وەزارەتی ناوخۆ پێدانی ڤیزای ئەلیکترۆنی کارا دەکات
5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، رێنماییەکانی پیدانی ڤیزای ئەلیکترۆنی و نشینگە لە هەرێمی کوردستان هەموار دەکات.
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان راگەیێنراوی ژمارە 31ی ساڵی 2021 تایبەت بە"هەموارکردنی یەکەمی رێنمایی ژمارە یەکی ساڵی 2021 تایبەت بەپێدانی ڤیزای ئەلیکترۆنی و نشینگەی هەرێمی کوردستان پاڵپشت بەو دەسەڵاتانەی پێیدراوە لە یاسای وەزارەتی ناوخۆ ژمارە 6 ی ساڵی 2009 بڕیاری داوەا بە دەرچوواندنی ئەم بەیانە:
ماددەی یەکەم:
زیادکردنی خاڵی 4 لە بڕگەی سێیەم لەماددەی چوارەم بەمشێوەیەی خوارەوە:
هەڵگری بەڵگەنامەی تراڤڵ دیکیۆمێنتی ئەو وڵاتانەی کە لەبڕگەی 1ی سەرەوە ئاماژەی پێدراوە پێویست بە ڤیزای پێشوەختە ناکات و لە دەروازەی سنووری ڤیزای هاتنە ژوورەوە وەردەگرن بەرامبەر ئەو بڕە رسوماتانەی، کە ئەم رێنماییە دیاریکردووە.
ماددەی دووەم:
هەموارکردنەوەی بڕگەی چوارەم لەماددەی پێنجەم و بڕگەی سێیەم لە ماددەی شەشەم بەمشێوەیەی خوارەوە:
هەڵگری بەڵگەنامەی تراڤڵ دیکیۆمێنت نشینگەی پێدەدرێت بۆ ماوەی شەش مانگ بەرامبەر پێدانی 50٪ لە رسوماتی گۆڕینی ڤیزای سەردان بۆ نشینگە بۆ ماەی یەک ساڵ و هەر رسوماتێکی دیکە کە لەم رێنماییە دیاریکراوە.
ماددەی سێیەم:
زیادکردنی بڕگەی چوارەم بۆ ماددەی شەشەم بەمشێوەیەی خوارەوە:
کەسی بیانی دەتوانێت داوای گۆڕینی ئەم سپۆنسەرە بکات کە لەڤیزەی ئەلیکترۆنی داواکراوە دوای هاتنە ژوورەوەی بەمەبەستی دەرهێنانی کارتی نشینگە بەمەرجێک بڕی 500 هەزار دینار وەک رسوماتی گۆڕینی سپۆنسەر بدات سەرەڕای رسوماتەکانی دیکە کە پێویستە بیدات.
ماددەی چوارەم:
زیادکردنی بڕگەی نۆیەم بۆ ماددەی یانزەیەم بەم شێوەیەی خوارەوە:
کەسی بیانی دەتوانێت دوای هاتنەژوورەوەی بۆ نێو هەرێمی کوردستان و پێش وەرگرتنی نشینگە لەماوەی بەرکاربوونی ڤیزاکەی داوای گۆڕینی شوێنی پێدانی نشینگە لە بەڕێوەبەرایەتییەکی نشینگە بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکی دیکەی نشینگە بکات پاش پێدانی بڕی 250 هەزار دینار وەک رسوماتی ئەو خزمەتگوزارییە.
