هاوڵاتی دەستەی خانەنشینی عێراق خانشینان ئاگاداردەکاتەوە کە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی شەش دەکرێت. ئەمڕۆ یەکشەممە 2ی حوزەیرانی 2024، حسام عەبدولسەلام بریکاری سەرۆکی دەستەی خانەنشینی عێراق رایگەیاند، "ئەمڕۆ کارەکانی ناردنی لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانی خانەنشینان تەواودەکرێت و دەدرێت بە بانکەکان". ئاماژەی بەوەشکرد، "دوای وردبینیکردن و بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی لە ئەمشەوەوە بە شێوەی پلەبەندی دابەشکردنی مووچە دەستپێدەکات و داواش لە ئەو خانەنشینانە دەکەین کە لەرێگەی کورتەنامەوە ئاگاداردەکرێنەوە سەردانی بانکەکان بکەن و مووچەکانیان وەربگرن". ئەمەش لەکاتێکدایە تاوەکو ئێستا مووچەی مانگی چواری هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان دابەشنەکراوە.
هاوڵاتی ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لە کۆبونەوەی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران گفتوگۆکرا لەبارەی راپۆرتی لیژنە سەبارەت بە هەمواری یاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵی 2024. ئەمڕۆ شەممە 1ی حوزەیرانی 2024، د. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، بە بڕی خەرجی زیاتر لە 211 تریلیۆن دینار و مانەوەی دەقی ماددەکانی بودجەی ساڵی 2023 لە چوارچێوەی یاسای بودجەی سێ ساڵەی 2023، 2024، 2025، کە پارساڵ پەسەندکرا. وتیشی، بودجەی ئەمساڵ هیچ تەرخانکراوێکی تێدا نییە بۆ گەشەپێدانی هەرێمەکان و پترۆ دۆلار. ئەوەشی خستوەتەڕوو، پشکی هەرێم لەگەڵ بڕی تەرخانکراو بۆ تێچوی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم نزیکەی 20 تریلیۆن و 910 ملیار دینارە، و لەم بڕە زیاتر لە 11 تریلیۆن و 500 ملیار دینار بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم تەرخانکراوە. ئاماژەی بەوەشکردووە، پشکی هەرێم و بەتەواوی بەدەرکراوە لە مەرجی خەرجی کرداری(الانفاق الفعلي)، بەوەش دابەشکردنی مانگانەی مووچە لە هەرێم بە تەواوی مسۆگەرکراوە.
هاوڵاتی ئەپیکۆر، ڕێکەوت لەگەڵ هەرێم و بەغدا و ئامادهیی دهربڕی له ئهگهری رێككهوتن له نێوان ههرێم و بهغدا گۆرانکاری لە گرێبەستەکانی نەوتدا بکات. ئەمڕۆ شەممە 1ی حوزەیرانی 2024، کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان، ئەپیکۆر، له تۆڕی كۆمهڵایهتی ئێكس رایگەیاند، ئهگهر رێككهوتن له نێوان حكومهتی ههرێمی كوردستان، وهزارهتی سامانه سروشتییهكان و حكومهتی عێراق، وهزارهتی نهوت، واژۆ بكرێت و گرێبهستهكان پێویستییان به گۆڕانكاری ههبێت، كۆمپانیاكانی ئهندام له ئهپیكۆر ئهوه لهبهر چاو دهگرن. ئهوهش لهكاتێكدایه كه پێشتر مایڵز كاگینز، وتهبێژی كۆمهڵهی پیشهسازی نهوتی كوردستان رایگهیاند، ئهپیكۆر پێشوازی له پێكهێنانی ئهو لیژنه هاوبهشهی نێوان ههولێر و بهغدا دهكات، كه لهلایهن وهزیری نهوتی عێراقهوه راگهیهندرا. ئاماژەی بەوەشکردبوو، ئەپیکۆر به ئامانجی دهستپێكردنهوهی ههناردهی نهوتی ههرێمی كوردستان له رێگهی بۆری نهوتی عێراق و توركیا. ئەوەشی خستبۆوەڕوو، وهك كۆمپانیا نێودهوڵهتییهكانی بواری نهوت، چاوهڕێ دهكهین به شێوهیهكی فهرمی ئاگادار بكرێینهوه، بۆ ئهوهی رۆڵی خۆمان لهو دانووستانانه بگێڕین.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ لە ژمارەیەک پەلاماری تورکیادا بۆ سەر بەڕێوبەرایەتی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان چوار شەڕڤان شەهید دەبن و 12 هاونیشتمانیی سڤیلیش بریندار دەبن. رۆژی شەممە 1ی حوزەیرانی 2024، هێزەکانی سووریای دیموکرات، هەسەدە رایگەیاند، لە پەلامارێکی درۆنیی تورکیادا بۆ سەر کانتۆنی جزیری لە بەڕێوبەرایەتی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان، چوار شەڕڤان شەهیدبوون و 12 هاونیشتمانیش برینداربوون. بە گوێرەی راگەیێنراوەکەی هەسەدە، هێرشەکە بە درۆن بۆ سەر ئۆتۆمبێلێک کراوە کە چوار شەڕڤانی تێدابوون. هەروەها هێرشکراوەتە سەر ئامبوڵانسێکی مانگی سوور کە هەوڵیداوە بە هانای قوربانییەکانەوە بچێت. ئاژانسی هاوار لە دوای رووداوەکە گوتەی قوربانییەکانی لە نەخۆشخانەکانی بەڕێوبەرایەتی خۆسەر وەرگرتووە و بەم جۆرە باسی رووداوەکەیان کردووە. کاتێک بە ئاگاهاتوون بەشێک لە کێڵگەکانیان لە گوندی تەل حەمیس ئاگریان گرتووە، هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەیان داوە، بەڵام لەو کاتەدا لەلایەن درۆنەکانی تورکیاوە پەلاماریان دراوە. زۆربەی ئەوانەی برینداربوون ئەندامی یەک خێزانن و تەمەنیان لە 10 بۆ 60 ساڵدایە. لە چەند هەفتەی رابردوودا چەندین جار باس لەوە کراوە، سوپای تورکیا بە ئەنقەست ئاگر لە کێڵگەی هاووڵاتیان لە رۆژئاوای کوردستان بەردەدات. بەڕێوبەرایەتی خۆسەر هەرزوو سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و رایگەیاند، "ئەمە تاوانێکی دیکەی جەنگە لەلایەن دەوڵەتی تورکیا. ئەمە بەردەوامی سیاسەتی جینۆسایدخواز و داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیایە". هێرشەکە دوای یەک رۆژ لە گوتارێکی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دێت کە بەڕێوبەرایەتی خۆسەری بە "تیرۆرستان" ناوبرد و وەک هەڕەشە بۆ سەر تورکیا باسی کردن. بە گوێرەی ناوەندی زانیاری رۆژاڤا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تورکیا لانیکەم 103 جار پەلاماری رۆژئاوای کوردستانی داوە و لەو هێرشانەدا 28 هاونیشتمانی کوژراون و 44 کەسی دیکەش برینداربوون.
هاوڵاتی یەکێتی ئەوروپا بە فەرمی رایگەیاند "وەزیری بەرگری کۆماری ئیسلامی و فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی بە هۆکاری ناردنی ئەو مووشەک و درۆنانەی کە دژی ئیسرائیل و ئۆکراین، هەروەها لە لایەن حووسییەکانەوە لە دەریای سوور دژی کەشتییەکان بەکار ئەبرێن، کەوتوونەتە لیستی گەمارۆکانەوە". پێشتر لەلایەن دیپلۆماتەکانی یەکێتی ئەوروپاوە راگەیەندرابوو کە محەمەد رەزا ئاشتیانی، وەزیری بەرگری ئێران لە لیستی گەمارۆکاندایە، بەڵام رۆژی هەینی 31ی ئایار راگەیەندرا، ئیسماعیل قائانی، فەماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لەبەر ئەوەی دەور و نەخشی بووە لە ناردنی مووشەک و درۆن بۆ حزبوڵڵای لوبنان کە دژی ئیسرائیل بە کاری دەبات و هەروەها ناردنی مووشەک بۆ حووسییەکان کە بازرگانی ئازاد لە دەریای سووری خستۆتە مەترسییەوە لە لیستی گەمارۆکاندایە. فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران کە پێشتر قاسم سولەیمانی فەرماندەیی دەکرد، دەورێکی بەرچاوی هەیە لە فێرکردن و پڕچەککردنی هێزە بریکارەکانی سەر بە ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. یەکێتی ئەوروپا هەروەها ناوەندی "خاتم الانبیا"ی سوپای پاسداران و فەرماندەکەی " غولامعەلی رەشید" خستۆتە لیستی گەومارۆکانەوە. ناوەندی "خاتم الانبیا" دیارترین ناوەندی جەنگی کۆماری ئیسلامییە. هێزی دەریایی سوپای پاسدارانیش بە هەمانشێوە کەوتوونەتە لیستی گەمارۆکانی یەکێتی ئەوروپاوە، هەروەها کۆمپانیای "کاوان ئیلکترۆنیک بێهراد" لەگەڵ "مەهدی دێهقانی محەممەد ئابادی" بەڕێوەبەری گشتی ئەم کۆمپانیایەو حسێن هاتفی ئەردەکانی، جێگری بەڕێوبەری گشتی ئەم کۆمپانیایە لە لیستی گەمارۆکاندان. بە هەمانشێوە ئەفشین خواجە فەرد، بەڕێوبەری گشتی رێکخراوی پیشەسازی ئاسمانی وەزارەتی بەرگری کۆماری ئیسلامی کەوتۆتە لیستی گەمارۆکانەوە. بەپێی ئەم گەمارۆیانە، دارایی ئەم کەسانە و ئەم رێکخراوانە لە یەکیەتی ئەورووپا دەستی بەسەردا دەگیردرێت و مافی ئەوەیان نییە سەفەر بکەن بۆ یەکێتی ئەوروپا.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ جۆ بایدن رایگەیاند، ئیسرائیل پێشنیازێکی بۆ ئاگربەست لە جەنگەکەی دژی حەماس بەرامبەر رادەستکردنەوەی بارمتەکانی ئیسرائیل راگەیاندووە؛ هەروەها داوا لە حەماس دەکات پێشنیازەکە قبوڵبکەن. رۆژی هەینی 31-5-2024، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بە رۆژنامەڤانانی گوت، "کاتی ئەوە هاتووە ئەم جەنگە کۆتایی بێت و رۆژی دوای ئەو دەستپێبکات". راگەیێنراوەکەی جۆ بایدن لەکاتێکدایە، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا نزیکە و بایدن لە ژێر گوشارێکی زۆری نێودەوڵەتیدایە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە. گفتووگۆکانی ئاگربەستی غەززە بە نێوەندگیری ئەمریکا، قەتەر و میسر تاوەکو ئێستا بێ ئەنجام ماونەتەوە. هەریەک لە حەماس و ئیسرائیلیش یەکدی بە دانانی مەرجی قورس و هەنگاونەنان بۆ ئاگربەست تۆمەتباردەکەن. تاوەکو ئێستا حەماس و ئیسرائیل هیچ لێدوانێکیان لەسەر قسەکانی جۆ بایدن نەداوە. بایدن رایگەیاندووە، لە قۆناخی یەکەمی ئاگربەستەکەدا حەماس بارمتەکان رادەستدەکاتەوە و ئیسرائیلیش بەندکراوە فەڵەستینییەکان ئازاد دەکات. خەڵکی غەززە دەگەڕێنەوە فەڵەستین و ئیسرائیل لە غەززە دەکشێتەوە، هەروەک رۆژانە 600 بارهەڵگری خۆراک و هاریکاریی مرۆیی دیکە دەگەیێنرێنە دەست خەڵکی غەززە. بایدن دەڵێت، لە قۆناخی دووەمی ئاگربەستەکەدا حەماس و ئیسرائیل دەچنە سەر مێزی گفتووگۆ و لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتن دەکەن تاوەکو چیدی توندوتیژی روونەدات. ئەوەشی بە روونی گوت، "لەو ماوەیەدا کە گفتووگۆ دەکرێت، ئاگربەستەکە بەردەوامی دەبێت". ئەوەشی گوت، قۆناخی سێیەم بریتی دەبێت لە داڕشتنەوەی پلانێک بۆ بنیاتنانەوەی غەززە. هەروەها بایدن داوای لەو بەرپرسانەی ئیسرائیل کرد کە وەک خۆی دەڵێت، هەوڵی دروستکردنی جەنگێکی "تاهەتایی" دەدەن، بیروڕای خۆیان بگۆڕن.
هاوڵاتی ئەمڕۆ هەینی 31ی ئایاری 2024، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ ماوەی 19 مانگ رۆڵی یۆنامی لە عێراق درێژکردەوە، واتە ئەرکەکانی یۆنامی لە عێراق تاوەکو کۆتایی ساڵی 2025 بەردەوام دەبێت. نێردەى نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یۆنامى) لە ساڵى 2003ـوە لە عێراق کاردەکات. سەرۆکى نێردەکە، نوێنەرى سکرتێرى گشتیى نەتەوە یەکگرتووەکانە. پێشتر، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە 8ی نیسانى 2024 لە نامەیەکی کە بۆ سکرتێرى گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانی ناردووە، داوا دەکات تاوەکو کۆتایی 2025، کۆتایی بە ئەرکى یونامى بهێندرێت لە عێراق، تاوەکو ئەو کاتەش تەنیا کارەکانى لە چەند بوارێک تەواو بکات و رێوشوێنەکانى داخستنى ئەو نێردەیە بگرێتەبەر.
هاوڵاتی سەرۆک کۆماری عێراق ئیمزای لەسەر لەسێدارەدانی 8 کەسکردووە كه تاوانی تیرۆیان بهسهردا ساغبووهتهوه و سهربه رێكخراوی داعش بوون. ئەمڕۆ هەینی 31ی ئایاری 2024، ئاژانسی ههواڵی فرانس پرێس، له زاری چهند سهرچاوهیهكی ئهمنیی و تهندروستی عێراقهوه رایگەیاند سزای لهسێدارهدانهكانی دوێنێ پێنج شهممه 30 ی ئایاری 2024، بهسهرپهرهشتی تیمی وهزارهتی داد له گرتوخانهی حوت له شاری ناسریهی پارێزگای زیقاری باشوری عێراق، جێبهجێ كراون. سهرچاوهیهكی پزیشكی به ئاژانسهكهی راگەیاندووە، تهرمی لهسێدارهدراوهكان رادهستکراوەنەوە. بهگوێرهی یاسای عێراق، تاوانهكانی تیرۆر و كوشتن، سزاكهیان لهسێدارهدانه، بهڵام بۆ جێبهجێكردنی سزای لهسێدارهدان دهبێت سهرهتا سهرۆك كۆمار ئیمزای لهسهر بكات و ئهو 8 كهسهی، كه سزای لهسێدارهدانیان بهسهردا جێبهجێ كراوه، بهگوێرهی ماددهی 4ی یاسای روبهڕووبوونهوهی تیرۆر حوكمدراون. ئەمەش لە کاتێکدایە له مانگی رابردووهوه، ئهمه سێیهەمین گروپی تاوانباری تیرۆرن، كه له عێراق سزای لهسێدارهدانیان بهسهردا جێبهجێ بكرێت، له 22 نیسانی رابردوودا دهسهڵاتدارانی عێراق سزای لهسێدارهدانی 11 كهس له 6ی ئایاریشدا سزای لهسێدارهدانی 11 كهسی تر جێبهجێ كرد. جێگای ئاماژەیە، کە دادگاكانی عێراق لهم ساڵانهی دوایدا سهدان حوكمی لهسێدارهدان و زیندانی ههتاههتاییان بۆ ئهو كهسانه دهركردووه كه سهربه گروپه تیرۆرستییهكان بوون، ئهمهش تۆمهتێكه كه سزاكهی دهگاته ئاستی لهسێدارهدان ئهگهر هاتوو تۆمهتباری بكوژ له ریزی ئهو گروپانهدا بێت. لهماوهی رابردووداشدا ، عێراق لهلایهن رێكخراوهكانی مافی مرۆڤهوه روبهڕووی رهخنه بووهوه، تۆمهتبار كرا بهوهی پرۆسهی دادگایكردنهكان بهشێوهیهكی خێرا بهڕێوهدهبات و لهژێر ئهشكهنجهداندا، دانپێدانان له دهستگیركراوان وهردهگرێت.
هاوڵاتی کەشناسی هەرێم، سبەی شەممە پلەکانی گەرما نزمدەبێتەوە و ئاسمانیش ساماڵ دەبێت. ئهمڕۆ ههینی 31ی ئایاری 2024، كهشناسی ههرێم رایگهیاند، ئهمڕۆ ئاسمان ساماڵ دهبێت لهگهڵ بوونی تۆزێكی سووك، سبەی شەممەش پلهكانی گهرما نزیك دهبنهوه و ئاسمان ساماڵ دهبێت لهگهڵ بهرزبوونهوهی تۆز و خۆڵ، له تۆماركراوهكانی دوێنێ. دەشڵێت، رۆژی شهممه 1ی حوزهیرانی 2024، ئاسمان ساماڵ دەبێت، پلەکانی گەرما نزمتر دەبێتەوە بە رێژەى چوار بۆ پێنج پله لە تۆمارکراوەکانى ئەمڕۆ. دەستەى گشتى کەشناسیى عێراقیش لای خۆیەوە رایگەیاند، "ئەمڕۆ هەینى پلەکانى گەرما بەراورد بە رۆژانى پێشتر لەناوچەکانى باشوور و ناوەڕاستى عێراق نزمدەبنەوە، بەڵام لەهەرێمى کوردستان هاوشێوەى رۆژانى پێشتردەبێت، بۆ رۆژی شەممەو یەکشەمەش دەڵێت، رۆژى شەممە، پلەکانى گەرما لەتەواوى وڵات نزمدەبنەوە، خێرایی با زیاد دەکات و تۆز و خۆڵ لەهەوادا دەبێت و رۆژى یەکشەممە پلەکانى گەرما کەمێک بەرزدەبنەوە". بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی لە هەرێمی کوردستان، هەولێر: 35 سلێمانى: 35 دهۆک: 33 زاخۆ: 34 هەڵەبجە: 37 کەرکوک: 37 سۆران: 33 حاجی ئۆمەران: 24 گەرمیان: 39.
هاوڵاتی وهزارهتی تهندروستی عێراق، تێچووی رۆژانەی جگەرەکێشان لە عێراق 6 ملیار دینارە، لهسهدا 20%ئهو کەسانەشی جگەرەکێشن له سهرووی تهمهنی 18 ساڵیهوهیە. ئەمڕۆ هەینی31ی ئایاری 2024، وهسیم گهیلان یاریدهدهری بهڕێوهبهری بهرنامهی ڕووبهڕووبوونهوهی جگهره كێشان له وهزارهتی تهندروستی عێراق رایگهیاند، "تێچووی رۆژانەی جگەرەکێشان لە عێراق 6 ملیار دینارە، به رێژهی لهسهدا 40% بۆ 50% عێراقییهكان بههۆی كاریگهرییهكانی جگهرهكێش و دوكهڵی جگهرهوه زیانی زۆریان بهردهكهوێت". ئهوهشی خستهڕوو، "پیاوان زۆرینهی ههره زۆری جگهره كێشانن له عێراق، تێچووی رۆژانهی جگهرهكێشان له عێراق شهش ملیار دیناره و پێشبینی دهكرێت له ههر 10 خولهكێك كهسێك له عێراق بههۆی كاریگهرییهكانی جگهره كێشانهوه دهمرێت".
هاوڵاتی لە پارێزگای كەركوك ژنێكی تەمەن 25 ساڵ بەهۆی نەخۆشی تای خوێنبەربوون گیانیلەدەستدا. ئەمڕۆ هەینی 31ی ئایاری 2024، بەشی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی ڤێرتەرنەری كەركوك رایگەیاند، "ژنێكی تەمەن 25 ساڵی خەڵکی پارێزگای کەرکوک بەهۆی نەخۆشی تای خوێنبەربوون گیانیلەدەستدا، هەڵمەتێكی چڕیش بۆ ڕشتنی دەرمان لە گوند و كێڵگەكان بۆ كۆنترۆڵكردنی نەخۆشییەكە ئەنجامدەدرێت.". دەشڵێت، "لەدوای ئەنجامدانی پشکنین بۆی دەرکەوتووە ئەو ژنە توشی نەخۆشی تای خوێنبەربوون بووە بەهۆیەوە گیانیلەدەستداوە". هاوكات د.سەباح نوری لە بەڕێوەبەرایەتی نەخۆشخانەی ڤێرتەرنەری فێركاری لە كەركوك ڕایگەیاند، "هەڵمەتێكی چڕ بۆ ڕشتنی دەرمان لە گوندەكان دەستپێدەكەن، بە تایبەت لە گوندی مەقام، كە ئەو حاڵەتی تێدا دەركەوتووە". راشیگەیاند، "هۆشداری لەبارەی نەخۆشییەكە و ڕێگەكانی خۆپارێزی بڵاودەكەنەوە".
هاوڵاتی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق لە رێگەی نوسراوێکەوە رایگەیاند، رۆژی 3ی حوزەیران بۆ پەسەندکردنى خشتەکانى بودجەى گشتى عێراق دیاریکراوە و دانیشتنێک دەکەن بۆ پەسەندکردنی. ئەمرۆ هەینی31ی ئایاری 2024، سەرۆکایەتى پەرلەمانى عێراق لە رێگەی راگەیاندراوێکەوە، رۆژى دووشەممە 3ى حوزەیرانى بۆ پەسەندکردنى خشتەکانى بودجەى گشتى عێراق دیاریکرد. بەگوێرەى راگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، کە ئاڕاستەى ئەندامانى پەرلەمان کراوە، "دانیشتنەکە کاتژمێر سێی پاشنیوەڕۆ رۆژی دوشەممە دەستپێدەکات". ئەمەش لە کاتێکدایە، پەرلەمانى عێراق بۆ پەسەندکردنى خشتەکانى بودجەى 2024 وەرزى یاسادانانى بۆ ماوەى مانگێک و تاوەکو نۆى حوزەیران درێژکردووەتەوە، بەڵام زیاتر لە 80 پەرلەمانتار بۆ بەجێهێنانى فەریزەى حەج چوونەتە سعودیە، ئەوەش پەسەندکردنى خشتەکانى بوجەى 2024 لە ماوەى درێژکراوەى وەرزى یاسادانان ئەستەم دەکات. بەگوێرەى زانیارییەکان، پێش جەژنى قوربان، خوێندنەوەى یەکەم و دووەم بۆ خشتەکانى بودجەی 2024 دەکرێت، بەڵام پەسەندکردنیان دەکەوێتە دواى جەژن. جێگای ئاماژەیە، رۆژى 19ی ئایار ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق خشتەکانى بودجە و کورتهێنانى پەسەندکرد و رۆژى 20 ئایار ئاڕاستەى سەرۆکایەتیى پەرلەمان کرد.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، تەواوی سنووری نێوان باشووری غەززە و میسریان کۆنترۆڵکردووە. سوپای ئیسرائیل دەیەوێت بە کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی ئەو ناوچەیە بتوانێت زیاتر هێزی خۆی بەسەر حەماسدا بسەپێنێت. رۆژی پێنجشەممە 30-5-2024، دانیاڵ هاگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، کۆنترۆڵی تەواوەتی سنووری غەزەیان لەگەڵ حەماسدا کردووە، کە سوپای ئیسرائیل بە گەرووی فلادیلفیا ناوی برد. هاگاری گوتی، "گەرووی فیلادلفیا وەک هێڵێکی ئۆکسجین وابوو بۆ حەماس، کە لە رێگەیەوە چەکی بۆ ناو غەززە دەهێنا". ئەو سنوورەی غەززە و میسر تەنیا سنووری غەززە بوو کە ئیسرائیل کۆنترۆڵی نەکردبوو. سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر رەفەح کە ئێستا نیوەی زیاتری دانیشتوانە 2 ملیۆن و 300 هەزارییەکەی غەززەی تێدا ئاوارەن. ئەمە لەکاتێکدایە دادگەی باڵای نەتەوەیەکگرتووەکان زیاتر لە هەفتەیەکە داوای لە ئیسرائیل کردووە، هێرشەکانی رابگرێت. هەروەها رۆژی چوارشەممە 29ی ئەم مانگە، ئیسرائیل بۆ جاری یەکەم تانکی بۆ ناوەندی شاری رەفەح نارد، ئەمەش لەکاتێکدایە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوایان لێکردبوو کاری لەو جۆرە نەکات. لە حەوتی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوودا، چەکدارانی بزوتنەوەی حەماس پەلاماری ئیسرائیلیاندا و 1200 هاووڵاتی سڤیلیان کوشت و زیاتر لە 250 کەسیشیان بە بارمتەگرت. دوای ئەو رووداوە، ئیسرائیل بانگەوازی جەنگی دژی بزوتنەوەکە راگەیاند و تاوەکو ئێستاش جەنگەکەی بۆ سەر غەززە بەردەوامە. لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا بۆ سەر ئەو ناوچەیەی فەڵەستین، تاوەکو ئێستا 36 هەزار کەس کوژراون.
هاوڵاتی ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ی ئایاری 2024، جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە لێدوانێكدا بۆ میدیاكان رایگەیاند، لە پارێزگاكانی هەرێم زیاتر لە 143 هەزار دەنگدەر كارتی دەنگدانیان نوێكردووەتەوە و هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشكردنی دەكەن. جومانە غەلای، وتیشی، كۆمسیۆن كارتی بایۆمەتری ئەو دەنگدەرانەی هەرێمی كوردستانی چاپكردووە كە لە ماوەی 1ی شوبات تا 10ی ئازاری رابردوو داتاكانیان نوێكردۆتەوە. ئەوشی خستەڕوو، ئەو دەنگدەرانەی كارتی بایۆمەترییان بۆ چاپكراوە گەیشتووەتە 143 هەزار و 632 كەس كە بەسەر پارێزگاكانی سلێمانی، هەولێر و دهۆك دابەشبوون. سەبارەت بە ژمارەی کارتەکانی دەنگدان لە هەرێمی کوردستان ئاماژەیبەوەکرد، كارتەكان بەپێی پارێزگاكان، سلێمانی 42 هەزار و 856 كارت، هەولێر 67 هەزار و 476 و دهۆكیش 33 هەزار و 300 كارتە. دەشڵێت، لە هەفتەی داهاتووەوە دەستدەكرێت بە دابەشكردنی كارتەكان لە 173 ناوەندی تۆماركردن.
هاوڵاتی ئەمڕۆ پێنجشەممە 30 ئایاری 2023، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کۆبوونەدەکات بۆ ئەوەی چارەسەری ریشەیی کێشەکان بکات". دەشڵێت،"لە کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆیدا مەسرور بارزانی تەوەری مێزی گفتوگۆکردنی بریتی دەبێت لە چارەسەری ڕیشەیی کێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، موچەی نەهاتووی هێزە ئەمنییەکان و پرسی دووبارە دەستپێکردنەوەی ناردنە دەرەوەی نەوت و گەنمی جوتیاران و چەند دۆسیەیەکی دیکە". ئەوەشی خستۆتەڕوو، "هەرێمی کوردستان نیەتی جددی و ڕاستگۆیانەی هەیە بۆ چارەسەری سەرجەم کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستور و هەروەها پاراستنی مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان باوەڕی تەواوی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانییە لەیەکەم رۆژی دەستبەکاربونی کابینەکەی لەم روانگەیەشەوە بۆ هەموو گفتوگۆیەکی بونیادنەرانە دەستپێشخەرین".
