ھاوسه‌رۆكانی یه‌كێتی: ھاوپه‌یمانی كوردستان ھه‌نگاوێكه بۆ یه‌كڕیزی نیشتمانیی كورد
5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
ھاوسه‌رۆكانی یه‌كێتی رایانگه‌یاند " ھاوپه‌یمانی كوردستان ھه‌نگاوێكه بۆ یه‌كڕیزی نیشتمانیی كورد و ھه‌نگاونان بۆ یه‌كگوتاری و یه‌كخستنی توانا سیاسییه‌كان بۆ خزمه‌تكردنی خه‌ڵك".
پێنجشه‌ممه 24ی حوزه‌یرانی 2021، بافڵ تاڵه‌بانی و لاهور شێخ جه‌نگی، ھاوسه‌رۆكانی یه‌كێتی له‌ده‌باشان پێشوازیانكرد له خه‌میس خه‌نجه‌ر، سه‌رۆكی ھاوپه‌یمانی عه‌زم و سه‌ركرده‌ی دیاری سوننه‌كان.
له‌دیدارێكدا دۆخی سیاسی، ئه‌منی و ھه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی عیراق و ھه‌ماھه‌نگی و كاری پێكه‌وه‌یی تاوتوێكران و بۆچوونیان له‌باره‌وه خرایه‌ڕوو .
ھاوسه‌رۆكانی یه‌كێتی به‌له‌به‌رچاوگرتن و خوێندنه‌وه بۆ واقیعی سیاسی عیراق، ھه‌رێم، ناوچه‌كه و كێشمه‌كێش و ململانێ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، نه‌خشه‌ڕێگای یه‌كێتییان بۆ دۆخی ئه‌مڕۆی عیراق خسته‌ڕوو ته‌ئكیدیان له‌چاره‌سه‌ركردنی سیاسییانه‌ی كێشه‌كان و زاڵبوون به‌سه‌ر به‌ربه‌سته‌كان كرده‌وه،
هه‌روه‌ها روونیانكرده‌وه، دیالۆگی بونیادنه‌رانه‌ی نیشتمانی له‌نێوان ھێزه كوردی و عیراقییه‌كان به‌پێویستی ئه‌م قۆناغه ده‌زانین و به پرۆژه و دیدی ھاوبه‌ش و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌گشتییه‌كان ده‌توانین وڵاتێكی سه‌قامگیری ده‌سته‌به‌ربكه‌ین.
ئه‌وه‌شیان خسته‌ڕوو، وه‌ك یه‌كێتی باوه‌ڕی ته‌واومان به‌كاركردنی پێكه‌وه‌یی ھه‌یه له‌گه‌ڵ دۆسته‌كانمان له به‌غدا تاوه‌كو خاڵه ھاوبه‌شه‌كانمان بپارێزین و گیانی پێكه‌وه‌ژیان و یه‌كتری قبوڵكردن ببووژێنینه‌وه و به ھه‌موو شێوه‌یه‌كیش سیاسه‌تی مه‌زھه‌بی، نه‌ته‌وه‌یی، زۆرینه و كه‌مینه و خۆسه‌پێنی ره‌تده‌كه‌ینه‌وه و به‌ھۆكاری ناسه‌قامگیری و قوڵبوونه‌وه‌ی گرفت و كێشه‌كانی ده‌زانین .
له‌باره‌ی ھه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق و ھاوپه‌یمانی كوردستان له‌نێوان یه‌كێتی و گۆڕان، ھاوسه‌رۆكان دووپاتیانكرده‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی ھه‌ڵبژاردنێكی پاك و بێگه‌ردن له‌كاتی خۆیدا به‌ڕێوه‌بچێت و رێوشوێنه‌كانی ئه‌نجامدانی پرۆسه‌یه‌كی دیموكراسی وه‌ھا فه‌راھه‌مبكرێت كه‌ببێته مایه‌ی ره‌زامه‌ندی ھه‌مووان و خێروخۆشی بۆ وڵات.
راشیانگه‌یاند، ھاوپه‌یمانی كوردستان ھه‌نگاوێكه بۆ یه‌كڕیزی نیشتمانیی كورد و ھه‌نگاونان بۆ یه‌كگوتاری و یه‌كخستنی توانا سیاسییه‌كان بۆ خزمه‌تكردنی خه‌ڵك.
دووپاتشیانكرده‌وه، دوای ھه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌رفه‌ت گونجاوه تاوه‌كو ھاوپه‌یمانی كوردستان له‌گه‌ڵ ھێزه كوردستانی و عیراقییه‌كان له‌به‌ره‌یه‌كی فراوانی نیشتمانی كۆببینه‌وه و له‌سه‌ر پاراستنی به‌ھاباڵاكان سیاسه‌تێكی نوێ دابڕ‌ێژین و پێكه‌وه خزمه‌تی گه‌ل و وڵات بكه‌ین.
په‌یوه‌ندییه‌كانی ھه‌رێم و ناوه‌ند و پابه‌ندبوون به‌رێكه‌وتنی ھه‌ردوولا به ناردنی شایسته‌داراییه‌كانی ھه‌رێم گفتوگۆی وردی له‌باره‌وه‌كرا و جه‌خت له‌به‌رده‌وامی گفتوگۆكان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی كرایه‌وه.

