نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری لە بەکارهێنانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانیەکەی تورکیا دەدات
5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شەڕکەری Kargu-2 کە لەلایەن تورکیا بەرهەمهێنراوە و لە گۆڕەپانی شەڕی گەرم بەکارهێنراوە، یەکەمین فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شەڕکەری زیرەکە کە ئامانجەکانی پێکاوە.
Kargu-2 یەکەمین فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شەڕکەری زیرەکە، کە لە راپۆرتی پەیمانگای لێکۆڵینەوەکانی راماڵین لە چەکی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکاندا باسی کراوە.
لەو راپۆرتەی نەتەوەیەکگرتووەکاندا، کە لە مانگی ئاداری 2021 بڵاوکراوەتەوە، لە ژێر ناونیشانی "رۆبۆتە بکوژەکان لە نێوماندان" ئاماژە بەوە دراوە، Kargu-2 یەکەمین فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شەڕکەری زیرەکە کە ئامانجەکانی پێکاوە و ساڵی رابردوو لە شەڕی لیبیادا بەکارهێنراوە.
Kargu-2 فڕۆکەیەکی قەبارە بچووکە، کە لەلایەن کۆمپانیای نیشتمانیی بازرگانی و ئەندازیاری تەکنەلۆژیای بەرگریی تورکیا بەرهەمهێنراوە. کۆمپانیاکە ئەم فڕۆکەیە وەک "فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی گورزوەشێن" پێناسە دەکات، لە بەرامبەردا نەتەوەیەکگرتووەکان Kargu-2 وەک "سیستەمی چەکی بکوژی ئۆتۆنۆم" پێناسە دەکات.
کۆمپانیای نیشتمانیی بازرگانی و ئەندازیاری تەکنەلۆژیای بەرگریی تورکیا، ساڵی 1991 لەلایەن هێزە چەکدارەکانی تورکیا و بریکاری وەزارەتی پیشەسازی بەرگری ئەو وڵاتە دامەزرێنراوە.
34%ی پشکی ئەو کۆمپانیایە سەر بە وەزارەتی پیشەسازیی بەرگریی تورکیایە، 34%ی پشکەکانی سەر بە کۆمپانیای Savronik ـە، کە کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەتە، 31.9%ی پشکەکانیشی سەر بە کۆمپانیایی Havelsan ـە کە لەلایەن وەقفی بەهێزکردنی هێزە چەکدارەکانی تورکیاوە خاوەندارێتی دەکرێ.
فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شەڕکەری زیرەکی Kargu-2 توانای دیاریکردن، دەستنیشانکردن، بەدواداچوون و پۆلێنکردنی ئامانجی زیندووی هەیە، هەروەها توانای بارکردن و هەڵگرتنی تەقەمەنی جۆری جیاوازی هەیە و دەچێتە نزیک ئامانجەکەی و دەتەقێتەوە. 25 خولەک لە ئاسماندا دەمێنێتەوە، خاوەن توانای پێکانی ئامانجە بە دووریی 5 کیلۆمەتر. دەتوانێ 2.8 کیلۆمەتر لەسەر ئاستی زەوی بەرز ببێتەوە و لە کاژێرێکدا 72 کیلۆمەتر دەبڕێ.
ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانە شەڕکەرە زیرەکە بۆ یەکەمینجار لە ساڵی 2018دا رادەستی هێزە چەکدارەکانی تورکیا کراوە.
بەگوێرەی ئاژانسی فەرمی تورکیا Kargu-2 لە ئەنقەرە بەرهەمدەهێندرێ و لە ساڵی 2020دا لەلایەن کۆمپانیای نیشتمانیی بازرگانی و ئەندازیاریی تەکنەلۆژیای بەرگریی تورکیا 500 دانە Kargu-2 رادەستی هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە کراوە، هەروەها ئاماژە بەوە دراوە لە ماوەی یەک ساڵ بۆ یەک ساڵ و نیو دەتوانرێ ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانە شەڕکەرانە لە شێوەی گرووپ جوڵە بکەن و ئۆپەراسیۆن بکەن.
بەشێوەیەکی گشتیی چەندین هۆکار هەن بەهۆیەوە سیستەمی چەکی بکوژی ئۆتۆنۆم رووبەڕووی رەخنە دەبێتەوە. یەکێك لە هۆکارەکان لایەنی تەکنیکییە. بەهۆی ئەوەی تاوەکو ئێستا تەکنۆلۆژیای بەکارهێنانی دیمەن بێ خەوش نییە، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شەڕکەر بۆی هەیە دیمەنی دارێک و مرۆڤێک تێکەڵ بە یەکدی بکات، ئەمەش رێخۆشکەرە لەبەردەم ئەوە فڕۆکەکە بڕیاری هەڵە بدات.
ئەم ئامێرە شەڕکەرە لەبارەی پێشخستن و بەکارهێنانی لە رووی یاسایی و ئەخلاقیشەوە رەخنەی لێدەگیرێ. شارەزایانی زانست و تەکنۆلۆژیا پێیانوایە رێگەدان بە کوشتنی مرۆڤ لەلایەن رۆبۆتی زیرەک ئەخلاقی نییە و دوور نییە بە هەڵە کەسێک بکوژێ و دەبێت لەو بارەیەوە گفتوگۆی بەرفراوان لەسەر چۆنیەتی گۆڕینی یاسا نێودەوڵەتییەکان بکرێت.
بە بڕیاری نەتەوەیەکگرتووەکان گرووپێک شارەزا لە کاروباری لیبیا، لە 8ی ئاداری ئەمساڵ راپۆرتێکی 548 لاپەڕەییان لەبارەی پێشهاتەکانی لیبیا پێشکەش بە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان کرد.
شارەزایان لە راپۆرتەکەدا ئاماژەیان بەوەداوە، لە 27ی ئاداری 2020دا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شەڕکەری زیرەکی Kargu-2 هێرش کراوەتە سەر هێزەکانی خەلیفە حەفتەر لە لیبیا دوای ئەوەی بەهۆی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی "گەردەلولی ئاشتی" بە سەرۆکایەتی فایز سەراج سەرۆکوەزیرانی حکومەتی ویفاقی نیشتمانی، ناچارکراون بکشێنەوە.
لە راپۆرتەکەی نەتەوەیەکگرتووەکاندا ئاماژە بەوەدراوە، لەو هێرشانەدا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شەڕکەری زیرەکی Kargu-2 بەکارهێنراون و زۆر کاریگەر بوونە لە شەڕەکەدا. بەکارهێنانی ئەو سیستەمی چەکە بکوژە ئۆتۆنۆمە لە دژی ئەو چەکدارانەی لە ناوچەی شەڕ دەکشێنەوە، کێشەیەکی ئەخلاقییە و بەگوێرەی پەیماننامەی جنێف بە ئامانجکردنی ئەو سەربازانە قەدەخەیە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە ناردنی ئەم چەکە بۆ لیبیا لەلایەن تورکیا بەگوێرەی بڕگەی 9 لە بڕیاری ژمارە 1970 کە تایبەتە بە "گەمارۆی چەک" پێشێلکردنی یاساکەیە.
لە راپۆرتەکەدا هەروەها ئاماژە بەوەدراوە، تورکیا لە 23 تشرینی یەکەمی 2019 تا 30 تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو 26 پێشێلکاری جیاوازی لە لیبیا ئەنجامداوە.
حکومەتی ویفاقی نیشتمانی لیبیا لە ماوەی نێوان 2ی حوزەیران بۆ 3ی تشرینی دووەمی 2019 فەرمانی داوە بە ناردنی 409.3 ملیۆن یۆرۆ بە 3 جار بۆ کۆمپانیای نیشتمانی بازرگانیی و ئەندازیاریی تەکنەلۆژیای بەرگریی تورکیا.
