هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداری دەرکرد کە خۆراک و چادریان بەشیی دوو ملیۆن فەڵەستینیی ئاوارە نەماوە و ناتوانن چیدیکە دەستەبەریکەن. دەشڵێت، قاتووقڕیی گەورە بەڕێوەیە. رۆژی چوارشەممە 15-5-2024، یەریۆش پێترۆپۆلۆس، سەرۆکی نوسینگەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە غەززە بۆ کارووباری هاریکاریی مرۆیی بە میدیای ئەمریکییان راگەیاندووە، کۆگەکانیان خاڵی بوونەتەوە لە خۆراک و چادر و هیچ ئومێدێکیشیان نییە دووبارە بتوانن کەرەستەی نوێیان بەدەست بگات؛ ئەمە لەبەر هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر رەفەح و داخرانی رێگەکانی گواستنەوەی هاریکاری. ئاماژەی بەوەشکردووە، ئیدی کات نەماوە بۆ کردنەوەی خاڵە سنوورییەکان بۆ گەیاندنی هاریکاری بۆ غەززە و دەبێت چی زووە بکرێتەوە. رۆژی سێشەممە 54 بارهەڵگر بە دەروازەی ئەرەزدا گەیشتوونەتە غەززە، بەڵام بەرپرسانی نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێن، بۆ ئەوەی بتوانن خۆراک و پێداویستی بۆ تەواوی 2 ملیۆن و 300 هەزار کەسەکەی غەززە دابینبکەن، پێویستیان بە 500 بارهەڵگر هەیە. لە دوای دەستپێکی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر شاری رەفەحی باشووری غەززە، لانیکەم 600 هەزار کەس ئاوارەبوون و لە ماڵەکانیان هەڵبڕاون. 100 هەزار کەسی دیکەش لە باشووری غەززە بەهۆی هۆشداریی ئیسرائیلەوە لە هێرشکردنە سەر ئەو ناوچانە ماڵەکانیان جێهێشتووە.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ سەرۆکی رووسیا لە پێش سەردانەکەیدا بۆ چین بە میدیای چینی راگەیاند، ئامادەیە گفتووگۆ لەبارەی ئاشتییەوە لە ئۆکراینا بکات. رۆژی چوارشەممە 15-5-2024، ڤلادمیر پووتین رایگەیاند، "رووسیا هەرگیز لە دژی گفتووگۆی ئاشتی نەبووە. خواستی وایە رێکەوتنێکی گشتگیر، سەقامگیر و دادوەرانە لەسەر شەڕەکە بکرێت لە رێگەی گفتووگۆی ئاشتییەوە." ساڵی رابردوو، چین پێشنیازێکی 12 خاڵیی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا خستە بەردەستی وڵاتانی جیهان. ئەمریکا و ئەوروپا هەرزوو لە دژی وەستانەوە و رووسیا گوتی خاڵەکانی پێشنیازەکەی لەلا رەوایە. بە گوێرەی کرێملن، ڤلادمیر پووتین و شی ژینگ پینگ گفتووگۆیەکی ورد لەبارەی تەواوی کێشەکانی پەیوەست بە هاوبەشییە گشتگیرەکەیان و هاوئاهەنگییە ستراتیجییەکەیانەوە دەکەن. هەروەها رێگەی نوێ بۆ بەرەوپێشبردنی هاوپەیمانێتییەکەیان لە داهاتوودا دەدۆزنەوە. هەروەها بە وردی باسی کێشە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان پێکەوە دەکەن. لە سەروبەندی بوونەوەی پووتین بە سەرۆکی رووسیا و سەردانەکەی بۆ چین، مۆسکۆ هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمی خارکیڤ لە ئۆکراینا چڕکردووەتەوە و بەهۆیەوە 8 هەزار هاووڵاتی ئۆکراینی ئاوارەبوون. چین لە رابردوودا باسی ئەوەی کردووە کە لە شەڕی رووسیا و ئۆکراینادا بێ لایەنە، بەڵام لەوکاتەوەی شەڕەکە لە شوباتی 2022 دەستیپێکردووە، پەیوەندیی ئابووری و ستراتیجی لەگەڵ کرێملن زیاترکردووە.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ لە پەڕەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی سلۆڤاکیا بڵاوکراوەتەوە، دۆخی تەندروستیی ئەو سەرکردەیە ناجێگیرە. ئەمە دوای ئەوەی ئەمڕۆ لە دوای کۆبوونەوەی کابینەکەی هەوڵی تیرۆرکردنی درا. رۆژی چوارشەممە، 15ی ئایاری 2024، رۆبێرت فیکۆ، سەرۆکوەزیرانی سلۆڤاکیا دوای ئەوەی بۆ مەراسیمێک لەگەڵ پاڵپشتیکارانیدا سەردانی شارۆچکەی هاندلۆڤای کرد، لەلایەن هاووڵاتییەکی رەگەزی نێرەوە تەقەی لێکرا و بریندارکرا. لە لاپەڕەی فەرمیی فەیسبووکەکەیدا بڵاوکراوەتەوە، ئێستا دۆخی تەندروستی ناجێگیرە و لە مان و نەماندایە. هەر دوای تەقەکردنەکە تۆمتبارەکە لەلایەن پاسەوانانی سەرۆکوەزیرانەوە دەستگیرکرا. بە گوێرەی بڵاوکراوەکەی نێو فەیسبووکەکەی، فیکۆ چەند گوللەیەکی بەرکەوتووە. ئەو شارۆچکەیەی فیکۆ تێیدا بریندارکرا دەکەوێتە دووری 150 کیلۆمەتر لە باکووری رۆژهەڵاتی براتیسلاڤای پایتەختی ئەو وڵاتە. هەربۆیە دوای رووداوەکە بە هەلیکۆپتەر گوازراوەتەوە نەخۆشخانەیەکی شاری بانسکا بیستریکا کە 29 کیلۆمەتر لە شوێنی رووداوەکەوە دوورە. لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە، لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا دۆخی تەندروستیی فیکۆ یەکلایی دەبێتەوە. فیکۆ بەوە دەناسرێت کە سیاسییەکی دژە ئەمریکایە و لە رووسیاوە نزیکە. لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیی مانگی ئادار و نیسانی ئەمساڵدا بۆ جاری سێیەم بردییەوە و بووە سەرۆکوەزیرانی سلۆڤاکیا.
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی دهۆک رایگەیاند، دوو بازرگانی مادەی هۆشبەریان لە شاری دهۆک دەستگیر کردووە، دەستیشیان بەسەر 51 کیلۆگرام شەلەمەنیدا گرت، کە مادەی هۆشبەری تێدا حەشاردرابوو. دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 15ـی ئایاری 2024) ئاسایشی دهۆک لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە "لە مانگی 02ـی 2024، لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی سێمێل سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی دهۆک دەست بەسەر 51 کیلۆگرام شلەمەنی گیرا، کە لەنێو ئۆتۆمبێلێکدا حەشاردرا بوو." ئاسایشی دهۆک دەڵێت، دوای دەستبەسەرداگرتنی مادەکە و ناردنی بۆ پشکنین، دەرکەوت لە شلەمەنییەکەدا مادەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ هەبووە. ئەوەشی خستە روو، هەردوو تۆمەتبار لە ئیستادا دەستبەسەر کراون و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوەتەوە. ئەمەش لەکاتێکدایە، چەندین جار لە سنووری دهۆک بازرگانی مادەی هۆشبەر دەسگیر کراوە و چەند جارێکیش رووبەڕووبوونەوە روویداوە، لە یەکێک لەو رووداوانەدا مانگی ئابی ساڵی رابردوودا لە سێمێل باندێکی بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان تەقەیان لە هێزێکی ئەمنی کرد و هەڵهاتن و یەکێک لە ئەندامانی ئەو باندە کە دەستگیرکرا و 45 کیلۆ ماددەی هۆشبەری پێبوو بەگوێرەی ئاماری چاکسازییەکان، تاوەکو کۆتایی ساڵی رابردوو، لە هەر شەش چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستاندا، لە نزیکەی 5500 سزادراو، 1180 کەسیان بەهۆی بەکارهێنان و بازرگانیی بە مادەی هۆشبەرەوە حوکم دراون.
هاوڵاتی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەگەڵ بەغدا هاوڕاین لەسەر دانانی میکانیزمێک بۆ رادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، یاسای ئیدارەدانی دارایی و یاسای بودجەی گشتیی عێراق. بهپێی راگهیهندراوی وهزارهتی دارایی و ئابوری ههرێم تیایدا هاتووه، ئهمڕۆ چوارشەممە 15ی ئایاری 2024، بەئامادەبونی شاندی هەرێمی کوردستان کۆبونەوەی لیژنەی باڵای پێداچونەوە بە خشتەکانی یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2024 لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق بەڕێوە چوو. ئاماژەبەوەشکراوە، لە کۆبونەوەکەدا ژمارەیەک دۆسیەی تایبەت بە هەرێمی کوردستان و رێکارەکانی گواستنەوە و ئاڵوگۆڕکردنی تەرخانکراوەکانی پشکی هەرێمی کورستان لە ناو خشتەکانی یاسای گشتیی بودجەی ساڵی 2024 گفتوگۆی لەبارەوە کرا. راگهیهندراوهكه باسی لهوهشكردووه، لەبەشێکی تری کۆبونەوەکەدا هەردولا هاوڕا بوون لەسەر دانانی میکانیزمێک بۆ رادەستکردنی داهاتە نانەوتیەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و یاسای ئیدارەدانی دارایی و یاسای بودجەی گشتی عێراق.
هاوڵاتی موعین تۆفیق پوور، کاسبکارێکی ناوچەیەکی سنووریی سەر بە شاری بانەی رۆژهەڵاتی کوردستانە، دوێنێ بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژرا. بەپێی راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، رۆژی سێشەممە 14ی ئایاری 2024، هێزە ئهمنییهكانی ئێران جێگیر لە سنووری چۆمان-ی سەر بە شاری بانە ئۆتۆمبێلی کاسبکارێکی کوردیان داوەتە بەر دەستڕێژی گوللـە و لە ئەنجامدا شۆفێرەکەی بەناوی موعین تەوفیق پوور گیانی له دهستداوه. بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بانە، موعین تەوفیق پوور، تەمەن 24 ساڵ و خێزاندار بووەو هێزە چەکدارەکانی ئێران ناوبراویان لە ناو ئۆتۆمبێلەکەی خۆی (تۆیۆتا) بەبێ هۆشداریی پێشوەخت و بە بیانووی گواستنەوەی شت و مەکی قاچاخ بە چەکی کڵاشینکۆف داوەتە بەر دەستڕێژی گوللـە و گیانی له دهستداوه. ناوبراو خەڵکی گوندی چۆمانی شاری بانەی رۆژههڵاتی كوردستانە و لە ئێستادا تەرمی ئەو کاسبکارە کوردە بۆ نەخۆشخانەی بانە گوێزراوەتەوە و تائێستا رادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە. لە سەرەتای مانگی ئایارەوە تاوەکو ئێستا شەش کەس لە ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون، دووانیان کاسبکار و چوار کەسیش کۆڵبەرن.
هاوڵاتی ئەمڕۆ چوارشەممە، 15ی ئایار، ئهو شۆفێرەی كه تۆمهتباره بهوهى دوێنێ دهستى شكاندووهته سهر ئهو مینی پاسهى كه به ژمارهیهك خوێندكارهوه له رێگاى كهلار- كفری وهرگهڕا، دەستگیرکراوە و ئۆتۆمبێلەکەشی دەستیبەسەرداگیرا. لهوبارهیهوه موقەدەم سامان عهلی وتهبێژی هاتوچۆی گهرمیان ڕایگەیاند، ئهو ئۆتۆمبیلهى تۆمهتباره بهوهى دوێنێ دهستی شكاندوهتهسهر ئهو مینی پاسهى كه بهژمارهیهك قوتابییەوە لهڕێگهى كهلار ـ كفری وهرگهڕا، دهستی بهسهرداگیراوهو شۆفێرهكهیشی دەستگیركراوە. ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد کە شۆفێرەکەیان لەڕێی کامێراى چاودێرییەوە دۆزیوەتەوە و لە ئێستادا شۆفێرەکەی دەستبەسەرە و ئەو چوار سەرنشینەکەی دیکەش کە لەگەڵیدا بوون بانگ دەکرێن و وتەیان لێوەردەگیرێت و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکرێت. دوێنێ سێشەممە، لەسەر رێگەی کەلار- کفری بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆوە چوار خوێندکار گیانیانلەدەستدا و حەوت خوێندکاری دیکە و شۆفێری پاسەکە برینداربوون، خوێندکارەکان خوێندکاری ئامادەیی باکووربوون لە کەلار وهەموویان کچبوون بۆ گەشتی زانستی چووبونە کفری. هاوکات هەر دوێنێ دوا بەدوای ڕوداوەکە شۆفێری مینی پاسەکە بە میدیاکانی ڕاگەیاندبوو،" ئۆتۆمبێلێک لە نزیک گوندی حەسیرە، لە نێوان کەلار و کفری دەستی شکاندووە بەسەر ماندا و کۆنترۆڵمان لەدەستداوە و مینی پاسەکە وەرەگەڕاوە".
هاوڵآتی كهشناسی ههرێم رایگهیاند، ئهمڕۆ ئاسمان ساماڵ و پهڵه ههور دهبێت و پلهكانی گهرما روو له بهرزبوونهوه دهكهن. بهپێی راپۆرتی كهشناسی ههرێم، ئهمڕۆ چوارشهممه 15ی ئایاری 2024، ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت، له ناوچە شاخاویەکان نیمچە هەور دەبێت. هاوكات پلەکانی گەرما کەمێک بەرز دەبێتەوە. ئەمڕۆ پلەکانی گەرمان بەم شێوەیە دەبێت: سەبارەت بە کەشی سبەی پێنجشەممە کەشناسی ئەوەی خستووەتە روو، بە گشتی ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت و پلەکانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ چوارشەممە، بەرز دەبنەوە. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ پێنجشەممە : هەولێر : ٢٨ سلێمانى: ٢٨ دهۆک : ٢٧ هەڵەبجە : ٢٨ کەرکوک: ٣١ گەرمیان : ٣٣ زاخۆ : ٢٧ سۆران : ٢٤ حاجی ئۆمەران: ١٦
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ بە مەبەستی رێگریکردن لە چوونی کۆچبەری ئەفغانی بۆ ناو ئێران، ئەنجوومەنی ئاسایشی ئێران بڕیاریداوە دیوارێکی کۆنکرێت بە درێژایی دەیان کیلۆمەتر لە سنووری ئەفغانستان دروستبکات. رۆژی سێشەممە 14-5-2024، میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاندووە، ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران 3 ملیار و 300 ملیۆن دۆلاری بۆ بەهێزکردنی پاسەوانیی سنوورەکەی لەگەڵ ئەفغانستان خەرجکردووە، بەشێک لەو پارەیەش بۆ دروستکردنی دیوارێکی کۆنکرێت کە بەرزییەکەی 4 مەترە و درێژییەکی 74 کیلۆمەترە تەرخاندەکرێت. بڕیارە دیوارەکە سنووری باکووری رۆژهەڵاتی پارێزگای خۆراسانی ناوەڕاست و باکووری خۆراسانی باشوور بگرێتەوە. ئێران نزیکەی 920 کیلۆمەتر سنووری لەگەڵ ئەفغانستان هەیە، لە 40 ساڵی رابردوودا هەزاران کۆچبەر کە لە دەست باری ناجۆری ئابووری و ئاسایشی ئەفغانستان هەڵاتوون، روویان لە ئێران کردووە. بە گوێرەی ئاژانسی کۆچبەریی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئێستا نزیکەی 4 ملیۆن و 500 هەزار هاووڵاتی ئەفغانی لە ئێران دەژین، کە نزیکەی 1 ملیۆنیان دوای هاتنە دەسەڵاتی تاڵیبان بۆ ئەو وڵاتە هەڵاتوون؛ لەو ژمارەیەش تەنیا 500 هەزاریان وەک پەناخواز تۆمارکراون. بەرپرسانی ئێران دەڵێن، مەبەستێکی دیکەی دروستکردنی دیوارەکە کەمکردنەوە چوونی تیرۆرستە بۆ ئەو وڵاتە، کە گوایە دوای هاتنەدەسەڵاتی تاڵیبان لە ئەفغانستان مەترسییە تیرۆرستییەکان زیاتربووە. لە کانوونی دووەمی ئەمساڵ دوو تەقینەوەی گەورە لە شاری کرمان 80 هاووڵاتی سڤیلی کوشت کە دەوڵەتی ئیسلامی خۆراسان بەرپرسیارێتییەکەی گرتە ئەستۆ.
هاولاتی لە راگەیەندراێکدا وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد سبەی دەست بە دابەشکردنی مانگی چوار دەکرێت. وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "نیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە 14ی ئایاری 2024، نزیکەی 168 ملیار دینار بە سێ گوژمە وەک شایستەی مووچەی مانگی نیسانی خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق". ئاماژە بەوەشکراوە، "سبەی چوارشەممە 15ی ئایاری 2024 دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی نیسان دەکرێت و مووچەی ئەو چین و توێژانە دابەش دەکرێت کەلە بەغداوە تەمویلەکانیان گەیشتووە".
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ فەرماندەیەکی باڵای وەزارەتی بەرگریی رووسیا بە تۆمەتی بەرتیلوەرگرتن دەستگیرکرا، ئەمە دوو رۆژ دوای دوورخستنەوەی وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە لە پۆستەکەی. میدیای رۆژئاوا دەڵێن، خەونەکەی یاڤگینی پریگۆژین دوای مردنی هاتە دی. رۆژی سێشەممە 14-5-2024، میدیای رووسیا رایگەیاند، رۆژی دووشەممە یوری کوزنێتوڤ، فەرماندەی سەربازانی سوپای رووسیا لە ڤێلاکەی لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا دەستگیرکراوە. دەزگای لێکۆڵینەوەی رووسیا دەڵێت، تۆمەتی بەرتیلخواردنی بەسەردا دراوە و ئێستا دەسگیرکراوە و چاوەڕێی بڕیاری دادگەن لەسەر دۆسیەکە. بە گوێرەی دەزگاکە بێت، ئەو بەرپرسە رووسیە "بەرتیلێکی گەورە"ی قبوڵکردووە کە بە گوێرەی یاسای رووسیا سزاکەی زیاتر لە 15 ساڵ بەندکردنە. دەزگای ئاسایشی رووسیا لە شیرینی خەودا هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەی لە مۆسکۆ، وا باسدەکرێت لە پەنجەرەوە چوونەتە ژوورەوە و کەرەستەی لەکژری، لیرەی ئاڵتوون، زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلار کاشیان لە ماڵەکەیدا دۆزیوەتەوە. دەستگیرکردنی ئەو فەرماندە سەربازییە دوای ئەوە دێت، رۆژی یەکشەممە، دوای بوونی بە سەرۆک بۆ جاری پێنجەم، ڤلادمیر پووتین، سێرگی شۆیگۆ، وەزیری بەرگریی رووسیای لە پۆستەکەی دوورخستەوە و کردی بە سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی رووسیا. ئەمە لەکاتێکدایە، مانگی رابردوو تیمۆر ئیمانۆڤ، جێگری وەزیری بەرگریی رووسیاش هەر لەسەر بەرتیلوەرگرتن دەستگیرکرا. یاڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر لە 23ی حوزەیرانی 2023 فەرمانی بە چەکدارانی کرد هێرشبکەنە سەر رووسیا؛ ئەوەش بە ئامانجی لەکار لابردنی سێرگی شۆیگۆ لە پۆستی وەزیری بەرگریی رووسیا و جێگرتنەوەی. پریگۆژین لای وابوو شۆیگۆ بەرپرسێکی "ترسنۆک و گەندەڵە" و پەیمانەکانی بە ڤاگنەری دابوو نەگەیاندووەتە جێ. یەکێک لەو رەخنانەی لە شۆیگۆی هەبوو بریتیبوو لە جێهێشتنی سەنگەرەکانی جەنگ و نەناردنی چەک بۆ چەکدارانی ڤاگنەر کە لە پێناو رووسیا شەڕیان دەکرد. سەربازانی گرووپی ڤاگنەر لە دوای بیستنی ئەو هەواڵانە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تەلەگرام دڵخۆشیی خۆیان دەربڕیوە، چونکە ئەو کات سەرۆکەکەیان کە لە 23ی ئابی 2023دا کوژرا ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی شۆیگۆ، جێگرەکەی و فەرماندەی سەربازانی سوپای رووسیا دەربڕیبوو.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ 76 ساڵ لەمەوبەر فەڵەستینییەکان “لەنێو خاک و ماڵی خۆیان کە ئێستا ئیسرائیلە” دوورخرانەوە و لە غەززە گیرسانەوە. لای زۆرێک ئەو ئەزموونە ئێستا دووبارە دەبێتەوە. نەکبە کە وشەیەکی عەرەبییە و بە واتای کارەسات دێت، بۆ هەڵبڕانی 700 هەزار فەڵەستینی دەگەڕێتەوە لەو ناوچانەی ئەمڕۆ دەوڵەتی ئیسرائیلی لێدروستکراوە؛ ئەمە لە پێش و سەرووبەندی جەنگی عەرەب و ئیسرائیل لە ساڵی 1948 کە دواتر بە دروستبوونی ئیسرائیل کۆتایی هات. ئێستا سێ بەشی دانیشتووانی ئەمڕۆی غەززە ئەو ئاوارانەن کە بەهۆی جەنگەکەوە لە ماڵەکانی خۆیان هەڵبڕان. دوای جەنگ ئیسرائیل رێگەی نەدان بگەڕێنەوە، بە هۆکاری ئەوەی ژمارەیان لە جووەکان زیاتر دەبوو. رێگەنەدان بە گەڕانەوەی فەڵەستییەکان بۆ ئیسرائیل هۆکاری سەرەکیی سەرنەگرتنی گفتووگۆکانی ئاشتی بوو 15 ساڵ لەمەوبەر. ئێستا مەترسیی ئەوە لەسەر فەڵەستینییەکانی غەززە هەیە کە لە رەفەح ئاوارەن، مێژوو بەسەریاندا دووبارەبێتەوە، بەڵام ئەم جارە بە خراپتر. بە هەمان شێوەی پێشتر، خەڵک پشتی ئۆتۆمبێلەکانیان پڕ دەکەن و رەفەح لە ترسی هێرشەکانی ئیسرائیل جێدەهێڵن. شەڕی غەززە تاوەکو ئێستا 35 هەزار هاووڵاتی فەڵەستینی کوشتووە و یەک ملیۆن 700 هەزار کەسی دیکەش بەهۆیەوە ئاوارەبوون. ئەو ژمارەیە زیاترە لە دوو هێندەی ئەو ژمارەیەی لە 1948 لە ماڵەکانی خۆیان هەڵبڕان و لە غەززە ئاوارەبوون. بەدەر لەوە، نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت ئەگەر شەڕەکە بەم جۆرە بەردەوامبێت، 3 ملیۆن و 130 هەزار هاووڵاتی غەززە دووچاری قات و قڕی و برسێتی دەبنەوە. شەڕەکە دوای پەلاماری چەکدارانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد کە بەهۆیەوە 1200 ئیسرائیلی کوژران و 250 کەسی دیکەش بە بارمتە گیران.
رووسیا لە ئۆکراینا لە پێشڕەویدایە و ئەمریکا دەڵێت چەکەکانمان گۆڕانکاریی راستەقینە لە جەنگەکەدا دەکەن
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ ئەنتۆنی بلینکن بە سەردانێکی کتووپڕ خۆی گەیاندە کیێڤ و دەڵێت ئەو چەکانەی بۆ ئۆکراینای دەنێرن جیاوازی گەورە لە جەنگی دژ بە رووسیادا دروستدەکات. ئەمە لەکاتێکدایە رووسیا لە چەند رۆژی رابردوودا رووبەرێکی گەورەی ئۆکراینای کۆنترۆڵکردووە. رۆژی سێشەممە 14-5-2024، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە سەردانێکی رانەگەیێنراو گەیشتە کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا و چاوی بە ڤۆلۆدێمیر زیلنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا کەوت. بلینکن رایگەیاند، "دەزانین ئەمە کاتێکی دژوارە، بەڵام هاریکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا جیاوازی راستەقینە لە دژی داگیرکارییەکەی رووسیا لە مەیدانی جەنگدا دەکات". سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ ئۆکراینا لەکاتێکدایە، رووسیا لە هەفتەی رابردووەوە دەستی بە گوژمەیەک هێرشی نوێ لە باکووری رۆژهەڵاتی ئۆکراینا کردووە و تاوەکو ئێستا لانیکەم 125 کیلۆمەتر دووجا رووبەری ژێردەست هێزەکانی ئۆکراینای لە هەرێمی خارکیڤ کۆنترۆڵکردووە. لەو رووبەرەدا لانیکەم حەوت گوندی تێدایە و بەهۆی هێرشە نوێیەکانەوە 7500 هاووڵاتی ئۆکراینی ئاوارەبوون. کەمتر لە مانگێکە کۆنگرێسی ئەمریکا 60 ملیار هاریکاریی سەربازیی بۆ ئۆکراینا پەسەندکرد کە زۆرینەی هاریکارییەکە لە تۆپهاوێژ و سیستمی بەرگری ئاسمانی پێکدێت. بلینکن دەڵێت، هەندێک لەو هاریکارییانە گەیشتوون و هەندێکیان بە رێگاوەن. بەرپرسانی ئۆکراینا لە رابردوودا لۆمەی ئەمریکایان بەوەکردبوو کە لە هەناردەکردنی کەرەستەی سەربازی بۆیان دواکەوتووە و ئێستاش بەشێک لە بەرپرسانی سەربازیی ئۆکراینا بۆ ئەم پێشڕەوییەی رووسیا لە خارکیڤ لۆمەی ئەمریکا دەکەن. لە شوباتی ساڵی 2022ـەوە کە رووسیا هێرشی بۆ سەر ئۆکراینا دەستپێکرد، ئەمریکا گەورەترین هاریکاریی سەربازی بەراورد بە وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا بۆ ئۆکراینا ناردووە. لەوکاتەوە تاوەکو مانگی نیسانی ئەمساڵ، ئەمریکا بە بڕی 175 ملیار دۆلار هاریکاریی سەربازی بۆ کیێڤ دەستەبەرکردووە.
هەوراز حوسێن وارشۆ، هاوڵاتی دوای هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆکی رووسیا بۆ جاری پێنجەم لە مێژوودا، ڤلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا سەردانی چین دەکات. چین دەڵێت "هیچ سنوورێک" لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ رووسیا نییە. رۆژی سێشەممە 14-5-2024، وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاندووە، ڤلادمیر پووتین سەردانی پەکین دەکات و لەگەڵ شی ژینگ پینگ، سەرۆکی چین گفتووگۆ لەبارەی پەیوەندییە دوولایەنەکانیان و کێشە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان دەکەن. کۆشکی کرێملن هەمان رۆژ سەردانەکەی پشتڕاستکردەوە و باسی لەوەکرد، پووتین لەسەر بانگهێشتی فەرمی شی دەچێتە چین. ئەمەش یەکەم سەردانی وڵاتێکی بێگانەیە بۆ پووتین لە دوای بوونی بە سەرۆکی رووسیا بۆ جاری پێنجەم. لە سەرەتای دەستپێکی جەنگی ئۆکرایناوە تاوەکو ئێستا، چین سەرکۆنەی هێرشی رووسیای بۆ سەر کیێڤ نەکردووە؛ ئەمە لەلای رۆژئاوا بە پاڵپشتیی ناڕاستەوخۆی هێرشەکە لێکدەدرێتەوە. لە سەرەتای جەنگەکەوە چین هەناردەی کەرەستە و بابەتی تەکنەلۆجی و ئەلیترۆنی بۆ رووسیا زیادکردووە و وڵاتانی رۆژئاوا دەڵێن، ئەو هەناردانە هاوکاری سوپای رووسیان لە هێرشەکەیان بۆ سەر ئۆکراینا. لەلایەکی دیکەشەوە چین دابینکارێکی سەرەکی وزەی رووسیایە، ئەمەش وادەکات رووسیا لە دۆخی جەنگیشدا دووچاری کەمی لە وزەدا نەبێت. چین لە سەرەتای دەستپێکی جەنگەکەوە بەردەوام ئەوەی دووپاتکردووەتەوە کە هاوبەشی و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ رووسیادا "بێ سنوورە" و بە توندی سەرکۆنەی سزا ئابووری دیپلۆماسییەکانی وڵاتانی رۆئاوای بۆ سەر مۆسکۆ کردووە. هەروەها لەماوەی ئەو دوو ساڵەدا چەندین جار مانۆڕی سەربازیی هاوبەشیان کردووە و هەردوولا هەوڵ بۆ سەپاندنی هەژموونی هاوبەش بەسەر ئەفریقا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمریکای باشوور دەدەن. سەردانەکەی پووتین لەکاتێکدایە، هەفتەی رابردوو شی ژینگ پینگ سەردانێکی پێنج رۆژەی بۆ ئەوروپا کرد، کە دووان لە وڵاتەکان سڕبیا و هەنگاریا بوون کە بە نزیک لە مۆسکۆ سەیردەکرێن.
هاوڵاتی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی بۆ فەرمانبەران دەستیپێکردووەتەوە. ئەمڕۆ سێشەممە 14ی ئایاری 2024، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "هەموو ئەو فەرمانبەرانەی پێشتر سوودمەندنەبوون لە وەرگرتنی زەوی و خزمەتییان لە هەشت ساڵ کەمتر نییە، بەگوێرەی رێنماییەکان زەوییان پێ دەدرێت". ئاماژە بەوەشکرد، "دابەشکردنی زەوی، فەرمانبەرانی خانەنشین دەگرێتەوە کە پێشتر لە ژیانی فەرمانبەریدا لە وەرگرتنی زەوی سوودمەندنەبوون". ئەوەشخراوەتەڕوو، "بە گوێرەی زەویی پێویست لە سنووری هەر شارەوانییەک فەرمانبەران سەرپشک دەکرێن بەوەی زەوی لە شوێنی لەدایکبوونیان یان لە شوێنی کارکردنی ئێستایان وەردەگرن".