هاوڵاتی   نەتەوەیەکگرتوەکان ڕۆژی سێشەممە  ٢٥ ملیۆن دۆلار هاوکاری مرۆیی بۆ تورکیا و سوریا ڕاگەیاند دوای بوومەلەرزە کوشندەکان کە زیاتر لە شەش هەزار کەسی کوشت. ستیفان دوجاریک، وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، هاوکاری بەپەلەی ڕزگارکردنی ژیان بۆ ناوچەکە دەکات، وتیشی: ''تیمەکانی هەڵسەنگاندن و هەماهەنگی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ لە ئەدەنەن و سبەی کۆدەبنەوە بۆ غازی عەنتاب بۆ پاڵپشتیکردنی تیمەکانی گەڕان و ڕزگارکردنی شارەکانی تورکیا''. هەروەها وتیشی، ''ئەوانەی لە کارەساتەکەدا بەرکەوتوون بریتین لە هەزاران پەنابەری لە سوریا، ئاماژەی بەوەشکرد، پەنابەرانی سوریا زیاتر لە ملیۆنێک و ٧٠٠ هەزار کەس پێکدەهێنن لەو ١٥ ملیۆن کەسەی لە ١٠   پارێزگادا دەژین کە بەهۆی بوومەلەرزەکانی تورکیاوە زیانیان بەرکەوتووە. هاوکات گوتیشی: ڕێگای باکووری ڕۆژئاوای سووریا لە تورکیاوە زیانی پێگەیاندووە و ئەمەش هاوکاریی مرۆیی بۆ ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکانی ئەوناوچانە بەشێوەیەکی کاتی پەکخست.

هاوڵاتی فەیسەڵ میکداد وەزیری دەرەوەی سوریا داوای لە وڵاتانی ئەوروپا کرد کە یارمەتی مرۆی بنێرن بۆ ئەو ناوچانەی کاریگەر بوون بە بومەلەرزەکەی ڕۆژی  دووشەممە و داوای کرد سزاکانی سەر سوریا وەک هۆکارێک بەکارنەهێنرێت بۆ نەناردنی هاوکارییەکان. ئەوەشی خستەڕوو کە ئەو سزایانەی کە لە لایەن بەریتانیا و ئەمریکاوە خراوەتە سەر سوریا پاساوێک نییە بۆ نەناردنی پشتگیری. سوریا پێویستی بەیارمەتی نێودەوڵەتی هەیە بۆ یارمەتیدان لەهەوڵەکانی گەڕان و ڕزگارکردنی هاوڵاتیان لەو ناوچەیەی بومەلەرزەکان تیایاندا ڕویداوە،هاوکات نیگەرانییەکان بە دیاریکراوی لەبارەی سووریا و رۆژئاوای کوردستان لە زیادبووندان، چونکە کارەساتە سرووشتییەکە لە کاتێکدایە ناوچەکە رووبەڕووی هەژاری، سەرماوسۆڵەی زستان، قەیرانی ئاوارە و پەتای کۆلێرا دەبێتەوە.  بە تایبەت یەکێک لە نیگەرانییەکان چۆنیەتیی گەیاندنی یارمەتییە بە هەموو ئەوانەی کە لە سووریا پێویستیان پێیەتی.  لەوەتەی بومەلەرزەکە لە ڕۆژی دووشەممەدا بووە، 40 وڵات بەڵێنیان داوە کە یارمەتی بنێرن- لەوانە تیمەکانی گەڕان و ڕزگارکردن- بۆ سوریا و تورکیا. جێگەیباسە ئەمڕۆ نەتەوە یەکگرتووەکان یارمەتییەکانی بۆ سوریا دەستپێکرد بەڵام وەستێنران بەهۆی هەبونی کێشە لە ڕێگەوبانەکاندا لەم بارەیەوە وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان مادڤی سون سونا وتی هەندێک ڕێگا کە بەکار دەهێنرێت بۆ گواستنەوەی یارمەتی و پێویستەکان "شکاون" یان سەلامەت نین.  سەن سونا ئەوەشی وت: "کێشەی لۆجستی هەیە کە پێویستە کاری بۆ بکرێت" "ئێمە وێنەیەکی ڕوونمان نییە کە کەی گەیاندنی یارمەتییەکان  دەست پێدەکاتەوە".

هاوڵاتی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی بڵاویكرده‌وه‌، به‌هۆی لێكه‌وته‌كانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی دوێنێی توركیا و سووریا، پێشبینیده‌كرێت ملیۆنه‌ها كه‌س زیانیان به‌ربكه‌وێت کە ملیۆنێک کەسیان منداڵان. ئه‌دیلهید مارشانگ به‌رپرسی به‌شی فریاگوزاری له‌ رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی رایگه‌یاند، پتر له‌ 23 ملیۆن كه‌س به‌هۆی لێكه‌وته‌كانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی باكووری سووریا و باشووری توركیا زه‌ره‌رمه‌ندده‌بن و له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و 23 ملیۆن كه‌سه‌، یه‌ك ملیۆنی منداڵن. وتیشی: "سووریا 12 ساڵه‌ كێشه‌ی سیاسی هه‌یه‌، له‌ ئێستادا ئه‌و زیانه‌ی به‌ركه‌وتووه‌، ده‌كرێت له‌ رووی مرۆییه‌وه‌ هاوكاری بكرێت". ده‌شڵێت: "زیان و لێكه‌وته‌كانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی توركیا و سووریا به‌هۆی داخستنی قوتابخانه‌ و رێگه‌ و بان و داڕمانی شوێنی نیشته‌جێبوونی ملیۆنه‌ها كه‌س ده‌بێت، هه‌روه‌ها نه‌گه‌یشتنی خۆراك و ده‌رمانی پێویست كاریگه‌ری بۆسه‌ر هاووڵاتییانی ئه‌و دوو وڵاته‌ ده‌بێت". هاوکات،ئاژانسی هەواڵی بی بی سی ئەمڕۆ بڵاویکردەوە بەگوێرەی دوایین ئامارە فەرمییەکان زیاتر لە 6 هەزار کەس بەهۆی بومەلەرزەکەی دوێنێوە لە تورکیا و سوریا گیانیان لەدەستداوە. جێگەیباسە، بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە  بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 7.4 به‌ پلەی رێختەر توركیا و سووریای هەژاند و بوومه‌له‌رزه‌كه‌ لە باشووری کوردستان و وڵاتانی سووریا، میسر، یونان، ئێران و چه‌ند وڵاتی دیكه‌ی ناوچه‌كه‌ هه‌ستی پێكراوه‌.

ئێران بنکەیەکی سەربازیی لە ژێر زەوییەوە ئاشکرا دەکات و هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ئیسرائیل دەکات. محەمەد باقری، سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە کاتی ئاشکراکردنی بنکەیەکی هێزەکانی ئاسمانیی لە ژێرزەویی بە ناوی (هەڵۆ 44) یان (عوقاب 44) هەڕەشەی لە ئیسرائیل و وڵاتانی ناوچەکە کرد. باقری رایگەیاند؛ ئەگەر ئیسرائیل لە هەر وڵاتێکەوە هێرش بکاتە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران ئەوا ئەو وڵاتەش لە لاین سوپای ئێرانەوە دەکرێتە ئامانج. لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران جەختی لەوە کردەوە؛ هەر وڵاتێکی ئیسلامی و عەرەبی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە ئەوا ناپاکیی بەرامبەر جیهانی ئیسلام کردوە. محەمەد باقری پێش ئاشکراکردنی ئەو بنکە سەربازییەی وڵاتەکەی رایگەیاندبو؛ دەستکەوتێکی نوێی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بواری سەربازیدا دەبێتە مایەی سەرسوڕمان و دەرخستنی ئاستی توانا سەربازییەکانی لە جیهاندا. سوپای ئێران دوای تورکیا و میسر بە سێەم سوپای ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەقەڵەم دەدرێت لە روی ژمارەی چەک و کەرەستەی سەربازییەوە بەڵام سوپای ئەو وڵاتە بەهۆی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانەوە نەیتوانیوە لە ئاستی تەکنەلۆژیادا پێشکەوتنی بەرچاو بەدەست بهێنێت.

هاوڵاتی محه‌مه‌د شیاع سوادانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق سەبارەت بە دۆلار  ئامۆژگاری عێراقییەکان دەکات  و دوپاتی دەکاتەوە "دینار بەهێزترە"، ده‌شڵێت، "بڕیارماندا ده‌ستكاری به‌های دۆلار به‌رامبه‌ر به‌ دینار بكه‌ین و پێویستە هاوڵاتیان دۆلار نەکڕن". ئەمڕۆ حکومەتی عێراق دابەزاندنی بەهای دۆلاری بەرامبەر دیناری عێراق بۆ 130 هەزار دینار پەسندکرد. لەوبارەیەوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، "بڕیارماندا دەستکاریی بەهای دراو بکەین." هاوکات  داوا لە هاووڵاتییان دەکات خۆیان لە "کڕینی دۆلار" بە دووربگرن.  محه‌مه‌د شیاع سوادانی ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ له‌میانی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ڕایگەیاند، "100 ڕۆژ بۆ حکومەت تێپەڕیوە، هەر لەسەرەتاوە ئەولەویەتمان بۆ کاری وەزارەت و پارێزگاکان داناوە و هیچ هێڵی سور لە بەرەنگاربونەوەی گەندەڵیدا نییە"، بەڵێنیشیدا "ئەو پارەیەی پێش ساڵی 2003 و دوای ساڵی 2003 دزرابون، بگەڕێنێتەوە". جەختی لەوەکردەوە کە "هه‌نگاوی دوەمی بانکی ناوەندی عێراق بۆ بەرپەرچدانەوەی بەرزبونەوەی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو دەست پێدەکات". هاوكات په‌یامێكی ئاڕاسته‌ی هاوڵاتیان كرد و وتی، "بۆ ئەوەی هاوڵاتیان بڕوا بکەن کە دینار لە دۆلار بەهێزترە، ئامۆژگاری هاوڵاتیان دەکەم کە دۆلار نه‌كڕن". سودانی لەبارەی یاسای نەوت و گاز گوتی: "گفتوگۆ لە نێوان بەغدا و هەولێر لەبارەی رەشنووسی یاسای نەوت و گاز هەیە. لەسەر پڕۆژەکە دەکەین و دوای پەسندکردنی یاسای بودجەی 2023، پێشکێشی پەرلەمانی دەکەین."   

هاوڵاتی کۆمیتەی دژە جیاکاری عەرەبی-ئەمریکی، دەڵێت هەڵگرتنی سزاکان دەرگاکان بۆ یارمەتییە پێویست و تەواوکەرەکان دەکاتەوە کە یارمەتی دەستبەجێ بۆ ئەو کەسانە دابین دەکات کە پێویستیان پێیەتی. هەروەها نێد پاریس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئێمە بڕیارمان داوە ئەوەی لەتواناماندا بێت بیکەین بۆ هاوکاریکردنی هاوڵاتیانی سوریا، هەروەها وتیشی ئێمە لەڕێگەی ڕێکخراوە ناحوکمیە مرۆییەکانەوە هاوکاریەکانمان دەگەێنینە قوربانیەکانی سوریا. هاوکات ئەمریکا ڕەتیکردۆتەوە ڕاستەوخۆ لەگەڵ حکومەتی سوریا پەیوەندی هەبێت بۆ گەیاندنی هاوکاریە مرۆییەکان بە گەلی سوریا، لەبەرامبەریشدا ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاماژە بەوەدەکەن کات زۆر گرنگە و پێویستە بەزووی هاوکاری پێویست بگەێندرێتە دەست قوربانی و زیانلێکەوتووەکان. هاوکات  وتەبێژی دەزگای مرۆیی نەتەوەیەکگرتوەکانیش دەڵێت، سوریا بە ١١ ساڵ جەنگدا تێپەڕیوە و ژێرخانی وزەی تێکشکاوە، لەگەڵ ئەوەشدا وڵاتەکە بەهۆی ئەوەی هەربەشێكی بەدەست گروپێکی سیاسی یان چەکداریەوەیە گەیشتنی هاوکاریەکان زۆر زەحمەتە. هەروەها جێنس لارکێ، وتەبێژی دەزگایی مرۆیی نەتەوەیەکگرتوەکان  وتیشی، زۆر گرنگە کە سیاسەت بەلاوە بنێین وهاوکاری قوربانیەکان بکەیەین، ئەمە دەربارەی ڕزگارکردنی ژیانی مرۆڤە. لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسانی سوریا ئاماژەیان بەوەداوە، کەمی سوتەمەنی، خراپبوونی شەقام وڕێگاکانی هاتوچۆو کەشی ساردی زستان بەربەستێکی گەورەی دیکەن لەگەیشتنی هاوکاریەکان بە گەلی سوریا. ئەمە لەکاتێکدایە هەریەک لە وڵاتانی جەزائیر وتونس، ئێران، ئێراق و ئیمارات وڕوسیا هەرزوو دەستیانکرد بە ناردنی هاوکاریەکانیان  وتیمەکانی فریاکەوتن بۆ گەلی سوریا، ئیماراتی عەرەبی بەبڕی ١٣ ملیۆن دۆلار هاوکاری مرۆیی ڕەوانەی سوریا کرد. ئەم داوایەی ڕیکخراوەکانی مافی مرۆڤ لەکاتێکدایە کە ماوەی چەندین ساڵە ئەمریکا سزای قورسی بەسەر سوریادا سەپاندووە ئەمەش دژی ئەو پێشێلکاریانەی بەرامبەر مافی مرۆڤ ئەنجام ئەدرێت لەلایەن حکومەتی سوریاوە.

هاوڵاتی   پزیشکێک لە نەخۆشخانەی باب ئەلهەوا دوای ١٨ کاتژمێر لە نەشتەرگەری بۆ بریندارەکانی بومەلەرزەکە باسی دۆخی نەخۆشخانەکە دەکات ودەڵێت، کارەبامان نیە وکەلوپەلی پێویستمان نیە بۆ چارەسەری نەخۆشخەکان، زۆربەی نەخۆشەکان منداڵن و بەسەختی بریندارن و ناچاریشن چەند کاتژمێر لە چاوەڕوانیدابن بۆ پشکنین. دکتۆر ئوسامە سالۆم، لە نەخۆشخانەی باب ئەلهەوا لە کۆمەڵگەی پزیشکی ئەمریکی سوری کار دەکات، لەو ناوچەیەی کە زیاتر لە ٤٠٠ قوربانی لێکەوتۆتەوە و زیاتر لە ٥٠ کەسیش گیانی لەدەستداوە، ئەو پزیشکە دەڵێت ئەو کارەساتە دۆخی جەنگی بیر دەخاتەوە، هەروەها  باس لەوەدەکات کە زۆربەی نەخۆشەکان منداڵن ودوای ئەوەی بۆماوەیەکی زۆر لە سەرمایەکی زۆردا ماونەتەوە لەژێر داروبەردی باڵەخانەکاندا توشی خوێنبەربوونیکی زۆر بوون وگیان لەدەست ئەدەن، وتیشی بەڕاستی ئەمە کارەساتە. ئەو پزیشکە ئاماژەی بەوەشداوە کە سنورەکان لەو ناوچەیە بەتەواوی لەگەڵ تورکیا داخراوە وناتوانین نەخۆشەکان بگوازینەوە بۆ تورکیا، ئەمەش فشارێکی زۆری لەسەرمان درووستکردووە، بەهەموو نەخۆشخانەکە تەنها یەک سیتی سکانمان هەیە بۆ نەخۆشەکان ئەوەش وایکردووە لەو دۆخەدا چەند کاتژمێر نەخۆشەکان لە چاوەڕوانیدا بمێننەوە تاوەکو دەتوانن پشکنین بکەن.   دۆخەکە دکتۆر سالۆمی  بۆ ڕوداوەکەی حەلەبی لە ساڵی ٢٠١٦ گەڕاندەوە کە نەخۆشخانە و ماڵ و خانووەکانی وێران کرد و سەدان هاوڵاتی مەدەنی کوژران، ئەو دەڵێت زۆر دڵتەنگم و ئەم ڕوداوە بۆ سوریەکان خراپترە چونکە ئێمە ساڵانێکی زۆر وەک وڵاتێکی پڕ لەجەنگ ژیاوین، هەروەها لەبارەی بومەلەرزە یەک لەدوای یەکەکانەوە دەڵێت زۆر بەهێزبوون و ئەوە کارەساتە. هاوکات لەبارەی چارەسەری قوربانیەکانەوە دەڵێت ئێمە هیوامان لەدەست ئەدەین بۆڕگارکردنی منداڵان و قوربانیەکان  بەهۆی کەمی دەرمان وتەواوبوونی کەلوپەلی پێویستەوە لەچەند کاتژمێری داهاتوودا . ئەمە لەکاتێکدایە کە هەوڵەکان بۆ ڕزگارکردنی سەدان کەس کە لە ژێر داروپەردوودا گیریان خواردووە بەردەوامە، دوای ئەوەی بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە بوومەلەرزەیەکی گەورە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا و باکووری سوریای گرتەوە و زیاتر لە سێ هەزار و ٥٠٠ کەسی کوشت.    

دەزگای کارەساتە سروشتیەکانی تورکیا ئامارێکی نوێی قوربانیانی بومەلەرزەکانی دوێنێ باکوری کوردستان و تورکیای بڵاوکردەوە. بەگوێرەی ئاماری دەزگاکە، تاوەکو ئێستا سێ هەزار و 381 کەس گیانیان لەدەستداوە و 20 هەزار و 426 کەسیش بریندار بوون. دەزگای کارەساتە سروشتیەکانی تورکیا ئاماژەی بەوەکرد کە 13 هەزار و 740کەس وەک تیمی رزگارکردن، بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکان رەوانەکراون.  ئەوەش لە کاتێکدایە کە سەربەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر 6:13 خولەک، بومەلەرزەیەکی دیکە بە گوڕی 5.6 ناوچەی گولباشی پارێزگای سەرمسوری باکوری کوردستانی هەژاند، بەڵام زیانەکانی ئاشکرا نەکراون.

هاوڵاتی بومەلەرزەکەی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، زیانێکی زۆر گەورەی بەدوای خۆیدا بەجێهێشت و لەگەڵ ئەوەی تاوەکو ئێستا ژمارەی قوربانیان لە ١١ هەزار کەس نزیک بوونەتەوە، هەروەها هاوڵاتیان لەنێو مزگەوت و  لە کۆڵانەکاندا لەژێر باران و سەرمای ژێر سفردا ژیان بەسەر دەبەن. هاوڵاتی خۆی گەیاندە ژمارەیەک هاوڵاتی لە شاری ئامەدی باکوری کوردستان، بەگوێرەی قسەی ئەو هاوڵاتیانە، لە ئێستادا بەهۆی ئەوەی هۆشداری لە ئەگەری روودانی بومەلەرزەی دیکە، هیچ هاوڵاتیەک نەچووەتە ماڵەکانیان و هەمووان لە مزگەوت و لەنێو ئۆتۆمبێڵەکانیاندا. ئەو هاوڵاتیانە بۆ هاوڵاتی ئاشکرایان کرد، تاوەکو ئێستا حکومەت بە هیچ شێوەیەک هاوکاری و چادری پێشکەش بە هاوڵاتیان نەکردووە و چەندین گەڕەکی کۆنی ئامەد کە پێشبینی دەکرێت بە سەدان کەس لە ژێر داروپەردووی باڵەخانە داڕماوەکاندا بن، داخراون و رێگە نادرێت کەس سەردانی ئەو گەڕەکانە بکەن. هەروەها هاوڵاتیەک کە بەرەو گوندەکەی لە دەرەوەی ئامەد دەچوو لە رێگەی تەلەفونەوە بە هاوڵاتی وت، " دۆخمان زۆر خراپە، ماڵەکانمان داڕماون و ئێمەش بەرەو گوندەکەمان دەڕۆین و تاوەکو ئێستا هیچ هاوکاریەک پێشکەش خەڵکی نەکراوە. فاتیمە کورتالان پەرلەمانتاری هەدەپە رایگەیاند، لە ناوچەی ئەلبیستانی پارێزگای دیلوک گەل بە دەرفەتی خۆی دەستی بە هەڵمەتی گەڕان بەدوای ئەو کەسانەدا کردووە کە لە ژێر داروپەردووی باڵەخانەکاندا ماون. فاتیمە کورتالان پەرلەمانتاری هەدەپە سەردانی هاوڵاتیانی کردووە لە دیلوک، بەڵام رێگە نەدرا کە خۆیان بگەیەننە ناوچە زیانلێکەوتووەکان. کورتالان باسی ئەوەی کرد کە دۆخی دیلۆک زۆر خراپە، تیمی گەڕان و رزگارکردن نییە و تیمی پسپۆڕ رەوانەی ئەو شارە نەکراون. پسپوڕان هوشداری دەدەن: لە ئەدەنە، هاتای و باشوری ئەو دوو پارێزگایە ئەگەری بومەلەرزەی نوێ هەیە. دوای بومەلەرزەکە کە ناوەندەکەی چیای نورحەقی شاری دیلۆکی باکوری کوردستان بوو و لە شارەکانی باکوری کوردستان و سوریا زیانێکی زۆری لێکەوتەوە، پسپۆڕانی بومەلەرزە هوشداریاندا کە ئەگەری رودانی بومەلەرزەی دیکە هەیە. فرانک هۆگیر بییتس پسپۆڕی لێکۆلینەوەی جیۆلۆژی هۆڵەندا کە دوو رۆژ لەمەوبەر هوشداری بومەلەرزەی دابوو، رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت، سبەینێ ٧ی مانگ، کاتژمێر ٠٤:٠٠ بومەلەرزەیەکی دیکە رووبدات. زۆر وڵات بۆ بومەلەرزەکەی شارەکانی باکوری کوردستان دەستیان بە جووڵە کرد، بومەلەرزەکە کە ناوەندەکەی مەرەش بوو، بە پلەی ٧.٧ روویدا و کاریگەری لەسەر ١٠ شار هەبوو، زۆر وڵات پشتگیری خۆیان بۆ لێقەوماوان دەربڕی. جەیمس جلیڤری وەزیری دەرەوەی بەریتانیان رایگەیاند، تیمێکی ٧٦ کەسیان بۆ رزگارکردن و هاوکاریکردن بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکان ناردووە. کۆماری چیکیش تیمێکی ٩٨ کەسی و ژمارەیەک ئۆتۆمبێڵی کارکردنیان ناردە تورکیا. ئازەربایجانیش بۆ پشتگیریکردن تیمێکی ٣٧٠ ناردە تورکیا. بەگوێرەی زانیاریەکان لە سەمسور تاوەکو ئێستا هیچ هاوکاریەکی فەرمی پێشکەش نەکراوە. تاوەکو ئێستاش ژمارەیەکی زۆر تەرمی هاوڵاتیان لەژێر باڵەخانە داڕماوەکاندان. هەوڵی رزگارکردن و گەڕان لەلایەن گەلەوە ئەنجام دەدرێن، هەروەها لەو شارە ئاو، کارەبا و ئەنتەرنێت نییە. سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە لە تویتێکدا رایگەیاند، پێویست بوو ڕێوشوێن بگیرێتە بەر و وتی، " سەرەتا برینەکانمان سارێژ بکەین و دواتر پێویستە هەموو کەسێک لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکرێت.

هاوڵاتی وەزارەتی بەرگری ڕوسیا ڕایگەیاند، زیاتر لە 300 سەربازی ڕوسیا لە ئەرکدان بۆ هاوکاری کردنی قوربانیەکانی سوریا. وەزارەتی بەرگری ڕوسیا ئەمڕۆ دووشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، دە یەکەی سوپای ڕوسیا بە کۆی گشتی دەکاتە زیاتر لە 300 سەرباز لە پاککردنەوەی پاشماوەکان و هاوکاریکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و ڕزگارکردن لە سوریا لەدوای بوومەلەرزە وێرانکەرەکانی سوریا بەشدارن. بەگوێرەی بەیاننامەکە، سێرگی شۆیگو، وەزیری بەرگری ڕوسیا "فەرماندەی (هێزەکانی) ڕوسیای لە سوریا ڕاسپاردووە کە هاوکاری قوربانیەکان بکەن. وەزارەتەکە باسی لەوەش کردووە، سەربازانی ڕووسیا بە شێوەیەکی سەرەکی لە شارەکانی حەلەب، حەما و لازقیە هاوکاری دەکەن. لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە، ئەو سەربازانە سەرقاڵی پاککردنەوەی پاشماوەکان و گەڕان بەدوای قوربانییەکان و دابینکردنی هاوکاری پزیشکی بۆیان، هاوکات سەرلەبەیانی ڕۆژی دووشەمە ڤلادمێر پوتنی سەرۆکی ڕوسیاش بەڵێنیدا  بە سەرۆکی  تورکیا و سوریا کە هاوکار دەبێت زیانی بومەلەرزەکان.

هاوڵاتی بەگوێرەی نوێترین ئاماری فەرمی، لە بومەلەرزەکەی باکوری کوردستان و تورکیادا، زیاتر لە 10 هەزار کەس بریندار بوون و گیانیان لەدەستداوە. فوئاد ئوکتای یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا ئاماری نوێی گیانلەدەستدان و بریندارانی بومەلەرزەکەی سەرلەبەیانی ئەمڕۆی بڵاوکردەوە کە ناوەندەکەی چیای نورحەقی شاری دیلۆکی باکوری کوردستان بوو و بە گوڕی 7.7 پلەی ریختەر روویدا. ئوکتای رایگەیاند، تاوەکو ئێستا تەرمی هەزار و 541 کەس لەژێر دار و پەردووی باڵەخانەکاندا دەرهێنراون، هەروەها نۆ هەزار و 733 کەسیش بریندار بوون و وتی، بە تەنیا لە شاری هاتای 520 کەس گیانیان لەدەستداوە. بەگوێرەی قسەکانی فوئاد ئوکتای، سێ هەزار و ٤٧١ باڵەخانە زیانیان بەرکەوتووە. بەگوێرەی ژمارەیەک دیمەنی ڤیدیۆیی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاوبوونەتەوە، هاوڵاتیان دەڵێن، ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان تاوەکو ئێستا لەژێر باڵەخانە داڕماوەکاندان و پیشبینی دەکرێت، ژمارەی قوربانیانی بومەلەرزەکە زیاتر ببێت.

نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، ئه‌مڕۆ  راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێدا هاتووه‌: محه‌ممه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، سه‌ره‌خۆشی و هاوخه‌می بۆ كه‌سوكاری قوربانییانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆی باشووری توركیا و باكووری سووریا ده‌ربڕی. سوودانی به‌ناوی حكومه‌ت و گه‌لی عێراقه‌وه‌ پرسه‌ وسه‌ره‌خۆشی ئاراسته‌ی كه‌سوكاری قوربانییان كرد و داوایكرد به‌شێوه‌یه‌كی خێرا ژماره‌یه‌ك ‌تیمی فریاكه‌وتن بۆ قوربانییان و زیانلێكه‌وتووانی ئه‌م كاره‌ساته‌ ره‌وانه‌بكرێت. بەپێی ڕاگەیاندراوی نوسینگەی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق: سودانی ڕێنمایی ده‌ركرد، به‌په‌له‌ ژماره‌یه‌ك تیمی به‌رگری شارستانی، تیمی فریاگوزاری و كه‌ره‌سته‌ی پزیشكی فریاگوزاری، فریاگوزاری سه‌ره‌تایی، شوێنی حه‌وانه‌وه‌ و كه‌لوپه‌ل و پێداویستی، هه‌روه‌ها بڕی سه‌به‌ته‌ی خۆراك و سوته‌مه‌نی، بۆ به‌شداریكردن له‌و كاره‌ساته‌، ره‌وانه‌ی قوربانییه‌كان و ئه‌و كه‌سانه‌ بكرێت كه‌ زیانیان به‌ركه‌وتوه‌". سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق فه‌رمانیكردوه‌، دۆخی ئاماده‌یی و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی خێرا بۆ كاره‌ساته‌ سروشتییه‌كان له‌ وڵات به‌رزبكرێته‌وه‌. جێی باسە ئەمڕۆ ،دووشەممە 6ی2ی2023 زنجیرەیەک بومەلەرزەی بەهێز، باکور و ڕۆژئاوای کوردستان گرتەوەو ژمارەیەک زۆر قوربانی لێکەوتەوە، بوومەرزەکە لەباشوری کوردستان لەشاری دهۆک و هەولێریش هەستی پێکرا.

دوای بوومەلەرزەکەی باکور و ڕۆژئاوای کوردستان کەجەکە ڕایدەگەنێت: دەبێت هەموان بە گیانێکی بەرزی پشتیوانییەوە بجوڵێنەوە و هەموو تواناکانیان بخەنەکار. گەلەکەمان بە بێ ئەوەی چاوەڕێی دەوڵەت بکات لە هەموو شوێنێک دەبێت تواناکانی خۆی بەکاربهێنێ و بۆ خۆی برینەکانی خۆی ساڕێژ بکات. پاش زنجیرە بوومەلەرزەکانی باکور و ڕۆژئاوای کوردستان، کە ژمارەیەکی زۆر قوربانی لێکەوتەوە، کۆماجڤاکێن کوردستان (کەجەکە) بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی: راگەیەندراوی هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە بەم جۆرەیە: "سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بومەلەرزەیەکی بەهێز روویدا کە ناوەندەکەی پازارجخی مەرەشە و بەتایبەتی زۆر شاری باکور، کاریگەریشی کردە سەر زۆر ناوچەی دیکە. سەرەتا سەرەخۆشی لە گەلانی باکوری کوردستان و تورکیا دەکەین، خودا لەو کەسانە خۆشبێت کە گیانیان لەدەستداوە و هیوای چابوونەوەش بۆ برینداران دەخوازین. هاوبەشی ئازارەکانی گەلەکەمان و هەموو ئەوانەی دیکەین کە بە هۆی بومەلەرزەوە زیانیان بەرکەوتووە. بە گوێرەی زانیارییەکان بومەلەرزەکە کاریگەریشی کردووەتە سەر زۆر شاری رۆژئاوا و سوریاش و چەندین کەس ژیانیان لەدەستداوە لەهەمان کاتدا هەستی خۆمان بۆ گەلەکەمان لە رۆژئاوا و گەلانی سوریاش دەردەبڕین. هۆکاری ئەوەی بومەلەرزەکە ئەو هەموو زیانەی لێکەوتووەتەوە دەوڵەت و دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپەیە کە دەوڵەت بەڕێوەدەبەن. دەوڵەتی ئاکەپە-مەهەپە هەموو جارێک کە بوومەلەرزە روودەدات هەندێک هەوڵی فریودەرانە ئەنجام دەدات و بەم جۆرە هەوڵ دەدات وانیشانی بدات کە هاوکاری گەل دەکات. ئەو هەوڵانە هەمووی بۆ شاردنەوەی تاوانەکانیەتی. دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە لە بەرامبەر بومەلەرەدا هیچ رێوشوێنێک ناگرێتەبەر، سەرچاوەکانی وڵاتی خستووەتە خزمەت لایەنگرانی خۆیەوە و بۆ شەڕ دژی گەلی کورد بەکاریان دەهێنێت. ئەگەر لە بەرامبەر بومەلەرزە رێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر، دەتوانرێت رێگریی لە زیانەکانی بومەلەرزە بکرێت، بەڵام ئاکەپە کە زیاتر لە ٢٠ ساڵە لە دەسەڵاتدایە تائێستا هیج رێوشوێنێکی نەگرتووەتەبەر و هەموو بومەلەرزەیەک بووەتە هۆکاری زیانی گیانی و ماددی زۆر. لە جوگرافیای تورکیا و کوردستان کە هێڵی رۆچوونی تێدایە و بەهۆی ئەوەی ئاستی مەترسی بومەلەرزە لەو هەرێمەدا زۆر بەرزە، بینا و سیستمی بیناسازی دەبێت بە گوێرەی ئەوە بێت. بەڵام دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە کە حکومەتی شەڕ و گەندەڵییەنەک هەر رێکار بەرامبەر بە بومەلەرزە ناگرێتەبەر، بەڵکوو ئەو بودجەیەش کە بۆ بومەلەرزە دادەنرێت دەیخوات و بۆ سیاسەتە شەڕانگێزیەکانی بەکاریان دەهێنێت. هەربۆیە ئۆباڵی زیانە گیانی و مادییەکان لە ئەستۆی ئاکەپە-مەهەپەیە کە بەرپرسە لە گرتنەبەری رێوشوێن، کەچی هیچ رێوشوێنێکی نەگرتووەتەبەر. لەبارەی بوومەلەرزەکەوە ئەم بانگەوازە رادەگەیەنین؛ بەتایبەتی گەلی باکوری کوردستان دەبێت هەموو کەس بە گیانێکی بەرزی پستیوانییەوە بچوڵێنەوە و هەموو تواناکانی خۆیان بخەنەکار. گەلەکەمان بە بێ ئەوەی چاوەڕێی دەوڵەت بکات، لەهەموو شوێنێک دەبێت دەرفەت و تواناکانی خۆی بەکاربهێنێت و بۆ خۆی برینی خۆی ساڕێژ بکات. هاوکات لەگەڵ کارەکانی رزگارکردن، بەهۆی هەلومەرجی زستانەوە دەبێت ماڵ و تواناکانیان لەگەڵ ئەو کەسانەی ماڵەکانیان وێران بووە هاوبەشی پێبکەن. دەزگا و دامەزراوە دیموکراتیکەکانیش دەبێت پاڵپستی لەگەل بکەن، خۆیان بگەیەننە ئەو مرۆڤانەی پێویستیان بە هاوکاری هەیە و یارمەتیان بدەن. گەلی کوردستان لە دەرەوەی وڵاتیش دەبێت بە هۆی بومەلەرزەکەوە پشتیوانی ناوخۆی وڵات بکات. ئەو بومەلەرزەیەی زیانی گیانی و ماددی زۆری لێکەوتەوە، بە پشتیوانی گەل و دامەزراوە دیموکراتیکەکانی، بە هاوبەشی کردن بە تواناکان و پاڵپشتی کردن لە یەکتر دەتوانرێت تێپەڕێنرێت. ئێمە جاڕێکیتر بە هۆی زیانە گیانییەکان لە باکوری کوردستان، تورکیا، رۆژئاوا، سوریا و ناوچەکانی دیکە سەرەخۆشی خۆمان رادەگەیەنین، هیوای چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین. رایدەگەیەنین کە پشتیوانی لە هەموو کەس دەکەین کە بوومەلەرزەکە کاریگەری کردووەتەسەریان، هاوبەشی ئازار و هەستەکانیانین. لەو بڕوایەداین کە وەک گەل بە هاوبەشی کردن بە تواناکانمان و بە پستیوانی دەتوانین ئەم قۆناغە دژوار و بەئازارە تێپەڕێنین".

بەهۆی بوومەلەرزەکەی باکور و ڕۆژئاوای کوردستان هەناردەکردندنی نەوتی هەرێم ڕاگیرا لەم بارەیەوە، وەزارەتی سامانەسروشییەکان لە روونكردنەودا ڕایگەیاند: بەهۆی ئەو بوومەلەرزەیەی توركیا و سوریای گرتەوە، بەمەبەستی دڵنیابوون لە سەلامەتی هەناردەكردنی نەوت و خۆپارێزی لەهەر ئەگەرێكی نەخوازراو ؛ بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەناردەكردنی نەوت لە بۆری هەرێم – توركیا راگیراو بڕیارە دوای تەواوبوونی كارەكانی پشكنین  پرۆسەی هەناردەكردن دەست پێ بكاتەوە.

هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی عێراق لە بەغدا لەگەڵ هاوتا روسییەکەی کۆبوەوە و رایگەیاند، لەکۆبونەوەکەدا باسیان لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردو وڵات و کاری کۆمپانیاکانی روسیا لە عێراق کردوە. سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا دوێنێ گەیشتە بەغدا و ئەمڕۆ لەگەڵ فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کۆبوەوە، بڕیاریشە ناوبراو لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق کۆببێتەوە و قەیرانی وزە لە جیهاندا سەرەکیترین پرسی کۆبونەوەکان دەبێت. ئەمڕۆ دووشەممە 6/2/2023 وەزیری دەرەوەی عێراق لە بەغدا لەگەڵ هاوتا روسییەکەی کۆبوەوە و رایگەیاند، لەکۆبونەوەکەدا باسیان لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردو وڵات و کاری کۆمپانیاکانی روسیا لە عێراق کردوەو فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق دوای کۆبونەوەکەی لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، ئاماژەی بەوەکرد، لەکۆبونەوەکەدا باسیان لە پەیوەندییە ئابوری، دیپلۆماسی، بازرگانی، سەربازییەکانی نێوان هەردو وڵات کردوە، هەروەها گفتوگۆ لەسەر قەیرانی وزە و کاری کۆمپانیاکانی وزەی روسیاش لە عێراق کراوە. وتیشی،بەغدا پابەندە بە خەرجکردنی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانی وزەی روسیا و دانەوەی ئەو قەرزانەی کە لەسەر عێراقن، بەڵام بۆ ئەوەی روبەڕوی سزاکانی ئەمریکا نەبێتەوە، پێویستە لە سەردانی سبەی شاندی عێراق بۆ واشنتن، ئەو بابەتە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا تاوتوێ بکەن.