هاوڵاتی  وەزارەتی تەندروستی غەززە رایگەیاند، لە 24 کاتژمێری رابردوودا زیاتر لە 200 کەس کوژراون کە نیوەیان لە باشوری غەززە بوون.  وەزارەتی تەندروستی غەززە دەڵێت، لە دوێنێ سێشەممەوە تا ئەمڕۆ ئیسرائیل 27 هێرشی بۆ سەر کەرتی غەززە ئەنجامداوە کە تێیدا 241 کەس کوژراون. وەزارەتی تەندروستی غەززە باس لەوەش دەکات، نیوەی ئەوانەی کوژراون لە باشوری کەرتی غەززە بوون. باشوری غەززە ئەو ناوچەیەیە کە ئیسرائیل لە سەرەتایی جەنگەوە بە هاوڵاتییانی غەززە دەڵێت بڕۆن بۆی تا لە بۆردومانەکان بەدوور بن و نەبنە قوربانی. تا ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە باکوری غەززەوە ئاوارە بوون بەرەو باشوری غەززە.  بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین، تا ئێستا دە هەزار و 569 کەس بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائلەوە کوژراون کە زیاتر لە چوار هەزار کەسیان منداڵن، هاوکات دەشڵێت 18 نەخۆشخانە و 40 ناوەندی پزیشکی بەهۆی بۆردومانەکانەوە لەکارکەوتن و خزمەتگوزاری پێشکەش ناکەن. 

هاوڵاتی وەزیری ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، بە بڕیاری دادگای سەربازیی لە ئەم ساڵدا ١٥٣ ئەفسەر و ٨٩٩ كارمەندی هێزە ئەمنییەكانی عێراق لە كارەكانیان دوورخراونەتەوە   گرێبەست لەگەڵ 37 هەزار پۆلیس کە تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 25 ساڵدایە بۆ ماوەی سێ ساڵ بە موچەی 500 هەزار واژۆ کراوە. عەبدولئەمیر شەمەری وەزیری ناوخۆی عێراق لە کۆبونەوەی لەگەڵ دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق رایگەیاند، 153 ئەفسەر و 899 کادری هێزە ئەمنییە ناوخۆییەکان بە بڕیاری دادگا لە کارەکانیان دورخراونەتەوە . ئەوەشی خستەڕو، تەنها لەمساڵدا 100 ناوەندی بەرگریی شارستانی بنیادنراوە، 130 هەزار ئۆتۆمبێلی ئاگر کوژێنەوەش دابینکراوە، ناوەندێکی تایبەت بە راهێنانی کارمەندەکانی ئاگر کوژێنەوە کراوەتەوە. پێشتر دەستەی دەستپاكی عێراق چەندین دۆسییە گەندەڵی و بەفیڕۆدانی ماڵ و موڵكی دەوڵەت لەلایەن كارمەندانی وەزارەتی ناوخۆوە ئاشكرا كردووە، چەندین كەس سزا دراون و بەشێكی دیكەیان دۆسییەیان لە دادگا بۆكراوەتەوە، بە مەبەستی لێكۆڵینەوە.

هاوڵاتی  وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند لەماوەی سێ هەفتەدا بنکە سەربازییەکانیان لە عێراق و سوریا 38 جار هێرشیان کراوەتەسەر و لانیکەم 45 کارمەندی ئەمریکی برینداربوون. لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا پاتریک رایدەر، وتەبێژی پنتاگۆن رایگەیاند، لە رۆژی 17ی مانگی رابردووەوە تا ئێستا بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا 38 جار هێرشیان کراوەتەسەر. وتەبێژەکەی پنتاگۆن دەشڵێت، بەشێکی زۆر لەو هێرشانەی بە مووشەک و درۆن ئەنجامدراون و ئەوان بڕوایان وایە لەلایەن گروپەکانی نزیک لە ئێرانەوە ئەنجامدرابن. پاتریک رایدەر لەسەر زیانی ئەو هێرشانە دەڵێت، لانی کەم 45 کارمەندی ئەمریکی لە هێرشەکاندا بریداربوون کە 24 کەسیان زیان بەر مێشکیان کەوتووە. لەماوەی رابردوودا بەرپرسانی ئێران خۆیان بێبەری کردووە لەو هێرشانە و دەڵێن ئەو گروپانە بە سەربەخۆ کار دەکەن و لەسەر بڕیاری هەر هێرشێک ناگەڕێنەوە بۆ ئەوان. تا ئێستا ئەمریکا دوو جار وەڵامی بۆ ئەو هێرشانە هەبووە و چەند پێگەیەکی هێزەکانی نزیک ئێرانی لە سوریا بە ئامانج گرتووە. دوای هێرشەکان جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، هۆشداریدا کە ئێران هێرشەکانی بۆ سەر ئەو بنکە سەربازییانەی ئەمریکا بوەستێنێت.

هاوڵاتی ماڵپەڕی "ئێن بی سی نیوز"ی ئەمریکی لە زاری چەند بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا "پێنتاگۆن" بڵاویکردەوە، بەهۆی هێرشی گروپە چەکدارییەکانی عێراق لەم دواییانەدا نزیکەی 45 سەربازی ئەمریکی برینداربون، برینی هەندێکیشیان سەختە. ئەمڕۆ  دووشەممە، 6ـی تشرینی دووەمی 2023، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن ماڵپەڕی "ئێن بی سی نیوز"ی ئەمریکی راگەیاند، لە 17ـی ئۆکتۆبەرەوە 38 جار لە عێراق و سووریا هێرشکراوەتە سەر هێزەکانیان و بەهۆیانەوە لانیکەم 45 سەرباز و کارمەندیان بریندار بوون.  هاوکات پێشتر وەزارەتی بەرگری ئەمریکا "پێنتاگۆن" رایگەیاندبوو، لە هێرشی گروپە چەکدارییەکان لە بنکەی تەنەفی رۆژئاڤای کوردستان و بنکەی عەین ئەسەدی عێراق و بنکەی هەریری هەرێمی کوردستان، تەنها 21 سەرباز بە سوکی برینداربون. جێگەیباسە هەر ئەمڕۆ  دووشه‌ممه‌، مقاومه‌ی ئیسلامی له‌ عێراق به‌پرسیارێتیی خۆی له‌ ئه‌نجامدانی شه‌ش هێرش بۆسه‌ر چوار بنه‌كه‌ی سه‌ربازیی سوپای ئه‌مریكا له‌ عێراق و سوریا راگه‌یاند. مقاومه‌ی ئیسلامی  له‌باره‌ی ئه‌و هێرشانه‌وه‌ رایگه‌یاند: سێ له‌و شه‌ش هێرشه‌ كراوه‌ته‌سه‌ر بنكه‌ی سه‌ربازیی عه‌ین ئه‌لئه‌سه‌د له‌ پارێزگای ئه‌نباری خۆرئاوای عێراق و یه‌ك هێرشیش كراوه‌ته‌سه‌ر نزیك فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر.  باسی له‌وه‌شكرد كه‌ دوو هێرشه‌كه‌ی دیكه‌یان بۆ بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكا بووه‌ له‌ سوریا و تیایدا هه‌ردوو بنكه‌ی ته‌ل به‌یده‌ر و ته‌نه‌ف كراونه‌ته‌ ئامانج.

هاوڵاتی  محەممەد شیاع سودانی، سەرۆککوەزیرانی عێراق، لە تارانەوە لەسەر جەنگی حەماس-ئیسرائیل قسەی کرد و رایگەیاند، ئەوانەی نایانەوێت شەڕەکە تەشەنەبستێنێت دەبێت فشار بخەنەسەر ئیسرائیل تا شەڕ رابگرێت. دوای ئەوەی سودانی گەیشتە تاران و لەلایەن ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێرانەوە پێشوازی لێکرا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، "ئەوانەی نایانەوێت ئەم شەڕە گەورە ببێت دەبێت فشار بخەنەسەر ئیسرائیل تا ئەو کۆمەڵکوژییە رێکخراوەییە بوەستێنێت." محەممەد شیاع سودانی لە قسەکانیدا رەخنەشی لە کۆمەڵگەی نێودەولەتی گرت کە سستە لە بڕیاردان و ئەنجامدانی ئەو ئامانجەی بۆی دامەزراوە. سەرۆکوەزیراینی عێراق باسی لەوەشکرد کە جەنگی ئێستا لە ئەنجامی هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەر نەبوو، بەڵکو لەئەنجامی چەندین ساڵەی ئاوارەکردنی زۆرەملێی فەڵەستینییەکان بووە. سەردانی سودانی بۆ تاران لە کاتێکدایە کە شەوی رابردوو ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ سودانی کۆبوویەوە و بلینکن جەختی لەوە کردەوە کە ئەمریکا نایەوێت شەڕەکە تەشەنەبستێنێت و باسیشی لە راگرتنی هێرشەکانی سەر بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا کرد لەلایەن هێزە نزیکەکانی ئێرانەوە.

هاوڵاتی  وتەبێژی سوپای ئسیرائیل رایگەیاند، چواردەوری غەززەیان گرتووە و کەرتی غەززە بووەتە دوو بەش، دەشڵێت، سەربازانی ئیسرائیل گەیشتوونەتە کەناری دەریای سپی ناوەڕاست. ئەمڕۆ یەکشەممە 5ی تشرینی دووەمی 2023، دانیاڵ هەگاری وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی سوپای ئیسرائیل کەرتی غەززەی کردووتە دوو بەش بەجۆریك ئێستا "غەززەی باشور و غەززەی باکور هەیە." دانیال هەگاری دەشڵێت، کەرتی غەززەیان "تەوق داوە" و سەربازانی ئیسرائیل گەیشتوونەتە کەناری غەززە و بەرگری لێدەکەن. وتەبێژی سوپای ئیسرائیل باسی لەوەش کرد هێزەکانیان بەردەوام دەبێت لە هێرشەکانی بەشێوەیەکی چڕ تا "ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکەمان فراوان بکەین لە کەرتی غەززە." ماوەی هەفتەیەکە سوپای ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی بۆ کەرتی غەززە دەستپێکردووە لەگەڵ ئەنجامدانی بۆردومانی چڕ لە سەرەتایی جەنگەوە کە بووەتە هۆی کوژرانی نزیکەی 10 هەزار کەس لە فەڵەستین. 

هاوڵاتی  ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گەیشتە بەغدا و لەگەڵ محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبویەوە و رایگەیاند، لەگەڵ ئێران رووبەرووبونەوەیان ناوێت و ئەو هیرشانەی لەلایەن گروپەکانی نزیک ئێرانەوە دەکرێتە سەریان قبوڵ کراو نین. ئێوارەی ئەمڕۆ 5ی تشرینی یەکەمی 2023 ئەنتۆنی بلیکن گەیشتە بەغدا و لەگەڵ محەممەد شیاع سودانی کۆبویەوە و وتی کە "گفتوگۆیەکی راستگۆیانە و باشم لەگەڵ سودانی ئەنجامدا." سەبارەت بە هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەعێراق و سوریا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وتی، "ئەو هەڕەشانەی لەلایەن گرووپەکانی نزیک لە ئێرانەوە دەکرێن بەتەواوەتی قبووڵنەکراون، نامانەوێت لەگەڵ ئێران رووبەڕووبوونەوەمان هەبێت، بەڵام هەموو رێکارێک بۆ پاراستنی هێزەکانمان و هاووڵاتییانمان دەگرینەبەر." لەدوای هێرشی حەماسەوە بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ی مانگی رابردوو، هێرشەکان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا زیادیانکردووە و لەماوەی 15 رۆژدا 21 جار هێرشکراوەتەسەر ئەو بنکانە. ئەمریکا چەندین جار هۆشداری داوە کە ئێران گروپەکانی کۆنتڕۆل بکات و هێرش نەکەنە سەر بنکەکانیان. تا ئێستا واشنتن دوو جار وەڵامی بۆ ئەو هێرشانە هەبووە و بە فڕۆکەی جەنگی هێزەکانی نزیک ئێرانی لە سوریا بە ئامانج گرتووە. ئەنتۆنی بلینکن سەبارەت بە راگەیاندنی ئاگربەست لە شەڕی حەماس و ئیسرائیل کە لە ئێستادا چەندین وڵات داوای راگرتنی شەڕ دەکەن، وتی: ناکۆکی هەیە دەربارەی وەستاندنی یەکجاری جەنگی غەززە، بەڵام هەمووان پێشوازی لە ئاگربەست دەکەن، ئاگربەست هەلێکی جدییە بۆ رزگارکردنی بارمتەکان. بەهۆی دروستبونی قەیرانێکی جدییەوە لە کەرتی غەززە، رێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان داوای راگرتنی شەڕ دەکەن بەهۆی ئەوەی خەڵکی غەززە هەموو شتێکیان لێبڕاوە و سووتەمنی نەخۆشخانەکانیش خەریکە نامێنێت.  ئیسرائیل رەتیدەکاتەوە ئاگربەست رابگەینێت و ئێوارەی ئەمڕۆ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رایگەیاند تا تەواوی بارمتەکان ئازاد نەکرێن، کە ژمارەیان 220 کەس زیاترە، ئاگربەست راناگەیەنێت.

نووسینگەی عەلی خامنەیی، رابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند، ئیسماعیل هەنییە، سکرتێری مەکتەب سیاسی حەماس و وەفدەکەی لەگەڵ خامنەیی کۆبونەوە و رابەری باڵای ئێران پێی راگەیاندوون کە لە پشتیوانیان بەردەوام دەبن. ئەم کۆبونەوەیەکە لەکاتێکدایە کە حەماس و ئیسرائیل لە ئێستادا لە جەنگدان و ئێران بە هاندەری حەماس بۆ دەستپێکی ئەم جەنگە ناودەبرێت. ئوسامە حەمدان، نوێنەری حەماس لە بەیرووت پێشتر رایگەیاندبوو ئیسماعیل هەنییە و وەفدی هاوڕێی، چەند رۆژێکە لە تارانن. نووسینگەی رابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران بە بڵاوکردنەوەی چەند وێنەیەکی نوسیویەتی، "ئیسماعیل هەنییە لەم دیدارەدا راپۆرتی دوایین ئاڵوگۆڕەکانی غەزە و تاوانەکانی ئیسرائیل و هەروەها ئاڵوگۆڕەکانی کەرتی رۆژئاوای پێشکەش بە رابەری باڵای کۆماری ئیسلامی کرد." بە پێی راگەیاندراوەکە، عەلی خامنەیی جەختی لەسەر ئەوە کردەوەتەوە ئێران سوورە لەسەر ئەوەی وەک هەمووکات یارمەتی بزووتنەوەی بەرگری فەلەستین بدات. ئەمە لەکاتێکدایە عەلی خامنەیی جگە لەوەی چەند رۆژ دوای هێرشی حەماس بۆ باشوری ئیسرائیل، ئەوەی رەتکردەوە دەستیان هەبێت لە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و لەم رۆژانەی دواییدا، ئەوەی رەتکردەوە کە ئێران لە پشت ئەو خۆپیشاندانانەوە بێت کە لە وڵاتانی رۆژئاوا بۆ پشتیوانی فەلەستینییەکان بەڕێوە ئەچێت.

هاوڵاتی دوای 13 ساڵ لە سەرۆکایەتیکردنی پارتەکەی، کەمال کڵچدارئۆغڵو لە 38ـەمین کۆنگرەی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) دۆڕا و ئۆزگور ئۆزەل بە سەرۆکی پارتەکە هەڵبژێردرا. دوێنێ رۆژی شەممە ٣٨ەمین کۆنگرەی پارتی گەلی کۆماری-جەھەپە دەستپێکرد و ھەریەکە لە کەمال کڵچدارئۆغڵو و ئۆزگور ئۆزێل رکابەرییان دەکرد بۆ بوون بە سەرۆکی جەھەپە، کە بە ٨١٢ دەنگی ئەندامانی کۆنگرە لە کۆی ھەزار و ٣٦٦ دەنگ ، ئۆزگور ئۆزێل بە سەرۆکی نوێی جەھەپە ھەڵبژێردرا. ئۆزگور ئۆزێل تەمەنی ٤٩ ساڵە، لە ساڵی ٢٠١٥وە جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی جەھەپەیە لە پەرلەمانی تورکیا و لە ساڵی ٢٠١١شەوە ئەندامی پەرلەمان بووە. کەمال کڵچدارئۆغڵوی تەمەن ٧٤ ساڵ، ١٣ ساڵ سەرۆکی جەھەپە بوو، مانگی ئایاری ئەمساڵ لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تورکیا بەرامبەر رەجەب تەیب ئەردۆغان دووچاری شکست ھات، ئەوەش دووچاری رەخنەی گەورەی کردەوە. لە کۆنگرەکەدا ئۆزگور ئۆزەل کە ئەکرەم ئیمام ئۆغلو پشتگیرى لێدەکات، بە بەدەستهێنانی 812 دەنگ بە سەرۆکی گشتی جەهەپە هەڵبژێردرا و لە دەنگدانەکەدا کەماڵ کڵچدار ئوغڵو 536 دەنگی بەدەست هێنا، بەم شێوەیە قۆناغى 13 ساڵەى کڵچدار ئۆغلۆ لەگەڵ جەهەپە کۆتایى هات. بەو پێیە پەرلەمانتاری مانیسا ئۆزگور ئۆزەل بووە هەشتەمین سەرۆکی گشتی پارتی گەلی کۆماری تورکیا. کڵچدار ئۆغلۆ، دواى دۆڕاندنى هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى تورکیا و سەرۆکایەتى پارتەکەى لە مساڵدا، خۆرى سیاسى بەرەو کوژانەوە دەچێت و بەپێى میدیاکانى تورکیا، پێدەچێت لە سیاسەت دوربکەوێتەوە. جەهەپە لە 9ـی ئەیلوولی 1923 لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورک دامەزرا، لە ساڵانی 1923-1950دا 17 جار لەسەریەک حکومەتی پێکهێنا. پارتەکە بەهۆی بوونی کێشەی نێوخۆییەوە ژمارەیەک سەرکردە لێی جیابوونەوە و پێنج پارتی سیاسییان دامەزراند. لە ساڵانی 1961-1965 جەهەپە سێ جاری دیکە حکومەتی پێکهێنا. لە کودەتاکەی 1981 بۆ ماوەی چوار ساڵ داخرا و بەبڕیاری دادگەی دەستوور لە ساڵی 1986 دووبارە کرایەوە. 37 کۆنگرەی ئاسایی و 19 کۆنگرەی نائاسایی سازکردووە.          

هاوڵاتی  سەدان خۆپیشاندەر لەبەردەم ماڵی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە ئۆرشەلیم-قودس گردبوونەوەتەوە و داوای دەستبەجێ دەستلەکارکێشانەوە و ئازادکردنی بارمتە ئیسرئیلییەکان دەکەن. خۆپیشاندەران لە بەردەم ماڵی ناتانیاهۆ هوتافی جیاوازیان وتەوە و بەشێکیان هاواریان دەکرد "ناتنیاهۆ بکوژە" و "هەر ئێستا بۆ زیندان." پۆلیسی ئیسرائیل بۆ رێگریکردن لە تەشەنەسەندنی خۆپیشاندانەکە نزیک خۆپیشاندەران جێگیر بوون و بەشێکیان رووبەرووی خۆپیشاندەران بوونەوە. خۆپیشاندەران جگە لە داواکردنی دەستلەکارکێشانەوەی ناتانیاهۆ، داوای ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکانیشیان کرد کە لەلای حەماس دیلن و ژمارەیان سەروو 220 کەسە. تا ئێستا ناتانیاهۆ بەرپرسیارییەتی شکستی هێرشەکەی حەماسی لەئەستۆ نەگرتووە و ئەمەش بووەتە هۆی تووڕەیی خەڵکی ئیسرائیل. هاوکات هەر ئەمڕۆ کەناڵی 13ی ئیسرائیلی راپرسییەکی بڵاوکردەوە کە دەردەکەوێت %76ی ئیسرائیلییەکان داوای دەستلەکارکێشانەوەی ناتانیاهۆ دەکەن و لەسەدا %64 داوا دەکەن دەستبەجێ هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت. لە بەشێکی راپرسییەکەدا هاتووە کە "کێ بە بەرپرس دەزانیت لە هێرشەکەی حەماسدا" لە 7ی تشرینی یەکەم، %44ی ئیسرائیلییەکان لۆمەی ناتانیاهۆ دەکەن و %33 لۆمەی سەرۆک ئەرکانی سوپا و بەرپرسە باڵاکانی تری سوپا دەکەن، %5یش وەزیری بەرگری بە بەرپرسیار دەزانن.  

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە 44ەمین ساڵیادی دەستبەسەرداگرتنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران، راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و داوای لە هاوڵاتیانی کرد خۆیان لە سەردان کردن بۆ ئێران بپارێزن. لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، هاوڵاتیانی ئەمریکی لەبەر ئەوەی مەترسی ئەوەیان لەسەرە سەرەڕۆیانە دەستبەسەر بکرێن و بخرێنە زیندانەوە، نابێ بە هیچ هۆکار و بیانوویەک سەردانی ئێران بکەن." لە راگەیاندراوەکە ئاماژە بە بارمتەگرتنی دیپلۆماتە ئەمریکییەکان لە 4ی تشرینی دووهەمی 1979 کراوە کە زیاتر لە ساڵێک بارمتەبوون دوای ئەوەی خوێندکارانی زانکۆ لەوکاتەدا هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران و دواتریش روداوەکە بە قەیرانی بارمتەکانی ئێران ناسرا لە جیهاندا. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باس لەوە ئەکات کە "بە داخەوە کۆماری ئیسلامی ئێران مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە لە دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی هاوڵاتیانی بیانی و ئەم کارەیان ئێستاش هەر بەردەوامی هەی." وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، دەستبەسەرکردنی هاوڵاتیانی بیانی لە لایەن ئێرانەوە، بە مەبەستی مامەڵەکردن بە ناڕەو ادەەزانێت و جەخت لەسەر ئەوە ئەکاتەوە بەردەوامە لە هاوکاریکردنی هاوبەشەکانی خۆی بۆ کۆتایی هێنان بە بارمتەگرت نو دەستبەسەرکردنی "نایاسایی هاوڵاتییە بیانییەکان و هەروەها پێویستە کۆماری ئیسلامی ئێران و رژێمە هاوشێوەکان وەڵامدەرەوە بن بەرامبەر بەم چەشنە ئاکارانە." وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژە بە بارمتەگرتنی هاوڵاتیانی ئیسرائیلی و بیانی لە لایەن حەماسەوەو  دەدات و دەڵێ، "ئێمە پشتیوانی بەردەوامی کۆماری ئیسلامی لە حەماس و گرووپە تیرۆریستییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە خەریکی کردەوەی تیرۆریستی و بە بارمتەگرتنی هاوڵاتیانی بیانین بە ناڕەواز دەزانین و خوازیاری نەمانی ئەم جۆرە کردەوانەین." بەرپرسانی ئیسرائیلی باس لەوە ئەکەن لە هێرشی 7ی مانگی رابردووی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل زیاتر لە 230 کەس بە بارمتە گیراون.

هاوڵاتی  تورکیا باڵیۆزی خۆی لە ئیسرائیل بانگێشتکردەوە بەهۆی رەتکردنەوەی ئیسرائیل بۆ راگەیاندن ئاگربەست. وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، شاکیر ئۆزکان تۆرنلار، باڵیۆزی تورکیای لە تەلئەبیب، بۆ ئەنقەرە بانگێشتکردووەتەوە ئەوەش بەهۆی قبوڵ نەکردنی ئەو بانگەوازانەی ئاراستەی ئیسرائیل دەکرێت بۆ راگرتنی هێرشەکان بۆسەر خەڵکی مەدەنى ". لە راگەیاندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا هاتووە بانگهێشتکردنەوەى باڵیۆزى تورکیا بۆ ئەنقەرە بەمەبەستى راوێژکارییە. ئەمە هەنگاوەی تورکیا دوای ئەوەی دێت  کە ئەمڕۆ میدیای تورکیا بڵاویکردەوە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە ناتانیاهۆ باسی لەوە کردووە کە "چیتر ئەو کەسێک نییە بتوانین قسەی لەگەڵ بکەین، ئەومان فەرامۆش کردووە" بەهۆی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە. سەرۆککۆماری تورکیا لەسەر پچراندنی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئسیرائیل وتی، "پچڕاندنی پەیوەندییەکان بە تەواوی گونجاو نییە بەتایبەت لە دیبلۆماسییەتی نێودەوڵەتییدا." ئەردۆغان لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای میتی تورکیا، سەرکردایەتی هەوڵی وڵاتەکەی دەکات بۆ نێوەندگیری و راوەستاندنی جەنگ، بەڵام دەشلێت، ناتانیاهۆ بەرپرسایەریەتی سەرەکی لەسەرە سەبارەت بەو  توندوتیژییەی ئێتستا لە غەززە دەگوزەرێت بۆیە "پێویستە هەنگاوێک بێتە دواوە و ئەمە رابگرێت."  

هاوڵاتی  لیژنەی مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان، رایگەیاند پێویستە بەرپرسانی ئێران پۆلیسی ئەخلاق لە وڵاتەکە هەڵبوەشێننەوە و یاسایەک دابنرێت بۆ گۆرانکاری تێیدا. وێڕای دەربڕینی نیگەرانی خۆی لەپەیوەند لەگەڵ ئاکاری کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ژنان و کچان،  داوای لە بەرپرسانی ئەو وڵاتە کردووە پۆلیسی ئەخلاق هەڵوەشێننەوە. لیژنەکە رۆژی هەینی ٣ی تشرینی دووهەمی 2023، دوای تاوتوێی راپۆرتەکانی پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند، "دەبێت تاران یاسایەک پەسەند بکات کە پارێزگاری لە ژنان و کچان بکات بەرامبەر هەموو توندوتیژییەک." کوشتنی ژینا ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵ لە لایەن پۆلیسی ئەخلاقییەوە لە ساڵی رابردوودا بە بیانووی نەپاراستنی حیجاب، ناڕەزایەتی گەورەی دژ بە حکومەتی لە ئێران لێکەوتەوەو حکومەت بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان هێزێکی زۆری بەکارهێنا و سەرەنجام بە زەبری هێز توانی ناڕەزایەتییەکان سەرکوت بکات.  لیژنەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیاندراوەکەیدا دەڵێت، "ئەو یاسا و سیاسەتەی کە ملکەچ نەبوون بە حیجابی زۆرە ملێ بە تاوان ئەزانێت، پێویستە گۆڕانکاری تیا بکرێت یان هەڵبوەشێتەوە و پۆلیسی ئەخلاقیش نەهێڵدرێت." تا ئێستا نوێنەری کۆماری ئیسلامی لە جنێف هیچ وەڵامێکی نەبووە بەرامبەر بەم داواکارییەی لیژنەی مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان. دوای مردنی ژینا ئەمینی، پۆلیسی ئەخلاق بۆ ماوەیەک لە شەقامەکان لابردرا، بەڵام لەگەڵ کپکردنی ناڕەزایەتییەکانی سەرشەقام، هێزە سەربازی و پۆلیسییەکان بە شێوەی جیاوازهاتوونەتەوە سەر شەقام و زۆرتوند رووبەڕووی ئەو ژنانە ئەبنەوە کە حیجابی زۆرەملێ ناپارێزن. رۆژی 1ی تشرینی یەکەمی 2023، ئارمیتا گەڕاوەند، کچێکی 16 ساڵەی کرماشانی، نیشتەجێی تاران، لە مێترۆ لە لایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە توندووتیژی بەرامبەر کرا. دوای 28 رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، رۆژی 28 ی تشرینی یەکەم ماڵئاوایی لە ژیانکرد. رێکخراوەکانی مافی مۆرڤ لە ئێران دەڵێن، ئارمیتا بە هەمانشێوەی ژینا ئەمینی، لە لایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە کوژرا، بەڵام حکومەتی ئێران بە شێوەیەک دۆسییەکەی نیشاندا کە هاوشێوەی ژینا ئەمینی ناڕەزایەتی لێنەکەوێتەوە.  

هاوڵاتی  رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، پەیوەندییەکانی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پچڕاندووە، بەڵام بەردەوامی دەدات بە پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل.  ئەمڕۆ شەممە 4ی تشرینی دووەمی 2023، میدیای تورکیا بڵاویکردەوە کە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە ناتانیاهۆ باسی لەوە کردووە کە "چیتر ئەو کەسێک نییە بتوانین قسەی لەگەڵ بکەین، ئەومان فەرامۆش کردووە" بەهۆی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە. سەرۆککۆماری تورکیا لەسەر پچراندنی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئسیرائیل وتی، "پچڕاندنی پەیوەندییەکان بە تەواوی گونجاو نییە بەتایبەت لە دیبلۆماسییەتی نێودەوڵەتییدا." ئەردۆغان لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای میتی تورکیا، سەرکردایەتی هەوڵی وڵاتەکەی دەکات بۆ نێوەندگیری و راوەستاندنی جەنگ، بەڵام دەشلێت، ناتانیاهۆ بەرپرسایەریەتی سەرەکی لەسەرە سەبارەت بەو  توندوتیژییەی ئێتستا لە غەززە دەگوزەرێت بۆیە "پێویستە هەنگاوێک بێتە دواوە و ئەمە رابگرێت." وتەکانی سەرۆککۆماری تورکیا دوای ئەوە دێت کە هەفتەیەک لەمەوبەر ئیسرائیل رایگەیاند، هەڵسەنگاندن بۆ پەیوەندییەکانی دەکات لەگەڵ ئەنقەرە بەهۆی گوتاری توندی بەرپرسانی تورکیا بەرامبەر ئیسرائیل لەسەر جەنگ. پێشتریش ئیسرائیل هەموو دیپلۆماتکارەکانی لە تورکیا و وڵاتانی تری نزیک کشاندوە وەک مەترسییەکی ئەمنی. نزیکەی مانگێکە جەنگی حەماس-ئیسرائیل بەردەوامە و تا ئێستا زیاتر لە نۆ هەزار کەس لە غەززە و هەزار 1400 کەس لە ئیسرائیل کوژراون.

هاوڵاتی  محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، لە ماوەی ساڵێکی کابینەی حکومەتەکەیدا "دەستکەوت"ی زۆری بەدەستهێناوە و بەپێی ئەو پلانەی دانراوە سەرکەوتوو بووە. محەممەد شیاع سودانی لەمیانی وتارێکدا له‌ كۆنفرانسی باڵیۆزان له‌ به‌غدا وتی، "له‌م رۆژانه‌دا حكومه‌ت ساڵێكی ته‌واوكرد و بەپێی ئەو پلانی کە دامانناوە زۆر دەستکەوتمان بەدەستهێناوە." سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لە پلانەکان کرد و رایگەیاند، "به‌رنامه‌ی حكومه‌ت كه‌ پێنج ئه‌وله‌ویه‌تی داناوه‌ كه‌ په‌رله‌مانی ده‌نگی له‌سه‌رداوه‌ ئه‌وانیش به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه‌یی هه‌ژاریی و بێكاری، پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری، به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی بژێوی و چاكسازی كارگێڕی و ئابورییه‌، كارده‌كه‌ین بۆ به‌هێزكردنی ده‌ستكه‌وته‌كان، له‌وانه‌ توانیومانه‌ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی له‌ كرۆكی په‌یوه‌ندیه‌كان دابنێین له‌گه‌ڵ وڵاتانی دیكه‌ له‌ په‌یوه‌ندیه‌كانماندا."  لەدوای هەڵبژاردنەکانی عێراق لەساڵی 2021، بۆ ماوەی ساڵێک لایەنە سیاسییەکان نەیانتوانی کابینەی نوێ پێکبهێنن و دواجار بە کۆدەنگی لایەنەکان محەممەد شیاع سودانی لە 27ی تشرینی یەکەمی 2022 وەک سەرۆکوەزیرانی عێراق لەجێی مستەفا کازمی هەڵبژێردرا.