لە سوریا، رێوڕەسمی راگەیاندنی پێکهێنانی حکوومەتی راگوزەر بەڕێوەچوو و ناوی ئەندامانی کابینەی نوێ ئاشکرا کرا. لەم رێوڕەسمەدا کە بە ئامادەبوونی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی راگوزەر ئەنجام درا، پلانی نوێ بۆ بوژاندنەوەی وڵات خرایە ڕوو. ئەحمەد شەرع لە وتارەکەیدا رایگەیاند: "ئەمڕۆ سوریا هەنگاوێکی مێژوویی بەرەو پێشەوە دەنێت و گەلی سوریا لەدایکبوونی قۆناغێکی نوێ لە مێژووی خۆیان دەبینن." بەپێی قسەکانی ئەو، راگەیاندنی حکوومەتی راگوزەر دەرخەری "ئیرادەی هاوبەشی سووریەکانە بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی نوێ و سەربەخۆ و بەهێز و خاوەن سەروەری." سەرۆکی قۆناغی راگوزەری سوریا جەختی لەسەر چەند ئامانجی سەرەکی حکوومەتەکەی کردەوە و رایگەیاند کە ئامانجی یەکەمیان بریتییە لە دووبارە بنیاتنانەوە و چاککردنەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت لەسەر بنەمای لێپرسینەوە و شەفافیەت و پاشانیش چارەسەرکردنی پرسە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان. هەروەها شەرع جەختی کردەوە کە کار دەکەن بۆ دابینکردنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە سەرەتاییەکان و پاشان کردنەوەی ئاسۆیەکی نوێ لە بواری پەروەردە و تەندروستی. شەرع ئەوەشی خستە روو کە کار دەکەن بۆ چارەکردنی کێشەکانی کشتوکاڵ و بەهێزکردنی ئەو کەرتە و پاشانیش بەهێزکردن و بنیاتنانەوەی کەرتی پیشەسازی و بەهێزکردنی دەستی ناوخۆیی. شەرع لە کۆتایی وتارەکەیدا رایگەیاند هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی سوریا بکەنە دڵی عرووبەی جیهانی عەرەبی. ئەم هەنگاوە، دوای تێپەڕینی نزیكەی چوار مانگ بەسەر رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، دێت. ناوی بەشێک لە وەزیرەکانی کابینەی نوێی حکومەتی راگوزەری سوریا: مورهەف ئەبو قەسرە- وەزیری بەرگری ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا مەروان حەلەبی- وەزیری خوێندنی باڵا مەزهەر وەیس- وەزیری داد محەمەد بەشیر- وەزیری وزە محەممەد ئەبو خەیر شوکری- وەزیری ئەوقاف ئەنەس خەتاب- وەزیری ناوخۆی سوریا محەممەد یەسر بەرنییە - وەزیری دارایی هەند قبوات- وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی نیزال شەعار- وەزیری ئابوری رائید ساڵح - وەزیری بەهانەوەچون و کارەساتەکان عەبدولسەلام هەیکەل- وەزیری گەیاندن حەمزە موستەفا- وەزیری راگەیاندن محەممەد ساڵح- وەزیری رۆشنبیری موسعەب عەلی_ وەزیری تەندروستی - ئەمجەد بەدر_ وەزیری کشتوکاڵ عەلی کیدە - ئەمینداری ئەنجومەنی وەزیران
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی فراوانیان لە ناوچەی ڕەفەح دەستپێکردووە بۆ فراوانکردنی ناوچەی ئەمنی لە باشووری غەززە. دەروازەی ڕەفەح دەروازەی کەرتی غەززەیە بۆ جیهانی دەرەوە، هەروەها خاڵی سەرەکیی چوونە ژوورەوەی یارمەتییە مرۆییەکانە بۆ ناو غەززە. بەپێی زۆرێک لە شیکارییەکان، کۆنترۆڵکردنی پەڕینەوەی ڕەفەح سەرەتایەکە بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوی شارەکە و سنووری لەگەڵ میسر، کە قاهیرە دەڵێت، پێچەوانەی ڕێککەوتنەکانی کامپ دەیڤدە. لە پێشهاتێکی پەیوەندیداردا، سوپای ئیسرائیل هێرشی کردە سەر شوێنێکی هاوەن لە خان یونس لە باشووری کەرتی غەززە، بەپێی ڕاگەیەندراوێکى نووسینگەی ڕاگەیاندنی سوپای ئیسرائیل هێزەکانیان لەچەند شوێنێکى جیاوازى ناوچەکەوە تەقەبان لێکراوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، سوپای ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر شوێنێک لە خان یونس، لەو ناوچەیەی کە هێزەکانی باشووری غەززە پێشتر لە ڕۆژی شەممەوە گولـلە هاوەنیان لێیەوە تەقاندووە. سوپای ئیسرائیل دەڵێت ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی لە ناوچەی ئەلجونەینا لە شاری ڕەفەح دەستپێکردووە، بە ئامانجی فراوانکردنی ناوچەی ئەمنی لە باشووری کەرتی غەززە. بەرپرسێکى بزوتنەوەى حەماسیش دەڵێت ئیسرائیل لە پێناو ڕزگارکردنی حکومەتەکەی ناتانیاهۆی تاوانبار، وەستان و خۆیاندزیەوە لە مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە. ئەو بەرسە وتیشى: نەتانیاهۆ ماوەی ساڵێکی تەواو خۆی دەدزێتەوە و هەموو هەوڵەکانی ناوبژیوانان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن پووچەڵ کردووەتەوە، ئێمە پابەند بووین بە هەموو مەرجەکانی ڕێکەوتنەکە. لەوەتەی شەڕ لە غەززە دەستی پێکردووە، ئیسرائیل پلانی هەیە بۆ کۆنترۆڵکردنی دیوی فەلەستینی پەڕینەوەکە و چاودێریکردنی هەموو ئەو یارمەتییانەی کە دێنە ناو غەززە، چەندین جارە نەتانیاهۆ هەڕەشەی لەشکرکێشی بۆ سەر ڕەفەح دەکات. سەرەڕای دژایەتیی وڵاتانی جیهانی لە نێویشیاندا واشنتن.
جەنەراڵ عەلی رەزا تەنگسیری، فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران، هەڕەشەی داخستنی گەروی هورمزی کرد، ئەگەر وڵاتەکەی لەلایەن ئەمریکاوە هێرشی بکرێتە سەر. ئاماژەی بەوەدا، بڕیاری داخستنی گەروەکە لەلایەن فەرماندە باڵاکانی وڵاتەوە دەدرێت، جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەش بەرپرسیارێتی منە. تەنگسیری وتیشی، ئێران چاوپۆشی ناكات لە هیچ هێرشێک بكرێتەسەری، هیچ کەسێک ناتوانێت لێمان بدات و دەربازبێت، تەنانەت ئەگەر ناچاریش بین بەدوایەوەبین بۆ کەنداوی مەکسیک، ئەوا ئەو کارە دەکەین. ئەو فەرماندە سەربازییەی ئێران جەختیكرد، وڵاتەکەی ناچێتە ناو هیچ دانوستانێکەوە سەبارەت بە بەرنامەی مووشەکییەکەی یان تواناکانی بەرەی مقاوەمە و، ئەم پرسانە بۆ گفتوگۆ نین. ئەو هەڕەشانە لەکاتێکدایە کۆمارى ئیسلامى ئێران بە چوار خاڵ وەڵامى نامەکەى دۆناڵد ترەمپى داوەتەوە کە تێیدا دوو مانگ مۆڵەتى بۆ تاران دیاریکردبوو کە یان بچێتە گفتوگۆوە لەگەڵ ئەمەریكا سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی، یاخود بژاردەی سەربازی هەڵدەبژێرێت. لەدوو رۆژى رابردوودا، ئێران لەڕێگەی میرنشینی عوممانەوە وەڵامى نامەکەى ترەمپى دایەوە كە تێڕوانینی ئێرانی تێدا ڕوونكراوەتەوە، سەبارەت بە دۆخی ئێستا و نامەكەی ترەمپ. وەڵامى ئێران بۆ نامەکەى ترەمپ بەسەر چوار خاڵدا دابەشکراوە و بە جیا و بە وردی وەڵامی هەر بڕگەیەکى نامەکەی داوەتەوە، بە بەکارهێنانی زمانێکی گونجاو لەگەڵ ئەو زمانەی کە ترەمپ بەکاری هێناوە، ئەوەش بەوتەى چەند سەرچاوەیەکى ئێرانى بۆ رۆژنامەى عەرەبی جەدید.
بە گوێرەى راپرسییەک، کە پاش دەستگیرکردن و زیندانیکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی دوورخراوەی گەورەشارەوانیی ئیستانبوڵ کراوە، دەریدەخات جەهەپە 33% و ئاکپارتی 30%ـی دەنگەکانى هەڵبژاردنى داهاتوو بەدەستدەهێنن و ئیمامئۆغڵو لەبەرامبەر ئەردۆغاندا بەربژێربێت، لانیکەم بە جیاوازیی 7% دەبێتە سەرۆککۆمار. راپرسییەکە لە 26 پارێزگای تورکیا لەلایەن کۆمپانیای "سەر ئار بۆ راپرسی" کراوە، دوو هەزار کەس بەشدارییان کردووە و پرسیاری ئەوە کراوە، ئەگەر هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت دەنگ بە کام پارت و کام بەربژێر دەدەیت. بەگوێرەی راپرسییەکە دەنگی جەهەپە 33.8%، ئاکپارتی 30.2%، پارتی دەم 10.4%، مەهەپە 7.5%، زەفەر 6.4%، پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ 5.9%، ئیی پارتی 2.4٪ و پارتی کرێکارانی تورکیا 1.6% و دەنگی ئەوانی دیکە 1.8%ـى دەنگەکان بەدەستدەهێنن. هاوکات پرسیار لە بەشداربووانی راپرسییەکە کراوە ئەگەر ئەکرەم ئیمامئۆغڵو و رەجەب تەیب ئەردۆغان رکابەریی بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار بکەن، دەنگ بە کامیان دەدەیت، ئیمامئۆغڵو 47.2% و ئەردۆغان 40.3%ـی دەنگەکانی بردووتەوە. ئەوەش لە کاتێکدایە، لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی 31ـی ئازاری رابردوودا، جەهەپە 37.8% و ئاکپارتی 35.5%ـی دەنگەکانیان هێنا.
فەرماندەیی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات، بەبۆنەى هاتنى جەژنى ڕەمەزانەوە پەیامێکى بڵاوکردوەو تیایدا دەڵێت: هیوادارین جەژن ببێتە بۆنەیەک بۆ یەکگرتنەوەی نیشتمانمان کە لەمێژە بەدەست بەڵای شەڕ و قەیرانەوە دەناڵێنێت. هیوادارین جارێکی دیکە سوریا ببێتە نیشتمانێک بۆ هەموو سوریاییەکان. هەروەها لەبەشێکى دیکەى پەیامەکەى هەسەدا هاتووە: هەموومان بەشداری لە ئاوەدانکردنەوەیدا دەکەین، ئاسایش و سەقامگیری لە سەرانسەری خاکەکانیدا زاڵ دەبێت. هەموو جۆرە شەڕ و شەڕێک کۆتایی دێت و ئاوارە و ئاوارەکان و کۆچبەرەکان دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. دەقى پەیامەکە پیرۆزە بەبۆنەی جەژنی ڕەمەزانەوە فەرماندەیی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات، گەرمترین پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی چەکدارە خۆپاراستنەکانمان دەکات لەسەر سنوورەکانی نیشتمان، پاسەوانی ئاسایش و سەلامەتی وڵاتەکەی. هەروەها بە بۆنەی جەژنی ڕەمەزانەوە پیرۆزبایی لە هەموو نەتەوەی ئیسلامی و کەسوکاری شەهیدانمان و سەرجەم گەلەکەمان دەکەین. هیوادارین هەموو لایەک جەژن لە کەشێکی خۆشی و ئاسایش و ئارامیدا بەسەر بەرن. هەروەها هیوادارین جەژن ببێتە بۆنەیەک بۆ یەکگرتنەوەی نیشتمانمان کە لەمێژە بەدەست بەڵای شەڕ و قەیرانەوە دەناڵێنێت. هیوادارین جارێکی دیکە سوریا ببێتە نیشتمانێک بۆ هەموو سوریاییەکان، بەبێ گوێدانە پەیوەندی و بیروباوەڕ و ئاراستەکانیان. هەموومان بەشداری لە ئاوەدانکردنەوەیدا دەکەین، ئاسایش و سەقامگیری لە سەرانسەری خاکەکانیدا زاڵ دەبێت. هەموو جۆرە شەڕ و شەڕێک کۆتایی دێت و ئاوارە و ئاوارەکان و کۆچبەرەکان دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. داگیرکردنی خاکەکانی کۆتایی دێت و سوریەکان بە دەستی خۆیان ئایندەی وڵاتەکەیان لە قاڵب دەدەن، بەگوێرەی خواستەکانیان و بە شێوەیەکی دیموکراسی. ساڵی نوێتان پیرۆز بێت فەرماندەیی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات
کەجەکە رایگەیاند، پەیامێکی مێژوویی بڵاوکراوەتەوە و هیودارن کۆتایی بە نکۆڵیکردنی کوردان بێت و برایەتی گەلان بەهێزتر و بەرفراوانتر بێت. کۆمیتەی گەلان و باوەڕمەندییەکانی کۆماجڤاکێن کوردستان کەجەکە بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، بانگەواز لە گەلی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان دەکەن، ئەم جەژنە بکەنە ئامرازی بەهێزکردنی یەكێتی و هاوکاریکردنی یەکتریی، پەیامێکی مێژووی دراوە وەک هەموو کەسێک ئەم پرۆسە مێژووییە ئەرک و بەرپرسیارێتی دەخاتە سەرشانی زانایانی ئاینی و رێبەرانی باوەڕدارەکان. دەشڵێت، وێڕای راگەیاندنی ئاگربەست، بەڵام تورکیا هەموو رۆژێک بەسەدان جار لە زەمینەوە بە تۆپ و تانک لە ئاسمانەوە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و فڕۆکەی جەنگی گۆڕەپانی گەریلاکان بۆردومان دەکەن. تەواوی ڕاگەیاندراوەکەی کەجەکە بەم شێوەیە: "جیهانی ئیسلامی بە تەواوکردنی ڕۆژەکانی مانگی ڕەمەزان لە ساڵی ٢٠٢٥دا لە ئامادەکارییدایە بۆئەوەیی جەژنی ڕەمەزان پیرۆز بکات. وەک تەڤگەر سەرەتا جەژنی ڕەمەزان لە جیهانی ئیسلامی پیرۆز دەکەین و هیواخوازین ئەم جەژنی ڕەمەزانە بۆ هێنانەئارای دادپەروەری، یەکسانی و ئازادی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و جیهانی ئیسلامی، بۆ ئاشتی و یەکسانی لە نێوان گەلان و باوەردارییەکاندا ببێتە سەروەر و ببێتە ئامرازێک بۆ پەرەدان بە ژیانی دیموکراتیکی. هیواخوازین ئاشتی، ئازادی، یەکێتی، یەکگرتوویی، یەکسانی، خوشک-برایەتی و بەرەکەت بهێنێ بۆ هەموو گەلانی موسڵمان کە ڕۆژەووەکانیان بە نیازی باش، نزای باش و کاری باشەوە تەواو دەکەن. وەک کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جەژن لە نێو شەڕێکی سەخت، گرژی و تێکۆشانی کۆمەڵایەتییدا تێپەڕ دەکەین. کۆمەڵگە موسڵمانەکان کە لە جوگرافیایی جیاوازدا دەژین، ڕووبەڕووی قەیرانی ئابووری، سیاسەتەکانی کۆڵۆنیالی-زۆرداری و کێشە سیاسییەکان بوونەتەوە. لە چەندین دەڤەری ڕۆژهەڵاتی ناوین، وە بە تایبەت لە غەززە، سووریا، ڕۆژئاوا، باشوور و هەرێمەکانی گەریلا، جڤاتی موسڵمانان مانگی ڕەمەزان بە تێکۆشان لە دژی هێرشی قڕکاری، فشار، زۆرداری، برسێتی و قەیرانەوە تێپەڕ دەکەن. هێرشەکان لە مانگی ڕەمەزاندا لەسەر غەززە درێژەی هەیە. گەلی عەلەوی لە مانگی ڕەمەزاندا لە سووریا قڕکران. لە ڕۆژئاوا پەرستنەکانی ڕۆژوو بە بەرخۆدانی گەلی شکۆدار لە دژی هێرشە ئاسمانی و زەمینییەکانی سەر بەنداوی تشرین بەسەربرا. وێرای ڕاگەیاندنی ئاگربەستیش هەموو ڕۆژێک بە سەدان جار لە زەمینەوە بە تۆپ و تانک، لە ئاسمانەوە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و فڕۆکەی جەنگی گۆڕەپانەکانی گەریلا بۆردوومان کران. بەم بۆنەوەیەوە دەمانەوێت ئەوە بیربهێنیەوە بەرخۆدانی موسڵمانان لە دژی هێرشەکان وێڕایی ڕۆژووی ڕەمەزانی پیرۆز، هێندەی پەرستشەکانیان پیرۆزە. جەژنی ڕەمەزان لە هەموو موسڵمانان پیرۆز دەکەین کە لە هەموو جێگەیەک لە بەرخۆداندان. بانگەوازی لە هەموو موسڵمانان دەکەین کە لە ئاینداری حەقیقەت، دادپەروەری، ئاشتی، باشی و ڕاستییدان لە قۆناغەکانی داهاتوودا هاوکاری تێکۆشانی دیموکراسی بکەن کە بە پێشەنگایەتی گەلی کورد لە ئارادایە. کوردستانیانی وڵاتپارێزی هێژا؛ لەم پرۆسەیەدا کە گەواهیدەری پرۆسەیەکی نوێین و ناوەندکەی کورد و کوردستانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێکەوە پێشوازی لە جەژنی ڕەمەزان دەکەین. کوردانی موسڵمان زۆرینەیی ڕۆژەکانیان کە ڕۆژوویان تێدا گرتووە بە چالاکی دیموکراتیکی و تێکۆشان لە گۆڕەپانەکاندا تێپەڕ دەکەن. تێکۆشانی مەزنی گەلی کورد کە بە ٨ی ئادارەوە دەستیپێکرد و لە نەورۆزدا گەیشتە ترۆپک، پەیامێکی مێژوویان دا. ئەم پرۆسەیە کە بە ماناداریی مێژوویەوە تێیدا کۆبووینەتەوە، ئیمکانەکانی پێکهێنانی شۆڕشی ئازادی، ڕوانگەیی نەتەوەیی دیموکراتیک، بونیادنانی کۆمەڵگەی ئەخلاقی و سیاسی لە هێڵی شارستانێتی دیموکراتیکدا زیاتر گەورە دەبێت و پێش دەکەوێت. وەک هەموو کەسێک ئەم پرۆسە مێژووییە ئەرک و بەرپرسیارێتی دەخاتە سەرشانی سەیدانی هێژا، زانایانی ئاینی و ڕێبەرانی باوەردارییەکان. لەسەر بناغەی بونیادنانی ژیانی ئازاد، یەکسانی و هاوبەش دامەزراندنی مۆدێلی ژیانی دیموکراتیک و ئازادی گەلان و بەڕێوەبردنی تێکۆشانی سەردەمی بە ئامانجی گەورە و پیرۆزی پێکهێنانی ڕێنێسانسی ڕۆژهەڵاتی ناوین و ئەمەش بە مانایی سەرلەونوێ لە دایکبوونەوە دێت. هیودارین کۆتایی بە نکۆڵیکردنی کوردان بێت، خوشک-برایەتی گەلان بەهێزتر و بەرفراوانتر بێت، ڕۆژهەڵاتی ناوین لە زەمینەی شەڕ و ئاڵۆزی ڕزگاری ببێت و دیموکراسی، دادپەروەری و ئازادی تێیدا سەروەر بێت. بەم بۆنەوەیە وەک تەڤگەر جارێکی دیکە جەژنی ڕەمەزان لە هەموو گەلی وڵاتپارێزمان و دۆستانیان پیرۆز دەکەین و هیواخوازییان نیاز و نزایان قبوڵ بێت. دەبێت لە جەژنی ڕەمەزاندا بەهێزتر خاوەنداری لە شەهیدانمان بکەین و یادییان بکەینەوە. دەبێت بەشێوەی کۆمەڵ سەردانی گۆڕستانی شەهیدان بکەین و یەکگرتووی خۆمان بە بنەماڵەی زیندانیان و بەتایبەت بنەماڵەی شەهیدانەوە لە بەرزترین ئاستدا نیشان بدەین. بە بۆنەی جەژنەوە جارێکی دیکە وەک تەڤگەر بە ڕێز و منەتدارییەوە لە ئاست یادکرنەوەی شەهیدانماندا بەژنمان دادەنەوێنییەوە و بەڵێنمان دووپاتەکەینەوە بۆ دۆزی مافداری کۆمەڵگەی دیموکراتیک درێژە بە تێکۆشانی گەلی کورد بدەین. بانگەوازی لە گەلی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان و هەموو جێگەیەکی جیهان دەکەین، ئەم جەژنی ڕەمەزانە بکەنە ئامرازی بەهێزکردنی یەكێتی، پەرەدان و مەزنکردنی هاوکاری و یەکگرتوویی. بانگەوازی لە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی ناوین، هەموو لایەنەکانی موسڵمانی دیموکراتیک دەکەین بە هۆشمەندی نەتەوەیی دیموکراتیکییەوە خۆیان بە ڕێکخستن بکەن و یەکێتی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوینی دیموکراتیک بەهێز بکەن. دیسانەوە هیواخوازین ئەم جەژنە دادپەروەری، ئاشتی، خوشک-برایەتی و ئازادی بۆ گەلان بێنێت و جەژنی ڕەمەزان لە هەموو گەلانی موسڵمان و بە تایبەت گەلی کورد و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پیرۆز دەکەین."
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە دیمەشق داوا لە سەرجەم هاوڵاتییانی لە سوریا دەکات، دەستبەجێ وڵاتەکە بەجێبهێڵن. باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە دیمەشق لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت، وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکە هاوڵاتییانی ئەمریکی ئاگاداردەکاتەوە لە پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکانی سوریا لە جەژنی رەمەزاندا، کە لەوانەیە باڵیۆزخانەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و دامەزراوە گشتییەکانی دیمەشق، بکرێتە ئامانج. لە بەیاننامەکەدا باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە دیمەشق، داواش لە هاوڵاتییانی ئەمریکیی دەرەوەی سوریاش دەکات، بەهۆی مەترسیی شەڕ، نائارامی، رفاندن، بەبارمتەگرتن و ئاڵۆزییەکان بەگشتی، لەپێناو سەلامەتییان، گەشت بۆ ئەو وڵاتە نەکەن. ئاماژە بەوەشکراوە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە دیمەشق لە ساڵی 2012ـەوە چالاکییەکانی راگرتووە و حکومەتی ئەمریکا ناتوانێت هیچ خزمەتگوزارییەکی کونسوڵگەریی فریاگوزاری، پێشکەش بە هاوڵاتییانی ئەمریکی لە سوریا بکات، لەئێستادا کۆماری چیک نوێنەرایەتیی دەسەڵاتی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە سوریا دەکات. هەر بۆیە باڵیۆزخانەکە دەڵێت، “ئەو هاوڵاتییە ئەمریکییانەی لە سوریا پێویستیان بە هاوکاریی بەپەلەیە، پێویستە پەیوەندی بە بەشی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە باڵیۆزخانەی کۆماری چیک بکەن”.
دەم پارتی بڕیاری داوە کە بەشداری لەگردبوونەوەی ماڵتەپە بکات کە لەسەر بانگەوازی جەهەپە ئەمڕۆ شەممە وەک ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر دەستگیرکردنی ئەکرێم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی شارەوانی گەورەی ئەستەنبوڵ بەڕێوەدەچێت. بەمەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە دەستگیرکردنی ئەکرێم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی گەورەی ئیستەنبوڵ، جەهەپە ڕۆژی شەممە ٢٩ی ئازار لە کەناری ماڵتەپە گردبوونەوەیەکی بەرفراوان ئەنجام دەدات. دەم پارتی بڕیاری خۆی سەبارەت بەگردبوونەوەی ماڵتەپە ڕاگەیاند لەهەژماری سۆشیال میدیای پارتەکە لەئەستەنبوڵ لێدوانێکی لەبارەی گردبوونەوەکە بڵاوکردەوە. لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "وەک هێزەکانی کرێکاری و ئاشتی و دیموکراسی ئەستەنبوڵ، ڕۆژی شەممە ٢٩ی ئازار کاتژمێر ١٢:٠٠ لەگردبوونەوەی ماڵتەپە کۆدەبینەوە، ئێمە بەرگری لەدیموکراسی و ئیرادەی گەل دەکەین!". پێشتر هەموو سەرنجەکان لەسەر ئەوە بوو کە ئایا دەم پارتی بەشداری لەگردبوونەوەی ماڵتەپە دەکات کە لەلایەن جەهەپە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر دەستگیرکردنی ئەکرێم ئیمامئۆغڵو ڕێکخرابوو یان نا. میدیاکانی تورکیا ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم بڕیارەی دەم پارتی لەئێستاوە حکومەتی ئاکەپەی توڕە کردووەو بەدووری نازانن کاریگەریی لەسەر ئەو پرۆسەی ئاشتییە هەبێت کە چەند مانگێکە قسەی لەسەر دەکرێت. پێشتر سەبارەت بەو ناڕەزایەتیانەی کە دوای دەستگیرکردنی ئیمامئۆغڵو دەستیپێکرد، تونجەر باقرخانی هاوسەرۆکی دەم پارتی لەبەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا کە بەشداریی کردبوو، وەڵامی پرسیارێکی دایەوە سەبارەت بەناڕەزاییەکانو وتی “ئێمە گروپی چالاکوانی جەهەپە نین، ئێمە پشتگیریان دەکەین، بەڵام بۆ ئەمە ناچینە سەر شەقامەکان”.
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی دوورخراوەى گەورەشارەوانیی ئیستەنبوڵ لە نوسینێکیدا کە لە رۆژنامەى نیۆرک تایمز بڵاوکراوەتەوە، ئاماژەی بەوەکردووە، لە تورکیا رژێمێکی سەرکوتکەر هاتووەتە کایەوە و تورکیا بووەتە کۆماری ترس. بە گوێرەى هەواڵێکی رۆژنامەى سۆزجو، ئیمامئۆغڵو کە هاوکات کاندیدی ئۆپۆزسیۆنە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا، لە وتارەکەیدا نوسیوویەتی، ئەردۆغان باش دەزانێت کە لەسەر سندوقی هەڵبژاردن ناتوانێت هەڵبژاردن لە ئەو بباتەوە، بۆیە رەوانەى زیندانی کردووە، دەشڵێ، لەبەرئەوەی رکابەری سەختی ئەردۆغانە، زیندانی کراوە. ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لە هەڵبژاردنی 2024ـدا، بۆ جاری دووەم بە زۆرترین دەنگ بە سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبوڵ هەڵبژێردرایەوە و لە 19 ی ئەم مانگەش لە ماڵەکەى لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە دۆسیەى گەندەڵی و هاوکاریکردنی رێکخراوى نایاسایی دەستگیرکرا.
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "ناڕازیین لە رێکار و هەنگاوەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق" بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان. ئەپیکور دەڵێت، "ئەمڕۆ بۆمان روونبوویەوە، وەزارەتی نەوتی عێراق ئامادە نییە گفتوگۆ لەسەر چارەسەرێک بکات، کە تێیدا رێز لە گرێبەستەکانی ئێمە بگیرێت، هەوڵدەدات پرۆسە و رێگەیەک بگرێتەبەر کە بە شێوەیەکی تاکلایەنە جێگرەوەیەک بۆ چوارچێوە یاساییەکە و گرێبەستە بەرکارەکانمان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دابنێت." مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان "ئەپیکور"هەینی 28ـی ئاداری 2025، ڕاگەیاند: کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە نیازێکی پاکەوە دەستیان بە گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی عێراق و نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی فێدراڵ بە ئامانجی گەیشتن بە بڕیارێک بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت لەرێگەی بۆری عێراق-تورکیا، بەشێوەیەک ئەو بڕیارە ھاوتەریب و گونجاو بێت لەگەڵ رێککەوتنە یاساییەکانمان و بوودجەی عێراق. گوتەبێژی ئەپیکور، دەڵێت: ئەمڕۆ بۆمان ڕوونبووەوە وەزارەتی نەوتی عێراق ئامادە نییە گفتوگۆ لەسەر چارەسەرێک بکات کە تێیدا رێز لە گرێبەستەکانی ئێمە بگرێت، ھەوڵدەدات پرۆسە و ڕێگەیەک بگرێتەبەر کە بەشێوەیەکی تاکلایەنە جێگرەوەیەک بۆ چوارچێوە یاساییەکە و گرێبەستە بەرکارەکانمان لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دابنێت. مایڵز کاگینز جەختی لەوە کردەوە، ئەم ھەنگاوانەی وەزارەتی نەوتی حکوومەتی عێراق قبوڵکراو نین و، ئەپیکور ئامادە نییە دەست بە ھەناردەکردنەوەی نەوت بکات، تا ئەوکاتەی پابەندبوونێک لە حکوومەتی عێراقەوە نەبێت و تێدا رێز لە گرێبەستەکانمان بگرێت، لەگەڵ ئەوەشدا پابەندبوون و دڵنیایی ھەبێت لەبارەی شێوزای وەرگرتنی پارەی فرۆشی نەوت، لە رابردوو و داھاتووش. بە گوێرەی زانیارییەکان، لە دوا کۆبوونەوەی نێوان، وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) نەگەیشتوونەتە هیچ ڕێککەوتنێک، تەنانەت لە کۆبوونەوەکەدا هەندێک گرژی و ئاڵۆزی و دەمەقاڵی لەنێوان شاندی وەزارەتی نەوت و شاندی کۆمپانیاکانی نەوت دروست بوو.
سەرۆکی فەرەنسا ئاشکرای کرد سێ مەرجی سەرەکییان هەیە ئەگەر ئەحمەد شەرع جێبەجێیان بکات ئامادەی پێشوازیی لێبکات، هەفتەکانی داهاتووش یەکلا کەرەوە دەبن لەوبارەیەوە. ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ جوزێف عۆن سەرۆک کۆماری لوبنان رایگەیاند: سێ مەرجمان هەیە بۆ سەرۆکی قۆناغی راگوزەری سوریا، مافی سەرجەم پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سوریا جێبەجێ بکات، بەروونی روبەڕوی تیرۆر ببێتەوە و گرەنتی گەڕانەوەی پەنابەر و ئاوارەکان بکات، ئەو سێ بنەمایە سەرەکیین بۆ حوکمڕانی قۆناغی راگوزەری سوریا و ئایندەی ئەو وڵاتە. وتیشی :"بەرەچاوکردنی دۆخی چەند هەفتەی داهاتوو ئامادەین بۆ گفتوگۆکردن و پێشوازی لە سەرۆکی قۆناغی راگوزەری سوریا، چونکە چەند هەفتەی داهاتوو یەکلاکەرەوە دەبێت، تائێستاش ئەو گفتوگۆیانەی هەیە بەشێوەیەکی ئەرێنی و باش بەڕێوەدەچن. ئەوە لەکاتێکدایە هەردوو سەرۆکی لوبنان و فەرەنسا لە رێگەی پەیوەندی ڤیدیۆییەوە لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتی سوریا و دواتریش لەگەڵ سەرۆکی یۆنان و قوبرس گفتوگۆیان کرد سەبارەت بە پرسی گەڕانەوەی ئاوارە و پەنابەرە سورییەکان. سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند: پرسی ئاوارە و پەنابەران بابەتی گرنگن بەلای لوبنانەوە، بەهەمانشێوە بۆ ناوچەکەش گرنگن. ماکرۆن زیاتر لە جارێک جەختی لەسەر گرەنتی دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەلامەتی کرد بۆ گەڕانەوەی سورییەکان بۆ وڵاتەکەیان و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد لەوبارەیەوە کاری رژد بکەن بۆ گەڕانەوەی پەنابەران و رەچاوکردنی ئاستی ئابوری و کۆمەڵایەتییان. لەگەڵئەوەشدا، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا دۆخی سوریای بە ناسەقامگیر و نەگونجاوزانی لە قۆناغی ئێستادا دوای روخانی رژێمی بەشار ئەسەد کە زیاتر لە خێزانەکەی زیاتر لە نیوسەدە حوکمڕانیی سوریایان کردووە.
سەرۆکی مەهەپە لەبارەی پرۆسەی چارەسەری دەڵێت، "پشت بە خودا، بە ئامانجی تورکیایەکی بێ تیرۆر دەگەین." لەبارەی خۆپیشاندانەکانیش رەخنە لە جەهەپە دەگرێت و بە "هەوڵێکی فاشیستانە"ی ناودەبات. پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی - مەهەپە رۆژی هەینی 28ی ئاداری 2025 لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس راگەیێندراوێکی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتەکەی بڵاوکردەوە، کە لەبارەی پرۆسەی چارەسەرییەوەیە و دەڵێت، "پشت بە خودا، بە ئامانجی تورکیایەکی بێ تیرۆر دەگەین." باخچەلی پێیوایە سەرکەوتنی پرۆسەی چارەسەری کاریگەریی لەسەر بوارە جیاوازەکانی ژیان لە تورکیا دەبێت، لەوانەش لە بواری ئابوورییەوە، وتیشى: ئەگەر بێتو چەکەکان بنێژرێن تورکیایەک دێتە ئاراوە، هیچ وڵاتێک نابێت شان لەشانى بدات. ئەو گوتانەی باخچەلی لە کاتێکدان، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە رۆژی 27ی شوباتی 2025 لە بانگەوازێکدا بۆ پەکەکە گوتی، "کۆنگرەتان ببەستن و بڕیار بدەن. پێویستە چەک دابنێن و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە." دوو رۆژ دواتر، پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە رایگەیاند، پابەندی بانگەوازەکەی ئۆجەلان دەبن، بەڵام دەبێت رێبەری پەکەکە خۆی سەرپەرشتیی کۆنگرەکە بکات. سەرۆکی مەهەپە لەبارەی خۆپێشاندانەکانی دژی زیندانیکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو رەخنەی لە جەهەپە گرت و گوتی، "ئەو ناڕەزایەتییە نابەجێیانەی جەهەپە پێشڕەوێتییان دەکات، دوورن لە هەموو بەهایەکی دیموکراسی، زۆر ناهاوسەنگ و هەڕەشەئامێزن." باخچەلی ئەو خۆپیشاندانانەی بە "بەربەست" لەبەردەم دیموکراسی و برایەتیی خەڵکی تورکیادا ناوبرد و رایگەیاند، "رژاندنی خەڵک بۆ سەر شەقام، بە مەبەستی تێکدانی دۆخی تورکیایە و هەوڵێکی فاشیستانەیە." دەستبەسەرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لە 19ی ئەم مانگە و بڕیاری زیندانیکردنی لە 23ی مانگ، ناڕەزایەتی لە لایەن ئەندام و لایەنگرانی جەهەپە لێکەوتوەتەوە.
لەلایەن سەرۆکایەتی کۆمارەوە ١٣ داواکاریی بە مەبەستی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر تونجەر باقرخان و ١٠ پەرلەمانتاری دیکە پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمانی تورکیا کرا. بە مەبەستی هەڵگرتنی پارێزبەندی ١١ پەرلەمانتار لە فراکسیۆنە جیاوازەکان کە تونجەر باقرخان، هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (دەمپارتی)ـیشی تێدایە، سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا ١٣ داواکاریی پێشکەشی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی تورکیا کرد. سەرۆکایەتی کۆمار داواکارییەکانی بۆ لیژنەی تێهەڵچوون کە لە ئەندامانی لیژنەی دادپەروەری و دەستووری بنەڕەتی پێک دێت، ناردووە. ئەو کەسانەی کە داواکارییەکەیان لە دژ بەرزکراوەتەوە بەمشێوەیەیە: تونجەر باقرخان، هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی، عەلی ماهیر باشارر، سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە، گوڵستان کلچ کۆچیغیت، هاوسەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی، ئەحمەد شک، پارلەمانتاری پارتی کرێکارانی تورکیا (تیپ) سیبەل سوویچمەز، پەرلەمانتاری جەهەپە لە ترابزۆن، نەخلا دەمیر، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە ئاگری، جەمال ئەنگینیورت، پەرلەمانتاری جەهەپە لە ئەستەنبوڵ، ماهیر پۆڵات، پەرلەمانتاری جەهەپە لە ئیزمیر، بێریتان گونەش ئاڵتن، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە مێردین، کۆرای ئایدن، پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە ئەنقەرە، سالیحا ئایدەنیز، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە مێردین. زانراوە، هەریەک لە جەمال ئەنگینیورت و سالیحا ئایدەنیز هەریەکی دوو داواکاریی لە دژیان بەرز کراوەتەوە.
وەزیری کارەبای عێراق، ڕایگەیاند، ئەگەر سزاکانی ئەمەریکا هاوردەکردنی غازی ئێران بگرێتەوە، ئەوا تووشی هاوینێکی تاقەت پڕوکێن دەبین. زیاد عەلی فازڵ، وەزیری کارەبای عێراق ئەمڕۆ هەینی، 28ـی ئاداری 2025، لە لێدوانێکدا گوتی: "سزاکانی ئەمەریکا هاوردەکردنی کارەبای عێراق لە ئێران دەگرێتەوە، بەڵام سەبارەت بە غاز ڕوون نییە"، ئاماژەی بەوەش کرد "ئەگەر سزاکانی ئەمەریکا هاوردەکردنی غازیش بگرێتەوە، تووشی هاوینێکی گەرم دەبین." وەزیرەکەی کارەبا باسی لەوەش کرد، "تا ئێستا لە واشنتن گفتوگۆکان سەبارەت بە هاوردەکردنی غازی ئێرانی بۆ عێراق بەردەوامە". عەدنان جابری، جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمان، پێشتر ڕایگەیاندبوو "ئەو غازەی لە کێڵگە عێراقییەکانەوە بەرهەم دێت، 60%ی خواستی ناوخۆ پڕناکاتەوە، هەر بۆیە دەبێت حکوومەت کار بۆ ئەوەی بکات ئەمەریکا ڕێگەمان پێ بدات غاز و کارەبا لە ئێرانەوە هاوردە بکەین." سەبارەت بە هاتنی وەرزی هاوین، جابری گوتی، "دەزگا حکوومییەکان کار لەسەر چارەسەرکردنی کەمی پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا دەکەن." عێراق بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبا، پشت بە غازی ئێران دەبەستێت، کە وەزارەتی کارەبا ڕۆژانە بڕی 40 بۆ 50 ملیۆن مەتر سێجا غاز هاوردە دەکەن.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ڤلادمیر پوتین، سەرۆكی روسیا، رایگەیاند، وڵاتەكەی پشتیوانی لە هەڵوەشاندنەوەی هەسەدەو تێكەڵكردنی بە حكومەتی ناوەندیی سوریا دەكات. بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا، ئەمڕۆ هەینی، ئەردۆغان و پوتین لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا تاوتوێی پەیوەندییە دوقۆڵییەكانی نێوان وڵاتەكانیان و چەند پرسێكی ناوچەكە و جیهانیان كردوە. بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، ئەردۆغان وتویەتی، توركیا گرنگییەكی زۆر بە هەماهەنگیكردن لەگەڵ روسیا دەدات لەبارەی پرسی سوریاوەو ئاماژەی بەوەشداوە كە گرنگە توركیاو روسیا پێكەوە كاربكەن لەپێناو مسۆگەركردنی هێنانەدی ئاشتی و سەقامگیریی هەمیشەیی لە سوریا لەسەر بنەمای یەكپارچەیی خاكی ئەو وڵاتە و دەشتوانن پێكەوە كاربكەن لەدژی ئەو هەوڵانەی كە دەدرێن بۆ پەكخستنی یەكێتی سوریا و دەستوپەنجە نەرمكردن لەگەڵ جیاكاری ئەتنیكی و تائیفی و هەروەك دەشتوانن پێكەوە كاربكەن بۆ هەڵگرتنی سزاكانی سەر سوریا بەتەواوەتی. ئەردۆغان جەختیشی كردۆتەوە كە دەبێت سەرچاوەكانی سوریا بەدەست حكومەتی سوریاوە بن و توركیاش پشتیوانی هەڵوەشاندنەوەی هێزەكانی سوریای دیموكرات-هەسەدە و تێكەڵكردنیان بە ئیدارەی ناوەندیی سوریا دەكات و گرنگترین شتیش بەقسەی ئەردۆغان بۆ سەقامگیری سوریا ئەوەیە رێگەبگیرێت لەوەی سوریا بكرێتە "ناوچەیەكی لەبار بۆ رێكخراوە تیرۆریستییەكان." لە بەشێكی دیكەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا تاوتوێی پرسی كۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆكرانیا كراوەو لەوبارەیەوە ئەردۆغان وتویەتی، توركیا لە نزیكەوە چاودێری پڕۆسەی كۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان روسیاو ئۆكرانیا دەكات و ئامادەیە بۆ هەر جۆرە پشتیوانییەكی پڕۆسەكە لەوانەش میوانداریكردنی دانوستانەكانی ئاشتی نێوان هەردو وڵات. ئاسایشی هاتوچۆی كەشتییەكان لە دەریای رەش یەكێكی تر بوە لەو پرسانەی كە پوتین و ئەردۆغان تاوتوێیان كردوە، ئەردۆغان لەوبارەیەوە وتویەتی، توركیا بەردەوام دەبێت لەسەر رۆڵی خۆی بۆ رێگریی لەوەی كە دەریای رەش ببێتە ناوچەیەكی ململانێ و شەڕ.