وردەکارى کوژرانى  حەوت سەربازی ئیسرائیلی لە غەززە

2 مانگ لەمەوپێش



 

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند کە 7 سەربازیان لە شاری خانیونس لە باشووری کەرتی غەززە کوژراون، ئەمەش لەدوای رووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ چەکدارانی حەماس لەنێو کەرتەکە.
 
رۆژی چوارشەممە 25ی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیدا لەگەڵ چەکدارانی حەماس لە باشووری کەرتی غەززە، 6 سەرباز و فەرماندەیەکیان کوژراون.
 
ماڵپەڕی فەرمیی سوپای ئیسرائیل ناوی 5 سەرباز و فەرماندەیەکی هەمان هێزی بڵاوکردووەتەوە، بەڵام ناسنامەی حەوتەمین سەربازی بڵاونەکردووەتەوە، چونکە هەروەکو سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، خێزانی سەربازەکە رێگەیان نەداوە ناوی بڵاوبکرێتەوە.
 
بەگوێرەی سوپای ئیسرائیل، لە ماوەی نزیکەی 20 مانگی جەنگی غەززەدا، زیاتر لە 430 سەربازی ئیسرائیلی لەو شەڕەدا کوژراون، کە بەهۆی هێرشەکانی 7ی ئۆکتۆبەری 2023ی چەکدارانی حەماسەوە بۆسەر باشووری ئیسرائیل دەستیپێکرد.
 
ئەمەش جگە لەوەی لەکاتی هێرشەکانی حەماسدا، لانیکەم 251 کەسیان بە دیل گرت و هێشتا بەشێکیان لەنێو غەززە دیلن و بەشێکی دیکەشیان کوژراون و تەرمەکانیان رادەست نەکراونەتەوە. بەگوێرەی سوپای ئیسرائیل 49 دیل هێشتا لە غەززە ماون، کە کوژرانی 27یان لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە پشتڕاست کراوەتەوە.
 
لە بەرامبەردا، بەرپرسانی تەندروستیی غەززە رایانگەیاندووە، بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لەنێو کەرتەکە، زیاتر لە 56 هەزار کەس، کە زۆرینەی قوربانییەکان خەڵکی سڤیلن، کوژراون.
 
رۆژی سێشەممە، لەدوای راگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە جەنگە 12 رۆژییەکەیان؛ ئیال زامیر، سوپاسالاری سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، دووبارە سوپا سەرنج دەخاتەوە سەر جەنگی غەززە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار