مەناف تڵاس دواین کارتی ئەردۆگان بۆ سوریا.!

6 كاتژمێر لەمەوپێش



خەبات کوردە

‎دەیکوژن یان دەبێتە بکوژ .؟

درۆ نیە ئەگەر بڵێین لە شەو و ڕۆژێکدا ئەردۆگان و دار و دەستەکەی ۲۳ کاتژمێریان تەرخان کرد بێ بۆ دژایەتی کوردان لە هەر چوار پارچەکە زیادە ڕۆیی نیە بە تایبەتیش لە سوریا .! 

‎لە دوای ۱٠ ی ئازاری ڕابردوەوە تا ئەو چرکە ساتە شەو و ڕۆژ ئەردۆگان و وەزیرە خائینە کوردەکەی و دەزگا بەدناوکەی میت لە دژایەتی و پلاندانان بۆ لاواز کردنی هێزەکانی هەسەدە و خۆبەڕێوەبەری مەسەدە لە ڕۆژئاڤا ڕاناوەستن جا چ بە سیاسەت و پلانە گڵاوەکانیان یان بەکارهێنانی هێزە سەربازی و چەتەکانیان .

‎سەرەتای ئەو هەفتەیە بە هاوشانی تۆم بەڕاک و ئەدمیڕاڵ کۆپەری بەپرسی هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە ، هەر یەکە لە مەزڵوم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد و بەرپرسی هێزەکانی یەپەژە ( ڕۆهڵات عەفرین ) لە ڕۆژئاڤا گەیشتنە دیمەشق و چەند پێشنیارێکیان خستە بەردەم سەرۆکی کاتی دیمەشق بەو مەرجەی دەستکاری دەستورە کاتیەکەی سوریا بکرێ .

‎هەر خێرا شەیبانی وەزیری کاتی دەرەوەی دیمەشق بانگێشتی ئەنقەرە کرا و پێشنیاری گەڕانەوەی عەمید مەناف تڵاسی کۆنە دۆست و هەڵگەڕاوەی ئەسەد بۆ بوون بە وەزیری بەرگری سوریا کەوتە بەر باس و لێکۆڵینەوە .

‎شایانی باسە ڕوسیاش لە هەوڵی ڕاکێشانی تڵاس دابوو بۆ ئەوەی لە ناو ناوچە عەلەوی نشینەکان سوپایەک لە کۆنە پلەدارەکانی ڕژێمە ڕوخاوەکەی بەشار ئەسەد پێکبهێنێ و هەرێمێکی عەلەوی نشین ڕابگەیەنن .

‎لە گەڵ ئەو هەموو سوڕان و گەڕانەدا لە پڕ کەمال کلیچکدار ئۆغڵۆ دەرکەوتەوە و ڕایگەیاند کە پێویستە وشەی ئەلعەڕەبیە لە ( کۆماری سوریای عەڕەبی ) لابدەن ، هەر هیچ نەبێ ئاهێک بەر کورد و عەلەوی و دروزەکاندا دێتەوە هەستی جیاکاری لە ناویاندا دەڕەوێتەوە .

‎هێنانە پێشەوەی عەمید مەناف تەڵاس و گەڕانەوەی دەیان و سەدان پلەداری کاریگەری کۆنە سوپاکەی ڕژێمی پێشوو و ڕێکخستنەوە و یەکڕیزی سوپا ، کۆتایی بە سوپا فشۆڵەکەی مەڕهەف ئەبو قەسرەی دەستەی گروپە توندڕەوە ئیخوانی و چەتە بەکرێگیراوەکانی ئەردۆگان و تیرۆریستە توندڕەوە ئیغۆری و شیشانی و ئۆزبەکیەکان دوور دەخرێنەوە و لە بەرچاو نامێنن . بەو پێیەی مەناف لە ساڵانی سەردەمی ڕژێمەکەی ئەسەد کاریگەری خۆی هەبووە و عەقڵێکی سەربازی زیرەکانەی هەیە .
‎سەرباقی ئەوەش ترسی هەڵگەڕانەوەی سەربازیش کەمدەکاتەوە لە داهاتوو و ڕویەکی سوپای مۆدێرن پێشانی دونیای دەرەوە دەدەن .

‎ سەرگرتنی ئەو پلانەی ئەنقەرە لەو کاتە ناسکەدا چی لە هاوکێشەکە دەگۆڕێ ؟

‎ئایا فەشەل بە سوپای ڕوس دەهێنێ کە لە کەناراوەکان هەرێمێک بۆ عەلەویەکان ڕابگەیەنێ .؟

ئایا تڵاسیش دەکەوێتە دوژمنایەتی کردنی کورد و هێزەکانی هەسەدە ؟
‎ئایا مەناف تڵاس چەند کاتی پێویستە تا دەستێک بە ناو چەکدارە بەڕەڵاکانی بەرەی نوسڕە دابێنێ و بیان کاتە مرۆڤ دۆست و  هیچی تر پەلاماری خەڵکی سوریا نەدەن ؟

ئایا مناف تڵاس دەتوانێ سوپایەکی یەکگرتوی نیشتیمانی سوری بونیاد بنێ و نەهێڵێ هیچ دەزگایەکی سەربازی و جاسوسی لە ناو سوپاکەی بوونی هەبێ ، بەتایبەتیش تورکیا و سوپاکەی و دەزگا ئیستیخباریە بەدناوەکەی .؟

لە هەموشی گرنگتر بۆ مناف تڵاس ئەوەیە کە چۆن چۆنی دژایەتی یان دۆستایەتی جیرانە ئیسڕائیلیەکەی دەکات و سەریان بۆ دادەنەوێنێ .؟

‎هەموو ئەو پرسیارانە بۆ عەمیدێکی هەڵاتوی بە پارەی قەتەر و بە فیتی تورک لە ڕژێم و سەرۆکە خۆشەویستەکەی هەڵگەڕابێتەوە ، دەبێ چ کەڵکێکی پێوە مابێ بۆ نیشتیمانەکەی .؟ یان تەنها کات کوشتن و لە بێژنگ دانی چەتە و چەکدارە توندڕەوەکانە و ئەردۆگان ناچار کراوە کە چۆن ڕۆژی خۆی کارئاسانی بۆ کردن و هەموویانی لە ناو سوریادا کۆکردەوە ، بە هەمان شێوە ئێستا دەبێ پاکسازیان تێدا بکات و ڕیشیان بتاشێ و بیانگەڕێنێتەوە وڵاتەکانی خۆیان .!؟

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار