ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر؛ له گێژهڵوكهی كوده‌تاوه تا سێبه‌ری سه‌دام

3 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرچاوە: ماڵپەرى پەنجەرە
له‌ناو تۆمارى پڕ له گێژاوى مێژووى عێراقدا، ناوى ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر ته‌نیا وه‌ك سه‌رۆكێكی پێشوو نه‌ماوه‌ته‌وه؛ به‌ڵكو وه‌ك خاڵێكی وه‌رچه‌رخان دێته ئارا. ئەو ده‌ستپێكی قۆناغێك بوو، کە سه‌رئه‌نجام سه‌ركرده‌یه‌كی دیكتاتۆری وه‌ك سه‌دام حسێنی لێكهوتهوه و عێراقی به‌ره‌و لوتكه‌ی توندوتیژی و خوێنڕشتن برد. به‌كر، كه خۆی به‌رهه‌می كودهتایەکی سپی بوو، هەر بە کودەتایەکی سپیش دەسەڵاتی ڕادەستکرد.
له‌ساڵڕۆژی مردنیدا، ئه‌م ڕاپۆرته هه‌وڵده‌دات ماکەکانی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و قۆناغه جیاوازە كه به‌كر هێناى شی بكاته‌وه و په‌یوه‌ندییه ئاڵۆزه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ جێگره لاوه‌كه‌ی "سه‌دام حسێن" بخاتەبەرباس.
هه‌ڵفڕین و نیشتنهوهكانى ژیانێكى سه‌ربازیى
ساڵی 1914 له شارى تكریت، ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر له‌دایكبووه. دواى ته‌واوكردنى خوێندن و شه‌ش ساڵ مامۆستایه‌تى، له ساڵی 1938 په‌یوه‌ندى به ئه‌كادیمیای سه‌ربازیی عێراقییه‌وه كرد. به‌ڵام سه‌ره‌تاى ژیانى سه‌ربازى هه‌ر زوو به شكستێك ده‌ستى پێكرد؛ به‌شدارى له بزووتنه‌وه‌كه‌ى ڕه‌شید عالى گه‌یلانى دژ به نفوزى به‌ریتانیا له ساڵی 1941، كه به شكست كۆتایى هات، به زیندانیكردن و ناچاركردنى به خانه‌نشینى كۆتایى هات. به‌ڵام به‌كر كۆڵی نه‌دا.
له ساڵی 1957 جارێكى تر گه‌ڕێندرایه‌وه خزمه‌ت و له ساڵی 1958 په‌یوه‌ندى به ڕێكخراوى ئه‌فسه‌ره نیشتمانییه‌كانه‌وه كرد، كه كۆتایى به ده‌سه‌ڵاتى پاشایه‌تى له عێراق هێنا. ئه‌مه سه‌ره‌تاى ههڵكشانێكى نوێ بوو له ژیانى سیاسی‌دا، به‌ڵام هه‌ر زوو له ساڵی 1959 به‌هۆى تێوه‌گلانی له بزووتنه‌وه‌ى شه‌واف له موسڵ دژ به عه‌بدولكه‌ریم قاسم، جارێكى تر خانه‌نشین كرا.
سه‌ركردایه‌تى حزبی به‌عس و كوده‌تاى 17ـى ته‌موز
به‌كر كه‌سایه‌تییه‌كى دیار بوو له‌ناو حزبى به‌عس. له 8ـى شوباتى 1963 به هاوكارى له‌گه‌ڵ لایه‌نه نیشتمانییه‌كان و سه‌ربازییه سه‌ربه‌خۆكان، بزووتنه‌وه‌یه‌كى چه‌كدارى ڕێكخست كه حكومه‌ته سه‌ربازییه‌كه‌ى عه‌بدولكه‌ریم قاسمى ڕووخاند. دواى ئه‌م كوده‌تایه، به‌كر بۆ ماوه‌ى 10 مانگ بوو به سه‌رۆك وه‌زیران، به‌ڵام عه‌بدولسه‌لام عارف له 18ـى تشرینى یه‌كه‌م به كوده‌تایه‌كى تر حكومه‌ته‌كه‌ى حزبی به‌عسى ڕووخاند، به‌هۆى شكست و لێكترازانهكانى حزبه‌كه و توندوتیژییه‌كانى حهرهسى قه‌ومى (پاسه‌وانى نیشتمانى).
به‌كر هه‌رگیز ده‌ستبه‌ردارى خه‌ونى ده‌سه‌ڵات نه‌بوو. له 17ـى ته‌موزى 1968 كوده‌تایه‌كى سه‌ربازى تری ڕێكخست كه عه‌بدولڕه‌حمان عارف، سه‌رۆك كۆمارى ئه‌وكاته‌ى عێراقى لادا. ئه‌م كوده‌تایه به "كوده‌تاى سپى" ناسرا، چونكه به‌بێ خوێنڕشتن جێبه‌جێ كرا و به‌كر بوو به چواره‌م سه‌رۆك كۆمارى عێراق و سه‌دام حسێنیش بوو به جێگرى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى شۆڕش.
سه‌رده‌مێكى زێڕ‌ینى ئابوورى و گه‌شه‌پێدان
ماوه‌ى حوكمڕانیى ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر وه‌ك قۆناغێكى زێڕین له مێژووى عێراقدا سه‌یر ده‌كرێت له ڕووى ئابوورى و گه‌شه‌پێدانه‌وه. له1ـى حوزه‌یرانى 1972، به‌كر بڕیارى نیشتمانیكردنى كۆمپانیاى نه‌وتى عێراق (IPC)ـى دا، كه له ساڵی 1927ـه‌وه له عێراق كارى ده‌كرد و به پاڵپشتیى حكومه‌تى به‌ریتانیا ده‌ستى له ئابوورى و سیاسه‌تى عێراقى وه‌رده‌دا. ئه‌م هه‌نگاوه بووه هۆى زیادبوونى داهاتى نه‌وت و به‌هێزبوونى ئابوورى وڵات.
له‌م سه‌رده‌مه‌دا، عێراق گه‌شه‌سه‌ندنێكى فراوانى ئابوورى و بوژانهوهیهكى گه‌وره‌ى له بوارى په‌روه‌رده‌دا به‌خۆیه‌وه بینی. له ساڵی 1977ـدا ڕێكخراوى یونسكۆ ڕایگه‌یاند كه ئاستى خوێندن و فێربوون له عێراق گه‌یشتووه‌ته ئاستى وڵاتانى سكهندهناڤیا. هه‌روه‌ها به‌كر په‌یوه‌ندییه‌كى به‌هێزى له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت دامه‌زراند و له 9ـى نیسانى 1972 په‌یماننامه‌ى دۆستایه‌تى له‌گه‌ڵیان واژۆ كرد. له كاتى جه‌نگى تشرینى یه‌كه‌مى 1973، به پاڵپشتى سوریاوه نه‌وتى به‌سه‌ر وڵاتانى ڕۆژئاواى دۆستى ئیسرائیل‌دا بڕى.
هه‌روه‌ها له 11ـى ئازارى 1970، به‌كر له‌گه‌ڵ كورددا ڕێككه‌وتننامه‌ى ئۆتۆنۆمى واژۆ كرد، كه به "به‌یاننامه‌ى 11ـى ئازار" ناسراوه و تیایدا مافه كولتوورییهكانى كورده‌كانى دان پێدانرا.
سه‌دام حسێن: سێبه‌رێكی هه‌میشه‌یی
به تێپه‌ڕبوونى كات، به‌كر وردە وردە له ئه‌ركه‌كانى سه‌رۆكایه‌تى دوورده‌كه‌وته‌وه و سه‌دام حسێنى جێگرى، بوو به سه‌رۆكى ڕاسته‌قینه‌ى عێراق. په‌یوه‌ندیی نێوان به‌كر و سه‌دام پڕ بوو له ململانێى نهێنى و زۆرجار ئاشكرا بۆ ده‌سه‌ڵات. سه‌دام كه‌سایه‌تییه‌كى به‌هێز و خاوه‌ن كاریزما بوو و به‌كر خۆى له‌ناو سێبه‌رى ئه‌ودا ده‌بینییه‌وه.
له لێدوانێكى كوڕه‌كه‌ى به‌كر، عه‌بدولسه‌لام ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر، ئاماژه به‌وه كراوه كه باوكى له ساڵی 1974ـه‌وه نیازى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى هه‌بووه. باوكى پێى وتووه كه "هه‌موو جارێك نیازم هه‌بێت ده‌ست له‌كار بكێشمه‌وه، شتێك ڕووده‌دات كه ده‌ترسم به هۆیه‌وه تۆمه‌تبار بكرێم و ده‌نگۆى ناڕاستم له‌سه‌ر دروست بێت".
حامد جبوورى، كه ماوه‌یه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رى نووسینگه‌ى هه‌ردوو سه‌رۆك و جێگره‌كه‌ى بووه، باسى گێژاوى ناو كۆشكی كۆمار ده‌كات. ده‌ڵێت: جارێك كه سه‌دام به تووڕه‌ییه‌وه له نووسینگه‌ى به‌كر هاتووه‌ته ده‌ره‌وه و ده‌رگاكه‌ى به توندى داخستووه، به‌كر له‌گه‌ڵ ئه‌ودا قسه‌ى كردووه. جبوورى باسى ئه‌وه ده‌كات كه چۆن به‌كر به گریانه‌وه وتوویه‌تى: "ئێمه دیلین و مافى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌مان نییه." ئه‌م لێدوانه نیشانه‌ى كۆنترۆڵی ته‌واوى سه‌دام حسێن بوو به‌سه‌ر به‌كردا، ته‌نانه‌ت پێش ئه‌وه‌ى به فه‌رمى پۆستى سه‌رۆكایه‌تى وه‌ربگرێت.
كۆتایى ده‌سه‌ڵات و میراتێكى جێدهسهڵات
له 11ـى ته‌موزى 1979، به‌كر له كۆبوونه‌وه‌یه‌كى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى شۆڕشدا ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى ڕاگه‌یاند و نیازی خۆى بۆ گواستنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات بۆ سه‌دام حسێن ده‌ربڕی. حزبى به‌عسیش ڕایگه‌یاند كه به‌كر به‌هۆى نه‌خۆشیی (پاركنسۆن) ـه‌وه ناتوانێت ئه‌ركه‌كانى به باشى جێبه‌جێ بكات. به‌مه‌ش له 16ـى ته‌موزى هه‌مان ساڵ، سه‌دام حسێن به فه‌رمى بوو به سه‌رۆكى كۆمارى عێراق.
ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر دواى خانهنشینبوونهكهى تا ڕۆژى مردنى له 4ـى تشرینى یه‌كه‌مى 1982، كه له ته‌مه‌نى 68 ساڵیدا كۆچى دوایى كرد، دوور له سیاسه‌ت مایه‌وه. دواى مردنى له گۆڕستانى كه‌رخ له قه‌زاى ئه‌بو غریب به خاك سپێردرا.
هه‌رچه‌نده سه‌رده‌مى به‌كر شایه‌تى پێشكه‌وتن و گه‌شه‌سه‌ندن بوو له زۆر بواردا، به‌ڵام لایه‌نه تاریكه‌كانى ده‌سه‌ڵاتیشی زۆر بوون، له‌وانه: پێشێلكارییه‌كانى مافى مرۆڤ و توندوتیژییه‌كانى ڕژێمهكهى به‌تایبه‌ت دژ به پێكهاته‌ى شیعه و كورد، له‌وانه‌ش: ڕاگواستنى هه‌زاران خێزان بۆ ئێران له ساڵی 1970 و له‌ناوبردنى قه‌زاى قه‌ڵادزێ له ساڵی 1974، وه‌ك خاڵى ڕه‌ش له مێژووى ده‌سه‌ڵاتى ئه‌ودا ماوه‌ته‌وه.
سه‌رده‌مى ده‌سه‌ڵاتگرتنه‌ده‌ستی ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر، ته‌نیا گۆڕانكاری له سهرۆكایهتییهكدا نه‌بوو، به‌ڵكو گۆڕانكاری بوو له فه‌لسه‌فه‌ی حوكمڕانی و سیمای سیاسیی وڵات‌دا، كه دواتر بۆ ماوه‌ى ده‌یان ساڵ كاریگه‌رییه‌كانی به‌سه‌ر گه‌لی عێراقه‌وه مایه‌وه به ئێستاشه‌وه. میراتی به‌كر وه‌ك وانه‌یه‌كی مێژوویی ده‌مێنێته‌وه، كه چۆن ده‌سه‌ڵات ده‌توانێت له‌نێوان بنیاتنان و وێرانكردن، گه‌شه‌پێدان و سهركوتكردندا یاریی بكات.
