لە هەولێر بەهۆی ئاگرکەوتنەوە دەیان دووکان سووتان
5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
بازاڕی هەولێر مۆڵ کە دەکەوێتەسەر شەقامی 30 مەتریی لە شاری هەولێر، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئاگری گرت و بەهۆیەوە دەیان دووکان زیانیان پێگەیشتووە. هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەش تاوەکو ئێستا نازانرێت چییە.
ئاگرەکە نزیک کاتژمێر 05:00ـی بەیانی ئەمڕۆ هەینی کەوتووەتەوە و لە رووداوەکەدا دەیان دووکان بەتەواوی سووتاون و بەشێک لە دووکانەکانی دیکەش زیانیان پێگەیشتووە.
سەرکەوت کاڕەش، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێت "تەنیا پێنج دووکان بەتەواوی سووتاون" و بەشێک لە دووکانەکانی دیکەش زیانیان بەرکەوتووە، کە نزیکەی 20 دووکان دەبێت.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، ناتوانێت هۆکاری سەرەکیی ئاگرکەوتنەوەکە ئاشکرابکات، چونکە ئێستا لێکۆڵینەوە لەوە دەکرێت. ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو، لە کامێراکانی چاودێرییەوە سەیری دووکانەکانیان کردووە بەمەبەستی دۆزینەوەی هۆکاری سەرەکیی ئاگرکەوتنەوەکە.
