رێبوار تەها بۆ هاوڵاتی: دوای جەژن یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ئەنجام دەدرێت

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد

گفتوگۆکان لەسەر پرسی پارێزگای کەرکوک بەردەوامە و ئەندامێکی هەڵبژێردراوی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک رایدەگەیەنێت، دوای جەژن یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ئەنجام دەدرێت.

رێبوار تەها، ئەندامی هەڵبژێردراوی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە هاوڵاتی راگەیاند، "گفتوگۆکان لەسەر پرسی پارێزگاری کەرکوک بە سەرپەرشتیکردنی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەردەوامن".

لەبارەی دانیشتنی یەکەم ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکەوە ئاماژەی بەوەکرد، "بڕیارە لە دوای جەژن دانیشتنی یەکەمی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بکرێت و ئەنجومەنەکە کارابکرێت و دواتر گفتوگۆی زیاتر بکرێت و بڕیار لەسەر پۆستەکانی پارێزگای کەرکوک بدرێت".

تا ئێستا سێ جار محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرکردەی لایەنە براوەکانی کەرکوک لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق کۆبووەتەوە لەسەر دیاریکردنی پۆستەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک گفتوگۆکراوە، بەڵام نەتوانراوە بگەنە رێککەوتن و سودانیش لە کۆتا کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنەکان ماوەی دوو هەفتە مۆڵەتی داوە بە لایەنەکان بۆ رێککەوتن و دوای جەژنیش ئەو ماوەیە کۆتایی دێت.

نزیکەی شەش مانگ بەسەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق تێپەڕدەبێت، تاوەکو ئێستا ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک نەیتوانیوە یەکەم کۆبوونەوە ئەنجام بدات و بڕیار لەسەر پۆستەکان بدات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار