مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی ئێن بی سی نیوز لە تاران ڕایگەیاند، ئێران هەرگیز پلانی تیرۆرکردنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکای نەبووە لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ڕابردوودا. پزیشکیان، لەو چاوپێکەوتنەکەدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە لە ماڵپەڕی تۆڕەکەدا بڵاوکرایەوە، دەڵێت: ئەمە یەکێکە لەو پیلانانەی کە ئیسرائیل و وڵاتانی دیکە پلانیان هەیە بۆ پەرەپێدانی ترس لە ئێران بۆ تیرۆرکردنی هەر کەسێک، لانیکەم ئەوەندەی من بزانم. لە 13-7-2024 لە کۆبوونەوەی جەماوەری بانگەشەی هەڵبژاردن لە شاری باتلەری پێنسلڤانیا، لە دوورەوە تەقە لە ترەمپ کراو بەسووکی گوێچکەی برینداربوو. لە مانگی نۆڤەمبەردا، ئەسۆشێتد پرێس بڵاویکردەوە، وەزارەتی دادی ئەمریکا پەردەی لەسەر تۆمەتە تاوانکارییەکان لادا کە پەیوەندییان بە "پیلانێکی ئێرانییەوە" هەیە بۆ تیرۆرکردنی ترەمپ پێش هەڵبژاردنەکان. بەپێی ڕاپۆرتی ئەسۆشێتد پرێس، تۆمەتێکی تاوانکاری کە لە دادگای فیدراڵی لە مانهاتن لە نیویۆرک تۆمار کراوە، دەریخستووە کە بەرپرسێکی سوپای پاسدارانی ئێران کە ناوی نەهێنراوە، مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردوو بریکارێکی ڕاسپاردووە کە پلانێک بۆ چاودێریکردن و دواجار تیرۆرکردنی ترەمپ دابڕێژێت. تۆڕی ئەی بی سی نیوزی ئەمریکی لە زاری سەرچاوە ئەمنییەکانەوە کە ناوی نەهێنراون بڵاویکردەوە، لە پلانێکی ئێرانی بۆ تیرۆرکردنی ترەمپ و نەیارانی ئێرانی، سێ کەس تۆمەتبارکراون. وەزارەتی دەرەوەى ئێران، لەوکاتەدا ڕایگەیاند "دووبارەکردنەوەى ئەو تۆمەته پیلانی ئیسرائیل و دوژمنانی ئێرانه بۆ ئاڵۆزکردنی پرسەکانی نێوان واشنتن و تاران. ئەم لێدوانانەی مەسعوود پزشکیان لەبارەی ئەمریکا لەکاتێکدایە کە ئێران دەبێت خۆی ئامادە بکات بۆ ڕووبەڕووبونەوە لەگەڵ دەسەڵاتی ترەمپ کە چاوەڕوان دەکرێت سزای قورس بەسەر ئێراندا بسەپێنێت.

بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕاگەیاندنی هەسەدە سەبارەت بە درۆنەکانی شەڕڤانانی هەسەدە میدیاکانی دەوڵەتی تورکیاى داگیرکارى بە درۆ خستەوەو ڕایگەیاند، هەموو ئەو درۆنانەی کە بەکاریدەهێنین بەرهەمی ئەزموونی تایبەتی خەڵکی رۆژئاوایە. فەرهاد شامی، بەرێوەبەری نووسینگەی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە) لە بارەی ئەو هەواڵانەی میدیاکانی دەوڵەتی تورک بڵاوی دەکەنەوە کە گوایە ئێران هەزار و ٥٠٠ درۆنی بە قەسەدە بەخشیوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیاندراوەکەی فەرهاد شامییدا هاتووە، میدیا تورکییەکان کە پشتیوانی لە سیاسەتی قڕکردنی گەلانی ناوچەکە لەلایەن حکومەتی تورکیاوە دەکات، درۆ بڵاو دەکاتەوە هەواڵێکی بێبنەمایان بڵاوکردووەتەوە، کە گوایە لە نێوان هێزەکانی ئێمە و ئێران پەیمانێک هەیە و هەزار و ٥٠٠ درۆنمان وەرگرتووە. ئامانج لە بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە درۆینانەی میدیاکانی تورکیا ئەوەیە کە زیان بە هێز و گەلەکەمان و دژایەتی دۆزی گەلەکەمان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ڕای گشتیی و نێودەوڵەتیی درووستبکات. وتەبێژەکەى هەسەدە وتیشى: شەڕڤانانمان کە سوودیان لە پسپۆڕیی شەڕیان دژی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش وەرگرتووە، لە هەمان کاتدا دەرفەتە سەربازییەکانیان پێشخستووە و درۆنیان درووستکردووە، ئەو درۆنانە بەرهەمی ئەزموونی هاوڵاتییانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایە.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، وردەکارییەکانی پلانی ڕۆژانى دواتر لە کەرتی غەززە دوای کۆتایی هاتنی شەڕو ئاگربەستی ئاشکرا کرد، جەختیشی لەوە کردەوە کە ڕادەستی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دەکرێت. بلینکن ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئیدارەی غەززە لە دوای جەنگەوە دەبێت لەلایەن دەسەڵاتی فەلەستینییەوە بگرێتە ئەستۆ، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان و لایەنە بیانییەکان بەشێوەیەکى کاتى ڕۆڵى تێدا دەگێڕن. سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە، بلینکن دووپاتی کردەوە کە حەماس پێشنیارەکانی جۆ بایدنی قبوڵکردووەو لەگەڵ ناوبژیوانان کاردەکات بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕکردن و کردنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە بۆ هەمیشەیی. بلینکن زیادی کرد: ئێمە پێمان وایە دەسەڵاتی فەلەستین پێویستە هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان بانگهێشت بکات بۆ یارمەتیدان لە دامەزراندنی و وەرگرتنی ئیدارەیەکی کاتی کە بەرپرسیارێتی کەرتە سەرەکییە مەدەنییەکان لە غەززە لە ئەستۆ بگرێت. ڕوونیشیکردەوە، پلانەکە لەسەر بنەمای کشانەوەی ئیسرائیل و دامەزراندنی دەسەڵاتێکە بۆ بەڕێوەبردنی غەززە، بەجۆرێک دەسەڵاتی فەلەستین بەشداری لە بەڕێوەبردنی کەرتی غەززەدا بکات. لە چوارچێوەی پلانە نوێیەکەدا، بلینکن جەختی لەوە کردەوە کە ئەوانەی بەرپرسی بەڕێوەبردنی غەززەن لە نزیکەوە لەگەڵ بەرپرسێکی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان کاردەکەن بۆ سەرپەرشتیکردنی هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە سەقامگیری و بوژانەوەی کەرتی غەززە. ڕوونیشی کردەوە کە هێزێکی ئەمنی کاتی لە هێزەکانی وڵاتانی هاوبەش و  فەلەستینییەکان پێکدەهێنرێت، ئەو بەرپرسە ئەمریکییە داوای لە دەسەڵاتی فەلەستین کرد چاکسازیی هەمەلایەنە ئەنجام بدات، یەکڕیزی لە نێوان کەرتی ڕۆژئاوا و کەرتی غەززەدا هەبێت.  جەختی لەوە کردەوە کە ئیسرائیل دەبێت غەززە و کەناری ڕۆژئاوا بە سەرکردایەتی دەسەڵاتێکی چاکسازیکراوی فەلەستین یەکگرتوو قبوڵ بکات. ناوبراو جەختی لەسەر پێویستی خۆشکردنی ڕێگه بۆ فەلەستینییەکان و ئیسرائیلییەکان کردەوه شان بەشانی یەکتر له ئازایدا بژین.

نووسینگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، زیاتر لە 403 هەزار کەس کە لە شارەکانی مەنبەج و کۆبانی نیشتەجێن، بەدەست کم ئاوییەوە دەنأڵێنن، زۆربەی گوندەکانی لادێی ڕۆژهەڵاتى سوریا ڕووبەڕووی کەمی ئاوی خواردنەوە دەبنەوە. بەپێى ئەو راپۆرتەى نووسینگەی مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان، بڵاویکردوەتەوە، دۆخی ئەمنی لە بەشێک لە سوریا بە ناجێگیری ماوەتەوە، ئاماژە بەوەشکراوە، شەڕو پێکدادانەکان لە پارێزگای ئیدلب بەردەوامە، ناوچەکانی دەوروبەری بەنداوی تشرین زیانیان بەرکەوتووە، کە ماوەی ٣٥ ڕۆژە لە خزمەتگوزاری ئاوو کارەبا بێبەشکراون. هەر لەراپۆرتەدا ئەوە ڕوونکراوەتەوە، زیاتر لە 403 هەزار کەس کە لە شارەکانی مەنبەج و کۆبانی نیشتەجێن، هێشتا ئاویان دەست نەکەوتووە. لە پارێزگای دێرەزۆر، زۆربەی گوندەکانی لادێی ڕۆژهەڵاتی ڕووبەڕووی کەمی ئاوی خواردنەوە دەبنەوە بەهۆی کەمی ژمارەی وێستگەکانی ئاوی خورادنەوە. ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای ئەم تەحەددایانە، فەرمانگە و هاوبەشەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوامن لە پشتگیریکردنی وەڵامدانەوەی مرۆیی بەپێی ئەوەی بارودۆخی ئەمنی و لۆجستی ڕێگەی پێدەدات. ستیفان دوجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاماژەى بەوەکردوە نێردەی تایبەت لە سوریا، لەکاتی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەکانی ڕیاز سەبارەت بە سوریا، دیدارێکی بنیاتنەری لەگەڵ وەزیری دەرەوەی حکومەتی چاودێر لە سوریا، ئەسعەد شیبانی ئەنجامداوە. ستیفان دوجاریک لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەیدا لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکە تیشکی خستۆتە سەر پێشخستنی گواستنەوەی سیاسی هەمەلایەنە بە سەرکردایەتی سوریا و چارەسەرکردنی ئەو ئاستەنگانەی کە ڕووبەڕووی سوریا دەبێتەوە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد. دوجاریک ئاماژەی بەوەشکرد، نێردەی تایبەت پێشوازی لەو پاڵپشتییە بەهێزە کرد کە بۆ گەلی سوریا دەربڕدراوە و پابەندبوون بە هاوکاریکردنی دەسەڵاتە کاتییەکان لەم قۆناغە گرنگەدا. نێردەی تایبەت ئامادەیی نەتەوە یەکگرتووەکان دووپاتکردەوە بۆ یارمەتیدانی سوریا و گەلەکەی بۆ قۆستنەوەی دەرفەتە مێژووییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان. وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە نەجات ڕۆچدی جێگری نێردەی تایبەت هێشتا لە دیمەشقە و لەوێ بەردەوامە لە ڕاوێژکارییەکانی لەگەڵ لایەنە جیاجیاکان.

دانی دانۆن، باڵیۆزی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، حزبوڵا هەوڵدەدات بە هاوکاری ئێران هێزی خۆی وەربگرێتەوەو خۆى پڕ چەک بکاتەوە، ڕاشیدەگەیەنێت ئەو حزبە هێشتا مەترسییەکی جددی لە سەر ئیسرائیل و سەقامگیری ناوچەکە دروست دەکات. دانۆن لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە پێکهاتووە لە ١٥ ئەندام، دەڵێت: هەرچەندە لە کاتی شەڕدا توانای سەربازیی حیزبوڵڵا بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بووەوە، بەڵام ئێستا بە هاوکاری ئێران هەوڵ دەدات هێزی خۆی وەربگرێتەوە. دانۆن بە پێویستی زانی حکومەتی لوبنان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەرنجیان لەسەر کەمکردنەوەی قاچاخچێتی چەک و تەقەمەنی و پاڵپشتی دارایی لە سنووری سوریا و لوبنان و لە ڕێگەی ڕێگا ئاسمانی و دەریاییەکانەوە بێت. دانۆن لە بەشێکى دیکەى راگەیەندراوەکەیدا، ڕوونی کردەوە لەوەتەی ڕێککەوتنی ئاگربەست کراوە، چەندین هەوڵی گواستنەوەی چەک و پارە بۆ حزبوڵا دراوە. بڕیارە ئەمرۆ سێ شەممە ئیسرائیل و حزبوڵا ڕێککەوتنێک واژۆبکەن لەسەر ئاگربەستێکی 60 ڕۆژە بە نێوەندگیری ئەمریکاو لە 27ی ئەم مانگەوە دەستپێدەکات، ئەمەش دوای زیاتر لە ساڵێک لە ململانێ.  لە ڕێککەوتنەکەدا جێگیرکردنی سوپای لوبنان لە باشووری لوبنان لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل و حزبوڵا دیاریکراوە.

پات ڕایدەر ووتەبێژى وەزارەتى بەرگرى ئەمریکا (پنتاگۆن) رایدەگەیەنێت ئەوان هیواخوازن شەر لەنێوان هێزەکانى هەسەدەو تورکیا لە باکورى سوریا(بەنداوى تشرین) کۆتایی پێبهێنرێت. لەکۆنگرەیەکى رۆنامەوانیدا، لەوەڵامى پرسیارى رۆژنامەنوسان سەبارەت بە سەرهەڵدانەوەى داعش، پات ڕایدەر ووتەبێژى وەزارەتى بەرگرى ئەمریکا (پنتاگۆن) وتى:  ئێمە دەمانەوێت گرژى و ئاڵۆزیەکان بەرەو کەمبوونەوە بچن، چونکە نامانەوێت سەرهەڵدانەوەی داعش یان ئەو هەلومەرجە ببینین کە ڕەنگە ببێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی داعش لە سوریا. وتەبێژەکەى پنتاگۆن وتیشى : شەڕێکى سەخت لە باکورى سوریا (بەنداوى تشرین) هەیە لەنێوان هێزەکانی سوریاى دیموکرات و تورکیا یان ئەوهێزانەی سەر بە تورکیان، ئەمانەوێت کۆتایی پێبێت و ئاگربەست رابگەیەنرێت. وتەبێژی پنتاگۆن ئەوەشى خستەروو ئەرکی ئەوان وەک هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا شکستپێهێنانی داعشە، وتى: من ئاگاداری ئەوەنیم هیچ گۆڕانکارییەک لەو ئەرکە رویدابێت. بەنداوی تشرین دەکەوێتە ناوچەی مەنبەج لە پارێزگای حەلەب لە سوریا لەسەر ڕووباری فورات ئامانجی بەرهەمهێنانی کارەبایە. ١١٥ کم لە حەلەبەوە دوورە و ٨٠ کم لە سنووری تورکیاوە دوورە. تێچووی پڕۆژەکە ٢٢ ملیار دۆلار بووە.

سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانى عێراق، عەتوان عەتوانی، جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە ئەولەویەتەکانی بودجەی ساڵی 2025 بریتین لە دەستەبەرکردنی مووچە و خەرجییەکانی حوکمڕانی و هەموو ئەو شتانەی کە کاریگەرییان لەسەر ژیانی هاووڵاتیان هەیە. ئەمرۆ دووشەممە، نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمان لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئاماژەی بەوەکردووە، کۆبوونەوەیەکی فراوانى لیژنەی دارایی پەرلەمان لەگەڵ ستافی باڵای وەزارەتى دارایی بەڕێوەچووە. مەبەستى کۆبونەوەکە، بۆ پێداچوونەوەو گفتوگۆکردن بووە لەسەر ژمارەیەک دۆسیەو بابەتی دارایی، پێداچوونەوە بە قەرزی گشتی لە وەزارەتی دارایی، فایلەکانی قەبارەی خەرجکردن و نەختینەی بەردەست، ڕێژەی کورتهێنانی بودجە کراوە. بەپێى راگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە بارودۆخی دارایی وڵات و ڕێگاکانی تێپەڕاندنی ئەو تەحەددایانەی ڕووبەڕووی سیاسەتی دارایی وڵات بووەتەوە، دوایین ئامادەکارییەکانی ئامادەکردنی خشتەی بودجەی ساڵی 2025، هەروەها میکانیزم و پلانەکانی دڵنیابوون لە دابینکردنی دارایی مووچە و خەرجییەکانی حوکمڕانی لەماوەی ئەمساڵدا تاوتوێ کراوە. عەتوانی ئاماژەی بەوەکردووە، ئامانجی سەرەکی بودجەی سێ ساڵە چارەسەرکردنی کێشە داراییەکان بووە، بەڵام مەرجی هەبوونی نەختینەی دارایی پێش گرێبەستکردن ئێمەی بردەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم. هەروەها وتیشى: ئێمە ڕێگای یەکگرتنی ئەرێنیمان لەگەڵ دەسەڵاتی جێبەجێکردن گرتەبەر بە ئامانجی ئەوەی بتوانێت بڕگەکانی بەرنامەی حکومەتەکەی جێبەجێ بکات، ئەولەویەتەکانی بودجەی ساڵی 2025 بریتین لە دەستەبەرکردنی مووچە، خەرجییەکانی حوکمڕانی، و هەموو ئەو شتانەی کە کاریگەرییان لەسەر ژیانی هاووڵاتیان هەیە. ئاماژەی بەوەشکرد، "پێویستە وەزارەتی دارایی پلان و بەرنامەی دروستی هەبێت بۆ بەڕێوەبردنی سیاسەتی دارایی بە شێوەیەک کە گەشەسەندن بەدەستبهێنێت.

جێگری سەرۆکی هەدەپە و پەرلەمانتارو ئەندامی شاندی ئیمرالی، سڕی سوڕەیان ئۆندەر، جەختى لەسەر ئەوەکردەوە، هەڵوێستی عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەبارەت بە ئاشتی ڕوونەو ئەو داوای ئاشتی و پێکەوەژیان دەکات. جێگری سەرۆکی هەدەپە، لەوەڵامى رۆژنامەنوساندا رایدەگەیاند "ئەوەی ئێمە جیاواز لە جەماوەر دەیزانین ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانمانە، کاتێک پرۆسەکە گەیشتە قۆناغێکی دیاریکراو هەموو شتێک بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیەنین". لەوەڵامى پرسیارێک سەبارەت بە هەڵوێستى ئۆجەلان، سیری سوریە ئۆندەر جەختی لەوە کردەوە کە هەڵوێستی ئۆجەلان ڕوونە، ئەو وتى: عەبدوڵا ئۆجەلان داوای ئاشتی و پێکەوەژیان دەکات، هەڵوێستی سیاسی نیشان دەدات نەک بانگەوازی شەڕ و توندوتیژی. سەبارەت بەناوەرۆکى کۆبوونەوەو سەردانەکانى شاندى دەم پارتى بۆلاى پارت و لایەنەکانى پەرلەمانى تورکیا، جێگری سەرۆکی هەدەپە، وتى: من ناڵێم ئەمە شتێکی ئاساییە، بەڵام ئەم نەبوونی شەفافیەت سەبارەت بە ڕاستگۆیی پرۆسەکە نییە، بەڵکو سەبارەت بە دۆخەکە بە واتایەکی تر ئێمە تەنیا نین وڵاتان و ئەکتەرەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەدوای ئەوەدان بزانن چی ڕوودەدات لە ڕێگەی ئامرازو شێوازی جۆراوجۆرەوە. ئۆندەر سەرنجی بۆ پێشنیازو هەڵسەنگاندنەکانی ئۆجەلان ڕاکێشا سەبارەت بە پێشهاتەکانی ناوچەکە، وتی: ئێستا ڕوون نییە ئەمریکا، ئیسرائیل، ئێران، تورکیا یان ئەکتەرەکانی دیکەی ناوچەی سوریا چی دەکەن ئێستا باسی لێوە دەکرێت ئەوەیە کە حکومەت چی دەکات.

دانوستانەکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە غەززەو ئازادکردنی بارمتەکان بە کۆبوونەوەیەک لە دۆحەی پایتەختی قەتەر سبەی سێشەممە بەردەوام دەبێت، ئەمەش بەپێى هەواڵێکى ئاژانسى رۆیتەرز. سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دانوستانەکان بە رۆیتەرزى ڕایگەیاندوە، سبەینێ سێشەممە لە دەوحە خولێکی نوێى دانوستانەکانی نێوان ئیسرایل و حەماس لەبارەى ئاگربەست لە غەززە ئەنجامبدرێت بۆ یەکلاییکردنەوەی وردەکارییەکان. ئەو بەرپرسە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، ڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە "لە هەموو کاتێک نزیکترە". ئاشکراشی کرد کە بڕیارە ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا و برێت مەکگۆرک، نوێنەری جۆ بایدن، سەرۆکى ئێستاى ئەمریکا، لەگەڵ سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل و سەرۆکوەزیرانی قەتەر ئامادەبن. قەتەر شایەتحاڵی دانوستانی ناڕاستەوخۆی چڕوپڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر ئازادکردنی بارمتەکانی دەستبەسەرکراو لە غەززە و زیندانیانی فەلەستینی کە لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستبەسەرن. بەرپرسانی ئیسرائیل و ئەمریکا ئاماژەیان بەوە کرد کە پێشکەوتن بەدەست هاتووە کە گەیشتن بە ڕێککەوتنێک نزیک بووەتەوە. سەرچاوەیەکی فەلەستینی ڕایگەیاند کە حەماس لەم دانوستانانەدا وەڵامێکی ئەرێنی بۆ ڕەشنووسی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە پێشکەش کردووە، بەبێ ئەوەی هیچ ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە بڕگەکانی دەرببڕێت. بڕیارە لە قۆناغی یەکەمی گرێبەستەکەدا، ژن و منداڵ و پیاوانی سەروو ٥٠ ساڵ یان نەخۆش ئازاد بکرێت، هەروەها سوپا وردە وردە لە زۆربەی ناوچەکانی ستریپ دەکشێتەوە بۆ ناوچەیەکی پارێزراو لە ماوەی ٤٢ ڕۆژدا. بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، دانوستانەکان بۆ قۆناغەکانی دواتر دوای ١٦ ڕۆژ لە چوونە بواری جێبەجێکردنی ئاگربەست لە کەرتی ئەمریکا دەست پێدەکات. سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەبارەت بە ڕێککەوتنەکە ڕاوێژکاری ئەمنی ئەنجام دەدات.

فه ڕماندەى گشتی هێزەکانى سوریای دیموکرات، رایدەگەیەنێت قۆناغی ئێستا پێویستی به هه وڵێکی هاوبەشه له نێوان هه موو لایەنه کوردییەکان بۆ به دیهێنانی سەقامگیری. بەپێى راگەیەندراوێکى هەسەدە، پاشنیوەرۆى ئەمرۆ دووشەمە، مەزڵوم عەبدى فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە دیدارێکدا پێشوازی لە نوێنەری مەسعوود بارزانی، دکتۆر حامید دەربەندی کرد کە دوایین پێشهاتەکانی گۆرەپانی کوردی و هەرێمی تاوتوێ کردوە. بەپێى راگەیەندراوەکە، مەزڵوم عەبدى لەکۆبونەوەکە، رایگەیاندوە قۆناغی ئێستا پێویستی به هه وڵێکی هاوبەشه له نێوان هه موو لایەنه کوردییەکان بۆ به دیهێنانی سەقامگیری و و دەسته بەکردنی پاراستنی بەرژەوه ندییەکانی کورد. لە میانی دیدارەکەدا دکتۆر دەربەندی پەیامی پشتیوانی بارزانی گەیاندوە بەهەسەدە، جەختی لە گرنگی یەکخستنی ڕیزەکانی کوردو بەرزکردنەوەی هاریکاری هاوبەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی ئێستای سوریا کردەوە.

  نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، بەفەرمى بانگهێشتی نورى مالیکى، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دەکات بۆ ئەوەى سەردانى هەرێمى کوردستان بکات،  مالیکیش رەزامەندی نیشانداوە ئەو سەردانە ئەنجامبدات. ئەمڕۆ دووشەممە، لە بەغدا سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، کۆبونەوە. بەپێى راگەیەندراوێکى نوسینگەى راگەیاندنى نورى مالیکى، لە بەشێکى کۆبونەوەکەدا نێچیرڤان بارزانی بانگهێشتی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی کردوە، بۆ ئەوەی سەردانی هەرێمی کوردستان بکات، نورى مالیکیش پێشوازی لەو بانگهێشتە کردوە، هەروەها "هیوای ئەوەى خواست ئەم سەردانە یارمەتیدەر بێت بۆ بەهێزکردنی پەیوەندی و لێکتێگەیشتن لە نێوان هەردوولا. بەپێی راگەیێندراوێکى سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش، نێچیرڤان بارزانی و نووری مالیکی هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی لێكگه‌یشتن، بەهێزکردنی دیالۆگی سیاسی لەنێوان هێز و لایەنە عێراقییه‌كاندا و یەکخستنی هەوڵەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە هەنووکەییەکان و ئاڵنگارییه‌كانى به‌رده‌م وڵات.   لە ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باسیان لە پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌، به‌تایبه‌تى دۆخى سووریا كرد؛ تیشكیان خسته‌ سه‌ر ئه‌گه‌ر و لێكه‌وته‌كانى دۆخى رۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاست له‌سه‌ر عێراق و ناوچه‌كه‌ و، له‌وباره‌یه‌وه‌ داكۆكییان لەسەر گرنگیی کاری هاوبەش بۆ پاراستنی ئارامى و سه‌قامگیریى وڵات كرده‌وه‌. نێچیرڤان بارزانى، لە سەردانەکەیدا بۆ بەغداو کۆبوونەوەکانى لەگەڵ سەرۆکایەتیەکان و کەسایەتیە سیاسیەکان، باسى لەچەند دۆسیەیەکى جیاواز کردوە، پرسی بودجە و مووچە، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، کێشەکانی پەیوەست بە ناوچەکانی ماددەی 140 و کێشەی تازەخولقێندراوی بازرگانی لەنێوان هەولێر و بەغدا، تەوەری سەرەکیی گفتوگۆ و دانوستاندنەکان بووە.

ناوەندى راگەیاندنى هەسەدە، ڕایگەیاند لە شەڕی ٢٤ کاتژمێری کۆتاییدا لە دژی چەتەکانی دەوڵەتی تورکیاى داگیرکەر ٢٣ چەتە کوژراون و ٧ی دیکەش بریندربوو،  هەروەها چەندین ئۆتۆمبیلی زریپۆش و سەربازی چەتەکان تێکشکێندراون. ناوەندی ڕاگەیاندنى هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندراوێک کۆتا زانیاری سەربازی و دەرنجامی بەرخۆدانی لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لەسەر گوندەکانی منبج و کۆبانێ ئاشکرا کرد. لە ڕاگەیاندراوكەدا، ئەوە خراوەتەڕوو، دوێنێ لە گردی سیریاتەل و گوندەكان دەوروبەری باشووری ڕۆژهەڵاتی منبج، شەڕ و پێكدادانی توند لە نێوان شەڕڤانانمان و چەتەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك ڕوویداوە. ئاماژە بەوەشكراوە، لەو شەڕەدا ٢٣ چەتە كوژراون و حەوتی دیكەش برینداربوون برینەكانی هەندێكیان سەخت بووە، هەروەها پێنج ئۆتۆمبێل و سێ زریپۆشی چەتەكان لە ناوبراون. لەراگەیەندراوەکەى هەسەدا هاتووە: یەكینەكانی شەهید هارون بەچەكی قورس بنكەیەكی چەتەكانیان كردە ئامانج، لە ئەنجامدا چەند چەتەیەك كوژران و بریندار بوون، بەڵام تا ئێستا ژمارەی درووستی كوژراو و بریندارەكان لە بەردەست نییە. هەروەها راگەیەندراوەکە ئاشکرایکردوە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆش دەوڵەتی داگیركەری تورك بۆردوومانی گوندەكانی"كەرەك"و "ئومراك"ی سەر بە شاری كۆبانێی كردوە. هاوكات لە ڕێگەی فڕۆكە سەربازییەكانیانەوە هێرشی توندیان كردە سەر گوندەكانی مەغرەبتین و سەبت لە باشووری كۆبانی، جگە لەبۆردوومان كردنی كارگەی چیمەنتۆ لە دەوروبەری سرین." جەخت لەوەشکراوەتەوە دەوڵەتی داگیركەری تورك هەركاتێك هێرشی چەتەكانی شكست بهێنێت، پەنا بۆ بۆردوومانكردنی ناوچەكانی ڕۆژئاوا لە ڕێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە دەبات.

ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، پرسی هەڵگرتنی سزاکان هەمیشە لە پێشینەی کارەکانی ئێمە بووە، ئامانجی سەرەکی ئەم وتووێژانە هەڵگرتنی ئەو گەمارۆوانەیە کە بەشێوەی نایاسایی و دڕندانە بەسەر گەلی ئێراندا سەپێنراون. بڕیارە ئەمرۆ دووشەممە گەڕی سێیەمی گفتوگۆکانی ئێران و سێ وڵاتی ئەوروپی لە جنێفی پایتەختی سویسرا دەستپێبکەنەوە، وەزیرى  گەڕی سێیەمی گفتوگۆکان لەنێوان ئێران و ئەڵمانیا، فەڕەنسا و بەریتانیا، بە ئامادەبوونی نوێنەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا دەبێت، بڕیارە دوو رۆژ بخایەنێت و پرسی ئەتۆمی تەوەرەی سەرەکی کۆبوونەوەکان دەبێت. لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئامانجەکانی ئێران لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی جنێف چییە، ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، وتى: پرسی هەڵگرتنی سزاکان هەمیشە لە پێشینەی کارەکانی ئێمە بووە، لە کاتێکدا فێربووین بە گرنگیدان و پشتبەستن بە خۆمان بەهێزتر بکەین و ئابووریمان بەهێز بکەین بۆ ئەوەی کاریگەرییەکانی سزاکان کەم بکەینەوە. ناوبراو ئەوەشى خستەڕوو، بۆیە ئامانجی سەرەکی ئەم وتووێژانە هەڵگرتنی ئەو گەمارۆوانەیە کە بەشێوەی نایاسایی و دڕندانە بەسەر گەلی ئێراندا سەپێنراون. وتیشى: سەبارەت بەم وتووێژانەش وتم کە زنجیرەیەک پرسی ناوچەیی و نێودەوڵەتی و دووقۆڵی لەنێوان ئەم سێ وڵاتە و لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا تاوتوێ دەکرێن، جگە لە پرسی ئەتۆمی. کۆبوونەوەکە پاش ئەوە دێت، بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا، بەرامبەر هاوکارینەکردنیان لەلایەن تارانەوە، لە 21ـی تشرینی دووەمی 2024 رەشنووسی بڕیارنامەیەکیان بە هاوکاریی ئەمریکا ئامادەکرد و لە ئاژانسى ئەتۆم خستیانە دەنگدانەوە، بە 19 دەنگی بەڵێ لە کۆی 35 دەنگ پەسەند کرا. بەوێرەى ئاژانسەکە، ئێران 170 کیلۆ یۆرانیۆمی کۆگاکراوی هەیە و نزیکە لە بەرزکردنەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ 90%، تاران ئەمە رەتناکاتەوە، بەڵام دەڵێت بۆ بواری ئاشتیی بەکاریدەهێنێت.

ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەسەڵاتی نوێی سووریا، رایدەگەیەنێت لەگەڵ ڕووخاندنی ڕژێم گەڕانەوە بۆ وڵات خێرابووە، دڵنیام لە دوو ساڵدا ١٤ ملیۆن هاوڵاتی سوری دەگەڕێنەوە بۆ وڵات. لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، سەرۆکی دەسەڵاتی نوێی سووریا، ئەحمەد شەرع، باسی لەوە کرد کە لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی بەعس کە ٦١ ساڵ وڵاتی بەڕێوەبردوە، ئەو کەسانەی بە زۆرەمڵێ ئاوارە و دەربەدەر کرابوون و ناچاربوون ڕوو لە دەرەوەی وڵات بکەن، گەڕانەوەیان بۆ وڵات دەستیپێکردووە. شەرع جەختی لەسەر ئەوە کردەوە بە درێژایی ئەو پرۆسەی بەهۆی ڕووخانی ڕژێم هاتووەتە ئاراوە، ئەو کەسانەی لەو ناوچانەی کۆنترۆڵکراون ئاوارە نەبوون، بەڵکو بە پێچەوانەوە خەڵکی زیاتر هاتوونەتەوە بۆ ژیان لێرەدا، ئێستاش هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بەبێ کێشە بەیەکەوە دەژین. ئەحمەد شەرع، باسى لەوەکرد ئاماژەی بە زیادبوونی گەڕانەوە ئاوارە و پەنابەرانی سووری کرد بۆ وڵاتەکەیان، ڕایگەیاند: دڵنیام لە دوو ساڵدا ١٤ ملیۆن هاووڵاتی سووری دەگەڕێنەوە بۆ وڵات، تەنیا یەک بۆ ١،٥ ملیۆن کەس دەمێننەوە.

ــ نوریە ئەسلان و هۆشیار ساریڵدز ئەندامانی ئەنجومەنەکە دەستگیرکراون ــ هۆشیار ساریڵدز  تۆمەتى ئەندامبوونى لەپ.ەکە.کە، دراوەتە پاڵ وەزارەتی ناوخۆی تورکیا رایدەگەیەنێت، بڕیاردرا بە دوورخستنەوەی هۆشیار ساریڵدز لە ئەرکی سەرۆک شارەوانی شارۆچکەی ئاکدەنیرز لە پارێزگای مەرسین، دانانی زەید شەنەر، قایمقامی شارۆچکەی ئاکدەنیرز وەک سەرۆک شارەوانیی بەوەکالەت. لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆى، رایگەیاند  هۆشیار ساریڵدز لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە کەیسی پ.ەکە.کە، بە تۆمەتی ئەندامبوون لەو رێکخراوانە، بانگەشەکردن بۆ رێکخراوی تیرۆریستی، دابینکردنی سەرچاوەی دارایی بۆیان، بەپێی یاسای ژمارە 2911 دەستگیر کراوە. بەپێى راگەیەندراوەکەى وەزارەتى ناوخۆى تورکیا، سەرۆکى شارەوانى شارۆچکەی ئاکدەنیرز، تۆمەتەکانى بەسەردا ساغ بۆتەوە، دۆسیەکەى دواى لێکۆڵینەوە و دادگەییکردنی کۆتایی هاتووە بەپێی مادەی 45 و 46ـی یاسای ژمارە 5393ـی یاسای شارەوانییەکان و مادەی 127ـی دەستووری تورکیاز راگەیەندراوەکە دەڵێت: بڕیاردراوە لەئەمرۆوە هۆشیار ساریڵدز لە ئەرکی سەرۆک شارەوانی دوربخرێتەوە، زەید شەنەر، قایمقامی شارۆچکەی ئاکدەنیرز وەک سەرۆک شارەوانیی بەوەکالەت لەجێگەى دەستبەکاردەبێت. هاوکات هاوسەرۆکانی شارەوانی ئاکدەنیز نوریە ئەسلان و هۆشیار ساریڵدز و ئەندامانی ئەنجومەنەکە لە پارێزگای مەرسین دەستگیرکراون.