نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی نێوان مەزڵوم عەبدی و مەسعود بارزانی لە هەولێر، پشتڕاستکردەوەو ڕایگەیاند دیدارەکە بۆ "ڕێکخستنی نێو ماڵی کوردی و یەک هەڵویستی کوردە لەم قۆناغەی سوریادا." فەتحوڵا حوسەینی، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە هەرێمی کوردستان کە نووسینگەکەی لە شاری سلێمانیە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندوە، "کۆمەڵێک مەلەفات هەیە کە دەبێت قسەی جدییان لەبارەوە بکرێت، بە نموونە پارتی کە نزیکایەتی زۆری لەگەڵ تورکیا هەیە پێداچوونەوە بە پەیوەندیەکانی بکات و لەو هێڵە دووربیت کە بەرژەوەندی کورد دەخاتە مەترسیەوە. وتیشى: لەلایەکی تریش پارتی لەڕێگەی مسعود بارزانیەوە کار بۆ ئەوە بکات پەیوەندیەکانی تورکیا باشتربیت لەگەڵ کورد دا و هێرشەکانی لەسەر کورد ڕابگرێت." بەوتەى نوێنەرەکەى خۆسەر، کۆبوونەوەکە بۆ هەنگاونان بووە لەسەر "چۆنیەتی بەهێزکردنی گوتاری کوردی لە ڕۆژئاوا،" و جەختیکردەوە "گۆڕانکاری خێرا و بەپەلە هەن لە ناوجەرگەی سوریا، دەبێت کوردیش یەک هەڵوێست بیت لەم دۆخەدا." وتەکانی نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە کاتێکدان هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان هەردوو سەرکردەی کوردی لە هەولێر پشتڕاستکردەوە. ناوبراو لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکسدا ڕایگەیاند، "کۆبوونەوەی ئەمڕۆی هەولێر لە نێوان سەرۆک مەسعود بارزانی و فەرماندەی هەسەدە بۆ باکوری ڕۆژئاوای سوریا دەستکەوتێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی یەکڕیزیی کورد و پێگەی کورد لە بەرامبەر دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا لە دیمەشق بۆ راگواستنێکی سیاسی ئارام. سوپاس بۆ هەموو هاوپەیمان و دۆستەکانمان."
کۆنگرەی گەلانی دیموکرات، (هەدەکە) هەڵمەتێکی دەست پێکردووە بۆ کۆکردنەوەی یەک ملیۆن واژۆ بۆ هێنانەدی ئاشتی، لە ڕاگەیاندنی هەڵمەتەکەدا داوا لە هەموو لایەک کراوە کە بە بەرپرسیاریێتەوە لە پێناو ئاشتیدا بکەونە هەوڵدان. مەراڵ دانش بەشتاش، وتەبێژی هەدەکە ڕایگەیاند: بچووک و گەورە سەبارەت بە ئاشتی گفتوگۆ دەکات، دەرگایەک کراوەتەوە. دەست بە هەڵمەتێکی واژۆ کۆکردنەوە دەکەین ئەگەر ئاشتی ئاسان بوایە دوو شەڕی گەورەی جیهانی بەدوای خۆیدا نەدەهێنا و ئێستا لە سەروبەری جەنگی جیهانی سێیەمین. وتەبێژەکەى هەدەکە، لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا ئەوەى خستەڕوو، ئێمە ئاشتییەکی بەهێز و بەردەواممان دەوێت وەک هەدەکە پێکەوە ژیانی ئاشتیانەمان لە پێشی هەموو شتێک داناوە. لە ٨-٩ی شوبات دا لە ئەستەنبوڵ کۆنفرانسێکی نێونەتەوەیی ساز دەکەین. ناوبراو وتیشى: بە هۆی سیاسەتی ئەمنی سەبارەت بە پرسی کورد بەسەدان هەزار کەس گیانیان لەدەستدا و زیان و ئازارێکی زۆریان بەرکەوتووە. لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا، وتەبێژەکەى کۆنگرەی گەلانی دیموکرات هێماى بۆ ئەوەکرد، پرسی کورد چاوەڕێ چارەسەرێکی دیموکراتیک، ئاشتیانە و کۆمەڵایەتییە، بۆیە ناتوانین لە پێداگرییمان بۆ ئاشتی و پاراستنی داهاتووی ژیانی هاوبەشمان بکشینەوە. ئەو وتیشى: ئەو هێرشانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سوریا کە لە ئاستی کۆمەڵکوژییدا ئەنجام دەدرێن، نیشاندەری ئەوەن کە ئاشتی بۆ گەلان و بیروباوەڕەکانی ناوچەکە زۆر گرنگە. هەدەکە، بانگهێشتى سەرجەم پارتەکانى پەرلەمانی تورکیا دەکات، ئەو لایەنانەشی کە ئارەزووی ژیانێکی یەکسان و ئازاد دەکەن، بۆ ئاشتیەکی بەردەوام بە بەرپرسیارێتیەوە نزیکی دۆخەکە ببنەوە و بەشداری هەڵمەتی ئیمزا کۆکردنەوە ببن. مەراڵ دانش بەشتاش، جەختى لەسەر ئەوەکردەوە، ئەمە تەنها هەڵمەتێکی واژۆکردن نییە، وتى: بەڵکوو ئەم هەڵمەتە لە ماوەیەکی کورتدا ئەنجام دەدەین، لە ڕوانگەی کۆمەڵگەی ئاشتییەوە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەین. دواتر کۆبوونەوە و دیدار لە هەموو شارەکان و ناوچەکان ئەنجام دەدەین.
سەرۆکی دەستەی گومرگەکانى حکومەتى عێراق، رایدەگەیەنێت داهاتی دەستهکەمان بۆ ساڵی 2024 دوو ترلیۆن و 131 ملیار دینار بووە، بەڵام بەداخەوە ئاگامان لە داهاتى کوردستان نییەو هیچ داتاو ئامارێکمان لەبەردەست نییە. ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەستەی گومركهكان پلانی خۆی بۆ ساڵی نوێ ڕاگەیاند، هاوکات دەستکەوتەکانی ساڵی ڕابردوودا خستهڕوو. سەرۆکی دەستەی گومرگی، حەسەن عەکیلی، ڕایگەیاند: دەستهکەمان لەبەردەم لیژنەی دارایی پەرلەماندا دەستکەوتەکانی خۆی بۆ ساڵی 2024 و پلانەکانی داهاتووی بۆ ساڵی 2025، خستهڕوو، جەختمانكردهوه لەسەر گرنگی بوونی پشتگیری لە لایەنی یاسادانان و ڕێکارەکانەوە بۆ جێبهجێكردنی بەم پلانانە. ناوبراو ڕوونیشیکردەوە كهدەستهی گشتی گومرگ کاردەکات بۆ تەواوکردنی جێبەجێکردنی سیستمی ئەلیکترۆنی و فراوانکردنی بۆ ئەوەی سەرجەم ناوەندەکانی گومرگی لەماوەی سێیەکی یەکەمی ئەمساڵدا بگرێتەوە. حەسەن عەکیلی، ئاماژە بەوەشکرد كهئامانج ئەوەیە سەرجەم دەروازە گومرگییەکان بخرێتە ناو ئەو سیستمە ئەلیکترۆنییەوە، دەستکردن بە جێبەجێکردنی نوێترین شێوازەکانی گومرگی کە پشت بە تەکنەلۆژیاو زیرەکی دەستکرد و پەیوەندی مۆدێرن و ئەلیکترۆنی دهبهستن. سەبارەت بە ئامارى داهاتەکانیان، سەرۆکى دەستەکە، وتی: داهاتی دەسته بۆ ساڵی 2024 دوو ترلیۆن و 131 ملیار دینار بووە، پێشبینیش دەکرێت لە ماوەی ساڵی 2025دا ئەم ژمارەیە زیاد ببێت، بەڵام بەداخەوە بۆ نەبوونی داتای ورد لەسەر داهاتهكانی هەرێم کوردستان، داهاتەکانی ساڵی ٢٠٢٤ هەرێم ناگرێتەوە.
ماركۆ رۆبیۆ، كاندید بۆ پۆستى وەزیرى دەرەوە لە کابینەکەى دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا، ڕایگەیاند، پێویستە ئەمریکا بەردەوام بێت لە پاڵپشتیکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، ئەوان هاوبەشێکى بەهێزى شەڕبوون دژی داعـ.ـش لە سوریا. لە چوارچێوەی پرۆسەی پشتڕاستکردنەوەی کاندیدکردنی ئەنجومەنی پیران بەشداری دانیشتنی لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی کرد و وەڵامی پرسیارەکانی سیناتۆرەکانی دایەوە. لەوەڵامى پرسیارى كریس ڤان هۆلن، سیناتۆری كۆمارییەكانەوە، سەبارەت ئایا ئەمریکا پشتگیری بەردەوام و پشتیوانی دەبێت بۆ هێزەکانی هەسەدە لەسوریا، لەکاتێکدا توركیا لەڕێی سوپای نیشتمانی سوریاوە هێرشیان دەكاتە سەر، ماركۆ رۆبیۆ وتى: بەڵێ بەدڵنیایی، نەك هەر ئەوەش بەڵكو ئێمە پێویستە ئەوە بزانین دەستبەرداربونمان لە هاوبەشەكانمان كە قوربانییەكی گەورەیان داوەو روبەڕوی هەڕەشەی گەورە بوونەتەوە، لێكەوتەی زۆر مەترسیداری دەبێت. ئەو وتیشى: ئەوانە بەكرداری چەكدارانی داعشیان بەندكردووە، یەكێك لەو هۆكارانەی وایكرد بتوانین داعش لەبەریەك هەڵبوەشێنین، ئامادەیی ئەوانبوو بیانگرنە خۆیان لە زیندانەكان لەبەرامبەر باجێكی گەورە، كە دروستبونی مەترسییە لە سەر ژیانیان، روونیشە كە هەڵوێستێكی لەوشێوەیە زۆر جێگەی سەرسامییە. كاندید بۆ پۆستى وەزیرى دەرەوە، دەڵێت: پێویستە وەڵاممان هەبێت بۆ ئەو دەرفەتە لەسوریا، چونكە ئەو خەڵكانەی كە ئێستا بەرپرسیارێتیان لەدەستدایە لە سوریا تائێستا تاقیكردەوەیان تێنپەڕاندووە، ئەوانە كەسانێكن بە باشی نایانناسین، مێژوویان دڵنییمان پێنادات، وەك ئاماژەت پێدات راگرتنی ئاگربەست هەیە بەرامبەر بە كورد پێویستە پارێزگاری لێبكرێت. لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا، ئەوەشى وت: پێویستە بەزوویی ئەو ئاماژەیە بۆ ئەردۆغان بنێردرێت بەم دانیشتنەی ئێستاشەوە، كە نابێت پرۆسەی گواستنەوەی دەسەڵات لە ویلایەتە یەكگرتووەكان بقۆزێتنەوە بۆ پێشێلكردنی رێككەوتنەكان، ئەوەی ئێستا دەمانەوێت لە سوریا بیبینین سەقامگیرییە، چونكە كاریگەری لەسەر تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت، كشانەوە دەرفەتێكە رەنگە دوبارە نەبێتەوە، روسەكان و ئێرانیەكان لەسوریا كرانە دەرەوە، بەڵام ئەوان زۆر براگماتین، ئەگەر ئەو دەرفەتە نەقۆزینەوە رێگای خۆیان دەدۆزنەوە بۆ گەڕانەوە بۆ سوریا.
تەنها چەند کاتژمێرێک دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حەماس کە پێشبینی دەکرێت یەکشەممەی داهاتوو دەست پێبکات، ئیسرائیل شەپۆلێکی بۆردومانەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکرد و لە ئێوارەی چوارشەممەوە لانیکەم ٢٨ فەلەستینی کوژران و دەیان کەسیش لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بریندار بوون. مەحمود باسال، وتەبێژی بەرگری شارستانی لە غەززە ڕایگەیاند، فڕۆکەکانی ئیسرائیل شەپۆلێکی هێرشی چڕیان دەستپێکردووە، ماڵە مەدەنییەکانی ناوچە جیاجیاکانی کەرتی غەززەیان کردە ئامانج. هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئەنجامی تۆپبارانەکان کە ناوچەیەکی نزیک سەندیکای ئەندازیارانیان کردە ئامانج لە گەڕەکی شێخ ڕەدوان لە ڕۆژئاوای شاری غەززە، 16 کەس گیانیان لەدەستدا و 20 کەسی دیکەش برینداربوون. ئاماژەی بەوەشکرد، لە بۆردومانێکدا کە ماڵێکی لە باکوری کەرتی غەززە کردە ئامانج، ٧ کەسی دیکە کوژران، هاوکات هێرشێک بۆ سەر ناوچەی ئەلدەراج لە ڕۆژهەڵاتی شاری غەززە بەهۆیەوە ٣ کەس گیانیان لەدەستدا. هەروەها بەرگری شارستانی لە بەیاننامەیەکدا، بەیانی پێنجشەممە، پشتڕاستی کردەوە کە ئیسرائیل تیمەکانی کردووەتە ئامانج لەکاتێکدا کە خەریکی وەرگرتنەوەی تەرمەکانیان بوون لە ژێر داروپەردووی ماڵی بنەماڵەی عەلوش لە ناوچەی شێخ ڕەدوان لە باکووری شاری غەززە. لە خان یونس، لە باشووری کەرتی غەززە، بەرپرسێکی پزیشکی لە کۆمەڵگەی پزیشکی ناسر کوژرانی دوو کەسی لە هێرشێکی فڕۆکەوانیدا پشتڕاستکردەوە کە ماڵێکیان لە ناوچەی قزان ڕەشوان کردە ئامانج. ئەم هەڵمەتانە تەنها چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات کە قەتەر کە نێوەندگیری ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ میسر و ئەمریکا کردبوو، لێکتێگەیشتنی نێوان حەماس و ئیسرائیل بۆ ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی دیل و دەستبەسەرکراوان ڕاگەیاند، لە هەنگاوێکدا کە وەک پێشکەوتنێک لە دوای ١٥ مانگ لە شەڕدا سەیر دەکرێت کەهەزارانی کوشت.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، ڕایدەگەیەنێت، لەگەڵ بەرپرسانى حکومەتى بەغداو هەولێر كارمان كردووە بۆ ئەوەى بگەن بەرێككەوتنێكی هەمیشەیی لەبارەی بودجە، بەجۆرێك ئاسانكاری بكات بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم. ماسیۆ میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا دەڵێت: ئێمە هەوڵمان لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان داوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی بەردەوام لەسەر بودجە کە درێژە بە بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بدات. هەروەها ئەوەشى خستەڕوو ویلایەتە یەكگرتووەكانى ئەمریکا، داوا لە پەرلەمانی عێراق دەكات پەلەبكات لە تێپەڕاندنی یاسای بودجەی فیدراڵی. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، راشیگەیاند: ئەم هەفتەیە پێداچونەوەی هەمواری بودجەمان بینی و هانیان دەدەین بەزوویی تێیپەڕێنن. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ڤیکتۆریا تایلەر، یاریدەدەری جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ عێراق و ئێران، لە چوارچێوەی گفتوگۆ دیپلۆماسییەکان بۆ سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان سەردانی هەولێری کردووە. رۆژی چوارشەممە، 15-01-2025، ڤیکتۆریا تایلەر، یاریدەدەری جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ عێراق و ئێران سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد. بەرپرسەکەى وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، جەختى لەسەر ئەوەکردەوە ئەوان هانی لایەنە سیاسییەکان دەدەن پشتیوانی لە پێکهێنانی حکومەتێکی فرەلایەن و بەپەلە بکەن. وتیشى: دەستبەکاربوونی حکومەتی نوێ رێگە بە حکومەت و پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەدات پێشکەوتن لە مافەکانی مرۆڤ، گەشەی ئابووری و بەهێزکردنی هەرێمی کوردستان بکەن وەک بەشێک لە عێراقێکی سەقامگیر و سەروەر.
ئیسڕائیل و حەماس گەیشتنە ڕێککەوتن بۆ ڕاگرتنی شەڕ لە غەززەو ئاڵوگۆڕی بارمتە ئیسرائیلییەکان و دیلەکانی فەلەستینی، ئەمەش ڕێگەی خۆشکرد بۆ ئەگەری کۆتاییهێنان بە شەڕێکی ١٥ مانگە. بەرپرسێک بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، ڕێککەوتنەکە قۆناغێکی سەرەتایی ئاگربەست دیاری دەکات کە شەش هەفتە دەخایەنێت، بریتییە لە کشانەوەی وردە وردەی هێزەکانی ئیسرائیل و ئازادکردنی ئەو بارمتانەی کە لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەرکراون لە بەرامبەر ئازادکردنی ئەو دیلانەی فەلەستینیانەى لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستبەسەرکراون. ئەو بەرپرسە هێمای بۆ ئەوەش کرد کە قەتەرو میسرو ئەمریکا گەرەنتی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دەکەن، ئاماژەی بەوەشدا کە سەرەتا هەموو بارمتە زیندووەکان ئازاد دەکرێن، دواتر تەرمى بارمتە کوژراوەکان. ئاماژەی بەوەشکرد: حەماس بۆ ماوەی شەش هەفتە بارمتەکان ئازاد دەکات، هەفتانە سێ بارمتەو ئەوانی تریش بەر لە کۆتایی هاتنی ئەو ماوەیە. ئەو سەرچاوەیە لە درێژەی قسەکانیدا بۆ ڕۆیتەرز، وتی: دانوستانەکان لەسەر قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنەکە لە ڕۆژی ١٦ی قۆناغی یەکەمەوە دەستپێدەکات، بڕیارە ئازادکردنی سەرجەم بارمتە ماوەکان لەخۆ بگرێت، لەوانەش سەربازە پیاوە ئیسرائیلییەکان و ئاگربەستی هەمیشەیی و کشانەوەی تەواوەتی سەربازانی ئیسرائیل . ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکرد، لە ڕێککەوتنەکەدا ڕێگەدان بە 600 بارهەڵگری بارهەڵگری هاوکاری مرۆیی لە هەموو ڕۆژێکدا لە ئاگربەستەکەدا بۆ چوونە ناو غەززە، 50 لەو بارهەڵگرانە سووتەمەنی هەڵدەگرن، لەگەڵ 300 بارهەڵگر بۆ باکووری کەرتی غەززە تەرخانکراون. سەرچاوەیەکی ئاگاداری میسری ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە بۆ کەناڵی هەواڵی ئەلقاهیرە پشتڕاستی کردەوە کە ڕێککەوتنێک بۆ کۆتایی هێنان بە ئازارەکانی گەلی فەلەستین لە کەرتی غەززە لە ڕێگەی هەوڵی ناوبژیوانانەوە دوای چەندین کاتژمێر کاری قورس ئەنجام دراوە. ئەو سەرچاوە ئاگادارە میسرییە بڵاوی کردەوە کە بەیاننامەیەکی هاوبەش سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە دەرچووە. دوابەدوای ڕاگەیاندنی ئەو ڕێککەوتنە، لە ناوچە جیاجیاکانی کەرتی غەززە ئاهەنگ و ئاهەنگ ساز کران، کە کۆتایی هاتنی ١٥ مانگی شەڕ و وێرانکاری بوو. لە ماوەی چەند مانگێک لە دانوستانەکانی وەستانەوە بە ئامانجی گەیشتن بە ئاگربەست لە شەڕە وێرانکەرەکەی ١٥ مانگەدا، هەردوولا (ئیسرائیل و حەماس) پێشتر دووپاتیان کردووەتەوە کە لە ئاگربەست نزیکبوونەتەوە تەنها بۆ ئەوەی لە کۆتا خولەکدا ڕووبەڕووی ئاستەنگەکان ببنەوە. هێڵکارییە بەرفراوانەکانی ڕێککەوتنی ئێستا لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٤ەوە لە شوێنی خۆیانن.
ماڵپەرى ئەلمۆنیتەری ئەمریکی، ئێوارەى ئەمڕۆ چوارشەمە بڵاویکردەوە، بڕیارە مەزڵوم عەبدى فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات و مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان کۆببنەوە. ماڵپەرى ئەلمۆنیتەری ئەمریکی، ئاماژەى بەوەکردووە کۆبوونەوەکەى مەزڵوم عەبدى و بارزانى، بەشێکە لە هەوڵە بەرفراوانەکانی ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەى گرژى و ئاڵۆزیەکان و لێک نزیکخستنەوەى تورکیا لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات. هەروەها دەڵێت :ئەمەش پێشکەوتنێکی گەورە دەبێت لە هەوڵەکانی ئیدارەی بایدن بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و هێزەکانى سوریاى دیموکرات بەسەرکردایەتى مەزڵوم عەبدى. ئەو سەرچاوانە ئامادەنەبوون کاتى کۆبوونەوەکە بۆ ماڵپەرە ئەمریکیەکە ئاشکرابکەن، بەڵام رایانگەیاندووە کە "زۆر بە زوویی" دەبێت. رۆژی دووشەممە، 13ـی کانوونی دووەم، د. حەمید دەربەندی، بەنوێنەرایەتى مەسعود بارزانی سەردانی رۆژئاوای کوردستانى کرد، لە حەسەکە لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، کۆبووەوە.
میدیاکان ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایانگەیاند حکوومەتەکەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئامادەکاری دەکات بۆ کۆبوونەوەی ئەمڕۆ، یان سبەی بەیانی، پێنجشەممە، بۆ پەسەندکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە و لیستی ئەو زیندانی و دەستبەسەرکراوانەی ئیسرائیل و فەلەستینی کە ئازاد دەکرێن. سی ئێن ئێن، لە زاری سەرچاوەیەکی کە ناوی نەهێنراوە ڕایگەیاندووە، ئیسرائیل بەنیازە سەرەتای هەفتەی داهاتوو گروپى یەکەمی بارمتەکان ئازاد بکات، ئەمەش پێش دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لە ڕۆژی دووشەممەدا. هەر لەو چوارچێوەیەدا، سی ئێن ئێن لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، حکومەتی ئیسرائیل پێشبینی دەکات درەنگانی ئەمڕۆ، چوارشەممە، یان سبەی پێنجشەممە، ڕێککەوتنەکە ڕابگەیەنێت، یەکێک لە سەرچاوەکان دەڵێت "زۆر نزیکین" لە ڕێککەوتنێک. ئەو دوو سەرچاوەیە ئاماژەیان بەوە کردووە کە پێشکەوتنی بەرچاو بەدیهاتووە و ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەگەر وردەکارییەکان یەکلایی بکرێنەوە، پێدەچێت جێبەجێکردنی لە ڕۆژی یەکشەممە دەستپێبکات، بەپێی هەواڵێکی سی ئێن ئێن. جگە لەوەش دوو سەرچاوەی فەلەستینی نزیک لە دانوستانەکانی دۆحە ڕایانگەیاند کە حەماس و جیهادی ئیسلامی بەو ڕێککەوتنە ڕازی بوون، سەرچاوەیەک بۆ ئاژانسی فرانس پرێس پشتڕاستی کردەوە “حەماس و جیهادی ئیسلامی نێوەندگرانیان لە پەسەندکردنی ڕەشنووسی کۆتایی ڕێککەوتنی ئاگربەست و ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان ئاگادار کردەوە. هاوکات سەرچاوەیەکی دیکەش ڕایگەیاند “حەماس وەڵامی ئەرێنی بە ئیسرائیل لە ڕێگەی ناوبژیوانانەوە، وەڵامی ئەرێنی دایەوە، دوای ئەوەی لەسەر هەموو خاڵ و وردەکارییەکان ڕێککەوتن. بەڵام بەرپرسێکی فەلەستینی کە داوای کردووە ناوی ئاشکرا نەکرێت بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە حەماس ڕەزامەندی زارەکیی بۆ ڕێککەوتنەکە داوە و چاوەڕێی زانیاری زیاتر دەکات بۆ ئەوەی ڕەزامەندی کۆتایی نووسراوی خۆی بدات.
بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری سەربازی عێراق، دەستگیركردنی ژنێکى راگەیاند، کە بەرپرسی دارایی و بەرگدرووی جلوبەرگی سەربازی بووە بۆ ئەندامانى ڕێکخراوى داع.ش لە قەزاى حەویجەى پارێزگای كەركوك. ئەمڕۆ چوارشەممە، بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری سەربازی، راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوەو دەستگیركردنی ئەو: تیرۆریستەى ئاشکراکردوە. بەڕێوەبەرایەتییەكە لە راگەیەندراوەکەیدا، دەڵێت: لە ئۆپەراسیۆنێكی چۆنایەتیدا، بە هەوڵێكی هەواڵگریی بەرچاو، بە بەدواداچوونی مەیدانی و تەكنیكی لەسەر بنەمای زانیاریی هەواڵگری دروست لە هۆبەی هەواڵگری فیرقەی هەشتەم، كارمەندانی هەواڵگری سەربازی توانیان ئەو ژنە تیرۆریستەى داعش دەستگیربكەن. راگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەشكردوە: ئەو تیرۆریستە بەناو (بەرپرسی دارایی لە ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش) كاریكردووە، ئەو ژنە پارەکانى دەگواستەوەو دابەشی دەكرد بەسەر خێزانەكانی سەر بە ڕێكخراوەكە لە قەزای حەویجە. بەپێی بڕگەكانی مادەی (4/تیرۆر) دەستگیرکراوەوبەپێی یاسا رادەستی لایەنی داواكار كراوە.
مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی ئێن بی سی نیوز لە تاران ڕایگەیاند، ئێران هەرگیز پلانی تیرۆرکردنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکای نەبووە لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ڕابردوودا. پزیشکیان، لەو چاوپێکەوتنەکەدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە لە ماڵپەڕی تۆڕەکەدا بڵاوکرایەوە، دەڵێت: ئەمە یەکێکە لەو پیلانانەی کە ئیسرائیل و وڵاتانی دیکە پلانیان هەیە بۆ پەرەپێدانی ترس لە ئێران بۆ تیرۆرکردنی هەر کەسێک، لانیکەم ئەوەندەی من بزانم. لە 13-7-2024 لە کۆبوونەوەی جەماوەری بانگەشەی هەڵبژاردن لە شاری باتلەری پێنسلڤانیا، لە دوورەوە تەقە لە ترەمپ کراو بەسووکی گوێچکەی برینداربوو. لە مانگی نۆڤەمبەردا، ئەسۆشێتد پرێس بڵاویکردەوە، وەزارەتی دادی ئەمریکا پەردەی لەسەر تۆمەتە تاوانکارییەکان لادا کە پەیوەندییان بە "پیلانێکی ئێرانییەوە" هەیە بۆ تیرۆرکردنی ترەمپ پێش هەڵبژاردنەکان. بەپێی ڕاپۆرتی ئەسۆشێتد پرێس، تۆمەتێکی تاوانکاری کە لە دادگای فیدراڵی لە مانهاتن لە نیویۆرک تۆمار کراوە، دەریخستووە کە بەرپرسێکی سوپای پاسدارانی ئێران کە ناوی نەهێنراوە، مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردوو بریکارێکی ڕاسپاردووە کە پلانێک بۆ چاودێریکردن و دواجار تیرۆرکردنی ترەمپ دابڕێژێت. تۆڕی ئەی بی سی نیوزی ئەمریکی لە زاری سەرچاوە ئەمنییەکانەوە کە ناوی نەهێنراون بڵاویکردەوە، لە پلانێکی ئێرانی بۆ تیرۆرکردنی ترەمپ و نەیارانی ئێرانی، سێ کەس تۆمەتبارکراون. وەزارەتی دەرەوەى ئێران، لەوکاتەدا ڕایگەیاند "دووبارەکردنەوەى ئەو تۆمەته پیلانی ئیسرائیل و دوژمنانی ئێرانه بۆ ئاڵۆزکردنی پرسەکانی نێوان واشنتن و تاران. ئەم لێدوانانەی مەسعوود پزشکیان لەبارەی ئەمریکا لەکاتێکدایە کە ئێران دەبێت خۆی ئامادە بکات بۆ ڕووبەڕووبونەوە لەگەڵ دەسەڵاتی ترەمپ کە چاوەڕوان دەکرێت سزای قورس بەسەر ئێراندا بسەپێنێت.
بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕاگەیاندنی هەسەدە سەبارەت بە درۆنەکانی شەڕڤانانی هەسەدە میدیاکانی دەوڵەتی تورکیاى داگیرکارى بە درۆ خستەوەو ڕایگەیاند، هەموو ئەو درۆنانەی کە بەکاریدەهێنین بەرهەمی ئەزموونی تایبەتی خەڵکی رۆژئاوایە. فەرهاد شامی، بەرێوەبەری نووسینگەی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە) لە بارەی ئەو هەواڵانەی میدیاکانی دەوڵەتی تورک بڵاوی دەکەنەوە کە گوایە ئێران هەزار و ٥٠٠ درۆنی بە قەسەدە بەخشیوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیاندراوەکەی فەرهاد شامییدا هاتووە، میدیا تورکییەکان کە پشتیوانی لە سیاسەتی قڕکردنی گەلانی ناوچەکە لەلایەن حکومەتی تورکیاوە دەکات، درۆ بڵاو دەکاتەوە هەواڵێکی بێبنەمایان بڵاوکردووەتەوە، کە گوایە لە نێوان هێزەکانی ئێمە و ئێران پەیمانێک هەیە و هەزار و ٥٠٠ درۆنمان وەرگرتووە. ئامانج لە بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە درۆینانەی میدیاکانی تورکیا ئەوەیە کە زیان بە هێز و گەلەکەمان و دژایەتی دۆزی گەلەکەمان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ڕای گشتیی و نێودەوڵەتیی درووستبکات. وتەبێژەکەى هەسەدە وتیشى: شەڕڤانانمان کە سوودیان لە پسپۆڕیی شەڕیان دژی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش وەرگرتووە، لە هەمان کاتدا دەرفەتە سەربازییەکانیان پێشخستووە و درۆنیان درووستکردووە، ئەو درۆنانە بەرهەمی ئەزموونی هاوڵاتییانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایە.
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، وردەکارییەکانی پلانی ڕۆژانى دواتر لە کەرتی غەززە دوای کۆتایی هاتنی شەڕو ئاگربەستی ئاشکرا کرد، جەختیشی لەوە کردەوە کە ڕادەستی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دەکرێت. بلینکن ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئیدارەی غەززە لە دوای جەنگەوە دەبێت لەلایەن دەسەڵاتی فەلەستینییەوە بگرێتە ئەستۆ، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان و لایەنە بیانییەکان بەشێوەیەکى کاتى ڕۆڵى تێدا دەگێڕن. سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە، بلینکن دووپاتی کردەوە کە حەماس پێشنیارەکانی جۆ بایدنی قبوڵکردووەو لەگەڵ ناوبژیوانان کاردەکات بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕکردن و کردنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە بۆ هەمیشەیی. بلینکن زیادی کرد: ئێمە پێمان وایە دەسەڵاتی فەلەستین پێویستە هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان بانگهێشت بکات بۆ یارمەتیدان لە دامەزراندنی و وەرگرتنی ئیدارەیەکی کاتی کە بەرپرسیارێتی کەرتە سەرەکییە مەدەنییەکان لە غەززە لە ئەستۆ بگرێت. ڕوونیشیکردەوە، پلانەکە لەسەر بنەمای کشانەوەی ئیسرائیل و دامەزراندنی دەسەڵاتێکە بۆ بەڕێوەبردنی غەززە، بەجۆرێک دەسەڵاتی فەلەستین بەشداری لە بەڕێوەبردنی کەرتی غەززەدا بکات. لە چوارچێوەی پلانە نوێیەکەدا، بلینکن جەختی لەوە کردەوە کە ئەوانەی بەرپرسی بەڕێوەبردنی غەززەن لە نزیکەوە لەگەڵ بەرپرسێکی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان کاردەکەن بۆ سەرپەرشتیکردنی هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە سەقامگیری و بوژانەوەی کەرتی غەززە. ڕوونیشی کردەوە کە هێزێکی ئەمنی کاتی لە هێزەکانی وڵاتانی هاوبەش و فەلەستینییەکان پێکدەهێنرێت، ئەو بەرپرسە ئەمریکییە داوای لە دەسەڵاتی فەلەستین کرد چاکسازیی هەمەلایەنە ئەنجام بدات، یەکڕیزی لە نێوان کەرتی ڕۆژئاوا و کەرتی غەززەدا هەبێت. جەختی لەوە کردەوە کە ئیسرائیل دەبێت غەززە و کەناری ڕۆژئاوا بە سەرکردایەتی دەسەڵاتێکی چاکسازیکراوی فەلەستین یەکگرتوو قبوڵ بکات. ناوبراو جەختی لەسەر پێویستی خۆشکردنی ڕێگه بۆ فەلەستینییەکان و ئیسرائیلییەکان کردەوه شان بەشانی یەکتر له ئازایدا بژین.
نووسینگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، زیاتر لە 403 هەزار کەس کە لە شارەکانی مەنبەج و کۆبانی نیشتەجێن، بەدەست کم ئاوییەوە دەنأڵێنن، زۆربەی گوندەکانی لادێی ڕۆژهەڵاتى سوریا ڕووبەڕووی کەمی ئاوی خواردنەوە دەبنەوە. بەپێى ئەو راپۆرتەى نووسینگەی مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان، بڵاویکردوەتەوە، دۆخی ئەمنی لە بەشێک لە سوریا بە ناجێگیری ماوەتەوە، ئاماژە بەوەشکراوە، شەڕو پێکدادانەکان لە پارێزگای ئیدلب بەردەوامە، ناوچەکانی دەوروبەری بەنداوی تشرین زیانیان بەرکەوتووە، کە ماوەی ٣٥ ڕۆژە لە خزمەتگوزاری ئاوو کارەبا بێبەشکراون. هەر لەراپۆرتەدا ئەوە ڕوونکراوەتەوە، زیاتر لە 403 هەزار کەس کە لە شارەکانی مەنبەج و کۆبانی نیشتەجێن، هێشتا ئاویان دەست نەکەوتووە. لە پارێزگای دێرەزۆر، زۆربەی گوندەکانی لادێی ڕۆژهەڵاتی ڕووبەڕووی کەمی ئاوی خواردنەوە دەبنەوە بەهۆی کەمی ژمارەی وێستگەکانی ئاوی خورادنەوە. ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای ئەم تەحەددایانە، فەرمانگە و هاوبەشەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوامن لە پشتگیریکردنی وەڵامدانەوەی مرۆیی بەپێی ئەوەی بارودۆخی ئەمنی و لۆجستی ڕێگەی پێدەدات. ستیفان دوجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاماژەى بەوەکردوە نێردەی تایبەت لە سوریا، لەکاتی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەکانی ڕیاز سەبارەت بە سوریا، دیدارێکی بنیاتنەری لەگەڵ وەزیری دەرەوەی حکومەتی چاودێر لە سوریا، ئەسعەد شیبانی ئەنجامداوە. ستیفان دوجاریک لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەیدا لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکە تیشکی خستۆتە سەر پێشخستنی گواستنەوەی سیاسی هەمەلایەنە بە سەرکردایەتی سوریا و چارەسەرکردنی ئەو ئاستەنگانەی کە ڕووبەڕووی سوریا دەبێتەوە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد. دوجاریک ئاماژەی بەوەشکرد، نێردەی تایبەت پێشوازی لەو پاڵپشتییە بەهێزە کرد کە بۆ گەلی سوریا دەربڕدراوە و پابەندبوون بە هاوکاریکردنی دەسەڵاتە کاتییەکان لەم قۆناغە گرنگەدا. نێردەی تایبەت ئامادەیی نەتەوە یەکگرتووەکان دووپاتکردەوە بۆ یارمەتیدانی سوریا و گەلەکەی بۆ قۆستنەوەی دەرفەتە مێژووییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان. وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە نەجات ڕۆچدی جێگری نێردەی تایبەت هێشتا لە دیمەشقە و لەوێ بەردەوامە لە ڕاوێژکارییەکانی لەگەڵ لایەنە جیاجیاکان.
دانی دانۆن، باڵیۆزی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، حزبوڵا هەوڵدەدات بە هاوکاری ئێران هێزی خۆی وەربگرێتەوەو خۆى پڕ چەک بکاتەوە، ڕاشیدەگەیەنێت ئەو حزبە هێشتا مەترسییەکی جددی لە سەر ئیسرائیل و سەقامگیری ناوچەکە دروست دەکات. دانۆن لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە پێکهاتووە لە ١٥ ئەندام، دەڵێت: هەرچەندە لە کاتی شەڕدا توانای سەربازیی حیزبوڵڵا بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بووەوە، بەڵام ئێستا بە هاوکاری ئێران هەوڵ دەدات هێزی خۆی وەربگرێتەوە. دانۆن بە پێویستی زانی حکومەتی لوبنان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەرنجیان لەسەر کەمکردنەوەی قاچاخچێتی چەک و تەقەمەنی و پاڵپشتی دارایی لە سنووری سوریا و لوبنان و لە ڕێگەی ڕێگا ئاسمانی و دەریاییەکانەوە بێت. دانۆن لە بەشێکى دیکەى راگەیەندراوەکەیدا، ڕوونی کردەوە لەوەتەی ڕێککەوتنی ئاگربەست کراوە، چەندین هەوڵی گواستنەوەی چەک و پارە بۆ حزبوڵا دراوە. بڕیارە ئەمرۆ سێ شەممە ئیسرائیل و حزبوڵا ڕێککەوتنێک واژۆبکەن لەسەر ئاگربەستێکی 60 ڕۆژە بە نێوەندگیری ئەمریکاو لە 27ی ئەم مانگەوە دەستپێدەکات، ئەمەش دوای زیاتر لە ساڵێک لە ململانێ. لە ڕێککەوتنەکەدا جێگیرکردنی سوپای لوبنان لە باشووری لوبنان لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل و حزبوڵا دیاریکراوە.