هاوڵاتی   هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لە رۆژئاوای كوردستان دەستگیركردنی سێ ئەندامی میتی توركی راگەیاند كە دەستیان لە كوشتنی چەند فەرماندەیەكی یەپەگەدا هەبووە. ئەمڕۆ سێشەممە 26ی تەموزی 2022، هێزەكانی سوریای دیموكرات رایگەیاند:" لە پرۆسەیەكدا توانراوە سێ سیخوڕ دەستگیر بكرێت كە پیاوێك و دوو ژن بوون لە بەرژەوەندی توركیا لە باكور و رۆژهەڵاتی سوریا كارییان كردووە". هەروەها ئەوە ئاشكرا كراوە كە ئەو سێ كەسە ماوەیەكی زۆرە چاودێری كراون و دوای دەستگیركردنیان دانیان بە تاوانەكانیاندا ناوە و "دەستییان لە كوشتنی سەوسەن بیرهات، جێگری فەرماندەی هێزەكانی یەپەگە كە دوو رۆژ لەمەوبەر لەلایەن توركیا شەهیدكرا، ئەو كەسانە تێوەگلاون لە كوشتنی روبار حەسەكە و چەند فەرماندەیەكی هەسەدا هەبووە". هێزەكانی سوریای دیموكرات لە بارەی چارەنوسی ئەو كەسانەوە ئەوەیان دووپاتكردووەتەوە كە بەڵگەنامەی پێویست كۆكراوەتەوە و  رەوانەی دادگا كراون و دوای ساغبونەوەی تەواوی تۆمەتەكان بەپێ تاوانەكانیان سزا دەدرێن.  

هاوڵاتی وەفدێكی باڵای ئەمنی عێراق بەسەرۆكایەتی جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق گەیشتە زاخۆ لەهەرێمی كوردستان و لە خاڵی سفری سنوری هەرێم‌و توركیاو ئاڵای عێراقی بەڕووی سەربازانی توركیادا بەرزكردەوە. ئەمڕۆ سێشەممە 26ی تەموزی 2022، فەریق ڕوكنی یەكەم عەبدولئەمیر شەمەری جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق‌و وەفدی هاوڕێی لەدوا خاڵی سنوری عێراق‌و توركیا (هەرێم‌و توركیا) ئاڵای عێراقیان بەرامبەر سوپای توركیا بەرزكردەوە. بەیانی ئەمڕۆ وەفدێكی باڵای ئەمنی‌و سەربازیی عێراق بەسەرۆكایەتی فەریق ڕوكنی یەكەم عەبدولئەمیر شەمەری جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان گەیشتە زاخۆو ڕاستەوخۆ چوونە دوا خاڵی سنوری هەرێمی كوردستان‌و توركیا. شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق ئاشكرایكردووە، وەفدەكە سەردانی بارەگای لیوای پاسەوانی سنور دەكات‌و هەڵسەنگاندن بۆ ڕەوشی ئەمنی سنورەكانی عێراق‌و توركیا دەكات.  

هاوڵاتی پێنج مووشەكی كاتیۆشا ئاراستەی كێڵگەی كۆرمۆر غازی كۆرمۆر كرا، بەرێوەبەری ناحیەی قادر كەرەم دەڵێت:" ئاگر كەوتووەتەوە".  سدیق محەمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی قادركەرەم، راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ 25ی تەممووزی 2022 بە مووشەكی كاتیۆشا، هێرشكراوەتە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر، وتیشی:" پێنج مووشەكی ئاراستە كراوە". هەروەها راشیگەیاند:" بەهۆی هێرشە مووشەكییەكەوە، ئاگر لە پووش و پاوەنی ناوچەكەدا كەوتووەتەوە و تیمەكانیان سەرقاڵی كۆنترۆڵكردنین".  

هاوڵاتی دەستەی ژینگەی هەرێمی كوردستان رایگەیاند كە پڕۆژەیەكی تایبەت بە "بارانی دەستكرد" رادەستی ئەنجومەنی وەزیران دەكەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی وشكەساڵی. ئەمڕۆ 25ی تەموزی 2022، دەستەكە لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەو رێگەیە لەساڵی 1945وە تاقیكراوەتەوە، لەساڵی 1986یش لەعێراقدا تاقی كراوەتەوە، ئێستاش وڵاتانی وەك سعودیەو ئیمارات لەم ناوچەیە پەنایان بۆ بردووە.  دەقی راگەیەندراوی دەستەی ژینگەی حكومەتی هەرێم: ئەمڕۆ رێكەوتی 25/7/2022 ئەندازیار عەبدولڕەحمان سدیق سەرۆكی دەستەی ژینگەی هەرێمی كوردستان لەهۆڵی دیوانی دەستە ئامادەی  سیمینارێكی زانستیی بوو كەلەلایەن دكتۆر حیدر محمد مامۆستا لەبەشی ئەندازیاریی ژینگەیی لەزانكۆی بەغداد پێشكەش كراو، نوێنەرانی وەزارەت و دەستەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون. سیمینارەكە تایبەت بوو بەبارانی دەستكرد كە وەك میكانیزمێك وڵاتان سوودی لێوەردەگرن بۆ بەڕەنگاربوونەوەی وشكەساڵیی و زیادكردنی رووپۆشیی رووەكی و زیادكردنی بڕی ئاو.   شایانی باسە ئەم ئەزموونە لەساڵی 1945وە تاقیكراوەتەوەو ، لەساڵی 1986یش لەعێراقدا تاقی كراوەتەوەو، ئێستاش وڵاتانی وەك سعودیەو ئیمارات لەم ناوچەیە پەنایان بۆ بردووە.   بڕیار وایە كۆی میكانیزمی ئەم ئەزموونە و تێچووی پڕۆسەكە لەراپۆرتێكدا ئامادە بكرێت و بدرێتە ئەنجومەنی وەزیران بۆ تاوتوێكردنی.    

هاوڵاتی بەرپرسێك لە بارەگای بارزانی جەخت لەسەر جێگیریی هەڵوێستیان دەكاتەوە لەبارەی كاندیدی پارتی رێبەر ئەحمەد بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق. ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 25ی تەموزی 2022، عەرەفات كەرەم، بەرپرسی دۆسیەی عێراق لە بارەگای بارزانی، لە تویتێكدا نوسیویەتی:"هەڵوێستیمان جێگیرە لەبارەی كاندیدەكەمان بۆ پۆستی سەرۆكایەتی كۆمار". تویتەكەی عەرەفات كەرەم دوای ئەوە دێت كە ئەمڕۆ چوارچێوەی هەماهەنگی بەفەرمی لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەدا كە ئەمڕۆ سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی كۆبونەوەو لە كەشێكی ئەرێنیدا بەكۆی دەنگ رێككەوتن لەسەر كاندیدكردنی محەمەد شیاع سودانی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران.  

هاوڵاتی "هەلیكۆپتەرێكی سكورسكی سوپاكەی ئەردۆغان كە ویستویەتی لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی ئەشكەوتی برینداران سەرباز جێگیر بكات، خرایە خوارەوەو سەربازانی ناوی كوژراون". ئەمڕۆ دووشەممە 24ی تەموزی 2022، ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی لەبارەی چالاكی هێزەكانی گەریلا و هێرشەكانی سوپای توركیا راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە. لە راگەیەندراوەكەیاندا ئاماژە بەوە كراوە كە دەوڵەتی توركیا حەوت ساڵ بەر لە ئیستا لە 24ی تەمووزی 2015 بە هاوپەیمانیەكی هاوبەش لە بەرانبەر گەل هێرشی قڕكردنی كوردیان دەستپێكرد" دەوڵەتی توركیا و میلیشیاكانی حەوت ساڵە لە بەرانبەر گەلی كوردستان و تەڤگەرەكەمان، بە شێوەی شەڕی تایبەت هێرش دەكات، بەڵام هیچ ئامانجێكی بەدەست نەهێناوە". هەروەها ئەوە خراوەتە روو كە گەریلاكانی ئازادی كوردستان لە هەموو شوێنێكی كوردستان بە رۆحی فیدایی ئاپۆیی بەرخۆدان دەكەن و بوونەتە هیوای گەلانی ژێردەستە، بەرخۆدانی مێژوویی گەریلا كە بە هیوای رێبەرتی، گەلەكەمان و تەڤگەرەكەمانە، هەموو پلانی رژێمی فاشیستی تێكشكاندووە كە دەیەوێت تێكمانبشكێنێت". هاوكات ئەوەش باس دەكەن كە "تیمەكانی گەرۆكمان لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی ئەشكەوتی برینداران لە ٢٤ی تەمووزدا بە شەو هەلیكۆپتەرێكی سكۆراسكیان خستە خوارەوە و سەربازەكانی ناویان كوژران". لە 24ی تەوموزدا هەلیكۆپتەرێكی سكۆرسكی كە ویستی بكەوێتە گۆڕەپانی بەرخۆدانی ئەشكەوتی برینداران لەلایەن هێزەكانیانەوە كرایە ئامانج" ئاگر بە هەلیكۆپتەرەكە كەوت و ویستی دوور بكەوێتەوە و لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی ئەشكەوتی برینداران كەوتە خوارەوە".    

هاوڵاتی لە بڕیارێكدا وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم ڕایگەیاند، لە بەرژەوەندی گشتیی بەهاو ڕەسمی گومركی كەمكردەوە.   ئەمڕۆ دووشەممە 25ی تەموزی 2022، لە ڕاگەیەنراوێكدا وەزارەتی دارایی هەرێم  ڕایگەیاند"لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و هەرزانكردنی نرخی كاڵاكان و زیادكردنی جوڵەی بازرگانی لە دوای سەردانیكردنی وەزیری دارایی بۆ سنورەكان و ئەنجامدانی كۆبوونەوە لەگەڵ گومرك و بازرگانان و لایەنە پەیوەندیدارەكان، بڕیاردرا بە چاوخشاندنەوە و كەمكردنەوەی بەهاو ڕەسمی گومركی بۆ بابەتەكانی خواردن و بیناسازی و كاڵاكانی بەكاربردنی رۆژانە كە بریتین لە ١٧١ كاڵای جۆراوجۆر".

هاوڵاتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەپەیامێكیدا داوا دەكات هەماهەنگی هێزە عێراقییەكان و پێشمەرگە كاراتر بكرێت و دەشڵێت:" بارودۆخی ئەمنی و سیاسیی عێراق، هاریكاری و كاری هاوبەش و پێكەوەیی لە ‏تەواوی هێز و لایەنە عێراقییەكان دەخوازێت بۆ ئەوەی هەمووان پێكەوە ‏سەختییەكان تێپەڕێنن". دەقی پەیامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان: زنجیرە پەلامار‌ی شەوی ڕابردووی داعش لە سنووری بەغدا، دیالە، سەڵاحەدین و ‏كەركووك بۆ سەر هێزە چەكدارەكان و پۆلیسی فیدراڵیی عێراق كە حەوت شەهید و ‏و زیاتر لە بیست برینداری لێكەوتەوە، زەنگی مەترسییەكی جددیە.‏ جموجۆڵ و بەهێزبوونەوەی داعش و فراوانبوونی هێرش و پەلامارەكانی، هەڕەشەی ‏ڕاستەقینە‌ لە ئاسایش و سەقامگیریی تەواوی عێراق دەكەن كە پێویستە بە جددی ‏هەڵوەستەی لەسەر بكرێت و وەڵامی یەكلاكەرەوەی بدرێتەوە. ‏ بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو هەڕەشانەی داعش، پێویستە هاریكاری و هەماهەنگییەكی ‏كاراتر لەنێوان سوپا و هێزە چەكدارەكان و پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەكانی عێراق و ‏هەرێمی كوردستاندا بكرێت. هەروەها پێویستە پشتگیریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی ‏دژی داعش بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان بەردەوام بێت.‏ بارودۆخی ئەمنی و سیاسیی عێراق، هاریكاری و كاری هاوبەش و پێكەوەیی لە ‏تەواوی هێز و لایەنە عێراقییەكان دەخوازێت بۆ ئەوەی هەمووان پێكەوە ‏سەختییەكان تێپەڕێنن و چیتر دۆخی ئاڵۆزیی سیاسی نەبێتە هۆكاری تێكچوونی ‏ئاسایش و سەقامگیری و بەهێزبوونەوەی زیاتری داعش.‏ سەرەخۆشی لە خێزان و كەسوكاری شەهیدان دەكەم، هاوسۆز و هاوخەمیانم، ‏هیوای زووچاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازم.‏ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ‏2022/7/25‏  

هاوڵاتی لە چیاكانی كوردستان ئاژەڵێكی زۆری بزن و ئاسكە كێوییەكان لەلایەن سوپاكەی ئەردۆغان دەكرێنە ئامانج و دەكوژرێن،  پزیشكێك چەندین ئاژەڵی كێوی بریندار چارەسەر دەكات. دكتۆر فرات ڕحا لە هەرێمەكانی پاراستنی مەدیا لە بادینان پزیشكە و تا ئێستا چەندین بزنەكێوی و ئاسكی برینداری چارەسەركردووە، بە ئاژانسی فورات نیوزی راگەیاند:" دەوڵەتی تورك چیاكانی كوردستان تاڵان و كاول دەكات كاتێك هێرش دەكاتە سەر هەرێمەكانی پاراستنی مەدیا، ئەو هێرشانە تەنها دژی گەریلا و هاوڵاتیانی مەدەنی نییە، بەڵكو ئەو هێرشانە لە دژی هەموو بوونەوەر و زیندەوەرەكانە". هەروەها دەڵێت:" هەموو زیندەوەران لە چیاكانی كوردستاندا دەكرێنە ئامانجی ئەم هێرشە دڕندانەیە، ئەم بزنە كێوییە، كە لە باوەشی مندایە لە هێرشەكەی دەوڵەتی توركدا برینداربووە، دوای بۆردومانەكە هەڤاڵان ئەم بزنە كێوییەیان دۆزییەوە و هێنایان بۆ من. ئێمە نەك تەنها مرۆڤەكان، بەڵكو هەموو زیندەوەرەكان چارەسەر دەكەین. سەری ئەم بزنە كێوییە بریندار بووە و قاچی شكاوە. دوای چارەسەركردنیش ئازادی دەكەین". فرات ڕحا بانگەوازی بۆ ئاژەڵ دۆستان و ژینگەپارێزان هەبوو كە پێویستە ژینگەپارێزان و ئاژەڵ دۆستان لە دژی ئەو هێرشانەی دەوڵەتی توركیا هەڵوێستیان هەبێت، وتیشی:" سوپای توركیا لە لایەكەوە دارەكان دەبڕێتەوە و لە لایەكی دیكەشەوە ئاژەڵەكان دەكوژێت و سروشتی كوردستان كاول و خاپور دەكات. هیچ كەسێك دەنگێكی دژی ئەو تاوان و كاولكارییانە لێوە نایەت، بەڵام ئەوانەی خۆیان بە مرۆڤ دەزانن، خۆیان بە ژینگەپارێز و ئاژەل دۆست دەزانن، دەبێت لە دژی ئەم دڕندەییە دەنگیان بەرز بكەنەوە و ناڕەزایەتی دەرببڕن و هەڵوێستیان هەبێت".  

هاوڵاتی دوای كشانەوەی قاسم ئەعرەجی، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان(محەمەد شیاع سودانی، عەلی شوكری) هێشتووەتەوە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران. پێگەی "بەغداد الیوم" كشانەوەی قاسم ئەعرەجی، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراقی بڵاوكردووەتەوە.  لەبەیاننامەیەكدا قاسم ئەعرەجی سوپاسی چوارچێوەی هەماهەنگی كردووە كە یەكێك بووە لەكاندیدەكان، ئەوەشی خستۆتەروو كە زیاتر لە نۆ مانگە دەرئەنجامی هەڵبژاردن تەواو بووەو دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەت گەلی عێراق تێیدا زەرەرمەند دەبێت. هاوكات كشانەوەی خۆی لە كاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران دووپاتكردووەتەوە. میدیا عێراقییەكان ئەوە دووپاتدەكەنەوە كە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان لەنێو ئەو پێنج كاندیدەی پێشتر باس دەكرا، لەئێستادا تەنها دوو كاندید ماونەتەوە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران كە پێكهاتوون لە(محەمەد شیاع سودانی، عەلی شوكری)، بەڵام بەشێكی دیكە لە میدیاكانی عێراق دەڵێن هێشتا پارێزگاری كەربەلا لەكێبڕكێكەدا ماوەتەوە.  

هاوڵاتی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا پەیامێكی لەبارەی شەهیدبوونی سێ ژنە فەرماندە لە بۆردوومانێكی دەوڵەت توركدا لە ڕۆژئاوای كوردستان بڵاوكردەوە كە" سەلوا ناسراو بە( ژیان) فەرماندەیەكی گرنگ و خاوەن پێگەی تایبەت بوو" ئەمڕۆ یەكشەممە 24ی تەموزی 2022 فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمریكا پەیامێكی لەبارەی شەهیدبوونی ژیان عەفرین، فەرماندەی هێزەكانی دژە تیرۆر و ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان و هەردوو فەرماندە ڕۆژ و بارین بڵاوكردەوە. لە پەیامەكەدا هاتووە:" سەلوا ناسراو بە (ژیان) لەناو هێزەكانی هەسەدە-دا فەرماندەیەكی گرنگ و خاوەن پێگەی تایبەت بوو، كە توانیی پێشڕەویی هێزەكان بكات لە شەڕی دژ بە داعش و لەناوبردنی ئەو ئایدۆلۆژیی شەڕەنگێزە". ڕۆژی 22ی تەمموزی 2022 ژیان عەفرین، فەرماندەی هێزەكانی دژە تیرۆر و ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان و هەردوو فەرماندە ڕۆژ و بارین، لە بۆردوومانێكی دەوڵەتی توركدا لە نێوان قامیشلۆ-تەربەسپی شەهیدبوون. ئەمڕۆش مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە ڕاگەیەندراوێكی لە تویتەری خۆی لەبارەی شەهیدبوونی ئەو سێ فەرماندەیەوە بڵاوكردەوە و جەختیكردەوەكە" پێویستە هاوپەیمانان هەوڵێكی زیاتر بدەن بۆ وەستاندنی ئەم هێرشانە، بێدەنگ نابین و تۆڵەی شەهیدەكانمان دەكەینەوە".

هاوڵاتی فەرمانگەی‌ میدیاو زانیاریی حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان بڵاویكردەوە كە سیستمی‌ دابەشكردنی‌ بەنزین لەهەرێمی‌ كوردستان دەگۆڕێت، بەشە بەنزینی‌ سلێمانی‌ بەو هۆیەوە كەمدەكرێتەوە. ئەمڕۆ 24 تەموزی 2022، فەرمانگەی‌ میدیاو زانیاریی حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە لەئێستادا ڕۆژانە بڕی‌ سێ ملیۆن لیتر بەنزین بەرهەمدەهێنرێت، لەو بڕە لەسەدا 40ی‌ بۆ پارێزگای‌ هەولێرو لەسەدا 40ی‌ بۆ پارێزگای‌ سلێمانی‌‌و لەسەدا 20یشی‌ بۆ دهۆك تەرخاندەكرێت. ئەوەشی‌ خستۆتەڕو كە لەمەودوا دابەشكردنی‌ بڕی بەنزین بەسەر پارێزگاكاندا بەپێی‌ ژمارەی‌ ئوتۆمبێل لەهەر پارێزگایەكدا دەبێت. بەپێی‌ ئەو ئامارەی‌ فەرمانگەی‌ میدیاو زانیاریی حكومەتی‌ هەرێم بڵاویكردۆتەوە، لەهەرێمی‌ كوردستان زیاتر لەدو ملیۆن ئوتۆمبێل هەیە، یەك ملیۆن‌و 775 هەزارو 145 ئوتومبێل بەبەنزین كاردەكەن، لەو ژمارەیە، لەسەدا 55ی‌ ئەو ئوتۆمبێلانە لەهەولێرن‌و لەسەدا 31ی‌ لەسلێمانی‌‌و لەسەدا 14ی‌ لەدهۆكە، بەو پێیەش لەمەودوا دابەشكردنی‌ بەنزینی‌ بەرهەمهاتو بەمشێوەیە دەبێت، لەسەدا 57.2 بۆ هەولێرو لەسەدا 29.3 بۆ سلێمانی‌‌و لەسەدا 13.5ی‌ بۆ دهۆك دەبێت.  

هاوڵاتی مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی‌و بەرژەوەندیی یەكێتی ڕایگەیاند:" ئێستا دەبێت بەدوای ئەو پارەیەدا بڕۆین كەهەیە نەك ئەوەی كە ڕۆیشتووە". مەلابەختیار ئەمشەو لەبەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی لەبارەی پارەی ژێرزەمینەكان كە پێشتر باسی كردبوو رایگەیاند:" كاتی خۆی پارەی چەند ژێرزەمینێكم پیشانی بافڵ تاڵەبانیدا، بەڵام تا فریاكەوتن پارەكان خورابوون، ئێستا دەبێت بەدوای ئەو پارەیەدا بڕۆین كەهەیە نەك ئەوەی كە ڕۆیشتووە، چونكە ئەوەیان خواردوە". ناوبراو راشیگەیاند كە یەكێتی‌و پارتی وەك حزبوڵای لوبنان هێزی چەكداریان هەیە بۆیە هیچ لایەنێكی ناڕازیی ناتوانێت گۆڕانكاریی بكات، وتیشی:" حزبوڵا 13 كورسی هەیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی هێزی چەكداری هەیە ئەو حوكم دەكات‌و ئەزمونەكانی ناوچەكە بەمشێوەیە كێ هێزی چەكداری هەبێت، ئەوە حوكم دەكات". مەلا بەختیار ئەوەشی خستەروو كە"یەكێتی‌و پارتی هێزی چەكداریان هەیەو ئەمەش وادەكات تەحەكوم بكەن‌و گۆڕان تا لەشەقام بوو سڵەمینەوەیەكی بەرامبەر دەسەڵات دروستكردبوو كە چووە حكومەت تەواوبوو".

هاوڵاتی وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، رۆژی سێشەممە ١٣ی ٩ی ٢٠٢٢ دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندنی ٢٠٢٢ – ٢٠٢٣ دەبێت. ئەمرۆ یەكشەممە 24ی تەموزی 2022، سامان سیوەیلی وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە، بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە رۆژی سێشەممە رێكەوتی ۱۳ی۹ی۲۰۲۲ دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندنی (۲۰۲۲-۲۰۲۳) دەبێت لە هەرێمی كوردستان. هەروەها ئەوەشی روونكردووەتەوە كە سێ رۆژی سەرەتا دەوام بەرنامەیەكی تایبەت دەبێت بۆ گشت ناوەندەكانی خوێندن كە پاشتر وەردەكاریەكەی بە گشتاندنێك بۆ ناوەندەكانی خوێندن دەنێردرێت.

هاوڵاتی وتەبێژی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند:" سبەینێ مووچەی مامۆستایانی زانكۆ و وانەبێژان دابەشدەكرێت و هەوڵی جدی هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەی نەبوونی سیولە (پارەی نەختینە) لە بانكەكانی سلێمانی". سەمیر هەورامی، وتەبێژی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند :"پارە‌ی نە‌ختینە‌ تە‌رخانكراوە و سبە‌ینێ مووچە‌ی مامۆستایانی زانكۆ و وانە‌بێژی پێكە‌وە‌ دابە‌شدە‌كرێت و ھە‌وڵی جدی ھە‌یە‌ بۆ چارە‌سە‌ركردنی كێشە‌ی نە‌بوونی سیولە‌ لە‌ بانكە‌كانی سلێمانی". بەپێی خشتەی مووچەی مانگی ئایار، دەبوو پێش جەژنی قوربان لە رۆژی 9ی ئەم مانگەدا، مووچەی سەرجەم وەزارەتەكان دابەشبكرێت، بەڵام بەهۆی نەبوونی پارە لە بانكەكان، بەشێك لە مووچەی مامۆستایانی زانكۆ و وانەبێژان و خانەنشینان لە وادەی خۆیدا دابەشنەكرا. هاوكات ئاماژەی بەوەشكرد كە بڕیارە سبەینێ دەرماڵەی مانگی نیسانی خوێندكاران خەرج بكرێت. ئەمڕۆ 24ی تەممووزی 2022، بەشێك لە مامۆستایانی وانەبێژ لە سلێمانی گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان نیشاندا لە دژی دواكەوتنی مووچەكانیان و داوایانكرد، كێشەی دواكەوتنی مووچە چارەسەر بكرێت.