هاوڵاتی توركیا بەشێوەیەكی رانەگەیەنراو و پێش كۆبوونەوەی سێقۆڵی تاران، هێرشەكانی بۆسەر رۆژئاوای كوردستان چڕكردووەتەوە بەنهێنی دەستی كردووە بەگواستنەوەی چەك و كەرەستەی سەربازیی بۆ ئەو ناوچانەی كە مەبەستییەتی كۆنتڕۆڵی بكات. ئەنقەرە بەهۆی ئەوەی نەیتوانیوە گڵۆپی سەوزی ئێران و روسیا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی نوێ لەباكوری سوریا بەدەستبهێنێت بەشێوازێكی دیكە هەوڵی بەدیهێنانی مەبەست و ئامانجەكانی لە رۆژئاوای كورستان دەدات بەتایبەت كە شەفاعەتەكەی ئەردۆغان بۆ ئێران دژی پەكەكە و پەژاك سەری نەگرت. ئەردۆغان لەتاران رایگەیاند:» پەكەكە و پەژاك و یەپەگەو پەیەدە دوژمنی هاوبەشی ئێران و توركیان، بۆیە پێویستە هەماهەنگیی زیاتر هەبێت لەنێوان ئەنقەرەو تاران بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەو هێزانە، بەڵام سەرۆك كۆمارو رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران دژایەتیی ئاشكرای خۆیان بۆ ئۆپەراسیۆنە نوێیەكەی توركیا راگەیاند. توركیا لەساڵانی رابردوودا بەدروستكردنی هەزارو 400 كیلۆمەتر دیواری كۆنكرێت لەسنورەكانی نێوان باكوری كوردستان لەگەڵ رۆژئاواو رۆژهەڵاتی كوردستان هەوڵی بەدیهێنانی ئامانجێكی سەرەكەییە بەدەر لەهێرشكردنە سەر پەكەكە ئەویش دابڕینی زیاتری خاكی كوردە. لەبەرامبەردا ئێران بەهۆی ئەوەی سیاسەت و ئامانجی خۆی هەیە لەناوچەكەدا بەپێی پلانەكانی ئەنقەرە هەڵسوكەوت ناكات، بەڵام دواجار ئەویش بەردی خۆی لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسنگ دەدات بەتایبەت كە ئەو دوو وڵاتە دوو ركابەری دێرینن لەناوچەكەو بەشێكی سەرەكیی ململانێكانیشیان لەسەر خاك و خەڵكی كوردە. داواكاریی سەرەكیی ئەردۆغان لەتاران رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا لەحەوتەمین كۆبوونەوەی لوتكەی سەركردەكانی گفتوگۆی ئەستانە كە (20/7/202) لە تاران-ی پایتەختی ئێران بەڕێوەچوو، رایگەیاند:» پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) و پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پەژاك) و پارتی یەكیتی دیموكراتی (پەیەدە) و یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و لایەنگران و ئەندامانی گروپی فەتحوڵڵا گویلەن (فەتۆ) كێشەی سەرەكیی توركیاو ئێرانن، بۆیە دەبێت ئەو دوو وڵاتە دراوسێیە بەهاوبەشیی كار بكەن بۆ بەرەنگاربوونەوەیان. ئەردۆغان لەكۆنگرە هاوبەشەكەی لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆك كۆماری ئێران سەرجەم ئەو رێكخراوانەی بەتیرۆریست ناوبردو وتی:» ئەو رێكخراوانە بەهەوڵی توركیا خراونەتە لیستی تیرۆری وڵاتانی پەیمانی باكوری ئەتڵەسی (ناتۆ) چونكە لەهەر وڵاتێك بن زیان بەو وڵاتانە دەگەیەنن». سەرۆك كۆماری توركیا جەختی لەوە كردەوە یەكێك لەسەرەكیترین ئامانجەكانی حەوتەمین كۆبوونەوەی لوتكەی سەرۆكەكانی گفتوگۆكانی ئەستانە واتە تاران و ئەنقەرەو روسیا، رووبەڕووبوونەوەی ئەو لایەنانەیە كە ئەو بەتیرۆریست ناوی هێناون. ئەردۆغان هەر لەو كۆنگرە رۆژنامەوانیەدا لەگەڵ رەئیسی وتی:» توركیا پلانی هەیە بۆ بەرزكردنەوە ئاستی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئێران بەتایبەت لەبوارەكانی (سیاسیی، سەربازیی، بازرگانی، كەلتوریی) و پێداگریی لەوەش كرد كە توركیا لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا هەنگاوی گەورەی لە رووی ئابوریی و بەرگرییەوە ناوەو ئەوەش دەتوانێت ببێتە هۆی بەرزبونەوەی ئاستی پەیوەندییە سەربازیی و پیشەسازییەكانی بەرگریی لەگەڵ ئێران. ئەو ئاشكرای كرد بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئاستی بازرگانیی نێوان توركیاو ئێران بۆ حەوت ملیارو 500 ملیۆن دۆلار دابەزیوە، بەڵام ئەنقەرەو تاران پلانیان هەیە ئاڵوگۆڕی بازرگانییەكانیان بۆ 30 ملیار دۆلار لەساڵێكدا بەرزبكەنەوە. ئەوەی زۆر مایەی سەرنج بوو لەلێدوانە رۆژنامەوانییەكەی ئەردۆغان لەگەل رەئیسی، ئەوە بوو كە ئەو جەختی لەوە كردەوە توركیا لەبواری پیشەسازیی سەربازیدا پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوەو پێویستە ئەنقەرەو تاران لەبواری سەربازیدا هەماهەنگتربن زیاتر لە رابردوو هاوكاریی یەكتر بكەن. شكستی ئەردۆغان لەحەوتەمین كۆبوونەوەی سێ كوچكە ئەردۆغان لەوتارەكەیدا لە كۆبوونەوەی لوتكەی سێ وڵاتی روسیا و توركیا و ئێران كە بەسێ كوچكە ناودەهێنرێن رایگەیاند:» پێویستە توركیا بەئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێكی دیكەی سەربازیی بەقوڵایی 30 كیلۆمەتر لەخاكی سوریا مەترسییەكانی سەر ئەنقەرە بڕەوێنێتەوە بەڵام لەگەڵ ئەوەیدا پوتن و رەئیسی هەردووكیان بەسەر زارەكی ئاسایشی توركیایان بەگرنگ و مافی خۆی وەسف كرد هیچ یەك لەو دو وڵاتە بەئاشكرا باسی رەوایەتیی ئۆپەراسیۆنەكەیان نەكرد». لەلایەكی دیكەوە عەلی خامنەیی، رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران لەكاتی كۆبوونەوەی لەگەڵ ئەردۆغان رایگەیاند:» ئەنجامدانی هەر جۆرە ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیی لە سوریا و باكوری ئەو وڵاتە زیان بە ئاسایش و سەقامگیریی تەنانەت توركیا دەگەیەنێت كە وتەكەی خامنەیش دژایەتییەكی ئاشكرای ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی بوو كە ئەردۆغان چاوەڕوانی گڵۆپی سەوزی لە لایەن روسیا و ئێرانەوە دەكرد». رۆژنامەی (عەرەبیە جەدید)ی قەتەر-ی بڵاوی كردووەتەوە؛ ئێران و روسیا بەئاشكرا دژی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی توركیا لەناوچەكانی باكوری سوریاو رۆژئاوای كوردستان وەستاونەتەوە، بۆیە توركیا دەیەوێت بەشێوازێكی دیكە و لەرێگەی گروپە چەكدارە سورییەكانی نەیاری رژێم و هاوپەیمانی توركیا، هێرشەكان ئەنجام بدات. هاوكات لەگەڵ ئەو زانیارییەی رۆژنامەكە، میدیای (نۆرس پرێس) لەرۆژئاوای كوردستان لەزاری بەرپرسانی سەربازیی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) بڵاوی كردووەتەوە سوپای توركیا لەدوای كۆبوونەوەی سێ كوچكە لەتاران پێچەوانەی ئۆپەراسیۆنەكانی پێشووی، بە نهێنی چەكی قورس و زرێپۆش بۆ ناوچەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی چەكدارانی توندڕەو لەناوچەكانی باكوری سوریا دەگوازێتەوە. گومان دەكرێت توركیا ئۆپەراسیۆنەكەی بەشێویەكی رانەگەیەنراوو بەدەستی هێزە چەكدارە توندڕەوەكانی سوریا لەدژی كۆبانی و منبج و عەین عیسا لەرۆژئاوای كوردستان دەستپێبكات و هەوڵی كۆنتڕۆڵكردنی رێگای (ئێم 4) بدات بۆ ئەوەی كانتۆنی كۆبانێ و كانتۆنی جزیرە لەیەكتر داببڕێت. ئێران لەئەدەنە تا سێ كوچكە ئێران كە پێشتریش لەساڵی 1998 بەهەوڵەكانی بۆ راگرتنی ئۆپەراسیۆن و جەنگی توركیا لەدژی سوریا ئەزموونی لەگەڵ ئەنكەرە هەیە خەمی سەرەكیی ئەوەیە كە خاكی سوریا كە بەسەنگەری سەرەكیی جەنگ لەدژی ئیسرائیل ناو دەبات و رەنگە پێگەی كورد لەسوریا بۆ تاران جێی بایەخێكی ئەوتۆ نەبێت چونكە هەنگاوەكانی ئێران بوو كە پەیمانی ئەدەنەی لەساڵی 1998 لێكەوتەوە و بووە هۆی ئەوەی توركیا بەپێی خاڵەكانی ئەو پەیماننامەیە مافی ئەوەی پێبدرێت پێنج كیلۆمەتر بچێتە خاكی رۆژئاوای كوردستان. توركیا لەساڵی 1996 هۆشداریی دەداتە رژێمی سوریا كە ئەگەر پەكەكە بەسەركردایەتیی عەبدوڵا ئۆجەلان لەخاكی رۆژئاوای كوردستان و سوریا دەرنەكرێت ئەوا هێرش دەكاتە سەر ئەو ناوچانە بەبێ گەڕانەوە بۆ رەزامەدنیی دیمەش، دوای نزیكەی دوو ساڵ سوپای توركیا بەتانك و زرێپۆش چووە سنورەكانی رۆژئاوای كوردستان ئەوەش وای كرد ئێران وەفدێكی وەزارەتی دەرەوە لەساڵی 1987 رەوانەی دیمەشق و دواتر ئەنقەرە بكات تا بەنێوەندگیریی رێگە لەسەرهەڵدانی جەنگی دوو وڵاتەكە بگرێت. دواجار 20ی ئۆكتۆبەری ساڵی 1988 رێككەوتنێك لەنێوان توركیاو سوریا لەشاری ئەدەنە لەباكوری كوردستان واژۆ كرا كە بەپێی رێككەوتنەكە دیمەشق لەسەر داوای ئەنقەرە پەكەكە وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی لەقەڵەم دەدات و عەبدوڵا ئۆجەلانیش لەرۆژئاوای كوردستان دەركراو ئەگەر توركیا هەركات لەسنورەكانی سوریاوە هەڕەشەی لەسەر بێت ئەوا سوپای ئەو وڵاتە دەتوانێت بە قوڵایی پێنج كیلۆمەتر بچێتە خاكی سوریا. ئێران لەو سەردەمە هاوشانی وڵاتی میسر رۆڵی بەرچاوی بینی لە رێككەوتنەكەدا و لەساڵی 2019 جارێكی دیكە مۆسكۆو تاران پێشنیاریان بەتوركیا كرد لەجیاتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بگەڕێتەوە بۆ خاڵەكانی رێككەوتنی ئەدەنە، بەڵام دواجار توركیا بە بێگوێدان بەپێشنیارو گۆڕانكارییە 10 خاڵییەكەی ئەو رێككەوتنە، هێرشی كردەسەر رۆژئاوای كوردستان و داگیركردنی گرێسپی و سەرێكانیی لێكەوتەوە. توركیا لەساڵی 2017 و لەگەڵ یەكەم كۆبوونەوەی لوتكەی ئەستانە یان سێ كوچكە پێداگریی كردووە كە بەقوڵایی 32 كیلۆمەترو بەدرێژایی زیاتر لە 800 كیلۆمەتر بچێتە خاكی سوریا و رۆژئاوای كوردستان بەڵام لە رێككەوتنی ئەدەنە لەساڵی 1998 و دواتر لە 2019 پێنج كیلۆمەتر دیاریی كراوە بۆ ئەوەی سوپای ئەو وڵاتە بتوانێت ئەو سنورانە ببەزێنێت. پەكەكەو ئێران ئێران هاوشانی توركیا پەكەكە بە رێكخراوێكی تیرۆریستی لەقەڵەمدا، بەڵام بەبەردەوامیی دەیەوێت وەك دوژمنێكی سەرەكیی ركابەرەكەی لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەو رێكخراوە بەرامبەر بەخۆی هەستیار نەكاتەوەو رەنگە هەرئەوەش وای لەئێران كردبێت لەدوای 1998 تا نزیكەی ساڵی 2004 نەیویستبێت هەستیارییەكی توند لەگەڵ رێكخراوەكە دروست بكات بەتایبەت كەدەزانێت رێكخستنەكانی پەكەكە لەقوڵایی بەشێكی بەرچاو لەناوچەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بوونیان هەیەو پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاك) وەك بەشێك لەو هێزە لەقەڵەم دەدات. لەم سۆنگەیەوە بەریەككەوتنی پەكەكەو هێزە سەربازییەكانی ئێران لەئاستێكی بەرفراواندا هاوشێوەی شەڕ لەگەڵ توركیا نەبووە، ئەگەرچی لەماوەی ساڵانی رابردوودا دەیان ئەندام و لایەنگری پەكەكە و پژاك لەلایەن ئێرانەوە دەستگیركراون و ژمارەیەكیشیان لەسێدارە دراون بەڵام پێناچێت تاران پێی ناخۆش بێت هێزێكی لەو شێوەیە گورز لەتوركیای ركابەری بوەشێنێت ئەمەش وا دەكات تاران لەسنورێكی دیاریكراودا خۆی دووربگرێت لەهەستیاریی و بەریەككەوتن لەدژی پەكەكە. دیواری كۆنكرێتی توركیا دژی كورد سلێمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی توركیا وتوویەتی :»لە كۆتاییەكانی ساڵی 2021ەوە سەرقاڵی دروستكردنی دیواری كۆنكرێتن لە سنورەكانی نێوان وڵاتەكەی و ئێران». ئەو بەمیدیای فەرمیی توركیای راگەیاندووە» پێویست بوو 144 كیلۆمەتر لەخاڵی سنوریی نێوان باكوری كوردستان و رۆژهەڵاتی كوردستان بەدیواری كۆنكرێت بكرێت لەپێناو پاراستنی وڵاتەكە لەهەڕەشەی گروپە چەكدارەكان و زیانی قاچاخچییەكان». سۆیلۆ وتوویەتی:»توركیا هاوشێوەی ئەو دیوارەی لەسنورەكانی وڵاتەكە لەگەڵ ئێران دروستی كردووە لەسنورەكانی جۆرجیاو ئەرمینیا لەگەڵ توركیاش هەمان دیواری كۆنكرێتی دروست دەكات و بەسیستمی ئەلیكترۆنیی و بەوردیی ئەو سنورانە چاودێریی دەكرێن». سنوری نێوان ئێران و توركیا 535 كیلۆمەترە كە زۆرینەی ئەو هێڵە سنورییە دەكەوێتە نێوان باكور و رۆژهەڵاتی كوردستان و بڕیارە 341 بنكەی پاسەوانیی تێدا جێگیر بكرێت و بەپێی پلانەكەی توركیا، سەرجەم ئەو سنورانە تاكۆتایی ساڵی 2023 دەكرێتە دیواری كۆنكرێت. میدیای فەرمیی ئێران بڵاوی كردوەتەوە لێدانی خەندەق و دیواری كۆنكرێتیی لەلایەن توركیاوە بووەتە هۆی دروستبونی لافاوو تێكدانی تۆپۆگرافیای ناوچەكەو بەهۆیە ژمارەیەكی زۆر لەڕەشەوڵاخ و مەڕو ماڵاتی ناوچەكانی ماكۆ لەڕۆژهەڵاتی كوردستان لەناوچوون و جگە لەو زیانانەش ئەو سەرچاوە ئاوییانەی كە لەباكوری كوردستانەوە بەرەو رۆژهەڵات هاتووە و یان پێچەوانە، رێڕەوەكەیان تێكدراوە. توركیا نزیكەی 916 كیلومەتر سنوری هەیە لەگەڵ سوریا ئەویش زۆربەی دەكەوێتە ناوچەكانی نێوان رۆژئاوای كوردستان و باكوری كوردستان و تائێستا 837 كیلۆمەتر لەو سنورانە لەلایەن توركیا كراوە بەدیواری كۆنكرێت و تەلبەند كراون كەهاوكات بەسیستمی ئەلیكترۆنی و كامێرا چاودێریی ورد دەكرێت. دیواری كۆنكرێت چەكی توركیا دژی كورد وەزارەتی بەرگریی توركیا بڵاوی كردووەتەوە بودجە وەزارەتەكە لەساڵی 2021 نزیكەی (69) ملیارد لیرەی توركی بووە كە بەنرخی ئەو سەردەمە دەكاتە 135 ملیار دۆلار لەكاتێكدا لەو ساڵەدا تەنها یەك ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لەناوچەكانی نێوان باكوری كوردستان و هەرێمی كوردستان لەدژی پەكەكە ئەنجام داوە. وەزارەتی بەرگریی رایگەیاندووە ئەو بڕە لەبودجەیە بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوخۆو سنورەكانی وڵاتەكە تەرخان كراوە و بڕی دوو ملیارد لیرەش لەبواری «پاراستنی ئاشتیی» لەوڵاتانی لوبنان و بۆسنیاو هێرزەگۆڤین و ئەفغانستان خەرج كراوە. بەچاوخشاندنێكی سەرەكیی دەردەكەوێت وەزارەتی بەرگریی توركیا لەو ساڵەدا زیاترین مەودای سنورەكانی لەگەڵ رۆژهەڵاتی كوردستان و رۆژئاوای كوردستان كردووە بەدیواری كۆنكرێت كەسەرجەم درێژییەكەی ئەو سنوورانە دەگاتە زیاتر لەهەزار و 450 كیلۆمەتر. توركیا بەبیانوی پاراستنی وڵاتەكەی بە دروستكردنی سنوری كۆنكرێت كورد لەسێ پارچەی كوردستان زیاتر تووشی دابڕان دەكات و ئەوەش بەئامانجی بەدیهێنانی پلانەكانی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە لەئێستا زیاتر بەرۆكی رۆژئاوای كوردستان و داوتریش هەرێمی كوردستانی گرتووە.
هاوڵاتی ١٠٢ پەرلەمانتار لە پارتە جیاوازەكانی فەرەنسا دەڵێن:" شەڕانگێزییەكانی ئەردۆغان هەڕەشە لە سەقامگیریی خۆهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسایشی ئەوروپا دەكات و داوا دەكەن، ئاسمانی باكوری سوریا بە ڕووی توركیادا دابخرێت". بە سەرۆكایەتیی سیناتۆر لۆرێنس كۆهێن ئەندامی حزبی كۆمۆنیستی فەرەنسا ١٠٢ پەرلەمانتار لە پارتە جیاوازەكانی فەرەنسا بەیاننامەیەكی هاوبەشیان لەسەر هەڕەشە و داگیركاریی دەوڵەتی توركیا بۆ سەر باكور و خۆرهەڵاتی سوریا بڵاوكردەوە. رایانگەیاند:" دوای هەڵگیرسانی شەڕی ڕوسیا لە دژی ئۆكرانیا، ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا سوود لە بارودۆخی ئاڵۆزی جیهان و بێدەنگی میدیا نێونەتەوەیەكان وەرگرتوە و پلانی داناوە هێرش بكاتە سەر كورد لە باكوری سوریا". پەرلەمانتارانی فەرەنسا ئاماژە بۆ ئەوەشدەكەن:" لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باكوور و خۆرهەڵاتی سوریا سەرەڕای خراپی بارودۆخی جەنگ، گەلی كورد، عەرەب، ئاشووری- كلدانی، ئەرمەنی و هەموو گەلانی دیكە پێكەوە دەژین و هەوڵ دەدەن سیستمێكی دیمكرایتك، فمینیست و ژینگەپارێزی دابمەزرێنن، ئەوان بە دیالۆگ بۆ بەرقەراركردنی ئاشتی هەمیشەیی لە نێوان گەلان دا تێدەكۆشن". پەرلەمانتارانی فەرەنسا هێرشە داگیركارییەكانی ساڵی ٢٠١٩ی دەوڵەتی توركیا بۆ سەر گرێ سپی و سەرێكانییان بەبیرهێنایەوەو ئاشكرایدەكەن: "چیتر نابێت وڵاتانی ڕۆژئاوا سەیری تاوانی جەنگ و پێشێلكارییەكانی سوپای تورك بكەن". ئەو پەرلەمانتارنەی فەرەنسا تەئكیددەكەنەوە: " كە تێكۆشانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) و یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە دژی داعش لەلایەن كۆمەڵگای نێودەوڵەتیەوە بە ئەرێنی هەڵسەنگێندرا"، هەروەك و داوایان لە دەوڵەتانی خۆئاوا و بە تایبەتی حكومەتی پاریس كرد: كە"ئەم دۆخە پەیوەندیی بە هەموومانەوە هەیە نەك هەندێك و دەبێت ئێمە ڕێگە بە سوپای ئەردۆغان نەدەین جارێكی تر هێرش بكاتە سەر هاوپەیمانە كوردەكانمان". باس لەوەشدەكەن:" ئێمە لە بیرمان ناچێت، كە هەزاران چەتەی جیهادیی لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باكوور و خۆرهەڵاتی سوریادا دەستگیركراون، قبوڵكردنی ئۆپەراسیۆنە نوێیەكەی ئەردۆغان بۆ داگیركەری لە دژی باكوری سوریا بە واتای ناسەقامگیركردنی ناوچەكە و دروستكردنی مەترسییەكی جدییە لەسەر ئاسایشی ئەوروپا". پەرلەمانتارانی فەرەنسا دەڵێن:" ئێمە وەك پەرلەمانتارانی خاوەن بۆچوونی سیاسیی جیاواز لە فەرەنسا، سیاسەتی شەڕانگێزانەی ئەردۆغان شەرمەزار دەكەین و داوا لە سەرۆك و بەرپرسانی ئەوروپا دەكەین، كە خاوەن هەڵوێست بن". بەمەبەستی قەدەغەكردنی ئاسمانی باكوری سوریا و پاراستنی كوردانی سوریا لەئاستی نێودەوڵەتیدا ئەو ١٠٢ پەرلەمانتارەی فەرەنسا داوایان لەدەوڵەتە ئەندامەكانی یەكێتیی ئەوروپا و فەرەنسا كرد:" لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕێوشوێنی پێویست بۆ چارەسەركردنی هەمیشەیی لە ناوچەكە بگرنە بەر". داواشیانكرد" قەوارە و كیانی بەڕێوەبەریی خۆبەڕێوەبەری باكوور و خۆرهەڵاتی سوریا لە ئاستی نێونەتەوەیدا دانی پیادا بنرێت و بناسرێت".
هاوڵاتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا سەبارەت بە دۆخی عێراق، دەڵێت: " بە نیگەرانییەكی قووڵەوە لە دۆخی سیاسیی عێراق و پێشهاتەكانی دەڕوانین، و داوا لە لایەنە سیاسییە ناكۆكەكان دەكەین ئەوپەڕی دان بە خۆیاندا بگرن و بۆ چارسەركردنی كێشەكان گفتوگۆی ڕاستەوخۆ دەست پێ بكەن". ئاشكراشیكرد: "لەم دۆخە هەستیارەدا ئاڵۆزبوونی زیاتری دۆخەكە، ئاشتیی كۆمەڵایەتی و ئاسایش و سەقامگیریی وڵات دەخاتە مەترسییەوە". نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە:" لە كاتێكدا ڕێز لە خواستی خۆپیشاندانی ئاشتیانەی جەماوەر دەگرین، جەخت لە پاراستنی دامەزراوەكانی دەوڵەت و ئاسایش و سەر و ماڵی هاووڵاتییان و كارمەندانی دەوڵەت دەكەینەوە. گەلی عێراق شایانی ژیان و ئێستا و داهاتوویەكی باشترە و ئەرك و بەرپرسیاریەتیی هاوبەشی هەموو هێز و لایەنەكانە پێكەوە عێراق لەم دۆخە هەستیار و مەترسیدارە دەرباز بكەن". سەرۆكی هەرێم راشیگەیاند: "هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە بەشێك دەبێت لە چارەسەر، بۆیە لایەنە سیاسییە پەیوەندارەكانی عێراق بانگهێشت دەكەین بێن لە هەولێری پایتەختی دووەمیان دەست بە گفتوگۆیەكی كراوەی كۆكەرەوە بكەن و لە سەر بنەمای بەرژەوەندییە باڵاكانی وڵات بگەنە لێكگەیشتن و ڕێككەوتن. هیچ كێشەیەك نییە بە گفتوگۆ چارەسەر نەكرێت".
هاوڵاتی هاوسەرۆكی گشتی هەدەپە و وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا كۆبوونەوە و گفتووگۆیان لەبارەی هەوڵی داخستنی هەدەپە، پرسی كۆبانێ، پرسی سیاسەتمەدارانی هەدەپە كرد. ئەمڕۆ شەممە ئانالینا بیربۆك، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە چوارچێوەی سەردانەكەیدا بۆ توركیا لە شاری ئەنقەرە لەگەڵ میتحاد سانجار، هاوسەرۆكی گشتی پارتی دیموكراتی گەلان- هەدەپە كۆبوەوە. هاوسەرۆكی هەدەپە بە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیای ڕاگەیاند:" هەوڵی داخستنی هەدەپە، بەردەوامی هێرشی داگیركەری و سووربوون لەسەر هەڕەشەكان و ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەكان لەدژی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا، راستەوخۆ پەیوەندیان بە كێشەی كوردەوە هەیە". هاوسەرۆكی هەدەپە لە كۆبونەوەكەدا كە نوێنەرانی پارتە سیاسیەكانی ئەنجومەنی فیدڕالی ئەڵمانیاش ئامادەبوون تەئكیدیكردەوە:" بیانوی حكومەتی توركیا بۆ ئۆپەراسیۆنی دەرەوەی سنور راست نییە، و وتیشی: "ئەردۆغان و حكومەت پشتگیرییان كەم بووەتەوە، بەم ئۆپەراسیۆنانە هەوڵدەدەن سیاسەتی ناوخۆ بەپێی خۆی دیزاین بكەن". هاوسەرۆكی گشتی هەدەپە لە قسەكانیدا بۆ ئانالینا بیربۆك باسی لەوەكرد:"زۆر گرنگە سیاسەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لەسەر بەهای دیموكراسی بێت و ئامانجی ئاشتی و ئارامی جیهانی بێت". دوای ئەوەی دوینێ گەیشتە توركیا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی توركیا لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی ناكۆكی توركیا و یۆنان و هەڕەشە داگیركەریەكانی دەوڵەتی تورك بۆ باكوری سوریا ناكۆكیەكانیان لەبەردەم میدیاكان ئاشكرا بوو، ئانالینا ڕایگەیاند:" توركیا دەبێت ڕێز لە بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئەوروپا بگرێت لەبارەی مافەكانی مرۆڤ". لە كۆبوونەوەكەی هاوسەرۆكی هەدەپەو وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هەریەكە لە فەلەكناس ئوجا وتەبێژی كۆمسیۆنی پەیوەندیەكانی دەرەوەی هەدەپە و شەڤین جۆشكون، پەرلەمانتاری هەدەپەی شاری مووش، بەشداربوون.
هاوڵاتی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت:" دابەشكردنی مووچەی مانگی تەممووز دوادەكەوێت". سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم بە كەناڵی رووداوی راگەیاند: " بەهۆی چارەسەرنەكردنی گرفتی دابەشكردنی مووچە لە سنووری سلێمانی و نەگەڕانەوە داهاتی ئەو پارێزگایە، دابەشكردنی مووچەی مانگی تەممووز دوادەكەوێت". وتیشی: " وەزارەتی دارایی بڕیاریداوە ئەو گرفتە چارەسەر بكات و دواتر دەست بە دابەشكردنی مووچە بكات، بەڵام سەرچاوەكە ئاماژەی بە رۆژی دابەشكردنی مووچە نەكرد". ئەو سەرچاوەیە ئاشكراشیكرد: "بڕی 200 ملیار دینار نێردراوە بۆ بانكەكانی سلێمانی، بۆئەوەی مووچەی مانگی تەممووز بەبێ دواكەوتن دابەشبكرێت، بەڵام بڕی 30 ملیار دینار لەو پارەیە بۆ مووچەی مانگی حوزەیران خەرجكراوە و داهاتی نێوخۆش هێشتا نەگەڕاوەتەوە".
هاوڵاتی ڕێكخراوێكی تایبەت بەمافەكانی مرۆڤ لەڕۆژهەڵاتی كوردستان ئاشكرایدەكات: " تەنیا 4 پێشمەرگەی حیزبی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران دەستگیركراون نەوەك 10 پێشمەرگە." ڕێكخراوی هەنگاو كە تایبەتە بەكاروباری مافی مرۆڤ لەڕۆژهەڵاتی كوردستان ڕایگەیاند:" لە ڕۆژانی ڕابردوودا چوار پێشمەرگەی حیزبی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران بە ناوەكانی موحسین مەعروفی خەڵكی مەهاباد، پژمان فاتیحی خەڵكی كامێران، هەژیر فەرامەرزی خەڵكی دێولان و وەفا ئازەربار خەڵكی بۆكان لە ناوچەی سۆمای برادۆستی ئورمیە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە بە دیل گیران". حیزبی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران شەوی یەكشەممە ٢ی گەلاوێژی ٢٧٢٢ (٢٤ی جولای ٢٠٢٢) ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند:" كە چەندین ئەندامی ئەو حیزبە لە ناوچەی سۆمای برادۆستی ئورمیە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە دەستبەسەر كراون". بەپێی ئەو ڕاگەیەندراوە: "ئەم گرووپە پێشمەرگەیە لە ئەنجامی چالاكییەكی سیاسی و ڕێكخستنی لە ناوچەی سۆمای ئورمیە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستبەسەر كراون". لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئاماژەیەك بە شوێن و هەروەها ژمارەی ئەو پێشمەرگانەی كە دەستبەسەر كراون نەدراوە، بەڵام وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران لە چەند ڕۆژی پێشتر ڕایگەیاند:" گرووپێكی ١٠ كەسییان لەو ناوچەیە دەستبەسەر كردووە". ڕێكخراوی هەنگاو ئاماژە بەوەدەكات دوای بەدواداچوون بۆ ئەو هەواڵە دەركەوتووە تەنیا دەستبەسەركردنی ٤ پێشمەرگە پشتڕاستدەكاتەوە و بانگەشەی دەستبەسەركردنی ١٠ كەس لەلایەن وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێرانەوە بە درۆ دەخاتەوە و دوورە لە ڕاستی. ڕێكخراوی هەنگاو بە سەرنجدان بە هەڵسوكەوتی ناوەندە ئەمنییەكان لەگەڵ بەندكراوانی سیاسی كورد بەتایبەت پێشمەرگەی حیزبە كوردستان نیگەرانی خۆی بە نسبەت ئەگەری ئەشكەنجە و خستنە ژێر گوشاری دەروونی بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەو كەسانە دەردەبڕێت و داوا دەكات كە ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ سەرنجی زیاتر بخەنە سەر ئەم دۆسیەیە.
شەنای فاتیح چەند بەرهەمێك لەعەلوەی سلێمانیدا لەتێستدا دەرنەچوون و بەڕێوەبەری تاقیگەی عەلوەی سلێمانیش دەڵێت:» بەرهەمی ناخۆیی و دەرەكیش هەبووە كە لەتێستی ئێمەدا دەرنەچوون.» گزنگ محەمەد، بەڕێوەبەری تاقیگەی عەلوەی سلێمانی لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئاماژەی بەوەكرد چەند بەرهەمێكی ناوخۆیی وەكو: (پاقلە، خەیار، كاهو، لیمۆ، مانگۆ، بیبەری ملەوەن، سێوی زەردو سوور) كە بەرهەمی دەرەكی بوون و (خورماو پەتاتەو شوتی) كەناوخۆیی و دەرەكییشی هەیە لەتێستدا دەرنەچوون. هاوكات ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد ئەو بەرهەمانەی لەتێستدا دەرناچن دووبارە سامپڵیان لێوەردەگیرێتەوە، ئەگەربێـتو دەرنەچنەوە دەدرێتە لیژنەی قایمقامییەت تا لەناوببرێن. گزنگ محەمەد وتیشی: ساڵانی پێشوو بەرهەمی ناوخۆیی هەناردەی دەرەوە دەكرا،»بەڵام ساڵی رابردوو بەهۆی خراپی كوالێتییەكەیەوە لەئیمارات رەتكرایەوە.» هاوكات، باسیلەوەشكرد تاقیگەی عەلوەی سلێمانی 15 رۆژ جارێك راپۆرتی خۆیان لەسەر تەواوی ئەو بەرهەمانەی پشكنینیان بۆ دەكرێت دەدەنە لایەنی پەیوەندیدارو تیمێكی پسپۆڕیان هەیە كە سەردانی كێڵگە كشتوكاڵییەكان دەكات بۆ رێنمایی جووتیاران بەمەبەستی بەرهەمێكی تەندروست و تاهەناردەی وڵاتانی دراوسێ بكرێن. بەڕێوەبەری تاقیگەی عەلوەی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو كە پێنج هەزار دینار بۆ فەحسی بەرهەمەكان لەجوتیاران وەردەگیرێـت و دوو وەسڵیان بۆ دەكرێت یەكێكیان دەدرێت بەجووتیارەكان و یەكێكی تریشیان دەدرێتە نوسینگەی عەلوەكان لەگەڵا ناردنەوەی پشكنینەكان، و» سەرەتا حكومەت بڕی 40 هەزار دیناری دیاریكردبوو و ئێمە داشكاندنمان بۆ كردو كردمانە پێنج هەزار دینار.» عەلوەی كۆنی سلێمانی 184 زۆن و عەلوە نوێیەكەش 54 زۆنی هەیە. ساڵانە جوتیارانی هەرێمی كوردستان بەدەست ساغنەبوونەوەی بەرهەمەكانیانەوە دەناڵێنن و دەبێتە مایەی زەرەرو زیان بۆیان، تەنانەت بەشێكیشیان بەرهەمەكانیان فڕێدەدەن چونكە بڕەكەی زۆرەو بۆیان نافرۆشرێت و هاوردەكردنی بەرهەمی وڵاتانیش لەدەروازە سنورییەكانەوە ناوەستێنرێـت تابەرهەمی جوتیارانی ناوخۆیی ساغببێتەوە. عوسمان حەمەڕەشید، تەمەن 48 ساڵ جوتیارێكی دەشتی شارەزوورەو ساڵانێكی زۆرە خەریكی پیشەكەیەتی و لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ئێمە گومانمان لەبەرهەمەكانی خۆمان نییەو مەوادی كیمیاییش كەبەكاری دێنین سەمادەو هیچ كێشەیەكی نییە، ئێستا هیچ دەرمانێكی بۆ بەكارناهێنین چونكە جەو گەرمەو هیچ حەشەراتێك ناژی». هەروەها یەحیا عەلی جووتیارێكی دیكەیەو بۆ هاوڵاتی ئەوەی دووپاتكردەوە كەوەزارەتی كشتوكاڵا پشتگیرییەكی جوتیاران ناكات هیچ رێنماییەكیشیان ناكەن بۆ بەكارهێنانی مەوادی كیمیایی و چاندنی بەرووبووم و خۆیان بەرهەمەكان هەڵدەبژێرین و دەیچێنین. حسێن حەمەكەریم، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوكانی ئاو لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» زۆربەی جوتیارانی هەرێم یەك جۆر بەرهەمیان هەیەو ئەوە یەكێكە لەكێشەكان بۆیە زۆرجار كاریگەری ئەكاتە سەر ئەوەی كەبڕی بەرهەمەكان بەشێوەیەك زیاد ببن كە نرخەكانیان دابەزێـت.» وتیشی: وەزارەتی كشتوكاڵا نەخشەیەكی بەرهەمیان ئامادە كردووە بەپێی ناوچەكان كەچ بەرهەمێكی تیابەرهەم بهێنرێـت، ئەمەش كاری زۆری و هەماهەنگی دەوێـت لەگەڵا جووتیاران تا گلەیی و گازەندەی لێنەكەوێتەوەو بەرهەمەكان بەشێوەیەك بێـت تاڕادەیەك كەمێك لەپێداویستی ناوخۆ زیاتربێـت نەك بەو شێوازەبێـت كاریگەری بكاتە سەر بەرهەمەكان.
عەمار عەزیز گوندی پەرخێ هەوایەكی فێنك و ئاوێكی سازگاری هەیەو دانیشتوانەكەی رۆژانە سەرقاڵی ئامادەكاریەكانیانن بۆ خزمەتكردنی ئەو گەشتیارانەی روو لەگوندەكەیان دەكەن، بەڵام تۆپ و بۆردومانەكانی سوپاكەی ئەردۆغان بووكی بادینان دەكەنە دۆزەخ بۆ گەشتیاران. پەرخێ، ئەو گوندەی لەهەفتەی رابردوو 20ی تەمموزی 2022 لەلایەن سوپای توركیاوە بەچوار گولە تۆپی 155 ملیمی ناوچە گەشتیارییەكانی پەرخێی كردە ئامانج و بەو هۆیەوە نۆ گەشتیاری پارێزگاكانی خوارووی عێراق كوژران و 31 كەسی دیكەش برینداربوون. گوندی پەرخێ بەدووریی 16 كیلۆمەتر دەكەوێتە باكووری ناحیەی دەركار لەزاخۆ، تاكە گوندی ئاوەدانە لەناوچەی شەڕ لەسنوورەكە، گوندەكە دەكەوێتە دووریی 17 كیلۆمەتر لەباكووری رۆژهەڵاتی زاخۆو 11 كیلۆمەتر لەسنووری توركیاوە دوورە، نزیكترین خاڵی سەربازیی توركیا لەو گوندەوە دوو هەزارو دووسەد مەترە. لەگوندی پەرخێ شوێنێكی گەشتیاری زۆر فێنك و خۆش هەیەو گەشتیاران رووی تێدەكەن، بەڵام لەدوای رووداوەكە تائێستا هیچ گەشتیارێك سەردانی ئەو گوندەی نەكردووە. پێش 20ی ئەم مانگە، پەرخێ پڕ بوو لەگەشتیارانی خواروو ناوەڕاستی عێراق لەنزیك ئاوە سازگارەكان و نێو كەپرەكانەوە شادی و خۆشییان دەردەبڕی و خۆیان فێنك دەكردەوەو منداڵان بەتۆپی لاستیكی یارییان دەكرد، بەڵام سوپاكەی ئەردۆغان خۆشییەكانان لێدەكەن بەشیوەن. حاجی مەحمود محو، خاوەنی ئەو شوێنە گەشتیارییەی گوندی پەرخێ كەتوركیا كردووەیەتە ئامانج كە لەساڵی 1991 تائێستا لەو گوندە دەژی، بەهاوڵاتی وت:» لە رۆژی تۆپبارانەكەی سوپای توركیا لەماڵ بووم دوای رووداوەكە خێرا بەچەند خولەكێك گەیشتمە شوێنەكەو هاوكاری تیمەكانی تەندروستیمان كرد بۆ گەیاندنی بریندارەكان». هەروەها وتیشی:» رووداوەكە ئەوەندە ناخۆش بوو ناتوانم وەسفی بكەم ئەو خەڵكە هیچ گوناهیان نەبوو شەهیدو برینداركران، چەند ساڵێكە شوێنێكی گەشتیاریمان دروستكردوە بۆ ئەوەی ببێتە داهاتێك بۆ هەموومان، هەموو ئەو كەسانەی كاریان دەكرد خەڵكی گوند بوون، بەڵام توركیا لێی تێكداین». سێ خاڵی سەربازی توركیا لەدەوروبەری گوندی پەرخێ جێگیركراون، كە تەنها پێنج كێلومەتر لەگوندەكەوە دوورە. خاوەنی ئەو شوێنە گەشتیارییەی گوندی پەرخێ جەختی لەوەكردەوە كە لەدوو مانگی رابردوو تائێستا سەدان جار دەوروبەری گوند بۆردومانكراوە ناتوانن بیژمێرن، وتیشی:» رۆژانە چەندجارێك ناوچەكە بۆردومان دەكرێت، ئێستا هیچ خۆشیمان نیە، بەڵام سەڕەرای هەموو ئەمانەو ئەو رووداوە كەسوپای توركیا بۆردومانی كردووە ئیرادەمان بەهێزەو گوندەكەی خۆمان بۆ هیچ كەسێك چۆڵناكەین». گوندی پەرخێ، نزیكەی 30 خێزانی تێدا دەژین، رێگای گوندەكە قیركراوە، تەنها یەك شوێنی گەشتیارییان هەیەو زیاتر لە 20 كانی و ئاوی سازگاریان هەیە، خەڵكی گوندەكە لە»عەشیرەتی سندی»ن. جەمیل عەبدوڵا، موختاری گوندی پەرخێ لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»خەڵكی گوندەكە زیاتر كاری چاندن و بەرهەمەكانی هاوینی وەك سێو، هەنجیر، ترێ، هەنار، هەروەها سەرقاڵن بە بەخێوكردنی مەڕو ماڵاتەوە، پێشتر نزیكەی 500 سەرمەڕ لەگوند هەبووە، ئێستا بەهۆی بۆردومانی توركیا ژمارەیان كەمبووەتەوە، چونكە خەڵكی گوند لەترسی بۆردومانەكان خەریكە وازی لێدێنن». «زورینەی نیشتەجێبووانی گوند دوو ماڵیان هەیە یەكێك لەگوندو ئەوەی دیكە لەناوەندی زاخۆ، هەندێكجار ژمارەی خێزانەكان دەگاتە 30 خێزان، هەندێكجاریش دەبێتە 10 خێزان، ئێستا نزیكەی 100 كەسێك لەگوند دەژین، بنكەی تەندروستی و خوێندنگامان نیە»، موختاری گوندی پەرخێ وای وت. هەریەك لەگوندەكانی قەسرۆك، دەشتەتەخێ، پەڤلان، بهێرێ، باجوا، شەرانش، كەدەكەونە دەوروبەری گوندی پەرخێ چوڵكراون، تەنها دانیشتوانی گوندی پەرخێ نەبێ وەك موختاری گوندەكە وتی:» ئێمە بڕیارمان داوەو گوندەكە چۆڵ ناكەین». سوپای توركیا سەرەڕای ئەوەی بەقوڵی بیست كیلۆمەتر زیاتر خاكی هەرێمی كوردستانی داگیركردووە، ساڵی رابردوو ئەمساڵیش تاوانی ژینگەیشی ئەنجام داوەو هەزاران داری بڕیوەتەوەو دەیباتەوە بۆ توركیا كەداری تێدا بووە تەمەنی سەد ساڵ بووە. بەوتەی بەڕێوەبەری ناحیەی دەركار لەساڵی 1991 تائێستا لەسنوری دەركار و باتیڤا 32 كەسی مەدەنی شەهیدو برینداربوون بەهۆی بۆردومانەكانی سوپای توركیاوە. دڵشێر عەبدولستار، بەرێوەبەری ناحیەی دەركار لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی هێمای بۆ ئەوەكرد كە 63 گوند لەسنوری ناحیەی دەركار هەیەو تائێستا 23 گوند بەتەواوی چوڵكراون و لەئێستادا 33 خێزان لەگوندی پەرخێ بوونیان هەیە. دڵشێر عەبدولستار وتیشی:»تالێكۆڵینەوەكان لەسەر رووداوەكە بەردەوامبن رێگا بەهیچ گروپێكی گەشتیاری نادەین سەردانی ناوچە گەشتیارەكانی سنوری ناحیەی دەركار بكەن، چاوەڕێی دەرئەنجامی كۆتایی راپۆرتی لیژنەكان دەكەین، دواتر ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بڕیار بۆ هاتنی گەشتیارەكان دەردەكات». دوابەدوای بۆردومانەكەی سوپاكەی ئەردۆغان بۆ سەر گوندی پەرخێ، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق، وەفدێكی باڵای ئەمنی رەوانەی ناوچەكە كرد كە فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق سەرۆكایەتی دەكرد. دوابەدوای لێكۆڵینەوەی لیژنە ئەمنییەكەی عێراق، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند:» دەركەوت توركیا شەڕەكەی لەگەڵ پەكەكە نیە». فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لەزاخۆ رایگەیاند:» ئێمە شارەزاو بەرپرسی سەربازیمان لەگەڵدایە دوای لێكۆڵینەوە گەیشتینە ئەو ئەنجامەی بۆردومانەكە لەلایەن سوپای توركیاوە ئەنجامدراوە». ئەو لێدوانەی وەزیری دەرەوەی عێراق دوای ئەوەهات كەوەزارەتی دەرەوەی توركیا رایگەیاند ئەوان كۆمەڵكوژیەكەیان ئەنجام نەداوەو پەنجەی تۆمەتیان ئاراستەی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) كرد. فوئاد حسێن كە لەسەر پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان وەزیری دەرەوەی عێراقە وتیشی:» پرۆسەی سەربازی توركیا لەناو خاكی عێراق قبوڵناكرێت، دەركەوت توركیا شەڕەكەی لەگەڵ پەكەكە نیە، توركیا دەیان گوندی كوردستانی عێراقیان داگیركردووە، لەجیاتی شەڕی پەكەكە پەلاماری گوندەكان دەدەن و خەڵكی سڤیل دەكوژن».
هاوڵاتی کوشتاری هاووڵاتیانی مەدەنی یەکێک لەکۆڵەکە نەگۆڕەکانی سیاسەتی دەوڵەتی تورکیایە. ئەو دەوڵەتە لەڕۆژی دامەزراندنییەوە تاوەکو ئەمڕۆ بە بەردەوامی و لەچواەچێوەی پلانێکی وردی ئەمنی، سیاسی، ئایدۆلۆژی و هەواڵگریدا هەمیشە هاووڵاتیانی مەدەنی و بێ دیفاع و بێ چەکی کۆمەڵکوژ کردووە. هەموو جومگەکان و دامەزراوەکانی وەک حکومەت، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی، دەزگای هەواڵگری، سوپا، پۆلیس، دادگا، راگەیاندن، ئۆپۆزسیۆن، سەرمایەدارەکان و هاوبەشانی بازرگانی و سیاسی و ئابوریی دەوڵەتی تورکیا لەناوخۆی تورکیا و لەناوچەکە و ئەوروپاو جیهان یەک دەنگ و لەپێناو کوشتارکردنی هاووڵاتیانی مەدەنیدا پاڵپشت و یارمەتیدەرو داپۆشەرو پاکانەکاری دەوڵەتی تورکیا بوون. هیچ حکومەت و حزبێکی دەسەڵاتدار لەتورکیادا نییە، کە بەشداریی لە پرۆسەی جینۆساید و کوشتاری هاووڵاتیانی مەدەنیدا نەکردبێت. جا بەشداریکردنەکەی بەشێوەی سەربازی، یان راگەیاندن و پاساوهێنانەوە، یان بێدەنگە لێکردن بووبێت هیچ جیاوازییەکی نییە، چونکە لەیەکێک لە رەهەندەکانەوە بەشداریی لەتاوانی دژ بەمرۆڤایەتیدا کردووە. لەمێژووی دەوڵەتی تورکیادا دەیان کۆمەڵکوژی و سڕینەوەو پاکتاوکردنی هاووڵاتیانی مەدەنی دەبینرێن. هەموو کۆمەڵکوژیەکان لەڕوانگەی نەتەوەپەرستی تورکی و ئیسلامی تورکییەوە بە بەکارهێنانی ئەوپەڕی توندوتیژی و ترسناکرترین شێوازەکانی کوشتن و سڕینەوەی ئیتنی و ئایینی ئەنجامدراون. نەریتی کوشتارکردن و کۆمەڵکوژکردنی هاووڵاتیانی مەدەنی لەعوسمانییەکانەوە بە شێوەیەکی وردو رێکوپێک گواستراوەتەوە بۆ دەوڵەتی تورکیا، چونکە مێژووی دەوڵەتی عوسمانی پڕە لەکوشتار، کۆمەڵکوژی، تاڵانی، داگیرکاری، توندوتیژیی زۆر بێوێنە و خوێنڕشتنی بەردەوام و بێ راوەستان. دەوڵەتی تورکیای ئەمڕۆ ئەزموون و میراتی کۆمەڵکوژکردنی ئەلبانییەکان، یونانییەکان، بۆسنییەکان، هەنگارەکان، مەجەڕەکان، ئەرمەنییەکان، ئێزدییەکان، سوریانی و ئاشوریەکانی و میرایەتییە کوردیەکانی زۆر بە باشی لەعوسمانیەکانەوە وەرگرتووە، درێژەیان پێدەدات، کاریان پێدەکات، شێوازەکانی ئەنجامدانی دەوڵەمەند دەکات و ئەوپەڕی تەکنەلۆژیا و توندوتیژی و چەکی قورس، ناپاڵم، موشەک، تۆپخانە، چەکی کۆکوژ، فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتو، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، چەکی فسفۆڕی، چەکی کیمیایی، چەکی تیرمۆباریک و چەکی ئەتۆمی تاکیتکی بۆ ئەنجامدانی کوشتارەکانی بەکاردەهێنێت. لێرەدا بەشێک لەو کوشتارو کۆمەڵکوژکردنەی هاووڵاتییانی مەدەنی، کە لەلایەن دەوڵەتی تورکیا لەباکووری کوردستان و باشووری کوردستان و رۆژئاوای کوردستان روویانداوە دەخەینەڕوو. کۆمەڵکوژیەکانی تورکیا کۆمەڵکوژیی هاووڵاتییان لەڕاپەڕینەکەی شێخ سەعیدی پیراندا لەشوباتی ١٩٢٥دا دەوڵەتی تازە دامەزراوی تورکیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی راپەڕینەکەی شێخ سەعیدی پیران لەناوچەی پیرانی پارێزگای ئامەد لە باکوری کوردستان بە ٥٢ هەزار سەربازو چەکدارەوە هێرشی کردەسەر ١٥ هەزار چەکداری کوردو لە ئاکامدا جگە لە جەنگی نێوان چەکدارەکان، سوپای تورکیا لەناوچەکانی پارێزگای ئامەدو پارێزگاکانی هاوسنوری ئامەد نزیکەی ٥٢ هەزار هاووڵاتیی مەدەنییان کۆمەڵکوژ کرد. کۆمەڵکوژیی دۆڵی زیلان سوپای تورکیا هاوکات لەگەڵ هەوڵەکانیدا بۆ سەرکوتکردنی شۆڕشی ئاگری بەسەرۆکایەتیی ئێحسان نوری پاشا، لە رۆژانی ١٢ بۆ ١٣ی تەمموزی ١٩٣٠ هێرشی کردە سەر دۆڵی زیلان لەناوچەی ئەردیشی پارێزگای وان لە باکوری کوردستان و ٥٠ هەزار هاووڵاتیی کۆمەڵکوژکردو ٤٤ گوندی ئەو سنورەشی بە تەواوەتی خاپوورو تاڵان کرد. رۆژی ١٦ی تەمموزی ١٩٣٠ رۆژنامەی جمهوریەت، رۆژنامەی فەرمیی ئەوکاتی دەوڵەت لەبارەی کۆمەڵکوژیی دۆڵی زیلانەوە بڵاویکردەوە «ئەو گوندانەی لە دەورووبەری چیای ئاگری پێشوازییان لە یاخیبووەکان دەکرد بە تەواوەتی خاپوورکران و سوتێنران و گوندییەکان گواسترانەوە بۆ ئەردیش. ژمارەی ئەو یاخیبووانەی لەئۆپراسیۆنی زیلاندا لە ناوبران زیاتر لە ١٥ هەزار کەس بوون. تەنها لە بەردەم مەفرەزەیەکدا هەزار کەس کوژران. پێنج یاخیبوو، کە لە دۆڵەکەدا گیریان خواردبوو خۆیان رادەستکرد. شەڕ لەوی بەشێوەیەکی گەورەو فراوان بەڕێوەچوو و دۆڵی زیلان لیپاولیپ پڕ کرابوو لە تەرم». سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی دەوڵەتی تورک عیسمەت ئینۆنو لە ٣١ی ئابی ١٩٣٠ دا بە رۆژنامەی میللیەتی ئەوکاتی راگەیاندبوو «لەوڵاتدا تەنها نەتەوەی تورک مافی هەیە، کە داوای مافە ئیتنیکی و نەژادییەکانی خۆی بکات. هیچ کەسێکی تر ئەو مافەی نییە. ئەوانە بەپڕوپاگەندەی بێ بنەما فریودراون و رێگایان لێ تێکچووە، تورکە رۆژهەڵاتییەکانن». دەوڵەتی تورکیا بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ هەموو هاتۆچۆکردن و سەردانکردنێک بۆ دۆڵی زیلان قەدەغە کرد. دەوڵەتی تورکیا لەساڵی ١٩٧٨دا بەنداوی کۆچ کۆپروی لەدۆڵی زیلان دروستکرد و بەشێکی زۆی لەگۆڕە کۆمەڵەکانی کرد بەژێر ئاوەوە. هەروەها لەساڵی ١٩٨٠دا تورکە قڕقیزەکانی تیادا نیشتەجێ کردو سیاسەتی بەتورککردنی ناوچەکەی بەڕێوەبرد و ئەو تورکە قڕقیزانەشی کرد بە جەردەوان لەدژی کورد شەڕی پێکرد. کۆمەڵکوژیی دێرسیم دەوڵەتی تورکیا بەسەرۆکایەتیی مەستەفا کەمال ئەتاتورک و عیسمەت ئینونو بۆ سەرکوتکردنی کوردە راپەڕیوەکانی دێرسیم بەسەرۆکایەتیی سەید رەزای دێرسیمدا دەستیانکر بەهێرشکردنە سەر دێرسیم. جگە لەکوژران و لەسێدارەدانی سەید رەزاو هاوڕێکانی، دەوڵەتی تورکیا ٧٠ هەزار هاوڵاتیی مەدەنیی خەڵکی دێرسیمی کۆمەڵکوژکرد. خەڵکی دێرسیممان لەدۆڵەکاندا کۆدەکردەوە و لەئاسمانەوە بۆردمانیان دەکرد، کە سەبیحە گۆکچەی کچی هەڵگیراوەی ئەتاتورک وەک یەکەم ژنە فڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکیا، رۆڵی گەورەی لەکوشتاری هاووڵاتییانی دێرسیمدا بینی. سوپای تورکیا هاووڵاتیانیان لە ئەشکەوتەکاندا کۆمەڵکوژ دەکرد، دەرگای ئەشکەوتەکانیان دەتەقاندەوەو گازی کیمیایی ئەڵمانییان دەکردە ئەشکەوتەکان و بەدوکەڵ ئەشکەوتەکانیان پڕ دەکردو بۆ ئەوەی هەموو هاووڵاتییان لەئەشکەوتەکاندا بخنکێن و کۆمەلکوژ بکرێن. ئەشکەوتی کورتوزیکداغ لە دۆڵی ئیسکۆلار، کە ٢ هەزار و ٥٠٠ ژن و منداڵی تیادا بوو، یەکێکە لەو نموونانە. دەوڵەتی تورکیا خۆی باسی ئەوە دەکات، کە ١٣ هەزار و ١٦٠ کەسی مەدەنی لە دێرسیم کوژراون، ئەردۆغان لەو ساڵانەی دەسەڵاتەکەیدا کە پێویستی بەزۆری بە دەنگی کورد داوای لێبوردنی لەو کۆمەڵکوژییە کرد، بەڵام دواتر خۆیشی درێژەی بەسیاسەتەکانی مستەفا کەمال ئەتاتورک و عیسمەت ئنونو لە دژی کورد لە دێرسیم و سەرتاسەری کوردستان دا. جگە لەوانەش دەوڵەتی تورکیا بۆ سڕینەوەی کورد لە دێرسیم ١١ هەزار و ٨١٨ کەسی لە دێرسیم بە زۆر بۆ ناوچە تورکییەکان راگواست و منداڵە دێرسیمیەکانی بە بنەماڵە تورکەکاندا تاوەکو بیانکەن بە تورک. کۆمەڵکوژیی قەلقەلیی وان ناسراو بە ٣٣ گولـلە خەڵکی گوندەکانی سەر سنووری ناوچەی پایزئاوا و قەلقەلیی پارێزگای وان لەگەڵ پارێزگای ورمێ لەڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک نەریتێکی دێرین کاری سەر سنوریان دەکرد، بەڵام ٢٨ی تەمموزی ١٩٤٣دا جەندرمەی دەوڵەتی تورکیا بە فەرمانی ژنەڕاڵ مستەفا موغالی هەڵیکوتایە سەر گوندەکان و ٤٠ کەسیان لە عشیرەتی میلان دەستگیرکرد. بە کەسوکاری دەستگیرکراوەکانیان وتبو، لەدوای دوو بۆ سێ رۆژ ئازادیان دەکەن، بەڵام ٣٣ کەسیان دەبەن بۆ سەر سنوورو کۆمەڵکوژیان دەکەن. ئەو تاوانە بە ناوی ٣٣ گولـلە لەمێژوودا ناوبانگێکی زۆری هەیە. وەک نموونەیەک لە تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیا بەرامبەر بەهاووڵاتییانی مەدەنی باس دەکرێت. کۆمەڵکوژیی مەرەش (مەرعەش) دەوڵەتی تورکیا لەچوارچێوەی پلانی شەرق ئیسڵاحاتەکەی لەساڵی ١٩٢٦ەوە کاری بۆ سڕینەوەی کورد لە رۆژئاوای رووباری فورات دەکرد، بەڵام بەهۆی بیری پێشکەوتوخوازی و شۆڕشگێڕی و هۆشیاربوونەوەی خەڵک، ئەو دەوڵەتە نەیدەتوانی هەموو پلانەکانی جێبەجێ بکات، بۆیە بە کردنەوەی دەرگا بۆ نەتەوەپەرستەکان و گروپە میلیشایی و فاشیستەکان دەستیکرد بەکۆمەڵکوژکردنی هاووڵاتیانی کورد لەمەرەش، کاتێک لەئێوارەی رۆژی ١٩ی کانوونی یەکەمی ١٩٧٨ لە سینەمای چیچەک لەمەرەش فیلمی «زەینەل و ڤەیسەل « نمایش دەکرا، لەناکاو لەسینەماکەدا فیلمێکی نەژادپەرەستەکانی تورک و مەهەپەی هاوپەیمانی ئێستای ئاکەپە و ئەردۆغان بەناوی «رۆژ کەی هەڵدێت» پەخشکرا، کە لەفیلمەکەدا سوکایەتیی زۆر بە کۆمۆنیزم دەکرا و لە رێگەی فیلمەکەوە پەیامێکیان بۆ چەپەکانی ئەو سەردەمە بڵاوکردەوە. هاوکات لەو ساڵانەدا پەکەکە لەو ناوچانەدا گەشەیەکی بەرچاوی کردبوو. کاتێک گەنجانی نەتەوەپەرست سەیری فیلمەکەیان دەکرد، بۆمبێکی دەنگی کەزیانی زۆر کەمبوو تەقێنرایەوە. قەرەباڵغی سینەماکەی شێواند و یەکێک هاتەدەرەوەو وتی «چەپەکان بۆمبیان هەڵداوەتە سینەماکە». ئەو قسەیە بەخێرایی و لەماوەیەکی کەمدا بەشارەکەدا بڵاوبوویەوە. چەند گروپێک رژانە شەقامەکان و دروشمی «ئێمە عەلەوییەکانمان ناوێت»یان بەرزکردەوە و هەوڵیاندا گەل دنە بدەن. ئەندامانی کۆمەڵەی گەنجانی نەتەوەپەرست (UDG) لە ناوچەکانی ترەوە هێنران بۆ ناو شارەکە و بەو شێوەیە ژمارەی فاشیستەکان زیادیکرد. بەدروشمی «خوێنیشمان بڕژێت سەرکەوتن هەر بۆ ئیسلامە» دەستیان بەهێرشەکانیان کرد. رۆژی دوای ئەوە، فاشیستەکان چەکیان هەڵگرتبوو و دەیانوت «عەلەوییەکان هێرش دەکەن» و بەشێوەی بەربڵاو چەک لەگەڕەکە سونەکاندا بڵاوکرایەوە. لەو کاتە بە دواوە کۆمەڵکوژییە گەورەکە دەستیپێکرد. بەبێ هۆ هێرشیان کردە سەر کۆمۆنیست، چەپەکان و عەلەوییەکان. تێکدان و رووخاندن، ئاگرتێبەردانیان ئەنجام دەداو هەرکەسێکێش بهاتایەتە سەر رێگاکەیان دەیانکوشت. محەمەد لەبلەبیجی سەرۆکی کۆمەڵەی گەنجانی نەتەوەپەرستی قارەمان مەرەش (مەرەش) و موستەفا کانلدەرەیی جێگری، سەرۆکایەتیی ئەو هێرشانەیان دەکرد. دواتر ناوی ئەو کەسانە لە ناو رووداوە سیاسییەکاندا زۆر بیسترا. ئەوەی بۆمبەکەی لە سینەماکەدا تەقاندبووە کەسێک بوو بەناوی ئۆککەش کەنگەر، کە یەکێک لە ئەنجادەرە سەرەکییەکانی کۆمەڵکوژییەکەی مەرەش بوو، نەک چەپەکان. ئێوارەی ٢٠ی کانوونی یەکەمی ١٩٧٨ بۆمبێک لە قاوەخانەی عەلەوییەکان تەقێنرایەوە. دەیان کەسی بریندار کرد، بەڵام هاووڵاتییان لەترساندا نەیاندەوێرا بڕۆن بۆ نەخۆشخانە. رۆژی ٢١ی کانوونی یەکەم ٢ مامۆستا کوژران. لەمەراسیمی بەخاکسپاردنی مامۆستاکاندا مستەفا یڵدز مەلای مزگەوتی باغلار باش، کە تەرمەکان لەمزگەوتەکەیدا دەبران بۆ گۆڕستان خوتبەیەکی داو وتی «بە رۆژووبوون و بە نوێژکردن مرۆڤ نابێت بەحاجی. کێ عەلەوییەک بکوژێت ئەوەندە خێری دەگات، کە وەک ئەوە وایە پێنج جار چووبێت بۆ حەج. دەبێت هەموو برا ئاینییەکانمان لە دژی حکومەت، کۆمۆنیزم و بێ دینەکان راپەڕن. ئێمە عەلەوییەکان و سونە بێ ئیمانەکان لەدەورووبەری خۆمان پاک دەکەینەوە». و وتیان، «نابێت نوێژ لەسەر تەرمی عەلەوییەکان بکرێت» و هێرشیان کردەسەر تەرمەکان و بەرەو ناوەندی شارەکە رۆیشتن سێ کەسی تریان کوشت. هاوکات نەژادپەرستەکانیان بە لۆری بۆ شارەکە دەهێناو سوپاو جەندرمە رێگایان نەدەدا کەسی تر بڕوات بۆ شارەکە. فاشیستەکان لەهەموو لایەکەوە هێرشیان کردە سەر گەڕەکەکانی یەنی محەلە، سەرین تەپە، ماگارالی، قەرەمەرەش و یۆرویوک هەموو گەڕەکە عەلەونیشینەکانی شارەکە. سەرەتا ماڵە عەلەوییەکانیان دیاری دەکرد، یانی دەرگا و دیوارەکەیان بۆیاخ دەکرد یان شتێکیان لەسەر دەنووسی، بە دوای ئەوەدا بەدەستڕێژی گولـلە هێرشیان دەکردەسەر ماڵەکە، بۆمبیان هەڵدەدایە ناو ماڵەکە و ئاگریان تێبەردەداو تاڵانیان دەکرد. لەبەرئەوەی بەهاناوە هاتن و هاوکاری نەبوو، بریندارەکان لەشوێنەکانی خۆیان گیانیان لە دەستدەدا. ئەوانەی هەوڵیان دەدا بچن بۆ نەخۆشخانەکان دەبوونە ئامانجی گولـلەی فاشیستەکان. رێگا نەدەدرا تەرمەکان لەسەر شەقام و کۆڵانەکان کۆبکرێنەوە. ژن، منداڵ، گەنج، بەتەمەن، دووگیان، نەخۆش و هەموو مرۆڤەکان یەک بەیەک خرابوونە ژێر چەپۆکەی مەرگەوە. بەپێی ئاماری فەرمی، لەو کۆمەڵکوژییەدا ١١١ کەس کوژران، بەڵام بەپێی سەرچاوەی نافەرمی بەلانیکەمەوە ٥٠٠ کەس لەو کۆمەڵکوژییەدا کوژراون. زیاتر لە ٢٠٠ ماڵ و ٧٠ کارگە خاپوورکران. رۆژی ٢٦ی کانوونی یەکەم ئیتر تەنها یەک عەلەویش لەشارەکەدا نەمابوو. ئەوەی بە زیندوویی رزگاری بوو لەشارەکە رایکردبوو. دوای کۆمەڵکوژییەکەی مەرەش، گۆڕینی دیموگرافیاو باری دانیشتوان لە رۆژئاوای فورات و ناوچەکانی کوردانی عەلەوی، بە شێوەیەکی وردو بەرنامە بۆداڕێژراو بۆ سڕینەوە و پاکتاوکردنی کوردانی عەلەوی بەڕێوەچوو. کوردانی عەلەویی شارەکانی مەرەش، مەلاتییە، سیواس، سەمسوور، ئەرزینجان و دێرسیم و شار و شارۆچکەکانی تر سەدان هەزار کوردی عەلەوی ناچار بوون کۆچ بۆ گەورە شارەکانی تورکیا بکەن و لەوێشەوە لە رێگەی میتەوە دیسانەوە ناچار کران روو لەئەوروپا بکەن. پێش کۆمەڵکوژییەکەی مەرەش لەساڵی ١٩٧٨دا لە رۆژئاوای فورات زۆرینەی دانیشتوان کوردانی عەلەوی بوون، بەڵام دوای کۆمەڵکوژییەکە کوردانی عەلەوی بوونە کەمینە. دۆسیەی کۆمەڵکوژیی مەرەش تاوەکو ساڵی ١٩٩١ بەردەوامیی هەبوو. زیاتر لە ٨٠٠ کەس دادگایی کران. تاوانباری سەرەکیی ئەو کۆمەڵکوژییە ئۆککەش کەنگەر (دواتر ناوی خۆی گۆڕی بۆ شەندیللەر)، هەروەک ئەوەی بەشداریی لەپێکهەڵپژانێکی ئاسایی لە گەڕەکێکدا کردبێت پارێزگاریی لێکرا و ئازادکرا. لەساڵی ١٩٩١ لەلایەن حزبی رەفاوە بۆ پەرلەمان پاڵێورا و بووە پەرلەمانتاری قەهەرەمان مەرەش. ئەو کەسە هەموو کات وەک مەکینەی کۆمەڵکوژی و وەک کەسێکی بکوژ ناوی دەبرا. هاوڕێکانیشی بوونە دەسەڵاتدار. ئونال عوسمان ئاغا ئۆغڵو، هالوک کرجی، بونیامین ئادانالی، ئەحمەد ئەرجومەنت گەدیکلی... هتد. بەپێی بەڵگەکان، ئەوان لەکاتی کۆمەڵکوژییەکەدا لەمەرەشدا بوون، بەڵام ناویان لە دۆسیەی کۆمەڵکوژییەکەدا شاردرایەوە. بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریش ئەو دۆسیەیە داخرا. کۆمەڵکوژیی مادیماکی سیواس دوای ٢ ساڵ لە داخستنی دۆسیی کۆمەڵکوژیی مەرەش ئەمجارە لە ٢ی تەمموزی ١٩٩٣دا رۆشنبیران و هونەرمەندانی عەلەویی بانگهێشتکرا بۆ ئاهەنگی پیر سوڵتان ئابداڵ لە ئۆتێل مادیماکی سیواسدا کۆمەلکوژ کران. ئوتێلی ئەو رۆشنبیرو هونەرمەندانە لەلایەن ئیسلامییەکان و فاشیستەکانەوە بە دروشمی ئەڵاهوکبەر هێرشی کرایە سەر و بە بەنزین و تینەر و بۆمب و دەستڕێژی گولـلە ئاگریان لەئۆتێلەکە و میوانەکانی ناوی بەردا و لەپەخشی راستەوخۆی تەلەفزیۆنیدا ئەو ٣٣ کەسە کۆمەڵکوژکران. سولەیمان دەمیرڵ سەرۆک کۆماری ئەو کاتی تورکیا لە کاردانەوە بەرامبەر بەو تاوانەدا وتی، «پۆلیس رووبەڕووی گەل نەکەنەوە، وروژاندنێکی گەورە لەگۆڕێدایە». تانسو چیللەر سەرۆک وەزیرانی ئەوکات وتی، «هاووڵاتیانی بەشدار بوو لەڕووداوەکەدا هیچ زیانێکیان پێ نەگەیشتووە!». ئەرداڵ ئینۆنۆ جێگری سەرۆک وەزانیر وتی، «نیگەران نەبن، هێزە ئەمنییەکان لە رێدان». مەسعود یڵماز سەرۆکی حزبی راستڕەوی دایکی نیشتمان وتی، «پێویست بەگەورە کردنەوە ناکات، دەکرا لەپێشبڕکێیی دوگۆڵیشدا ئەوندە کەس بمرن!». محەمەد قازی ئۆغڵو وەزیری ناوخۆش وتی، «ئۆتێلەکە لەلایەن خاوەنی ئۆتێلەکەوە ئاگری تێبەردراوە». کۆمەلکوژییەکەی گەڕەکی گازیی ئیستانبول لەدوای کۆمەلکوژییەکانی دێرسیم، مهرهش و سیواس ئەمجارە له ١٢ی ئادار ی ١٩٩٥ لەگهڕهکی گازیی ئهستهمبۆل قاوهخانهیهک بهناوی (دۆستلهر یاوز قارداشلهر)، که هاووڵاتیانی عهلهوی هاتوچۆیان دەکرد، درایه بهردهستریژی گولهو لهئاکامدا شێخی عهلهوییهکان بە ناوی خهلیل کایا کوژراو ٢٥ کهسی دیکهش برینداربوون .هێرشبهران به تهکسییهک لهناوچهکه ههڵهاتن، بەڵام لە دوای هەڵهاتنەکەیان شۆفێری تهکسیهکهشیان کوشت و ئاگریان لهتهکسیهکه بهردا . خهڵکی گهڕهکی گازی بۆ شهرمهزارکردنی هێرشهکان بهرهو بنهکی پۆلیسی گهڕهکهکه دهستیان به رێپێوان کرد، بەڵام لهلایهن هێزهکانی پۆلیسەوە دهستڕێژی گولـلهیان لێکراو کهسێک بهناوی مهحهمهد گوندوز کوژرا . هاووڵاتییان توڕە بوون و لەدژی ئەو تاوانە دهیان ههزار کهس بۆ دهربڕینی ناڕهزایی بهرهو بنکهکانی پۆلیس دهستیان به رێپیوان کردهوه، بەڵام پۆلیس دووبارە دهستڕیژی گولهی لێکردنەوەو لهئاکامدا ١٢ کهسی دیکه لەهاووڵاتییانیان کۆمهڵکوژ کرد. پاش ئهم کۆمهڵکوژیهش ههم لهگهڕهکهکه و ههم له دهڤهرهکانی دیکهی ئهستهمبۆل راپەرینی گەل بەردەوام و لەوانەشدا پێنج هاووڵاتی تریش لەلایەن پۆلیسەوە کوژران. بەگشتی ٢٣ کهس کوژران و سهدانی دیکهش برینداربوون. لەدوای دوو ساڵ لە کۆمەڵکوژییەکەو لەساڵی ١٩٩٧ دۆزو سکاڵا لە دژی ئەو کۆمەڵکوژییەی گەڕەکی گازیی ئیستەنبول کرایهوه، بهڵام دۆزهکه هیچ ئهنجامێکی نەبوو. ئەو ٢٠ پۆلیسهی لهسهر کۆمهڵکوژییهکان دادگایی کران هیچیان سزا نهدران و کۆمهڵکوژیهکه پهردهپۆش کرا. بێسەروشوێنکردنی ١٨ هەزار هاووڵاتیی مەدەنی و ٦٠٠ گۆڕی بە کۆمەڵی هاووڵاتییان لەساڵانی ١٩٩٠دا دەوڵەتی تورکیا لە بەردەوامیی سیاسەتەکانی بۆ کۆمەڵکوژکردنی هاووڵاتییانی مەدەنی هەزاران گوندی باکووری کوردستانی کاول و خاپور کرد. لەو پرۆسەیەدا زیاتر ١٨ هەزار هاووڵاتیی مەدەنی دەستگیرو بێسەروشوێنکران، بەڵانیکەمەوە ٦٠٠ گۆڕی بەکۆمەڵی ئەو هاووڵاتیانە دەستنیشانکراون. کۆمەڵکوژکردنی زیاتر لە ٩٥ رۆژنامەنووس لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە دەوڵەتی تورکیا جگە لەهاووڵاتییانی ئاسایی و ژنان و منداڵانی بێ تاوان ئەو کەسە مەدەنیانەش دەکاتە ئامانج، کە کاری رۆژنامەوانی و چالاکوانی و ژینگەپارێزی و گەنجان دەکەن. لەساڵانی باکووری کوردستان ٧٦ رۆژنامەنووس و کارمەندنی راگەیاندنی رۆژنامەکانی ئۆزگیو گیوندەم و ئولکە و وڵاتی کوشتوە. لە کۆمەڵکوژییەکەی ١٦ی ئایاری ساڵی ١٩٩٧یشدا لەهەولێر ١٩ رۆژنامەنووس، کە زۆربەی هەرە زۆریان خەڵکی باشووری کوردستان بوون کۆمەڵکوژکران. ئەو رۆژنامەنووسانە لە رۆژنامەکانی وڵات، وڵاتی رۆژ، گۆڤاری رۆژو گۆڤاری ژنی ئازاددا کاریان دەکرد. کۆمەڵکوژیی رۆبۆسکی فڕۆکە جەنگییە ئێف ١٦ەکانی سوپای دەوڵەتی تورکیا لە ٢٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠١١دا کاروانی کاسبکارانی گوندی رۆبۆسکی ناوچەی قلابانی وان بۆردومان کردو ٣٤ کەسی کۆمەڵکوژکردن، کە زۆرینەیان مێردمنداڵ بوون. سەرباری بوونی ڤیدیۆ، بەڵگە، دیمەنی بۆردومانی خودی فڕۆکەکان، وتەی تیمی چاودێریی فڕۆکەخانەکان و کامێراکان، بەڵام هیچ یەک لەفەرمانپێکەران و ئەنجامدەرانی ئەوکۆمەڵکوژییە سزا نەدران. کۆمەڵکوژیی پرسوس (سروج) هاوکات لەگەڵ بەرەنگاریی بێوێنەی شەڕڤان لەدژی ئەفسانەی تۆقاندن و تیرۆری داعش لەکۆبانێ، فیدراسیۆنی کۆمەڵەکانی گەنجانی سۆسیالیستی حزبی چەوساوەکان ناسراو بەئەسەپە کاروانێکی هاوکاریی مرۆییان لەتورکیاوە بەرەو کۆبانێ بە رێکخست. کاتێک کاروانی ئەو ٣٣٠ گەنجانە لە ٢٠ی تەمموزی ٢٠١٥دا گەیشتە ناوەندی رۆشنبیریی ئامارا لەناوچەی پرسوس (سروج)ی پارێزگای رحا (ئورفا) لەسەر سنوری کۆبانێ، کاروانەکە لەلایەن خۆکوژێکی داعشەوە کرایە ئامانج و بەو هۆیەوە ٣٣ چالاکوانی مەدەنیی کۆمەڵکوژ کردو زیاتر لە ١٠٠ کەسی تریشی بریندار کرد. گەرچی ئەو خۆکوژە داعش بووە، کە گەنجانی کردووەتە ئامانج، بەڵام زۆرێک لەسەرچاوەکان و ناوەندەکان باس لەوە دەکەن، ئەو خۆکوژەی داعش بە ئاسانکاری و رێنمانیی دەوڵەتی تورکیا و دەزگای هەواڵگریی ئەو دەوڵەتە ناوسراو بەمیت ئەو تاوان و کۆمەڵکوژییەی ئەنجامداوە، چونکە جەخت لەوە دەکرێتەوە تورکیا هاوپەیمان و یارمەتیدەری داعشە و بۆ ئەوەش هەموو کارێکی کردووە تاوەکو کۆبانێ بکەوێت و داعش داگیری بکات. لەبەرئەوەش رێگریی لەوە کردووە ئەو گەنجانە هاوکاریی مرۆیی بەکۆبانێ بگەیەنن. کۆمەڵکوژکردنی بنەماڵەی شەنیاشار لەپرسوس لە ١٤ی حوزەیرانی ٢٠١٨داو هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیادا، بنەماڵەی ئیبراهیم خەلیل یڵدز پاڵێوراوی ئاکەپە لەو ناوچەیە وەک پیشەی دێرینەیان سەردانی دوکاندارەکان و کاسبکارەکان دەکەن تاوەکو لە ژێر هەڕەشەو گوڕەشەدا دەنگ بەپاڵێوراوەکەی ئاکەپە بدەن، کاتێک کوڕەکانی بنەماڵەی شەنیاشار داواکەیان رەتدەکەنەوە و گرژی دروست دەبێت، دەیان کەس لەخزمان و پاسەوان و کەسوکاری پاڵێوراوەکەی ئاکەپە هێرش دەکەنەسەر دوکانەکەی شەنیاشارەکان و لەوێدا جەلال شەنیاشار دەکوژن و شەڕ روودەدات و ٣ کەسیش لەهێرشبەرەکان دەکوژرێن و نۆ کەس بریندار دەبن. هەروەها محەمەد شەنیاشاری برای جەلال و فەریدو فازڵ بریندار دەبن. کاتێک حاجی ئەسوەد شەنیاشارو ئامینە شەنیاشاری باوک و دایکیان لە هێرشەکە ئاگادار دەکرێنەوە دەڕۆن بۆ دوکانی کوڕەکەیان، بەڵام خەڵک گواستونیانەتەوە بۆ نەخۆشخانە، کاتێک دایک و باوکیان دەڕۆن بۆ نەخۆشخانەی حکومیی پرسوس بۆ هەواڵی کوڕەکانیان، دیسانەوە بنەماڵەی یڵدزی ئاکەپە هێرش دەکەنە سەریان و بەبرینداری جەلال دەکوژن و بەشوشەی بتڵی ئۆکسیجنی نەخۆشخانەکە قوڕگی دەبڕن، هەروەها بتڵی ئۆکسیجن بەسەری حاجی ئەسودی باوکیاندا دەکێشن و ئەویش دەکوژن و بەشوشە قوڕگی دەبڕن. سەرباری ژمارەیەک گرتەی ڤیدیۆی و دەیان شایەتحاڵ هیچ یەک لەتاوانباران و پلاندانەرانی هێرشەکە دەستگیر نەکران و سزا نەدران، کە ژمارەیان ٢٣ کەسە. بەڵام فازڵ شەنیاشاری کوڕی حاجی ئەسوەد لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە ٣٧ ساڵ سزای زیندانیی بەسەردا سەپێنراوە. ئەردۆغان خۆی لەبارەی ئەو رووداوە وتی، «ئەوە بنەماڵەیە تیرۆریستن!» ئیدی لەوکاتەوە کەس ناتوانێت لەسەر ئەو دۆسیەیە قسە بکات و تاوەکو ئێستا شەش داواکاری گشتی بۆ دۆسیەکە گۆڕدراوە. بنەماڵەی شەنیاشار لە ١٩ی ئاداری ٢٠٢١ەوە لەبەردەم دادگای رحا لەچالاکیدان بۆ دادگای عادیلانەی تاوانباران، بەڵام ئاکەپەو ئەردۆغان تاوانبارەکان دەپارێزن. کۆمەڵکوژکردنی ئاشتیخوازانی لەبەردەم میترۆی ئەنقەرە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ لەلایەن دوو خۆکوژەوە، کە دوو بۆمبیان لەناو ئاپۆرای رێپێوانی «ئاشتی بۆ دیموکراسی» دا لەبەردەمی میترۆی ئەنقەرەدا بەخۆیاندا و ئاشتیخوازاندا تەقاندەوە ١٠٢ کەسی مەدەنییان کۆمەڵکوژکردو زیاتر لە ٢٥٠ کەسی تر لەئاشتیخوازەکان بریندار کرد. ئەو ئاشتیخوازانە ئەندامی حزبی سۆسیالیستی چەوساوەکان و بندەستانن، کە لە ٢٠ تەمموزدا لەکاتی بردنی هاوکاری بۆ کۆبانێ لەلایەن خۆکوژێکی داعشەوە ٣٣ ئەندام و لایەنگرایان کۆمەڵکوژ کرابوون. ئەم کۆمەڵکوژییەش بەهەمان شێوەی ئەو کۆمەڵکوژییەی پرسوس ئەنجامدرایەوە. سەرچاوەی هەواڵیی ئەحوال و ناوەندی هەلومەرج و ئاسایشی یەکێتیی ئەوروپا باس لەوە دەکەن، ئەو خۆکوژانەی داعش لەلایەن دەوڵەتی تورکیاو میتەوە پلانیان بۆ دانراوەو ئاڕاستەکراون تاوەکو ئەو کۆمەڵکوژییە ئەنجام بدەن. دۆسیەکە ٣٦ تاوانباری هەیەو ١٩ کەسیان لەزینداندان و هێشتا دەوڵەتی تورکیا یەکلایی نەکردووەتەوە. کۆمەڵکوژیی ژێرزەمینەکانی جزیر دەوڵەتی تورکیا لەهێرشەکانیدا بۆ سەر شارەکانی باکووری کوردستان لەدوای تێکچوونی پرۆسەی ئاشتی لەساڵی ٢٠١٥دا، لە ١٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٥دا هێرشی کردەسەر شارۆچکەی جزیر لەپارێزگای شرنەخ و لەناوەڕاستی ٢٠١٦ دا تەواوی شارۆچکەکەی کۆنترۆڵ کرد. دەوڵەتی تورکیا لە سێ ژێرزەمینی جزیردا ١٣٧ هاووڵاتی و کەسانی مەدەنی، کە لەشارەکەدا مابوونەوە کۆمەڵکوژکرد. زەید عەبدولحسەین ریپۆرتەری ئەوکاتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەو تاوان و کۆمەڵکوژییەی دەوڵەتی تورکیای ئیدانە کرد. دەڵەتی تورکیاو سوپاکەی لە بەردەوامیی تاوانەکانیدا دژ بەهاووڵاتییانی مەدەنیدا، سەربازەکانی تەرمی هاووڵاتی حاجی لوقمان بیرلیک لە ٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ دا لەشرنەخ بە دوای ئۆتۆمبێلەکەیاندا راکێشا. لە ٤ی کانونی دوەمی ٢٠١٦ هەریەک لە خانمە چالاکوانەکان لەسلۆپی، پاکیزە نایرو سێوە دەمیر و فاتمە ئۆیار-یان گرت و کۆمەڵکوژیان کردن. کوشتن بەزرێپۆش و کوشتنی منداڵان سوپای و جەندرمەی دەوڵەتی تورکیا جگە لە کوشتن بە چەک و بۆردومان، بەزرێپۆشیش هاووڵاتیان دەکەن بە ژێرەوە و دەیانکوژن، بە گشتی نزیکەی ٧٠ هاووڵاتیی مەدەنییان بەزرێپۆش کردووە بە ژێرەوە و کوشتنیان. هەروەها نزیکەی ٥٢٠ منداڵیان بەتەقە و بۆمب کوشتوە. گیان لەدەستدان لەزیندانەکاندا دەوڵەتی تورکیا جگە لە زیندانیکردنی نزیکەی ١٢ هەزار کوردو گەنج و چالاکوان و تێکۆشەری سیاسی، لە زیندانەکانیشدا ئەو کەسە مەدەنییانە دەکوژێت. سەرباری ئەوەی زیاتر لە ٨٠٠ زیندانیی نەخۆشیی قورسیان هەیەو دەبێت ئازاد بکرێن، بەڵام ئازادیان ناکەن تاوەکو بەدەم نەخۆشییەوە لەزینداندا گیان لەدەستدەدەن. بەپێی زانیارییەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ (ئیهەدە) لەنێوان ساڵانی ٢٠٢١ تا ٢٠٢٢دا بە گشتی ٨٧ زیندانی لە زیندانەکانی تورکیادا گیانیان لەدەستداوە. کۆمەڵەی مافی مرۆڤ رایگەیاندووە، گیان لەدەستدانی ١٧ کەس لەو زیندانیانە «بە شێوەی گوماناوی» بووە. کوشتنی کەسایەتییەکان وەدات ئایدن، ساواش بوڵدان، موسا عەنتەر، تاهیر ئەلچی و لیستێکی سەدان کەسیی لەو شێوەش لەکەسایەتییەکان هەیە، کە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە کۆمەڵکوژ کراون.
هاوڵاتی لەڕاگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ هەینی بڵاوكراوەتەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان داوا لە یەكێتی نیشتیمانی و پارتی دیموكراتی كوردستان دەكات بەر لە دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، لەسەر كاندیدێكی هاوبەش ڕێكبككەون. هاوكات چوارچێوەكە داواشدەكات پارتی و یەكێتی گفتوگۆو دانوستاندنی زیاتر ئەنجامبدەن بۆ ئەوەی بگەنە رێككەوتن لەسەر كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆكایەتی كۆمار. چوارچێوەی هەماهەنگی كە لەلایەن ( مالیكی و عامری و خەزعەلی)یەوە ڕابەرایەتی دەكرێت، روونیشیكردۆتەوە، "بەر لە بەڕێوەچوونی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق، لەبارەی دەستنیشانكردنی سەرۆك كۆمار، ئارەزوو دەكەین تەواوی هێزە سیاسییە نیشتمانییەكان بۆ تەواوكردنی رێكارە دەستوورییەكان یەكهەڵوێست بن". لەگەڵا ئەوەی باس لەوەدەكرێت كە سبەینێ شەممە دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دەكرێت بەڵام تا ئێستا یەكلایینەبوەتەوە كە ئایا كۆبونەوەی پەرلەمان دەكرێت یاخود نا؟.
هاوڵاتی رێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران رایگەیاند: "لە ماوەی هەفتەی رابردوودا 32 كەس لەناو زیندانەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران لە سێدارەدراون كە ژمارەیەك ژنیان لەناودایە. بەپێی ڕاگەیەندراوێكی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی ئێرانی كە ئەمڕۆ هەینی 29-7-2022 بڵاوكراوەتەوە: "لە ماوەی هەفتەی رابردوودا 32 كەس لەناو زیندانەكانی ئێران لەسێدارەدراون كە سێ كەسیان ژن بوون و بە تاوانی كوشتنی هاوژینەكانیان سزادراون. رێكخراوەكە ئاشكراشیكرد: "لەسێدارەدان لەناو زیندانەكانی ئێران رووی لە هەڵكشان كردووە" رێكخراوەكە باسی لە سێدارەدانی سوهەیلا ئابادی دەكات، كە بەپێی رێكخراوەكە بە 15 ساڵی بەشوودراوە و دوای 10 ساڵ بەهۆی ناكۆكیی خێزانییەوە، هاوژینەكەی خۆی كوشتووە. رێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران باس لە بەرزبوونەوەی رێژەی تاوان و كوشتن لەو وڵاتەدا دەكات و دەڵێت: "هەژاری و دۆخی سەختی ئابووری، پاڵنەری سەرەكیی زیادبوونی تووندوتیژین لە نێو كۆمەڵگەدا." بەپێی ڕاپۆرتێكی رێكخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، بەشی زۆری سزادراوان بە تاوانی سیاسی گیراون و 146 كەس كە بە تاوانی كوشتن دەستگیركرابوون لەو شەش مانگەدا سێدارەدراون و ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە: "لە 6 مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 251 كەس لە گرتوخانەكانی ئەو وڵاتە لەسێدارەدراون".
سەركۆ جەمال بەشێك لەكارمەندانی رێكخراوەكان كە كادری یەكێتین و مووچەكانیان سەر بەگەنجینەی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمە، هێشتا دۆسیەكانیان بەهەڵواسراوی ماوەتەوەو چاوەڕێی ئەنجومەنی راژە دەكەن لە رێكخستنەوەی میلاكاتدا دەرماڵەیان بۆ هەژمار بكرێت نەك تەنها مووچەی بنەڕەتی. لەهەرێمی كوردستان ملیۆنێك و 274 هەزار مووچەخۆر هەیەو تەنها 750 هەزار فەرمانبەری هەیە، لەو ژمارەیە زیاتر لە 40% ی لەخانەنشین و مینحەی كەسوكاری شەهیدان و چەند چین و توێژێكی دیكە پێكهاتوون. لەهەرێمی كوردستان یەكێتی و پارتی هەزاران كادری حزبییان لەدامەزراوەكانی حكومەتی هەرێم جێكردووەتەوە، زۆرێكیان دابەشكراون بەسەر فەرمانگەكانی حكومەت و ئەركی خۆیان جێبەجێ دەكەن، بەڵام بەشێكیان تائێستاش دەوام ناكەن، لەسنووری دەسەڵاتی پارتی ئەو كەسانە هیچ كێشەیەكیان نەماوەو پلەی وەزیفی و خزمەتیان بۆ هەژماركراوە، بەڵام لەسنووری دەسەڵاتی یەكێتی هێشتا نزیكەی 400 لەو كادرانە كێشەكانیان یەكلایی نەكراوەتەوەو مووچەی بنەڕەتی وەردەگرن. ئەحمەد عەلی، یەكێك لەو كارمەندانەیە كە سەر بەگەنجینەی وەزارەتی داراییە، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»لەساڵی 2013ەوە وەك كارمەندی حكومەت مووچە وەردەگرم، بەڵام مووچەكەم بنەڕەتییەو كەمترە لە 500 هەزار دینار». ناوبراو هێمای بۆ ئەوەشكرد كە ئەوان دەوام ناكەن و چاوەڕێی یەكلاكردنەوەیانن، وتیشی:» وەك بەشێك لەكارمەندانی دیكە دابەش نەكراوین بەسەر وەزارەتەكاندا و بەوهۆیەوە تەنها مووچەی بنەڕەتی وەردەگرن و هیچ پلەیەكی زانستی و خزمەتمان بۆ هەژمار نەكراوە». رۆژی 19ی تەمموزی 2022، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەگەڵ رێباز حەملان كۆبووەوەو هەیكەلی ئەنجومەنی راژە پەسەندكرا بۆ ئەوەی دەست بكرێت بەرێكخستنەوەی میلاكات. سەمیر هەورامی وتەبێژی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»گفتوگۆ كرا لەبارەی چۆنییەتی كارو رۆڵی ئەنجومەنی گشتی راژەو رێكخستنەوەی میلاكات، یەكێك لەئامانجەكانی ئەم ئەنجومەنە پەرەپێدانی ژێرخانی حكومەتە لەپرسی رێكخستنەوەی میلاكات و درێژەپێدانی ریفۆرمی ئیداریی و رێكخستنی پلەبەندی راژەی فەرمانبەران لەكەرتی گشتی». ناوبراو باسی لەوەشكرد ئەوەش بەپێی پێویستی و پسپۆڕییان و دیاری كردنی پلەو وەسفی وەزیفی فەرمانبەران لەناو دامەزراوەكانی حكومەت پشت بەست بەمیلاكاتی ئەلكترۆنی كەبڕیارە دروستبكرێت». زیاد جەبار سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان بۆ هاوڵاتی ئەوەی خستەڕوو بڕیاری ئەنجومەنی راژە پێویستی بەوەیە بچێتە وەزارەتی دارایی ئەوكات وەكو لیژنەی دارایی پەرلەمان ئاگاداری وردەكاریەكەی دەبن. بەوتەی سەرچاوەیەكی وەزارەتی دارایی رێكخستنەوەی میلاكات بارگرانی بۆ وەزارەتەكە دروستدەكات سەرچاوەیەك لەوەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهاوڵاتی وت:»رێكخستنەوەی میلاكات بارگرانی بۆ بودجەی حكومەت دروستدەكات بۆ پێدانی مووچە، هەر گۆڕانكارییەك دروست ببێت كاریگەری دەبێت، ئەو كەسانەشی سەر بەرێكخراوەكانن كۆنن و هیچ كێشەیەكیان نابێت». سەرچاوەكە وتیشی:»ئەگەر پلەكانیان دەستكاری بكرێت بێگومان مووچەكانیان چارەسەر دەكرێت و ئەوكات مووچەی بنەڕەتی وەرناگرن، بەڵام بەشێكی زۆریان كێشەكانیان چارەسەر كراوە». لەسەر ئەو پرسە نەبەرد فوئاد وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»تائێستا لەئەنجومەنی راژەوە هیچ وردەكارییەك بەئێمە نەدراوە و هەرچی بێتە ئێرە دەرخستەی بۆ دەكەین». سەرچاوەیەك لەئەنجومەنی راژە چارەنووسی بەشێك لەفەرمانبەرانی رێكخراوەكان رووندەكاتەوە كە تائێستا دابەشنەكراون بەسەر وەزارەتەكاندا، :»هەر شتێك كە لایەنی دارایی دەگرێتەوە پێویستی بەپلانە، هەرێمی كوردستان ملیۆنێك و 274 هەزار فەرمانبەری هەیە، بەدەر لەخانەنشینان 750 هەزار فەرمانبەر دەمێنێتەوە ئەگەر مانگانە یەكی هەزار دینار بچێتە سەر مووچەكەی زۆردەكات». وتیشی:»زۆربەی كارمەندەكانی رێكخراوەكان دابەشكراون بەسەر وەزارەتەكاندا، هەركاتێك ئەوانەی ماون بڕیاریان بۆ دەربچێت مووچەكانیان دەستكاری دەكرێت و بەپێی پسپۆڕی و خزمەتەكانیان لەشوێنی خۆیان یاخود شوێنی دیكە دادەنرێن». ئەنجومەنی راژەی هەرێمی كوردستان، بەپێی یاساكە 14 ئەركی هەیە، بەشێك لەئەركەكانی بریتین لەپرۆسەی دامەزراندنی فەرمانبەران لەسەر بنەماو پێوەری تایبەتی و بەڕەچاوكردنی پرەنسیپی شیاویی كەسەكان و تواناكانیان، رێكخستنەوەی میلاكی فەرمانبەران و گواستنەوەی راژەو هاوسەنگیی لەژمارەی فەرمانگەكان.
شەنای فاتح لەگەڵ پێشكەوتنی تەكنەلۆجیا و ئاسانكاری پڕۆسەكان، لەكوردستاندا پڕۆژەیەكی تەكنەلۆجی لەبەردەستی بەكارهێنەراندایەو هاووڵاتیان دەتوانن لەماڵەكانی خۆیاندا پەیوەندی بكەن یان لەڕێی ئەپڵیكەیشنەوە داوای پزیشكی پسپۆڕ بكەن و پزیشكەكان سەردانی ماڵەكانیان دەكەن و چارەسەری پێویستیان پێدەدەن. پڕۆژەی دكتۆر ئۆنڵاین لەدەستپێكی ساڵی 2021 وەك ئەپڵیكەیشن چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە و پێنج خزمەتگوزاری پزیشكی لەخۆدەگرێت كە لەئێستادا سیانیان بەردەستن ئەوانیش خزمەتگوزاری راوێژكاری بەخۆڕایی، كە هاووڵاتیان دەتوانن گفتوگۆ لەگەڵا 18 پسپۆڕی جیاواز بكەن،خزمەتگوزاری پزیشكی ناوماڵا كە لەناو ماڵدا بەهەمان نرخی تاقیگە پشكنینت بۆ ئەنجامدەدرێت، خزمەتگوزاری نۆرە وەرگرتن كە هەزارو 500 دكتۆر بەردەستە لەهەرسێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان هاووڵاتیان دەتوانن نۆرە وەربگرن و سەردانی پزیشك بكەن كە 24 كاتژمێر رۆژانە بەردەستن. د.وشیار یاسین، بەرپرسی كاروباری پزیشكی دكتۆر ئۆنڵاین لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: دوو خزمەتگوزاری دیكە بەمزووانە بەردەست دەبن، ئەوانیش خزمەتگوزاری دەرمانخانەی ئۆنڵاین كە نەخۆش تێیدا دەتوانێت داوای دەرمان بكات و خزمەتگوزاری تێلی مێدسین كە پزیشكێكی دەرەكی لەسەر شاشەیەكی گەورە و رۆبۆت كەبەستراوە بەنەخۆشەكەوە دەستدەكات بەچارەسەركردنی و پزیشكێكی كورد یارمەتی نەخۆش دەدات لەقسەكردن و باسكردنی نەخۆشییەكەی بۆ زمانەكانی دیكە. وتیشی: رۆژانە 100 كەس پەیوەندیمان پێوە دەكات و تائێستا 47 هەزار و 314 كەس پرسیاریان لەپزیشكانی ئێمە كردووە وەڵام دراونەتەوە كە زیاتر داواكاری لەسەر نەخۆشیەكانی دڵا و ئافرەتان و نەخۆشیەكانی پێست كراوە كە بێ بەرامبەر هاووڵاتیان لێی سودمەندبوو. ژیلە مەهدی، تەمەن 25 ساڵا مامۆستایەكی شاری هەولێرە و لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: ساڵی پار پەیوەندیم بە ستافی دكتۆر ئۆنڵاینەوە كرد بەمەبەستی پشكنینی كۆرۆنا و بەماوەی بیست خولەك هاتنە ماڵەوە و بێبەرامبەر پشكنینیان بۆ دایكم كرد. وتیشی: دكتۆر ئۆنڵاین خزمەتگوزاریەكی باشەو داوا لەهاووڵاتیان دەكەم بەكاریبهێنن چونكە لەماڵی خۆم و هیچ ماندوو نەبووم و چارەسەریشم وەرگرت و ئەوانەی چووبوونە نەخۆشخانە دوو هێندەی منیان سەرفكردووە. ئیبراهیم عەبدولوەهاب، تەمەن 32 ساڵ ئەندازیارێكی شاری هەولێرە و لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: خزمەتگوزاری پڕۆژەی ناوماڵمان لەدكتۆر ئۆنڵاین بەكارهێنا بۆ خزمەتگوزاری ناوماڵا و كاتێك پەیوەندیمان پێوە كردن بەماوەی نزیكەی بیست خولەكێك گەیشتنە لامان و پشكنینی كۆرۆنایان بۆ كردین و ستافێكی باشن و كوالێتیان بەرز بوو و ستافێكی بەڕێز بوون لە مامەڵەكردنداو ئەنجامەكانیش بە ئۆنڵاین لەڕێی ئەپڵیكەیشنەكەوە دەنێرنەوە و نرخەكانیشیان موناسبن لەچاو بازاڕدا.
هاوڵاتی رووداوی تۆپبارانەكەی سوپاكەی ئەردۆغان بۆ سەر گوندی پەرەخێ لە زاخۆ توركیا دەباتە ئەنجومەنی ئاسایش، وەزیری دەرەوەی عێراق و جنین پلاسخارت راپۆرتی ورد لەوبارەیەوە دەخەنەڕوو و فوئاد حوسێن لەنیۆیۆرك رایگەیاند:» داوا دەكەین سوپای توركیا لەخاكی عێراقدا نەمێنێت و ئۆپەراسیۆنەكانی كۆتایی پێبێت». تۆپبارانی توركیا بۆ سەر ناوچەی گەشتیاری گوندی پەرەخێ لە 20ی تەمموزدا لەزاخۆ 9 كوژران و 31 برینداری لێكەوتەوە، كە خەڵكی ناوەڕاست و باشووری عێراق بوون، ئەوەش توڕەیی بەرفراوانی شەقامی عێراقی بووەوە، لەشارە جیاجیاكان خۆپیشاندان دژی توركیا كراو وێنەی سوتانی ئاڵای ئەو وڵاتە لەلایەن خەڵكەوە لەبەردەم ناوەندی ڤیزای توركیا لەكەربەلا بڵابووەوە. لەبەغداد خۆپیشاندەران ئاڵای توركیایان لەسەر باڵیۆزخانەكەی هێنایەخوارەوە، هاوكات لە نەجەف و ناسریەو كەركوك خۆپیشاندان كراو دروشمی توند دژی رەجەب تەیب ئەردۆغان و حكومەتەكەی بەرزكرایەوە. بەغداد نزیكەی 216 سكاڵای پێشكەشی خودی حكومەتی ئەنقەرە كردووە، بەڵام وادیارە ئەنقەرە هیچی لەبەرچاو نەگرتووە، چونكە پێشلكاریەكانی بەرامبەر سەروەری خاكی عێراق و هێرشەكانی بۆ سەر هەرێمی كوردستان بەردەوامەو تەنها لەماوەی چوار ساڵداو لەساڵی 2018ەوە توركیا 22 هەزارو 740 پێشێلكاری ئەنجامداوە، دوای هێرشەكەی بۆ ناوچە گەشتیارییەكەی زاخۆش بەردەوام بووە لەتۆپباران و بۆردومانكردنی خاكی هەرێم. وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەوەی دووپاتكردووەتەوە كەهیچ رێككەوتنێكی ئەمنی و سەربازی لەگەڵ ئەنقەرەدا نیەو توركیا ئامانجی فراوانخوازی هەیە لەپشتی ئەو هێرشانەی كە ئەنجامی دەدات. هاوكات فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لەئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەشاری نیویۆرك وتی:» هەفتەی رابردووی سەر هاوینەهەواری پەرەخی لەپارێزگای دهۆك 9 كەسی گەشتیار تێیدا شەهید بووەو 31 كەسی دیكە برینداربوون، لەناو شەهیدەكاندا منداڵی تەمەن یەك ساڵەی تێدایە». هەروەها وتیشی:» توركیا بەردەوام پێشێلكاری كردووەتە سەر خاكی عێراق و ئێمە وەك حكومەتی عێراق داوا لەئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش دەكەین بەتوندترین شێوە ئیدانەی ئەو هێرشە بكەن و هەڵوێستیان هەبێت». فوئاد حوسێن جەختی لەوەشكردەوە كە بۆ خۆی چووتە شوێنی رووداوەكەو شوێنی پێكدادانی پەكەكەو سوپای توركیا نییەو ناوچەی شەڕ نەبووە، ئەوە ئێمەی وەك حكومەتی عێراق نیگەران كردووەو وتیشی:» داوا لەسەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایش دەكەم هەڵوێستی روون بەرانبەر حكومەتی توركیا دەرببڕن و كۆتایی بەئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان و پێشێلكارییەكانی بۆ سەر خاكی عێراق بهێنێت». وەزیری دەرەوەی عێراق ئەوەشی خستەڕوو كە توركیا رێز لەسەروەری خاكی عێراق ناگرێت و داوا دەكەین مامەڵەی دوژمنكارانەی توركیا كۆتایی پێبهێندرێت، وتیشی:» توركیا رێز لەداواكارییەكانی ئێمە ناگرێت، گرنگە ئەنجومەنی ئاسایش هەڵوێستی هەبێت، دەبێت ئاگار بن رێكەوتن لەگەڵ توركیادا نییە، ئەگەر توركیا باسی ئەوە بكات ئەوە بەهیچ شێوەیەك ئەوە راست نییە». ئاماژەی بەوەشكردووە، هەوڵەكانی توركیا بۆ نكۆڵیكردن لەوەی ئەو لەپشتی هێرشەكانی دهۆكەوەیە هیچ لەبارودۆخەكە ناگۆڕێت و وتووشیەتی، «ئێمە زانیاریی پێویستمان هەیە كەدڵنیایی دەدات لەبارەی ئەوەی توركیا دەستدرێژی كردووەتە سەر خاكەكەمان». هاوكات وەزیری دەرەوەی عێراق ئەوەشی دووپاتكردووەتەوە كە توركیا بە بیانووی بوونی هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) هاتووەتە ناو خاكی عێراقەوەو پەكەكەش بەهەمان شێوە لەناو خاكی عێراقدا بوونیان هەیەو ئەوەش شتێكە كە مایەی قبوڵ نییە كە كێشەكانی توركیا لەناو خاكی عێراقدا یەكلایی بكرێنەوە. فوئاد حوسێن ئەوەشی دووپاتكردەوە لەناو ئەنجومەنی ئاسایش كە»گوشار بكرێت و ناچار بكرێت كۆتایی بە لەشكركێشییەكان بهێنێت، بوونی هێزەكانی توركیا لەسەر خاكی عێراق ناسەقامگیری دروستكردووە، خەڵكی عێراق چاوەڕێی هەڵوێستی ئەنجومەنی ئاسایش بێت بێت بەدەمییەوە». نكۆڵی توركیا ... گاڵتەی رەش نوێنەری توركیا لەئەنجومەنی ئاسایش باسی لەوەكرد لەماوەی چل ساڵی رابردوودا بەهۆی پێكدادانەكانیان لەگەڵ پەكەكەدا 40 هەزار سەربازیان كوژراون، هاوكات نیگەرانی خۆشی لەبارەی وتەكانی فوئاد حوسێن دەربڕی كە حكومەتی توركیای بەو رووداوەی زاخۆ تۆمەتبار كردووە. مەولود چاوشئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی توركیا لەبارەی هێرشەكەی گوندی پەرەخی رایگەیاند: «بەپێی ئەو زانیاریانەی لەلایەن هێزە چەكدارەكانمانەوە بەدەستمان گەیشتووە، هیچ هێرشێك دژی هاووڵاتیانی مەدەنی لەدهۆك ئەنجام نەدراوەو هاوكات رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا وتی: هێرشەكەی هەفتەی رابردووی پارێزگای دهۆك پەكەكە ئەنجامیانداوە بەئامانجی زیانگەیاندن بەپەیوەنیەكانی توركیاو عێراق. لەبەرامبەردا وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەم نكۆڵیكردنەی توركیا لەهێرشەكەی سەر پارێزگای دهۆك بە «گاڵتەی رەش» وەسفی كردو رایگەیاند: دیبلۆماسیەتی عێراقی ئەم شێوازە لەوەڵامدانەوە قبوڵناكات. ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە)ش سەبارەت بەتۆپبارانەكەی زاخۆ راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو دەڵێت:» هیچ هێزێكیان لەو ناوچەیە نیە و گردەكانی چواردەوری ئەو هاوینەهەوارەش سوپای توركیای لێیەو رووداوەكە پەیوەندی بەئێمەوە نیە. فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق جارێكی دیكە توركیای بەدرۆخستەوەو رایگەیاند:» ئێمە شارەزاو بەرپرسی سەربازیمان لەگەڵدایە دوای لێكۆڵینەوە گەیشتینە ئەو ئەنجامەی بۆردومانەكە لەلایەن سوپای توركیاوە ئەنجامدراوە». دوێنێ سێشەممە 26ی تەمموز، عەبدولئەمیر ئەلشەمەری، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق، گەیشتە زاخۆو سەردانی بارەگای فەوجی دووی لیوای یەكی پاسەوانی سنوور و لیوای یەك لەناوچەی باتوفە لەقەزای زاخۆی كرد راپۆرتێكیان لەبارەی دۆخی سنووریی عێراق و توركیا ئامادەكردووەو ئاڵای عێراقیان بەرانبەر ئاڵای توركیا بەرزكردەوەو وتیشی:» پلانی تەواو هەیە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی هێڵی سنوورەكە». ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش رۆژی شەممە 23/7/2022 بەئامادەبوونی هەردوو وەزیری بەرگری و دەرەوەو سەرۆك ئەركانی سوپاو جێگری پرۆسە هاوبەشەكان سەبارەت بەهێرشەكانی توركیا كۆبوەوەو رێوشوێنەكانی عێراق بەرامبەر رووداوەكە تاووتوێكرا. لەكۆبوونەوەكەدا سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمان داوای كشانەوەی سوپای توركیا لەخاكی عێراق كرد، لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی رێكەوتننامە ئەمنیەكان لەگەڵ وڵاتی توركیا. كاردانەوە لەسەر ئاستی كوردستان سەبارەت بەكاردانەوەی دەسەڵات و سەرۆكایەتیەكان و حزبەكانی هەرێم لەبارەی پەلامارەكەی توركیا بۆسەر ناوچەی گەشتیاری گوندی پەرەخێ، رووبەڕووی رەخنەی جددی دەبنەوەو لەسەر ئاستی نووسەران و خەڵك و هەڵوێستەكانیان بەلاواز وەسف دەكرێت، لەبەرامبەردا ئەگەر تێبینی كاردانەوەی سەركردە عێراقیەكان بكەین هەڵوێست و كاردانەوەكانی ئەوان روونتر و توندترە، هەر بۆ بیرهێنانەوە، موقتەدا سەدر هەرزوو هاتەجواب و رایگەیاند:» توركیا زیاتر بێ ئەدەب بووە»، وتیشی: «وەك هەنگاوی یەكەم پێشنیاز دەكەم، نوێنەرایەتی دیپلۆماسی لەگەڵ توركیا كەمبكرێتەوە، فرۆكەخانەو دەروازە زەمینییەكانی نێوان عێراق و توركیا دابخرێن». هاوكات، هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح داوای لەحكومەتی عێراق كرد «سنوور لەگەڵ توركیا دابخات و كۆمپانیاكانی توركیا لەكاركردن بوەستێنێت».
سەركۆ جەمال لەشاری لۆزانی سویسرا 99 ساڵ لەمەوبەر 12 وڵات رێككەوتن لەسەر دابەشكردنی كورد بەسەر چوار دەوڵەتدا، كورد لەهەر چوارپارچەی كوردستان بەرنامەو پلان دادەنێت بۆ ئەوەی لەساڵی داهاتوودا ئەو رێكەوتنە شوومە هەڵبوەشێنرێتەوە. رێكەوتنی سیڤەر لە 10ی ئابی 1920 واژۆكرابوو كە بەفەرمی كوردیان وەك نەتەوە ناساند، بەڵام لە 20ی تشرینی دووەمی ساڵی 1922 كۆنگرەی لۆزان لەنێوان دەوڵەتانی بەریتانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، یۆنان، رۆمانیا، سلۆڤینیا، سربیاو توركیا بەڕێوەچوو، جگە لەوەش وڵاتانی ئۆكرانیا و جۆرجیا و بولگاریا ئەندامی بەشداربووی كۆنگرەكە بوون. لەسەر پێشنیاری توركیا، لە 23ی نیسانی 1923دا، قۆناغی دووەمی كۆنگرەی لۆزان دەستی پێكرد، لەدانیشتنی دووەمی كۆنگرەكەدا گفتوگۆكان لەسەر دەوڵەتی عوسمانی بۆ ماوەی سێ مانگ بەردەوام بوون، لەئەنجامدا لە 24ی تەمموزی 1923 پەیمانی لوزان لەقەڵای ئۆشی «قەڵای مێژوویی شۆڕشگێڕانی سەدەی 13» لەلۆزانی سویسرا واژۆكرا لەنێوان شاندی توركیاو وڵاتانی هاوپەیمان. رێككەوتننامەی لۆزان 99 ساڵ بەسەریدا تێپەڕبووەو بەو هۆیەوە پرۆسەی جینۆسایدو لەناوبردنی كورد دەستیپێكردو وڵاتانیش چاویان لەسیاسەتەكانی كوشتنی كورد داخست. بەوتەی بەرپرسێكی باڵای یەكێتی ، ئێستا نەیارانی كورد تەكنیك و مامەڵەیان گۆڕاوە بەرامبەر كورد ستران عەبدوڵا ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی وتی:» هەتا مەسەلەی كورد چارەسەر نەكرێت لەهەر پارچەیەك بەتایبەتمەندی خۆی و مافی چارەنووسی خۆی پیادە نەكات دەسكەوتەكانی هەر دەڵەمە دەبن و هەڕەشەی جۆراوجۆر هەر دەمێنێت». هەروەها ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەوەشی خستەڕوو:»توركیاو غەیری توركیاش خۆیان بۆ هەموو ئەگەرێك ئامادە كردووە، بەڵام زەحمەتە لۆزان ناونیشانی هەنگاوی داهاتوویان بێت، ئەم لۆزان و مۆزانانە بۆ ئەوان هەر دەسكەلایە بۆ هەژموون لای نەیارانی مەسەلەی كورد ناوەرۆكی هەژموون گرنگترە لەناوەكانی». هاوكات پێشیوابوو بۆ گەلی كوردیش هیچ چاری نییە، درێژەدان بەخەبات و سەرخستنی ئیرادەی رەوا و مافەكانی حزب و هێزەكان بۆ ئەم دروست بوون ئەگینا جەدوایان چییە؟». كەسایەتییەكی سیاسی ئیسلامی رێككەوتننامەی لۆزان بە « وێستگەیەك بۆ دەرخستنی سیما نائەخلاقییەكەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی» ناودەبات ئەبوبەكر كاروانی كەسایەتی دیاری ئیسلامی و سیاسی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»حوكمدانی چوارەمین نەتەوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بوو، بەسەد ساڵ زیندانی لەنێو زیندانی قەوارە دوواكەوتووە نوێیەكانی ناوچەكەدا، لەگەڵ كاری قورس و ئەشكەنجەدان و سوكایەتیپێكردنێكی بەردەوام». كاروانی وتیشی:»لۆزان تەنها وێستگەیەكە بۆ دەرخستنی سیما نائەخلاقییەكەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ناسیۆنالیزمە سەردەستەكانی ئەو دەوڵەتانەی كوردیان بەسەردا دابەشكراوە، بەرامبەر رۆڵەكانی ئەم میللەتەو مافەكانیان.» مامۆستایەكی زانكۆ پێیوابوو دەبێت كورد داوای جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی سیڤەر بكاتەوە. حەسەن ئەمین شێخانی، مامۆستای زانكۆو توێژەر لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»لەڕووی یاسایی و عورفی نێودەوڵەتی و رێكەوتننامەكاندا، لۆزان 99 ساڵی بەسەردا تێدەپەڕێ واتا ساڵی 2023 كۆتایی دێت، دەبێ كورد داوای جێبەجێكردنی رێكەوتنامەی سیڤەر بكات، چونكە بنەماو بنەڕەتی سەرەكیە بۆ رێكەوتننامە گشتیەكانی ناوچەكەداو زامنی پێكەوە ژیان و ئارامی ناوچەكەیە «. حەسەن ئەمین ئەوەشی روونكردەوە لە رێكەوتنامەی سیڤەردا لەماددەكانی 62، 63 ، 64 مافی ئەوەی داوە بەكورد كەوا لەڕاپرسیەكدا قەوارەو دەوڵەتی خۆیانیان هەبێت، وتیشی:» دەوڵەتی عوسمانی كەپایتەختەكەی ئیستانبوڵ بوو واژۆی كردو ئەو مافەی بەگەلی كورد دا، بەڵام رێكەوتنامەی لۆزان لەساڵی 1923 ئەتاتورك كە ئەنقەرەی كردبووە پایتەخت، توركە سیكویلارەكان واژۆیان كردو مافەكانی كوردیان پشتگوێ خست». ئەو مامۆستایەی زانكۆ جەختی لەوەشكردەوە كە پێویستە كورد داوا لە نەتەوەیەكگرتووەكان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بكات بۆ جێبەجێكردنی رێكەوتنامەی سیڤەر.
