هاوڵاتی رۆژی هەینی 17ی ئایاری 2024، بڵاوکراوەی ئاکسیۆس لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە باسی لەوەکردووە، برێت مەک گۆرک، راوێژکاری باڵای ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئابراهام پیلی، نوێنەری کاتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران، هەفتەی داهاتوو بەشێوەی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دەربارەی چۆنییەتی بەرگرتن بە پەرەسەندنی ناکۆکییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گفتوگۆ دەکەن. بەپێی ئەم راپۆرتە، مەک گۆرک و پیلی، سێشەممە گەیشتوونەتە عوممان و لەگەڵ نێوانیگرە عوممانییەکان کۆبوونەتەوە، بەڵام دیار نییە کامە بەرپرس لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە لەم گفتوگۆیانەدا بەشداری دەکات. سەرچاوە ئاگادارەکان بە ئاکسیۆسیان راگەیاندووە، مەبەست لەم گفتوگۆیانە روونکردنەوەیە دەربارەی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی و هێزەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە و هەروەها نیگەرانییەکانی ئەمریکا دەربارەی بەرنامەی ناوەکی ئێران گفتوگۆی لێدەکرێت. لە چەند هەفتەی رابردوودا و دوای ئەوەی ژمارەیەک لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی باسیان لەوە کرد ئێران توانای بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی هەیە، نیگەرانییەکان دەربارەی بەرنامە ناوەکییەکانی ئێران زیاتر بووە. ئەمە دووەم گەڕی گفتووگۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکایە لە سەرەتای ساڵی 2024ەوە، بەپێی راپۆرتی فایننشیاڵ تایمز، یەکەم گەڕی گفتوگۆکان سەرەتای مانگی ئازار لە عوممان بەڕێوەچوو.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ ئەمڕۆ زیاتر لە 150 بارهەڵگر هاریکاریی مرۆیی لە رێگەی بەندەرەکەی ئەمریکاوە کە لە کەناراوەکانی غەززە دروستیکرد، گەیشتە غەززە. ئەمڕۆ هەینی 17-5-2024، بۆ جاری یەکەم ئەو بەندەرەی سەرەتای ئەم مانگە ئەمریکا دروستیکرد، دەستی بەکار کرد و لە لە رێیەوە 150 بارهەڵگر خۆراک و پێداویستی دیکە گەیشتنە دەست خەڵکی غەززە. گەیشتنی ئەو پێداویستیانە لەکاتێکدایە، دۆخی نزیکەی 3 ملیۆن فەڵەستینی لەوپەڕی خراپیدایە و دووچاری برسێتی بوونەتەوە، ئەمە بە گوێرەی نەتەوەیەکگرتووەکان. دوای ئەوەی ئیسرائیل هێرشی زەمینی و ئاسمانی بۆ سەر باشووری شاری رەفەح کە هاوسنووری میسرە دەستپێکرد، دوو دەروازەی سنووری سەرەکی کە لە رێگەیەوە خۆراک و پێداویستی دەگەیشتە دەست غەززەییەکان داخران. هەربۆیە دۆخی خەڵک رووی لەوپەڕی خراپی کردووە و نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، خۆراک، کەلوپەلی پێویست و دەرمان وەک پێویست ناگاتە دەست خەڵکەکە. هەرچەندە ئەوە بەندەرە کاتییەی ئەمریکا هیوایەکی بۆ خەڵکی غەززە گەڕاندووەتەوە، بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەڵێن بەندەرەکە ناتوانێت گواستنەوەی تەواوی ئەو هاریکارییانەی بۆ خەڵکی غەززە پێویستن بەڕێبکات. چونکە لە پێشووتردا رۆژانە لانیکەم 500 بارهەڵگر خۆراک و هاریکاری دەگەیشتنە خەڵکی غەزە.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ پۆلیسی ئێران بڵاویکردەوە، بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی شەیتانپەرستی لانیکەم 261 کەسیان لە تاران دەستگیرکردووە. بە گوێرەی راگەیێنراوەکە 3 کەس لەوانە هاوڵاتی ئەوروپین. رۆژی هەینی 17-5-2024، میدیای نیشتمانیی ئێران رایگەیاند، "ناوەندی زانیاریی پۆلیس دیاریکردن، تێکشکاندن و دواتر دەستگیرکردنی ژمارەیەک ئەندامی تۆڕێکی شەیتانپەرستیان راگەیاندووە". راگەیێنراوەکە دەڵێت، پۆلیسی ئێران 251 ئەندامی تۆڕێکی شەیتانپەرستیان دەستگیرکردووە و 146 پیاو و 115یان ژن بوون. پۆلیس دەڵێت، ئەوانەی دەستگیرکراون "لە دۆخێکی ناجۆر و قێزەوندابوون و نیشانەی شەیتانپەرستی لەسەر جلوبەرگ، سەر، دەموچاو و قژیان هەبووە". ئەوەش باسکراوە لە ئۆپەراسیۆنەکەدا کە شەوی پێنجشەممە لە شاری شەهریاری رۆژئاوای تارانی پایتەختی ئێران کراوە، سێ هاووڵاتی ئەوروپاییش دەستگیرکراون. پۆلیس دەڵێت، نیشانە و کەرەستەی پەیوەست بە شەیتانپەرستییەوە، خواردنەوەی کحولی و مادەی هۆشبەر و 73 ئۆتۆمبێلیش دەستیان بەسەردا گیراوە. ئەم جۆرە ئۆپەراسیۆنانەی پۆلیس وەک "شەیتانپەرستی" ناویان دەهێنێت، ئەو کۆبوونەوە و ئاهەنگانەی وەک کۆنسێرت دەگرێتەوە لە ئێران کە خواردنەوەی کحولییان تێدایە. یەکێکی دیکە لەو شتانەی لە ئێران لەلایەن حکومەتە شیعەکەی ئێرانەوە بە شەیتانپەرستی دەناسرێت، ئامێری مۆسیقای رۆک و کارەباییە.
دەیان پارێزەر: تاران بەرتیلی بە ئەفریقای باشوور داوە بۆ ئەوەی سکاڵا لە سەر ئیسرائیل تۆمار بکات ژمارەیەک پارێزەر کە 160 پارێزەرن لە نامەیەکدا بۆ وەزیری دەرەوە، وەزارەتی داد و ئەنجومەنی نوێنەرانی باڵای کۆنگرەی ئەمەریکا، نووسیویانە کۆماری ئیسلامی ئێرانیان بەرتیلی داوە بە حزبی دەسەڵاتداری ئەفریقای باشوور، بۆ ئەوەی لە دادگای لاها، ئیسرائیل بە جینۆساید تۆمەتبار بکات. ئەم 160 پارێزەرە خوازیاری ئەوە بوون لێکۆڵینەوە بکرێت لە گەندەڵی ماڵی ئەم حزبە. بەپێی راپۆرتێك کە لە میدیاکان بڵاوکراوەتەوە، ١٦٠ پارێزەر بە رێبەری ناوەندی یاسایی ئیسرائیل شۆرات هادین (ShuratHaDin) داوایان لە بەرپرسانی سیاسی و دادوەری ئەمەریکا کردووە بۆ ئەوەی لێکۆڵێنەوە بکەن دەربارەی رێبەرانی ئەفریقای باشوور و ئەندامانی حزبی کۆنگرەی نەتەوەیی لەو وڵاتە کە دەسەڵاتیان بە دەستە و زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی ئەفریقای باشوور سەر بەم حزبەن. ئەم پارێزەرانە داوایان کردووە بە پێی یاسایی ماگنێتسکی (Magnitsky Act) لێکۆڵینەوە لە گەندەڵی بەربڵاو و بەتایبەت بەرتیل بکرێت لەمبارەوە. ماگنیتسکی یاسایە کە ساڵی 2012 پەسەندکراوەو بە پێی ئەم یاساییە، دەوڵەتی ئەمەریکا بۆی هەیە گەمارۆ بخاتە سەر ئەو وڵات و لایەنە بیانیانەی کە پێشێلکاری مافی مرۆڤن یان لە گەندەڵی مادییەوە گلاون و هەروەها دەست بەسەر داراییەکانیاندا بگرێت. لە نامەی ئەم 160 پارێزەرەدا ئەوە هاتووە کە بەرپرسانی باڵای حیزبی کۆنگرەی نەتەوەیی ئەفریقای باشوور بۆ ئەوەی بتوانین قەرزەکانی حیزبەکەیان بدەنەوە بەرتیلیان لە کۆماری ئیسلامی وەرگرتووە بۆ ئەوەی لە دادگای نێونەتەوەیی لاها، ئیسرائیل بە جینۆساید لە غەززە تۆمەتبار بکەن. ئەمڕۆ هەینی 17ی ئایاری 2024، دانیشتنی دادگای لاها لەسەر سکاڵای ئەفریقای باشوور دژی ئیسرائیل بەڕێوەچوو و ئەفریقای باشوور لە بەردەم 15 دادوەری نێونەتەوەیی، لەوانە دادوەرێکی باڵای ئیسرائیلی، داوای کردووە بەر بە " جینۆساید" و " تاوانی جەنگی" بگیردرێت لە غەزە لە لایەن ئیسرائیلەوە. لە بەرامبەردا پارێزەرەکانی ئیسرائیل بەرگریان لە سوپای ئیسرائیل کرد و سکاڵای ئەفریقای باشووریان بە نادروست ناوبرد.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ ئەمڕۆ لوتکەی کۆمکاری عەرەب لە بەحرەین دەکرێت و سەرکردەی وڵاتانی عەرەبی گفتووگۆ بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی لە غەززە دەکەن. ئەمڕۆ پێنجشەممە 16-5-2024، فڕۆکەی سەرکردەی 22 وڵاتی عەرەبی لە مەنامەی پایتەختی بەحرەین نیشتنەوە؛ لوتکەی کۆمکاری عەرەبی بەڕێوەدەبەن کە گوایە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ دۆخی ئێستای غەززە بەڕێوەدەچێت. ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی بەرپرسانی عەرەبییە لە دوای دواین لوتکەی کۆمکارەکە لە تشرینی دووەمی ساڵی 2023 لە ریاز. لەو کۆبوونەوەیەدا وڵاتانی عەرەبی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسرائیلیان بۆ سەر غەززە کرد و بە "بەربەریانە" ناویان برد، بەڵام نەیانتوانی بڕیار لەسەر گرتنەبەری هەنگاوی سیاسی و ئابووری دژ بە ئیسرائیل دەربکەن. وادیارە ئەم جارە ئەو ئاڕاستەیە دەگۆڕێت و توندتر دەبێت بەرامبەر ئیسرائیل، بەتایبەت لەم کاتەدا کە زۆرینەی وڵاتانی جیهان داوای چارەسەری دوو دەوڵەت بۆ فەڵەستین دەکەن. ئەوە حەوت مانگ زیاترە شەڕی نێوان ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس دەستیپێکردووە؛ لە دوای پەلامارەکەی 7ی تشرینی یەکەمی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، تەلئەڤیڤ دەستی بە ئۆپەراسیۆنەکەی بۆ "لەناوبردنی یەکجاریی حەماس" کرد، بەڵام تاوەکو ئێستا ئامانجەکەی بەدەستنەهێناوە. بەهۆی شەڕەکەوە تاوەکو ئێستا 35 هەزار و 233 هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون و زیاتر لە 2 ملیۆن و 500 هەزار کەسیش ئاوارەبوون. جگە لە شەڕی ئیسرائیل و حەماس، بڕیارە سەرکردەکانی عەرەب گفتووگۆی شەڕ لە لیبیا، سوودان، یەمەن و سووریا بکەن. ئەمەش بە بەشداریی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا کە پار دوای بومەلەرزەکەی 12ی شوبات گەڕایەوە ناو کۆمکارەکە.
هاوڵاتی لافاو شاری مەشهەدی ناوەندی پارێزگای خوراسانی رەزەوی لە باکووری رۆژهەڵاتی ئێران گرتەوە و بەهۆیەوە ژمارەیەک هاولاتی گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی دیکەش بێسەروشوێنن. بەپێی ئەو ئامارەی میدیاکانی ئێران بڵاویانکردووەتەوە، بەهۆی ئەو لافاوەی کە ماوەی دوو رۆژە لە شاری مەشهەدی ناوەندی پارێزگای خوراسانی رەزەوی لە باکووری رۆژهەڵاتی ئێران دروستبووە حەوت کەس گیانیان لەدەستداوە و 12 کەسی دیکەش بێسەروشوێن و زیانێکی مادی زۆریش کەوتووەتەوە. ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی ئایاری 2024، حەمید رەزا کاویانی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئۆپەراسیۆنەکانی فریاکەوتن لە مەشهەد رایگەیاند "رەنگە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا ژمارەی گیانلەدەستدان و بێسەروشوێنبووان بەرزبێتەوە". ئاماژەی بەوەشکرد "گۆڕەپانی تەورا گرنگترین خاڵی ئۆپەراسیۆن بوو لە رووداوی لافاوەکەدا، تیمەکانیش بە بەلەمی فریاگوزاری لەوێ جێگیرن و بەدوای ئۆتۆمبێلی گیریخواردوودا دەگەڕێن".
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ بە مەبەستی رێگریکردن لە چوونی کۆچبەری ئەفغانی بۆ ناو ئێران، ئەنجوومەنی ئاسایشی ئێران بڕیاریداوە دیوارێکی کۆنکرێت بە درێژایی دەیان کیلۆمەتر لە سنووری ئەفغانستان دروستبکات. رۆژی سێشەممە 14-5-2024، میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاندووە، ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران 3 ملیار و 300 ملیۆن دۆلاری بۆ بەهێزکردنی پاسەوانیی سنوورەکەی لەگەڵ ئەفغانستان خەرجکردووە، بەشێک لەو پارەیەش بۆ دروستکردنی دیوارێکی کۆنکرێت کە بەرزییەکەی 4 مەترە و درێژییەکی 74 کیلۆمەترە تەرخاندەکرێت. بڕیارە دیوارەکە سنووری باکووری رۆژهەڵاتی پارێزگای خۆراسانی ناوەڕاست و باکووری خۆراسانی باشوور بگرێتەوە. ئێران نزیکەی 920 کیلۆمەتر سنووری لەگەڵ ئەفغانستان هەیە، لە 40 ساڵی رابردوودا هەزاران کۆچبەر کە لە دەست باری ناجۆری ئابووری و ئاسایشی ئەفغانستان هەڵاتوون، روویان لە ئێران کردووە. بە گوێرەی ئاژانسی کۆچبەریی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئێستا نزیکەی 4 ملیۆن و 500 هەزار هاووڵاتی ئەفغانی لە ئێران دەژین، کە نزیکەی 1 ملیۆنیان دوای هاتنە دەسەڵاتی تاڵیبان بۆ ئەو وڵاتە هەڵاتوون؛ لەو ژمارەیەش تەنیا 500 هەزاریان وەک پەناخواز تۆمارکراون. بەرپرسانی ئێران دەڵێن، مەبەستێکی دیکەی دروستکردنی دیوارەکە کەمکردنەوە چوونی تیرۆرستە بۆ ئەو وڵاتە، کە گوایە دوای هاتنەدەسەڵاتی تاڵیبان لە ئەفغانستان مەترسییە تیرۆرستییەکان زیاتربووە. لە کانوونی دووەمی ئەمساڵ دوو تەقینەوەی گەورە لە شاری کرمان 80 هاووڵاتی سڤیلی کوشت کە دەوڵەتی ئیسلامی خۆراسان بەرپرسیارێتییەکەی گرتە ئەستۆ.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ 76 ساڵ لەمەوبەر فەڵەستینییەکان “لەنێو خاک و ماڵی خۆیان کە ئێستا ئیسرائیلە” دوورخرانەوە و لە غەززە گیرسانەوە. لای زۆرێک ئەو ئەزموونە ئێستا دووبارە دەبێتەوە. نەکبە کە وشەیەکی عەرەبییە و بە واتای کارەسات دێت، بۆ هەڵبڕانی 700 هەزار فەڵەستینی دەگەڕێتەوە لەو ناوچانەی ئەمڕۆ دەوڵەتی ئیسرائیلی لێدروستکراوە؛ ئەمە لە پێش و سەرووبەندی جەنگی عەرەب و ئیسرائیل لە ساڵی 1948 کە دواتر بە دروستبوونی ئیسرائیل کۆتایی هات. ئێستا سێ بەشی دانیشتووانی ئەمڕۆی غەززە ئەو ئاوارانەن کە بەهۆی جەنگەکەوە لە ماڵەکانی خۆیان هەڵبڕان. دوای جەنگ ئیسرائیل رێگەی نەدان بگەڕێنەوە، بە هۆکاری ئەوەی ژمارەیان لە جووەکان زیاتر دەبوو. رێگەنەدان بە گەڕانەوەی فەڵەستییەکان بۆ ئیسرائیل هۆکاری سەرەکیی سەرنەگرتنی گفتووگۆکانی ئاشتی بوو 15 ساڵ لەمەوبەر. ئێستا مەترسیی ئەوە لەسەر فەڵەستینییەکانی غەززە هەیە کە لە رەفەح ئاوارەن، مێژوو بەسەریاندا دووبارەبێتەوە، بەڵام ئەم جارە بە خراپتر. بە هەمان شێوەی پێشتر، خەڵک پشتی ئۆتۆمبێلەکانیان پڕ دەکەن و رەفەح لە ترسی هێرشەکانی ئیسرائیل جێدەهێڵن. شەڕی غەززە تاوەکو ئێستا 35 هەزار هاووڵاتی فەڵەستینی کوشتووە و یەک ملیۆن 700 هەزار کەسی دیکەش بەهۆیەوە ئاوارەبوون. ئەو ژمارەیە زیاترە لە دوو هێندەی ئەو ژمارەیەی لە 1948 لە ماڵەکانی خۆیان هەڵبڕان و لە غەززە ئاوارەبوون. بەدەر لەوە، نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت ئەگەر شەڕەکە بەم جۆرە بەردەوامبێت، 3 ملیۆن و 130 هەزار هاووڵاتی غەززە دووچاری قات و قڕی و برسێتی دەبنەوە. شەڕەکە دوای پەلاماری چەکدارانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد کە بەهۆیەوە 1200 ئیسرائیلی کوژران و 250 کەسی دیکەش بە بارمتە گیران.
رووسیا لە ئۆکراینا لە پێشڕەویدایە و ئەمریکا دەڵێت چەکەکانمان گۆڕانکاریی راستەقینە لە جەنگەکەدا دەکەن
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ ئەنتۆنی بلینکن بە سەردانێکی کتووپڕ خۆی گەیاندە کیێڤ و دەڵێت ئەو چەکانەی بۆ ئۆکراینای دەنێرن جیاوازی گەورە لە جەنگی دژ بە رووسیادا دروستدەکات. ئەمە لەکاتێکدایە رووسیا لە چەند رۆژی رابردوودا رووبەرێکی گەورەی ئۆکراینای کۆنترۆڵکردووە. رۆژی سێشەممە 14-5-2024، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە سەردانێکی رانەگەیێنراو گەیشتە کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا و چاوی بە ڤۆلۆدێمیر زیلنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا کەوت. بلینکن رایگەیاند، "دەزانین ئەمە کاتێکی دژوارە، بەڵام هاریکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا جیاوازی راستەقینە لە دژی داگیرکارییەکەی رووسیا لە مەیدانی جەنگدا دەکات". سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ ئۆکراینا لەکاتێکدایە، رووسیا لە هەفتەی رابردووەوە دەستی بە گوژمەیەک هێرشی نوێ لە باکووری رۆژهەڵاتی ئۆکراینا کردووە و تاوەکو ئێستا لانیکەم 125 کیلۆمەتر دووجا رووبەری ژێردەست هێزەکانی ئۆکراینای لە هەرێمی خارکیڤ کۆنترۆڵکردووە. لەو رووبەرەدا لانیکەم حەوت گوندی تێدایە و بەهۆی هێرشە نوێیەکانەوە 7500 هاووڵاتی ئۆکراینی ئاوارەبوون. کەمتر لە مانگێکە کۆنگرێسی ئەمریکا 60 ملیار هاریکاریی سەربازیی بۆ ئۆکراینا پەسەندکرد کە زۆرینەی هاریکارییەکە لە تۆپهاوێژ و سیستمی بەرگری ئاسمانی پێکدێت. بلینکن دەڵێت، هەندێک لەو هاریکارییانە گەیشتوون و هەندێکیان بە رێگاوەن. بەرپرسانی ئۆکراینا لە رابردوودا لۆمەی ئەمریکایان بەوەکردبوو کە لە هەناردەکردنی کەرەستەی سەربازی بۆیان دواکەوتووە و ئێستاش بەشێک لە بەرپرسانی سەربازیی ئۆکراینا بۆ ئەم پێشڕەوییەی رووسیا لە خارکیڤ لۆمەی ئەمریکا دەکەن. لە شوباتی ساڵی 2022ـەوە کە رووسیا هێرشی بۆ سەر ئۆکراینا دەستپێکرد، ئەمریکا گەورەترین هاریکاریی سەربازی بەراورد بە وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا بۆ ئۆکراینا ناردووە. لەوکاتەوە تاوەکو مانگی نیسانی ئەمساڵ، ئەمریکا بە بڕی 175 ملیار دۆلار هاریکاریی سەربازی بۆ کیێڤ دەستەبەرکردووە.
هاوڵاتی لە گەڕی دووهەمی هەڵبژاردنەکانی دوانزەهەمی خولی پەرلەمانی ئێران لە تاران، %8 خەڵک بەشداری هەڵبژاردەکانیان کردووە و %92 بایکۆتیان کردووە. رۆژنامەی " فرهیختگان" رۆژی شەممە11ی ئایار، لە راپۆرتێکدا باسی لەوە کردە بە پێی ئامارە نافەرمییەکان، %8 خەڵکی تاران لە هەڵبژاردنەکاندا بەشدارییان کردووە وبەو پێیەش نوێنەرە دەرچووەکان بە دەنگی کەمینەیەکی زۆر کەمی کۆمەڵگا ئەچنە پەرلەمانەوە. ناوەندی هەڵبژاردنەکانی وەزارەتی ناوخۆش رایگەیاندوە لە ناوەندەکانی دەنگدان لە تاران، شەمێرانات، ئیسلام شار و پەردیس،تەنها 522 هەزار کەس دەنگیان داوە، ئەمە لە کاتێکدایە ژمارەی دانیشتوانی تاران سەروی 12 میلیۆن کەسە و لەو 12 میلیۆن کەسە زیاتر لە 7 میلیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە. گەڕی دووهەمی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئێران لە کاتێکدا بەڕێوەچوو کە عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی، باسی لەوە کرد جیاوازی نییە لە نێوان گەڕی یەکەم و گەڕی دووهەمی هەڵبژاردنەکاندا و داوای لە خەڵک کرد بە گەرم و گوڕی بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن. هاوکات بە پێی ئامارەکان تەنها %8 خەڵکی تاران و دەورووبەری بەشداریان لە هەڵبژاردنەکاندا کردووە و لەناو کاندیدەکاندا بیژەن نەوباوە، بە 271 هەزار دەنگ، زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە لە ناو 16 نوێنەردا کە لە تاران دەرچوون بۆ پەرلەمانی ئێران. گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران کە بە مەجلیسی ئەنجومەنی ئیسلامی دەناسرێت رۆژی ١ی ئازاری رابردوو بەڕێوەچوو،وە بە گشتی نزیک %40 ی خەڵک بەشداری هەڵبژاردنەکانیان کردبوو، بەڵام بە پێی ئامارە نافەرمییەکان کەمتر لە %20 خەڵک بەشدارییان لەو هەڵبژاردنەدا کردبوو.
هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد میدیاکانی ئوردن ئاشکرایانکردووە، ماوەی 20 رۆژ دەبێت هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئوردن راگیراوە و تاوەکو ئێستاش دەستیپێنەکردووەتەوە. ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ی ئایاری 2024، عامر شوباکی، پسپۆڕی وزە لە ئوردون بە میدیاکانی راگەیاندووە، "لە 22ی نیسانی 2024ەوە هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئوردون راگیراوە، ئەمەش زیانێکی گەورەی بە ئابووری هەردوو وڵات گەیاندووە". لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی وزە و سامانەکانی کانزایی ئوردن لە بەیاننامەیەکدا هۆکارەکەی بۆ کۆتایی هاتنی رێککەوتنی نێوان هەردوو وڵات گەڕاندووەتەوە کە لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوو واژۆکراوە تایبەت بە هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ ئوردون بۆ ماوەی ساڵێک. هەروەها ئیمان عەواد، بەڕێوەبەری نەوت و گازی سروشتی ئوردن دەڵێت، "وەزارەتی وزە نووسراوی بۆ وەزارەتی نەوتی عێراق کردووە، داوایلێکردووە یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوانیان بۆ ماوەی سێ مانگی دیکە و بە هەمان مەرجەکانی گرێبەستکردن بەردەوام بێت، لە رۆژی 4ی ئەم مانگەشەوە هەژمار بکرێت تاوەکو ئەو کاتەی یاداشتێکی دیکە واژۆ دەکرێتەوە". گرێبەستی فرۆشتنی نەوتی عێراق بە ئوردون لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوو واژۆکراوە بۆ ماوەی ساڵێک، ئێستاش ئەو وادەیە کۆتایی هاتووە، لەسەرەتای ئەمساڵەوە، هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئوردن لە 10 هەزارەوە بۆ 15 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەرزبووەتەوە.
هاوڵاتی هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا "سێنتکۆم" خستنەخوارەی سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حوسییەکان لە دەریای سوور راگەیاند. ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ی ئایاری 2024، هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا "سێنتکۆم" لە بەیاننامەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، "هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا سەرکەوتووبوون لە تێکشانی ئەو سێ فڕۆکەیەی کە حوسییەکان لە ئاسمانی دەریای سوورەوە و لە ژێر ناوچەی دەسەڵاتی خۆیان لە یەمەن هەڵیان دابوو". ئاماژە بەوەشکراوە، "تێکشکاندنی ئەو سێ فڕۆکەیە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و هیچ زیانێکیش بەر کەشتییە ئەمەریکییەکان و هاوپەیمانان نەکەوتووە". سێنتکۆم روونیشیکردووەتەوە، "ئەو فڕۆکانە مەترسییەکی گەورەبوون بۆ هەردوو هێزەکانی هاوپەیمانان و کەشتییە بازرگانییەکان لە ناوچەکەدا، ئێمەش ئەم رێگەیەمان لەپێناو پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان و پاراستنی ئازادی کەشتیوانییە".
هاوڵاتی لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگدا لانیکەم 23 ژن لە لایەن پیاوانی نزیکی بنەماڵەیانەوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کوژراون. رۆژی شەممە، 11ی ئایاری 2024، میدیای ئێران بڵاویکردووەتەوە، لە ماوەی 45 رۆژدا لانیکەم 23 ژن بە دەستی مێرد، باوک، برا، کوڕ و خوازبێنیکەری پێشتریان کوژراون. ماوەکە لە 20ی ئادار تا 4ی ئایاری ئەمساڵە. لەم ماوەیەدا ژن لە تاران، 3 ژن لە مەشهەد، 2 ژن لە تەبرێز و 2ی دیکە لە ورمێ کوژراون. هەر لەم ماوەیەدا لە شارەکانی، سنە، بۆشەهر، جۆیبار، سمنان، ئابادان، ئەهواز، خومەین، ئەلشتەر، بەردسکەن، فلاورجان و سەبزەوار ژنێک بە دەستی پیاوانی نزیکی بنەماڵە کوژراون.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ بەهۆی لافاوەوە لە ئەفغانستان کە هۆکارەکەی بارانی وەرزیی بەلێزمەیە 300 کەس گیانیان لەدەستدا و 1000 ماڵیش رووخان. رۆژی شەممە 11-5-2024، ئاژانسی خۆراکی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، بەهۆی لافاوەوە زیاتر لە 200 کەس لە ئەفغانستان گیانیان لەدەستداوە. لافاوەکە بەهۆی بارانی وەرزیی چەند هەفتەی رابردووەوە بووە کە لە ئەفغانستان باریوە و بەهۆیەوە 1000 خانوو ژێرئاو کەوتوون. زەبیحوڵا موجاهید، گوتەبێژی حکومەتی ئەفغانستان لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تویتەر بڵاویکردووەتەوە، "سەدان کەس نەیانتوانی لەدەست لافاوەکە رزگاریان بێت و ژمارەیەکی بەرچاویش برینداربوون". هاوکات ئاماژەی بەوەشکردووە، هەریەک لە پارێزگاکانی بەغلان، بەدەخشان، غۆر و هیرات زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە. ئەوەشی باسکردووە کە لافاوەکە زیانێکی گەورەی مادی بەو ناوچانە گەیاندووە. دەشڵێت حکومەت فەرمانی بە تیمەکانی فریاکەوتن لە هەر شوێنێک هەن کردووە خەڵکەکە رزگاربکەن و بریندارەکان بگەیێننە نەخۆشخانە. وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتەش رایگەیاندووە، هێزی ئاسمانی دەستی بە رزگارکردنی خەڵک لە بەغلان کردووە و نزیکەی 100 برینداری گەیاندووەتە نەخۆشخانە. لەمساڵدا ئەمە جاری دووەمە لافاوی بەهێز لە ئەفغانستان دەدات. لە مانگی نیساندا حکومەتی ئەفغانستان رایگەیاند، لانیکەم 70 کەس بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە و 2000 خانوو، 3 مزگەوت و 4 قوتابخانە زیانیان بەرکەوتووە.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ ناتانیاهو وەڵامی قسەکانی جۆ بایدنی دایەوە کە باس لە راگرتنی ناردنی چەک بۆ ئیسرائیل دەکات؛ دەڵێت، ئەگەر پێویستکات بە نینۆک شەڕدەکەین. رۆژی پێنجشەممە 10-5-2024، لە سەرووبەندی یادی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل کورتە ڤیدیۆیەکی بنیامین ناتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بڵاوکرایەوە کە تێیدا پەیامێک ئاڕاستەی سەرۆکی ئەمریکا دەکات. ناتانیاهو دەڵێت، "بۆ لەناوبردنی دوژمنەکانمان کە دەیانەوێت بمانکوژن، ئەگەر پێویستکا بە تەنیا شەڕکەین، بە تەنیا شەڕدەکەین. پێشتریش گوتوومە، ئەگەر پێویستکا بە نینۆک شەڕدەکەین". رۆژی چوارشەممە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای ئەمریکی گوتی، ئیسرائیل بچێتە ناو رەفەح ناردنی چەک بۆ تەلئەڤیڤ رادەگرێت. ئەوەش لەبەرئەوەی مەترسی کارەساتی مرۆیی لێدەکەوێتەوە. بەڵام وادیارە ئیسرائیل سوورە لەسەر هێرشکردنە سەر رەفەح کە وەک خۆی دەڵێت بۆ لەناوبردنی یەکجاریی حەماسە. دانیاڵ هاگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل بە هەمان شێوە لە وەڵامی قسەکانی بایدن دەڵێت، "سوپا چەکی پێویستی بۆ ئەو ئەرکانە هەیە کە پلانی بۆ دادەنێت، بۆ ئەرکی رەفەحیش بەشی پێویستی هەیە، ئەوەی پێویستمانە لەبەردەستمانە". ئیتەمار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی ئیسرائیل لە دوای قسەکانی بایدن لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لە پۆستێکدا ناوی حەماس و بایدنی بەیەکەوە نووسیوە و دڵێکی لە نێوانیان داناوە، ئەوەش وەک تەنزێک کە گوایە بایدن پشتیوانی لە حەماس دەکات. 1 ملیۆن و 300 هەزار کەس لە رەفەح ئاوارەبوون کە زیاتر لە نیوەی تەواوی دانیشتوانی کەرتی غەززەن، ئیسرائیلیش بەردەوام هەڕەشەی ئەوە دەکات هێرشبکاتە سەر شارەکە. رەفەح جگە لە پەناگەی مانەوەی ئاوارەکانی غەززە، دەرچەیەکی سەرەکی گەیاندنی هاریکارییە مرۆییەکانە بۆ فەڵەستینییەکان. ئێستا بەهۆی هێرشی ئیسرائیلەوە بۆ سەر شارەکە، دوو لە رێڕەوە مرۆییە سەرەکییەکان داخراون. نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، بەهۆی ئەو داخرانەوە ئێستا 2 ملیۆن و 300 هەزار کەس لە غەززە لەسەر لێواری لەبرسامردنن.
