ئەمڕۆ بە پێچەوانەى دوێنێ، نرخى زێڕ دابەزینێکى گەورەى تۆمارکرد، لە کردنەوەى بۆرسەى ئاسیا، نرخى یەک ئۆنسە زێڕ تا سێ هەزار و 314 دۆلار دابەزى، ئەمە لەکاتێکدایە دوێنێ نرخى زێڕ بەرزترین ئاستى لە مێژوودا تۆمارکرد کە سێ هەزار و 500 دۆلار بوو بەرامبەر هەر ئۆنسەیەک. بەگوێرەى ماڵپەرى ئینڤێستینگ، دوو لێدوانى دۆناڵد ترەمپ نرخى زێڕى بەو خێراییە دابەزاند، یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەبوو کە گوتى، باجى سەر هاوردەى کاڵاى چینى بەڕێژەى لەسەدا 145 جێبەجێناکرێت و بڕیارەکەى دەگۆڕێت، بەڵام بەوشێوەیە نابێت کە نزیک بێت لە سفر. هەروەها لەبارەى دوورخستنەوەى جیرۆم پاوڵ سەرۆکى یەدەگى فیدراڵى ئەمریکا لە پۆستەکەى، ترەمپ گوتى، هیچ نیازێکى نییە بۆ دوورخستنەوەى جیرۆم پاوڵ لە پۆستەکەى. ئەمەش لەکاتێکدایە هەفتەیەکە تیمى ترەمپ لە کۆشکى سپى سەرقاڵى دۆزینەوەى رێگەیەکن بۆ دوورخستنەوەى، لەبەرئەوەى بەگوێرەى یاسا، سەرۆکى ئەمریکا دەسەڵاتى لابردن و دەستخستنە ناو بڕیارەکانى سەرۆکى یەدەگى فیدراڵى نییە، ئەمە وایکرد ئەو مەترسییەى لەسەر ئەو بابەتە هەبوو کە کاریگەریى لەسەر بازاڕ دروستکردبوو نەمێنێت. بەو دوو هۆکارە کە پێشتر نرخى زێڕ بەرزببوونەوە، ئەمجارەیان بەپێچەوانەوە نرخەکەى دابەزاند.
هاوسەرۆکی گشتی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) ڕایدەگەیەنێت هیوامان پێكهێنانی هەنگاوی ئەرێنییە، دەڵێین ئیدی لە بری قسەکردن، پرۆسەکە پێویستی بە هەنگاوی پراکتیکییە. دوای کۆبوونەوەی پارتەکەی لە بینای پەڕلەمان، تونجەر باقرخان هاوسەرۆکی گشتی (دەم پارتی) وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەوانانی دایەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ قسەکانی وتەبێژی ئاکەپە عومەر چەلیک کرد کە گوتبووی، "لە نێو مانگێکدا پرۆسەکە پێشکەوتنی نوێ بەخۆیەوە دەبینێت." باقرخان وتی: ئێمەیش بەشداری ئەو قسەیە دەبین، ئیدی با پێشكەوتنی نوێی کاریگەر بڕەخسێندرێت. کۆمەڵگەی تورکیاش لەم چاوەڕوانییەدایە. شاندەکەشمان لە بینینی بەڕێز ئۆجالاندا هەمان شت و خواستییان دەربڕییوە. هیوامان پێكهێنانی هەنگاوی ئەرێنییە. دەڵێین ئیدی لە بری قسەکردن، پرۆسەکە پێویستی بە هەنگاوی پراکتیکییە." باقرخان دەربارەی کۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی دادی تورکیادا گوتی: "داواکاری پێشکەش کراوە. هێشتا کاتەی دیار نییە، بەڵام ڕەنگە لەم چەند ڕۆژەدا ئەنجام بدرێت." باقرخان پەیوەست بە پرسی چەکدانانەوە ئەمەی گوت: "هیچ لەو ڕووەوە نازانین، بڕیاری ڕێکخستنە. بەڵام شتێکی گرنگ هەبوو کە سەرۆک پەروین بوڵدان گوتبووی، 'لە هەموو جارەکان زیاتر هیواداری و پێداگری بەڕێز ئۆجالانم هەستپێکرد پەیوەست بە پرۆسەکەوە." ئەمە پێشکەوتنێکی گرنگ و باشە. هیواخوازین ئەو مۆراڵ و هیوادارییە کاریگەری لەسەر سەرانسەری تورکیا دانێت." باقرخان پەیوەست بە دۆخی تەندرووستی سری سورەیا ئۆندەر، ئەندامی شاندی ئیمراڵیی گوتی: " ئەوەی گرنگە بەلامانەوە ئەوەیە سەرۆک سری بە زووترین کات چاکبێتەوە و بە شێوەیەکی چالاک بەشداری کارەکانی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە ببێتەوە."
لەیادی ڕۆژنامەگەری کوردیدا بەرەى گەل پەیامێکى بڵاوکردەوەو تیایدا دەڵێت: وەک ڕۆژی رووناک دەبینین ئەو بەرپرسانەی کە هۆکار و رێگرن لەبەردەم ئازادی میدیاکاران و کارەکانیان، لەم یادەدا دێن بەقسەی تەقلیدی و سواو پیرۆزبایی لە رۆژنامەنووسان، دەکەن. هەروەها لەو ڕاگەیەندراوەى بەرەى گەلدا هاتووە، ئەو خەرمانە کاریگەر و گرنگەی کە پەیوەندی دراماتیکی بەژین و ژیانی کۆمەڵگەی کوردستانەوە هەیە و ئەگەر بە پیشەیی زەمینەی بۆ خۆش بکرێت، ئەوا بەمانا راستەقینەکەی دەبێتە دەسەڵاتی چوارەم. پەیامێک لەیادی رۆژنامەگەری کوردیدا ئەمرۆ تەمەنی رۆژنامەگەری کوردی، مەڵۆیەکی تر دەخاتە سەر خەرمانی کارەکانی. ئەو خەرمانە کاریگەر و گرنگەی کەپەیوەندی دراماتیکی بەژین و ژیانی کۆمەڵگەی کوردستانەوە هەیە و ئەگەر بە پیشەیی زەمینەی بۆ خۆش بکرێت، ئەوا بەمانا راستەقینەکەی دەبێتە دەسەڵاتی چوارەم. لەکاتێکدا یادی ١٢٧ ساڵەی رۆژنامەگەری کوردی بەرزدەنرخێنین، بەداخەوە وەک ڕۆژی رووناک دەبینین ئەو بەرپرسانەی کە هۆکار و رێگرن لەبەردەم ئازادی میدیاکاران و کارەکانیان ، لەم یادەدا دێن بەقسەی تەقلیدی و سواو پیرۆزبایی لە رۆژنامەنووسان، دەکەن ئێمە لەبەرەی گەل، لەم یادەدا دروود و دەستخۆشی دەنێرین بۆ گیانی قەڵەمە ئازا و ، ئازادەکانی دنیای رۆژنامەگەری کوردی هەرلەمیقداد بەدرخانەوە تائەوانەی ئەمرۆمان کە لەبەگژاچوونەوەی نادادی و ستەم و گەندەڵی ماندوو نابن و خەبات دەکەن بۆ دەرخستنی راستیەکان و پێشکەوتنی کۆمەڵگەی کوردستان. بەرەی گەل ٢٠٢٥/٤/٢٢
ڤاتیکان ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند، پرسەی پاپا فرانسیس ڕۆژی شەممە کاتژمێر 10:00 بەیانی بەکاتى ئەو وڵاتە لە گۆڕەپانی سانت پیتەر لە ڤاتیکان بەڕێوەدەچێت. پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان دوای تووشبوون بە نەخۆشی، ڕؤژى دووشەممە، 21-04-2025، لە تەمەنی 88 ساڵیدا کۆچی دواییکرد. لە بەیاننامەکەى ڤاتیکاندا هاتووە، دوای پرسەکە تەرمەکەى دەگوازرێتەوە بۆ بازیلیکای سانتا ماریا ماجیۆر لە ڕۆما و پاپا فرانسیس لەوێ بەخاک دەسپێردرێت. بڕیارە ژمارەیەک لە سەرکردەکانی جیهان ئامادەی پرسەکە بن. سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و فەرەنسا و بەرازیل بڕیاری خۆیان بۆ بەشداریکردن لە پرسەکە ڕاگەیاند و نوێنەری کەنیسە و ئایینە مەسیحییەکانی جۆراوجۆریش بەشداری دەکەن. ئێستا تەرمی پاپا فرانسیس لەناو تابوتێکدایە لە بازیلیکای سانتا مارتا، کە لە ماوەی ١٢ ساڵەی پاپایدا لەوێ نیشتەجێ بووە. پاپا فرانسیسی ڤاتیکان لە تەمەنی 88 ساڵی لە بەیانیی دووشەممە، 21-04-2025، گیانی لەدەستدا، ئەمەش دوای ئەوەی بەهۆی هەوکردن و کێشەی سییەکانەوە لە نەخۆشخانە خەوێنرا و پێش پێنج هەفتە هاتە دەرەوە. پاپا فرانسیس ناوی تەواوی خۆرخێ ماریۆ بێرگێلیۆیە و سەرۆکی کەنیسەی کاسۆلیکەکانی جیهان بوو. لە 13ـی ئاداری 2013 وەک 266ـەمین پاپای ڤاتیکان دیاریکرا. بەگوێرەی ڤاتیکان، پاپا لە وەسیەتی خۆیدا داوایکردووە لە رۆما لە کەنیسەی (ماریی گەورە) بەبێ "دیکۆر" بنێژرێت. زۆربەی پاپاکانی پێشوو لە کەنیسەی سەینت پیتەر نێژراون. ڤاتیکان رایگەیاند، پاپا هەروەها داوایکردووە ناوی خۆی بە لاتینی لەسەر کێڵەکەی بنووسرێت (Franciscus). پاپا فرانسیس کەمێک پێش گیان لەدەستدانی، لەگەڵ جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا کۆبووەوە.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی بڵاوی کردووەتەوە، ئەمڕۆ بڕى 48 ملیار، 205 ملیۆن و 765 هەزار دیناریان ناردوە بۆ بەغدا. وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتى هەرێم، بڵاوی کردووەتەوە، ئەمڕۆ سێشەممە، 22-04-2025، بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئاداری ئەمساڵ کە بڕەکەی 48 ملیار، 205 ملیۆن و 765 هەزار دینارە. وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتى هەرێم، دەشڵێت، پارەکە بەشێوەی کاش خراوەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق. هاوکات وەزارەتى دارایی هەرێم ڕاگەیاند، لیستى موچە رەوانەى بەغدا کرا. ڕۆژی سێ شەممە ( ٢٢ ی نیسانی ٢٠٢٥ ) لیستی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانەوە ڕادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرا. ئەوەش لە کاتێکدایە ڕۆژی یەک شەممە ( ٢٠ ی نیسانی ٢٠٢٥ ) ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئازار ( میزان المراجعة ) و ڕاپۆرتی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤ ( الحسابات الختامیة ) لەلایەن بەڕێوبەرایەتی گشتی ژمێرکاری وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە بۆ فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ نێردراوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەکەى ئامادەنییە بەهیچ شێوەیەك گفتوگۆی ڕاستەوخۆ و ئاشكرا لەگەڵ بەرپرسانى ئەمەریكا بكات، هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو چەند لایەنێک دەیانەوێت لە ڕێگەی فشاری میدیایی و ئاراستەكردنی سیاسییەوە ڕێرەوی دیپلۆماسی بشێوێنن. ئاژانسی تەسنیم، لەڕاپۆرتێکدیدا ئاماژەى بە پۆستکێکى پێشووى عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران کردوە کە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس بڵاویکردوەتەوە، دەڵێت: ئەوكاتەی ڕەزامەندیم لەسەر وتارەكەم لە كۆنگرەی كارنیگی نێودەوڵەتی بۆ سیاسەتە ئەتۆمییەكان دەربڕی، هێشتا ئەمەریكا و ئێران كاتی گفتوگۆی داهاتوویان دیاری نەكردبوو، كە بڕیارە چوارشەممە گفتوگۆی پسپۆڕان و شەممەش لەسەر ئاستی باڵا كۆببنەوە". هەروەها وەزیری دەرەوەی ئێران، جەختى لەسەر ئەوەکردوەتەوەو ئاماژەى بەوتەیەکى پێشترى خۆیکردوە کە ئێران ناچێتە دانوستانی ڕاستەوخۆوە لەگەڵ ئەمەریكا. عێراقچی ئەوەش دەڵێت: لە وتارە ئامادەكراوەكەیدا ئاماژەی بە هەوڵی چەند گروپێكی خاوەن بەرژەوەندی تایبەت داوە بۆ تەگەرەخستنە بەردەم گفتوگۆكان ئەویش لە ڕێگەی شێواندنی وێنای دانوستانكارە ئێرانییەكان، هەروەها هاندانی ئیدارەی ئەمەریكا بۆ زیاتركردنی داواكارییە قورسەكانی، بە ئامانجی ئەوەی رێرەوی دیپلۆماسی لە رێرەوی خۆی لا بدەن". وەزیری دەرەوەی ئێران دەشڵێت "من راهاتووم روبەڕووی پرسیاری قورسی ڕۆژنامەنوسان ببمەوە، یاخود وەڵامی ترسی هاوڵاتیانی ئاسایی بدەمەوە، بەڵام گۆڕینی وتارەكە بۆ دانیشتنی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ دەبێتە گفتوگۆی ئاشكرا، ئەوەش شتێكی قبوڵ نەكراوە، دەبێتە هۆی بێزاربوونی بەشێك لە ئامادەبووان كە دەیانەوێت زانیاریی ورد لەبارەی رێرەوی گفتوگۆكان بزانن". رۆژی یەكشەممە 20 ی نیسان، گەڕی دووەمی دانوستانە نافەرمییەكانی نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بەپێی خشتەی كاتیی دیاریكراو كۆتایی هات.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات، لە سەرۆكی "ئێكس" نوسیویەتی: بە خۆشحاڵییەوە بە گەلەکەمان رادەگەیەنین کە کۆنفرانسی "یەکخستنی هەڵوێستی کورد لە رۆژئاوا" رۆژی (٢٦)ی نیسان بەڕێوە دەچێت. یەکگرتوویی کورد پێویستییەکی نیشتمانییە بۆ چارەسەرکردنی پرسی گەلی کورد لە سوریا. هیوادارین هەموو لایەنەکان بەرپرسیارێتی نیشتمانی خۆیان جێبەجێ بکەن. بەم بۆنەیەوە سوپاسی هەموو ئەو لایەنانە دەکەین کە هاوکار بوون بۆ ئەوەی ئەم هەنگاوە بكەوێتە سەرپێ و هیوای سەرکەوتن بۆ کۆنفرانسەکە دەخوازین. بەگوتەی سەرچاوەیەکى ئاگادار، گفتوگۆکانی نێوان پەیەدە و ئەنەکەسە بۆ بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکە تەواو بوون و ئێستا لەوبارەیەوە هیچ ناکۆکییەک لەنێوانیاندا نەماوە و لە کۆنفراسەکەشدا رێککەوتنی نێوانیان و رەشنووسی هاوبەشی کوردی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق رادەگەیەنن. کۆنفرانسەکە بە بەشداریی 300 کەس دەبێت، پەیەدە 130 ئەندام و ئەنەکەسەش 130 ئەندام، هەردوولاش بە رێککەوتن 40 میوان لە توێژە جیاوازەکانی رۆژاڤا دیاری دەکەن. بە گوتەی سەرچاوەکە، هیچ بڕیارێک لە کۆنفرانسەکەدا نادرێت و کۆمیتەی تێدا پێکناهێنرێت، ئەوەی هەیە راگەیاندنی رێکەوتنی کوردی – کوردیی نێوان پەیەدە و ئەنەکەسە و رەشنووسی هاوبەشی کوردییە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ دەسەڵاتی دیمەشق لەبارەی ماف و داواکارییەکانی کورد.
وەزیری بەرگریی ئەمریکا راوێژکارە متمانەپێکراوەکانی پێشووی تۆمەتباردەکات بەوەی دژی وەستاونەتەوە، ئەوەش دوای ئاشکرابوونی ناردنی پلانی هەستیاری سەربازی وڵاتەکەی بۆ هاوسەرەکەی و براکەی و پارێزەر و کەسانی دیکە. پیت هێگسەس رایگەیاند، ژمارەیەک کەس کە کۆمەڵێک بابەتی مشتومڕاوییان دزەپێکردووە و لە کارەکانیان دەرکراون. دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆکانیش، دۆناڵد ترەمپ پشتیوانی خۆی بۆ وەزیری بەرگریی دووپاتکردەوە و رایگەیاند، هێگسس کارێکی گەورە ئەنجامدەدات. کۆشکی سپیش، پێیوایە پیلانێک لەدژی هێگسس لەلایەن گرووپە بچوکە یاریدەدەرە دڵسۆزەکانی پێشترییەوە هەیە کە بە دزەپێکردنی زانیاری هەستیار تۆمەتبارکرابوون و لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە و ئێستا دەیانەوێت وەزارەتی بەرگرییش بگرێتەوە. هاوکات، کارۆلین لیڤیت وتەبێژی کۆشکی سپی دەڵێت، تەواوی پنتاگۆن دژی وەزیری بەرگریی و ئەو گۆڕانکارییە گەورانەن کە هەوڵی جێبەجێکردنیان دەدات.
بارزانی لە یادی ڕۆژنامەگەری کوردی پەیامێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند داوا لە ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندنكارانی خۆشەویست دەكەم لە ئەرك و كارەكەیاندا پیشەییانە لەگەڵ ڕووداو و پێشهاتەكاندا مامەڵە بكەن و ڕەچاوی بەهاكان و بەرژەوەندییەكانی گەلەكەمان بكەن. لەبارەی بایەخی رۆژنامەگەرییەوە، بارزانی ئاماژە بەوە دەکات، "رۆژنامەگەری و كاری راگەیاندن و میدیایی فاكتەرێكی گرنگی برەودانی هۆشیاریی نەتەوەیی و پاراستن و دەوڵەمەندكردنی زمانی كوردین. دەقی پەیامەکەی بارزانی بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان بە بۆنەی سەد و بیست و حەفتەمین ساڵیادی دەرچوونی یەكەمین ڕۆژنامەی كوردی كە هاوكات ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی كوردی و ساڵیادی دامەزراندنی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستانیشە، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی سەرجەم ڕۆژنامەنووس و میدیاكارانی كوردستان دەكەم. ڕۆژنامەگەری و كاری ڕاگەیاندن و میدیایی فاكتەرێكی گرنگی برەودانی هۆشیاریی نەتەوەیی و پاراستن و دەوڵەمەندكردنی زمانی كوردین، هاوكات ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەریی كوردی چەكێكی بەهێزە بۆ ناساندنی دۆزی ڕەوای گەلەكەمان بە جیهان و هەروەها ئامرازێكی كاریگەرە بۆ پاراستنی فەرهەنگی پێكەوەژیان و قووڵتركردنی كولتووری ئاشتیخوازی و لێبوردەیی گەلی كوردستان. لەو یادەدا, داوا لە هەموو ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندنكارانی خۆشەویست دەكەم لە ئەرك و كارەكەیاندا پیشەییانە لەگەڵ ڕووداو و پێشهاتەكاندا مامەڵە بكەن و ڕەچاوی بەهاكان و بەرژەوەندییەكانی گەلەكەمان بكەن. هیوای سەركەوتن و بەردەوامی بۆ هەموو ڕۆژنامەنووسانی كوردستان دەخوازم. مسعود بارزانی 22ـی نیسانی 2025
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی رۆژی رۆژنامەگەریی کوردییەوە، پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "بهردهوام دهبين له كاركردن بۆ فهراههمكردنى ژینگەی گونجاو بۆ کاری رۆژنامەنووسان کە تيايدا دەستگەییشتن بە زانیاری مسۆگەر بکات و لە ههموو کۆت و بەند و بەربەستێك دوور بێت، ههروهها هەر پێشێلکارییەک لە چوارچێوەی یاسای رۆژنامەگەریدا، چارەسەر بكرێت. هەروەها جەخت لەسەر پابەنديمان بە ئازاديی رۆژنامەگەری و رادەربڕین و گرنگى و پێویستيی پاراستنی وشەی ئازاد وەک یەکێک لە بنەما سهرهكييهکانی دیموکراسی و پێشکەوتن و کۆمهڵگهیهکی تهندروست و ئاسووده، دهكهينهوه. ئەمڕۆ یادی 127 ساڵەی رۆژنامەگەریی کوردییە؛ یەکەم رۆژنامەی کوردی بە ناوی (کوردستان) دەرچوو؛ یەکەم ژمارەی لە 22ـی نیسانی ساڵی 1898 بە هەوڵ و تێکۆشانی میر ميقداد ميدحهت بەدرخان لە قاهیرەی پایتەختی میسر بڵاوکرایەوە. دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی: یادی 127ساڵەی دەرچوونی رۆژنامەی (کوردستان) لەلایەن میر ميقداد ميدحهت بەدرخانهوه، ههروهها یادی 27ساڵەی دامەزراندنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، به گهرمى و له دڵهوه له هەموو رۆژنامەنووسان و ميدياكارانى کوردستان پيرۆز دەکەم، هيواى پێشكهوتنى زياتر و سهركهوتنى بهردهواميان بۆ دهخوازم. لەم بۆنەیەدا، جەخت لەسەر پابەنديمان بە ئازاديی رۆژنامەگەری و رادەربڕین و گرنگى و پێویستيی پاراستنی وشەی ئازاد وەک یەکێک لە بنەما سهرهكييهکانی دیموکراسی و پێشکەوتن و کۆمهڵگهیهکی تهندروست و ئاسووده، دهكهينهوه. بهردهوام دهبين له كاركردن بۆ فهراههمكردنى ژینگەی گونجاو بۆ کاری ڕۆژنامەنووسان کە تيايدا دەستگەییشتن بە زانیاری مسۆگەر بکات و لە ههموو کۆت و بەند و بەربەستێك دوور بێت، ههروهها هەر پێشێلکارییەک لە چوارچێوەی یاسای ڕۆژنامەگەریدا، چارەسەر بكرێت. باوەڕمان وایە ڕۆژنامەگەريی ئازاد، بوێر، بەرپرسیار و ڕهخنهگر، هاوبەشێکی سەرەکییە لە بنیاتنانی کوردستانێکی دادپەروەرتر و پێشکەوتووتر، بۆيه لهم يادهدا وهك ههميشه ڕۆژنامەنووسان هان دەدەین کە پابەندی پیشەیيبوون و بێلایەنی و ڕاستگۆیی بن و لە زێدەڕۆیی و گوتاری هەڵچوون دوور بکەونەوە و بەرژەوەنديی گشتيی وڵات و ئاشتيی کۆمەڵایەتی لەسەرووی هەموو شتێکەوە دابنێن و ڕۆڵى كاراى خۆيان له پتهوكردنى كولتوورى فرهڕهنگى و پێكهوهژيان و يهكترقبووڵكردن و لێبوردهيى، بگێڕن. لەم ڕۆژەدا، بە ڕێزەوە یادی شەهیدانی ڕۆژنامەگەريی كوردستان و هەموو ئەوانە دەکەینەوە کە لەپێناو گەیاندنی ڕاستی و خزمەتی کۆمەڵگەدا، قوربانییان داوە. ڕۆڵی ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان لە چاودێریکردنی ئازاديی ڕادەربڕین لە کوردستان بەرز دەنرخێنین و دڵنيايان دهكهينهوه كه سوود لە ڕاپۆرتەکانیان وەردهگرین بۆ پەرەپێدانی ژینگەی میدیایى و ڕۆژنامهوانى له وڵاتهكهمان. نێچيرڤان بارزانى سهرۆكى ههرێمى كوردستان 22ى نيسانى 2025
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان رایگەیاند، حكومەتی ئێران درەنگانێكی شەوی رابردوو زیندانییەکی سیاسی کوردی لە زیندانی ورمێ لەسێدارەداوە، کەسوکارەکەشی ئاگادار کراوەتەوە نابێت پرسەی بۆ دابنێن. بەگوێرەی سەرچاوەكە، زیندانییەكە ناوی حەمید حسێن نەژاد حەیدەرئلوو لە زیندانی ورمێ بە شێوەی نهێنی لەسێدارە دراوە، کەسوکاری لەلایەن دادگای شۆڕشی ورمێ ئاگادار کراوەتەوە، کە نابێت پرسەی بۆ دابنرێت. لە (٢٧)ی ئازاری ئەمساڵ، حەمید حسێن نەژاد حەیدەرنلووی تەمەن (٣٩) ساڵ خەڵکی گوندی سگریکی سەر بە شارۆچکەی چاڵدێرانی سەر بە پارێزگای ورمێیە، لەلایەن دادگای باڵای ئێرانەوە بە تۆمەتی یاخیبوون دژی دەوڵەت سزای لەسێدارەنەکەی پەسەندکراوە. لە رۆژی (١٣)ی نیسانی (٢٠٢٣)حەمید حسێن نەژاد حەیدەرئلۆ بەبێ فەرمانی دادوەر لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کراوە، (١١) مانگ لە ژێر ئەشکەنجەو لێكۆڵینەوەدا بووە، لە مانگی تەموزی (٢٠٢٤) لە دادگای شۆڕشی ورمێ بە تۆمەتی یاخیبوون دژی دەوڵەت سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو، دوای تێهەڵچونەوە، دادگای باڵا بڕیارەکەی پەسەند کرد.
ئەمڕۆ سێشەممە یەک دۆلار بە کەمتر لە 82 هەزار تمەن مامەڵەی پێوەدەکرێت، ئەم بەرزبوونەوەیەش لەکاتێکدایە ئەگەری ڕێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران هەیەو پاڵپشتی بۆ نرخی تمەن دروستکردووە. بەپێی ماڵپەری نەڤەسان، تایبەت بە نرخی دراوەکان لە بازاڕی نیوخۆی ئێران، یەک دۆلار بە 81 هەزار و 900 تمەن مامەڵەی پێوەدەکرێت. شرۆڤەکاران و بازرگانانی دراو لە ئێران دەڵێن، ئاماژە سیاسییەکان بۆ رێککەوتنی ئێران و ئەمریکا بوونەتە هۆکار بۆ ئەوەی خواست بۆ کڕینی دۆلار کەم ببێتەوە خەڵک روو لە فرۆشتنی دۆلار بکەن. سەرەڕای ئەوەش، ئەو بازرگانانە پێیانوایە نرخی راستەقینەی دۆلار بەرامبەر تمەن هەر نزیکەی 80 هەزار تمەنە و ئەگەر دەسەڵاتدارانی بانکی ناوەندی و حکومەتی ئێران بیانەوێت خستنەڕووی دۆلار لە ناو بازاڕدا زیاد بکەن، چاوەڕوان دەکرێت نرخی تمەن زیاتر بەرزببێتەوە و بەوپێیەش نرخی یەک دۆلار دەتوانێت تاوەکو 70 هەزار تمەنیش دابەزێت. گەڕی یەکەمی گفتوگۆی نێوان ئێران و ئەمریکا رۆژی 12ـی نیسان لە مەسقەتی پایتەخی عومان بەڕێوەچوو کە دواتر هەردوو وڵات کۆبوونەوەکەیان بە "ئەرێنی" ناوبرد. ڕۆژی 19ـی نیسانی 2025، گەڕی دووەمی گفتوگۆی نێوان تاران و واشنتۆن لەبارەی پرسی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەڕێوەچوو.
لە ڕێگای شاندی ئیمراڵییەوە ڕێبەر ئاپۆ پەیامێكی نوێی بڵاوكردەوە و تیایدا هیوای زوو چاكبوونەوە بۆ سری سوورەیا ئۆندەر، ئەندامی شاندی ئیمراڵی و پەرلەمانتاری دەمپارتی خواست. شاندی دەم پارتیی ئیمراڵی دوای دیدارێکەیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە رایگەیاند، ئۆجەلان هیوای چاکبوونەوەی بۆ سرری سورەییا ئۆندەر خواستووە و جەختیکردووەتەوە کە هیوای زۆری بە پرۆسەی ئاشتی هەیە. پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی و ئەندامی شاندی دەم پارتیی ئیمراڵی رایگەیاند کە بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە لەگەڵ ئۆزگور ئەرۆل، پارێزەری عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەردانی دوورگەی ئیمراڵییان کردووە و دیدارێکی "زۆر بەرهەمدار"یان لەگەڵ ئۆجەلان کردووە. بوڵدان سەبارەت بە وردەکاریی دیدارەکە گوتی: "یەکەمین تەوەری باسەکانمان تەندروستیی سرری سورەییا ئۆندەر بوو و عەبدوڵڵا ئۆجەلان هیوای چاکبوونەوەی بۆ خواست." دەشڵێت: سڕی سورەیا ئۆندەر، کلتورى دژایەتیی تورک و کوردى لە توركیا تێکشکاند. شەوی (15ـی نیسانی 2025) سری سورەیا ئۆندەر، ئەندامی شاندی ئیمراڵی و پەرلەمانتاری دەم پارتی توشی جەڵتەی دڵ بو، بەپەلە گەیاندرایە نەخۆشخانە و لە ئەستەنبوڵ نەشتەرگەرییەکی قورسی بۆ ئەنجام درا.
دوای دوو ڕۆژ لە کۆتایی هاتنی خولی دووەمی دانوستانەکان سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە پشتڕاستی کردەوە کە ئەمریکا وتووێژێکی زۆر باشی لەگەڵ ئێران ئەنجامداوە. لە وەڵامی پرسیارێکدا کە هەنگاوى دواتر چی ڕوودەدات، ترەمپ وەڵامی دەداتەوە، “هەنگاوی داهاتوو ئەوەیە کە پێویستمان بە کەمێک کات هەیە”. ڕۆژی 19ـی نیسانی 2025، گەڕی دووەمی گفتوگۆی نێوان تاران و واشنتۆن لەبارەی پرسی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەڕێوەچوو. هەروەها ڕافایل گرۆسی بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی گەشبینی خۆی دەربڕی بەرانبەر کۆبوونەوەکان، کەشوهەواکەی بە هاندەرانە و پڕ لە توانای پێشکەوتن زانی، سەرەڕای ترسی ڕاستەقینە پێش دەستپێکردنی خولەکە کە ڕەنگە دانوستانەکان سەرکەوتوونەبن یان شکستبهێنێت. گەڕی یەکەمی گفتوگۆی نێوان ئێران و ئەمریکا رۆژی 12ـی نیسان لە مەسقەتی پایتەخی عومان بەڕێوەچوو کە دواتر هەردوو وڵات کۆبوونەوەکەیان بە "ئەرێنی" ناوبرد.
لە کاتێکدا هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بەردەوامن، سوپای ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کە لە ماوەی ٧٢ کاتژمێری ڕابردوودا هێرشی کردووەتە سەر ٢٠٠ ئامانج لە ناوچەی کەرتى غەززەى فەلەستین. سوپاى ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە لە ڕێگەی هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر ڕایگەیاند کە ئامانجەکان بریتین لە شوێنەکانی هەڵدانی چەک و قەناس بەدەست، کۆگای چەک و باڵەخانەکان کە ئەندامانی حەماس بەکاریان دەهێنن. هەروەها سوپای ئیسرائیل تیرۆرکردنی سەرکردەیەکى بزووتنەوەی بزووتنەوەی حەماس بە ناوی ئەحمەد مەنسوور ئاشکرا کرد و بە "ئەندامی یەکەی موشەک" وەسفی کرد کە بە وتەی خۆیان بەشداریی لە هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەردا کردووە کە بزووتنەوەکە دژی نیشتەجێبوونی ئیسرائیل ئەنجامیاندا. هەروەها سوپا وێرانکردنی ژێرخانی حەماس لە ناوچەی شەبورە و تل سوڵتان لە ڕەفەح و دۆزینەوەی کۆگایەکی چەک کە نارنجۆکی دەستی و تەقەمەنی و کەرەستەی دیکەی سەربازیی تێدابوو ڕاگەیاند.
