لە شەنگالەوە بۆ ڕۆژئاوا؛ چۆن پەیوەندی لە نێوان ئەمەریکاو هەسەدە دروستبوو؟

4 كاتژمێر لەمەوپێش
دوای تێپەڕبوونی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر بەسەر ئاڵۆزییەکانی دەوروبەری حەلەب دا، هەروەها تێپەڕبوونی چەند ڕۆژێک بەسەر دیدارەکەی تۆم باراک، نێردەی سەرۆکی ئەمەریکا لەگەڵ بەرپرسانی دیمەشق و مەزڵوم عەبدی، بەرپرسانی سوریاو هەسەدە لەسەر مێزی گفتووگۆ کۆبوونەوەو ئاگر بەستیان ڕاگەیاند.
هەرکات ئاڵۆزی لەنێوان حکومەتی دیمەشق و هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە دروست دەبێت، هەموو چاوەکان دەچنەوە سەر ڕۆڵی ئەمەریکا بەوەی چۆن جارێکی تر ناچاری دانوستانیان دەکات، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: پەیوەندی ئەمەریکا چۆن لەگەڵ هەسەدە دروستبوو؟
لە شەنگالەوە تا کۆبانی
دوای هێرشەکانی داعش بۆ سەر شەنگال و هاتنە سەر هێڵی ئەمەریکا بۆ شەڕ دژی ئەو ڕێکخراوە، هێشتا پەیوەندی نێوان ئەمەریکاو هێزەکانی سوریای دیموکرات نەڕۆیشتبووە سەر ڕێچکەی خۆی.
ئەندازیاری دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان ئەمەریکاو هەسەدە برێت مەکگۆرک، نوێنەری پێشووی سەرۆکی ئەمەریکا بوو لە ناوچەکە، کە ناوبراو بۆ یەکەمجار نوێنەرێکی هەسەدە لە سەرووبەندی شەڕی شەنگال دا لە سلێمانی دەبینێت.
ئەوکات برێت مەکگۆرگ لە سیاسەتی تورکیا نیگەران دەبێت و پێیوادەبێت، تورکیا پشتگیری گروپە توندڕەوەکان دەکات و پێچەوانەی سیاسەتی ئەمەریکا یاری دەکات.
دوای دیدارەکەی سلێمانی لەگەڵ نوێنەرەکەی هەسەدە، پەیوەندی لە نێوان مەکگۆرک و هێزەکانی سوریای دیموکرات توندوتۆڵ دەبێت.
مەکگۆرک تێدەگات لەوەی ئەمەریکا پێویستی بەهەسەدە دەبێت، هەم بۆ شەڕی دژی داعش، هەم بۆ مانەوەی جوگرافیایەک لە ژێر کۆنترۆڵی هێزێکی نزیک لە خۆی، تا لەوێوە ڕۆڵی بەردەوام بێت لەسوریا.
لەکاتێکدا تا ئێستا نزیکەی ١١ هەزار شەڕڤانی هەسەدە بوونەتە قوربانی، بەڵام ئەمەریکا کەمترین قوربانی لە سوریا داوە، هەسەدە هۆکاربوو بۆ ئەوەی ئەمەریکا سەربازی خۆی بە کوشت نەدات، ئەمەریکاش بەچەک و تەقەمەنی و مەشق و ڕاهێنان پاڵپشتی هەسەدە بکات.
دواجار پەیوەندی نێوان هێزەکانی ئەمەریکاو هەسەدە دەگاتە ئاستێک، ئەمەریکا وەکچۆن سود لە هێزەکانی خۆی وەردەگرێت، بەهەمانشێوە توانای سود وەرگرتنیشی لە هێزەکانی سوریای دیموکرات دەبێت.
ئەوەی بۆ ئەمەریکاییەکان مایەی گرنگی پێدان و سەرنج بووە، ئەوەیە هێزەکانی هەسەدە خێرا بڕیار دەدەن و زوو بەرەو ئامانجەکان دەجوڵێن، بەوپێیەی هێزێکی خاوەن یەک بڕیارن، ئەمەش کاتێکی زۆر لە بڕیارداندا بۆ ئەمەریکا دەگێڕێتەوە.
یەکێک لە نیگەرانییەکانی ئەمەریکا لە هێزی پێشمەرگە ئەوەیە، فرە مەرجەع و فرە بڕیارە، تا بڕیارێک دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە کات و ڕاوێژی زۆر دەوێت، لەکاتێکدا دۆخەکە بۆ هەسەدە پێچەوانەیە.
لە ئێستادا سەرباری ئەوەی نێردەی سەرۆکی ئەمەریکا نزیکایەتی لەڵ تورکیاو کەنداو هەیە، بەڵام لە ترسی ڕای نێوخۆیی وڵاتەکەی بە ئاشکرا ناوێرێت پشت لە هەسەدە بکات.
وێنەیەکی وا لە ناوخۆی ئەمەریکا دروست بووە، هەسەدە هێزێکی شەڕکەری تۆکمەو هاوپەیمانی ئەمەریکایە، ئەمەش وایکردووە هەوڵە بەردەوام و یەک لە دوای یەکەکانی تورکیا دژی ئەو هێزە تا ئێستا بێ ئەنجام بێت.
پلانی ئەمەریکا پێش هەسەدە
پێش دروستبوونی هەماهەنگی لە نێوان ئەمەریکاو هەسەدە، دەزگای هەواڵگیری ئەمەریکا هەوڵیدا بەشێک لە گروپە توندڕەوەکان بەلای خۆیدا ڕابکێشێت و سودیان لێوەربگرێت، بەڵام هەوڵەکانی بێ ئەنجام بوو.
هۆکاری شکستهێنانی هەوڵەکانی دەزگای هەواڵگیری ئەمەریکا بۆ ڕاکێشانی کۆمەڵێک گروپی توندڕەو بۆ دژایەتی داعش ئەوەبوو، ئەو گروپانە لەناو خۆیاندا ناکۆک بوون و توانای جێبەجێکردنی ئەجێنداکانیان نەبوو.
دوای ئەوەی دەزگای هەواڵگیری ئەمەریکا لە بەکارهێنانی کۆمەڵێک گروپی توندڕەو نائومێد دەبێت، دواجار لە ڕێگەی برێت مەکگۆرگەوە ڕوو لە هێزەکانی هەسەدە دەکات.
ئەوەی هەسەدە لە چوارچێوەی شەڕی دژی داعش دا ئەنجامیدا، بۆ هێزەکانی ئەمەریکا مایەی گرنگی پێدان بوو، بەو پێیەی ئەم هێزە وایکرد ئەمەریکا بەبێ ئەوەی سەربازی خۆی بەکار بهێنێت، بتوانێت بەرەنگاری داعش ببێتەوە لە سوریا.
