ترسی عێراق نابڕێتەوە؛ لە ترس لە ئێرانەوە بۆ ترس لە ئیسرائیل

4 كاتژمێر لەمەوپێش



ئەگەر لە ڕابردوودا عێراق لە ترسی ئێران خۆی لە زۆر بابەتی سیاسی و سەربازی و پەیوەندی نێودەوڵەتی پاراستبێت، ئەوا لە ئێستادا جۆری ترسەکەی گۆڕاوەو زیاتر ترسی لە ئیسرائیل هەیە.

عێراق و خۆ بەدوورگرتن

کاتێک لە مانگی حەوتی ساڵی 2022، عێراق بۆ ڕێککەوتنی هاریکاری ئەمنی و بەرگری نێوان ئیسرائیل و بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی داوەتکرا، لە ترسی ئێران داوەتەکەی ڕەتکردەوە.

ناوەڕۆکی ڕێککەوتنی هاریکاری ئەمنی و بەرگری نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی (ئیمارات، میسر، ئەردەن، سعودیە و بەحرەین)، بریتی بوو لە دامەزراندنی سیستەمێکی ئەمنی لەناوچەکەدا و دروستکردنی هاوپەیمانێتییەکی نوێ بۆ بەرگرتن بە هەڕەشەکانی ئێران.

بەپێی گفتووگۆکانی ئەوکاتی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی، سیستەمە ئەمنییەکە سیستەمێکی تۆکمەی فرە ئاست بوو بۆ تۆخکردنەوەی پەیوەندی نێوانیان، بەسود وەرگرتن لە توانا تەکنەلۆژی و ئەتۆمییەکانی ئیسرائیل، تا بتوانن ڕێگری بکەن لە درۆن و هێزی بالیستی ئێران.

دروستکردنی سیستەمی ئەمنی و ڕێککەوتنی هاریکاری نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی، جۆرێک لە جەمسەرگیریی لەناوچەکەدا دروست دەکرد ئامانج لێی بەتاڵکردنەوەی کارتەکانی ئێران بوو.

گفتوگۆکانی نێوان ئیسرائیل و بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی عێراقی دووچاری ئیحراجی کرد، بەو پێیەی گەر بەشدار بووایە سەنگەری ئێرانی بەجێدەهێشت و لە وڵاتانی عەرەبی نزیک دەبوویەوە.

ئەو بۆچوونە هەمیشە لای چاودێرانی سیاسی بۆچوونێکی تۆخە، عێراق ناتوانێت لە ئێران داببڕێت، بۆیە بەشداریینەکردنی عێراق لە گفتوگۆی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی خستییە نێوان بەرداشی ئێران و ئیسرائیلەوە.

لەئێستادا هەڕەشەکانی ئێران لەسەر ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی لاواز بووە کە گفتوگۆی هاریکاری ئەمنی لەپێناو ئەنجامدرا، بەڵکو ئێستا گفتووگۆ لەسەر ڕێککەوتنێکی گشتگیرتر دەکرێت کە بە ڕێککەوتنی ئیبراهیمی ناسراوە.

هەرچەندە لە ئێستادا هەر جۆرە ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئیسرائیل بەهۆی دۆخی غەززەوە بۆ وڵاتانی عەرەبی قورسە، بەڵام پێشبینی دەکرێت لە دوای یەکلایی بوونەوەی دۆخی غەززە، هەنگاوی جیاوازتر بۆ خاوکردنەوەی بارگرژییەکان بنرێت.
 

عێراق و ململانێی ئیسرائیل

سەرباری ئەوەی میلیشیا شیعەکانی عێراق تۆمەتبار دەکرێت بە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل، هاوکات لە مانگی ئایاری ساڵی 2022ـش، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یاسای قەدەغەکردنی پەیوەندی عێراقی لەگەڵ ئیسرائیل پەسەند کرد.

"بەڵێ بەڵێ بۆ عێراق، نا نا بۆ ئیسرائیل" ئەمە دروشمی پەرلەمانتارانی عێراق بوو، دوای پەسەندکردنی یاساکە و ئەوکات هەندێک لایەن و کەسایەتی عێراقیش بە هەبوونی پەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیل تۆمەتبار دەکران.

دوای دەرچوواندنی یاساکە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە، دەنگۆی قەدەغەکردنی گەشت لە ژمارەیەک سیاسی عێراق بە بیانووی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل بڵاوکرایەوە، بەڵام دواجار دۆخەکە بە ئاقارێکی تردا برا و مەسەلەکە کپ کرایەوە.

 ترس لە ئێرانەوە بۆ ترس لە ئیسرائیل
لەکاتێکدایە لە ڕابردوودا عێراق بەشداریکردنی هەر ڕێککەوتن و گفتوگۆیەکی لەگەڵ ئیسرائیل ڕەتدەکردەوە، بەهۆی ئەو ترسەی لە ئێران هەیبوو، بەڵام ئێستا شێوازی مەترسییەکە گۆڕاوە بۆ ترس لە ئیسرائیل.

ئەگەری هێرشکردنە سەر گروپە شیعەکانی عێراق لەلایەن ئیسرائیلەوە، ئەو مەترسییەیە کە هەمیشە سەرکردەی لایەنە شیعەکانی عێراق فەرامۆشی ناکەن، بەتایبەت دوای هەڕەشەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق مەترسییەکان قوڵتر بوونەتەوە.

حەمدی گلی، شارەزای بواری سەربازیی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: شیعەکانی عێراق زۆر لە هێرشی ئیسرائیل دەترسن، چونکە دوای یەمەن و غەززە و لوبنان، عێراق تەنها شوێنە هێزە شیعەکان دەسەڵاتدارن تێیدا.

دەشڵێت: ئەگەری هێرشی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر شیعەکانی عێراق لەسەر کات وەستاوە، ئەگینا هێرشەکە درەنگ یاخود زوو هەر ئەنجام دەدرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار