چوار په‌رله‌مانتارى کورد: شه‌رى مان و نه‌مان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتى هه‌رێم ده‌که‌ین
5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
چوار ئه‌ندامى په‌رله‌مانى عێراق رایده‌گه‌یه‌نن پرسى ئازادیخوازانى بادینان بوه‌ته پرسێکى نێوده‌وڵه‌تى و ئازادیخوازانیش ره‌مزى کۆڵنه‌دانن و ده‌شڵێت، "رۆژگارێکى تاریک چاوه‌روانى ده‌سه‌ڵاتى سته‌مکارى کوردستان ده‌کات... شه‌رى مان و نه‌مان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتى هه‌رێم ده‌که‌ین".
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 28ى حوزه‌یرانى 2021، هه‌ریه‌ک له غالب محه‌مه‌د عه‌لی، ڕێبوار که‌ریم، ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید، سه‌رکه‌وت شه‌مسه‌دین ئه‌ندامانى په‌رله‌مانى عێراق، له‌راگه‌یه‌ندراوێکدا له‌ژێر ناوى (رۆژگارێکى تاریک چاوه‌روانى ده‌سه‌ڵاتى سته‌مکارى کوردستان ده‌کات) رایانگه‌یاند، "پرسى ئازادیخوازانى بادینان، چ ئه‌وانه‌ى ئێستا به نادادگه‌رانه حوکمدراون، چ ئه‌وانه‌ى چاوه‌روانى بڕیارى دادگا ئه‌که‌ن، بوه‌ته پرسێکى نێوده‌وڵه‌تى و ئازادیخوازانیش ره‌مزى کۆڵنه‌دان و سه‌رله‌شکرى جوڵانه‌وه‌یه‌کى ئازادیخوازین له بادینان و هه‌مو کوردستان".
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شیانخسته‌ڕوو "ره‌نگه ئه‌مرۆ دادگاى هه‌ولێر که له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتى حزبدایه توانیبێتى حوکمى نادادگه‌رى به‌سه‌ر ئازادیخوازانى بادینان بچه‌سپێنێت، به‌ڵام هه‌رگیز ناتوانێت ئه‌و راستییه بگۆرێت که ئه‌وانه‌ى حوکمدران بێ هیچ به‌ڵگه‌یه‌ک حوکمدراون و له ئاستى ناوخۆ و ده‌ره‌وه وه‌ک ره‌مزى ده‌سه‌ڵاتى سته‌مکارى کوردستان ده‌ناسرێن".
هاوکات، ئه‌و چوار په‌رله‌مانتاره باسیان له‌وه‌شکردووه جگه له ره‌تکردنه‌وه‌ى بڕیارى دادگا حزبییه‌که‌ى هه‌ولێر، له ئاستى دیپلۆماسى له‌گه‌ڵ باڵیۆز و نێرده‌ى وڵاتانى رۆژئاوا له هه‌وڵه‌کانیان نه‌وه‌ستاون، ده‌شڵێن:"کۆڵیش ناده‌ین تا ناچارکردنى ده‌سه‌ڵاتى سته‌مکار بۆ رێزگرتن له ئازادییه‌کان و له‌سه‌ر ئه‌م نادادگه‌رییه‌ش لێپرسینه‌وه‌ى لێ بکرێت، مێژویش پێمانده‌ڵێت، هه‌مو ئه‌وانه‌ى ده‌ستیان له‌م زوڵمه هه‌یه له دادوه‌رو به‌رپرسانى ئه‌منى له ده‌ستى دادگه‌رى گه‌ل رزگاریان نابێت و باجى ئه‌م بریاره زاڵمانه‌یان ئه‌ده‌ن".
ئه‌و په‌رله‌مانتارانه ئه‌وه‌شیان روونکردووه‌ته‌وه که له‌ماوه‌ى رابردو له کۆبونه‌وه‌و گفتوگۆکانیان له‌گه‌ڵ باڵیۆزخانه‌کانى ئه‌مریکا و ئه‌وروپا و یۆنامى و وڵاتى رۆژئاوا فشاریانکردوه که هه‌ڵوێستى رونیان هه‌بێت، چونکه "ئێمه ده‌زانین پلانى ده‌سه‌ڵاتى شکستخواردو له‌وه ترسناکتره به‌م که‌یسه‌ى ئێستاوه بوه‌ستێت، به‌ڵکو پلانه‌که به‌ته‌واوى قه‌ده‌غه‌کردنى دیدى ره‌خنه‌یى و سرینه‌وه‌ى فره‌یى سیاسییه له هه‌رێمى کوردستان، بۆ ئێمه ئه‌مه شه‌ڕى مان و نه‌مانه و به‌دڵنیایى کۆڵناده‌ین".
