ئامادەکردنی: هاوڵاتی شاندی دەم پارتی دوای دووەمین دیداری لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەم پرۆسەیە هەموومان بە ئازادییەوە دەژیێنێت و بۆ بەدیهێنانی ئەمە چاوەڕێی هەوڵی تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگەن. دوای ئەوەی شاندی دەم پارتی رۆژی چوارشەممە سەردانی ئیمراڵیی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کۆبووەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە پەیامێکی نووسراوی بڵاوکردەوە و دەڵێت: بەڕێز ئۆجەلان سەرەخۆشی ئاراستەی ماڵباتی ئەو کەسانە دەکات کە لە رووداوی ئاگرە هۆتێلەکەی بۆڵو گیانیان لەدەستدا، هیوای شیفای خێراشی بۆ برینداران خواست. شاندی دەم پارتی کە لە سری سوورەیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی پێکدێت، دوای ئەوەی دوێنێ چوارشەممە نزیکەی دوو کاژێر لەگەڵ ئۆجەلان کۆبوونەوە، لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیاندا دەڵێن: کارەکانی بەڕێز ئۆجەلان لەمەڕ پرۆسەکە بەردەوام دەبێت. دوای تەواوکردنی ئامادەکارییەکان، پەیام بۆ رای گشتی بڵاودەکاتەوە. ئاماژەی بەوەشداوە، بەردەوام دەبن لەسەر کارەکان و دیدارەکانیان. لە هەر پێشهاتێکیشدا رای گشتی لێ ئاگادار دەکەنەوە.
ئامادەکردنی: هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا رایگەیاند: بڕیاریانداوە رێگە بە هاووڵاتیانی سووریایی نیشتەجێی کەمپی هۆل بدەن، خۆویستانە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان. دەستەی کاروباری کۆمەڵایەتی و زەحمەتکێشان لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە راگەیێندراوێکدا ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەڵێت ئەم بڕیارەیان لە 5ـی تشرینی یەکەمی 2020 دەرچووە، بەڵام ئەو خێزانانەی لە کەمپی هۆل نیشتەجێن لە ترسی رژێمی ئەسەد، لە گەڕانەوە دەترسان. دەستەکە رایگەیاندووە، دوای رووخانی رژێمی ئەسەد لە 8ـی کانوونی یەکەمی رابردوو، سووریا چووە قۆناخێکی نوێوە و هەندێک دۆسیەی مرۆیی بوونەتە لەپێشینە، لەنێویاندا دۆسیەی ئاوارە و پەنابەران، کە بارگرانییەکی قورس بوو لەسەر شانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا. دەشڵێت: دوای رووخانی رژێمی ئەسەد، چیدی هۆکارێک نییە بۆ ترس یان مانەوە لە کەمپەکەدا، بەڵێنیشی داوە هەموو ئاسانکارییەک بۆ ئەو خێزانانە بکات، کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە.
ئامادەکردنی: هاوڵاتی بهيانيى ئهمڕۆ پێنجشهممه نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان، پێشوازیی له بهڕێز د. تۆبیاس لیندنەر، وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا و ڕێکخەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بۆ کاروباری سووریا و شاندێكى ياوهرى كرد. له كۆبوونهوهيهكدا برهودان به پهيوهندييهكانى ئهڵمانيا لهگهڵ عێراق و ههرێمى كوردستان، پهيوهندييهكانى ههولێر ـ بهغدا، ههڵبژاردنى پهرلهمان و دۆخى عێراق و ههرێمى كوردستان، گۆڕانكارييهكانى سووريا و دوايين پێشهاتهكانى ڕۆژههڵاتى ناوهڕاست، تاوتوێ كران. نێچيرڤان بارزانى سوپاس و پێزانينى بۆ هاوكارى و پشتگيريى بهردهوامى ئهڵمانيا له بوارهكانى سهربازى و سياسى و مرۆييدا بۆ عێراق و ههرێمى كوردستان دهربڕى، ههروهها جهختى له خواستى ههرێمى كوردستان بۆ فراوانكردنى هاريكاريى هاوبهش لهگهڵ ئهڵمانيا له ههموو بوارهكاندا كردهوه. لاى خۆيهوه بهڕێز ليندنهر، سهرساميى خۆى به پرۆسهى دهنگدان بۆ ههڵبژاردنى پهرلهمانی كوردستان و ڕێژهى بهرزى بهشداريى هاووڵاتييان له ههڵبژاردندا دهربڕى، ههروهها دهربارهى ههوڵهكانى پێكهێنانى كابينهى نوێى حكوومهتى ههرێمى كوردستان لهگهڵ نێچيرڤان بارزانى، بيروڕاى گۆڕييهوه. دهربارهى دۆخى ناوچهكهش، ههردوولا داكۆكييان له گرنگيى پاراستنى ئارامى و سهقامگيرى و هاريكاريى ههموو لايهك بۆ دوورخستنهوهى ناوچهكه له ئاڵۆزيى زياتر كردهوه.
ئامادەکردنی: هاوڵاتی ئەمرۆ چوارشەممە شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بۆ دووەمجار سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستانیان لە ئیمراڵی کرد. میدیای تورکیا دەڵێن، شاندی دەم پارتی کە لە سری سورەیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی پێکهاتبوون، جارێکی تر سەردانی ئیمراڵیان کردووە و چاویان بە ئۆجەلان کەوتووە. بەگوێرەی میدیای تورکیا؛ دیداری شاندەکەی ئیمراڵی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، چوار کاژێری خایاندووە. نووسینگەی راگەیاندنی دەم پارتی بڵاویکردەوە، شاندەکە سبەینێ راگەیێندراوێک لەوبارەیەوە بڵاودەکاتەوە.
ئامادەکردنی: هاوڵاتی وەزیری بەرگری سووریا باس لە ئەگەری بەکارهێنانی هێز دەکات لە دژی هێزەکانی سووریای دیموکرات ئەگەر دانوستانەکان ئەنجامیان نەبێت. وەزیری بەرگریی سووریا، لەبارەی تێکەڵبوونی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەگەڵ هێزەکانی سووریا و چەکدانانیان، رایگەیاند ئەوان ئامادەن لەگەڵ کورد لەسەر ئەو پرسە گفتوگۆ بکەن، بەڵام رەتیشی نەکردەوە لە ئەگەری شکستهێنانی گفتوگۆکان، هێز بەکارنەهێنن. مورهەف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگریی سووریا، ئەمرۆ چوارشەممە لە دیمەشق، رایگەیاند ئێستا دەرگەی گفتوگۆ لەگەڵ هەسەدە کراوەیە، بەڵام ئەگەر پێویستی کرد هێز بەکاربهێنین، ئامادەین. پێشتر بەرپرسانی هەسەدە لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەسەڵاتی کاتیی سووریا کۆبوونەوە و لەدوای کۆبوونەوەکەش، شەرع راگەیاندبوو، پێویستە هەسەدە تێکەڵی سوپا نوێی سووریا بکرێت و لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت چەک تەنیا لەدەستی دەوڵەتدا بێت. هێزەکانی سووریای دیموکرات هاوپەیمانی سەرەکیی هێزەکانی ئەمریکایە لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە شەڕی دژی داعش و زۆربەی کێڵگە نەوتییەکانی کەوتوونەتە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدان، بەڵام دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا تەنیا کۆنترۆڵکردنی کێڵگە نەوتییەکانیان ناوێت و بە نیازن کۆی ناوچەکە کۆنترۆڵ بکەن.
لە کاتێکدا چارەنووسی مووچەی مانگی دوازدەی ساڵی 2024 بە نادیاری ماوەتەوە، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق بە دووری دەزانێت پرسی دواکەوتنی مووچە بەم زووانە کۆتایی بێت و دەڵێت کێشەکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق "زۆر گەورە بوون." دکتۆر فازڵ نەبی، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندوە هیچ ساڵێک نابێتە ساڵی بنەبڕکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ و پێی وایە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، "یاسا جێ بەجێ دەکات بەو شێوازەی کە لە عێراق شیکردنەوەی بۆ دەکرێت نەک شیکردنەوەکانی هەرێم." ئەو بەرپرسەى پێشووى وەزارەتى دارایی، ئەوەش باس دەکات ئەو بریکاری وەزیر بووى دارایی بوە لە عێراق، دەڵێت: چەندین بڕیاری سەرۆکوەزیرانم ڕەتکردووەتەوە و جێبەجێم نەکرد؛ بۆیە تەیف سامی ئێستا یاسا جێ بەجێ دەکات و هیچ کێشەیەکی شەخسی لەگەڵ کوردا نیە، بە پێچەوانەوە پەیوەندیمان لەگەڵی زۆر باشە." وتیشی، "تەیف سامی بەگوێی کەس ناکات و بڕیار و یاسا جێ بەجێ دەکات و دەڵێت من یاسای بودجەم هەیە و جێبەجێی دەکەم، یاسای بودجەش کە دەرچووە لە بەرژەوەندی کوردستان نییە. دەشڵێت بڕیارێکی دادگای فیدراڵی هەیە ئێمە لە عێراق بەو شێوەیە شیکردنەوەی بۆ دەکەین و هەرێمی کوردستانیش بەشێوازێکی تر." کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تەنها لەسەر نەوت نیە، بەڵکو لەسەر داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنوریەکان و لیستی موچەی فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمیشە. بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی دا کێشەکان زۆر گەورە بوونە و هیچ ساڵێک نابێتە ساڵی بنەبڕکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و عێراق، بەڵام دەتوانرێت بە دەنگدان لەسەر دەستکاری یاسای بودجە لە 75%ی کێشەکان چارەسەر ببێت. د.فازڵ نەبی، دەشڵێت، "کێشەکان دوو جۆرن: کێشەیەکیان مووچەیە کە بریارێکی دادگای فیدراڵی هەیە دەبێت مووچە بنێرێت. بەڵام بەغدا مەسەلەی مووچەی پەیوەستکردووە بە کۆمەڵێک شت. وەفدی ئێمە چوونە بەغدا بەداخەوە نەیانتوانیوە بگەنە دەرئەنجامێک. بەغدا دەڵێت دەبێت نیوەی داهاتی ناوخۆم ڕادەست بکەیت و نیوەکەش دیاریکراوە بە 80 ملیار دینار، پێدەچێت بەغدا تێبینی لەسەر ئەو بڕە هەبێت...کێشەکانی دیکە هونەرین و لیستی موچە گۆڕانکاری زۆری بەسەردا دێت." گرفتە بەردەوامەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی وایکرد، دوێنی 20ی مانگی یەکی 2025، جارێکی تر شاندی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بەسەرپەرشتی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم بڕۆن بۆ بەغدا و لەگەڵ تەیف سامی وەزیری دارایی حکومەتی فیدراڵ کۆببنەوە. فازڵ نەبی بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق ڕاشیگەیاند، "لە 2014ەوە کێشەی نێوان هەرێم و بەغدا هەیە و هەر لایەکیان هۆکارێکی هەیە بۆ چارەسەرنەکردنی...چونکە هەرلایەکیان شیکردنەوەیەکی دیاریکراوی هەبووە بۆ بڕیارەکان، ناشیەن پێکەوە چارەسەرێکی کۆتایی بکەن و بڵێن ئەوە چارەسەر بوو." وتیشی، "کێشەی ئەم برادەرانەی ئێمە ئەوەیە لە بەغدا بەدواداچونیان نەکردووە بۆ کێشەکان؛ لەگەڵ ئیدارەی دەوڵەت کاتی خۆی ڕێکەوتنێک هەبوو و چوار خاڵ چەسپا کە لە ماوەی شەش مانگی یەکەم ئەو چوار خاڵە جێ بەجێ بکرێت. بەڵام لەبەر ئەوەی بەدواداچوون نەبوو، ئەوە حکومەت تەواو بوو لەو چوار خاڵە پێنج لەسەدی جێ بەجێ نەکرا. وەفدی هەرێم زۆر بەخێرایی دەڕۆن و هەندێک قسە دەکەن و دەگەڕێنەوە و ناگەنە چارەسەری کۆتایی."
لە سێهەمین ڕۆژی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە، سوپای ئیسرائیل هەڵمەتێکی سەربازی بەرفراوانی لە جنین لە کەرتی ڕۆژئاوای دەستپێکردوە، هەروەها گەمارۆی بەسەر شارەکە و کەمپەکەیدا سەپاندوە. هاوکات وەزارەتی تەندرووستی فەلەستین بڵاویکردەوە، لەم هێرشەى ئیسرائیلدا١٠ فەلەستینی کوژراون و نزیکەی ٤٠ کەسی دیکەش برینداربوون. کەناڵی 13ی ئیسرائیلیش زنجیرەیەک دەستلەکارکێشانەوەی سەرکردایەتی سوپای ئیسرائیلی بڵاوکردەوە، هێرزی هەلێڤی، سوپاسالاری ئیسرائیل دەستی لەکارکێشاوەتەوە. لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی "داننان بە شکستی سەربازی لە 7ـی ئۆکتۆبەر" دەستی لەکارکێشاوەتەوە، هەروەها یارۆن فینکڵمان، فەرماندەی فەرماندەیی باشووری سوپای ئیسرائیل دەستلەکارکێشانەوەی خۆی ڕاگەیاند. لە لایەکی دیکەوە بەرپرسێکی بزووتنەوەی حەماس دەڵێت، شەممەی داهاتوو (25ـی ئەم مانگە) دووەم گرووپی بارمتەی ئیسرائیلی و بەندکراوانی فەلەستینی ئاڵوگۆڕ دەکرێن. بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل، دەزگای فریاکەوتنی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە ئەمشەو چوار کەس بە چەقۆ لە تەلئەبیب لە ناوەڕاستی ئیسرائیل بریندار بوون. ئاماژەی بەوەشکرد، قوربانییەکان بریتین لە دوو پیاوی تەمەن ٢٤ و ٢٨ ساڵ کە باری تەندروستییان مامناوەندە، هەروەها دوو پیاوی تەمەن ٢٤ و ٥٩ ساڵ کە باری تەندروستییان باشە. سەرچاوە پزیشکییەکان باسیان لەوە کردووە کە هێرشبەرەکە لە شوێنی ڕووداوەکە تەقەی لێکراوە و کوژراوە. لە قۆناخی یەکەمی ئاگربەستەکەدا بڕیارە 33 بارمتەی ئیسرائیلی، کە 31ـیان لە هێرشی حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 دەستگیرکرابوون، لە غەززەوە بگەڕێندرێنەوە، لە بەرامبەر ئەوەدا نزیکەی هەزار و 900 فەلەستینی لە لایەن ئیسرائیلەوە لە زیندانەکان ئازاد دەکرێن. زیاتر لە 230 لەو بەندکراوە فەلەستینییانە ئەوانەن کە پێشتر هێرشی کوشندەیان دژی ئیسرائیلییەکان کردووە و سزای بەندکردنی تاهەتاییان بۆ دەکراوە.
ئاژانسى ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، هێزەکانى سوریاى دیموکرات، سەرپەرشتی ئەو زیندانانە دەکەن کە چەکدارانی داعشیان تێدایە، ڕایدەگەیەنن دژی ڕادەستکردنی ئەو زیندانانەن بە ئیدارەى نوێی دیمەشق. نزیکەی 50 هەزار کەسی سەر بە داعش، 10 هەزاریان لە چەکدارانی ئەو گرووپە توندڕەون. هاوکات هەسەدە کەمپی هۆلیش لە ژێر کۆنترۆڵیاندایە، ئەو شوێنەی دەیان هەزار کەسی سەر بە داعش تێیدا دەژین و بەشێکی زۆریان ئەندامی بنەماڵەی گومانلێکراوانی چەکداری ئەو گروپەن. هێزەکانی سوریای دیموکرات کە لەلایەن ئەمەریکاوە پاڵپشتی دەکرێن و چارەکێکی سوریایان کۆنترۆڵکردووە، ڕایگەیاندووە چەکدارانی داعش لە دوای کەوتنی بەشار ئەسەدەوە لە 8ی مانگی دوازدەوە دووجار هێرشیان بۆ سەر زیندانەکان دەستپێکردووە، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ ئازادکردنی ئەندامەکانیان. ئەفسەرێکی کورد لە زیندانێکی شاری حەسەکە کە نزیکەی چوار هەزار و 500 چەکداری داعش تێیدا دەستبەسەرن کە ژمارەیەکی زۆریان بیانین، بە ئاژانسى رۆیتەرزى ڕایگەیاندوە گروپی داعش دووبارە هەوڵی ئازادکردنی هاوڕێکانیان لەو زیندانە دەدەن. ئەو ئەفسەرە وتیشى: کاتێک ڕژێمی سوریا ڕووخا، داعش چەکێکی زۆری دەستکەوت و خۆیان ڕێکدەخەنەوە بۆ هێرشکردنە سەر زیندانەکان. ئەو ئەفسەرە کوردە باسی لەوەش کرد، پاراستنی ئەم زیندانە تەنها لە ئەستۆی هێزەکانی هاوپەیمانی و هێزەکانی سوریای دیموکراتە. هێزی سوریای دیموکرات ڕایگەیاندووە چەکدارانی جیهادییەکان هەوڵیانداوە دۆخی ئاسایشی لاواز لە سەرتاسەری سوریادا بقۆزنەوە. ئەو ئەفسەرە کوردە ئاماژەی بە هێمای داعش کردووە لەسەر جلی ئەو چەکدارانەی دەستیان بەسەر دیمەشقدا گرتووە و تورکیا پشتیوانیان لێدەکات. هێزەکانی هەسەدە ماوەی دە ساڵە وەک پێشەنگی هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی داعش لە سوریا بە سەرکردایەتی ئەمەریکا کار دەکەن و لە ساڵی 2017دا جیهادییەکانیان لە بارەگاکانیان لە ڕەققە دەرکرد. لەو کاتەوەی گروپی تەحریری شام کە پێشتر سەر بە قاعیدە بووە، دەستی بەسەر دیمەشقدا گرتووە، زیندانەکانی داعش بوونەتە جێگای سەرنجی ئەو گرووپە. لەم نێوەندەدا زلهێزە دەرەکییەکان ناکۆکن لەسەر ئەوەی کێ دەبێت زیندانەکان بەڕێوە ببات. تورکیا کە کوردەکانی سوریا وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەی دەزانێت، دەڵێت پێویستە زیندانەکان ڕادەستی فەرمانڕەوا نوێیەکان بکرێن و هاوکارییان پێشکەشی جیهادییەکان کردووە بۆ بەڕێوەبردنیان. بەڕێوبەرایەتی بایدن پشتیوانی خۆی بۆ هێزە کوردییەکان بۆ بەڕێوەبردنی زیندانەکان دەربڕیبوو. ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمەریکا لە ٨ی ئەم مانگە ڕایگەیاند یەکێک لە ڕێگا گرنگەکان بۆ دوورکەوتنەوە لە سەرهەڵدانەوەی داعش، بەهێزکردنی هێزەکانی سوریای دیموکراتە.
بەبۆنەى ڕوداوى ئاگرکەوتنەوەکەى هۆتێلێکى تورکیا، نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێم ڕایگەیاند: من زۆر دڵتەنگم بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکەوە، بیرکردنەوە و دوعاکانم لەگەڵ قوربانیان و کەسوکارەکانیان و خەڵکی تورکیایە. بەرەبەیانی ئەمڕۆ، یەکێک لە هۆتێلەکانی سەنتەری کایاک لە ناوچەیەکی گەشتیاریی یاری خلیسکێنەی سەر بەفری کارتاڵکەی شاری بۆڵوی تورکیا ئاگر کەوتەوە و بەهۆیەوە تا ئێستا ٦٦ کەس گیانی لەدەستدا و ٥١ کەسی دیکەیش برینداربوون. لە پەرەى تایبەتى لەتۆڕى کۆمەڵایەتى ئێکس، نێچیرڤان بارزانى سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیامێکى هاوخەمى بڵاوکردەوەو تیایدا دەڵێت: من زۆر دڵتەنگم بەهۆی ئاگرکەوتنەوە دڵتەزێنەکەی هۆتێلێک لە بۆلو لە تورکیە. لەبەشێکى دیکەى پەیامەکەیدا هاتووە: بیرکردنەوە و دوعاکانم لەگەڵ قوربانیان و کەسوکارەکانیان و خەڵکی تورکیەیە لەم کاتە سەختەدا. ئێمە بە هاودەنگی لەگەڵ ئێوە وەستاوین. ئاگرکەوتنەوەکە بەرەبەیانى ئەمڕۆ سێشەممەبووە، میوانەکان ناچار بوون لە نیوە شەودا لە پەنجەرەکانەوە باز بدەنە دەرەوە، هۆتێلەکە دەکەوێتە سەر لوتکەی زنجیرە چیای بۆڵۆ و نزیکەی 170 کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژئاوای ئەنکەرەی پایتەختی وڵاتەکەوە دوورە. عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆی تورکیا لە کەناڵی ئێکس نووسیوێتی "ئاگرەکە کاتژمێر 3:27 خولەکی بەیانی بە کاتی تورکیا لە هۆتێلی گراند کارتاڵی 12 نهۆمی کەوتووەتەوە." بەرپرسان ئاماژەیان بەوەشکردووە ئۆتۆمبێلەکانی ئاگرکوژێنەوە و ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنیان ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەکە کردووە. یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا ڕایگەیاندووە شەش داواکاری گشتی ڕاسپێردراون بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە. میدیا ناوخۆییەکان باسیان لەوە کردووە کە لەکاتی ڕووداوەکەدا لانیکەم 230 کەس مێوانی هۆتێلە بوون کە لە کاتی پشووی دوو هەفتەی خوێندندا، خەڵک ڕوویان تێکردووە.
لە دانیشتنى ئەمڕۆى پەرلەمانى عێراقدا، سێ یاسا پەسەندکران، کە پێشتر کێشەو گرفتى زۆریان لێکەوتەوەو هەریەک لەو یاسایانە بەلای یەكێك لە پێكهاتەكانەوە گرنگە، ئەو سێ یاسایەش گەڕانەوەی موڵك و ماڵ بۆ خاوەنەكانیان و یاسای باری كەسیی و لێبوردنی گشتییە. پرۆژە یاسای گەڕاندنەوەی خاوەندارێتیی موڵک و ماڵی داگیرکراو بە فەرمانی ئەنجوومەنی ناسراو بە "قیادەی سەورە"ــی هەڵوەشاوە بەلاى کوردەوە زۆر جێى بایەخ بووە. شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانى عێراق لەوبارەیەوە، ڕایگەیاند، "سوپاس بۆ خودای گەورە سەرکەوتین، دوای 50 ساڵ لە داگیرکاری و 20 ساڵ لە ڕووخانی ڕژێمی بەعس، پرۆژە یاسای گەڕانەوەی زەوییەکان دەنگی لەسەر درا. جەختیشی لەوە کردەوە کە “ئەم بڕیارە بۆ بەهێزکردنی یەکگرتوویی هاتە ئاراوە، لە ئاشتی کۆمەڵایەتی لە پارێزگای کەرکوک”. هاوکات كاروان یاروەیس ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: ئەو یاسایە زۆر گرنگە بۆ کورد، چونکە بڕیارەكانی مەجلیسی قیادەی بەعسی هەڵوەشاندەوە، بەمەش نزیکەى یەک ملیۆن دۆنم زەوى زەوی كشتوكاڵی جوتیارانى كورد دەگەرێتەوە بۆ خاوەنەکانیان. یەکێک دیکە لە پڕۆژەکان کە دەنگی پێدرا پڕۆژە یاسای لێبووردنی گشتی بوو کە داواکاریی سوننەکان بوو، ئەوان دەیانەوێت ژمارەیەكی زۆر زیندانییان ئازاد بكەن. پڕۆژە یاساکەی دیکەش بریتی بوو لە هەمواری یاسای باری کەسێتی کە داواکاریی شیعەکان بوو. کارنامەی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق 10 بڕگە لەخۆ دەگرێت، حەوت بڕگەیان دەنگدان و سێ بڕگەی دیکە بۆ خوێندنەوەی چەند پرۆژەیاسایەکی دیکە بوو. لەئێستادا پەرلەمان بەردەوامە لە کۆبونەوەو گفتوگۆ دەکەن لەسەرهەمواری یاسای بوودجە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، یەکێک لە هۆتێلەکانی سەنتەری کایاک لە ناوچەیەکی گەشتیاریی یاری خلیسکێنەی سەر بەفری کارتاڵکەی شاری بۆڵوی تورکیا ئاگر کەوتەوە و بەهۆیەوە تا ئێستا ٦٦ کەس گیانی لەدەستدا و ٥١ کەسی دیکەیش برینداربوون. ئاگرکەوتنەوەکە بەرەبەیانى ئەمڕۆ سێشەممەبووە، میوانەکان ناچار بوون لە نیوە شەودا لە پەنجەرەکانەوە باز بدەنە دەرەوە، هۆتێلەکە دەکەوێتە سەر لوتکەی زنجیرە چیای بۆڵۆ و نزیکەی 170 کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژئاوای ئەنکەرەی پایتەختی وڵاتەکەوە دوورە. عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆی تورکیا لە کەناڵی ئێکس نووسیوێتی "ئاگرەکە کاتژمێر 3:27 خولەکی بەیانی بە کاتی تورکیا لە هۆتێلی گراند کارتاڵی 12 نهۆمی کەوتووەتەوە." میدیا ناوخۆییەکان باسیان لەوە کردووە کە لەکاتی ڕووداوەکەدا لانیکەم 230 کەس مێوانی هۆتێلە بوون کە لە کاتی پشووی دوو هەفتەی خوێندندا، خەڵک ڕوویان تێکردووە. پەخشی تایبەتی کەناڵی ئێن تی ڤی ئاشکرای کرد کە بەشێک لەوانەی گیانیانلەدەستداوە، بەهۆی ئەوەوە بووە کە لە پەنجەرەی هۆتێلەکەوە خۆیان هەڵداوە. شایەتحاڵێک بە میدیاکانی تورکیای ڕاگەیاندووە لە پەنجەرەی هۆتێلەکەوە خەڵکێکی بینیوە کە باز دەدەن. ئاماژەی بەوەشکردووە بەهۆی دوکەڵی زۆرەوە، دۆزینەوەی رێگاکانی فریاگوزاری لەکاتی هەڵهاتن ئەستەم بووە. بەپێی زانیارییەکانی، ڕووبەری هۆتێلەکە لە دار دروستکراوە، هەر بۆیە ئاگرەکە بە خێرایی گەشەی سەندووە. بەرپرسان ئاماژەیان بەوەشکردووە ئۆتۆمبێلەکانی ئاگرکوژێنەوە و ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنیان ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەکە کردووە. یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا ڕایگەیاندووە شەش داواکاری گشتی ڕاسپێردراون بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە.
لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆمارى عێراق، ڕایگەیاند، پێویستە سەرمایەدارانى کورد لەسەر ئاستى جیهان ڕۆڵ و دەنگیان هەبێت، هەوڵبدەن داهاتووى کوردستان ئابوریەکى بەهێزى هەبێت و واز لەو قۆناغە بهێنین کە هەر لەسەر مووچە بژین. لەمیانی بەشداریکردنی لەکۆڕبەندی ئابووری جیهانی لەداڤۆس، لەماڵى کوردستان، .لەتیف جەمال ڕەشید سەرۆک کۆمارى عێراق، بەئامادەبوونى مەسرور بارزانى و ژمارەیەک لە سەرمایەداران وتەیەکى پێشکەشکرد. لەبەشێکى قسەکانیدا سەرۆک کۆمار ئەوەى خستەڕوو پێویستە سەرمایەدارانى کورد لەسەر ئاستى جیهان ڕۆڵ و دەنگیان هەبێت، کاربکەن بۆ ئەوەى کۆمپانیاو سەرمایەدارەکانى ئەوروپاش لەڕیگەى ئەوانەوە بێنە کوردستان. وتیشى: سەرمایەدارانى دەرەوە بەشداری پێبکەن لە دروستکردنى کارو کارخانە، بۆ ئەوەى داهاتووى کوردستان ئابوریەکى بەهێزى هەبێت و واز لەو قۆناغە بهێنین کە هەر لەسەر مووچە بژین. لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا، لەتیف ڕەشید وتى: حەزدەم پێتا بڵێم ئەمە تەنها لەکوردستان نیە کە گرنگى دەدرێت بەمووچە، بەڵکو لەعێراقیش وایلێهاتووە، وتیشى: لە ٨٠%ى بوودجە بۆ مووچە دەڕوات، رێژەى ئەم مووچەیەش ساڵ بەساڵیش زیاتر دەبێت. سەرۆک کۆمارى عێراق، ئەوەشى خستەڕوو ژمارەى دانیشتوانى عێراق ئێستا نزیکەى ٤٥ ملێۆن کەسە، لە ٥٦%ى دواى ٢٠٠٣ لەدایک بووە، ماناى ئەوەیە ئەو جیلە بەو قۆناغەدا نەڕۆشتوون کە خەباتى کوردى تێدابووە یان ئەو ناخۆشیانەى بەسەر کوردا هاتووە. لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا وتى: من هانى سەرمایەداران دەدەم تەنها لەکوردستان خەریک نەبن بەڵکو بچنە ناوچەکانى دیکەش ئێستا بارودۆخ ئارام و ئاسایشە ئەو بازاڕەى کراوەتەوە لەعێراق سەرمایەدرانى کوردیش سودى لێوەربگرن. سەرۆک کۆمار دەڵێت: ئێمە پێویستە هانى کەرتى تایبەتیش بدەین و پشتیوانیان بین، بۆ ئەوەى ئەو فشارەى لەهەرێم و عێراقیشە بۆ مووچە کەمى بکەینەوە، تاوەکوو ئەوە نەکەین ناتوانین بەرەوپێشچوونى گەوەرە لەبوارى ئابوریدا بکەین. هەروەها تیشکی خستەسەر گرنگی بەرزکردنەوەی ئاستی گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕا بەئامانجی پەرەپێدانی ئابووری نیشتمانی و پەسەندکردنی پلانی ستراتیژی جددی لەکەرتی وەبەرهێنان هاوکات ستایشی ئەو هەوڵانەی کرد کەلەم بوارەدا دراون.
ناوەندى ڕاگەیاندنى هێزەکانى سوریاى دیموکرات، ئامارو کاروچالاکی و ئۆپراسێۆنەکانى دژى رێکخراوى داعش، لەساڵى ٢٠٢٤دا بڵاوکردەوەو بەپێى ئامارەکە هەسەدە توانیویەتى ١٧ تیرۆریستى داعش بکوژێت و لەونایاندا ٦ سەکردەى ئەو ڕیکخراوە هەبووە، هاوکات ٩٨ ئۆپەراسیۆنیان لەدژى ئەندامانى ئەو گروپە ئەنجامداوە. ئەمرۆ سێ شەممە، ناوەندى ڕاگەیاندنى هێزەکانى سوریاى دیموکرات هەسەدە، لەڕاگەیەندراوێکیاندا، ئامارەکەى ساڵى رابردوویان خستوەتەڕوو. هەسەدە دەڵێت، هێزه کانمان، سه ڕکه وتوو بوون لەبەدەستهێنانى سەرکەووتنى زۆر لەماوەى ساڵى ٢٠٢٤دا، بەرانبەر شانەکانى داعش، توانیومانە هەڕەشەو مەترسى تیرۆریستی له ناوخۆو دەرەوە کەمبکەینەوە، دەیان کارى ئەمنی سەرکەوتوانە ئەنجامدراوە. ئەمانە پوختەی ئەو ئۆپەراسیۆنە ئەمنی و سەربازییانەیە کە لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٤دا لەلایەن دامەزراوە ئەمنییە سەربازییەکانمانەوە دژی بەکرێگیراوان و شانەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی "داعش" ئەنجامدراون: ژمارەی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی کە لەلایەن هێزەکانمانەوە ئەنجامدراوە (98) ئۆپەراسیۆن. ژمارەی ئەندامانی ڕێکخراوی تیرۆریستی کوژراو: (17) کەس، لەنێویاندا (6) سەرکردە. ژمارەی ئەو ئەندامە تیرۆریستانەی دەستگیرکراون: (278) کەس. کۆنترۆڵکردنی بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنی، هەروەها ئەو مادانەی کە لە دروستکردنی تەقەمەنی و تەقەمەنیدا بەکاردەهێنرێن. ژمارەی ئەو ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستیانەی کە لەلایەن ڕێکخراوەکەوە ئەنجامدراون: 113 ئۆپەراسیۆن. ژمارەی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی کە لەلایەن هێزەکانمانەوە پووچەڵکراونەتەوە: (43). لەبەشێکى دیکەى ڕاگەیەندراوەکەى هەسەدە دەڵێن هێزەکانمان بە دۆزینەوەی چەندین ئامێری تەقەمەنی و بێلایەنکردنیان و ڕێگریکردن لە بۆردومان و ئۆپەراسیۆنی تێکدەر، جگە لە ئەنجامدانی چەندین هەڵمەتی شانەی بۆ دەستبەسەرداگرتنی کۆشکەکانی داعش، بەتایبەتی لەسەر سنوورەکانی سوریا و عێراق، بیابان ناوچەکان و کەمپی ئەلهۆڵ و دەوروبەری. ئەوەش دەڵێن هێزەکانى هەسەدە توانیویانە زۆرێک لەو ژینگەیانە وشک بکەنەوە کە پاڵپشتی چالاکیی ئەندامە تیرۆریستەکانی داعشیان دەکرد و نەهێڵن بگەنە خەڵکی ناوچەکە و ڕەشبگیرییان لێبکەن ئەوان سەرکەوتوو بوون لە دڵنیاکردنەوەی دانیشتوانی ناوچە گەرمەکان، ئەمە جگە لە بەرزکردنەوەی ئاسایشی دەوروبەری زیندانەکان و ڕێگریکردن لە گەیشتن بە شانەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی بەوان.
سەرۆک وهزیرانى عێراق، ڕێنمایی وەزارەتی دارایی کرد کە پێداویستیەکانی کۆمسیۆنى هەڵبژادن دابین بکات بۆ ڕێکخستنی پرۆسەی هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق، وجەختیشی کردەوە لەسەر ئامادەیی تەواوی حکومەت بۆ پاڵپشتیکردنی کارەکانی کۆمسیۆن. محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکی ئهنجوومهنی وەزیران سهرۆكایهتی کۆبوونەوەیەکی كرد کەتیایدا عومەر ئهحمهد محهمهد سەرۆکی دەستەی کۆمیسیارانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی وئەندامانی دەستەی کارگێڕی و بهرپرسی نووسینگهی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران وسەرۆکی دەستەی ڕاوێژکاران و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئامادهبوون. سودانی لەکۆبوونەوەکەدا دەستخۆشی لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان کرد بۆ درێژکردنەوەی کارەکانی دوای ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی بۆدا، ههروهها بهکورتهیهك سهبارهت به ئامادەکاری و ڕێکخستن و پێویستییەکانی کۆمسیۆن ئاگادارکرایەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی پەرلەمانی کە بڕیارە له کۆتایی ئەمساڵدا ئەنجامبدرێت. لە بەشێکى دبکەى کۆبونەوەکە، باس لە ئەگەری پەسەندکردنی کارتی نیشتمانی وەک بەڵگەنامەیەک بۆ هاوڵاتیان بۆ ئەوەی دەنگی خۆی بدات پێ بدات خرایهڕوو. سەرۆک وهزیران ڕێنمایی وەزارەتی دارایی کرد کە پێداویستیەکانی کۆمسیۆن دابین بکات لهدوای ئامادەکردنی بودجە بۆ ڕێکخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن، وجەختیشی کردەوە لەسەر ئامادەیی تەواوی حکومەت بۆ پاڵپشتیکردنی کارەکانی کۆمسیۆن بە هەموو توانایەکی بەردەست بۆ گهرهنتیكردنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پەرلەمانی پاك وشەفاف.
ــ بەرگری شارستانی تەرمى زیاتر لە ١٠ هەزار کەس لەژێر داروپەردوە ڕوخاوەکاندایە ــ 2842 کارمەندی بەرگری شارستانی لە شەڕی ئیسرائیلدا کوژراون ــ ئاوەدانکردنەوەى غەززە ٢١ ساڵ دەخایەنێت، ٢٠٠ ملیار دۆلارى پێویستە. ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە بۆ ڕۆژی دووەم بەڕێوەچوو، لە کاتێکدا نیشانە تاڵەکانی گەڕانەوە لە نێو ئەو دانیشتووانەدا دەرکەوت کە کاتێک چونەوە سەر ماڵە وێرانەکانیان، بەڵام تەرمی نەناسراویان دەدۆزیەوە، ئەمەش ڕۆژێک دوای یەکەم ئاڵوگۆڕی دیل لە نێوان بزووتنەوەی فەلەستین و ئیسرائیل. لە کاتێکدا هێزەکانی پۆلیسی حەماس بە شێوەیەکی بەرفراوان لە ناوچە جیاجیاکانی کەرتی بە تایبەتی لە باکوور جێگیر بوون، بەرگری شارستانی فەلەستین ڕایگەیاند کە هێزەکانیان دەستیان کردووە بە گەڕان بەدوای تەرمەکاندا لە ژێر داروپەردوودا و وتەبێژی ڕێکخراوەکە مەزەندەی کردووە کە ژمارەیان “زیاتر لە ١٠ هەزار کەسە”. ڕێککەوتنی ئاگربەست لە ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردووەوە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوەش دوای شەڕێکی 15 مانگە کە کەرتی غەززەی وێران کرد و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاگر تێبەردا. ئاوەدانکردنەوەی غەززە دوای شەڕ پێویستی بە ملیارەها دۆلار دەبێت. هەڵسەنگاندنێکی زیانەکان کە نەتەوە یەکگرتووەکان لەم مانگەدا بڵاویکردەوە، دەریخست کە پاککردنەوەی زیاتر لە ٥٠ ملیۆن تۆن داروپەردوو کە بەهۆی بۆردومانی ئیسرائیلەوە بەجێماوە، ٢١ ساڵ دەخایەنێت و ٢٠٠ ملیار دۆلارى پێویستە. لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕۆژی دووشەممە، وتەبێژی بەرگری شارستانی لە غەززە، مەحمود بەسەل، ڕایگەیاند “زەرەرو زیانە مرۆییەکانی تیمەکانی بەرگری شارستانی لە نێوان کوژراو و بریندارو دەستگیرکراوەکان لە سەرەتای شەڕی ئیسرائیلەوە گەیشتووەتە ٤٨ لەسەد”، ئاماژەی بەوەشکرد 2842 کارمەندی بەرگری شارستانی لە شەڕی ئیسرائیلدا کوژراون. بەیانی ڕۆژی دووشەممە دانیشتووانى غەززە پەناگە و ئەو ماڵانەی کە تێیدا بوون بەجێانهێشت بۆ ئەوەی واقیعی نوێ لە ژێر ئاگربەستەکەدا ئەزموون بکەن، بەڵام تووشی شۆک بوون کاتێک بازاڕەکانیان لە باکووری ستریپ بەتاڵ بوون لە کاڵاکان. نایل عەواد، دانیشتووی گەڕەکی شێخ ڕەدوان لە باکوری شاری غەززە، یەکێک بوو لەو هەزاران هاوڵاتیەی کە خۆیان ئامادە دەکرد بۆ کڕینی پێداویستیەکانیان بە نرخێکی کەم و کێبڕکێکار، لەگەڵ ئەوەشدا سەری سوڕما کاتێک گەیشتە بازاڕی گەڕەکەکە و بینی “بەتەواوی چۆڵ بووە و هیچی تێدا نەبوو جگە لە باینجان و بیبەری سەوز و هەندێک پاککەرەوە” بەپێی ئەوەی بە ئەشرق الوسەتی وتووە ئاماژەی بەوەشکرد: پێشبینیمان دەکرد دوای وەستانی شەڕ، دەستبەجێ کاڵا بچێتە بازاڕ، هەروەها بازاڕەکان پڕ بن لەو پێداویستیانەی کە هیوامان خواستبوو بچێتە ناوەوە دوای ئەو قۆناغە سەختەی تێیدا ژیاوین لە ناوچەکانی شاری غەززە و باکوور، بەڵام بازاڕەکان بۆ ڕۆژی دووەم چۆڵە جگە لە هەندێک پێداویستی کە پێشتر بەردەست بوون”. هێزە ئەمنییەکان جلوبەرگی سەربازییان لەبەردابوو، بەپێچەوانەی ڕۆژی یەکەم کە بەشێکیان بە جلوبەرگی مەدەنی و دەمامکەوە دەرکەوتن و چەکەکانیان هەڵگرتبوو و ئۆتۆمبێلە ئەمنییەکانی حەماسیش بینران کە بە شەقامەکاندا دەسوڕانەوە. بەگوێرەی سەرچاوە ئەمنییەکان، کۆبوونەوەکان لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی بزووتنەوەی حەماسەوە دەستیپێکردووە، ئامانجیان ئەوەیە کە بە خێرایی ڕیزەکانیان ڕێکبخەنەوە و دەست بە جۆرە جیاوازەکانی ئەرکە ئەمنییەکانیان بکەن. پەیامنێری شەرق ئەلئەوسەت لە غەززە چاودێری ئەو عەرەبانە ئاژەڵە ڕاکێشراوانەی کرد کە خێزان و کەلوپەلەکانیان هەڵگرتبوو، گواستیانەوە بۆ ناوچەکانی باکووری کەرتی غەززە، بەتایبەتی لە بەیت لاحیە و بەشێک لە بەیت حەنون. ئەکرەم مەکاوی، دانیشتووی بەیت لاحیە، ڕایگەیاندووە، "لە یەکەم ڕۆژی ئاگربەستەکەدا، کاتێک ناوچەی نیشتەجێبوونی خۆی پشکنیوە، بینیویەتی خانووەکەی بەپێوە ماوەو کەمێک زیانی پێگەیشتووە"، ئەمەش هانیداوە بەزوویی کەلوپەلەکانی بگەڕێنێتەوە بۆ خانووەکەى، ئەو ئێستا لە پەناگەیەکدى لە کەمپی ئەلشاتی دەژى. مەکاوی بۆ ئەشرق ئەلئەوسەت زیادیکرد کە لە سەختییەکانی دۆزینەوەی ژیانێک لە ماڵەکەیدا لە ژێر ڕۆشنایی کەمی ئاو تێدەگات، بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد: یەکسەر دەستم کرد بە چاککردنی ئەوەی کە دەتوانرێت چاک بکرێت، دەمەوێت بگەڕێمەوە بۆ ماڵەکەم بۆ ئەوەی بە ئارامی بخەوم، دەمەوێت ئازادی سادەی خۆم بۆ خاوەندارێتی خۆم و خێزانەکەم بەدەستبهێنمەوە. دەزگای فریاگوزاری نێودەوڵەتی ڕایدەگەیەنێت هەزاران خانووی گەڕۆک و دەیان هەزار خێمە چاوەڕێی هێنانە ژوورەوەن، کە ئەمەش پێویستی دانیشتوانەکە پڕدەکاتەوە.