هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ ئەمڕۆ زیاتر لە 150 بارهەڵگر هاریکاریی مرۆیی لە رێگەی بەندەرەکەی ئەمریکاوە کە لە کەناراوەکانی غەززە دروستیکرد، گەیشتە غەززە. ئەمڕۆ هەینی 17-5-2024، بۆ جاری یەکەم ئەو بەندەرەی سەرەتای ئەم مانگە ئەمریکا دروستیکرد، دەستی بەکار کرد و لە لە رێیەوە 150 بارهەڵگر خۆراک و پێداویستی دیکە گەیشتنە دەست خەڵکی غەززە. گەیشتنی ئەو پێداویستیانە لەکاتێکدایە، دۆخی نزیکەی 3 ملیۆن فەڵەستینی لەوپەڕی خراپیدایە و دووچاری برسێتی بوونەتەوە، ئەمە بە گوێرەی نەتەوەیەکگرتووەکان. دوای ئەوەی ئیسرائیل هێرشی زەمینی و ئاسمانی بۆ سەر باشووری شاری رەفەح کە هاوسنووری میسرە دەستپێکرد، دوو دەروازەی سنووری سەرەکی کە لە رێگەیەوە خۆراک و پێداویستی دەگەیشتە دەست غەززەییەکان داخران. هەربۆیە دۆخی خەڵک رووی لەوپەڕی خراپی کردووە و نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، خۆراک، کەلوپەلی پێویست و دەرمان وەک پێویست ناگاتە دەست خەڵکەکە. هەرچەندە ئەوە بەندەرە کاتییەی ئەمریکا هیوایەکی بۆ خەڵکی غەززە گەڕاندووەتەوە، بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەڵێن بەندەرەکە ناتوانێت گواستنەوەی تەواوی ئەو هاریکارییانەی بۆ خەڵکی غەززە پێویستن بەڕێبکات. چونکە لە پێشووتردا رۆژانە لانیکەم 500 بارهەڵگر خۆراک و هاریکاری دەگەیشتنە خەڵکی غەزە.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ حکومەتی رووسیا بڵاویکردووەتەوە، هەرچەندە ئەوە دوو ساڵە لەگەڵ ئۆکراینادا لە جەنگدان، بەڵام ئابووریەکەیان گەشەیکردووە. رۆژی هەینی 17-5-2024، ئاژانسی فیدراڵیی زانیاری حکومەتی رووسیا بڵاویکردەوە، گەشەسەندنی ئابووری وڵاتەکە لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا 5.4٪ بووە، ئەمە لەکاتێکدایە، لە چارەکی کۆتایی ساڵی رابردوو 4.5٪ بووە. هەرچەندە لە دوای دەستپێکی شەڕی ئۆکرایناوە رووسیا خەرجییە سەربازییەکانی زیادکردووە، بەڵام ڤلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە سەردانەکەی ئەم هەفتەیەیدا بۆ چین باسی لەوەکرد، هێشتا خەرجییەکان نەگەیشتووەتە دۆخی نائاسایی. بە گوتەی پووتین، ئێستا خەرجیی سەربازی رووسیا 8٪ی داهاتی ناوخۆی ئەو وڵاتەیە، بەڵام لە کاتی یەکێتی سۆڤیەتدا 13٪ی داهاتی یەکێتییەکە بۆ کەرتی سەربازی بووە. هەرچەندە تاوی گەشەسەندنی ئابووری رووسیا زیادیکردووە، هەڵاوسان لە رووسیا بۆ 7.8٪ لە مانگی ئایاردا بەرزبووەتەوە کە لە مانگی نیساندا 7.7٪ بوو. لە 24ی شووباتی 2022، رووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکراینا و وەک خۆی گوتی ئامانجی هێرشەکەی "ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتە"، بەڵام وڵاتانی رۆژئاوا بە داگیرکاریی تەواوەتی ناوی دەبەن. لەو کاتەوە چەندین وڵاتی رۆژئاوا و هاوپەیمانەکانیان سزای هەمەجۆری دیپلۆماسی و ئابوورییان بەسەر رووسیادا سەپاندووە. رۆژئاوا دەڵێت ئەو سزایانە کاریگەریی نەرێنی گەورەیان کردووەتە سەر ئابووری رووسیا و بەهۆیەوە هەڵاوسان و باری ژیانی هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە سەختبووە؛ کرێملن ئەو قسانە رەتدەکاتەوە.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ لە نێو تەواوی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپادا 4 میدیا و رۆژنامە قەدەخەکران کە گوایە پڕوپاگەندە لە بەرژەوەندی کرێملن بڵاودەکەنەوە و هەوڵی ناسەقامگیرکردنی وڵاتانی دراوسێی ئۆکرایناش دەدەن. رۆژی هەینی 17-5-2024، ئەنجوومەنی ئەوروپا رایگەیاند، چوار میدیا و رۆژنامەمان خستووەتە لیستی رەشەوە کە پێکدێن لە دەنگی ئەوروپا، نۆڤۆستی RIA، ئیزڤێستیا و رۆسیسکایا گازێتا. ئەوەش بە تۆمەتی ئەوەی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەلایەن کرێملنەوە بەڕێوەدەبرێن. لە راگەیێنراوەکەی ئەنجوومەنی ئەوروپادا ئەوەش باسکراوە، "رووسیا سەرقاڵی کامپەینێکی نێودەوڵەتی و سیستماتیکە بۆ بەلاڕێدابردنی میدیا، ئەوەش بۆ پاڵپشتیکردن لە هێرشەکەی بۆ سەر ئۆکراینا و بەروپێشبردنی ستراتیجیی ناسەقامگیرکردنی وڵاتانی دراوسێی و یەکێتی ئەوروپا و ئەندامانی". رۆژی چوارشەممە ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا هۆشداری دابوو کە ئەگەر کارێکی لەو جۆرە بکرێت، ئەوانیش لە مۆسکۆ میدیاکانی رۆژئاوا لەکاردەخەن. ئەنجوومەنەکە باسی لەوەشکردووە، ئەوروپا لەبەردەم گەورەترین هێرشی میدایی و ئەلیکترۆنی رووسیایە و نابێت چیدیکە رێگە بەوە بدات.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ پۆلیسی ئێران بڵاویکردەوە، بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی شەیتانپەرستی لانیکەم 261 کەسیان لە تاران دەستگیرکردووە. بە گوێرەی راگەیێنراوەکە 3 کەس لەوانە هاوڵاتی ئەوروپین. رۆژی هەینی 17-5-2024، میدیای نیشتمانیی ئێران رایگەیاند، "ناوەندی زانیاریی پۆلیس دیاریکردن، تێکشکاندن و دواتر دەستگیرکردنی ژمارەیەک ئەندامی تۆڕێکی شەیتانپەرستیان راگەیاندووە". راگەیێنراوەکە دەڵێت، پۆلیسی ئێران 251 ئەندامی تۆڕێکی شەیتانپەرستیان دەستگیرکردووە و 146 پیاو و 115یان ژن بوون. پۆلیس دەڵێت، ئەوانەی دەستگیرکراون "لە دۆخێکی ناجۆر و قێزەوندابوون و نیشانەی شەیتانپەرستی لەسەر جلوبەرگ، سەر، دەموچاو و قژیان هەبووە". ئەوەش باسکراوە لە ئۆپەراسیۆنەکەدا کە شەوی پێنجشەممە لە شاری شەهریاری رۆژئاوای تارانی پایتەختی ئێران کراوە، سێ هاووڵاتی ئەوروپاییش دەستگیرکراون. پۆلیس دەڵێت، نیشانە و کەرەستەی پەیوەست بە شەیتانپەرستییەوە، خواردنەوەی کحولی و مادەی هۆشبەر و 73 ئۆتۆمبێلیش دەستیان بەسەردا گیراوە. ئەم جۆرە ئۆپەراسیۆنانەی پۆلیس وەک "شەیتانپەرستی" ناویان دەهێنێت، ئەو کۆبوونەوە و ئاهەنگانەی وەک کۆنسێرت دەگرێتەوە لە ئێران کە خواردنەوەی کحولییان تێدایە. یەکێکی دیکە لەو شتانەی لە ئێران لەلایەن حکومەتە شیعەکەی ئێرانەوە بە شەیتانپەرستی دەناسرێت، ئامێری مۆسیقای رۆک و کارەباییە.

دەیان پارێزەر: تاران بەرتیلی بە ئەفریقای باشوور داوە بۆ ئەوەی سکاڵا لە سەر ئیسرائیل تۆمار بکات ژمارەیەک پارێزەر کە 160 پارێزەرن لە نامەیەکدا بۆ وەزیری دەرەوە، وەزارەتی داد و ئەنجومەنی نوێنەرانی باڵای کۆنگرەی ئەمەریکا، نووسیویانە کۆماری ئیسلامی ئێرانیان بەرتیلی داوە بە حزبی دەسەڵاتداری ئەفریقای باشوور، بۆ ئەوەی لە دادگای لاها، ئیسرائیل بە جینۆساید تۆمەتبار بکات. ئەم 160 پارێزەرە خوازیاری ئەوە بوون لێکۆڵینەوە بکرێت لە گەندەڵی ماڵی ئەم حزبە. بەپێی راپۆرتێك کە لە میدیاکان بڵاوکراوەتەوە، ١٦٠ پارێزەر بە رێبەری ناوەندی یاسایی ئیسرائیل شۆرات هادین (ShuratHaDin) داوایان لە بەرپرسانی سیاسی و دادوەری ئەمەریکا کردووە بۆ ئەوەی لێکۆڵێنەوە بکەن دەربارەی رێبەرانی ئەفریقای باشوور و ئەندامانی حزبی کۆنگرەی نەتەوەیی لەو وڵاتە کە دەسەڵاتیان بە دەستە و زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی ئەفریقای باشوور سەر بەم حزبەن. ئەم پارێزەرانە داوایان کردووە بە پێی یاسایی ماگنێتسکی (Magnitsky Act) لێکۆڵینەوە لە گەندەڵی بەربڵاو و بەتایبەت بەرتیل بکرێت لەمبارەوە. ماگنیتسکی یاسایە کە ساڵی 2012 پەسەندکراوەو بە پێی ئەم یاساییە، دەوڵەتی ئەمەریکا بۆی هەیە گەمارۆ بخاتە سەر ئەو وڵات و لایەنە بیانیانەی کە پێشێلکاری مافی مرۆڤن یان لە گەندەڵی مادییەوە گلاون و هەروەها دەست بەسەر داراییەکانیاندا بگرێت. لە نامەی ئەم 160 پارێزەرەدا ئەوە هاتووە کە بەرپرسانی باڵای حیزبی کۆنگرەی نەتەوەیی ئەفریقای باشوور بۆ ئەوەی بتوانین قەرزەکانی حیزبەکەیان بدەنەوە بەرتیلیان لە کۆماری ئیسلامی وەرگرتووە بۆ ئەوەی لە دادگای نێونەتەوەیی لاها، ئیسرائیل بە جینۆساید لە غەززە تۆمەتبار بکەن. ئەمڕۆ هەینی 17ی ئایاری 2024، دانیشتنی دادگای لاها لەسەر سکاڵای ئەفریقای باشوور دژی ئیسرائیل بەڕێوەچوو و ئەفریقای باشوور لە بەردەم 15 دادوەری نێونەتەوەیی، لەوانە دادوەرێکی باڵای ئیسرائیلی، داوای کردووە بەر بە " جینۆساید" و " تاوانی جەنگی" بگیردرێت لە غەزە لە لایەن ئیسرائیلەوە. لە بەرامبەردا پارێزەرەکانی ئیسرائیل بەرگریان لە سوپای ئیسرائیل کرد و سکاڵای ئەفریقای باشووریان بە نادروست ناوبرد.

هاوڵاتی بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، کۆی گشتی بنکەکانی تۆمارکردن بۆ دەنگدانی گشتی لە هەرێمی کوردستان 173 بنکەیە، کە لە هەولێر53 بنکە، دهۆک 41 بنکە و لە سلێمانیش 79 بنکەی تۆمارکردن هەیە. هەر بەپێی ئامارەکە بێت، لە کۆی 666.226 کارتی بایۆمەتری لە هەولێر، 245.265 کارت لە بنکەکاندا تۆمارکراون، لەو ژمارەیە، 110.337 کارت دابەشکراون، 165یان لەنێو براوە، 154 کارتی دووبارە هەبووە، 186 کارت گەڕێندراونەتەوە و 153،928 کارتیش هێشتا دابەشنەکراون. سەبارەت بە پارێزگای دهۆک، لە کۆی گشتی کارتە بایۆمەترییەکان، 132.933 کارت تۆمارکراوە، 77.237 کارت دابەشکراون، 8 کارت لەنێوبراوە، 9 کارتی گەڕێندراوە هەبووە و 55.696 کارتیش لە بنکەکان ماونەتەوە و دابەش نەکراون. پارێزگای سلێمانی، لە کۆی 666.226 کارتی بایۆمەتری دەنگدان، 279.028 کارت لە بنکەکانن، 117.846 کارت بۆ خەڵکی گەڕێندراونەتەوە، 1 کارت لەنێوبراوە، 11 کارت گەڕێندراونەتەوە و 161.182 کارتی بایۆمەتریش هێشتا دابەشنەکراون. لەبارەی کارتی بایۆمەتری دەنگدانی تایبەتیش، باس لەوە کراوە، کۆی گشتی کارتەکان 116.141 کارتە، ژمارەی کارتەکان لە پارێزگای هەولێر 84.936 کارتە، لە پارێزگای دهۆک 11.296 کارت هەبووە، هەروەها لە پارێزگای سلێمانی ژمارەی کارتەکانی بایۆمەتری 19.909 کارتە.

هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد شارەزایەکی کەشناسی وادەی دەستپێکردنی گەرما رادەگەیەنێت و ئاماژە بەوەشدەکات، ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی رابردوو گەرمتر دەبێت. ئەمڕۆ هەینی 17ی ئایاری 2024، پشتیوان ئیبراهیم، شارەزای کەشناسی بە هاوڵاتی راگەیاند، "چاودێریکردنمان و گۆڕانکاریەکانی سروشت و لەیەکدانەوەمان لە سەر نەخشەکان لە 20/5/2024 بەداوە بارستە ھەوای فێنک لەسەر ناوچەکانمان بەپێی کات دست بەکشانەوە دەکات و وەرزی گەرما دەستپێدەکات بە دیاری کراوی لە کۆتای مانگی 5 و پاشان گەرمای وەرزی ئەفریقی دەستپێدەکات". ئاماژەی بەوەشکرد، "بەپێی کات گەرما دەگاتە وڵاتانی ناوچەکە و هەرێمی کوردستانیش بێبەش نابێت و وەک ساڵانی رابردوو پلەی گەرما بەرزدەبێتەوە لە دوای گەرمای ئەفریقی پاشان گەرمای ورەزی هیندی دەستپێدەکات". ئەو شارەزای کەشناسە ئەوەشی روونکردەوە کە گەرمای ئەمساڵ لە چاو ساڵانی رابردوو گەرمتر دەبێت.  

هاوڵاتی دوای سزادانی ژمارەیەک سەرکردەی سیاسی کورد لە باکوری کوردستان لەلایەن دادگای ئەنقەرەوە بزوتنەوەی گۆڕان لە ڕاگەیەندراوێکدا هەڵوێستی خۆی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند،کێشەی کورد لە تورکیا بە سزا و زیندانی چارەسەر نابێت. ڕۆژی پێنجشەممە 17/5/2024 دلێر عەبدولخالق، وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوەکرد کە بە نیگەرانییەوە، لە ئەنجامی (٨٤)هەمین دانیشتنی پرۆسەی دادگاییکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش و ژمارەیەک سەرکردەی سیاسیی باکوری کوردستان و تورکیا دەڕوانن . دەشڵێت،  بەداخەوە توندترین سزای زیندانی، لەلایەن دادگای سزا قورسەکانی ئەنقەرەدا بەسەریاندا سەپاوە. لە ڕاگەیەندراوەکە ئەو وتەبێژە جەخت لەوە دەکاتەوە کە "بە باوەڕی نەگۆڕی ئێمە، کێشەی کورد لە تورکیا، کێشەیەکی سیاسییە و پێویستی بە چارەسەرە، لەڕێگەی گفتوگۆ و دانوستاندن و دانپێدانان بە مافە ڕەواکانیان".  دەقی راگەیەندراوەکە: کێشەی کورد لە تورکیا بە سزا و زیندانی چارەسەر نابێت بە نیگەرانییەوە، لە ئەنجامی (٨٤)هەمین دانیشتنی پرۆسەی دادگاییکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش و ژمارەیەک سەرکردەی سیاسیی باکوری کوردستان و تورکیا دەڕوانین، کە بەداخەوە توندترین سزای زیندانی، لەلایەن دادگای سزا قورسەکانی ئەنقەرەدا بەسەریاندا سەپاوە. بە باوەڕی نەگۆڕی ئێمە، کێشەی کورد لە تورکیا، کێشەیەکی سیاسییە و پێویستی بە چارەسەرە، لەڕێگەی گفتوگۆ و دانوستاندن و دانپێدانان بە مافە ڕەواکانیان، هەربۆیە سزا و زیندانی و شەڕ و ئۆپەراسیۆن و، گرتنەبەری ڕێگەی سەربازی، هیچ ئەنجامێکی نابێت، جگە لە قوڵترکردنەوەی کێشەکان و درێژەکێشانی دۆخی نائارامی و ناسەقامگیری زیاتر بۆ ناوچەکە. وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان ١٦ی ٥ی ٢٠٢٤

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ پزیشکانی غەززە هۆشداری دەدەن کە خەریکە دەرمانیان نامێنێت. باس لەوە دەکەن چەندین جار دۆخی نەخۆشخانەکانی جەنگیان بینیوە، بەڵام ئەمە "کارەساتاویترینە". رۆژی پێنجشەممە 15-5-2024، دکتۆر جاوید عەلی، سەرۆکی رێکخراوی نەخۆشخانەی سەربازیی نێودەوڵەتی لە غەززە رایگەیاندووە، بەهۆی جێهێشتنی 1 ملیۆن و 400 هەزار هاووڵاتی فەڵەستینی لە رەفەحی باشووری غەززە، نەخۆشخانەکانی مەواسی زیاد لە توانای خۆیان قەرەباڵخبوون. مەواسی ناوچەیەکە لە باشوور و رۆژئاوای غەززە و ئیسرائیل داوای لە خەڵک کردووە بەرەو ئەوێ بڕۆن تا ژیانیان پارێزراوبێت لە هێرشەکانی سەر رەفەح. ئەو پزیشکە باس لەوەشدەکات، زۆرینەی ئەو خەڵکانەی سەردانیان دەکەن زۆربەیان برینی سەختیان هەیە و دوای چارەسەریشیان داوای خۆراک، پارە و دەرمانی زیادە دەکەن تاوەکو خێزانەکانیان بپارێزن. لە هەفتەی رابردووەوە ئیسرائیل دەستی بە هێرش بۆ سەر شاری رەفەحی باشووری غەززە کردووە. بەهۆی هێرشەکەوە لە 3 دەروازەی سنووری، دووانیان داخراون و بووەتە هۆکاری وەستانی گەیشتنی هاریکاریی مرۆیی و تەندروستی بۆ خەڵکی غەززە. دوێنێ چوارشەممە نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند زیاتر لە 2 ملیۆن خەڵک بەبێ خۆراک و چادر ماونەتەوە و ئەوانیش نیانە بیاندەنێ.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ کۆینێکی دانیمارکی دوای 100 ساڵ لە زیادکردنێکی ئاشکرادا دەفرۆشرێت. کۆینەکە لەلایەن مۆزەخانەی نیشتمانیی دانیمارکەوە دەفرۆشرێت. بڕیارە زیادکردنە ئاشکراکە لە کۆتاییەکانی ئەمساڵدا بکرێت و لە ئێستاوە دەستکراوە بە ریکلامکردن بۆی. کۆینەکە لەلایەن لارس بروون، سەرمایەدار و شارەزای لیرە لە ساڵی 1922 کڕدراوە و دوای ساڵێک گیانی لەدەستداوە. پێشبینی دەکرێت 72 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار بکات. هیڵی هۆرسنایس، سەرۆکی کۆکردنەوەی مەدالیا و کۆین لە مۆزەخانەی نیشتمانیی دانیمارک چیرۆکی لارس بروون دەگەڕێتەوە و دەڵێت، لەو کاتەدا کە جەنگی جیهانی یەکەم دەستیپێکردووە، بروون کۆینەکەی پێشکێشی مۆزەخانەی دانیمارک کردووە. لە دواتردا ترسی لەوە هەبووە بەهۆی جەنگەوە مۆزەخانەکە زیانی پێبگات و لیرەکە لەناوبچێت، بۆیە وەسێتی کردووە لە شوێنێکی پارێزراودا هەڵبگیرێت و 100 ساڵ دواتر نمایشبکرێت.

هاوڵاتی وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا لە راپۆرتێکی نوێدا باسی لەوە کردووە، لە 2023دا هێرش بۆ سەر هاوڕەگەزخوازانی فەرەنسا بەراورد بە 2022 بە رێژەیەکی بەرچاو زیادیکردووە. ئەمڕۆ 16-5-2024، وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا راپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە بە شێوەیەکی گستی لە 2023دا توندوتیژی بەرامبەر هاوڕەگەزخوازان 13٪ بەراورد بە ساڵی 2022 زیادیکردووە. تاوانە راستەوخۆکانی وەک هەڕەشە، دەستدرێژی و ناوزڕاندن بە رێژەی 19٪ بەرامبەر ئەو کەمینەیە زیادیکردووە. بە گوێرەی حکومەتی فەرەنسا تەنیا لە 2023دا، 2 هەزار و 870 دۆسیەی توندوتیژی، دەستدرێژی و ناوزڕاندنیان بەرامبەر هاوڕەگەزخوازان تۆمارکردووە. رێکخراوەکانی پاڵپشتیکاری هاوڕەگەزخوازان دەڵێن ئەم ئامارە مەترسیدارە و حکومەتی فەرەنسا دەبێت بە جیددی کاری لەسەر بکات. وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا ئەوەشی باسکردووە، لە 2016ـەوە تاوەکو ئێستا هەموو ساڵێک رێژەی تاوان بەرامبەر هاوڕەگەزخوازان لەو وڵاتە 16٪ زیادیکردووە. لە راپۆرتەکەدا هاتووە 70٪ی ئەو هاوڕەگەزخوازانەی توندوتیژیان بەرامبەر کراوە پیاوبوون و 82٪ی تۆمەتبارەکانیش هەر پیاوبوون. ئاماژە بەوەشکراوە، زیاتر لە نیوەی ئەوانەی توندوتیژییان بەرامبەرکراوە تەمەنیان لە خوار 30 ساڵەوەیە و زیاتر لە سێیەکێکیان خوار 19 ساڵ بوون.

هاوڵاتی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامی خولی یه‌كه‌می پۆلی نۆیه‌می بنه‌ڕه‌تی راگه‌یاند. كه‌مێك پێش ئێستا، وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند: "قوتابیان و خوێندکارانی ئازیزی پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی ئاگادار دەکەینەوە، لە ئێستاوە دەتوانن ئەنجامەکانی خولی یەکەمی پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی( کۆششی ساڵانە و تاقیکردنەوەی نیشتیمانی) بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ وەربگرنەوە". بۆ وەرگرتنەوەی ئەنجامەکان کلیک لەسەر ئەم لینکە بکە: https://azmwnakan.com/

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ حکومەتی بەریتانیا پێشنیازێکی بڵاوکردووەتەوە کە وانەونتنەوە لەبارەی رەگەزەوە لە خوێندنگەکاندا قەدەخەبکات، ئەوەش دوای ئەو نیگەرانیانەی لەبارەی زۆربوونی ژمارەی ئەو کەسانەوە دروستبوون کە رەگەزیان دەگۆڕن دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 16-5-2024، جیلیان کیگان، وەزیری پەروەردەی بەریتانیا پێشنیازێکی بڵاوکردەوە و لە بەشێکیدا هاتووە، بابەتی هەستیاری وەک فرەیی لە رەگەزدا نابێت بە خوێندکارانی پۆلی یەکی سەرەتایی هەتا 12ی ئامادەیی بگوترێتەوە. وەزیری پەروەردەی بەریتانیا دەڵێت، پێشنیازەکە بۆ ئەوە کراوە منداڵان بەر ئەو زانیارانە لە تەمەنێکی کەمدا نەکەون، تاوەکو هەستی منداڵی و بێتاوانیان لە منداڵی و مێرمنداڵیدا لەدەستنەدەن. ئاماژە بەوەشدەکات، لە پێشنیازەکەدا رێکارەکانیان بە روونی نوێکردۆتەوە کە نابێت منداڵان تاوەکو تەمەنی 18 ساڵی بابەتی فرەیی رەگەز و گۆڕانی رەگەز فێربکرێن. لە دوای 2020ـەوە خوێندن و بڵاوکردنەوەی رۆشنگەری لەسەر فرەیی رەگەز لە بەریتانیادا لە خوێندنگە ناوەندییەکانەوە کرا بە زۆرەملێ. منداڵان لە تەمەنی 11 ساڵییەوە فێردەکران کە "رەگەز تەنیا نێر و مێ نییە و دەیانی دیکە هەن". ئێستا بابەتەکە لە نێوان ئەوانەی بیرکردنەوەیەکی پارێزگاریان هەیە و ئەوانەی لیبراڵن خەریکە دەبێتە جەنگێکی کۆمەڵایەتی لەو وڵاتە.

هاوڵاتی  جینین پلاسخارت نێردەی ئەمینداری گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان لە عێراق رایگەیاند، بەپێی پێشبینییەکان بەم زوانە وادەی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری دەکرێت، ئەو پرۆسەیە بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە و پێویستە دوا وادەی ئەنجامدانی لە چوار مانگ زیاتر نەخایەنێت. جێنین هێنیس پلاسخارت، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە 16/5/2024 لە ئەنجوومەنی ئاسایش راپۆرتێکی لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق پێشكەش کرد و رایگەیاند،"هیوادارین لە کاتێکی نزیکدا وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریبکرێت بە جۆرێک لە ئێستاوە زیاتر لە چوار مانگ نەخایەنێت و هەڵبژاردنێکی گشتگیر، شەفاف و متمانەپێکراو لە هەرێمی کوردستان زۆر پێویستە" جارێكی دیكە جنین پلاسخارت، هۆشداری بەبەرپرسانی هەرێم دایەوە؛ ئەگەر هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان ئەنجام نەدرێت، هەرێم روبەڕوی ئایندەیەكی نادریا دەبێتەوە، هیوادارین پڕۆسەكە ئەنجام بدرێت و وادەیەكی نوێ بۆ رۆژی هەڵبژاردن دیاری بكرێت و جارێك دیكە دوانەخرێتەوە. سەبارەت بە دۆخی عێراقیش ڕایگەیاند، ،هەمو شتێكی عێراق نایاب نییە، گەندەڵی و گروپە چەکدارەکان لە دەرەوەی دەسەڵاتی دادوەری عێراق بەردەوامن لە هەژمونیان، ژنانی عێراق لە هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ گەیشتن بە کورسییەکانی دەسەڵات، هەندێکیان گەیشتون و هەندێکی دیکەیان لە دروستکردنی بڕیار دوردەخرێنەوە. جێنین هێنیس پلاسخارت باسی لەوەش کرد کە "چەقبەستوویی سیاسی لە دیالە و کەرکووک بەردەوامە."  لەبارەی پەرلەمانی عێراقیشەوە قسەی کرد: "لەدوای شەش مانگ پەرلەمان شکستی هێناوە لە دیاریکردنی جێگرەوەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق."   

هاوڵاتی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی ئایاری 2024 کۆڵبەرێکی گەنجی خەڵکی ئاوایی "دەرەزیارەتی خواروو" سەر بە سەرشیوی سەقز، لە سنووری بانە لە لایەن هێزە سنوورییەکانەوە تەقەی لێکراو گیانی لە دەستدا. بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست هاوڵاتی کەوتوون، واحید قادرپوور، کوڕی باییز، خەڵکی ئاوایی دەرەزیارەتی خواروو، لە سنووری هەنگەژاڵەی بانە بە تەقەی راستەوخۆ هێزە سنوورییەکان کوژراوە. بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی کۆڵبەر نیوز لە سەرەتای ساڵی 2024ەوە 12 کۆڵبەر بە تەقەی راستەوخۆی هێزە سنوورییەکان کوژراون و لە سەرەتای مانگی ئایارەوە ٧ کەس لە ناوچە سنوورییەکان بە تەقەی راستەوخۆ کوژراون کە پێنج کەسیان کۆڵبەر بوون و دوو کەسیان کاسبکار بوون.