"هەر ئەندامێك پێگەو ناوی پەرلەمان و پەرلەمانتاری بەخراپ بەکارھێنابێت دەبێت سزابدرێت"

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند نوسراوه‌كه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان جگە لەوەی ھیچ پاڵپشتیەكی پەیڕەوی ناوخۆی نیە، لە ھەمانکاتدا بە لێدان و کەمکردنەوە لە شکۆ و ئەرک و بەرپرسیارێتیی پیشەیی کاری پەرلەمانی دەزانن.

ئه‌مڕۆ هه‌ینی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستانی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كردووه‌ ئەگەر ھەر ھۆکار و پاساوێکتان ھەیە بۆ دەرکردنی ئەم نوسراوە، ئەوه‌ دەکرێت لەرێگای پێکھێنانی لیژنەیەکی پەرلەمانیەوە، لێکۆڵینەوەو بەدواداچونی وردبکرێت و لە چوارچێوەی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمان دا، سزای هەر ئەندامێك بدرێت، ئەگەر پێگەو ناوی پەرلەمان و پەرلەمانتاری بەخراپ بەکارھێنابێت.
 
ده‌قی یاداشته‌كه‌ی فراكسیۆنی یه‌كێتی:

بەرێز/ سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان
بابەت/ ناڕەزایی

سەبارەت بە نوسراوی بەرێزتان ژمارە ١٧٥٥/٤/٣ لە ٢٢-٦-٢٠٢١ کە ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران کراوە و تایبەتە بە یەکێک لە ئەرکە سەرەکیەکانی پەرلەمانتار، بەدیاریکراویش ئەرکی بەدواداچوونی لیژنە ھەمیشەیەکانی پەرلەمان لەسەر پرۆژەکانی نیشتەجێبوون و پرۆژە خزمەتگوزارییە گشتییەکانی بواری بەڵێندەرایەتیی وەبەرھێنان، لە خوارەوە دیدو تێروانینی فراکسیۆنی سەوزی یەكێتی نیشتمانی کوردستانتان پێرادەگەیەنین:

یەکەم/ ئەم نوسراوە جگە لەوەی ھیچ پاڵپشتیەكی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستانی نیە، لە ھەمانکاتدا بە لێدان و کەمکردنەوە لە شکۆ و ئەرک و بەرپرسیارێتیی پیشەیی کاری پەرلەمانیی دەزانین.

دووەم/ ئەم نووسراوە لەژێر ھەر پاساو و ناوێک دا کرابێت، تەواو ناپەیرەویی و نایاساییە، بۆیە داواکارین ھەرچی زووە نوسراوێک ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران بکەن و تێیدا ئەو نووسراوە هەڵبوەشێننەوە و کاری پێنەکەن .

سێیەم/ ئەگەر ھەر ھۆکار و پاساوێکتان ھەیە بۆ دەرکردنی ئەم نوسراوە، ئەو دەکرێت لەرێگای پێکھێنانی لیژنەیەکی پەرلەمانیەوە، لێکۆڵینەوەو بەدواداچونی وردبکرێت و لە چوارچێوەی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمان دا، سزای هەر ئەندامێك بدرێت، ئەگەر پێگەو ناوی پەرلەمان و پەرلەمانتاری بەخراپ بەکارھێنابێت، سەرەرای ئەوەی ئێمە دڵنیاین لە تەواوی ھەڤاڵانی فراکسیۆنەکەمان.

فراکسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی کوردستان
٢٥-٦-٢٠٢١

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار