هاوڵاتی ئاژاسنی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر کۆمەلێک گروپی چەکداری عێراقی سەر بە حزبوڵادا سەپاند و بە ئەنجامدەری هێرشی سەر هێزەکانی ئەمریکا تۆمەتباریان دەکات. لە ماوەی رابردو هێزەکانی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی 58 جار لە رێگەی هێرشی ئاسمانییەوە لە سوریا و عێراق بە ئامانج گیران، هێرشەکانیش لە دوای نیگەرانییە هەرێمییەکانی جەنگی نێوان غەززە و ئیسرائیل دەستی پێکرد. وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەڵێت، ئەو گروپە چەکدارانە  لە لایەن سوپای پاسدارانی  ئێرانەوە راهێنانیان پێ دەکرێت، یارمەتی دارایی دەدرێن و پاڵپشتی دەکرێن.  دەشڵێت،ئەو گروپانە  ئەنجامدەری ژمارەیەکی زۆر لەو هێرشانەیە ئێستا دەکرێنە سەر بنکەکانی ئەمریکا و هاوبەشەکانی لە عێراق و سووریا. لە نێوان ئەو کەسانەی لەلایەن وەزارەتی گەنجینەوەی ئەمریکاوە سزایان بەسەردا سەپێنراوە، ئەندامێکی دەستەی دروستکردنی بڕیاری کۆمەڵە چەکدارییەکە و بەرپرسی کاروباری دەرەکی و فەرماندەی سەربازی هەیە، کە ئەمریکا تۆمەتباریان دەکات بەوەی لەگەڵ سوپای پاسداران راهێنانیان بە چەند جەنگاوەرێک کردوە.  

هاوڵاتی كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، تائێستا هیچ بڕیارێكیان بۆ گۆڕینی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی ته‌قه‌دوم به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتووه‌. ئه‌مڕۆ هەینی، عومه‌ر ئه‌حمه‌د محه‌ممه‌د، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی كۆمیسیاران له‌ كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق رایگه‌یاند، له‌باره‌ی گۆڕینی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی ته‌قه‌دومی نیشتمانی كه ئێستا‌ محه‌ممه‌د حه‌لبووسی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات و به‌هۆی بڕیاری دادگای فیدراڵییه‌وه‌ دوورخراوه‌ته‌وه‌، هیچ بڕیارێكیان به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتووه‌ . ئەمەشلە کاتێکدایە رۆژی 14ـی تشرینى دووەمی 2023، دادگاى باڵاى فیدراڵیی عێراق لەسەر سکاڵایەکى لەیس دلێمى، ئەندامێتیى محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمانى عێراق هەڵوەشاندەوە.  محەممەد حەلبووسی لە یەکەم کاردانەوەدا رایگەیاند، "دادگای فیدراڵی کۆتایی بە ئەندامێتیم هێناوە؛ ئەوە بڕیارێکی سەیرە؛ سەرم سوڕماوە و نازانم لە کوێوە هاتووە." وتیشی: "پەنا بۆ رێکاری یاسایی دەبەم بۆ پاراستنی مافی دەستووری." هاوکات فارس ئه‌لفارس، سه‌ركرده‌ له‌ هاوپه‌یمانی عه‌زم رایگه‌یاندووه‌، گفتوگۆكان بۆ دیاریكردنی سه‌رۆكی نوێی په‌رله‌مان به‌رده‌وامه‌ و رێككه‌وتن هه‌یه‌ سه‌رۆكی نوێی په‌رله‌مان له‌ ده‌ره‌وه‌ی حزبی ته‌قه‌دومی حه‌لبووسی بێت، بۆیه‌ تائێستا گفتوگۆكان به‌رده‌وامن و هێشتا ناوی كاندیده‌كه‌یان یه‌كلایی نه‌كردووه‌ته‌وه‌.

هاوڵاتی ئاژانسی فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەڵەستین (UNRWA) له‌ غه‌ززه‌، بڵاویکردەوە، به‌هۆی تەواوبوونی سووتەمەنی لە باشووری کەرتی غەززە، قەیرانی ئاو دروست بووە، کە بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی سکچوونی کوشندە. بەرپرسی ئاژانسەکە له‌ غه‌ززه‌، توماس وایت لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، لە سێ شاری باشووری کەرتی غەززە، پەمپی 76 بیری ئاو و دوو دامەزراوەی سەرەکی ئاوی خواردنەوە و 15 ئاوەڕۆ وەستاون، ئەو دۆخەش بەهۆی تەواوبوونی سووتەمەنی سەریهەڵداوە، کاریگەریی لەسەر سەدان هەزار کەس دروستکردووە. وتیشی: "بەهۆی نەبوونی پاکوخاوێنی و سنوورداربوونی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، لە غەززە سکچوون دەبێتە حاڵەتێکی کوشندە". هەروەها وایت ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی تەواوبوونی سووتەمەنی پەمپه‌کانی ئاوه‌ڕۆ، لە شاری رەفه‌ح ئاوی ئاوەڕۆکان دەڕژێنێتە سەر شەقامەکان. زیاتر لە مانگێک تێدەپەڕێت بەسەر هێرشی چەکداری بزووتنەوەی حەماسی فه‌ڵه‌ستینی بۆ سەر ئیسرائیل هاوکات تەندروستیی غەززە ئاشکرایکردووە، لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 135 دامەزراوەی تەندروستی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بە ئامانج گیراون و 23 نەخۆشخانەش لەکارکەوتوون.  

هاوڵاتی  سوپای ئیسرائیل رایگەیاند تەرمی بارمتەیەکی ئیسرائیلییان لە نزیک نەخۆشخانەی شیفا لە غەززە دۆزیوەتەوە کە لە 7ی ئۆکتۆبەر لەلایەن حەماسەوە رفێندرابوو. سوپای ئیسرائیل باس لەوە دەکات، تەرمی یەحودت وایس لە باڵەخانەیەکی نزیک نەخۆشخانەی شیفا دۆزراوەتەوە. لە راگەیاندراوی سویای ئیسرائیل ئەوەش هاتووە، پرۆسەی ناسینەوە بۆ تەرمەکە ئەنجامدراوە و خانەوادەکەی ئاگادارکراوەتەوە. سوپای ئیسرائیل باسی لەوە نەکردووە کە هۆکاری مردنی یەحودت وایس چی بووە کە وا دەردەکەوێت کە لە شەستەکانی تەمەنیدا بێت. ئەمە دووەم تەرمی بارمتە ئیسرائیلییەکانە کە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە لە غەززە دەدزۆرێتەوە دوای ئەوەی لە مانگی رابردوو تەرمی شانی لوک دۆزرایەوە. بەپێی ئەو ئامارەی سوپای ئسیرائیل بڵاویکردووەتەوە، زیاتر لە 240 بارمتەی ئیسرائیلی لای حەماس بوونیان هەیە، بەڵام حەماس دەڵێت زیاتر لە 50 بارمتە بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر غەززە کوژراون.

هاوڵاتی  یایر لاپید، سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل رایگەیاند کاتی ئەوە هاتووە بنیامین ناتانیاهۆ لە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دووربخرێتەوە و پشتگیرییەکی فراوان هەیە بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ بە سەرکردایەتی پارتی لیکود، کە پارتەکەی ناتانیاهۆیە. یایر لاپید، کە ساڵی رابردوو بۆ ماوەیەکی کەم پۆستی سەرۆکوەزیرانی وەرگرت، دەڵێت، زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمان کە ژمارەیان 120 پەرلەمانتارە رەزامەندی دەردەبڕن بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەتییەکی نوێی حکومەت. قسەکانی یایر لاپید دوای ئەوە دێت کە ناتانیاهۆ رووبەرووی رەخنەیەکی زۆر بووەتەوە لە ناوخۆی وڵاتەکە سەبارەت بە بەرێوبردنی جەنگ دژی حەماس. بەپێی راپرسییەکی نوێی زانکۆی بار ئیلانی ئیسرائیل تەنها %4 جووەکانی ئیسرائیل بڕوایان بە وتەکانی ناتانیاهۆ هەیە لەسەر جەنگ. بەپێی راپرسییەکی تر کە لە سەرەتایی ئەم مانگەوە ئەنجامدرا لەلایەن پەیمانگەی توێژینەوەی لازار، تەنها %27ی ئیسرائیلییەکان بڕوایان وایە ناتانیاهۆ کەسەیاتییە سیاسییە دروستەکە بێت بۆ بەرێوبردنی حکومەت. یایر لاپید لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی، "کاتەکە هاتووە، دەبێت حکومەتێکی نیشتمانی پێکبهێنینەوە، پارتی لیکود سەرکردایەتی دەکات و ناتانیاهۆ و تووندڕەوەکان دووردەخرێنەوە، زیاتر لە 90 ئەندامی پەرلەمان بەشدار دەبن لەم هاوپیەمانییەتییەدا بۆ دووبارە خۆرێکخستنەوە و چاکسازی." لاپید دەشڵێت، "دەبیستم کە هەندێک دەڵێن ئێستا کاتی ئەوە نییە، ئێمە 40 رۆژ چاوەڕێمان کرد، کاتی تر نییە، ئەوەی ئێستا پێویستمانە حکومەتێکە کە بتوانێت رووبەرووی کێشە ئەمنییەکان و ئابورییەکان ببێتەوە." پارتی لیکود کە ناتانیاهۆ سەرکردایەتی دەکات گەورەترین پارتە لە پەرلەمانی ئیسرائیل و لەگەڵ چەند پارتێکی تر کە هاوپەیمانن 64 کورسییان هەیە. لەکاتی پێکهێنانی کابینەی جەنگ دوای 7ی ئۆکتۆبەر، لاپید رەتیکردەوە بەشداری لە کابینەکەدا بکات هەرچەندە بەشێک لە پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن بەشداریان کرد.

هاوڵاتی  پەرلەمانی تورکیا دەنگدانی لەسەر پرۆژەیاسای بەئەندامبوونی سوید لە رێکخراوی ناتۆ دواخست بە پاساوی ئەوەی بابەتەکە گفتوگۆی زیاتری پێویستە.  ئەمڕۆ 16ی تشرینی دووەمی 2023، بڕیاربوو پەرلەمانی تورکیا دەنگ لەسەر بە ئەندامبوونی سوید بدات لە رێکخراوی ناتۆ دوای ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، چەند مانگێک لەمەوبەر لەگەڵ سوید گەیشتە رێککەوتن بۆ بوون بە ئەندام لە ناتۆدا.  دواخستنی پرۆژەیاساکە لەلایەن لیژنەی کاروباری دەرەوەی پەرلەمانی تورکیاوە بووە کە زۆرینەیان ئەندامن لە پارتەکەی ئەردۆغان و بەپێی وتەی فواد ئۆکتای، سەرۆکی پەرلەرمانی تورکیا، لیژنەکە گفتوگۆی زیاتر رێکدەخات لەسەر بابەتەکە و لە کۆبونەوەی داهاتووی لیژنەکەدا بە وردتر باسی لێوە دەکرێت. سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا وتیشی، بڕیارە کۆبونەوەکە هەفتەی داهاتوو بەڕێوە بچێت و بۆ ئەوەی دەنگ لەسەر پرۆژەیاساکە بدرێت، دەبێت لیژنەکە بەتەواوی قایل بێت و رازی بێت لەسەری.  ئەمە دوای ئەوەی دێت دوو مانگ لەمەوبەر سەرۆککۆماری تورکیا بە ئەندامبوونی سوید رازیبوو و پارتەکەی پرۆژەیاسایەکی پیشکەش کرد لەسەر بابەتەکە.  دوای هێرشی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، سوید و فینەلەندا لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوو داوایان پیشکەش کرد بۆ بوون بە ئەندام لە رێکخراوی ناتۆ بەڵام بۆ ئەوەی وڵاتێک ببێتە ئەندام دەبێت سەرجەم ئەندامەکانی ناو رێکخراوەکە رەزامەندی دەرببڕن کە ژمارەیان 31 وڵاتە.  تورکیا، لەپاڵ هەنگاریا، یەکێک بوو لەو وڵاتانەی لەسەر بابەتەکە رازی نەبوو بەهۆی ئەوەی سویدی تۆمەتبار دەکرد بە "داڵدەدانی تیرۆرستان" و ئاسانکاری بۆیان کە مەبەست لێی ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بوو.  لەماوەی رابردوودا ستۆکهۆڵم بە چەند مەرجێکی ئەنقەرە رازیبوو کە یەکێک لەوانە هەموارکردنەوەی پرۆژایاسای تیرۆریزم بوو کە تێیدا بە ئەندامبوون لە هەر رێکخراوێکی ''تیرۆریستی" بە نایسایی لە قەڵەم دەدا.

هاوڵاتی چوارچێوەی هەماهەنگی پابەندبونی تەواوەتی بە بریارەکەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە دورخستنەوەی محەمەد حەلبوسی لە پەرلەمان راگەیاند. دوای کۆبوونەوەی چوارچێوەی ھەماھەنگی لە ماڵی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویانکردەوە، رێز لە دەسەڵاتی دادوەریی دەگرن و پابەندن بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییەوە سەبارەت بە کۆتاییھێنان بە ئەندامێتی محەمەد حەلبوسی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، رەتیشیدەکەنەوە ھیچ شتێک ناوبانگی دادگای عێراقی و سەربەخۆیی و بێلایەنییەکەی لەکەدار بکات.  کۆبوونەوەکەی چوارچێوەی ھەماھەنگی کۆبوونەوەیەکی بەپەلە بوو لەدوای دوورخستنەوەی محەمەد حەلبوسی ئەنجامدرا، ئەوەش لەکاتێکدایە دوای بڕیاری دورخستنەوەی، حەلبوسی رایگەیاند، داگای باڵای فیدراڵی  بەبێ پرسکردن بەگەل دەستکاری دەستوری کردوە. چوارچێوەی ھەماھەنگی جەختیشی کردەوە لە تەواوکردنی پێداویستییەکان بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، کە بڕیارە مانگی داھاتوو ئەنجام بدرێت.

هاوڵاتی لەکاتێکدا نەخۆشخانەکانی غەززە دەورەدراون و نەخۆشخانەی شیفا بووەتە «گۆڕستان»، فشارە نێودەوڵەتییەکان زیاتر بوون بۆ سەر ئیسرائیل تا جەنگ رابگرێت، تەنانەت دۆخەکە گەیشتووەتە ئەوەی کە لەناو ئیدارەی بایدن رەخنە لەسیاسەتی ئیدارەکە بگیرێت و چەندین کارمەندی باڵا داوای ئاگربەست بکەن. لەسەرەتای ئەم هەفتەیەوە فشارە نیودەوڵەتییەکان زیاتربوون بۆ سەر ئیسرائیل، بەڵام وڵاتەکە سوورە لەسەر هێرشی بەردەوام و لەنوێترین هەنگاویدا چەند «بەڵگەیەکی نیشانداوە تا بیسەلمێنێت کە نەخۆشخانەکان لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە بەکار دەهێندرێن. بنیامین ناتانیاهۆ گوێ بەفشارە نێودەوڵەتییەکان نادات و دەڵێت، ئەگەر پێویست بکات «رووبەڕووی هەموو جیهان دەبینەوە». سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەوڵاتانی عەرەب دەڵێت ‹بێدەنگ بن› لە رۆژی شەممەی رابردوو لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بنیامین ناتانیاهۆ لەسەر داواکاری ئاگربەست وتی، «هیچ ئاگربەستێک نابێت هەتا بارمتەکان نەگەڕێنەوە، ئێمە تا ئەرکەکەمان کۆتایی نەیەت ناوەستین، هیچ جێگرەوەیەک بۆ سەرکەوتن نییە، ئێمە حەماس تێکدەشکێنین و بارمتەکانمان دەگەڕێنینەوە.» هەرچەندە ئەمریکا پشتیوانی سەرسەختی ئیسرائیلە بەڵام هەیینی  رابردوو ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، نەیشاردەوە کە «مەدەنی زۆر زۆر لەغەززە کوژراون.» لە رۆژی شەممەی رابردوو و پێش کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی ناتانیاهۆ، ئیمانیۆل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، داوای ئاگربەستی لەئیسرائیل کردو رایگەیاند «ئەمڕۆ خەڵکی مەدەنی بۆردومان دەکرێن، ئەم ژن و منداڵ و خەڵکە بەتەمەنانە بۆردومان دەکرێن و دەکوژرێن، ئەمە هیچ هۆکارو شەرعیەتێکی نییە.» هەمان رۆژ لەلوتکەی وڵاتانی ئیسلامی-عەرەب لە ریازی پایتەختی سعودیە  کە بەبەشداری 57 وڵات بەڕێوەچوو بەیاننامەیەکی هاوبەش بڵاوکرایەوەو تێیدا داوای کۆتایهێنان بە بۆردومان و گەمارۆدانی غەززە کرا لەگەڵ گەمارۆ خستەنەسەر فرۆشتنی چەک بەئیسرائیل و راگەیاندنی ئاگربەست. ناتانیاهۆ لەکۆنگرە رۆژنامەوانییەکەیدا وەڵامی وڵاتانی ئیسلامی-عەرەبی دایەوەو وتی، «دەبێت دژی حەماس بوەستن، ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە تەنها کارەسات و خوێنڕشتن و هەژاری بۆ غەززە دەستەبەر کردووە.» سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وەڵامی سەرۆکی فەرەنساشی دایەوەو رایگەیاند کە ماکرۆن «هەڵەیەکی ئەخلاقی» کردووەو هیچ فشارێکی نێودەوڵەتی و بەڵگەی هەڵە لەسەر سەربازانی ئیسرائیل کاریگەری ناخاتە سەر مافی ئیسرائیل بۆ بەرگریکردن لەخۆی. لەبەشێکی تری قسەکانیدا بنیامین ناتانیاهۆ وتی، «ئەگەر پێویست بکات دژی هەموو جیهان دەوەستینەوە» لەپێناو لەناوبردنی حەماس و داوای لەسەرکردە عەرەبەکان کرد کە «بێدەنگبن» ئەگەر بیانەوێت «داهاتووی خۆیان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پارێزراو بێت». دۆخی نەخۆشخانەکانی غەززە لە رۆژی سێشەممەی رابردووەوە تانکی ئیسرائیل گەمارۆی دەروازەکانی نەخۆشخانەی شیفاو چەند نەخۆشخانەیەکی تریان داوەو بەرپرسانی تەندروستی دەڵێن، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری لەزۆربەی نەخۆشخانەکان نەماوە بەهۆی بێ کارەبایی و بەردەوامی شەڕ. ئۆفیسی کاروباری مرۆیی نەتەوەیەگرتووەکانیش رایگەیاندووە لەئێستادا تەنها یەک نەخۆشخانە لەتەواوی غەززەدا لەکاردایەو ئەوانی تر کارەکانیان پەکی کەوتووە بەهۆی نەمانی خواردن، ئاو، ئۆکسجین و کارەباوە. پیشتر محەممەد ئەبو سەلمییە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شیفا لەغەززە باسی لە دۆخی خراپی نەخۆشخانەکەی کردو وتی، نەخۆشخانەی شیفا دەورە دراوە بەسەربازی ئیسرائیلیی و ناهێڵن کەس بجوڵێت، تەنانەت ئەگەر هەر کەسێک بجوڵێت تەقەی لیدەکرێت. «خەڵک لەناو نەخۆشخانەکە دەمرن، نەخۆشەکان خولەک لەدوای خولەک دەمرن و قوربانی و بریندارەکانیش لەسەرەمەرگدان، تەنانەت منداڵانی ناو شووشەش»، محەممەد ئەبو سەلیمە وای وت. دوێنێ سێشەممە وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین رایگەیاند، ستافی نەخۆشخانەی شیفا گۆڕێکی بەکۆڵ لەنێو حەوشەی نەخۆشخانەکە هەڵدەکەنن بۆ ١٥٠ تەرم بەهۆی ئەوەی ناتوانن بیانبەنە دەرەوە. لەچاوپێکەوتنیکیدا لەگەڵ کەناڵی فرانس ٢٤، محەممەد ئەبو سەلیمە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شیفا لەسەر دۆخی ناو نەخۆشخانەکە وتی، «نەخۆشخانەکە تەنها چوار دیوارێکە بۆ ئەوەی خەڵک تێیدا بمرن چونکە چارەسەر ناکرێن، بووەتە گۆڕێکی بەکۆمەڵ، هەر ئەم بەیانییە حەوت کەس تر بەهۆی نەمانی ئۆکسجینەوە مردن، هەر خولەکێک بڕوات مەترسی بەرزبوونەوەی مردنی زیاتر هەیە». نارەزایی لەنێو ئیدارەی بایدن ناڕەزایەتییەکان تەنها وڵاتانی ئیسلامی-عەرەبی نەگرتووەتەوە، بەڵکو لەنیو خودی ئیدارەی بایدنیشدا ناکۆکی هەیە لەسەر هەڵوێستی ئیدارەکەو پاڵپشتی لەئیسرائیل بۆ هێرشکردنەسەر غەززە. هەفتەی رابردوو جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، فشاری لەئیسرائیل کرد کە بۆردومانی نەخۆشخانەی شیفا نەکات بەهۆی ئەو هەموو راپۆرتانەی باسی مردنی منداڵانی ناو شووشەیان دەکرد کە ئۆکسجینیان لێبڕاوە لەبەر نەمانی کارەبا. کەناڵی ئێن بی سی ئەمریکی لە راپۆرتێکیدا ئاشکرایکرد کە زیاتر لە ٤٠٠ کارمەندی ئیدارەی بایدن نامەیەکی کراوەیان واژۆ کردووە کە داوا لەسەرۆکی ئەمریکا دەکەن ئاگربەست لەجەنگی حەماس-ئیسرائیل رابگەیەنێت کە بووەتەهۆی کوژرانی زیاتر لە ١١ هەزار فەڵەستینی و هەزارو ٢٠٠ ئیسرائیلی. لەنامەکە هاتووە، «ئێمە نوێنەرایەتی هاوپەیمانیەتییەک دەکەین لەئیدارەی بایدن کە پێکهاتووین لەهەڵبژێردراوانی ساسیی و کارمەندی مەدەنی لەبەشەکانی دەرەوەو ناوخۆی ئیدارەکە، وەزارەتەکان، ئاژانسە سەربەخۆکان، هەروەها لەنێو کۆشکی سپی». «داوا لەسەرۆک بایدن دەکەین بەزوویی داوای ئاگربەست و هێورکردنەوەی دۆخەکە بکات بەزامنکردنی ئەوەی بارمتە ئیسرائیلییەکان دەستبەجێ ئازاد بکرێن و لەگەڵ رەشبگیری فەڵەستینییەکان و ناردنەوەی، ئاو، سوتەمەنی، کارەبا و خزماتگوزارییە سەرەتاییەکانی تر، لەگەڵ کردنەوەی رێڕەو بۆ گەیشتنی هاوکاری مرۆیی بۆ غەززە». دوو بەرپرسی ئیدارەی بایدن کە بەشداربوون لەهەوڵەکەدا بە ئین بی سییان راگەیاندووە کە لەسەرەتاوە تا ئێستا نامەکە پێشوازییەکی باشی لێکراوەو واژۆی کارمەندی باڵاو نیزامی ئیدارەی بایدنی تێدایە لەناوخۆی حکومەت و دامەزراوەکانی دەرەوەی ئەمریکا کە بەشێکیان بریتین لەکارمەندی وەزارەتی بازرگانی، بەرگری، ناوخۆ، ئاسایشی نیشتمانی و تەنانەت ئۆفیسی راپەڕاندنی کارەکانی خودی بایدن. لەلایەکی ترەوە، رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی ئاشکرایکردووە کە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا نامەیەکی بۆ هەموو ئەو ستافانەی وەزارەتی دەرەوە ناردووە کە ناڕازین و گومانیان هەیە لەسیاسەتی ئەمریکا لەبەرامبەر پشتگیرییەکانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل. بەپێی رۆژنامەکە، لەنامەکەدا بلینکن دانی بەوەداناوە کە هەندێک دیپلۆماتکاری ئەمریکی ناڕەزایەتییان دەربڕیوە سەبارەت بەپشتگیری ئەمریکا بۆ ئیسرائیل لەگەڵ ئەوەی ئیسرائیل بەردەوامە لەهێرشەکانی و زیاتر لە ١١ هەزار کەس لەغەززە کوژراون. چەند بەرپرسێکی ئەمریکا بەواشنتن پۆستیان راگەیاند، بلینکن چەندین بروسکەی لەسیستەمی ناڕەزایەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێگەیشتووە کە ئەو سیستەمە لەکاتی جەنگی ڤێتنامدا دامەزراوە تا رێ بەدیپلۆماتکارانی وڵاتەکە بدات ناڕەزایەتی خۆیان لەسەر سیاسەتی ئەمریکا دەرببڕن بەبێ ئەوەی ناویان ئاشکرا ببێت. نامەکەی بلینکن دوای سەردانێکی نۆ رۆژی دێت بۆ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و تێیدا دەڵێت، «دەزانم کە بۆ بەشێکی زۆر لە ئێوە ئەو ئازارەی کە بەهۆی ئەم قەیرانەوە دروستبووە کاریگەرییەکی شەخسی دەکاتە سەرتان». «ئەوەش دەزانم کە هەندێک کەس لەناو وەزارەت رەنگە هاوڕا نەبن لەگەڵ ئەو رێگەیەی ئێمە گرتومانەتەبەر. ئێمە چەندین لوتکەمان راگەیاندووە کەگوێبیستی ئێوە بین و داوامان لەبەڕێوبەرکان و تیمەکان کردووە تا گفتوگۆ رێکبخەن لەسەرتاسەری جیهاندا تا بتوانین بۆچوونەکانتان ببیستین، ئەوەی ئێوە دەیڵێن سیاسەتەکانی ئێمە دوڵەمەندتر دەکات بەزانیاری. ئەو نامەیەی بلینکن بۆ «ئاژانسی نێودەوڵەتی ئەمریکا بۆ پەرەپێدان»یش (USAID) نێردراوە کە زیاتر لەهەزار کارمەندی رێکخراوەکە نامەیەکی کراوەیان ناردووە بۆ بایدن تا داوای ئاگربەست بکات. ئیسرائیل بەڵگەکانی چین؟ لەدووشەممەی رابردوو دانیاڵ هەگاری، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل، بەجلوبەرگی سەربازییەوە زانیاری نوێی لەسەر جەنگدا لەشوێنیکی نوێوە کەپیشتر بەو شێوەیەی نەکردووەو ئەو شوێنەش ژورێک بوو لەنەخۆشخانەی رانتیسی لە غەززە. هەگاری لەژوورەکەدا دەستی بۆ هێلەکی خۆکوژی، رومانەو موشەکی دژە تانک درێژ دەکردو وتی کە ئەو بارمتانەی لەلایەن حەماسەوە لە ٧ی مانگی رابردوو رفێنراون بەئەگەرێکی زۆرەوە لەم ژێرزەمینەدا بوون. لەکاتی قسەکردنیدا وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رۆژژمێرێکی پیشاندا کە وتی ئەمە چەکدارانی حەماس بەکاریانهێناوە تا هاتن و چوونی خۆیانی پی دیاریبکەن و بە نۆرە چاودێری بارمتەکان بکەن. بەپێی ئاماری سوپای ئسیرائیل، زیاد لە ٢٤٠ بارمتەی ئیسرائیل لای حەماس بوونیان هەیەو حەماس رایگەیاندووە تائێستا بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە ٥٠ کەسیان کوژراون. ئەو زانیارییانەی دانیاڵ هەگاری لەگرتە ڤیدیۆیەکدا بەشێک بوو لەو هەوڵانەی حکومەتی ئیسرائیل تا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی قایل بکات بەوەی هێرشەکانی بۆ سەر نەخۆشخانەکان بەئامانجگرتنی خەڵكی مەدەنی نییە وەک ئەوەی دەڵێن، بەڵکو بۆ ئەوەیە ژێرخانی حەماس بەئامانج بگرن. ئاژانسی هەواڵی بلومبێرگ دەڵێت، کارێکی ئاسان نییە ئیسرائیل بەڵگەکانی بسەلمێنێت چونکە قسەکانی وتەبێژی سوپای ئیسرائیل قایلکەر نەبووە و پیشاندانی چەند چەکێک و خۆحەشاردانی چەند کەسێک لەژێرزمینێکدا وەک ئەوە نییە کە دەست بگریت بەسەر ناوەندێکی فەرماندەیی حەماسدا کە لەوکاتەدا دەتوانیت بڵێیت نەخۆشخانەکە ئامانجێکی سەرەکی سەربازییە. گای شالیڤ، بەڕێوەبەری پزیشکانی رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لەئیسرائیل بەئاژانسی بلومبێرگی وتووە، «وەستانی وتەبێژی سوپا لەشوێنێک و بڵێت من لەژێرزەمینێکی نەخۆشخانەکەم بەس نییە، دەبێت ئەوە پشتڕاست بکرێتەوەو تەنانەت ئەگەر هەڵسەنگاندنەکەشی راست بێت، بە لەبەرچاوگرتنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و ئەخلاقی سەرەتایی، نەخۆش و خەڵکی مەدەنی نابێت بەئامانج بگیرێن».

هاوڵاتی  بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، وەڵامی سەرۆککۆماری تورکیای دایەوە و دەڵێت رەجەب تەیب ئەردۆغان گوێی لێ ناگیرێت چونکە ئەو خۆی "بۆردومانی گوندەکانی تورکیا دەکات." ئەمڕۆ چوارشەممە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتی ئەکەپە لە پەرلەمانی تورکیا وتارێکی پێشکەش کرد و وتی کە ئیسرائیل "دەڵەتێکی تیرۆرە" و رەخنەی لە ناتانیاهۆ گرت و رایگەیاند، "ئێستا لێرەوە داوا لە ناتانیاهۆ دەکەم، چەکی ئەتۆمت هەیە یان نا؟ روونی بکەوە. تۆ چەکی ئەتۆمت هەیە و هەڕەشەی پێدەکەیت. ئێمە ئەوە دەزانین." لەسەر ئەم وتانە بنیامین ناتانیاهۆ وەڵامی سەرۆککۆماری تورکیا دایەوە و رایگەیاند، "ئەو بە ئیسرائیل دەڵێت دەوڵەتی تیرۆر، بەڵام لەکارەکانیدا پشتگیری لە دەوڵەتی تیرۆری حەماس دەکات." سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کە قسەکانی لەلایەن ئۆفیسەکەیەوە بڵاوکراوەتەوە باسی لەوەش کردووە، ئەردۆغان "بۆردومانی گوندەکانی سنوری تورکیا دەکات، ئێمە قسەی لێ وەرناگرین." قسەکەی ناتانیاهۆ بەناراستەوخۆ ئاماژەیە بە بۆردومانەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کە بۆردومانی بەردەوام سنوری دهۆک دەکات بەبیانوی هەبوونی هێزەکانی پەکەکە.

هاوڵاتی سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی دورخراوەی پەرلەمانی عێراق کۆبونەوە و گفتوگۆیان لە بارەی دوایین پێشهاتە سیاسییەکان کرد، هەر لەو کۆبونەوەیە سودانی داوای لە حەلبوسی کرد، کێشەکان لە رێگەی گفتوگۆی نێوان ئەو هێزە سیاسیانە چارەسەر بکرێت کە بناغەی پرۆسەی سیاسی عێراقن. نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران لەگەڵ محەمەد حەلبوسی سەرۆکی دورخراوەی پەرلەمانی عێراق کۆبونەوە. بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە،  سودانی جەختی لەوە کردۆتەوە کە پێویستە لە رێگەی پەیوەندییەکانی نێوان هێزە سیاسییەکانەوە چارەسەری هەموو کێشەکان بکرێت. ئاماژەی بەوەش کردوە، هێزە سیاسییەکان نوێنەرایەتی کۆڵەکەی سەرەکی پرۆسە سیاسییەکان دەکەن، بۆیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان پێویستە پشت ببەستن بە وتوێژ و گفتوگۆکردن. ئەمەش لەدوای ئەوە دێت دوێنی سێشەممە، دادگای فیدراڵی عێراق، لەسەر سکاڵای لەیس دلێمی پەرلەمانتاری پەرلەمانی عێراق، کۆتایی بە ئەندامێتی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان هێنا.

هاوڵاتی جارێکی دیکە بنکەی سەربازی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق بۆردوومان کرا. به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار،ئەمڕۆ چوارشەممە 15-11-2023، بنکەی سەربازی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنباری رۆژئاوای عێراق کرایە ئامانج کە هێزەکانی سوپای ئەمریکای لێیە. هاوکات تا ئێستا هیچ زانیاریه‌ك له‌باره‌ی زه‌ره‌ر و زیانه‌كانی به‌ئامانجگرتنی بنكه‌ی سه‌ربازی عه‌ین ئه‌سه‌د نه‌خراوه‌ته‌ڕو، هه‌روه‌ها تا ئێستا هیچ لایه‌نێك به‌فه‌رمی به‌رپرسیارێتی له‌باره‌ی هێرشه‌كه‌وه‌ رانه‌گه‌یاندوه‌. پێشتر گروپی مقاوه‌مه‌ی ئیسلامی چه‌ندجارێك به‌رپرسیارێتی له‌باره‌ی هێرشه‌كانی سه‌ر هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان به‌سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا له‌ بنكه‌ی سه‌ربازی هه‌ریر له‌ هه‌ولێر و عه‌ین ئه‌سه‌د له‌ ئه‌نبار راگه‌یاندبو. لەمپەیوەندەدا سابرینا سینگ، جێگری وتەبێژی پێنتاگۆن، ئێوارەی رۆژی سێشەممە 14-11-2023 رایگەیاند، "لەبارەی هێزەکانمان لە عێراق و سووریا لە 17ی تشرینی یەکەمەوە تاوەکو ئەمڕۆ، 55 هێرش کراوەتە سەرمان، 27 لەو هێرشانە لە عێراق بووە. 28 هێرشیش لە سووریا". لەبارەی زیانەکان، جێگری گوتەبێژی پێنتاگۆن وتی، "تائێستا 59 سەربازی ئەمریکی بریندار بوون. جۆری برینەکانیان سووک بوون و زیاتر پەیوەندی بە مێشک هەژانەوە بووە. بەڵام ئێستا سەرجەم 59 سەربازەکە گەڕاونەتەوە بۆ سەر ئەرکی سەربازی خۆیان".  

هاوڵاتی سێ وەزیری حکومەتی عێراق دەستلەکاردەکێشنەوە و سبەینێ نامەی دەستلەکارکێشانەوە ئاڕاستەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیران دەکەن. بە گوێرەی زانیارییەکان،  وەزیرانی پلاندانان و رۆشنبیری و پیشەسازی دەست لە پۆستەکانیان دەکێشنەوە و چاوەڕواندکرێت ئەو سێ وەزیرە سبەینێ نامەی دەستلەکارکێشانەوەیان ئاڕاستەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیران بکەن بۆ پەسەندکردنیان. ئەمەشدوای ئەوەهات دادگای فیدڕاڵی بڕیاریدا بەهەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەپەرلەمان و دوورخستنەوەی ئەو بڕیارە لەسەر سکاڵایەکی لەیس دلێمی پەرلەمانتاری پێشووە کە بەگەندەڵی و کاری ساختە تۆمەتباری حەلبوسی کردووە. لە بەرامبەردا محەمەد حەلبوسی رایگەیاند، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی جێگەی سەرسوڕمانە و رێوشوێنی یاسایی دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی مافەکانی خۆی هاوکات، بەپێی زانیارییەکان، سبەی چوارچێوەی هەماهەنگی کە لە هێزە شیعییەکان جگە لە رەوتی سەدر پێکدێت لەبارەی کۆتا پێشهاتە سیاسییەکان و دورخستنەوەی محەمەد حەلبوسیەوە کۆدەبنەوە..

هاوڵاتی  دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر سكاڵای دوو پەرلەمانتار بڕیاریدا محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لەپۆستەكەی دووربخاتەوە بەهۆی ئەوەی هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئیسرائیلی کردووە. بەپێی هەواڵێكی میدیا عێراقیەكان، ئەمرۆ دادگای فیدراڵی عێراق دانیشتنێكی چاوخشاندنەوەی بە دۆسیەی سكاڵا لەسەر محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئەنجامداوە، كە لەلایەن هەردوو پەرلەمانتار لێس دلێمی و باسم خەشان، كە بەڵگەیان پێشكەش بە دادگاكە كردووە دەیسەلمێنێت حەلبوسی لەگەڵ كۆمپانیایەك هاوبەشی كردووە كە سەرۆكەكەی سەرۆكوەزیرانی پێشووی ئیسرائیلە و یەكێكیش لەئامانجەكانی ئەو كۆمپانیایە ئاساییكردنەوەی پەیوەندیەكانی ئیسرائیلە لەگەڵ وڵاتان. جێگەی ئاماژەیە، لێس دلێمی دوای پێشكەشكردنی سكاڵاكە دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەش كردووە و دادگای فیدراڵیش پەسەندیكردووە.

هاوڵاتی بەرپرسێکی سوپای ئەمریکا رایگەیاند، لە ماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێردا چوار جار لەلایان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێزەکانیان لە سوریا کراونەتە ئامانج. اژانسی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی سەربازیی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، هێزە ئەمریکییەکان و هێزە نێودەوڵەتییەکانی رۆژئاوای کوردستان تەنها لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردو چوار جار هێرشیان کراوەتە سەر. ئاماژەی بەوەشکرد، لە هێرشی سەر هێز ئەمریکییەکان و هێزەکانی هاوپەیمانان، فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و موشەک بەکارهاتوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لەو هێرشانە تۆمار نەکراوە، تەنها چەند زیانێکی ماددی بچوک هەیە. هاوکات لۆید ئۆستین وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، دەبێت ئەو هێرشانە بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا بوەستێنرێن، ئەگەر نا لە بەرامبەردا بۆ پاراستنی هێزەکانیان هەرچی پێویست بێت دەیکەن. لە چەند هەفتەی رابردوودا بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا چەند جارێک کراونەتە ئامانج و لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا باسی لەوەکرد بەهۆی هێرشەکانەوە بەڵێندەرێکی ئەمریکی گیانی لەدەستداوە و ٢١ هاوڵاتی ئەمریکیش بریندار بوون . پێستریش گروپی چەکداری "المقاومة الاسلامیة فی العراق" رایگەیاند، لە هێرشێکدا بنکەی هێزە ئەمریکییەکانیان لە گوندی خەزرای سەر بە پارێزگای دێرەزۆری رۆژئاڤای کوردستان بە ئامانج گرتوە.

هاوڵاتی رێبه‌ری ڕه‌وتی سه‌در داوای له‌ لایه‌نگرانی كرد، بایكۆتی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان بكه‌ن و رایگه‌یاند، بایكۆتكردنیان ده‌بێته‌ هۆی دڵخۆشكردنی و بوغزاندنی دوژمنه‌كانی. بەرەبەیانى رۆژی 3ـی تشرينى دووەم لە سێیەم رۆژى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگەکان، سەڵاح عوبێدى، گوتەبێژى موقتەدا سەدر پەیامێکى دەنگىی ئاراستەى لایەنگرانى ئەو رەوتە کرد. سەڵاح عوبێدى بە لایەنگرانی گوت، "ئاگادرى ئەوە بن؛ نابێت پەلکێش بن. دەنگ نەدەن بە کەس بە پاساوى نزیکى و دۆستایەتى، لەبەرئەوەى ئەمە دەتانبات بۆ رێرەوێک کە سەماحەتى موقتەدا سەدر نایەوێت." بەشدارینەکردنى رەوتى سەدر لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگەکان ئەگەر زۆرە رێژەى بەشداریکردن بە ڕێژەی 7% کەمبکاتەوە، بەتایبەت لە 11 پارێزگا زۆرینە شیعەنشینەکەى عێراق.  هاوکات موقته‌دا سه‌در رێبه‌ری ڕه‌وتی سه‌در له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكی لایه‌نگرانی سه‌باره‌ت به‌ به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ده‌ڵێت: "یه‌كێك له‌ گرنگترین شته‌كان كه‌ بنكه‌ی جه‌ماوه‌ری‌ سه‌دری جیاده‌كاته‌وه‌، یه‌كڕیزی و گوێڕایه‌ڵی و دڵسۆزییه‌تی، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گه‌لان شانازی پێوه‌ ده‌كه‌ن، ده‌بێت پابه‌ند بن به‌ چاكسازی ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر موقته‌دا سه‌دریش بمرێت". دەشڵێت،  "به‌شداریكردنتان له‌گه‌ڵ گه‌نده‌ڵكاران زۆر دڵته‌نگم ده‌كات، بایكۆتی هه‌ڵبژاردنه‌كانتان شتێكه‌ دڵخۆشم ده‌كات و دوژمنانیش ده‌بوغزێنێت، شه‌رعیه‌تی هه‌ڵبژاردن له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و ناوخۆدا كه‌مده‌كاته‌وه‌، هه‌روه‌ها هه‌ژمونی خه‌ڵكی گه‌نده‌ڵ و وابه‌سته‌ به‌سه‌ری عێراقی خۆشه‌ویستمان كه‌مده‌كاته‌وه‌". موقته‌دا سه‌در راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ "دۆخی جیهانی و ناوچه‌یی كاریگه‌ری له‌سه‌ر بارودۆخی عێراق هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌بێت به‌رده‌وام وریا و ئاماده‌ بین، وه‌ك چۆن دوژمن له‌ عێراقی ئێمه‌ و پیرۆزییه‌كانماندا هه‌یه‌، بۆیه‌ تكایه‌ هۆشیار بن". کاتێک رەوتى سەدر لەم هەڵبژاردنە بەشدار نابێت، نزیکەى یەک ملیۆن دەنگدەر کەم دەکات، واتە لەو 16 ملیۆن کەسەى مافى دەنگدانیان هەیە بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگەکان، بەشدارى لە هەڵبژاردن بەڕێژەی لایەنی کەم 7% کەمدەکاتەوە، راوێژکارى یاسایی کۆمیسیۆن دەڵێت، "هۆکارەکەى دۆخى گشتى و سیاسییە."