ئاژانسى ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، قەتەر بە ڕەزامەندی واشنتۆن دەست دەکات بە دابینکردنی غاز بۆ سوریا لە ڕێگەی ئوردنەوە. ئاژانسەکە، ئاماژەى بۆ ئەوەکردوە سێ کەسی ئاگادار لەو بابەتە ڕایانگەیاند، قەتەر بڕیارە دەست بە دابینکردنی غاز لە سوریا لە ڕێگەی ئوردنەوە بکات بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی کەمی کارەبای وڵاتەکە، ئەمەش لە هەنگاوێکدا کە بەرپرسێکی ئەمریکی ڕایگەیاندووە واشنتۆن ڕەزامەندی لەسەرداوە. لەلایەکى دیکەوە بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی فەرمى تەلەفزیۆنى سوریا، دەسەڵاتدارانی قەتەر دەستپێشخەرییەکی مرۆیییان ڕاگەیاند کە ئامانج لێی دابینکردنی کارەبایە بۆ سوریا لە ڕێگەی خاکی ئوردنەوە. بەگوێرەی کەناڵەکە، دەستپێشخەرییەکە کە لەژێر ڕێنمایی تەمیم بن حەمەد ئال سانی میری قەتەر دەستیپێکردووە، دابینکردنی غاز لەخۆدەگرێت بۆ یارمەتیدانی بەرهەمهێنانی 400 مێگاوات کارەبا لە قۆناغی سەرەتاییدا، لەگەڵ پلانێک بۆ زیادکردنی وردە وردە ئەم توانایە لە داهاتوودا.
واشنتۆن ڕێککەوتنێکی رەتکردەوەتەوە بۆ پێدانی پارەو ئاڵوگۆڕی زیندانی، بۆ ئازادکردنی بارمتەیەکی ئیسرائیلی لە عێراق، دوای ئەوەی هەوڵەکانی نێوەندگیری لە پایتەختى وڵاتێكی عەرەبی شكستیهێناوە. تسورکۆڤ، خوێندکاری دکتۆرا لە زانکۆی پرینستۆن و هاوڕێی پەیمانگای نیو لاینز بۆ ستراتیژی و سیاسەت، لە مانگی ئازاری ٢٠٢٣ەوە لە عێراق بێسەروشوێنە. دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل دواتر ڕایانگەیاند کە ئەو کچە ڕفێندراوە و گروپێکی لایەنگری ئێرانیان بە هۆکاری دیارنەمانی ئەو کچە تاوانبار کردووە. سەرچاوەکان وردەکاریی پشت پەردەی کۆبونەوەیەکیان ئاشکرا کردووە، کە لە کۆتایی مانگی شوباتی رابردوو، لەنێوان دانوستانکارانی ئەمریکی و عێراقیدا ئەنجامدراوە، بۆ تاوتوێکردنی رێککەوتنێک بۆ ئازادکردنی كچە توێژەر ئەلیزابێس تسورکۆڤ، کە لە مانگی ئازاری (2023) لە بەغداد بێسەروشوێن بووەو، گروپی حزبوڵڵا بە رفاندنی تۆمەتباردەكرێت. بەرپرسانی ئەمەریکا بڕی (200) ملیۆن دۆلار وەك فدیەو ئازادکردنی كەسانی لایەنگری ئێران لە عێراق و لوبنانیان رەتکردوەتەوە، لەنێویاندا کاپتنێکی دەریایی کە بۆ حزبوڵای لوبنانی کاریكردووە. بەگوێرەی ئەو چاوپێكەوتنانەی كە رۆژنامەكە لەگەڵ دەیان کەسی بەشداربوو لە دانوستانەکانی ئازادکردنی تسورکۆڤ ئەنجامیداوە، ئاماژەیان بەوە کردووە، رفێنەرەکان نمونەیەکی بەهێزن بۆ فشۆڵی پلانەکانی بەغداد بۆ هەڵوەشاندنەوەی گروپە چەكدارەكان. سەرچاوەکان رایانگەیاند، رەتکردنەوەی ئاڵوگۆڕکردنی تسورکۆڤ به دەستگیرکراوان، ئاماژەیه بۆ ئەوەی ئێران له ژێر فشاردایەو هەوڵدەدات خۆی لە لەدەستدانی هەژموونی بپارێزێت له عێراق. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، جەختی لەسەر پێویستی ئەوە كردووەتەوە حکومەتی عێراق بە زووترین کات زامنی ئازادکردنی تسورکۆڤ بكات. بەرپرسێکی عێراقی دووپاتی کردووتەوە، حکومەتى بەغداد بەپێی چوارچێوە یاساییەکان، مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی تسورکۆڤ دەکات، هەروەها دەزگایەکی ئەمنی عێراقی ئەرکی پەیوەندیکردن لەگەڵ لایەنە دۆستەکانی پێ سپێردراوە، بۆ ئەوەی بەم نزیکانە ئازادکردنی ژنە رفێندراوەکە مسۆگەر بکات. رۆژی 5ـی تەممووزی 2023، نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، چوار مانگە هاووڵاتییەکی ئیسرائیلی - رووسی بەناوی ئێلیزابێس تسورکۆڤ، لە عێراق بێسەروشوێنە، بەڵام ئێستا بۆیان ئاشکرا بووە کە ئەو ئافرەتە زیندووە و لەلای چەکدارانی کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراقەوە دەستبەسەرکراوە.
وتەبێژی حکومەتی عێراق دووپاتی کردەوە کە مووچەى سەرجەم وەزارەتەکان و بودجەى تەرخانکراو بۆ سێتهرهكان مسۆگەرە بۆ ئەمساڵ، هاوکات ئاماژەی بەوەدا کە لوتکەی عەرەبی لە بەغدا لە 17ی ئایار بەڕێوەدەچێت. باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی عێراقییە ئهخبارییه، ڕایدەگەیەنێت: بودجەی عێراق بۆ ساڵی ڕابردوو 212 ترلیۆن دینار بووە، لەو بڕە 156 ترلیۆن دینار خەرجکراوە. هاوکات جەختیشی کردەوە "90 ترلیۆن دیناری بودجە بۆ مووچە، 40 ترلیۆن دینار بۆ خەرجی کارکردنی وەزارەتەکان، و 27 ترلیۆن دینار بۆ وەبەرهێنان بووە". وتەبێژەکەى حکومەتى عێراق، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو 12 ترلیۆن دینارەی کە ماوەتەوە لە بودجەی وەبەرهێنانی ساڵی ڕابردوو لەسەر بنەمای نرخی نەوتی 70 بۆ 73 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێکە، ئەو وتیشی "تەرخانکردن بۆ مووچە و سێكتهرهكان و سەرجەم خەرجییەکانی پەیوەست بە حکومەت مسۆگەرکراوە بۆ ئەمساڵ". هاوکات هەر لەو چاوپێکەوتنەدا، باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق سەبارەت بە لوتکەی عەرەبی کە بڕیارە لە بەغدا بەڕێوەبچێت، ئاماژەی بەوەدا کە "کۆبوونەوەی لوتکەی عەرەبی پەیامی زۆر دەنێرێت، لەوانە سەقامگیری ئەمنی لە وڵاتدا"، جەختیشی لەوە کردەوە کە "کۆبوونەوەی لوتکەی عەرەبی لە بەغدا بۆ ١٧ی ئایار دیاری کراوە". هەروەها ئەوەشى خستەڕوو لە ماوەی داهاتوودا بانگهێشتنامە بۆ سەرکردە عەرەبییەکان دەنێردرێت"، جهختیشی لهوه كردهوه كه "کۆبوونەوەی لوتکەی بەپەلە کاریگەری لەسەر ئەنجامدانی لوتکەی عەرەبی لە بەغدا نییە".
سەرچاوەیەک بە تەلەفیزیۆنی سوریای گوتووە، حکومەتی سوریا بە بڕیارێک چوونی هێزە سەربازییەکانی بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکرات قەدەغەکردووە. بەگوتەی سەرچاوەکە، ئەو بڕیارە لە ترسی هەڵسوکەوتی نەشیاوی تاکەکەسی و رێگری لە روودانی پێشێلکاری دەرچووە. بڕیارەکە بەردەوام دەبێت تا ئەوکاتەی رێککەوتنی رادەستکردنی دامودەزگاکانی دەوڵەت جێبەجێ دەکرێت و هەسەدە بەتەواوی تێکەڵ بە حکومەت دەکرێت. مەزڵوم عەبدى فەرماندەى گشتى هێزەکانى سوریاى دیموکرات (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع سەرۆکى سوریا رێککەوتنێکى هەشت خاڵیان واژۆکرد، کە تێیدا جەخت لە تێکەڵکردنى دامەزراوە مەدەنى و سەربازییەکانى ئیدارەى خۆسەر لە گەڵ دیمەشق کراوەتەوە. رێککەوتنەکە لەلایەن هەریەکە لە مەزڵوم عەبدى و ئەحمەد شەرعەوە واژۆکراوە دواى کۆبوونەوەى نێوانیان لەرۆژى 10 ى ئازارى 2025، کە تایبەتە بە تێکەڵکردنى دامەزراوەکانى ئیدارەى خۆسەر لەگەڵ حکومەتى دیمەشق، راگەیاندنى ئاگربەست و مافەکانى کورد لە دەستور، ئەوەش بەپێی دەقى رێککەوتنەکە کە سەرۆکایەتى کۆمارى سوریا بڵاویکردووەتەوە.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا ڕایگەیاند، ئەگەر شاندی ئیمراڵی داوای کاتێک بۆ کۆبوونەوە بکات ئەوە ڕێکدەخرێت. دوای کۆبوونەوەیەکی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)، ئەردۆغان لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسان سەبارەت بە ئەگەی کۆبوونەوە لەگەڵ شاندی ئیمراڵی ڕایگەیاند، ئەگەر داوا بکرێت ئەوا لەگەڵ شاندەکە کۆدەبێتەوە. ئەردۆغان ئامادە نەبوو وەڵامی پرسیارێک بداتەوە کە لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی دەولەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە لەگەڵ سەڵاحەدین دەمیرتاش ئاراستەی ئەردۆغان کرا و لێ پرسیرا: "پێشتر دەمیرتاش گوتی دەمەوێت خزمەت بە پرۆسەکە بکەم. ئایا دەمیرتاش بەشداری پێ دەکرێت لە پرۆسەکە؟" سری سورەیە ئۆندەر لەشاندی ئیمراڵی، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتى) ڕاگەیاند، شاندەکەیان بە زووترین کات داوای کۆبوونەوەیەک دەکات. عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کە لە ساڵی 1999 ەوە لە دوورگەی ئیمراڵی زیندانی کراوە، لە نامەیەکدا لە 27ی مانگی دوو داوای لە پەکەکە کرد چەک دابنێت و کۆتایی بە چالاکییەکانی بهێنێت. دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی مەهەپە، کە هاوپەیمانی ئەردۆغانە، سەبارەت بە بانگەوازەکەی ئۆجەلان وتی "لە سەرەتاوە تا کۆتایی بەنرخ و گرنگ بوو". دانوستاندنەکان لە مانگی دەی ڕابردوو بە لێدوانی باخچەلی لە کۆنفرانسی پارتەکەیدا دەستیپێکرد و پێشنیاری کرد ئەگەر ئۆجەلان واز لە توندوتیژی بهێنێت و پەکەکە هەڵبوەشێنێتەوە، ئەوا ئازاد دەکرێت. ئەمە وەرچەرخانێکی گەورە بوو بۆ ئەو سیاسەتمەدارە توندڕەوە کە پێشتر بە توندی پشتگیری لە کردەوەی سەربازی تورکیا دەکرد دژی پەکەکە و هاوپەیمانەکانی لە سوریای دراوسێی و بیرۆکەی دانوستانی ڕەتدەکردەوە. دوابەدوای پەیامەکەی ئۆجەلان، ئەردۆغان ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان چوونەتە قۆناغێکی نوێ لە هەوڵەکانیان بۆ دروستکردنی تورکیایەکی دوور لە تیرۆر.
عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵاى ئێران، ڕایدەگەیەنێت هێشتا نامەکەى ترەمپم پێنەگەیتشتووە، ئێران هیچ دانوستانێکیش ناکات لەکاتێکدا دەزانین لایەنى بەرانبەر کە ئەمریکایە بەڵێنەکانى جێبەجێ ناکات. ئەمڕۆ چوارشەممە لە دیدارێکدا لەگەڵ کۆمەڵێک ڕێکخراوە خوێندکارییەکانى وڵاتەکەى، عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵاى ئێران، قسەیکردو وتى: بۆچی ئێران ئامادە نییە دانوستان بکات، چەند ساڵێک دانیشتین و دانوستانمان کرد و هەر ئەم کەسە دانوستانە تەواو و واژۆکراوەکەی لە سەر مێزەکە فڕێدا و دڕاندى، چۆن دەتوانین دانوستان بکەین لە کاتێکدا دەزانین هیچ کارى پێناکرێت. ئەو وتیشى: دانوستان لەگەڵ ئیدارەی ئێستای ئەمریکا نابێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان، بەڵکو تەنها سزاکان هێندەی تر توندتر دەکات، ساڵی ڕابردوو دۆخێکی جیاوازمان هەبوو. شەهید ڕەئیسی لە ژیاندا بوو، شەهید سەید حەسەن نەسروڵڵا لەگەڵمان بوو، شەهید هانیە، چەند کەسایەتییەکی تری شۆڕشگێڕی دیار لەنێو ئێمەدا ئامادە بوون یان لەگەڵ ئێمەدا، بەڵام ئەمساڵ لێرە نین. لەکۆتایی قسەکانیدا دەشڵیت: ئەوەی کە سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت ئێمە ئامادەین بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران و بانگهێشتی دانوستان دەکات، فریودانی بیروڕای گشتی جیهانە. رۆژی چوارشەممە، 12ی ئاداری 2025، ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەنوەر قەرقاش، راوێژکاری سەرۆکی ئیمارات بۆ کاروباری دیپلۆماسی ئەمڕۆ لە تاران لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران کۆدەبێتەوە و نامەکەی سەرۆکی ئەمریکا دەگەیێنێتە تاران. بەپێی هەواڵی میدیای ئێران، دوێنێ سێشەممە نامەی ترەمپ گەیشتووەتە دەست بەرپرسانی ئیمارات تاوەکو بیگەیێننە ئێران. عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ رایگەیاند، تاران ئامادەیە بۆ دانوستاندن لەسەر پرسی ئەتۆمی و لەو چوارچێوەیەدا تاوەکو ئێستا چوار گەڕی دانوستاندن لەنێوان ئێران و وڵاتانی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا بەڕێوەچووە و رۆژی هەینیش کۆبوونەوەی سێ قۆڵی ئێران، رووسیا و چین لەبارەی پرسی ئەتۆمی بەڕێوەدەچێت.
ناوەندی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) ئاماری ٢٤ کاتژمێری ڕابردووی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و چەتاکانی، وە بەرپەرچدانەوەی ڕەوای بەرخۆدانی شەڕڤانانیانی بڵاوکردوە و ئاماژەی بەوەکرد لە بەرپرچدانەوەکاندا چوار درۆنی دەوڵەتی تورک خراونەتە خوارەوە، وە ئۆتۆمیبلێکی سەرباز گواستنەوە و دوو سیستەمی ڕادار تێکشکێندراون. ڕاگەیاندراوەکەی قەسەدە بەم شێوەیە: "ماوەی سێ مانگە بە دڕندەرترین شێوە هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی لەسەر هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووری بەردەوامە، لەو هێرشانەدا هەموو چەکێکی قورس، فڕۆکەی جەنگی و بێفڕۆکەوان بەکاردەهێنن. لە بەرەی بەندوای تشرین؛ دوێنێ (سێ شەممە) سوپای تورکی داگیرکەر و چەتەکانی بە چەکی قورس گوندەکانی دەرووبەری بەنداوی تشرینیان بۆردوومان کرد، هاوکات فڕۆکەی جەنگی گوندی خربەت ئەل زەمالای لە باکووری بەنداوەکە بۆردوومان کرد و لە ئەنجامدا زیانێکی ماددی زۆری لێکەوتەوە. چەتەکانی داگیرکەر لە هەوڵیاندا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە دژی سەنگەری هێزەکانمان هێرش ئەنجام بدەن، لە ئەنجامدا هێزەکانمان چوار لەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەیان خستەخوارەوە. لە بەرەی قەرەقۆزاق؛ فڕۆکەی جەنگی لە دەرووبەری پردی قەرەقۆزاق گوندی خەسەقی بۆردوومان کرد، لە ئەنجامدا زیانێکی ماددی زۆری لێکەوتەوە. هەروەها سوپای تورکی داگیرکەر و چەتەکانی گوندەکانی ئەل تینا، جەدا، بیر حسۆ، خەسەق، دیکان، مەلحە و سەنە و گردی سێڤێ و قەرەقۆزاقی بە زیاتر لە ٨٠ هاوەن تۆپباران کرد و زیانێکی ماددی بەر موڵک و ماڵی گوندنشینان کەوت. لە دژی هێرش و بۆردوومانەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانییدا، شەڕڤانانمان هێرشی سەر بارەگایەکی سوپای دەوڵەتی تورکی داگیرکەرییان لە دەروبەری پردی قەرەقۆزاق ئەنجامدا، لە ئەنجامدا ئۆئۆمیبلێکی سەربازی تێکشێکندرا، کە بۆ گواستنەوەی سەربازی بەکاردەهێندرا. هەروەها لە دژی بارەگایەکی دیکەی دەوڵەتی تورک لە ڕۆژئاوای پردەکە چالاکییان ئەنجامدا، لەو چالاکییەدا ٤ سەربازی داگیرکەر بریندار بوون و دوو سیستەمی ڕاداریش تێکشێندرا. بە درێژای رۆژ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورک بەسەر ئاسمانی هەرێمی دێر حافردا سوڕاوەتەوە."
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، نامەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ دامەزراوەی ڕۆحانییەکانی ئێران "بەم زووانە لەلایەن وڵاتێکی عەرەبییەوە دەگەیەنرێتە تاران". رۆژی هەینی رابردوو دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندبوو، نامەیەکی بۆ رێبەری ئێران ناردووە و داوای لێ کردووە بێن گفتوگۆ لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی بکەن، ئەگەرنا چاوەڕێی هێرشی سەربازیی ئەمریکا بکەن. دواتر عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران، هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای دژی وڵاتەکەی سەرکۆنەکردن کە هەڕەشەی کردبوو هێرشی سەربازی بکاتە سەر ئێران. وەزیری دەرەوەی ئێرانیش رەتیدەکاتەوە هیچ نامەیەکیان لە ترەمپەوە پێ گەیشتبێت. خامنەیی گوتی: "هەندێ حکومەتی کەڵەگا پێداگری لەسەر دانوستاندن دەکەن، ئامانجی دانوستاندنیان چارەسەرکردنی کێشەکان نییە، ئامانجیان سەپاندنە." عەباس عێراقچی لە کاردانەوە بە کۆبوونەوەی داخراوی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ئەمڕۆ چوارشەممە لە بارەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانەوە بەڕێوەچوو، وتی گردبوونەوەکە "پرۆسەیەکی نوێ و سەیر و سەمەرەیە کە نیازپاکی ئەو دەوڵەتانە دەخاتە ژێر پرسیارەوە کە داوای دەکەن". ئەم کۆبوونەوەیە لەلایەن شەش ئەندامی ئەنجومەنەکە لە کۆی ١٥ ئەندامی ئەنجومەنەکە - فەرەنسا، یۆنان، پەنەما، کۆریای باشوور، بەریتانیا و ئەمریکا، بەهۆی فراوانکردنی کۆگاکانی یۆرانیۆمی نزیک لە پلەی چەک لەلایەن ئێرانەوە بوو.
بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری تورکیا ڕایگەیاندوە ئۆپەراسیۆنەکانی هێزە چەکدارەکانی تورکیا دژی شەڕڤانانى هەسەدە لەڕۆژئاواى کوردستان بەردەوام دەبێت، دوای ڕێککەوتنی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات حکومەتی نوێ لە دیمەشق. ئەو بەرپرسە لەلێدوانێکیدا بۆ ئاژانسى ڕۆیتەرز وردەکارییەکانی شوێنی ئۆپەراسیۆنەکانی نەخستوەتەڕوو. بەڵام جەختى لەسەر بەردەوامبوونى ئۆپراسێۆنەکان کردوەتەوە. ئەنقەرە هێزەکانى هەسەدە وەک تیرۆریست و پەیوەندیدار بە گروپی چەکداری پارتی کرێکارانی کوردستانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەڕوانێت کە بەشێکی زۆری باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریای بەدەستەوەیە و چەندین دەستدرێژی سنووربەزێنی بۆ سەریان ئەنجامداوە. واژۆکردنی ڕێککەوتنى نێوان هەسەدەو دیمشق، دوای ئەوە هات، عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، لە ڕاگەیاندراوێکی مێژووییدا لە 27ی شوباتدا داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو پارتە و دانانی چەکەکانی کرد، هەنگاوێک کە کوردانی سوریا پێشوازییان لێکرد. مەزلوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە هەمان ڕۆژدا ڕایگەیاند: نامانەوێت هێزەکانی سوریای دیموکرات هەڵبوەشێنینەوە، بە پێچەوانەوە پێمان وایە هێزەکانی سوریای دیموکرات سوپای نوێی سوریا بەهێزتر دەکات. ڕێککەوتنەکە کە لەلایەن مەزڵوم عەبدى و ئەحمەد شەرع سەرۆکی حکومەتی ڕاگوزەر لە سوریا واژۆ کراوە و لە هەشت مادە پێکهاتووە، لیژنە هاوبەشەکان کاردەکەن بۆ تەواوکردنی جێبەجێکردنی بەر لە کۆتایی ئەمساڵ. ئاماژە بەوەشکراوە کە دامودەزگاکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا لەگەڵ ئیدارەی دەوڵەتدا، لەوانە دەروازە سنوورییەکان، فڕۆکەخانە، و کێڵگە نەوتی و گازییەکان، لەگەڵ کورد پابەندبوون بە پاڵپشتیکردنی دەوڵەتی سوریا لە شەڕی دژی "پاشماوەکانی ڕژێمی ئەسەد" و هەموو ئەو هەڕەشانەی کە ڕووبەڕووی ئاسایش و یەکگرتووییەکەی دەبنەوە.
سەرکردەیەکى هێزەکانى سوریاى دیموکرات، ڕایدەگەیەنێت پێویست بە تەسلیمی چەکەکانمان ناکات، بەڵکو دەخرێنە ناو وەزارەتی بەرگرییەوە. لەچاوپێکەوتنێکیدا مەحمود حەبیب سەرکردە لەهێزەکانى هەسەدە، لەوەڵامى پرسیارێک سەبارەت بەوەى چۆن لەگەڵ سوپاى نوێى سوریا کاردەکەن و تێکەڵ دەبن، پێکهاتەکە چۆن دەبێت، ئایا هێزەکانی سوریای دیموکرات تەنها لەو ناوچانەدا دەمێننەوە کە ئێستا تێیدان یان بەهەموو سوریادا بڵاودەبنەوە. مەحمود حەبیب سەرکردەى هەسەدە وتى: ئەو هەوڵە هاوبەشەی کەبۆیەکگرتنەوەى هێزەکان نراوە هێشتا خەریکى بەدواداچوونن بۆ هەموو ئەو پرسانە، سەبارەت بەپرسیارەکەش، ئەم کارە ئێستا ناتوانرێت ئەنجام بدرێت، چونکە خزمەت بە بەرژەوەندی نیشتمانی ناکات و خزمەت بە بەرژەوەندی سەربازی ناکات، تەنانەت لەسەر ئاستی نیشتمانیش. ئەو جەخت لەسەر ئەوەکردەوە، ئێستا ناتوانرێت ئەم کارە بکرێت چونکە خزمەت بە بەرژەوەندی نەتەوەیی ناکات، وتیشى: ئەم سەرکردایەتییە پلەبەندییە دەتوانێت سەرکردایەتی بکات و دە ساڵە سەرکردایەتی دەکات و ئێستا ناتوانرێت جێگەی بگرێتەوە. سەرکردەکەى هەسەدە وتیشى: سەبارەت بە ڕیزەکان و پلەبەندی سەربازیش، ئەوانە ناتوانرێت لە ئێستادا بگۆڕدرێن و ناتوانرێت دەستبەردار بکرێن ئەمەش یەکێکە لەو هێڵە سورانەی کە ئەگەر ڕووبدات کاریگەرییەکەی نەرێنی دەبێت لەسەر دیموکراسی و لەسەر ئاسایشی گشتی لە سوریادا . مەحمود حەبیب لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا وتى: باشترین شت لەم ڕێککەوتنەدا ئەوەیە کە ئەم هەوڵانە و ئەم ئەزموونانەى هێزە ئەمنییەکان لە ناوچەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا لە ڕۆژهەڵاتی فورات سودیان لێ وەربگرێت، و لێرەدا پێموایە ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەم هێزانە ڕۆڵێکی زۆر گرنگیان هەبێت لە باقی جوگرافیای سوریادا. سەرکردەکەى هەسەدە وتیشى: هێزەکانی سوریای دیموکرات خاوەنی پلەبەندییەکی بەهێزی فەرماندەیی و ئەزموونێکی بەرفراوانن لە بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان، هەروەها توانای پاراستنی ئاسایشی ناو شارەکان و بەدرێژایی سنوورەکانیان هەیە، پێیوابوو ئەم ئەزموونە دەبێتە پێکهاتەیەکی سەرەکی سوپای سوریای داهاتوو
ئاژانسى ڕۆیتەرز، ئەمرۆ سێ شەممە، بڵاویکردەوە دانیشتوانی کۆمەڵگەی بەدەوی دەڵێن دانیشتوانی ئیسرائیلی چەکدار سەدان مەڕیان دزیوە. ئەمەش یەکێکە لە گەورەترین ڕووداوەکانی ئەم دواییەی کە تێیدا بەدەوییەکانی ناوچەکە ڕایانگەیاندوە کە هێرشیان کراوەتە سەر و هەراسانکراون. ئەم جۆرە هێرشانە لە ناوچەکە لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی غەززەوە زیادیان کردووە بەڵام شایەتحاڵەکان دەڵێن قەبارەی ڕووداوەکەی ڕۆژی هەینی لە نزیک عەین ئەلعوجە لە باکووری شاری ئەریحا لە کەناری ڕۆژئاوای داگیرکراو لەلایەن ئیسرائیلەوە زۆر زیاتر بووە لە هەموو شتێک کە پێشتر ڕویداوە. هانی زاید، دانیشتووی ئەو کۆمەڵگایە، بە ئاژانسى ڕۆیتەرزى ڕاگەیاندووە لە هێرشەکەدا ٧٠ مەڕی لەدەستداوەو دەڵێت: "ئەمە گەورەترین دزینى مەڕ بوو کە هەبووە". دوای چەندین ساڵ ئەزموون لە مامەڵەکردن لەگەڵ جێبەجێکردنی یاسای ناوخۆیی، بیرۆکەی چونە لاى پۆلیس بۆ یارمەتیدان و هاتووچۆ هیچی دیکەی لێنەکەوتەوە. "پۆلیس هیچ ناکات، هەرگیز لە هیچ شتێکدا یارمەتیمان نەداوە. ئەگەر پێیان بڵێیت دانیشتووەکە مەڕەکانت دەبات، دەپرسن 'دڵنیای ئەوەی هی تۆیە؟'". دانیشتوانی ناوچەکە دەڵێن نزیکەی هەزار و ٥٠٠ مەڕ و بزن لەلایەن دانیشتووانەوە بردراون، کە ئاژەڵەکانیان لە گوندەکەوە لەژێر چاوی پۆلیس و سەربازەکاندا لێخوڕیوە یان سواری ئۆتۆمبێلی پیکاب بوون. بەیاننامەیەکی پۆلیسی ئیسرائیل ڕەتیدەکاتەوە ڕووداوەکە بەو شێوەیە ڕوویداوە کە باسکراوە. سوپای ئیسرائیل هیچ لێدوانێکی نەدا و گروپێکیش نوێنەرایەتی دانیشتوانی ناوچەکەشیان نەکرد. دانیشتوانی ناوچەکە و گروپەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن دۆڵی ئوردن کە ناوچەیەکی تاڕادەیەک کەم دانیشتوانە و نزیکە لە ڕووباری ئوردن، ئێستا لە ژێر فشاری دانیشتوانی ناوچەکەدا زیاتر دەبێت. بۆ زۆرێک لە مەڕدارە بەدەوییەکان، لەدەستدانی مەڕێک بە مانای لەدەستدانی هەر ڕێگەیەک بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانە. وەک زۆرێک لە فەلەستینییەکان، مەڕدارە نیمچە کۆچەرییەکان لە عەین ئەلعوجە پێیان وایە ئامانجی گەورەتر ئەوەیە کە ناچاریان بکرێت لە خاکەکە بۆ ئەوەی ڕێگە بە دەستبەسەرداگرتنی تەواوەتی ئیسرائیل بدەن.
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکە بەهیچ شێوەیەک باسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەکراوە. لەکاتێکدا هەولێر و بەغدا بۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025 ڕێککەوتنیان هەیە و هەرێمی کوردستان تەواوی پابەندییەکانی خۆی پەیوەست بە ڕێککەوتنەکە جێبەجێکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ مووچەی مانگی دوو فەرمانبەرانی نەناردووە. سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ڕاگەیاند: لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران بەهیچ شێوەیەک باسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەکراوە. بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ چەندین بڕیار دراون، بەڵام هیچ یەکێک لەو بڕیارانە پەیوەندیان بە مووچەو شایستە داراییەکانى فەرمانبەران و هاوڵاتیانى کوردستانەوە نەبووە. هەموو سێشەممەی هەفتەیەک ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات و تێیدا گفتوگۆی ئەو پرسانە دەکرێت کە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان ژیانی خەڵکەوە هەیە. لەلایەکى دیکەوە، وەزیری دارایی عێراق جارێکی دیکە داوای دووبارەکردنەوەی وردبینی لە لسیتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کردووە. سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە ئەوەى ئاشکرا کرد "تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق جارێکی دیکە لیستی مووچەی ناردووەتەوە بۆ وردبینی، سەرباری ئەوەی لیستەکە گرفتی نەبووە". ئەو لیستەی داوای وردبینی کراوە، هەمان لیستی مووچەی مانگی یەکە، کە بڕیاربوو بکرێتە بنەمای خەرجکردنی مووچەی مانگەکانی دیکەی ئەم ساڵ. بەگوێرەی زانیارییەکان، بڕی پارەی تەرخانکراو بۆ مووچەی مانگی دوو، کەمترە لەو بڕەی حکومەتی عێراق بۆ مووچەی مانگی یەک بۆ هەرێمی کوردستانی نارد، کە 958 ملیار دینار بوو
هاوسەرۆکێکی دەم پارتی دووپاتی دەکاتەوە، نەورۆزی ئەمساڵ گرنگ و مێژووییە و نەورۆزی ئاشتی دەبێت. دەشڵێت: ڕێککەوتنەکەی عەبدی و شەرع، لەگەڵ پەیامەکەی ئۆجەلان دەگونجێت. سێشەممە، 11-03-2025، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە ڕێوڕەسمێکدا پەیامی جەژنی نەورۆزی، لە شاری دیابەکری باکووری کوردستان خوێندەوە. تونجەر باکرهان باسی لەوە کرد "بانگەوازێکی مێژوویی لەلایەن ئۆجەلانەوە کرا و لە قۆناغێکی زۆر گرنگداین. هەر لەو سۆنگەیەوە ئەمڕۆ پەیامی نەورۆز خوێنرایەوە، ئەم نەورۆزە زۆر گرنگە و دەبێت بە جوانترین شێوە یادی بکەینەوە." ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، 10-03-2025، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا، ڕێککەوتنێکی هەشت خاڵییان ئیمزا کرد. بە گوتەی ئەو هاوسەرۆکەی دەم پارتی، ڕێککەوتنامەکەی نێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع "لەگەڵ بانگەوازەکەی ئۆجەلان گونجاوە،" و دووپاتیشی کردەوە "نەورۆزی ئەمساڵ لە پێناو گەیشتنی کورد لە سووریا بە مافەکانی و بانگەوازەکەی ئۆجەلان لە پێناو کۆتاییهێنانی توندوتیژی زۆر گرنگ و مێژوویی دەبێت." ئەم پەیامە لە کاتێکدایە، شاندی دەم پارتی دەستی بە گەڕێکی دانوستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان، بۆ تاوتوێکردنی پەیامەکەی عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کردووە. پێنجشەممە 27ـی شوباتی 2025، شاندی ئیمڕالی دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، پەیامی ئۆجەلانیان بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی خوێندەوە. ئەحمەد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردین، پەیامی ئۆجەلانی بە زمانی کوردی خوێندەوە کە تێیدا هاتبوو "پەکەکە کاتێک دامەزرا کە ڕێگەی دیموکراسی گیرابوو، هەروەها پێویستە زمانی ئاشتی و دیموکراسی پێش بخرێت." لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتبوو "پێویستە پەکەکە چەک دابنێت، کۆنگرە ببەستێت و خۆی هەڵبوەشێنتەوە. بەرپرسیارەتیی ئەم بڕیارە لە ئەستۆ دەگرم."
ئاژانسى ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە دیپلۆماتکاران ڕۆژی دووشەممە ڕایانگەیاند، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی چوارشەممە لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە سەبارەت بە فراوانکردنی کۆگاکانی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە نزیک لە پلەی بۆمب کۆدەبێتەوە. کۆبوونەوەکە لەلایەن شەش ئەندامی ئەنجومەنەکە لە کۆی ١٥ ئەندامی ئەنجومەنەکە - فەرەنسا، یۆنان، پەنەما، کۆریای باشوور، بەریتانیا و ئەمریکا داوای لێکرا. هەروەها دەیانەوێت ئەنجومەنەکە تاوتوێی پابەندبوونی ئێران بکات بۆ پێدانی بە ڕێکخراوی چاودێری ئەتۆمی نەتەوە یەکگرتووەکان - ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی "زانیارییەکانی پێویست بۆ ڕوونکردنەوەی پرسە هەڵپەسێردراوەکانی پەیوەست بە ماددە ئەتۆمییە ڕانەگەیەندراوەکان کە لە چەندین شوێنی ئێراندا دۆزراونەتەوە. نوێنەرایەتی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک دەستبەجێ وەڵامی داواکارییەک بۆ لێدوان لەسەر ئەو کۆبوونەوەیە پلان بۆ داڕێژراوەی نەدایەوە. ئێران ڕەتیدەکاتەوە بیەوێت چەکی ئەتۆمی دروست بکات. بەڵام ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی هۆشداری داوە، بەڵام "بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش" پیتاندنی یۆرانیۆم خێراتر دەکات بۆ تا ٦٠% پاکی، کە نزیکە لە ئاستی نزیکەی ٩٠%ی پلەی چەک. دەوڵەتانی ڕۆژئاوا دەڵێن لەژێر هیچ بەرنامەیەکی مەدەنیدا پێویست بە پیتاندنی یۆرانیۆم بەو ئاستە بەرزە ناکات و هیچ وڵاتێکی دیکە بەبێ بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمی ئەو کارەی نەکردووە. ئێران دەڵێت بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئاشتیانەیە.
هاوکات لەگەڵ رێککەوتنی نێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع، تورکیا بەردەوامە لە هێرش و پەلامارەکانی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و تەنها شەوی رابردوو زیاتر لە 70 موشەکی ئاڕاستەی دەوروبەری پردی قەرەقۆزاخ و بەنداوی تشرین کردووە. ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات بڵاوی کردەوە: هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاخ چڕتربوەتەوە و لە رێگەی فڕۆکەی جەنگی و بێفڕۆکەوان و تانک و تۆپەوە بە چڕیی ناوچەکە بۆردومان دەکات. لە بەرەی قەرەقۆزاخ، سوپای تورکیا کۆمەڵکوژییەکی لە گوندی جەرافی سەر بە شارۆچکەی سیرین ئەنجامداوە و فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا ماڵی هاوڵاتییەکی مەدەنیان کردوەتە ئامانج و بەهۆیەوە منداڵێک گیانی لەدەستداوە و دوو منداڵی دیکەش برینداربوون، هاوکات لە رێگەی تۆپخانەکانییەوە، هەشت گوندی سنوری قەرەقۆزاخی کردوەتە ئامانج. هەسەدە ئاشکرای کردووە؛ تورکیا لە رێگەی تۆپخانە و تانکەکانی و بە چەکی قورس و هاوەن و تۆپهاوێژەوە بە هەڕەمەکی بەردەوام بووە لە بۆردومانکردنی ناوچەکە و لایەنی کەم 70 موشەک لە ناوچەکە کەوتوەتەوە و زیانێکی زۆری ماڵی بەر دانیشتوانی ناوچەکە کەوتووە. لەبەرەی بەنداوی تشرینیش، تورکیا بەبەردەوامی بۆردومان و تۆپبارانی باشور و باکوری بەنداوی تشرینی کردووە و بە درێژایی شەوی رابردوو بەردەوام بووە لە هێرشەکانی و بەهۆیەوە ئاگر لە ماڵی چەند هوڵاتییەک کەوتوەتەوە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیاش چەند جارێک ناوەندی بەنداوی تشرینیان بۆردوکان کردووە. بەپێی راگەیەندراوی هەسەدە، شەوی رابردوو دووبارە فڕۆکە جەنگی و بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا و تۆپخانەکانی، شوێنی کرێکارانی بەنداوی تشرینیان بۆردومان کردووە و زیانێکی زۆریان پێگەیاندوون. ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە راگەیەندراوەکەیدا بڵاوی کردوەتەوە، فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا بەبەردەوامی لەسەر ئاسمانی کۆبانێ و عەین عیسا و سیرین و ناوچەکانی دەوروبەری دەسوڕێنەوە و ناوچەکە بەجێناهێڵن. ئەوە لەکاتێکدایە شەوی رابردوو (10ی ئازاری 2025) مەزڵوم عەبدى فەرماندەى گشتى هێزەکانى سوریاى دیموکرات (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع سەرۆکى قۆناغی راگوزەری سوریا رێککەوتنێکى هەشت خاڵیان واژۆکرد، کە تێیدا جەخت لە تێکەڵکردنى دامەزراوە مەدەنى و سەربازییەکانى ئیدارەى خۆسەر لە گەڵ دیمەشق کراوەتەوە..