بەڕێوەبەری خانوبەرەی هەرێم: هاوڵاتیانی عەرەب دەتوانن زەوی وزار لە هەرێم بکڕن
5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
بەڕێوەبەری گشتی تۆمارکردنی خانوبەرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هیچ رێگرییەک نییە لەبەردەم هاوڵاتیانی پارێزگاکانی دیکەی عێراق بۆ کڕینی زەویوزار لە هەرێمی کوردستان و لەئێستاشدا هەزاران هاوڵاتی عەرەب کەدانیشتووی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوری عێراقن، زەوی و خانوویان لەکوردستان کڕیووە و کراوە بەناویانەوە.
لوقمان عومەر، بەڕێوەبەری گشتی تۆمارکردنی خانوبەرەی هەرێمی کوردستان لەلێدوانێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، ئاسانکاری بۆ ئەو هاوڵاتییە عەرەبانەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەکرێت کە خوازیاری کڕینی زەویوزارن لە هەرێمی کوردستان، "هـەموو هاوڵاتیەکی عێراقی ئازاده لە هەر شونێکی هـەرێمى كوردستان موڵك بكڕێت و هـیچ كێشەیەكى نیه و پێویستى به هـیچ رێکارێکی تایبەت نیه جگه له هێنانی بەڵگەنامە فەرمییەکانی وەكو (نفوس و رەگەزنامەى عێراقى یان كارتى نیشتیمانى)".
ئاماژەی بەوەشکردوە، "هـیچ رێگریەك نیه بۆ كڕینى زەوى كشتوكاڵى تەنیا هـەندێك رێوشوێنی ئاسایشی پێویسته، بۆ دڵنیابوونەوه لەوەی نەوەک ئەو کەسەی زەوییەكه دەكڕێت سەر به داعش و گروپە تیرۆریستىەکان بێت، ئەگەرنا هـەمو هـاوڵاتیەكى عێراقى مافى هـەیه هـەر موڵكێك کە بیەوێت بیكڕێت، ئەو رێوشوێنە ئەمنیەش تەنیا بۆ ئەوان نییە بەڵکو بۆ هـەمو هاوڵاتییەکە جا لە هەرنەتەوە و پێکهاتەیەکی دیکەی عێراق بێت".
بەڕێوەبەری گشتی تۆمارکردنی خانوبەرەی هەرێم باسی لەوەشکردوە، بە هەزاران هاوڵاتیی عەرەب، زەوی و خانویان کڕیووە و بەناویان تۆمارکراوە و هیچ کێشەیەکیان نیە، تەنانەت هەرکەسێکیش بیەوێت موڵک لە هاوڵاتیانی عەرەب بکڕێتەوە بە تەواوی کارئاسانیان بۆ دەکرێت و پێشوازیان لێدەکرێت، تا ئێستاش بە سەدان هاوڵاتی عێراق زەوی کشتوکاڵیان بەناوەوە تۆمارکراوە و هیچ کێشەیەکیشیان نەبوە.
پەیوەست بە بە جێبەجێکردنی فەرمانەکانی دەستبەسەراگرتنی زەویوزار کە لە دادگاکانی عێراق یان لە وەزارەتی دادی عێراقییەوە لە دژی هاوڵاتیانی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق دەرچون، لوقمان عومەر وتی، "له رێگاى نوێنەرایەتى حكومەتى هـەرێمى كوردستان له بەغدا، هەماهەنگیمان لەوبارەیەوە هەیە، به بەردەوامى ئەو جۆره نوسراوانەمان بۆ دێت و جێبەجێشمان کردوە و دەیكەین هـەروەهـا لیژنەى تەنسیقى نێوان ئەنجومەنى دادوەرى هـەرێم و ئەنجومه نى دادوەرى عێراقیش هـه یه".
