتوانم نوێژەکان بەباشی بکەم.

هاوڵاتی ئەمڕۆ چوارشەممە 12ی حوزەیرانی 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و گفتوگۆ لەسەر چەند تەوەرێک دەکات، لەوانە پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت و سەرژمێری. بەگوێرەی بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، لە بڕگەی یەکەمدا ئەنجامی سەردانی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەری کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ بەغداد و کۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت دەخرێتەڕوو. لە تەوەری دووەمی کۆبوونەوکەدا، گفتوگۆ لەبارەی دانانی دوو گۆڕەپانی گومرگی لە پارێزگای دیالە و موسڵ دەکرێت. هەر بە گوێرەی بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، لە تەوەری سێیەمدا، بابەتی سەرژمێری گشتیی دانیشتوان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەخرێتەڕوو. جێگای ئاماژەیە، لە تەوەری چوارەمدا باسی ئامادەکارییەکانی وەزارەتی پەروەردە بۆ تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12 دەکرێت.  

هاوڵاتی ئەمڕۆ چوارشەممە 12ی حوزەیرانی 2024، رۆژنامەی الصباح رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی سەردانی سلێمانی دەکات و لەگەڵ هێزە سیسیەکان کۆدەبێتەوە. رۆژنامەی الصباح دەڵێت، نێچیرڤان بارزانی, سەرۆكی هەرێمی كوردستان, لەم رۆژانەدا سەردانی سلێمانی دەكات, بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ حزبەكان لەپێناو دیاریكردنی وادەیەكی نوێ‌ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان, بەتایبەت دوای داواكەی كۆمیسیۆن بە دیاریكردنی وادەیەكی نوێ‌ بۆ هەڵبژاردن. لەم بارەیەوە، وەفا محەمەد كەریم, بەرپرس لە پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردن لە دەسەڵاتی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندایە, بەڵام دەیەوێت بە رێككەوتن لەگەڵ لایەنە سیاسیەكان ئەو وادەیە دەستنیشان بكات, بۆ زامنكردنی بەشداری چالاكانەی هەمووان تیایدا. ئەوەشخراوەتەڕوو، لەسەردانەكەی سەرۆكی هەرێمدا, رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردن دیاری دەكرێت, پارتی بەشداری لە هەڵبژاردنەكان دەكات, بەتایبەت دوای جێبەجێكردنی هەندێك لە داواكاریەكانی, لەوانە, گێڕانەوەی كورسی كۆتاكان.  

هاوڵاتی كێشەی مووچەی خانەنشینانی سەربازی هاوشێوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم چارەسەردەبێت و دانوستانەكان بۆ چارەسەركردنی گرفتی مووچەی هێزە ئەمنییەكانیش بەردەوامە. ئەمڕۆ سێشەممە 11ی حوزەیرانی 2024، سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێم لە بەغداد رایگەیاند، كێشەی مووچەی خانەنشینانی سەربازی چارەسەدەبێت و دەشڵێت، " ئەو گرێبەستانەی حكومەتی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییەكان ئەنجامیداوە یاسایین و هیچ گرفتێكیان نییە". فارس عیسا سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێم لە بەغداد لە دیدارێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، كۆبوونەوەكانی وەفدی هەرێم و كۆمپانیا نەوتییەكان لەگەڵ حكومەتی عێراق ئەرێنی بووە و ئەو گرێبەستانەی پێشتر هەرێم لە بواری نەوتدا ئەنجامیداون یاسایین و گرفتیان نییە و بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوتەوە هەرێم و بەغداد زەرەرمەندبوون. سەبارەت بە پرسی مووچە، سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێم لە بەغداد جەختیكردەوە و وتیشی، "كێشەی مووچەی خانەنشینانی سەربازی هاوشێوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم چارەسەردەبێت و دانوستانەكان بۆ چارەسەركردنی گرفتی مووچەی هێزە ئەمنییەكانیش بەردەوامە".

هاوڵاتی ئەمڕۆ سێشەممە 11ی حوزەیرانی 2024، وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، لەچوار مانگدا زیاتر لە سێ ترلیۆن و 225 ملیار دیناری بۆ هەرێمی كوردستان ناردووە، كە زیاتر لە دوو تریلیۆن و 350 ملیار دیناری بۆ مووچە بووە. بەپێی راپۆرتی دارایی وەزارەتی دارایی عێراق، لە چوار مانگی ئەمساڵدا داهاتی گشتی عێراق زیاتر لە 42 ترلیۆن و 700 ملیار دینار بووە، خەرجییەكانیش زیاتر 37 ترلیۆن و 143 ملیار دینار بووە. هەروەها لەماوەی ئەو چوار مانگەدا 26 ترلیۆن دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران و چاودێری كۆمەڵایەتی خەرجكراوە. بەپێی راپۆرتەكە، لەو چوار مانگەدا خەرجی هەرێمی كوردستان زیاتر لە سێ تریلیۆن و 225 ملیار دینار بووە كە زیاتر لە دوو تریلیۆن و 350 ملیار دیناری بۆ موچە بووە، ئەو بڕەی دیكەشی بۆ خەرجییەكانی دیكە بووە.

هاوڵاتی نوێنەرانی کەرکووک لە نووسراوێکی هاوبەشیاندا بۆ نووسینگەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، داوایان کردووە ڕێکارەکانی دابەشکردنی زەوی لەلایەن ئیدارەی کەرکووکەوە رابگیرێت. ئەمڕۆ سێشەممە 11ی حوزەیرانی 2024، بە گومانی بوونی گەندەڵی لە کارەکانی پارێزگاری بەوەکالەت، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و پەرلەمانتارانی کەرکووک داوای ڕاگرتنی دابەشکردنی زەوی دەکەن. نووسراوەکە، کە واژۆی شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و حەوت پەرلەمانتاری دیکەی لەسەرە، هۆکاری داواکارییەکەیان گەڕاندووەتەوە بۆ بوونی گومانی گەندەڵی لە ڕێکارەکانی ئیدارەی کەرکووک لە دابەشکردنی زەوی و کارەکانی شارەوانی لە تاپۆکردنی زەوییەکاندا.  

هاوڵاتی لەسەر سكاڵای هاوڵاتییەك ، تۆمەتبارێك خۆی ڕادەستی هێزەكانی بنكەی پۆلیسی سەرا كرد. ئەمڕۆ سێشەممە 11ی حوزەیرانی 2024، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، دوای ئەوەی هاوڵاتییەك سكاڵای تۆماركرد كە لەلایەن كەسێكەوە تەقەی لێكراوەو بەفیشەك بریندار كراوە ، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەو بەدواداچوونەكانیان دەستپێكردو بەڕێز دادوەر بڕیاریدا بە دەستگیركردنی تۆمەتبار. ئەوەشی خستۆتەڕوو، تۆمەتبار خۆی ڕادەستی هێزەكانی بنكەی پۆلسی سەرا كرد و دەستگیرا بەسەر چەكێكی جۆری دەمانچە كە تۆمەتبار تەقەی پێكردبوو لەگەڵ ئۆتۆمبێلێك كە بە تۆمەتبار بووە . ئاماژەی بەوەشداوە، لە ئێستادا تۆمەتبار ( ن ، ح ، ر لە دایكبووی 1996 ) بەبڕیاری بەڕێز دادوەر و بەپیی ماددەی 405/31 لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوە.

هاوڵاتی ئەمڕۆ سێشەممە 11ی حوزەیرانی 2024، یەکێکی دیکە لە بریندارەکانی شەڕەتەقەکەی دوێنێی هەولێر گیانیلەدەستدا و لە ئێستادا ژمارەی کوژراوانی شەڕەتەقەکە بوون بە چوار کەس و دوو کەسی دیکەش بریندارن. جێگای ئەماژەیە، ئێوارەی دوێنێ 10ی حوزەیرانی 2024، ، لەسەر کێشەى زەویوزار لە گەڕەکى هەولێرى نوێ لە هەولێر شەڕەتەقە لەنێوان چەند کەسێک روویدا و چوارکەس کوژراون و سیانى دیکەش برینداربوون. بەگوێرەی زانیارییەکان، کێشەکە لەسەر خاوەندارێتیی پارچە زەوییەک لە گەڕەکى هەولێرى نوێ لەنێوان ژمارەیەک هاوڵاتى دروستبووە و بەگوتەى شایەتحاڵەکان، لە رووداوەکەدا چەکى جۆراوجۆر بەکارهێنراوە. ئەوەشخراوەتەڕوو، ئەو زەوییەى کێشەى لەسەر دروستبووە، لە ناوچەیەکى بازرگانى هەولێردایە و کەسێک ویستوویەتى بیکات بە قوتابخانەى تایبەت، بەڵام ژمارەیەک هاوڵاتى دیکە خاوەندارێتییان بۆ خۆیان گەڕاندووەتەوە و رێگرییان کردووە و شەڕەتەقە دروستبووە.