هاوڵاتی عەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆکی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "با دەرچووانی بەشی ژینگە لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان سیڤی پێشکەشی فەرمانگەی ژینگەی شارەکەیان بکەن". سەرۆکی دەستەی ژینگە وتی: "دەرچووەکە دوای هەڵسەنگاندنی سیڤییەکە بانگ دەکرێت و چاوپێکەوتنی لەگەڵ دەکرێت؛ هەڵبەت ئەوانەی دەرچووی بەشی ژینگەن، زۆربەیان ئەگەر هەلی کاریان دەستکەوتبێت داوای دامەزراندن ناکەن". عەبدولڕەحمان سدیق ئاماژە بەوە دەدات کە دەستەکەیان رەزامەندی لەسەر ژمارەیەکی زۆری پڕۆژە داوە و دەرچووانی بەشی ژینگە بەراورد بەو پڕۆژانە ژمارەیان یەکجار کەمە و دەڵێ: "لە ساڵی 2011 تا ئەمڕۆ 807 کەس لە هەرێمی کوردستان بەشی ژینگەیان تەواو کردووە، لەکاتێکدا ئەو پڕۆژانەی ئێمە رەزامەندیمان لەسەرداون، زۆر زیاترن لەو ژمارەیە". سەرۆکی دەستەی ژینگە گوتی، ئەوان سەردانی زۆربەی زانکۆکانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و ئەو زانکۆیانەی بەشی ژینگەیان داخستووە، داوایان لێکردوون "بەشەکە بکەنەوە لەبەر ئەوەی هەرێمی کوردستان پێویستی بە دەرچووانی ئەو بەشەیە". عەبدولڕەحمان سدیق رایگەیاند: "ئەوانەی ئارەزوومەندن بۆ دەستکەوتنی هەلی کار لە فەرمانگەکانی ژینگەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، بە دڵنیاییەوە کاریان دەستیان دەکەوێت".  

هاوڵاتی مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابوری لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند:" لەبارەی چارەنوسی پارەی بەرپرسانی سیاسی عێراق لە لوبنان بەهیچ شێوەیەک ناگەڕێتەوە بۆ خاوەنەکانیان و ئەو کەس و لایەنانەی پارەیان لە بانکەکانی ئەو وڵاتەدا داناوە، با دەستی خۆی بە دیواردا بسڕێت".  

هاوڵاتی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند:"  لەگەڵ بەرپرسانى هەرێمى کوردستان گفتوگۆ دەکەن بۆ رێککەوتن لەبارەى میکانیزم و پێوەرى نوێ بۆ بەڕێوەبردنی دۆسییەی پیشەسازیى نەوت لە هەرێمى کوردستان لە پێناو "هێنانەکایەى زۆرترین سوود و داهاتى دارایی بۆ خزمەتکردنى بەرژەوەندیی گشتى کە رۆڵى لە بەهێزکردن و پاڵپشتى ئابوورى نيشتمانى و پیشەسازیى نەوت هەبێت".  وەزارەتی نەوتی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە 11-4-2022 راگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە، کۆبوونەوە لەنێوان بەرپرسانى ئەو وەزارەتە و وەفدێكی باڵاى حکومەتى هەرێمى کوردستان ئەنجام دەدرێت بۆ تاوتوێکردنى جێبەجێکردنی رێوشوێنەکان دوای بڕیارى دادگاى فیدراڵیی عێراق لەبارەى دۆسێیەى نەوتى هەرێمى کوردستان. وەزارەتى نەوتی عێراق ئاماژەى بەوەداوە کە لەگەڵ بەرپرسانى هەرێمى کوردستان گفتوگۆ دەکەن بۆ رێککەوتن لەبارەى میکانیزم و پێوەرى نوێ بۆ بەڕێوەبردنی دۆسییەی پیشەسازیى نەوت لە هەرێمى کوردستان لە پێناو "هێنانەکایەى زۆرترین سوود و داهاتى دارایی بۆ خزمەتکردنى بەرژەوەندیی گشتى کە رۆڵى لە بەهێزکردن و پاڵپشتى ئابوورى نيشتمانى و پیشەسازیى نەوت هەبێت".  لە 15ى شوباتى 2022، دادگەی باڵاى فیدراڵیی عێراق یاسای نەوت و گازى ساڵى 2007ى هەرێمى کوردستانى بە نادەستووری لەقەڵەمدا و داوایکرد بەرهەمەکانى نەوتى رادەستى بەغدا بکرێت. ئەو بڕیارە لەلایەن سەرۆکایەتییەکانی هەرێمى کوردستانەوە رەتکرایەوە و ئاماژەیان بەوە کرد کە هەموو رێوشوێنێکى یاسایی و دەستووری دەگرنەبەر بۆ پاراستنى سەرجەم گرێبەستەکانى نەوت و گازى سرووشتى.​​​​​​​

هاوڵاتی  جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند:"ێمە ئامادەین هەرکاتێک بانگهێشتی ئەندامانی پەرلەمان بکرێت بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، دەبێت بەرنامەی کاری دانیشتن بریتی بێت لە خوێندنەوەی یەکەم بۆ سەرجەم ئەو پێشنیازە یاسایانەی کە لەلایەن ئەندامانی پەرلەمانەوە پێشکێشکراون، بە تایبەتی پێشنیازە یاساکانی هەمواری یاسای هەڵبژاردن، بۆ ئەوەی رێڕەوی پەیڕەوی و یاسایی پەرلەمانی وەربگرێت".  جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پێشوازیکرد لە‌ سپێنسه‌ر فیلدس، سه‌رۆكی به‌شی سیاسی له‌ كۆنسوڵخانه‌ی گشتی ئه‌مریكا له‌ هه‌رێمی كوردستان. هێمن هەورامی رایگەیاند:" له‌ دیدارێكدا دوایین پێشهاته‌ سیاسی و ئه‌منییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق و پرسی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان باسكران. هێمن هەورامی، لەبارەی دانیشتنی داهاتووی پەرلەمانەوە دەڵێت: "جەختمان لەوە کردەوە  کە ئێمە ئامادەین هەرکاتێک بانگهێشتی ئەندامانی پەرلەمان بکرێت بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، دەبێت بەرنامەی کاری دانیشتن بریتی بێت لە خوێندنەوەی یەکەم بۆ سەرجەم ئەو پێشنیازە یاسایانەی کە لەلایەن ئەندامانی پەرلەمانەوە پێشکێشکراون، بە تایبەتی پێشنیازە یاساکانی هەمواری یاسای هەڵبژاردن، بۆ ئەوەی رێڕەوی پەیڕەوی و یاسایی پەرلەمانی وەربگرێت، هەروەها کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان، پڕکردنەوەی جێگەی دوو کۆمیسیار، سەرجەم ئەوبابەت و یاداشت و راپۆرتانەی پەیوەستن بە دۆخی دارایی و کاری پەرلەمانی". جێگری سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بەوەکردووە، جەختمان لەوەکردەوە کە دەبێت ماف و نوێنەرایەتیی پێکهاتەکان پارێزراو بن و خواستی پێکهاتەکان لە فراکسیۆنە جیاجیاکانیان لە پەرلەمان و دامەزراوە سیاسی، ئایینی، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، دەستەبژێری پێکهاتەکان و جەماوەرەکەیان لەسەر شێوە و جۆر و کورسیەکانیان لە لایەن خۆیانەوە بڕیاری لێبدرێت و هیچ حیزب و لایەن و فراکسیۆنێکی دیکە شێوەیەکی دیاریکراو لە دەرەوەی خواستی پێکهاتەکان بەسەردا نەسپێنێت و داوامان کرد کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چاودێر و هاوکاری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان بن. پێنج لایەن داوای هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن دەکەن و گرفتە سەرەکییەکەش هەر ئەوەیە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، نەوەی نوێ، یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری دەڵێن، دەبێت یەک بازنەی هەڵبژاردن بکرێتە فرەبازنە و دەستکاریی پێکهاتەی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانیش بکرێت. لە وەڵامی رێکنەکەوتنی پارتی و ئەو لایەنانە، بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت، بەپێی رێککەوتنی سەرۆکی فراکسیۆنەکان، نابێت پارتی باسی زۆرینە و کەمینە بکات، چونکە هەڵبژاردن پرسێکە، رەهەندی نیشتمانیی هەیە. لە کاتێکدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە مەرسومی سەرۆکایەتی 1ی تشرینی یەکەمی 2022ی وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمان دیاریکردووە، بەڵام ناکۆکیی لایەنە سیاسییەکان و کارانەکردنەوەی کۆمیسیۆن وایانکردووە، ئەگەر رێکیشبکەون، کۆمیسیۆن بەهۆی پێویستیی بە لانیکەم شەش مانگ دەرفەت، نەتوانێت لە کاتی دیاریکراودا هەڵبژاردن بەڕێوەببات.

هاوڵاتی سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند:"ئەگەر وڵاتەکەی ئەندامی ناتۆ بووایە، ئەم جەنگە هەرگیز رووینەدەدا؛ ئەوەش بەوتەی خۆی لەبەر ئەوەی لەگەڵ وڵاتە دراوسێکانی دەستیان دەدایە دەستی یەکدی و پشتی یەکدییان دەگرت". ئاشكراشی كردووە وڵاتەکەی پابەندە بە بەرقەرارکردنی ئاشتی و وەستاندنی جەنگەوە. ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە هەڤپەیڤینێکدا دەڵێت، سەرەڕای هەموو ئەو شەڕ و پێکدادانەی لە شەش هەفتەی رابردوودا روویداوە، حکومەتی وڵاتەکەی هێشتا ئامادەیە بۆ ئەوەی پێشوازی لە ئاشتی بکات. سەرۆکی ئۆکرانیا ئامادەیی خۆی بۆ وەستاندنی شەڕ نیشاندا و  گوتی: "هەموو جەنگێک دەبێت بە ئاشتی کۆتایی بێت یان ئەوەتا ملیۆنان قوربانی لێدەکەوێتەوە.... راستە، دەبێت بجەنگین، بەڵام بۆ ژیان دەجەنگین. ناتوانیت بۆ خۆڵ شەڕ بکەیت ئەگەر هیچ شتێکت نەبێت و هیچ خەڵکێکیشت نەبێت. بۆیە گرنگە ئەم جەنگە بوەستێنین" زیلینسکی وتیشی: "لە ڕووی هەست و سۆزەوە شتێکی قورسە. لە رووی ویستیشەوە شتێکی قورسە. کەس نایەوێت دانوستاندن لەگەڵ کەسێک یان خەڵکانێک بکات کە  نەتەوەکەی ئازار دەدات. لە هەموو ئەمە تێدەگەین. من وەک پیاوێک، وەکو باوکێک زۆر بەباشی لەمە تێدەگەم. نابێت بدۆڕێین. ئەمە هەر هیوایەک نییە، ئەگەر دەرفەتێکی دیپلۆماسی بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە هەبێت؛ نامانەوێت لەدەستی بدەین". زیلینسکی لە بەشێکی هەڤپەیڤینەکەدا، ئاماژەی بە بڕی پێدانی چەک لەلایەن وڵاتانی رۆژئاواوە کرد و وتی، ئەو چەک و تەقەمەنییەی کە پێیان دەدرێت بەس نییە بۆ ئەوەی ئاراستەی جەنگ بگۆڕن؛ رەخنەشی لەو وڵاتانە گرت کە بە وتەی خۆی لە کاتێکی زوودا ئەو چەک و تەقەمەنییەی وڵاتەکەی پێویستی پێ بووە، پێی نەدراوە.  ئەوە لەکاتێکدایە کە لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا، سلۆڤاکیای دراوسێی، کە ئەندامێکی یەکێتیی ئەوروپایە، سیستمی ئێس 300ـی بەرگریی دایە ئۆکراینا، ئەوەش لەدوای داواییەکی زیلینسکی هات کە داوایکرد ئاسمانی وڵاتەکەی لە بەردەم فڕۆکە و مووشەکی روسیاوە دابخەن. هەر لە چەند رۆژی رابردوودا سەرکردەی وڵاتانی ئەوروپا بۆ پیشاندانی پاڵپشتیی وڵاتەکانیان، لەنێویدا بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، ئورسولا ڤۆندەرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا و جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا سەردانی کیێڤیان کرد.   زیلینسکی لەبارەی پاڵپشتی وڵاتان، وتی: "من لە ژمارەیەک سەرکردەی وڵاتان پاڵپشتیی تەواو بەدیدەکەم. دەبینم و ئەمەش راستەقینەیە. ژمارەیەک وڵاتانی ئەوروپیش هەڵوێستی خۆیانیان گۆڕی، بەڵام باجی ئەم گۆڕانە دەبینیت". زیلینسکی لەبارەی ماریوپۆلەوە وتی، ئێستا بووەتە ناوەندی جەنگ و دەڵێت، ئەگەر ئەوێ لاواز بێت ئۆکرانیا هەمووی لاواز دەبێت.  زیلینسکی دەڵێت ئەگەر وڵاتەکەی ئەندامی ناتۆ بووایە، ئەم جەنگە هەرگیز رووینەدەدا؛ ئەوەش بەوتەی خۆی لەبەر ئەوەی لەگەڵ وڵاتە دراوسێکانی دەستیان دەدایە دەستی یەکدی و پشتی یەکدییان دەگرت. 

هاوڵاتی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڵاویکردوەتەوە، ڕەزامەندی دراوە لەسەر خەرجكردنی گوژمەی 299 ملیۆن و 977هەزار و 500 دینار بە مەبەستی جێبەجێكردنی پرۆژەی كاری نۆژەنكردنەوەی هەندێک شوێنی تێكچو لە شەقامە سەرەكی و لاوەكییەكانی ناو گەڕەكەكانی شاری سلێمانی لە سنوری سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی. وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا وتی: "رەزامەندی درا لەسەر خەرجكردنی 299 ملیۆن و 977 هەزار و 500 دینار لەسەر پلانی ساڵی 2022، بە مەبەستی نۆژەنكردنەوەی شەقامە ناوخۆییەكانی چەند گەڕەكێكی نێو شاری سلێمانی". رونیشیکردوەتەوە، ئەم گوژمەیە كاریگەری لەسەر بەرزكردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەكانی ئەو گەڕەكانەی ناو شاری سلێمانی دەبێت و هەروەها ئاسانكاری هاتوچۆش بۆ شۆفێران و هاوڵاتییان دروست دەكات. سەرۆکایەتیی شارەوانی سلێمانی حەوت بەڕێوەبەرایەتی هەیە: بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانی رۆژهەڵات، بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی رۆژئاوا، بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی تاسڵوجە، بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانی راپەڕین، بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانی بەکرەجۆ، بەڕێوەبەرایەتیی باخچەکان و بەڕێوەبەرایەتیی پارکی هەواری شار.  

هاوڵاتی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی رایگەیاند:" لە 6ی شوباتەوە بە ئەنقەست پرۆسەی سیاسی و پەرلەمانی لە عێراق پەکخراوە ئەگەرنا خاڵی کۆتایی لەسەری دێرە و بگەڕێنەوە بۆ رۆژمێری دادگا". هوشیار زێباری، ئەندامی مەکتەب سیاسی پارتی لە تویتێکدا رایگەیاند:" لە دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لە 6ی شوباتی رابردوو، کە بە پاساوێکی لاواز رێگریکرا لە خۆکاندیدکردنم بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری نوێی عێراق، لەو کاتەوە پرۆسەی سیاسی لە عێراق پەکخرا." زێباری نووسیویەتی: "ئەگینا پرۆسەی سیاسی و پەرلەمانی لەسەر بنەمای دەستوور بۆ پێکهێنانی حکومەت بەرەو پێشەوە دەڕۆیشت ئەگەر ئەو بریارە نەبوایە". هەروەها جەختدەکاتەوە لەوەی: "ئەوان بە ئەنقەست ویستیان پرۆسەکە پەکبخەن، ئەگەرنا خاڵی کۆتایی لەسەری دێرە و بگەڕێنەوە بۆ رۆژمێری دادگا". هۆشیار زێباری، لە کابینەکانی پێشووی حکومەتی عیراق-دا وەزیری دەرەوە و دارایی بووە. مانگی شوباتی 2022. دادگای فیدرالی بریاری دا بە رێگەگرتن لە خۆکاندید کردنی بەهۆی ئەوەی پێشتر لە لایەن پەرلەمانی عیراق-ەوە متمانەی لێسەندراوەتەوە. 

هاوڵاتی بەهۆی دوبارە سەرهەڵدانەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە گەورەترین شاری چین دا قەدەغەی هاتوچۆ راگەیەندرا و رێوشوێنەكان وەك سەرەتای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكە گیراونەتەبەر. شاری شەنگهای، کە گەورەترین شاری چینە، قەدەغەی هاتووچۆی تێدا راگەیێندراوە و خەڵکی شارەکە تەنانەت رێگەیان پێنادرێت بچنە دووکانەکانی سەوزە و میوەش. تەنیا رۆژی شەممە 23 هەزار و 600 کەیسی نوێی تووشبووی کۆرۆنا لەو شارە دەستنیشانکراون، کە ئەوەش ریکۆردێکی نوێیە. لە شارەکەدا نزیکەی 26 ملیۆن کەس دەژین، بەهۆی رێکارە تووندەکانیشەوە خەڵک ناچاربوون کە لە ماڵەوە خواردن و ئاو داوا بکەن و چاوەڕێی حکومەت بن سەوزە، گۆشت و هێلکەیان بۆ ببەن، بەڵام درێژەکێشانی قەدەخەی هاتووچۆ گوشارێکی زۆری لەسەر خزمەتگوزارییەکانی گەیاندنی خواردن و خواردنەوە و هاوکارییەکانی حکومەت دروستکرد. زۆربەی ئەوانەش کە خواردن و خواردنەوە دەگەیێننە خەڵک، لەو ناوچانەدان کە قەدەخەی هاتووچۆیان لەسەرە، ئەوەش ئاستەنگێکی دیکەی بۆ گەیاندنی خواردن بە خەڵکی شارەکە دروستکردووە.    

  هاوڵاتی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند:" ئەمڕۆ لە رێگەی دەستەی سەرۆکایەتی داواکاری گشتی هەرێمەوە سکاڵا لەسەر حکومەتی هەرێم پێشکەش دەکەین. دەشڵێت، "یەکێتی و پارتی تەنها دەیانەوێت کۆنترۆلی هەموو داهاتەکان بکەن و بە زەبری پارە دەسەڵاتی خۆیان بسەپێنن". ئەمڕۆ یەکشەممە 10ی نیسانی 2022، شێرکۆ جەودەت، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "لەسەر دۆسیەی بودجە و موچەی فەرمانبەران، ئەمڕۆ سکاڵا لە رێگەی داواکاری گشتییەوە لەسەر حکومەتی هەرێم پێشکەشدەکەین و لە رێگەی سکاڵاکەیانەوە دۆسییەکی یاسایی و دادگایی دژ بە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەینەوە." سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی دەشڵێت:" هۆکاری سکاڵاکەمان لەسەر ئەوەیە کە یاسای بودجە نایەتە پەرلەمانی کوردستان و پارە لە بانکەکاندا دیار نامێنێت و بەبێ هۆ دابەشکردنی موچە دوادەخرێت لەکاتێکدا پارەیەکی زۆری نەوتی و داهاتی دیکە لە هەرێمدا هەیە". هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە: "دەستێوەردان لە داهاتی سلێمانی دا دەکرێت و شتی مەترسیدارتریش بەرێوەیە. لەم هەرێمەدا سیستەمی مەرکەزی بوونی نییە تا لا مەرکەزی هەبێت! هێشتا داهات کۆ ناکرێتەوە، دوو پێشمەرگە و دوو ئاسایش بوونی هەیە، ناتوانن مووچەی کارمەندانی پاککەرەوە دابین بکەن ئیتر لا مەرکەزییەتی چی، یەکێتی و پارتی تەنها دەیانەوێت کۆنترۆلی هەموو داهاتەکان بکەن و بە زەبری پارە دەسەڵاتی خۆیان بسەپێنن". سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لەپەرلەمانی کوردستان باسی لەوەشکرد، جێگری سەرۆکی حکومەت دەڵێت "باسی سلێمانی مەکەن"، ئەی کێیە پارەی سلێمانی لە بانکەکان دەردەهێنێت و رێککەوتنێکی شڵەژاوی لە هەرێمی کوردستان لەنێوان یەکێتی و پارتی واژۆکردووە بێ ئەوەی ئەوەی لەبەرچاوگرتبێت کە سلێمانی داهاتی کەمترە لە چاو خەرجییەکانی." هەروەها جەختیکردەوە، "هەموو مانگێک موچە خۆرانی سلێمانی دەبنە قوربانی ئەو کورتهێنانەی لە داهات و خەرجییەکانی سلێمانی روودەدات." شیرکۆ جەودەت ئاماژەی بەوەشدا، قەیرانی گەورە لە هەرێمی کوردستان هەیە، حکومەت ناتوانێت غازی سروشتی بۆ هاوڵاتییان دابین بکات، بەڵام باس لە هەناردەکردنی غازی سروشتی دەکرێت بۆ وڵاتانی ئەوروپا. ئەمە واتای ئەوەیە کە بڕیاردەری حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان ئاگای لە دنیا و واقیعی هەرێمی کوردستان نییە.

  شاناز حەسەن سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵی لە عەلوەی سلێمانی ئاشكرایدەكات بەرزبونەوەی نرخی سەوزە و میوە هیچ پەیوەندی بە مانگی رەمەزانەوە نییە و دەڵێـ:" بەرزبونەوەكە لەو شوێنانەوەیە كە لێوەی هاوردەی هەرێم دەكرێت وەك ئێران و پێنەگەیشتنی بەرهەمە خۆماڵیەكانیش هۆكارێكی دیكەی زیادبونی خواست و گرانبونی نرخەكانە". سەروەر عەلی، سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵی سەوزە و میوە لە عەلوەی سلێمانی، لە لێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:" بەرزبونەوەی نرخی سەوزە و میوە بۆ هەفتەیەك پێش رەمەزان دەگەرێتەوە و هیچ پەیوەندی بە رەمەزانەوە نییە، بەڵام هۆكارەكەی ئەوەیە لە ئێراندا نرخەكان بەرزبونەتەوە و ئەمەش وایكردووە تا دەگاتە دەستی ئێمە گران بكەوێت". ناوبراو زیاتر رونیكردەوە و وتی:" هۆكاری بەرزی نرخەكەی لە ئێران بۆ ئەو لافاوە دەگەرێتەوە كە زۆربەی ناوچە كتوكاڵیەكانی ئێرانی گرتەوە و بەرهەمەكانی لەناو برد". سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵی سەوزە میوە لە عەلوەی سلێمانی باسی لەوەشكرد: ئەمساڵ بەهۆی سارد سەرماوە بەرهەمە خۆماڵییەكان دواكەوتون و ئەەمش وایكردووە پێویستمان بە رێژەیەكی زیاتری بەرهەمی سەوزە و میوە بێت تا لە دەرەوە بە دەستمان بگات". سەروەر عەلی:" نمونەی بە تەماتە هێناوە و وتی:" ساڵان لە سەرەتای مانگی نیساندا تەماتەی هەندێك شوێن پێدەگەی، بۆیە تەماتەی خۆماڵی لە بازاڕدا دەبوو و نرخەكەی دادەبەزی، بەڵام ئەمساڵ چونكە سەرما دواكەوت تائێستا هیچ یەرهەمی خۆماڵیمان نیە". ساڵانی رابردوو لەم وەرزەدا نرخی كیلۆیەك تەماتە لە 500بۆ 750 دینارەوە دەستی پێدەكرد. بەڵام ئێستا لە بازارەكاندا بەو نرخەیە و تا دەگاتە دەستی هاوڵاتیان بە 1000 بۆ 1250 دەفرۆشرێت. ئەمە نمونەیەكە و بۆ هەموو سەوزە و میوەكانی دیكەش نرخەكان بەو شێوەیەیە.  وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق رۆژی 6ى نیسانى 2022 بە نووسراوێکى فەرمى لیستى 52 خۆراکى داوەتە ناوەندى ئۆپەراسیۆنە نیشتمانییەکانی سەر بە نووسینگەى سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەوەى رێگەنەدات لە سنوورى هەرێمى کوردستانەوە ئەو ماددانە بچنە نێو شارەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق. بڕیارەکە ئەو ماددە خۆراکییانەیش دەگرێتەوە کە بەڵگەنامەى پێویستیان هەیە و لە هەرێمى کوردستان بەرهەم هێنراون.

هاوڵاتی بەیانی ئەمرۆ بنكەكەانی دەنگدان لەهەموو ناوچەكانی فەرەنسا بە رووی دەنگدەراندا كرانەوە و تائێستاش بەپێی راپرسییە سەرەتاییەكان ئیمانوێل ماکرۆن لە پێشەوەی كاندیدەكانی دیكەیە بۆ دوبارە هەلبژاردنەوەی بە سەرۆكی فەرەنسا. دوایین راپرسییەکان دەریدەخەن، کە ئیمانوێل ماکرۆن 26٪ی دەنگەکان، ماری لوپێن 25٪ی دەنگەکان، ژان میلانشۆ 17٪ی دەنگەکان، ئێریک زێمور 8٪ی دەنگەکان، ڤالێری پێکرێس 8٪ی دەنگەکان، یانیک جادۆ 4٪ی دەنگەکان و ئان هیداڵگۆ 2٪ی دەنگەکان بەدەستدەهێنن.   چاوەڕوان دەکرێت لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردندا سەرۆک هەڵنەبژێردرێت و ئیمانوێل ماکرۆن و مارین لوپێن بچنە گەڕی دووەم بۆ ئەوەی یەکێکیان وەک سەرۆکی پێنج ساڵی داهاتووی فەرەنسا هەڵبژێردرێت.  ماکرۆن بە سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنی ساڵی 2017دا مێژوویەکی بۆ خۆی تۆمارکرد بەوەی بووە گەنجترین سەرۆکی ئەو وڵاتە؛ ئەگەر ماکرۆن ئەمساڵیش سەربکەوێت، ئەوا دەبێتە یەکەمین سەرۆک لە دوای جاک شیراکەوە لە ساڵی 2002 کە بۆ جاری دووەم ببێتەوە سەرۆکی وڵات و بەوەش پێگەی خۆی لەنێو مێژووی ئەو وڵاتەدا بەهێزتر دەکات.  ئیمانیۆل ماکرۆن ساڵی ٢٠١٧ بووە ٢٥مین سەرۆک کۆماری فەرەنسا، بەگوێرەی ڕاپرسییەکی دامەزراوەی ئیپسۆسی فەرەنسیی، ماکرۆن لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکاندا ڕێژەی ٢٧٪ی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت و مارین لۆپینی ڕکابەریشی ٢٢٪ی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت، بەوپێیەش ماکرۆن و لۆپین دەچنە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکان لە ٢٦ی نیسان. لە فەرەنسا سەرۆک کۆمار ڕاستەوخۆ لەناو خەڵکەوە بۆ ماوەی پێنج ساڵ هەڵدەبژێردرێت، سەرۆک کۆمار چەقی دەسەڵاتی جێبەجێکارە و دەتوانێت ئەنجومەنی نوێنەرانیش هەڵبوەشێنێتەوە. سەرۆک کۆمار ڕۆڵی سەرەکیی لە دیاریکردنی سیاسەتی دەرەوە و سیاسەتی حکومەت هەیە، تەنانەت سەرۆک وەزیرانیش لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە هەڵدەبژێردرێت.

هاوڵاتی قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند:" خۆشحاڵ بووم هەردوولا هاوڕابووین لەسەر دەستپێکردنی گەشتی راستەوخۆی ئاسمانی لەنێوان هەرێمی کوردستان و یۆنان". دەڵێت:" راستە کوردستان لەبەردەم دەرفەتێکی مێژووییە بۆ هەناردەکردنی گاز، بەڵام بەر لەهەر شتێک پێویستە کێشە یاساییەکانمان لەگەڵ بەغداد چارەسەر بکەین". قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان لە فەیسبوكی تایبەتی خۆی نوسیویەتی:"لە پەراوێزی کۆڕبەندی دێلفی، پرسی وزە و گاز یەکێ لەتەوەرە گرنگەکانی کۆبوونەوەم بوو لەگەڵ وەزیری دەرەوەی یۆنان نیکۆس دێندیاس. رامگەیاند کە راستە کوردستان لەبەردەم دەرفەتێکی مێژووییە بۆ هەناردەکردنی گاز، بەڵام بەر لەهەر شتێک پێویستە کێشە یاساییەکانمان لەگەڵ بەغداد چارەسەر بکەین". دەشڵێت:" خۆشحاڵ بووم هەردوولا هاوڕابووین لەسەر دەستپێکردنی گەشتی راستەوخۆی ئاسمانی لەنێوان هەرێمی کوردستان و یۆنان".  

  هاوڵاتی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران پیشانگەیەکی بە بۆنەی 16ھەمین ساڵیادی نیشتمانیی تەکنەلۆژیای ئەتۆمی وڵاتەکەی کردەوە و تیایدا 9 ئامێری نوێی پزیشکی و پیشەسازی نمایشکران و  ئیبراھیم ڕەئیسی دەڵێت:" پاشەکشێ لە زانست و پەرەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمیی ناکەن". میدیای فەرمی ئێران بڵاویانكردۆتەوە، لە پیشانگەکەدا، ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران سێ بەرنامەی بۆ بەرھەمھێنانی 10 ھەزار مێگاوات کارەبا و دروستکردنی وێستگەیەکی 360 ھەزار مێگاواتی ئاشکراکرد.  ئیبراھیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران  لەكاتی كردنەوەی پێشانگاكە ئامادەبوو وتارێكی كورتی پێشكەش كردو بەکارھێنانی بەرنامەی ئاشتی ئامێزی ئەتۆمی بە مافی ڕەوای وڵاتەکەی وەسفکرد و ڕاشیگەیاند:"ھەرگیز پاشەکشێ لە زانست و پەرەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمیی ناکەن".  

  هاوڵاتی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێم رایگەیاند:" ئەم مانگە موچەی ئەو خاوەن پێداویستییانەی 100هەزار دیناریان هەیە رادەگیرێت بەمەبەستی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لە موچە و دەرماڵەکانیاندا. ئەمڕۆ شەممە 9ی نیسان، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێم راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، رونکردنەوەیەک بۆ ئەو خاوەن پێداویستیانەی کە دوو موچەن، ئەم مانگە هەر کەسێک موچەی 100 هەزاری هەبێت رادەگیرێت. ئاماژە بەوەش کراوە، "ئەم کارەش بە مەبەستی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازییە لە موچەو دەرماڵەکانیاندا." سەبارەت بە پێدانەوەی مووچەکانیان، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێت، "هەموو ئەوانەی خانەنشینن یان شەهیدانەیان هەیە و گرێبەستن دوای هێنانی پشتگیری راستەوخۆ کەمئەندامیەکەیان پێدەدرێتەوە." بەپێی راگەیەندراوەکە، ئەوانەی فەرمانبەرن پێویستە پشتگیری فەرمانگەکەیان بهێنن تا کەمئەندامیەکەیان بۆ بکرێتە دەرماڵە و دوای هێنانی پشتگیری بە هەمان شێوە ئەوانیش راستەوخۆ کەمئەندامیەکەیان بۆ خەرج دەکرێت.

هاوڵاتی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگه‌یاند:" وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لە جیاتی ئەوەی بودجەیەکی زۆر بۆ تۆکمەکردنی سنوورەکان تەرخان بکەن، باشترە بیر لەوە بکەنەوە کە هانی کۆمپانیا و وەبەرهێنەرەکانیان بدەن لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن و هەلی کاری زیاتر بۆ گەنجان بڕەخسێنن". قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە یۆنان لەسەر کێشەی کۆچبەرانی کورد بە جیا لەگەڵ هەریەکە لە نۆتیس میتراکی وەزیری کۆچ و پەنابەرانی یۆنان و فابریس لیگێری سەرۆکی ئاژانسی فرۆنتێکسی یۆنان لە یەکێتیی ئەوروپا بۆ سنوور و پاسەوانیی دەریایی کۆبووەوە. بەپێی راگەیێندراوی ئەنجوومەنی وەزیران، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی بەشداریکردن لە کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی ئابووریی دێلفی لە یۆنان، لەو دوو کۆبوونەوەیەدا کە رۆژی شەمە9ـی نیسانی 2022 بەڕێوەچوون، نیگەرانیی خۆی لە دۆخی کۆچبەرانی کورد لە سنوورەکانی یۆنان و یەکێتی ئەوروپا دەربڕی و داوایکرد بە شێوەیەکی "مرۆڤدۆستانە" مامەڵە لەگەڵ ئەو کۆچبەرانەدا بکرێت. لە بەشێکی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردووەتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کۆچبەران، "وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا لە جیاتی ئەوەی بودجەیەکی زۆر بۆ تۆکمەکردنی سنوورەکان تەرخان بکەن، باشترە بیر لەوە بکەنەوە کە هانی کۆمپانیا و وەبەرهێنەرەکانیان بدەن لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن و هەلی کاری زیاتر بۆ گەنجان بڕەخسێنن. لەڕێی وەبەرهێنان و کاری هاوبەشی ئابورییەوە جگە لەوەی دەکرێت بەشێوەیەکی بەرچاو کێشەی کۆچکردن بەرەو ئەوروپا چارەسەر بکرێت، بەڵکو لەڕووی ئابورییشەوە لە بەرژەوەندی وڵاتانی ئەوروپادایە."   حەوتەمین کۆڕبەندی دێلفی لە یۆنان بەڕێوەدەچێت، کۆڕبەندەکە لە ناوچەیەکی چیایی سەر کەنداوی کۆڕنیس بە بەشداری بەرپرسانی یۆنان و وڵاتانی دراوسێی بەڕێوەدەچێت و پرسەکانی ئابووری، سیاسی و ئاڵۆزییەکانی جیهان بە گشتیی گفتۆگۆ دەکرێت. یەکەم جارە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری لە کۆڕبەندەکەدا دەکات.   بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران، لە هەردوو کۆبوونەوەکەدا هەردوولا هاوڕابوون لە داهاتوودا کاری هاوبەش بکرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی تۆڕەکانی قاچاخچێتی بە مرۆڤەوە کە بوونەتە هۆی رووتاندنەوە و تەنانەت کوشتنی کۆچبەران لەسەر سنوورەکان.   قوباد تاڵەبانی داوای لە بەرپرسانی یۆنانی و یەکێتیی ئەوروپا کردووە کە ئاسانکاری زیاتر بکرێت لە پێدانی ڤیزە بە هاووڵاتییانی کوردستان و پرۆسەی سەفەری یاسایی ئاسانتر بکرێت، وەک لە راگەیێندراوەکەشدا هاتووە، "بۆ ئەوەی هاووڵاتییان چیتر بیر لە رێگەی قاچاخ بۆ کۆچکردن نەکەنەوە."   لە هەردوو کۆبوونەوەکەدا هەر یەکە لە ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی سە‌رۆكایە‌تیی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان و دابان شەدەڵە، جێگری فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان یاوەری قوباد تاڵەبانی بوون.